Jean-François Lyotard 1924 – 1998

لیۆتار و فەلسەفەی پۆست مۆدێرن


Loading

فەیلەسوفی پۆست مۆدێرنەی فەرەنسی جان فرانسۆ لیۆتارد، بە یەکێک لە دیارترینی ئەو بیریارانە دادەنرێت، کە تیۆرەکانی مارکسیزم و هەڵوەشاندنەوەگەریی و سیمۆلۆژیاو دەروونشیکاریی پێکەوە کۆکردەوە، تا وێنایەکی فەلسەفیی گشتگیر بۆ سروشتی ڕۆشنبیریی و شارستانێتیی ماوەی دوای پۆست مۆدێرنیزم لە جیهانی ڕۆژئاواییدا بەدەست بهێنێت.

لیۆتارد سوودی لەسەرەتا مارکسیزمیەکەی خۆی وەرگرتبوو، بە قووڵی کتێبەکانی دۆلۆزو گواتاریی کاریان تێکردبوو، زۆریشی لە درێداو وتەزا هەڵوەشاندنەوەگەرییەکانی وەرگرت، خوێندنەوەی بەرفراوانی خۆی لە زمانناسیی نوێی دی سۆسێرو سیمۆلۆژیای سان جۆن بێرس وەبەرهێنا. لیۆتار جارێکیتر ئەو هەموو تیۆرە جۆراوجۆرەی دانەڕشتەوە، بەڵام لە بەدیهێنانی ڕەخنەیەکی میتۆدیی توندو گشتگیری ئەو تیۆرانەو تێپەڕاندنیان بەرەو بونیادنانی دیدێکی فەلسەفی یەکگرتوو سەرکەوتوو بوو، کە بەسەریەکەوە گوزارشتکردن بوو لە گیانێکی پۆست مۆدێرنانەو بە تایبەتیش پۆست بونیادگەریی.

لیۆتارد لە سەرەتاکانییەوە مارکسیی بوو، پەیوەندیی کرد بە گروپێکەوە کە بە ناوی ” سۆشیالیزم یان بەربەریزم/ Socialism Or Babarism”  ناسرابوون، ئەم کۆمەڵەیە هەوڵیدەدا مارکسیزم بداتە بەر ڕەخنەیەکی خودیی ناوەکیی و چاوپیاخشاندنەوەیەکی فیکریی گشتگیر، بە هەندێ وتەزای بنەڕەتییدا بکرێت. بەمەش لیۆتار یەکێک بوو لە کۆمەڵێکی بەرفراوانی ڕۆشنبیرە مارکسییە کۆمۆنیستەکان، کە ڕەخنەیان لە کاری سیاسیی و هەڵوێستی فیکریی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسیی دەگرت دوای جەنگی جیهانیی دووەم و بێزاریی خۆیان دەردەبڕی، دیارترینیشیان ڕۆجیە گارودیی و لوی ئاڵتۆسێرو هێربرت مارکۆزە بوون، وێڕای لیۆتارو بۆودەریار. لیۆتار وەک پەیامنێر لە ڕۆژنامەیەکی ئەو کۆمەڵەیەدا کاری دەکرد، کە لە جەزائیر دەردەچوو، بەمەش زۆر نزیک بوو لە ڕووداوەکانی جەزائیری پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بیستەم.

وتارە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەوکاتەی بۆشایی فیکریی نێوان مارکسیزمی ئارسۆدکسیی و هزری سیاسیی و تیۆریی ئەو دەردەخات. لیۆتار بەلای لێپرسینەوەو گومانکردن لە پرەنسیپەکانی مارکسیزمدا دەیشکاندەوە، وەک ئەوەی ناڕەزایەتییەکەی لەسەر مامەڵەکردنی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسییەوە بێت لەگەڵ شەڕی جەزائیردا، کە بە شٶڕشی پرۆلیتاریایان لە قەڵەم دەدا دژی کاپیتالیزم، لە کاتێکدا لە واقیعدا شۆڕشێکی جوتیارانە بوو، هیچ پەیوەندییەکی بە لێکدانەوەی مارکسییانەی ململانێی چینایەتی کۆمەڵگەی پیشەسازییەوە نەبوو. هەروەک لیۆتار هەڵوێستی پارتی کۆمۆنیستی لە ڕاپەڕینی خوێندکارانی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٦٨ ڕەتکردەوە، کە بۆ پاڵپشتیی دامەزراوەیی بوون و حوکمڕانیی بەرپا بوو، لەو ماوەیەشدا وازهێنانی لە مارکسیزم ڕاگەیاند، پاش ئەوەی بەڵێننامەکەی کۆمەڵەی ” سوشیالیزم یان بەربەریزم” ی کۆتایی پێهێنا.

  لیۆتار لەسەر میتۆدی دۆلۆزو گواتاریی ڕۆشت لە بەستنەوەی بەرهەم بە نەستەوە، لە کتێبی ” ئابوریی لیبیدۆ Libidal Economy” دا کە ساڵی ١٩٧٤ دەرچووە، دەستیکرد بە گەڕان بەدوای ڕەگوڕیشەی ئابوری سیاسیی لە لیبیدۆدا، لەبری ئەوەی لە کۆمەڵگەو ڕەواڵەتی ململانێی چینایەتییدا بۆی بگەڕێت، ئابوریی ئارەزووی بەوە دانا کە چەشنێکی ترە لە قسەکردن دەربارەی ئابوریی سیاسیی، هەوڵیشیدا لێکدانەوەیەکی زیاترو گشتگیرتر بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕە سیمبۆلییەکانی نیشانەو پارە لە کۆمەڵگەدا بکات وەکویەک. لەم کتێبەیدا لیۆتار هێرش دەکاتە سەر هەریەک لە ئابوریی سیاسیی مارکسیزم و فەلسەفەی ئارەزوو و نەستتی فرۆیدیزم و سیستمی نیشانەی سیمۆلۆژیی. ئەو دەروازە تیۆرییەی کە شوێنی کەوت لە ڕەخنەگرتنە گشتگیرەکەی لەو تیۆرە گەورانە، پشتی بە چەمکی ئاڵووێرو گۆڕینەوە بەستبوو، کە لەسەر بنەمای بیرۆکەی ئاڵوگۆڕ کردن بوو، جا گەر ئاڵوگۆڕی نەختینە بێ لە تیۆری مارکسیزم یان وێنە لە زانستی دەروونشیکاریی یان ئاڵوگۆڕ کردنی نیشانەکان بێت لە بازنەی پەیوەندییە مرۆییەکان لە سیمۆلۆژیادا. لیۆتار ئاماژە بۆ چەمکی نیشانە دەکات لای هەریەک لە سان جۆن پێرس و لیڤی شتراوس، نیشانە جێی شتێک یان داتایەک دەگرێتەوە کە دەویسترێت ئاڵوگۆڕ بکرێت لە میانەی پرۆسەی ” پەیوەندیگیریی/ Communication” ەوە، ئەم نیشانەیەش لە ناو تۆڕێکی چەمکییدا نەبێت کە دەگەڕێتەوە بۆ تیۆری پەیوەندیگیریی ” Theory  Communication” مانا بەدەست ناهێنێت.

ئەم پرۆسەی گۆڕین و قەرەبوو کردنەوەیەی شت یان داتاکە بە نیشانەیەک ” Sign” بە پێی زانستی زمان و نیشانەناسیی، پێکهاتووە لە دال ” Signifier” کە تایبەتمەندێتیی سیمبۆلیی یان دەنگیی هەڵدەگرێت و مەدلول “Signified ” کە ئاماژە بۆ وێنەی شتەکە دەکات لە زەین یاخود لە یادەوەریداو هەواڵە دەکرێتەوە بۆ شت یان داتا دەرەکییەکە. بەمەش نیشانە دەبێتە ئاوێتەیەکی سیمبۆلیی و لە دال و مەدلول پێکدێت لە یەک کاتدا، بە پەیوەندیی هاوچەشن بوون و بەریەک کەوتنیشەوە گرێ دەدرێتەوە لەگەڵ نیشانەکانی تردا، لەناو هەمان تۆڕی چەمکەکان یان لەناو هەمان بونیادی گشتییدا. لیۆتار ڕەخنەی لەم وێناکردنە بونیادگەرییەی نیشانە گرت، پێیوابوو پرۆسەی ئاڵوگۆڕ جۆرێکە لە دوورخستنەوەی مەدلول و ئامادەییەکی گشتیی و ماددیی و سیمبۆلییە بۆ دال. پرۆسەی ئاڵووێری شت و شمەکەکان بە پارەبە مەبەستی ئاڵووێری بازرگانیی و دارایی، هاوشێوەی گۆڕینەوەی شت یان داتاکانە بە نیشانە، یان وشە لە باری نوێی زماندا، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ کردنی لە بواری کۆمەنیکەیشن و بەردەوامییدا. داتاکان وندەبن و شتەکانیش بەرە بەرە بیردەچنەوە لە پرۆسەی هاوبەندیی و ئاڵوگۆڕی ڕۆژانەداو لە کۆتاییشدا کۆمەڵە نیشانەیەک دەمێننەوە کە هەڵگری دالەکانن و لە مەدلولەکانیان دابڕاون، دالەکان گرنگتر دەبن لە سیستمی دەلالیی و شتێک نامێنێتەوە جگە لە زنجیرەیەک هەواڵەکراوی بێ کۆتایی لە سیستمی نیشانەکاندا.

تێبینی: 

سەرچاوەی ئه‌م باسه‌ له‌بلۆگی : http://post2modernisme.blogspot.co.uk

 بابەت بە عەرەبی: د. معن الطائي و أماني أبو رحمة: وفلسفة ما بعد الحداثة

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

بۆ ئه‌وانه‌ی خوازیارن زیاتر ده‌رباره‌ی  فه‌لسه‌فه‌ و جیهانبینی (پۆست مۆدێرن ) شاره‌زابن به‌زمانی ئینگلیزی ، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه‌بكه‌ن. كه‌خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی  پۆست مۆدێرنه‌ی ڕوونكردۆته‌وه‌: