نۆ ڕۆژ
شیعر
گۆران ڕەئوف
ڕۆژی یەکەم
تەواوی ڕۆژ، لە بالکۆنەکەوە
سیگار دەکێشم و
هەر تەماشای دەرگە دەکەم،
کەسێک نابینم
زەنگی دەرگەکە لێبدات.
ڕۆژی دووەم
له‌نێو سه‌رمای ته‌نیایدا
بیر له زه‌نگی ده‌رگه ده‌كه‌مه‌وه
چه‌ند ته‌نیایه
له‌بری هه‌مووان ته‌ریقده‌بمه‌وه
چۆن ده‌توانن ئاوه‌ها بتبینن و
به‌ته‌نیشتتدا بڕۆن و
ته‌ماشای ڕووخساری ماندووت بكه‌ن و
په‌نجه‌یه‌كت لێنه‌ده‌ن.
ڕۆژی سێیەم
لە تەوالێت دام،
قەبزیی کوشتوومی..
گووده‌كه‌م و
گوومان دەکەم
باتری زەنگی دەرگەکە،
بەسەرچوو بێ..
خێرا، زۆر خێرا
دەڕۆم باترییەکانی دەگۆڕم.
به‌ڵام
کەسێک نییە،
زەنگی دەرگەکە لێبدات
کەسێک نییە،
پەنجەیەکی لێ زیاد بێ و
بیخاتە سەر زەنگی دەرگەکە،
تا کۆتایی دنیا بزرنگێنێت
ڕۆژی چواره‌م
ئێستاش وه‌ك ساڵانێك
كه تۆ هه‌بوویت
گومان ده‌كه‌م كه مردبم
له‌نێو قاوه‌یه‌كی به‌ڕازیلیدا
مه‌له‌ده‌كه‌م و
زه‌نگی ده‌رگه‌كه له‌پێشچاوم
ون نابێت
من تێده‌گه‌م
ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ ڕۆیشتی
قاوه‌م ده‌خوارده‌وه و
خۆم كوشت
ڕۆژی پێنجه‌م
لەناو جێگەدام و
مژ لە یادەوەرییم دەدەم
بیردەکەمەوە
ڕەنگە وایەری زەنگی دەرگەکە
بچڕابێت..
هێشتاش هەر مژ دەدەدم
لەو ڕۆژانەی
تۆ ئەم ماڵەت جەنجاڵ کردبوو
مژ له داهاتووم،
چه‌نده چۆڵه‌وانییه..
دەچم، تەواوی وایەری
زەنگی دەرگەکە نوێ دەکەمەوە
به‌ڵام
کەسێک نییە
ئەو زەنگە ببینێت..
هەتا ئەگەر قەرەجێک،
ڕێبوارێکی سەرلێشێواو،
کەسێک کە ئەدرەسێکی لێ ونە و
بۆیدەگەڕێت
بێت و
په‌نجه‌ی ته‌زیوی له‌سه‌ر دا‌نێت
ڕۆژی شه‌شه‌م
وه‌ك مردوویه‌ك…
سیگار ده‌كێشم
ده‌خه‌وم
نان ده‌خۆم
قاوه ده‌خۆمه‌وه
شه‌وكانم له‌باوه‌ش ده‌گرم
به‌ڵام هێشتا ناتوانم
بیر له زه‌نگی ده‌رگه، نه‌كه‌مه‌وه
ڕۆژی حه‌وته‌م
له‌نێو دڵۆپه بارانه‌كاندا
ده‌بارێم و
بیر له فرمێسكه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه
چۆن ده‌بارین و
نه‌مده‌توانی، له‌نێویاندا ئازاره‌كانت
له ئامێزبگرم
ئیتر زه‌نگ بۆ لێبدات؟
ڕۆژی هه‌شته‌م
له‌نێو كتێبه بێتاقه‌ت و تووڕه‌كاندا
گیرمخواردووه
به‌ڵێنم داوه ئیدی بیر له زه‌نگی ده‌رگه
نه‌كه‌مه‌وه
تاوێك بگه‌رٍێمه‌وه سه‌ر ئه‌و ڕێیانه‌ی
گه‌یاندمیان به‌م ڕۆژانه
ئه‌و ڕێیانه‌ی
هێشتا بۆنی شۆڕش و
هه‌ناسه‌ی ئاشقایه‌تییان لێدێت
به‌ڵام گه‌ر زه‌نگیش لێبدات
خۆ دنیا كاول نابێت؟
ڕۆژی نۆیه‌م
شه‌وانه هه‌زار بیرۆكه‌م هه‌یه
بۆ لێدانی زه‌نگی ده‌رگه
كه ڕۆژ دێته سه‌ر جێی خه‌وم
وه‌ك به‌فره‌كان ده‌توێنه‌وه
ئیتر تێده‌گه‌م
زه‌نگی ده‌رگه به‌من ناكه‌وێته كار
ده‌بێت كاغه‌زێك هه‌ڵبواسم به‌ته‌نیشت
زه‌نگه‌كه‌دا، كه تێیدا نووسرابێت
تكایه، ئه‌م زه‌نگه با لێبدات
مرۆڤ، زۆر تەنیایە
تابلۆكان: دادایزم