مەم خەڵکی كۆبانێیه‌، زینیش شه‌نگالییه‌


Loading

ڕزگار مەحمود

ماڵی مەم بەهۆی کارەساتی کۆبانێوە ئاوارەی شەنگال دەبن. مەم زمانی گیرابوو، توانای قسەکردنی لەدەست دابوو، ئەو بەچاوی خۆی مەرگی هەموو خێزانەکەی بینی بوو.
سەرەتای بینینی مەم و زین ئەو ڕۆژە بوو کە کارەساتەکەی شەنگال ڕوویدا، دەمەو ئێوارە بوو، مەم تاک و تەنها بە ناو شەنگالدا دەسوڕایەوە، تا ڕێی کەوتە سەر ڕێی پەرستگا، زینیش لە پەرستگاكه‌ هاتە دەرەوە و مەمی بینی.
مەمی ناسییەوە و بۆی دەرکەوت کە ئەوە کوڕی ناو خەونەکانیەتی.
 مەمیش کە زینی بینی دڵنیا بوو کە ئەوە هەمان کچی ناو خەیاڵەکانیەتی.
بۆ ماوەیەک نیگایان گۆڕیەوە. مەم نەیدەتوانی قسە بکات. زینیش نەیدەویست هیچ بڵێت. زین ڕۆیشت و هەر ئاوڕی ئەدایەوە. مەم دەیویست بڵێت بوەستە، من قسەم زۆرە، بەناچاری شوێن زین کەوت. زین گەیشتە ماڵەوە و دڵی لەسەر هەزار لێی دەدا، بەپەلە پەنجەرەکەی کردەوە و سەیری دەرەوەی کرد. مەم لەسەر دیواری بەرامبەر پەنجەرەکە به‌ گه‌وره‌یی نوسیبووی: ئەز حەش تە دکەم.
زین ماچێکی هەوایی بۆ مەم هەڵدا. مەم لە خۆشیدا دەستی بە گۆرانی وتن کرد بەشێوەی ئاهات. مەم دەنگی زۆر خۆش بوو، یەکەمین جار بوو خەڵکی شەنگال گوێیان لە دەنگێکی ئەوەندە سیحراوی بێت، دەنگیک تێکەڵ بوو لە خۆشەویستی و خەمی لەدەستدانی زێد و کەسوکار. دەنگێ کە تەنها یەک وشەی تێدا نەبوو، دەنگێ کە لە هاوار و گڕوگاڵی مناڵێک دەچوو، لە دەنگی مرۆڤە سەرەتاییەکانی سەر ئەم هەسارەیە.
ئەو شەوە خەڵکی شەنگال چوونە خەوێکی قووڵەوە، بەڵێ شەوی کارەساتەکە. کاتێ کە چەکدارەکانی ئیمان هاتن و خەوی خەڵکیان گۆڕی بۆ مەرگ.
یەکەم قوربانی ئەو شەوە مەم و زین بوون، بە بەرچاوی مەمەوە زینیان لاقە دەکرد و بە بەرچاوی زینەوە سەری مەمیان لە لەشی جیاکردەوە. زینیان کرد بە کەنیزەک و تەرمی بێسەری مەمیش بوو بە خۆراکی سەگی خوێڕی.

زەنگی موبایلی یەکێک لە پێشمەرگە شەهیدەکان لێدەدات، زەنگەکە گۆرانییەکەی سەلام حەمادیە لەسەر ئەو کۆپلەیەیە کە دەڵێت: دونیا ڕەنگی فرمیسکی ئینسانی گرتووە.

دیسەمبەری 2017

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین