Paulo Freire

میتۆدى فێرکارى بانکى: ئامرازێک بۆ چەسپاندنى ڕەوشى ستەمکارى


Loading

Paulo Freire – Pedagogy of the oppressed

پێداگۆگیست و خەباتکاری بەڕازیلیی «پاولۆ فرێرى» لە کتێبى «پێداگۆگى ستەملێکراوان»ـدا ڕانانێکى لۆژیکى و بابەتى ورد دەربارەى سیماکانى دەسەڵاتی ستەمکار و چەوسێنەر دەکات، فرێرى پێى وایە دەسەڵاتى ستەمکار کۆى دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتی، مەدەنی، مێدیایى و فێرکارییەکان بە جۆرێک ئاڕاستە دەکات کە لە هەموو بارێکدا خزمەت بە دۆخى ستەمکارى بکەن. بۆ ئەوەى ڕەوشە ستەمکارییەکە بەردەوامى هەبێت، دەسەڵاتى ستەمکار لە ڕێگەى دەزگا و دامەزراوە فەرمییەکانییەوە بە شێوەیەکى ئەکتیڤ کار لەسەر بەرهەمێنانى وشیارى ساختە و ترسى ڕەمزى و پەیوەندى درۆینە دەکات. بەجۆرێک سیماکانى هەقیقەت دەشێوێنێت و تەماوییان دەکات. وێنە ڕاستییەکەى ژیان و بوون دەشێوێنێ.

واتا ستەمکاران بە تەکنیکى هەمەجۆر و ڕیتێمکى بەرده‌وام کار لەسەر شێواندنى شوناسەکانى مرۆڤبوون و وێنە ڕاستەقینەکانى ژیان دەکەن، تا ئاستێک وشیارى گشتى (ستەملێکراوان) لەنێو وشیارى خۆیاندا (ستەمکاران) دەتوێنێتەوە. لە ئەنجامدا وشیارییەکى دەستەجەمعى دێتە ئاراوە کە بە هەموو شێوەیەک لە بەرژەوەندى دەسەڵاتى ستەمکار دایە و خۆیان دیزاینیان کردوە. دوا جار ستەملێکروان لەژێر تاوى ئەم وەهمسازییەى کە لە بنەڕەتەوە ستەمکاران بۆیان سازداون بەجۆرێک ژین دەکەن کە دۆخى داسەپاویان قەبووڵە و وەک واقیعێکى نەگۆڕ و هەقیقەتێکى حەتمى وێناى دەکەن، تا ئاستێک بە دۆخێکى سروشتى و ئەزەلى دەیبینن.

فرێرى بۆ سەلماندنى ئایدیاکانى بە دەیان ئەرگۆمێنتى عەقڵانى و واقیعى پێشکەش دەکات، لە کۆتاییدا شاڕێکانى هەڵوێستنواندن لەهەمبەر دۆخى بونیادنراو ڕەنگڕێژ دەکات و بۆ ستەملێکروان پێشنیازى خەباتێکى هزریی و کردەیی دەکات.

یەکێک لەو ئامرازانەى دەسەڵاتى ستەمکار زۆر بە کارامەیى و پلانکارییەکى ورد ئاڕاستەى دەکات سێکتەرى فێرکارییە. واتا ستەمکاران لە ڕێگەى کۆنتڕۆڵکردنى سێکتەرى فێرکارى ڕەوشێک دێننە ئاراوە کە گرەنتى و ڕەوایەتى مانەوەى خۆى دەستبەر دەکات. ئەمیش لە ڕێگەى بەکارهێنانى «مێتۆدى فێرکاریى بانکى» و ئاڕاستەکردنى کەرەکتەرەکانى ئەم بوارە.

 

میتۆدى فێرکاریى بانکى

میتۆدى فێرکاریى بانکى بە نووسراوى واتا دابڕین و جیاکردنەوەى مرۆڤ لە جیهانى دەوروپشتى، واتا دانانى هێڵ و بەربەستى مەودادار لە نێوان واقیع و مرۆڤ. بەجۆرێکى دیکە، واتا فێرخواز تەنها تەماشەکەر و وەرگرە، کارتێکراو و بەستەزمانە، هەمیشە دەکەوێتە بەرتاوى دۆخى دەوروبەرەوە، مەحکوومە بەو پێدراوانەى لە ژینگەوە بەریان دەکەوێت. نەک کارەکتەرێکى ئافرێنەر و کارتێکەر بێت. یان بکەرێکى کاریگەر و تواناکار.
فێرکردنى بانکى بۆ زاڵبوون و هەژموونى چینوتوێژێکى ستەمکار و سەردەستە لە پرۆسەى فێرکارى پیادە دەکرێت، ئەمیش لە ڕێگەى ڕەزیلکردن و ڕیسواکردنى قوتابیان. لە میتۆدى بانکى پرۆسێسى فێرکارى بەجۆرێک بەڕێوە دەچێت کە برتییە لە «تێهاخنین و پێدانەوە» یان «تێپەستین و وەرگرتنەوە». واتا مەعریفەى بانکى مەعریفەیەکى نەجوراو و هەرس نەکراوە، بەڵکو قووت دەدرێت و بە ئامانەتەوە دەدرێتەوە.

لە میتۆدى فێرکاریى بانکى مێشکى فێرخواز هاوشێوەى جەواڵێک، دەفرێک، عەمبارێک پڕ دەکرێت و لە ڕێگەى سیستمی تاقیکردنەوەکانەوە هاوشێوەى هێڵنجهاتنەوە و ڕشانەوە دەدرێتەوە. قوتابى نێو سیستمى بانکى قوتابییەکى گرگنە، بودەڵەیە، دەست و پێ سپییە، مات و سەرکزە. ئەو لە شایستەترین کاردا تەنها دەتوانێت مەلوول و ملکەچ گوێ لە مامۆستاکەى بگرێت و نووزەى نەیە، چونکە گرەوى مەزن و سەرکەوتنى باڵا لەم میتۆدە دەکاتە چەندییەتى پێدانەوەى زانستى تێهاخنراو و تێپەستراو وەک خۆى و بەبێ دەستکارى. لە بەرئەنجامدا کۆى ئەم بێنەوربەردە تاقەتپرۆکێن و داسەپاوەش دەبێتە بنەمایەکى نێگەتیڤ بۆ بارهێنانى مرۆڤگەلێک کە هەمیشە هەقیقەت و دۆخەکان بێ پرسیار و ڕاچڵەکین وەردەگرن و قەبووڵى دەکەن.
ئەو کارەکتەرەى لەنێو سیستمى فێرکاریى بانکیدا پەروەردە دەکرێت، تاکێکى کورتبین و کۆڵەوارە، هەمیشە ویستى قەبووڵکردنى دۆخەکانى هەیە، دەترسێ لە ڕووبەڕووبوونەوە و گومانبردن، چونکە لە دەراویى ژیان ئەم جیهانبنییە نێگەتیفەى بۆ دیزاین دەکرێت، کە ئەو وەک بوونەوەرێکى کارتێکراو و گوێ بیست، تەنها دەتوانێت وەربگرێ و بداتەوە.

 

ڕۆڵ و پێگەى مامۆستا لە «سیستمى فێرکاریى بانکى»

لە میتۆدى بانکى مامۆستا وەک کارەکتەرێکی هەمووشتزان و پەتى، خاوەنى دەسەڵاتى ڕەهایی مەعنەویی و پیشەییە. لە باشترین مۆدێلدا دەبێتە گیانەوەرێکى جاڕسکەر و ویزەویزکەرە، پەیوەندى نێوان مامۆستا و قوتابى پەیوەندییەکە هاوشێوەى گەدا و پاشا یان جەللاد و قووربانى، یان پرۆسەى فێربوون لەم میتۆدە لە باشترین واتایدا دەبێتە پرۆسەى «تێئاخنین» و ڕۆڵى مامۆستا دەبێتە «تێئاخێنەر» و قوتابیش دەکاتە «تێئاخنراو».
مامۆستاى سیستمى بانکى (فەرمانبەرى بانک) بەو مەعریفە مەنهەجییەی تێیهاخنراوە، لەسەر ئاستى خەیاڵى خۆى وەک پرۆژەیەکی زانستى دەیبینێت و مامەڵەى پێدەکات، بە زانستى پەتى و ڕەها پێناسەى دەکات. هەر بۆیە لەژێر ناوى «ئامانەتى زانستى» کەوتۆتە ژێر تارمایی وەهمێکەوە کە ئامادەیە هەموو ستەم و دڵڕەقییەک لەپێناو گەیاندنى زانستەکەیدا بکات، کۆى پرۆسەکەش خۆى لە «تێهاویشتن و وەرگرتنەوە» بەرجەستە دەکات، بەبێ تێگەیشتن و پێگەیشتن.

لە خەیاڵدانى مامۆستاى بانکى، فێرخواز بوونەوەرێکى سادەلەوح و کاڵفامە، نەزان و دەستکورتە، تا ئاستێک بە شایستەى بەزەییان دەزانێ و دڵى پێدەسوتێن. هەر بۆیە بەوپەڕى میهرەبانییەوە یەک ڕیتم و یەک نەوا، دەست دەکات بە بۆڵەبۆڵ و درێژدادڕی. مەعریفەیەکى مەنهەجى دەکاتە وەهمێکى زانستى ڕەها و دەرفەتێک بۆ دایالۆگ و بەشدارى ناهێڵێتەوە. ئەمەش سەرەتایەکە بۆ پووکانەوە و خامۆشکردنى تواناکارییە هزریی و دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکانى قوتابى. هاوکات زەوتکردن و سەندنەوەى ئیرادەى بەشدارى و گومانکارییە.
هەموو ئەو مامۆستایانەى میتۆدى بانکى پیادە دەکەن، بێئاگایەنە و ناڕاستەوخۆ بەجۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە دەسەڵات دەکەن و کەرەستەى خاوى بۆ ئامادە دەکەن، چونکە ئەگەر ترسى دەسەڵات وشیارى و زرنگى قوتابیان بێت، ئەوە مامۆستاى بانکى لە دەراویى (سەرەتایی) ژیانەوە ئەم تواناکارییەى ڕیشەکێش کردووە و مرۆڤێکى بێپرسیار و بێبیرکرنەوە و ڕێشمەکراویان بۆ ئامادە کردوون. بێشک ئەمەش هیچ کات بۆ دەسەڵات شایەنى ترس و گومان نیین. ئەمە لە کاتێکدا پرنسیپى پەروەدەى هاوچەرخ بریتییە لە ئامادەکردنى تاکێکى بە پرسیار و گومانکار کە هەمیشە لەهەمبەر پێدراوە مەعریفى و کۆمەڵایەتییەکان ڕوانگەیەکى لۆژیکى و زانستى هەبێت.

 

بنیادى مەعریفە لە میتۆدى فێرکارى بانکى

بەو پێیەى پرۆسێسى بەڕێوەچوونى فێربوونى بانکى پرۆسێسێکى سێ جەمسەرییە، هاوشێوەى هەڕەمێکى سێگۆشەى لە نێوان قوتابى و مامۆستا و مەعریفە بەڕێوە دەچێت، هەر یەک لەم ڕەگەزانە دەکەونە گۆشەیەکى هەڕەمەکە و هیچ جۆرە کارلێک و ئاوێزانی لێ بەرقەرار نابێت، بۆیە کاریگەریی ئەوتۆیان نابێت و ناتوانێت هیچ شتێ بەرهەمبێنن، جگەلە کات کوشتنێکى جاڕسکەر و نابەڵەد. يان بە دەربڕینێکى دیکە، لە مێتۆدى بانکى مەعریفە/ زانین بە جۆرێک وێنا دەکرێت وەک ئەوەى پێدراوێکى حەتمى و جەوهەرگەرایی بێت، ناپەیوەندارە بە ژیان و تواناکانەوە، بەڵکو دەکەوێتە دەرەوەى تواناکارییەکانى مرۆڤەوە، بە لۆژیکى ئەوەى مرۆڤەکان مادام دەستیان نییە لە بونیادنانى ئەم مەعریفەیە هەر بۆیە تواناى دەسکاری و گۆڕانکاریشییان نییە.
لەم سۆنگەیەوە هەموو جۆرە گومان و دەستبردنێک بۆ پێدارەوە مەعریفییەکان، جۆرێکە لە سەرکەشى و بێمانایی، بەمەش مەعریفە جۆرێک لە پیرۆزیى و موقەدەسات وەردەگرێت و ئەو ئەرکە لەدەست دەدات کە لەپێناو تێگەیشتن و پەیبردن بە ژیان هاتۆتە ئاراوە. مەعریفەى بانکى چونکە مەعریفەیەکى تێهاخنراوە و قوتابییەکان هیچ ڕۆڵێکیان لە بنیادنانی دا نییە، بۆیە هەمیشە مەعریفەیەکى بێکردارە و لە ژیانى کردەیى پیادە ناکرێت و نابێتە بەشێک لە پرۆسەى عەقڵى و دەروونى و کۆمەڵایەتى. لە کۆتاییدا ئەم پرۆسێسە نابووتە چەند بەرئەنجامى نێگەتیڤ دێنێتەوە ئاراوە، کە بە ئەگەرێکى زۆر لە کۆى کردار و هزریینەکانى ژیانى داهاتووى تاک ڕەنگدانەوەى دەبێت، لەوانەش:

یەکەم: ئەگەر ئەرکى مەعریفە و زانین بریتیى بێت لە دروستکردنی کاریگەرى لەسەر هەقیقەتى بوون و دۆخە جیاوازەکانى ژیان، ئەوە پەروەردەکراوانى میتۆدى بانکى ئەم پێناسەیە بۆ مەعریفە لە دەست دەدەن و جیهانبنییەکى نێگەتیڤ لەمەڕ مەعریفەوە بنیاد دەنێن، کە ڕێک پێچەوانەى ئەم وەزیفەیەیە. هاوکات جۆرێک لە ترس و گومان لە دەروونیاندا دەڕسکێت و هەمیشە هیواخوازن کە دۆخ و کەشە زانستى و کۆمەڵایەتییەکان بە جێگیرى و چەقبەستوویی بمێننەوە. چونکە ئەوان وا جۆشدراون کە نە تواناى کاریگەرییان هەیە و نە دەشزانن ڕوانگەی نوێ بئافرێنن.

دووەم: پەروەدەکراوى میتۆدی بانکى لەژێر تاو و کاریگەری ئەو ترسەى لە بەرایی ژیانەوە پێی پەروەردەکراون لە داهاتوو دەبنە جەماوەرێکى خۆشباوەڕ و خۆشکار، چەپڵەلێدەر و ئاهەنگگێڕن. خاوەنى خواستى زۆر تەنکن، لە باشترین ئاستدا داواکانییان لە خەو و خواردن و چەند پرۆسەیەکى بایەلۆژى تێپەڕناکات. هاوکات زۆر بە سانایی و کەمترین زەحمەتى دەکەونە ژێر کاریگەرى مەرام و ویستەکانى دەسەڵات. جارێکى دیکەش سەرجەمى ئەم دونیابینییە خزمەت بە دەسەڵات دەکات و بارەکە لە بەرژەوەندى ئەواندا دەچەرخێت.

 

 

سەرچاوەکان:
– پێداگۆگى ستەملێکراوان، پاولۆ فرێرى، وەرگێرانى/ جیهاد محەممەد- سەردەم ٢٠١٥.

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٣ – ساڵی ٢٠١٨ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.