ئەزموون
نەژاد عزیز سورمێ
( ئەم ھۆنراوانە دەگونجێ لەگەڵ تاقیکردنەوەی دی وەک (پۆستەرە شیعر) و شێوازی وەک (ھایکۆ– HAIKU)ـەوە پێڵوز بکرێن ..
من بۆ ڕوونکردنەوە دەڵێم : ھیچ کامیان نین ، بەقەد ئەوەی ھەوڵدانێکە لە کێشانی چەند تابلۆیێک بەھۆیهکی
دیکەی دەربڕین..)
ھێلانە
شەباقەی برینە
یا چاڵە خوێنە
یادەمی بورکان .
(….)
کڵاوڕۆژنەیەکی شیشبەند
چەند تاڵە تیشکێ
مرۆڤێ دەستی بە قاچییەوە گرتووە
سەری بە دیوار ھەڵپەساردووە .
ئاواز
پۆلێ گەڵای سەوز
بە ھەوادا دەفڕن
باران نم نم دەبارێ
دنیا بەرگی سپێدەی لەبەردایە .
ستیڵ لایف
کەلاوەی خانوو
باوڵێ تەنەکە و
لێفەی شڕی لەبیرکراو ..
ئاژاڕی چەند چرۆیەک
بەسەریانەوە بایەقۆش
گۆرانی شێوێندراوی
چاخی تیخبەند دهچڕێ .
درەختێ ڕاقەناو
(….)
چاوی سەرسام
چاوی زەق
چاوی نوقاو
چاوی نەرم
چاوی تیژ
کۆمەڵێ چاو
کۆتکێ لەسەری ڕژاوە …
برسیەتی
گوڵەگەنمێ
پەیژەیەکی پێوەنراوه
گورگێکی پێ ھەڵدەگەرێ .
شەوق
نیشانەی پرسیار
بەدەوری دڵێ خوێنی لێ دەتکێ .
ئاسمان گەشە
دەستێ ڕەگی دەرکردووە…
سووتان
دووکەڵێکە
چاو چاو نابینێ
کەویە بەفرێک دەسووتێ.
ڕوانین
(1)
کۆڵکەدارێکی قەراخ ڕووبار
ژنێکی ڕاکشاوە .
(2)
ئاگرێ دێ
ئاگرێ دەڕوا
بەدوو ئاگر
دنیا تاریک داھاتووە .
(3)
مێزێک
چایەک
پاکەتێ بەغدا
ھەندێ شوێن پێی بچووک و
ھەندێکی دی زەبەللاح …
دڵنەوایی
کچێ ڕەشپۆش
لەسەر پانیژە وەستاوە
تریفەی مانگ و
ورشەی ئەستێرەی ئاوابوو
کۆ دەکاتەوە.
دیوار
دیوارێ.. دوو دیوار.. دە دیوار
چیمەنتۆبەندەکان ڕووخان
تەنیا دیوارێ قور ماوە
نەڕووخاوە .
ئێش
ئاسمان دڕکی لێ دەبارێ
زەوی دڕکی لێ شین دەبێ
خۆرێ دڕکاوی ھەڵاتووە
دڕک.. دڕک
لەھەر چوار لاوە دڕک .
(….)
لەناو ئەو ھەموو قەڵشت و بۆشاییەدا
کە دەگونجێ بوومەلەرزەیێ
پێکی ھێنابێ
پنتێ سەرەنجت ڕادەکێشێ .
بروسکە
دوو دەرگا
دەرگایێ داخراو
یەکێ کراوە
تارمایی مرۆڤێکی سەرگەردان .
گومان
سێبەری ئەژدیھا
پەڵهیەکە ، ڕەش و ناڕێک
بەسەر چەقی دووڕیانەوە .
سەنگەر
بانێک
بێ کۆڵەگە ، بێ دیوار
بانێک ئاسمانیشی بەسەرەوە نییە .
زەنگ
ڕەوە مەلێکی بەرزەفڕ
لەشکارتەیێکی ژەنگگرتووی
ئاسمان دەکا .
(….)
چیایێک خەریکە دەڕمێ
چەند دەستێ سنگی خۆیان داوەتەبەر و
ناھێڵن ..
چەند دەستێ ناھێڵن چیایەک بڕمێ .
تونێڵ
چوار بازنەی بچووک
بەدەمی گورگەوە .
چوار بازنەی بچووکی
نێو بازنەیێکی گەورە.
زریزەیێکی ژەنگاوی
لەو ناوە لوولی خواردووە…
ڕوانین
ھێڵێک ئاسۆی لەباوەشی خۆی گرتووە.
ڕووبارێکە
دەشێ ڕەگی درەختێ بێ
یا ھەر سەراب و ھیچی تر .
پۆرترێت
کۆمەڵێ جۆگە
دوو کانیی وشک
تیشە بەردێک
سیمایێ ماندوو ،
دوو باڵی
لەڕاست و چەپدا ڕواوە .
مانەوە
کۆخێکی بە پێوە ماوی
نێو دڕاڵەی شاخ
شوورەیێکی گڵکۆیینی
بەدەوردا کێشراوە.
(….)
تەرمێک لەسەر دەم کەوتووە
چرایێک کوژاوەتەوە
درەختێک بەلادا ھاتووە
زەوی و ئاسمان لەیەک نزیک بوونەتەوە.
بارانێ سوور دای کردووە.
1985 – 1986
ئەم قەسیدەیە کاتی خۆی ساڵی 1986 بۆ یەکەمین جار لە گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان) كه له بهغدا له لایهن كۆمهڵهی ڕۆشنبیری كوردی دهردهچوو بڵاوکراوەتەوە .