نەژاد عزیز سورمێ - کاری شیعری و کۆلاژەکان

ئاوازە ماندووەکانی یەکتەنی


Loading

نەژاد عزیز سورمێ

ئاوازە ماندووەکانی یەکتەنی

نەژاد عزیز سورمێ

 

 

– A –

وشە تەنیا باڵ نییە ،

لەبەر پێی شازادە

بە سوپاس بدرەوشێتەوە..

پەرۆشیی ،

کانگەی پێسپاردەیی و

ئاراستەی ڕێ پێ ھەڵەکردن دەرچوو ..

کەژێ ، ھەر لە دەستپێکدا

کێڵگەیەکی بەردراو بوو…

کەژێ بە ڕووبەندی وا دەردەکەوت

لە قەوزه‌ی گۆمە وەستاوەکانی دەکرد

لە ساوی ئاو ،

ئەندازەگیریی تۆزاڵی خۆلێگۆڕان .

لە دەستپێکەوە ،

چاوی لێ بوو

لە تاڵ تاڵ و

سات سات و

چڵی چڵی دەوروبەر فێر ببوو ،

چاو لە ئاسمان

ورشەی مانگ لە زەڵکاودا نقوم بکا …

نەژاد عزیز سورمێ – کاری شیعری و کۆلاژەکان

وشە نوخشەی ختوکەدانی ویژدانە!

ئەشقیای بە کێوکەوتوو ؛

ھاوڕێی باران

ئەوە نیگای ھاودەم نەبوو

ڕوو لە ئاسمان

ئەوە چاوی ئارەزووبازی کەژێ بوو

کە دەمگوت نەفرەت لە ڕۆشنایی دەکا ؛

خۆی لە پاکدامەنی دەدزێتەوە ،

وا دەرچوو ..

سپێدەی ھاوین ،

لە چاوی تەلیسماوی درۆینی کەژێ دا

گڕی دەباراند…

خەیاڵم دەکرد ئەو ڕاڕەوە

بە بێ تۆ نەچێتە سەر

ئەستێرە بکوژێنەوە

جارێکی تر بەیان نەدا

بەڵام وشە ھەرگیز ،

بوونەوەرێکی بەتەنێ نییە

مەگەر جوانی و ڕەندی دونیا

لە کوێدا جێیان دەبێتەوە…؟!

بۆ ڕوناھی ڕێ

من وشەم بەسە .

تۆیش تا ھەتایێ نوقمی

وەھمە لەززەت بەخشە ،

ئایدزھێناکانی خۆت بە…!

وشە تەنیا باڵ نییە کەژێ !

کەژێ ی ژوورە تاریکە پەنھانەکان

وشە تەنیا باڵ نییە…

من وشەم بەسە…

12- 8 – 2004

نەژاد عزیز سورمێ – کاری شیعری و کۆلاژەکان

– B –

گریان… ختوکەی خەیاڵە نووستووەکانی ناخ

لە بەھەستترین تەجەللایدا

گریان وەجدی شەفەق و نامەی سپێدە ،

لەو چرکە کورتانەی بنەوشەیی دەنوێنن…

مرۆڤ چەندی پێویستی بە شیعرە ،

پێویستی بە گریانە…

شاعیر تا پتر لە کڵپەی ئاگر و

یەکتەنی شاخ و

تەوژمی باھۆز بگا

دەبێ بگری…

گریان ئیکسیری دارای ڕوناھییە

شاعیران دەبێ بگرین

تا خەڵوەتی نھێنیەکانییان گوڵی لێ بڕوێ

پێویستە قسەیەک لەو مەسەلەیە بکەین…

گریان ، باڵی ئەو ڕەنگاڵانەشە

ئازادانە ئەم چڵ و ئەو چڵ دەکەن…

گریان ،

بارانی ناوەختی ڕێکەوتی خۆشەویستی و

ڕەشەبای جودابوونەوە و

ھاواری برسیەتی و بەجێھێشتنی وار و نیشتمانیشە…

ھەمیشە سەردەمی بێ گریان ،

بە ڕۆژگاری بێئومێدی و ھیوابڕاوی ناوزەد دەکرێن.

گریان ، دەستەواژەیەک نییە ،

مانای لێکبدرێتەوە ،

گریان نیازێکە

وێنەی کەڤاڵی ھونەرمەندێک ،

بە کۆمەڵێک ڕەھەندی دیار و نادیار دەخوێندرێتەوە…

دەسا بابگرین بە سەر سێبەری ،

ئەو ئاوازانەی گژوگیای بناریان بە عەشق دەنەخشاند

بە سەر تارمایی ئەو خەونانەی بە شیعر دەستیان پێکرد و

بە شیعر کۆتاییان ھات .

با بگرین !

بەسەر جوانییەک

پێشەنگی کەژاوە و

چرای سەفەرە…

بابگرین…

ئاسمان چاومان لێ دەکا…

ئاسمان لاساییمان دەکاتەوە…

6-8-2004

 

نەژاد عزیز سورمێ – کاری شیعری و کۆلاژەکان

-C-

نەژاد ! خود لە بارێکدا نییە

ڕەھایی دەربڕێ

ئیتر نەما ،

دیدار ئاخر بوون ، جێی سەرنج بێ…

بەسەرچوون

ئەو ڕۆژگارانەی ماسک و ڕووبەند

لە دوور ڕا دەردەکەوتن…

نەژاد ! پێم کەوتۆتە سەر ڕەشانگ ،

کەچی ھێشتا

بەفر نایەڵێ

ئاسوودە سەرخەوێ بشکێنم .

بەفر نایەڵێ چاوم بپشکوێ و

شەفەق و بووڵێڵ بگەیێنمەوەیەک ..

ھاوسەنگیی سرووشت

دڵساردی نەدەگەیاند .

ئەندازەگیریی ،

کارێک نەبوو لە بەرابەر ھەستدا کردیان

مێرخاسی ،

ئیتر ناوکۆیی (ھاتیی) نییە ،

ختوکەی ڕەھێڵە بدا و

مەوسیمی چرۆ و نەوای ھوزاران دەستەمۆ بکا…

با بە خەونەکانماندا بچینەوە :

وەختی ھاتووە

بزانین چیمان لە بیر کردووە

داوامان لێدەکەن  :

شەباقەی برینەکانمان کراوەتر بێ ..!

تا خوێنمان کەژاوەی ماریینز و

یاریە خنجیلەکانی دەسەڵاتی پایتەختان ،

ڕەنگینتر بکا…

بۆ نا !؟

ئەو غەیبە

بە کام سۆز کەشف دەکرێ ؟

نەژاد  !

ھەڵەتێکە ،

نازانی نە بڕۆی ، نە وچانێ بدەی

نە گیانی شەکەتت

بدەیتە بەر ئاوھەڵدێرێ

قیبلەنمایێکت پێ نییە ،

نازانی ڕووت لە کوێستانە

یا گەرمەسێر…

لەم ڕەوەزەنەوە دەیانبینم ،

چوارشانە ،

بە ڕسکان ڕسکاون…

لێزمە و گەواڵە ھەورانیش ڕادەگرن

لێ چاوغایەنن ..

ئەوە دەمگۆ نییە نەژاد !

ئەوە پەرتەوی نھێنیە درەوشاوەکانە…

لەم ڕەوەزەنەوە دەیانبینم…

ئەوە دەمگۆ نییە

نەژاد  !دەمگۆ نییە …

8-7-2004

 

نەژاد عزیز سورمێ – کاری شیعری و کۆلاژەکان

– D –

(( فڕین به‌ فڕین ده‌ست پێ ناكا

ئەوەی دەیەوێ فڕین فێر بێ

ده‌بێ لە پێشدا وەستان و ڕۆیشتن و ھەڵاتن و سەرکەوتن فێر بێ ))

                                                                         نیتچە

لە وەتەی ھەین

ھەوراز دەمانداتە دەست نشێو و ،

نشیێو ڕوو بە ڕووی ھەورازمان دەکاتەوە…

لەو کۆستەوە بۆ ئەو کۆست…

خانەگەردان…

ماڵ بە کۆڵ…

بە ڕووباران خوێنمان داوە…

بە بڵندی چیایان کەللەسەرمان پژاوە…

ئێمە فڕینمان بە فڕین

دەست پێ نەکردووە…

لێرە…

لەسەر خاکی خۆمان ھێللانەمان چێ کردووە

لەو سەرەوە ھاتوون

بێ ئەوەی غەدرێکمان لێکردبن ،

یا سنووری باخچەکانیانمان بەزاند بێ

لێیان تێکداوین…

ئێمە فڕینمان بە فڕین دەست پێ نەکردووە…

ھیچ نەما پێمان نەکەن…

ڕێگەی داھێنەرانەی وایان لە ئازاردان و

کوشتن و

ڕەشکردنەوەمان داھێنا

کەسنەکردە…

بەڵام ئێمە عاشق بووین ،

عاشقی ھەتاو و خاک و باران بووین و

نەنووستین  .

ئێمە فڕینمان بە فڕین

دەست پێ نەکردووە .

ئێمە بەرلەوەی

دەستمان بگاتە ئەو ھێشووە ،

زۆر چڵمان لە ژێر پێدا شکاوە

خۆمان بە ھی تر گرتووه‌تەوە…

ئێمە فڕینمان

بە خوێن و

فرمێسک و

بە تاوی گریان و

بە تەکانی ھەڵات ھەڵات و

بە چاوەڕوانی زیندان و

گەردەلوولی ئەنفال و کیمیاباران و

بە زوڵمی مێژوو و جوغرافیاوە دەست پێ کردووە

ئێمە فڕینمان بە فڕین دەست پێ نەکردەوە.

8-3-2004

 

 

نەژاد عزیز سورمێ – کاری شیعری و کۆلاژەکان

– E –

زیندە خەونن ،

ئەو ھاوکێشە ناھاوسەنگانەی

وەک ئینجانەیێکی گڵ لە دەستمان گرتوون

زیندە خەونن ..

ئێمە گرێژنەی دەرگا تێکشکاوەکانمان ،

ھێشتا ھەروا ماوەتەوە..

ئاھەنگێکمان بە بوونی ، نەبووی

دەورو زەمانێکی زۆرمان نەداوە..

دەرچوو زۆربەمان ،

لە بەرنامەی زیندەبەچاڵکردنی خەونەکان..

لە بەدنیھادی بێ ئەندازەی

وەفا و شەرم نەگەیشتبووین .

دەرچوو ئێمە سەھو بووین..

دەرچوو…(؟!)

زیندە خەونن ،

ئەو کوانووانەی

لە دووکەڵ زیاتری لێ دیار نییە ،

سەرسام ..

حەپەساو ..

برادەرەکەم ، لە ھەندەران دەژی ..

گرفتی گەورەی ئەوەیە ،

وەرزەکانی ساڵی لێ تێکچووە ،

برادەرەکەم ،

گەنجینەی بەردەرگای ماڵی خۆیان نابینێ !

چووە بە دوای ئەو گوڵانەدا دەگەڕێ

کە ( لەوێ )

لەسەر تەرمی مردووانی دادەنێن ..

ئەو لەوەتەی سەری ھەڵگرتووە ،

سەیری ئاوێنەی نەکردووە

ئادگاری خۆی نەدیوە ..

دوای ئەو ھەموو ماوەیە

ھاتبوو بە پەرۆشەوە

سیماو ئادگاری خۆی ببینێتەوە ،

ئەو تا خۆی نەدیبوو ،

نەیدەزانی ئەوەندە ماندووە..

ئەو تا خۆی نەدیبوو ،

نەیدەزانی ئەوندە ئومێد دزراوە ..

ئەوەندە ھیچە ..

زیندەخەونن ..

ئەو مامڵەت و سەروسەودایانە ..

وژەی (با) ن

کاسیشی کردووین ،

دووکەڵی کووانویش

کە دیار نییە لە ئاگرەوەیە ، بە ڕووماندا ئەدا..

بە خێر لە بەفرانباری تەمەندا

ڕەشانگمان لێ دەرکەوتبوو .

بەخێر خەریک بوو

ھەنگاو ھەڵێنین ..

زیندە خەونن ..

زیندە

      خە

          و

             ن

                 ن ..

کانوونی دووەمی 1995

 

 

نەژاد عزیز سورمێ – کاری شیعری و کۆلاژەکان

– F –

نەژاد سەیرکە  !

دەفژن

بە چ ڕوانین و جیھانبینییەک

لە مەداری کەشف و یەقیندا گیرساونەتەوە ،

کە لە من و تۆ ونە !

نەژاد  !

بڵێسە ھەمان بڵێسە بوو ،

تیشکی لە درەوشانەوەی جیھانئاراوە

بەناو کۆڕی غەریب و ئاشنایاندا دەپڕژاند …

ئای کە نھێنیەکی گەواھیدەر بوو ،

ھاتین (پاکی) مان بە تەرازووی لاسەنگ کێشا ،

کەچی

(ھەڵەگۆیی) بە تەرازووی ھاوسەنگ !

ژەھرە گوڵنار نەژاد  !

بادەی دوای نیوەشەوانی دەروێشی…

غەمزەی وشکەبڕواییە …

ڕاڕەوەی یاساشکێنی …

لە نادانییان نەبوو ،

دەفژەن بەو ڕوانینە

وەھمی دادڕەسیی

بەرەو بارەگای نوور بە کۆڵدا دەدەن…

ژەھرە گوڵنار ،

شارای زەمانی(قاتیی) یە…

نەشئەی بادەنۆشی کەنارەکانە …

چ ھەڵپەیەکە

نیوسەدە زیاترە ، (دارا) دارێکی نەدی…؟

لێڕوانین

لە قەڵەمڕەوی سرووتە ڕسکاوەکاندا کەنارگیرە…

شاش بووە ،

بە دوای چەشەیێکدا دەگەڕێ

سەراپای لە خۆنووسانە… ونە …

دەفژەن ئاشنان … نامۆ نین

چەمی چاوان و

ھۆشی مەستی و

ڕوناھی دڵان دەبینن…

وەنەوشەکان کە ڕازێکیان تێدا نەبوو…

ئەوە تەبعی ھەڵبوون بوو

لە شەوێکی دەیجوور و نوتەکدا…

ئەوە ،

کانی زەمەندێکە

ڕەنگ بە پەلکەگیا دەدا و

بۆن بە عەتر دەبەخشێ …

ئیتر چ بەرگرێک ھەیە

دارستان لەگەڵ بوڵێڵدا نەسووتێ…؟

دەفژەن بێ پەروایە ،

دەخوێنێ و دەڕوا…

خۆشخوانی ، کە شۆخی نییە برادەر…!

برینی بێشاڵانانە ،

نیگاری سۆز

باڵندەی بەرزەفڕ و

سایەی چیلەمێو…

گەڵا

گەڵا

نەژاد بڕوانە !

گەڵا چۆن بوون بە ئاوێنەی وەرزەکان

دەفژەنیش بە گوڵی دیوان …

26-6-2004

– G –

چی بگێڕمەوە؟ بە تەنێ بووین…

بیابانێکی بێ پایان بوو ،

بێ داد ، بێ ھانا…

گەردەلوول ، پەیامی نیھانیی و

خەندەی لەسێدارەدراو ..

چی بگێڕمەوە؟

ڕێکەوت سرووشت بەدەر بوو ،

بەھانەگر ، ڕاگواستە.. .دڵگەرم…

تۆ بڵێ خەونی ڕەھێڵە…

ڕامانی باران …

ئاوڕدانەوەی بەفر و

فڕینی سێبەر …

چی بگێڕمەوە ، نەژاد  !

کارخانەیەک بوو بۆ خۆی ،

لە کزەبای بەیانییان پشێوتر ،

سوختەی دڵڕەشان …

چی بگێڕمەوە؟

ئەو وەختی ھەموو وەرزەکان

یەک وەرز بوون

بەڵام نازانم

بەبیرم نەماوە کام وەرز بوو

ئەگەر بڵێم زستان بوو دڵنیا نیم…!

ئەگەر بڵێم پایز بوو… دڵنیا نیم…!

ئەگەر بڵێم بەھار بوو… ھاوین بوو

دڵنیا نیم…!!

لە بیرەخەو ڕا چوو بووم ،

ئاگام لێ نەبوو

ھاتبوو دڵی ماندوومی

لە جانتاکەی ھاوێشتبوو و

ڕۆیشتبوو…

کە ھۆشیار بوومەوە ،

دەستم لە سنگم کوتا ، ئینجا زانیم…

لێ پاشی چی…؟

چی بگێڕمەوە ؟

چی بگێڕمەوە .. کاکە نەژاد…!؟

2-9-2004