د. فاضل مورادی

خۆشەویستی و ژنکوژی لە کوردستان


Loading

خۆشەویستی، وەک دەتوانین لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەرکی بکەین و ئێمە گەورەبووین بۆ ئەوەی بیگێڕینەوە، ناتوانرێ بەبێ لەدەستدان و تازیەباری (شیوەنکردن) وێنا بکرێت. وەک من دواتر نیشانی دەدەم ژنان هەن ‌له‌به‌ر خۆشه‌ویستی كوژراون بەڵام شیوەنیان بۆ نەکراوە. من بە ئاگام کە خۆشەویستی و ژنکوژی ڕووداوی جیهانین. بەڵام من لێرەدا بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە په‌یوه‌ستم.

وەک مرۆڤناسێك و كۆمه‌ڵناسێك، بەمەوە خەریک دەبم کە لە ماوەی توێژینەوەکەم لە کوردستان فێری بووم. من فێربووم کە چۆن خۆشەویستی بنەڕەتییە بۆ داڕشتن و پێکهێنانی لێرەبوون (وجود)ی ژنانی دەرباز بووی ئەنفالبوو. خۆشەویستی لەنێو ساتەکاندایە کە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بۆ یەکدی ئاوەڵای دەکەین بەبێ بەشداری مۆدی هۆشاندنی هزر. لەگەڵ ئەوەشدا، خۆشەویستی ناتوانرێ هەمووی بە ئەزموونی چاوەوە ببەسترێتەوە. خۆشەویستی چاومان بۆ بینینی ژیانی ڕۆژانە دادەخات و بۆ خۆشەویستڤان مەحاڵ دەبێت هەست بە بوونی-خۆی-لەنێو-جیهاندا بکات.

ئەگەر تێبینیت کردبێت، هەروەک زوو ڕوونتر دەبێتەوە، من حەزم بە دانوستاندنی تیۆریی لەمەڕ خۆشەویستی نییە. من خۆم و بیرکردنەوەم لەنێو جینالۆجی هزرین دادەنێم کە لە زۆر ڕێگەی جوداوە بەمەوە خەریکە کە چۆن یەکدیان خۆشدەوێ و کارلێک لەگەڵ یەکدی دەکەن، هەروەها چۆن هەندێ ڕیزبەندی کۆمەڵایەتی وەک خۆشەویستی و کارلێککردنەکان شێوە وەردەگرن. ئەم ڕیزبەندییانە دەشێ لە مێژوو، سیاسەت، ئاین، ئابووری، کولتور، ترادیسیۆنەکان، و وەهمی نەژادەوە سەرچاوە بگرن. بۆ من هەموو ئەم ڕیزبەندییانە (ڕێکبەندییانە) بەدرێژایی کات گەشە دەکەن و ناتوانن بەبێ یادەوەری مرۆڤ بوونیان هەبێت، ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بیرمان دێته‌وه و یادەوەریمان هەیە‌ ده‌ژین. بۆیە هیچ یەکێک لەم ڕێکبەندییانە بۆ کەسێک کە نەخۆشی ئەلزایمەری هەبێت یان بەتەواوی یادەوەری لە دەستدابێت گرنگ نییە. خۆشەویستیش سەر بە کایەی یادوەرییە. خۆشەویستی شتێکە ئێمە فێری دەبین، دێتەوە یادمان و به‌ كرداری دەیکەین. لەم نووسینەدا، دەمەوێ تیشک بخەمە سەر خۆشەویستی و ژنكوژی (feminicide)(1) – کوشتنی ژنان لەبەرئەوەی وەک ژن دەبینرێن – لە کوردستان. ژنکوژی وەک سڕینەوەی یادەوەری دادەنێم. یادەوەرییەک کە جێنده‌ر نیشانە دەکات و کڕۆکی پێدەدات یان بەتوندی ژن و پیاو لە کوردستان دابەش دەکات، کە تێیدا پیاو پێناسە دەکات و پێگەیەکی باڵاتری پێدەدات. مافی دەستدرێژی سێکسی و کوشتن بە پیاو دەدات. لێرەوە ژیان بە فرەژینی دەدات.

ئەگەر یادەوەری نەژادی لە سروشتەوە جینۆساید بێت، ئەوا یادەوەری جێندەری لە سروشتەوە ژنکوژییە، بۆیە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی فرە و مرۆڤانە واتا هەبوونی مرۆڤ و یادوەرییەکی بە-کڕۆک نەبوو. یادەوەری هەمیشە دادەهێنرێت، کۆدەکرێتەوە، فێردەکرێت و پەروەردە (کۆپی) دەکرێت. ئێمە هەمیشە پتر لە یادەوەرییەکی ئەو جیهانەمان هەیە کە تێیدا دەژین. یادوەری هەرگیز ناتوانرێ بەتەواوی وەک نەگۆڕێکی بیۆلۆگی ببینرێت وەک ڕه‌گه‌زپه‌رست و فاشیستەکان لەسەری مکووڕن. ئەمەیە کە چۆن خۆشەویستی و ژنکوژی لە کوردستاندا هاوشان لەگەڵ یەکدی دەڕۆن، من لێرەدا لەم نووسینە ئەمەم بەهەند وەرگرتووە. من خەریکی توێژینەوە بووم سەبارەت بە پەیوەندی نێوان خۆشەویستی، لەدەستدان، تازیەباری (شیوەنکردن) و داهاتوو، من لەتەک ئەوەدا خەریک بووم کە چۆن خەڵک یەکدییان خۆشدەوێ، دایبابیان، خوشک و براکانیان، هاوڕێکانیان جێنده‌ری هەڵبژێردراویان، نەتەوەیان، سەرۆکیان، نەژادیان، ئاڵای نیشتیمانییان پتر لە ”بێگانە”یەک خۆشتردەوێ.

لە کوردستان، بەهێواشی فێربووم کە چۆن خۆشەویستی پەیوەستە بە مێژووی ژنکوژی و بەگشتی توندوتیژی سیاسی دژ بە کوردەکان. دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە چۆن ژنان کۆنتڕۆڵکراون تاکو خۆشەویستی خۆیان بەنهێنی نمایش بکەن. ئەم نهێنییە بوونیان لەنێو جیهاندا ڕووەو کۆتایی دەبات.

چەند جار گوێت لە ژنێک بووە کە لەبارەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان قسەی کردووە؟

چەند کتێب و توێژینەوەی زانستیت سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان خوێندۆتەوە؟

ئایا هەرگیز لە کوردستان هەواڵەکانت خوێندۆتەوە یان سەیرت کردووە؟

 

٢٠١٧

ژنێک لەلایەن خێزانەکەیەوە زیندەبەچاڵ دەکرێت.

دەبێت کەسێکی خۆشویستبێت یان دەبێت بەرەنگاری هاوسەرگیری بەزۆر بووبێتەوە. مەبەستم ئەوەیە دەبێت ئەو وتبێتی نەخێر بۆ بەشکردنی ژیانی لەگەڵ کەسێک کە خۆشی ناوێت.

 

٢٠١٦

لە کوردستان، هەزاران کچ و ژن لە نێوان تەمەنی چوار بۆ چل ساڵی ڕووبەڕووی خەتەنەکردن بوونەتەوە.

ئایا پێت وایە مرۆڤێکی چوار ساڵان، کچێک، حەز بکات ئەزموونی خەتەنەکردن بکات؟

 

٢٠١٥

کچێکی گەنج بەناوی سنوور، لە سلێمانی ”پایتەختی ڕۆشنبیری” دەچێتە شێلتەرێک بۆ پاراستنی ژیانی خۆی. شێلتەر وەک هەستکردن بە زیندانی هەتاهەتایی وایە. باوکی لە ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبەر لە پارکی دایک کوشتی. سنوور دەبێت کەسێکی یان ژیانی خۆشویست بێ، یان بەرەنگاری هاوسەرگیری بەزۆر بووبێتەوە.

 

٢٠١٤

سلێمان زەید یونسی تەمەن چل و پێنج ساڵ، مەمکەکانی دونیای بڕی، چاوەکانی دەرهێنا و نۆ گوللەی لێداوە.

دونیا تەنیا پازدە ساڵان بوو، بەزۆر بە سلێمان درابوو. تۆ پێت وایە دونیا سلێمانی خۆشویست بێت؟

 

٢٠١٣

کچێک لە ”پایتەختی ڕۆشنبیری” خۆی کوشت (سووتاند).

ئایا تۆ پێت وایە ئەو حەزی کرد بێت ژیانی خۆی کۆتایی پێبهێنێت؟ ئایا ئەو بەتەواوی بە ویستی خۆی ئەمەی کردووە؟

 

٢٠١٢

چل و پێنج ژن لە ”پایتەختی ڕۆشنبیری” دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر. دوازدە ژن لە هەولێر ”پایتەختی هەرێمی کوردستان” دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر. هەروەها هەر لە هەولێر ٧٩ ژن خۆیان کوشتووە لە ڕێگەی خۆسووتاندنەوە. حەڤدە ژن لە دهۆک دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر. هەروەها حەوت ژن لە دەڤەری گەرمیان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.

دەزانی کە کچانی ئیسیوپی لە “پایتەختی ڕۆشنبیری” دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و ڕەتیان کردۆتەوە کەیسەکەیان بدرێتە پۆلیس چونکە ترساون پۆلیسەکانیش جارێکی دیکە دەستدرێژیان بکەنەوە سەر؟ هەرگیز بیستوتە لە کوردستان پیاوێک دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر پیاوێکی دی یان کوڕێک؟ بەڵێ، ئەمە وەک شەرمەزاری مەحکوم دەکرێت. تۆ دەڵێی کوردستان کۆمەڵگەیەکی سێکس-ساتاربوو (واتا لە ڕووی سێکسییەوە تێر نییە) نییە، کە تێیدا نێرە حەز بە دەستدرێژیکەرەکان بەهێواشی زاڵبوون بەدەستدەهێنن؟

ئێستا، پێت وایە کە دەشێ بگۆترێ خۆشەویستی شتێکە دەتوانرێ لە ژیانی ڕۆژانەدا سەیر بکرێت، یان خۆشەویستی شتێکە لە کوردستاندا دەمێکە هەمووی بەیەکجاری مردووە؟ ئاخر بۆ زۆرینەی کچان و ژنان حەزی پێکەوەبوون لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشیان دەوێ، پێش هاوسەرگیری و بەبێ ڕەزامەندی دایک و باوک دۆخی مەرگ و ژین یان مان و نەمانە. ئەم دۆخە لەتەکیدا نەک تەنیا قبووڵکردنی مەرگی ئەو کەسە دەهێنێت بەڵکو هەروەها مەرگی هەموو ئەو کەسانەش کە ئەو یەکە خۆشی دەوێن. ئەو کچ و ژنانەی کە کوژران لەبەر خۆشەویستی مرۆڤانەیان بۆ ئەوانی دی یان بەرەنگاربوونەوەیان دژی سڕینەوەی یادەوەری جێنده‌ری لە کوردستان، ناو و نیشان و یادەوەرییان لەبیرکراوە. ئەوان شیوەنیان بۆ نەکراوە. میدیای حیزبە سیاسییەکان ناوی ئەوانی بۆ ناوی خوازراو گۆڕیوە و لەناوبردنیانی بۆ هەواڵ وەرگۆڕیوە تاکو لەبیربکرێن.

بەم شێوەیە ژنکوژی لە کوردستان لەبیر دەکرێت. بەڵێ بەم شێوەیە دەستدرێژی سێکسی، خەتەنەکردن، هاوسەرگیری بەزۆر، ژیانی ناتەواوی ژنان لە نێوان دیواری شێلتەرەکان، فرەژنی، کوشتنی بەردەوامی ژنان، هەراسانکردنی سێکسی ڕۆژانە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان لەبیر دەکرێن.

هەرگیز هیچ ڕۆژنامەڤانێکی پیاوت لە هەر تەلەفزیۆنێکی سەتەلایتی کوردی بینیووە کە دۆخی ژنان و ژنکوژی لە کوردستان بەهەند وەربگرێت؟

 

میدیای حیزبی سیاسی کوردی

هەرگیز بینیوتە توانا عوسمان لە بەرنامەی دیالۆگ لە کەناڵی NRT ژنکوژی لە کوردستان بەهەند وەربگرێت؟ پرۆگرامەکە کوردستانی بۆ جیهانێک وەرگۆڕیوە کە تەنیا پیاوان تێیدا دەژین. ئاخر پیاوان لەبارەی سیاسەتی حیزبی کە هەر پیاو داڕێژەرییەتی و هەروەها شکستی سیستەمی سیاسی پیاوسەروەری لە کوردستان دیالۆگ دەکەن. ژنان هەرگیز بەهەند وەرنەگیراون تاکو لەم بوارەدا دەنگیان هەبێت. ژنان لەبیرکراون.

ئەم بەمیدیاکردنەی پیاوان وەک تاکە هزرڤانی سیاسی و جەستەی سیاسی لەنێو بەرنامەیەکی دیکەی NRTدا خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەویش بەرنامەی تاوتوێ کە لەلایەن کارزان عوسمان پێشکەش دەکرێت، هەروەها بەرنامەی دیکەی هاوشێوە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی دیکەشدا هەن.

لەم بەرنامانەی خوارەوەدا نێرێتی (پیاوێتی) ڕێسایە و مافی بەشداری ژنانیش وەک پرسیارێکی لەبیرکراو ماوەتەوە.

 

ڕووداو

بەرنامەی ڕوودای ئەمڕۆ، هیوا جەمال؛ کەوانەی سوور، ڕێبوار کەریم وەلی؛ لەگەڵ ڕەنج، ڕەنج سەنگاوی؛ لە واشنتۆنەوە، نامۆ عەبدوڵلا.

 

کەی ئێن ئێن

پرسی ئەمڕۆ، هەڵۆ ئەبوبەکر؛ وانەر، یاسین عومەر.

 

کوردستان ٢٤

بۆ نموونه‌ پرۆگرامی (باسی ڕۆژ)ی یادگار فایەق و جەمال باتون. لە ١٣ بەرنامەی (دیبه‌یت ئۆن كوردستان)دا، ٤٩ پیاو لەوانە دەرهێنەری بەرنامەکەش بینراون، بەڵام تەنیا ٤ ژن لە بەرنامەکەدا به‌شداربوون. لەکاتی سەیرکردنی ئەم بەرنامانەدا، دەتوانی بەڕوونی ببینی چۆن کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی تەواو پیاوانە وێنا کراوە. تۆ دەتوانی ئەم شێوازی بینینە بۆ بەرنامەکانی دیکە لە سەرجەم کەناڵە تەلەفزیۆنییە کوردییەکان، حیزبە سیاسییەکان، پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم، زانکۆکان، کتێبخانەکان، خوێندنگە بنەڕەتی و ناوەندییەکان، شۆفێری تەکسی و هتد بەکاربهێنی.

 

ئایا ژن دەتوانێ لە کوردستان بەئازادی خۆشەویستی بکات؟

ئایا ژن دەتوانێ لە کایەی گشتی ماچ بکات؟ بۆ ناتوانێ؟

ئایا ژن دەتوانێ ژیانی خۆی لەگەڵ کەسێک بەسەربەرێت کە خۆشی دەوێ؟

ئایا ژنان ڕێگەیان پێدەدرێ توانا مرۆڤییەکانی خۆیان ئەزموون بکەن؟

 

ئەمانە ئەو پرسیارانەن ڕووبەڕووی ئێمە دەبنەوە کاتێک سەیری بەرنامەی هێڵی سوور لە کەناڵی NRT دەکەین، لەلایەن ژوان قەرەداغییەوە پێشکەش دەکرێت. هەروەها بەرنامەی ڕوانگە لە کەناڵی Kurdistan 24 لەلایەن تەرزە جافەوە پێشکەش دەکرێت. لەم دوو بەرنامەیەوە تۆ دەبینی کە چۆن شوناسی نەتەوەیی کورد بووە بە شوناسێکی نێرانە (پیاوانە). ژوان و تەرزە بەتوندی بە ژنکوژییەوە خەریکن تەنانەت بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زاراوەکە بدەن. لە بەرنامەکانیاندا تۆ دەتوانی گەواهیدەری ئەوە بیت کە چۆن ژنان زانیارییان بۆ گەیشتن بە دامەزراوە یاسایییە فەرمییەکان نییە، چۆن ڕووبەڕووی هاوسەرگیری ئاینی و فرەژنی دەبنەوە، چۆن سڕینەوەی یادەوەری جێنده‌ری لە کوردستان ژنانی بۆ دەرچوون لە پەیوەندییە زۆر ستەمکاری و بێڕێزییەکاندا بێتوانا کردووە. هەروەها ژنان چۆن هەوڵ بۆ بونیادنانی ژیانی خۆیان دەدەن.

سڕینەوەی یادەوەری جێندەری لەنێو خێزاندایه‌. ئەمە زۆرینەی باوکان بۆ ستەمکاری هۆڤی وەردەگۆڕێت. خێزان شوێنێکە هەمیشە خۆشەویستی و ژنکوژی لەژێر هەڕەشەدان، بۆیە خێزان ئامانجی دامەزراوە ئاینییەکان و حیزبە سیاسییەکانە. له‌م چوارچێوه‌ تایبه‌ته‌ی خێزاندا، زاراوەی خۆشەویستی سنووردارکراوە تاکو تەنیا ئاماژە بێت بۆ پەیوەندییەکی هیترۆسێكسوالی(٢) قبووڵکراو. بۆیە لە ڕووی لۆجیکییەوەوەدەرنراون و هەڵواردراون. منداڵان هەرگیز ڕێگەیان پێنادرێت فێرببن كه‌ وه‌كو شوناسە نەتەوەیی، ”نەژادی” و کولتورییەكان كه‌ جێگیر و ئه‌به‌دی بن، جێنده‌ر، سێكسوالێتیش به ‌هه‌مان شێوه‌ شتێکی پتەو و کۆنکرێتی نییە و فرەشێوەیە. ئەمەیە پێشتر لێرەدا جێنده‌ر دووبارە بەڕێی یادەوەرییەوە نیشانەکراوە. ئەمە شێوە بە ڕێگەیەکی تایبەتی بینینی ژن و بوونی لەنێو جیهاندا لە کوردستان دەدات.

چۆن خۆشەویستی ئەزموون دەکرێت و دەگێڕدرێتەوە وەک پەیوەندی بە کەسێکی دیکەوە، کێشەیەکە سەربەخۆ لە هەموو شوناسەکان، ئەمە وەک کێشەئامێز لە کوردستان دەمێنێتەوە. بوون-لەگەڵ-کەسێکی دی بەشێوەیەکی سۆزدارانه‌، و غه‌مگین بوون دوای مردنی ئەم کەسە دۆخی مرۆڤانه‌یه‌.

ئێمە ناتوانین به‌سانایی دۆخی تازیه‌باری و شیوەنکردن ڕەتبکەینەوە، کاتێک سەیری مەرگی بێدواییەکی خۆشەویستەکان دەکەین-دایک و باوک، هاوژین، یان منداڵ. مەرگی کەسێکی خۆشەویست هەرگیز واتای دیارنەمانی تەواوی ئەو کەسە ناگەیەنێت. ئێمە لەنێو خۆماندا ئەو کەسانە هەڵدەگرین کە شیوەنیان بۆ دەکەین و بۆیان تازییەبارین، ئەمە سەربەخۆیە لەوەی ئایا ئەوان زیندوون یان نا.

به‌م شێوه‌یه‌ خۆشه‌ویستی به‌ڕاستی خۆشه‌ویستی ئێمه ‌و پەیوەندیمان بە جیهانەوە قووڵتر دەکات. شێواز و ڕێگەی ئێمە بۆ شیوەنکردن و تازییەباری پێشنیازی ئەوە دەکات کە خۆشەویستی و مەرگ لە بنەڕەتەوە هاوپەیوەندن. بۆیە من ناتوانم یارمەتی ئەو پرسیارە بدەم بۆچی پیاوان لە کوردستان ژنکوژی بەهەند وەر ناگرن.

ئەم نکۆڵیکردنە بەردەوامە بۆ پتەوکردنی سڕینەوەی یادەوەری جێنده‌ری کە ئەمە لە بەرانبەردا خۆشەویستی و حەزی سەروەری نێرایەتی گەشەپێدەدات، هەروەها ژنان بۆ دەربازبووی تەواو وەردەگۆڕێت.

 

١- نوسه‌ر وشه‌ی فێمینیساید بۆ ئاماژه‌كردن به‌ (لەناوبردنی ڕەگەزی ژنان) به‌كاردێنێت.

٢- هێترۆسێكسوال: كورتكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ سێكسوالییه‌كانه‌ له‌ نێوان نێر و مێدا.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.