خزانی دال و کشانی مەدلوول


ڕەخنەی شیکاری

Loading

خزانی دال و کشانی مەدلوول

پێشەوا کاکەیی

دوای وردبوونەوەم لە زمان- [کوردیی ناوەندی]، کە هەر زمانێک [دال: نیشاندەر، نیشانەگەر، ئاماژەپێکەر] و [مەدلوول: نیشانەکراو، ئاماژەپێکراو، ئاماژیاو، نیشانەی ئەو (شتە) بوو]ـی خۆی هەیە لەناو شیعردا؛ بەڵام ئەمەیان لەناو زمانی نووسینی خۆمدا پێی گەیشتووم، ئەویش لە ڕێی «هونەری زمان» و جووڵاندنی خودی هونەری ناو زمانەکەوەیە کە بتوانم گوتارێکم پێ دەرهاوێژێت، نەک ئەوەی گوتار بە شیعرەوە بلکێنین. شیعر خۆی زمانی هەیە و دەتوانێت گوتار بەرهەم بهێنێت، نەک گوتار قووت بدات و گوتاری پێنەبێت! گوتاری چەمکی [خزانی دال و کشانی مەدلوول] ڕادەگەیەنم کە لە کتێبی: [ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر]دا بەرجەستەم کردووە و لە دوو کاری پێشووتریشدا وەک «نیشانەناسی» کارم کردووە بە ناوی: [زەریا و بەستەڵکی باشوور بە تامی شیعر] و کەمێک لە [گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا] و شیعری [مەکە لە مەککە مینەی نانەجیب کە هۆشی هەر لای مەمکە!]. ئەم سیستمە زمانییەی «خزانی دال» و «کشانی مەدلوول»ـم بەرجەستە کردووە؛ بەڵام لێرەدا وەک بناغەیەکی شیعری گوتارەکەم ڕایدەگەیەنم و کردارەکەیشم کتێبەکەی [ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر]ە. خزانی دال، جیایە لە «دال» و کشانی مەدلوولیش جیایە لە «مەدلوول»ـی شیعر… بەڵکوو دەرگایەکی تر بەسەر ڕووبەری شیعردا دەکەمەوە.

خزانی دال: [خزانی نیشانەدەر، خزانی نیشانەگەر، خزانی ئاماژەپێکەر] خۆدۆزینەوە و خۆڕێکخستنەوەیە دوای جووڵە و ترازانی لە دال. خزانی دال، لە ڕێی «کشانی دال»‌ـەوە، خزانی دال درووست دەبێت و بەمەیش هەر خۆی کشانی مەدلوول بەرهەم دەهێنێت. چونکە «زمانی ناو زمان» وەک [پنت، هەناسە، ترازان- جووڵە]ـیە و بە «ترازان- جووڵە» ئەوا خزانی دال درووست دەکات و بەمەیش کشانی مەدلوول بەرهەم دەهێنێت. هەر زمانێک دال و مەدلوولی جیایە، لە ڕێی دال و مەدلوولیشەوە دەگەیت بەوەی کە دال خۆی چی لێ بەرهەم بهێنین.

کشانی مەدلوول: [کشانی نیشانەکراو، کشانی ئاماژەپێکراو، کشانی ئاماژیاو، کشانی نیشانەی ئەو (شتە) بوو] لە لێککشانی وشەیەک یان دوو وشە یان زیاتر سەر هەڵدەدات و بەمەیەش چەمک و واتایەکی تر بەرهەم دەهێنێت کە لە خودی مەدلوولدا هەیە. کشانی مەدلوول، پاڵەپەستۆی واتای دالە لەسەر مەدلوول، بەمەیش مەدلوول بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە «دال» لێک بتترازێنێت تا خۆی لە کشانی مەدلوولدا ببینێتەوە. هەر وەک چۆن دال و مەدلوول بێ یەکتر نیشانەناسی بەرهەم ناهێنن، ئەوانیش بێ یەکتر ناتوانن سیستمە زمانییەکە لە خزان و کشاندا بەرهەم بهێنن. یانی خزان و کشان، [چڕی و جیڕیی زمان]ـە لەناو دال و مەدلوولی هەمان زماندا.

خودی دال کە «وشە»یە و لای (سۆسێر)یش وشە دوو ڕەگەزی هەیە کە لە جیاوازییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش: «وێنەی دەنگ» کە شێوەی گۆکردن و دەربڕینی خودی وشەکەیە. هەر ئەم شێوەی گۆکردنەیە وێنە دەنگییەکە دەگوازێتەوە بۆ خزانی دال. واتە، خزانی دال لە دەنگەدەنگی وێنە و شێوەی جیاوازی مەدلوول لە ئاوێنەی دالدا درووست دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، «چەمک و واتا» ئەو شتانە لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە کە هێماکە دەری دەخات. کە «ئاماژە- هێما»ش زانستێک بۆ ڕوانگەی دال و مەدلوولی بەرهەم هێناوە تاوەکوو پەیوەندیی نێوان «ئاماژەناسی» و «زمانناسی» درووست بکات. بە درووستکردنی ئاماژەناسی و زمانناسییش لەسەر یەکتر، توولەڕێیەکانی ئەم پەیوەندییە لەسەر دال و مەدلوول و بە چەقبوونیەتی، بۆیە دال لەسەر خۆی درز درووست دەکات، ئەم درزە جۆری خزانە. کە خزانێکی جووڵەییە، واتە ترازان- جووڵەیە؛ چونکە دال لە جێی خۆیشیەوە، وێنەی جووڵاوی خۆی هەر نیشان دەدات، بۆیە وێنەیەکی تر لە ڕێی خزانەوە نیشانی زمان دەداتەوە.

–وێنەی خزانی دال–، نیشاندانی وێنەیەکی دیکەی نیشانەناسییە لەسەر لاکەلەوە یان بە لاری. کە دال خۆی وێنەیەكی دوو لایەنە لە نیشانە پێشكەش دەكات، نیشانە لە فۆڕم یاخود «وێنەی دەنگی»، بەڵام وێنەی خزانی دال ئەوەیە کە نووسەر خۆی دەیکێشێت و بەردەنگ دەبێت بچێتە ناو قووڵاییی زمانەوە تا وێنە لارەکە ببینێت و ڕاستی بکاتەوە. کە وێنەکە خۆیشی ڕاستە، بەڵام لە ئەنجامی لەتبوونی وشەکەوە، وەک ئەوەی بەشێکی وێنەکە ڕۆیشتبێت و وێنەیەکی دیکەی درووست کردبێت؛ لە کاتێکدا، وێنە ڕاستەقینەکە هەر خۆی دوو بەشە، بەڵام بە یەک وشەییش وێنەیەکی دیکەیە. بەردەنگ هەمیشە ئەو وشانە بە یەک وشە دەبینێت، بۆیە یەک وێنەی لێ دەخوێنێتەوە. [لێرەدا قسە لەسەر وشەی فرەواتایی نییە، بەڵکوو لەسەر وشەی ناو زمانەکە خۆیەتی!] کاتێک وشەکە لەسەر دال ترازان درووست دەکات، ئەم جووڵەیە دەبێتە هۆی ئەوەی وێنەیەکی دیکەی هەمان دال درووست بکاتەوە.

 

–وێنەی کشانی مەدلوول– واتە کشانی چەمکێک بۆ وێنەیەکی فراوانتر. ئەم کشانە وێنەییە لە ئەنجامی چەند وشەیەکەوە درووست دەبێت کە بە هەموویان یەک وشە درووست دەکەن. واتە چەند وێنەیەکن و بە هەموویان یەک وێنە درووست دەکەن. دواتر ئەم وشەیە لە کشانەوە بەرەو خزانەوە دەچێت. کە دیسانەوە جارێکی دیکە، خزانی دال درووست دەکاتەوە. یانی کاتێک ئەگەر وێنەکە ڕاستەوخۆ لە کشانی مەدلوولەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەوا وێنەکەیان لێک دەکشێنینەوە بۆ دال. دالیش خۆی خزان درووست دەکاتەوە.

وێنەی خزانی دال و کشانی مەدلوول کە لە ئەنجامی [خزان و کشان]ـەوە سەرچاوە دەگرێت، چڕی و جیڕی وێنە زمانییەکە دەبینین. ئەوسا هەم نیشانەی بن دال و هەم مانای کشانی مەدلوولیش دەزانین کە بەرەنجامی پەیوەندییەکی ڕێککەوتنی خودی زمانی ناو زمانەکەیە، بەڵام زمانناسێکی دەوێت تا دەری بخات و وێنەکان پێکەوە بلکێنێتەوە و لێکیان بترازێنێتەوە. بەمەیش هەم وێنەی جووڵاو و هەم جیگیریشمان نیشان دەدات.  

لێرەدا لەسەر هزری ناو زمان قسە دەکەین، زمانەکە هەیە، بەڵام چونکە بە دوو شێوە هەیە، شێوە باوەکە تێیدا هزر نییە. شێوە ناباوەکە هزرە و دال دەترازێنێت تا کشانی مەدلوولیش بەرهەم بهێنێت. لێرەدا لەسەر مەبەست و کۆد نییە، کۆدی وشە جیایە لەوەی باسی لێوە دەکەین. کاتێک باسی کۆدی وشە دەکەین یانی باسی دال دەکەین، لێرەدا باسی بن دال دەکەم، واتە خزانی کۆد و پیتەکان چۆن کۆدێکی تریان پێ بدەینەوە.

کردەی خزانی دال و کشانی مەدلوول:

نموونەیەک لە کردەی شیعری (پێشەوا کاکەیی) واتە وەردەگرم، کە ساڵی (٢٠٢٢) نووسراوە، تا بزانین خزانی دال لە کوێدا هەیە.

[کە تۆ نەبیت مینا

بێبنەمام، نەمام ئاخ نەمامگیان! نە مام مینە،

هەڵمەبەستە درۆ و بیکەیتە پینە!

لە دڵما دەنێژم نەمام تا ببمە بنەما، گیان مینا![1]]

لێرەدا قسە لەسەر دال و مەدلوول نییە، کە وشەی «نەمام»ـی دێڕی دووەم و وشەی «نەمام»ـی دێڕی چوارەم، ئەوا «دال»ـە و مەدلوولێکی بەرهەم هێناوە. بەڵکوو لێرەدا لەسەر وشەی «نەمام»ـی دێڕی یەکەمە کە هەر لە دوای خۆی وشەی «نە مام» دەخزێت و کشانی مەدلوول درووست دەکات. ئەمە دەرکەوتنی خزانی زمان و کشانی زمانی شیعری بوو لە لام؛ بەڵام سەرەتای دەرکەوتنی ئەم خزانە و کشانە لە کتێبی: (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر)مدا ڕەنگیدایەوە، کە ساڵی (٢٠٢١) نووسراوە، نموونەیەک لە شیعری (دوورگەی ئەسێنشن) وەردەگرین؛

[هاتووم بڵێم لەوەتی هەم،

داربەڕووم و خۆم ڕاگرتووە،

کە بەڕووم تا بە ڕووی ئەم جیهانەدا بوەستمەوە،

هێزگەلێک نەیەن و پڕم بکەن لە شڵەژان،

لە قاوغی خۆم بێمە دەرەوە و

بڵێم ها ئەوە بوونم

کە ناهێڵن لەنێو خۆمدا بمێنمەوە![2]]

لێرەدا سەرەتای ئەم خزانە لە «بەڕوو»ی دێڕی سێیەمدا کە بەدوای خۆیدا خزانی «بە ڕوو»ی هەیە. کە بە ڕووی جیهاندا وەستاوەتەوە. لێرەدا خزانی دال کشانی مەدوولی بەرهەم هێناوەتەوە کە چۆن ڕووبەری جیهان لە مەدلوولدا جێ بکاتەوە.

ئەمانەی سەرەوە، سەرەتای سەرهەڵدانی خزانی دال و کشانی مەدلوولن، بەڵام کرداری خۆخزان و خۆڕێکخستنەوە لە کتێبی [ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر]دا جێبەجێ کردووە. [ئەوە هیچ لە سەرەتاکانی پڕۆژەی ئەم کتێبەدا بە ناوی «فەرهەنگۆکی ژانی وشەکان» کارم کردووە، دواتر کاری دیکەی تێدا کراوە، با ئەوە بۆ خوێنەر و لیکۆڵەر جێبهێڵم]؛ بەڵام لێرەدا دوو نموونەی شیعری وەردەگرین بۆ ئەوەی خزانی دال و کشانی مەدلوول باشتر ڕوون بکرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت. لە شیعری (ژینگەی خاوێن شیعری ناوێت)ـدا دەنووسم؛

[بەڵام نانووشتێمەوە.-

دێمەوە، بێ نان و بێ نووشتە و بێ شت دێمەوە.[3]]

ئەگەر بنواڕینە «نانووشتێمەوە» وەک دال وەربگرین، دەبینین ئەم دالە پاڵەپەستۆیەکی شیعری و زمانی لەسەرە و هەڵدەوەشێتەوە، بەمەیش ترازان- جووڵە دەست پێ دەکات. کاتێک دەڵێین ترازان- جووڵە، واتە دوو کردارە، هەم لە دال دەترازێت و دەبێتە خزان و هەم دەشجووڵێتەوە بۆ خزانی دال تا کشانی مەدلوول تەواو بکات. وشەی «نانووشتێمەوە»، شکاوەتەوە بۆ [نان، نووشتە، شت، دێمەوە] لەم خزانەدا، کشانی مەدلوولی درووست کردووەتەوە. ئەگەر سەرنج بدەین لەم شیعرەی خوارەوەدا کە پاڵەپەستۆیەکان زیاترن و خزان زیاترە و جووڵەکان خێراترن بۆ هەنگاونان بەرەو کشانی مەدلوول.

ڕاناچڵەکێن، کێ؟ مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!

ئەگەرچی هەریەکە لە جێی خۆیەوە،

[ڕا دەردەبڕێت و

ڕان دەخوات و

ڕانا، دنیای سەرمایەداری و

ناچڵە کارەکانی و

چڵ بە چڵی درەخت دەشکێنێ و دواییش دەڵێ

کێ بووە؟

دێتەوە ناو زمان و

بەستەزمان خۆی نیشان دەدات و دەڵێ

کێ ڕاناچڵەکێ؟ دیسانەوە دەڵێم مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!]

       بەڵێ ڕاناوەستێ،

بێ ڕا و ناو و ڕاناو و ئاو دانامرکێتەوە،

خۆی پێ دانایە و مرکەمرکی دێ و خەو دەیباتەوە.

کە لە خەو هەڵدەستێ، دەنواڕێ

ئاسمان ساوە و هەڵم لەسەر ئاوەکان هەڵدەستێ.

ببوورن ئەی دوورگە زگدڕاوەکان!

هێندەی ئاو بخۆنەوە هەڵمساون،

لەناو زەریادا قەتیس ماون!

مرۆڤ فێر بووە بە دەستبەسەریەکترداشکاندنەوە

دەست دەکات بە پۆز،

دەستبەسەر دەبێت بە هۆی تاوانەکانی،

بەسەر یەکتریدا دەڕشێنەوە،

یەکتر دەشکێننەوە،

داش دەدەنە یەکتری و

داشکاندن بۆ خۆیان دەکەن کە ئیتر

شکاون و هەڵناستنەوە.[4]

وشەی «ڕاناچڵەکێ» خزاوە بۆ وشەی [ڕا، ڕان، ڕانا، ناچڵ، کێ]؛ ئەم وشەیە پاڵەپەستۆیەکەی خزانی وەها  درووست کردووە کە هەر ترازانێکی پڕ جووڵەیە بۆ کشانێکی دیکەی مەدلوول. ترازانی دالیش بە هێزی هونەری زمان و وردبوونەوە لە لایەنی هونەر درووست دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، دیسانەوە بەدوای خۆیدا، خزانی دال دێتەوە، کە لە «ڕاناچڵەکێ»ـەوە گەیشتووە بە «ڕاناوەستێ» ئەگەر سەیری «ڕاناوەستێ» بکەین، دەبینین ترازان- جووڵەکەی وێنەی خزانی دالی بردووە بۆ وێنەی کشانی مەدلوول. کە خزانی [ڕا، ڕاناو، ناو، ئاو] ڕوویداوە و بەردەوام بە دوای خزان و جووڵەوەیە بۆ کشانێکی دیکە.   

لێرەدا ئەگەر سەیری ئەم وشەیە بکەین، «دەستبەسەریەکترداشکاندنەوە»، وشەیەکە یان چەند وێنەیەکی پێکەوەنووسراوە و یەک وشەیان درووست کردووە. وشەکەیش یەک وێنەیە و مەدلوولی خۆی هەیە. ئەمە پێچەوانەی خزانی دالە، لە ڕێی هونەری زمانەوە ئەم وێنانە لێکدراون بۆ یەک «وێنەی دال» و دواتر شاعیر کاری کردووە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بۆ «وێنەی خزانی دال»، ئەویش بە هێزی ئاوازە و هونەری زمان ئەم کارە کراوە، کە بەم دوانەیش خزانی بن دالە و کشانی مەدلوولە. ئەم ترازانە پڕ جووڵەیە بۆ ئەم وێنەگەلە جیاوازانە کشاوە- کە [دەست، دەستبەسەر، بەسەر یەکتردا، یەکتر، داش، داشکاندن، شکان]ـی لێ داتاشراوە. هەڵبەت دەتوانین خزانی [بەسەر، بە سەر، ئاش، ئاشکان]ـیشی تێدا بخوێنینەوە.       

کۆتاییی ئەم گوتارە شیکەرەوەیە بۆ ئەوە بوو، کە زمان تا تێیدا ورد نەبینەوە، گۆشەی دیکەی لێ ناخوێنینەوە کە گوتاری لێ بکەوێتەوە. هونەری زمان و هێزی ئاوازە بۆ شیعر زۆر گرنگە و لە زمانی کوردیی ناوەندیدا بەو پێودانگەی خۆم پێی گەیشتووم، گوتارگەلێکی دیکەی نیشانەیی هەن کە دەکرێت لەبارەیانەوە بنووسرێت. کە ئەم زمانە چ وەک خۆڕسک-مێژووی بوونی خۆی و چ وەک ترازان و جووڵاندنی بۆ وێنەگەلێکی دیکە لە خۆ دەگرێت.  

کانوونی دووەمی ٢٠٢٤

شوێنپێ: قەڵادزێ

[1]. مەکە لە مەککە مینەی نانەجیب کە هۆشت هەر لای مەمکە!، پێشەوا کاکەیی، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ل٨٤، ٢٠٢٢

[2]. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، پێشەوا کاکەیی، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ل٧٤، ٢٠٢٢

[3]. ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر، پێشەوا کاکەیی، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، سلێمانی، ل١٠٣، ٢٠٢٣

[4]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل١٣٨-١٣٩

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌