In Egypt

دوو كوورتیله‌ چیرۆك


Loading

ملوانكه‌

شەو بوو، لە شەقامی بازاڕێکی (ئەسکەندەرییە) دەسووڕامەوە. دڵگیریی شارەکە و چرای ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوەیی گەشتیارەکان، شتێک بوون، من هەستم پێ نەدەکردن و نەمدەبینین، چوون کۆمەڵێک ڕۆحی بزێو و دەنگە دەنگی پۆلێ فریشتەی بێڕەنگ، تەواوی سەرنج و هۆشمیان بردبوو …

ــ خاتوون، کاکە، باجی تکایە، ئێمە منداڵی شەقامەکانین … تۆ … ئێمە … تۆ …

ئەوان کە تۆز و خۆڵی تەمەنێک لەسەر ڕووخساریان نیشتبوو، بە باسکی پڕ لە ملوانکەی لە گوێچکە ماسی و زەنگیانە دروستکراوەوە، دەستە دەستە و یەک یەک دەهاتنە سەر ڕێت و بە زمانی گەورەیەکی زۆرزانەوە، تکایان دەکرد ملوانکەیان لێ بکڕیت.

+ ملوانکەت لێ دەکڕم بەڵام ئایا دەتوانین وەک هاوڕێ کەمێک گفتوگۆ بکەین؟
بە پێکەنینەوە؛
ــ هاوڕێی چی خانم، هاوڕێی سەفەری؟ دەخوازیت باسی چیت بۆ بکەم، هەڕەمەکان و فیرعەونی جاران یان فیرعەونەکانی ئەمڕۆمان؟
+ باسی خۆتم بۆ بکە، ناوت چییە، چەنێکە ئەم کارە دەکەیت؟
ــ من ناوم (سەمارە)یە و دەبێت هەر ئێستا بڕۆم، کاتی هاوڕێیەتیم نییە داوای لێبووردن دەکەم بەڵام ئاسمان شاهیدە تۆ چوویتە دڵم، هانێ ملوانکەیەک بە دیاری و پارەشت لێوەرناگرم.
+ سەمارەی جوان، تۆش چوویتە دڵم، دیارییەکەت قبووڵ دەکەم بەڵام منیش ملوانکەکەی خۆمت بە دیاری پێدەدەم.

بە سەرسامی و زەردەخەنەوە؛
ــ بەڵام خاتوون ملوانکەکەی تۆ زێڕە، دە با ناوی دیاری نەبێت، با بتوانم بیفرۆشم!

لەگەڵ سەمارەی شیرینگوفتاردا، بەندێکی نوێمان بۆ یاسای دیاری بەخشین دانا. وا ڕێککەوتین هەر کات ویستمان، من بۆم هەبێت، دیارییەکەی ئەو بکەم بە دیاری بۆ کەسێک کە لە دڵمدا زۆر ئازیز بێت و ئەویش دیارییەکەی من بدات بە شتێک کە دڵی زۆر ئارەزووی بکات …

 

Juni 2014

* * * *

ده‌مه‌وێت له‌دایكبم

بچکۆله‌ بچکۆله‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و مێزه‌ خڕه‌دا دایانناوه‌ که‌ هه‌موویان به‌ ده‌وریدا دانیشتوون. قژی به‌ دووانی به‌ستووه، چاوه‌کانی گه‌ش گه‌ش ده‌بریسکێنه‌وه. خرپن خرپن ده‌ڵێی به‌ گووپی پڕ له‌ گۆشته‌وه‌ قسه‌ ده‌کا و به‌ به‌دله‌ فه‌رووه‌که‌یه‌وه‌ له‌ به‌چکه(پاندا)یه‌کی ژیکه‌ڵه‌ درچێت.

– گورپه‌‌ گیان ئێستا پڕۆڤه‌ی ڕۆڵه‌که‌ت ده‌که‌ین. ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین له‌ دوامانه‌وه‌ بیڵێره‌وه. تۆ له‌ناو سکی دایه‌دا، له‌ ده‌می له‌دایکبوونتدا، به‌ ده‌نگی ساوایه‌ک هاوار ده‌که‌یت: (من نامه‌وێت له‌دایکبم، ژیانی ئێوه‌ دۆزه‌خه، خه‌ڵک ده‌سووتێنن*). ده‌ی گیانه‌ بیڵێره‌وه.
+ من نامه‌وێت له‌دایکبم، ژیانی ئێوه‌ دۆزه‌خه، خه‌ڵک ده‌سووتێنن.
– ئافه‌رین ئازیزم، جا تۆ له‌پشت په‌رده‌وه‌ هاوار ده‌كه‌یت،  بۆیه‌ تا ده‌توانیت ده‌نگت به‌رز بكه‌ره‌وه‌.
+ واته‌ خه‌ڵکان من نابینن؟
– نا گوڵی ناتبینن، به‌ڵام گوێیانلێته‌، ده‌وره‌كه‌ وه‌هایه‌، تۆ له‌ منداڵدانی دایه‌دایت.
+ به‌س من ده‌مه‌وێت بمبینن، ده‌مه‌وێت له‌دایکبم!

 

Januari 2012

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.