بوخاری وشیار

کورسیەکەی شەقامی خودا


Loading

شەوێکی تریش تێپەڕی

بەدیار بێتاقەتی خۆمەوە ئێشکگرم

خەیاڵ چەشنی جەللادێکی چەقۆ بەدەست

بەدوامەوەیە

تابلۆ: بوخاری وشیار ٤٠*٤٠ – ٢٠١٥

لەمبەری شەقامەکەوە تا ئەمبەر ڕێدەکەم

بە کڵاو و پاڵتۆیێکی درێژەوە چەشنی زیندانیێکی هەڵاتووم

دەمووچاوم لە تاریکاییەکانی ئەم کۆڵانانە دەشارمەوە

بەنێو جوگرافیای ئەم شارە دڵ هەڵنەگرە

شەقام شەقام تێدەپەڕێنم

خەیاڵە شەمەندەفەر ئاساکانم دوورتر دەمبەن و

لە هیچ وێستگەیەک ناوەستن

ئەو گوتی هەموو شتێ بدەرە دەست کات

کات هات و ڕۆیشت

توێژاڵێکیشی لە برینەکان لەگەڵ خۆیدا نەبرد

یادگە لاشەم وەک گەردەلوول لەخۆی دەپێچێتەوە

لەوە دەچێت وەک یەعقووب

لە دەشتێکی سەنعانەوە

بۆنی یوسفێکم بۆ هاتبێت

لە سەرابێکی نێو بیابان دەچێت

جار جار پیاوە مەستەکان

بەدەم لاربوونەوەی جەستەیان و شکانی شووشەکانیان

دەنگ بەسەر خودا و دار و بەردی شەقامەکەدا هەڵدەبڕن

ئەمە کۆتایی ئەو ساتانەیە

تەمەن دەبێتە چیڕۆکێک و

لەسەر کورسی شەقامێک

کۆتا هەناسەکانی گێڕانەوەی دەدات

چەکێک دەبینم بەدەست سەربازێکەوە

مرۆڤێک دەچێت بۆ جەنگ و

هەزاران دوودڵی لە جێگا خەوەکەی جێدێڵێت

من و تۆ و پیاوە مەستەکان

من و تۆ و سەربازە ونەکان

من و تۆ و ژنە گریاوەکان

من و کورسیێک

کورسیەکەی شەقامی خودا

سڵاو

من شەوم و ناوم تاریکیە

خیانەت و نیشتیمان تێکەڵ دەکەم و

لەسەر کورسی شەقامێک دەیان خەوێنم

من تفەنگم و ناوم بێدەنگیە

لەنێو دڵی سەربازەکانتان خەبات دەپێکم و

دەمو زارە پڕ لە دروشمەکانتان بێدەنگ دەکەم

من هێشتا لەناو خۆڵەمێشە تەڕەکەی ئەم جەنگەم

ئەمە ئەو کۆتاییەیە کە وەک سەربازە ونەکانی جەنگ

دەکەومە ژێر ئەم خۆڵبارینە

ئەوەی دەیدۆزنەوە لاشەیێکی ساردە بەقەد ئاو

جەستەیەکی کوون کوون کراوە وەک ئابڕووی ئازادی

نە ناونیشانێکمان هەیە و

نە وەک پڵنگەکانی ناو مانشێتی ڕۆژنامەکان و

پاڵەوانانی پشت کامێراکان ناوێک …

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.