تابلۆی هونه‌رمه‌ند ئاوێزان

فرە-میدیۆمی لە گێڕانەوەدا


Loading

زانا ڕەسوڵ گەلەرییەکی بە ناوی ”مس گەلەری”یەوە کردۆتەوە، ئەوەی سەرنجڕاکێشە گەلەرییەکە لە سلێمانی لە ناوچەیەکی پەراوێزی بازاڕدایە، دەورووبەری پڕە لە کرێکار، هەندێک لەو کرێکارانە ئیشیان جیاکردنەوەی مس، ئاسن و فافۆنە، ناوی گەلەرییەکەش هەر لەمەوە سەرچاوەی گرتووە. گەلەرییەکە خانوویەکی کۆنە، بەڵام گۆڕانی پێدراوە و کراوە بە گەلەری. کردنەوەی گەلەری لە شوێنێکی پەراوێزی شاردا گرنگی و پەیام و ئامانجی خۆی هەیە. دەشێ جارێکی دیکە لە پەراوێزەوە بێینەوە ناو ناوەند، یادەوەری و هەقیقەتی شوێنە پەراوێزخراوەکان بێدار بکرێتەوە. لە گەلەرییەکەدا ژووری بیرکردنەوە، ژووری پلاندانان بۆ پڕۆژەکان هەن. هەروەها زانا کۆمەڵێک شت و ئۆبژێکتی کۆکردۆتەوە کە ڕەنگە بەلای بینەرەوە جێگەی بایەخ نەبن و سەرنجیان نەدات، وەک شتێکی پەراوێز بەلایاندا تێپەڕێت. لە کاتێکدا شتگەلێکی زۆر گرنگن و خاوەن چیرۆک و یادەوەری خۆیانن و بەشێک لە هەقیقەتمان بۆ دەگێڕنەوە.

جوتێ پێڵاوی سه‌روه‌ت سه‌وز

زانا لە ڕێگەی دانانی ئەم شتانەوە چیرۆک و یادەوەریمان بۆ دەگێڕێتەوە، بۆ نموونە جووتێک پێڵاوی هونەرمەند سەروەت سەوز لەژێر کورسییەک دانراوە، کە یادگاری و یادەوەری ئەم هونەرمەندە دەگێڕنەوە، دانانی ئەم پێڵاوانە لە ڕووی بەها و سیمبولییەوە هیچی کەمتر نییە لە تابلۆ و ئیشە هونەرییەکانی سەروەت سەوز. لە لایەکی دیکەوە، کوللەیەک کە بەهۆی گەرمای زۆری ئەم هاوینەوە مرداربۆتەوە، لەنێو قەپاغێکی بچووکدا پارێزراوە و زانا بەسەرهاتی ئەم کوللەیەمان بۆ دەگێڕێتەوە لە ڕێگەی نووسینی تێبینی ڕۆژانە و سەردانی ئەو کەسانەی بۆ گەلەرییەکە دەچن، زانا لەتەک کوللەکەدا دەئاخڤێت و باسی میوانەکانی بۆ دەکات. ئەو بەڕێی گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم کوللەیەوە دەیەوێت بڵێ چالاکییە ئابووری و سەرمایەدارییەکانی مرۆڤ لە ئەمڕۆدا، ژیانی هاومرۆڤان، ئاژەڵان و سروشتیشی تێکداوە. لێرەوە زانا هەقیقەتی سەرمایەداری بە ئێمە دەڵێت.

لە پێشانگەکەدا ئیشە”وڕێنە”کەی زانا، فۆتۆکانی سامان عەلی و تابلۆکانی ئاوێزان نمایشکراون، توانا خورشیدیش بە موزیک بەشدارە. زانا لەم ئیشە تازەیەیدا دەیەوێ پێمان بڵێت وڕێنە دەشێ هەقیقەت بێت، دەشێ ئێمە لە ڕێگەی وڕێنەوە بە هقیقەت بگەین؛ یان هەقیقەت لە بنەڕەتەوە جگەلە وڕێنە هیچی دیکە نییە. ئیشەکە گێڕانەوەیە، زانا لەم ساڵانەی دواییدا زۆر جەخت لەسەر گێڕانەوە دەکات، لەم ئیشەدا چەندین جۆر میدیۆمی بەکارهێناوە و پێکەوە گونجاندوونی؛ میدیۆمەکان دەخاتە ڕاژەی گێڕانەوەکە. هاوکات پێکەوە نۆ ڤیدیۆ لەم ئیشەیدا لەسەر شاشە پێشان دەدرێن، هەر ڤیدیۆیەک چیرۆکێکی تایبەتی خۆی هەیە، بە جۆرێکی تایبەت هەقیقەت دەگێڕێتەوە، هەم هەقیقەتی چیرۆکی کەسەکی زانا و هەم هی کەسانی دیکەش، هاوکات چیرۆکی ڕووەک، گۆزە و گوڵەکان دەگێڕێتەوە. زانا لە ڕێگەی گێڕانەوەکانییەوە باس لە چیرۆکی نێو ڤیدیۆکان دەکات. لەسەر لا دیوارێک ڤیدیۆکان پێشان دەدرێن، لەسەر لا دیوارەکەی دیکەی تەنیشتی نۆ هێدفۆن هەڵواسراون، لێڕوانەر دەتوانێت لەکاتی سەیرکردنی ڤیدیۆکاندا گوێ لە یەکێک لە گێڕانەوەکان بگرێت و خۆی پەیوەندی گێڕانەوەکە بە یەکێک لە ڤیدیۆکان بدۆزێتەوە. کەواتە لەپاڵ میدیۆمی ڤیدیۆدا ئێمە گێڕانەوە و دەنگمان هەیە، هاوکات موزیک هەیە کە هونەرمەند توانا خورشید لەکاتی گێڕانەوەکانی زانادا موزیک دەژەنێت و دەنگی زانا دەگۆڕێت بۆ نۆتەی موزیکی لێڕوانەر دەتوانێ لەوێ نۆتەکانیش ببینێت، واتا لێرەدا گۆڕانی میدیۆممان هەیە، ئەو دەنگە کراوە بە نۆتە و جارێکی دیکە دەتوانرێ ئەم دەنگە لە دەنگی گێڕانەوەی کەسێکەوە بکرێتەوە بە موزیک. واتا هەقیقەت دەشێ بە شێوازی جودا بگێڕدرێتەوە.

فۆتۆكانی سامان عه‌لی

ئێمە لە فۆتۆکانی سامان عەلییەوە چیرۆک، هەقیقەت و ڕیالێتی ناو بازاڕ، کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی سلێمانی دەبینین، واتا فۆتۆکانی ئەویش چیرۆک و یادەوەری ناو بازاڕ تۆمار دەکەن. ئەمەش لەگەڵ کۆی کەشی ناو گەلەرییەکە و شوێنی جوگرافی گەلەرییەکە یەکدەگرێتەوە و یەکدی تەواو دەکەن. دانا فایەقی چیرۆکنووس وێنەکانی گۆڕیوە بۆ کورتە چیرۆکێک، واتا لە زمانی وێنەوە بۆ وشە گۆڕانی پێداوە. لێرەدا جارێکی دیکە گۆڕانی میدیۆممان هەیە، جارێکی دیکە زمانی گێڕانەوە دێتەوە ناوەوە، واتا بەشێوازێکی دیکە هەقیقەت دەگێڕدرێتەوە. هەروەها وێنە و فۆتۆکانی سامان عەلی مێژوو، یادەوەری و شێوازی ژیانی ڕۆژانەی سلێمانی تۆمار دەکەن، لێرەوە دەتوانن کولتووری شاری سلێمانی بە ئەوانی دیکە بناسێنن و بۆ نەوەکانی داهاتووش دۆکۆمێنتیان بکەن. فۆتۆکانی ئەو هەم دەتوانن ڕیالێتی شەقام و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بە ئێمە بگەیەنن، ساتە خۆش و ناخۆشەکانی سەر شەقاممان بۆ تۆمار بکەن، هاوکات ئێمە لە ڕێگەی فۆتۆکانەوە دەتوانین ڕاڤەی دۆخ و داکەوتی سەرشەقامەکان بکەین، تەنانەت هەندێ جار فۆتۆکان تەنیا گواستنەوە یان گەیاندنی ڕیالێتی نیین وەکو خۆی، بەڵکو دەشێ وەک ڕەخنەی ڕیالێتی و دۆخی هەبوو لێیان بڕوانین.

تابلۆکانی ئاوێزان سوریالین، ئەو بەڕێی سوریالیزمەوە بەجۆرێکی دیکە ڕیالێتی، داکەوت و هەقیقەتمان پێشان دەدات. یەکێک لە تابلۆکانی بەناوی ”هەقیقەت” لەوێدا نمایشکراوە. لەم تابلۆیەدا فیگورەکان جگەلە هاوارەکەی ئێدوارد مۆنک و یەکێکی دیکەیان، ئەوانی دی بەئاوەژووکراوی وێنەکێشراون. واتا دەشێ ئێمە تا ساتی ڕوانین لە تابلۆکە بە ئاوەژووکراوی لە هەقیقەت تێگەیشت بین، ئاوێزان لە ڕێگەی ئەمەوە دەیەوێ بەشێوەیەکی دیکە، لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بە هاوارێکی دیکە هەقیقەت بە ئێمە ئاشنا بکات. تابلۆ سوریالییەکانی ئاوێزان لەگەڵ کەشی سوریالی نێو گەلەرییەکەدا گونجاوە و هارمۆنییەکی پێبەخشیوە، خودی شوێنەکە و گەلەرییەکە کەشێکی سوریالییان هەیە و زانا پتر ئەم سوریالیبوونەی تۆختر کردۆتەوە، بەڕێی دانانی پێڵاوەکانی سەروەت سەوز، لاشەی کوللەکە، دەفتەری دانوستانی کوللەکە و خۆی. هەروەها هەڵواسینی پسوولەی خەرجییەکانی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەی گەلەرییەکە لەلای توالێتەکە، کە لەسەری نووسراوە ئەگەر چاودێری دارایی هات! لە کاتێکدا ئەو دەزانێت هەرگیز چاودێری دارایی ناچێت بۆ گەلەرییەکەی ئەو، بەڵام زانا ئەمە بەشێوەیەکی تەوسبێژی بۆ ڕەخنەکردن و لاقرتێ بە چاودێری دارایی بەکاردەهێنێت.

دیمه‌نێكی پێشانگاكه‌

زانا هەم فۆتۆکانی سامان عەلی و هەم تابلۆ سوریالییەکانی ئاوێزان و هەم موزیکەکەی توانا خورشید لەپێناو کامیلکردن و تەواوکردنی گێڕانەوەکەیدا: گێڕانەوەی هەقیقەت، لەگەڵ ئیشەکەی خۆیدا ئاوێتە دەکات. لەم پێشانگەیەدا گێڕانەوە بەتەواوەتی سەروەری پێدراوە، گێڕانەوە وەک دەزوویەکی باریک بەنێو سەرجەم ئیشەکاندا درێژدەبێتەوە. بۆیە دەتوانم بڵێم هەموو میدیۆمەکانی دیکە ڤیدیۆ، فۆتۆکان، تابلۆ، دەنگ، موزیک، نۆتە، نووسین و وشە، ڕاژەی گێڕانەوەکانی زانا دەکەن.

سەرجەم ئیشەکان لەم پێشانگەیەدا هەقیقەت دەگێڕنەوە، بەڵام بە میدیۆم، بە فۆڕم، بە کەرەسە و بە شێوەی جودا. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێ کە هەقیقەت بەڕێی میدیۆمی فرەوە دەگێڕدرێتەوە، ناکرێ هەقیقەت بە یەک شێوە بگێردرێتەوە. واتا گۆتنی هەقیقەت فرە چەشنە.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.