به‌چه‌ند ئاسایشه‌ك له‌ مامۆستایه‌كی به‌ته‌مه‌ن ده‌ده‌ن هه‌ولێر خۆپیشاندانی 25.03.2018

یەکێتی و پارتی وەک لاساییکەرەوەی تۆتالیتار


Loading

تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکی سیاسی مۆدێرنی توندڕەوە، لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەی ئاپۆرەوە، بەڕێی تیرۆر و تۆقاندنی بەردەوامەوە دەیەوێ زاڵبوونی تەواو بەسەر سەرجەم کۆمەڵگەدا بەدەستبهێنێ. تۆتالیتاریانیزم جیهان بەگوێرەی دوالیزمی دۆست و دوژمن، ڕەش و سپی، … هتد دابەش دەکات. تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکە دژەفرەیی )پلوڕالیزمە( لەسەر بنەمای دوژمنی ناوەکی و دەرەکی خۆی دیاردەهێنێت. بۆیە ئیدێی دوژمن ڕۆڵێکی کڕۆکی لەنێو ئیدیۆلۆژیی تۆتالیتاریانیزمدا دەگێڕێت. تۆتالیتاریانیزم خاوەن خەسڵەت، ئەدگار و تایبەتمەندی خۆیەتی کە جیای دەکاتەوە لە ستەمکاری، دیکتاتۆری، و دەسەڵاتگەرێتی. نموونەی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان وەک نازیزم، فاشیزم، ستالینیزم، بەعسیزم، ئیسلامیزم… هتدن.

فریدریک و برزێنسکی (Friedrich and Brzezinski) باس لە پێنج ئەدگاری تۆتالیتاریانیزم دەکەن، کە بریتین لە ١. پرنسیپی سەرۆک ٢. تیرۆری پۆلیس (ی نهێنی) ٣. قۆرخکردنی چەک و سوپا ٤. قۆرخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان ٥. قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری. لەم وتارەدا دەمەوێ لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ئەم پێنج ئەدگارەی تۆتالیتاریانیزمەوە ئارگومێنتی ئەوە بکەم کە یەکێتی و پارتی دوو حیزبن پڕن لە خەونی تۆتالیتار و لاسایی شێوازەکانی تۆتالیتاریانیزم دەکەنەوە. هەرچەندە ئەوان خۆیان نە لە ڕووی تیۆریی و نە لە ڕووی پراکتیکییەوە ناتوانن بەتەواوی تۆتالیتاربن. بۆیە ئەوان کۆپی مۆدێلی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان دەکەن، بەتایبەتی بەعسیزم بۆ ئەوان مۆدێلی ئیدیال و شانموونەیە بۆ لاساییکردنەوە.

 

 

خۆپیشاندانی سلێمانی –

یەکەم، پرنسیپی سەرۆک:  فریدریک و برزێنسکی ڕوونی دەکەنەوە کە پرنسیپی سەرۆک یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان، کە سەرۆک لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەمووان لە خزمەتی سەرۆکدابن. ئەم پرنسیپە بە ڕوون و ئاشکرایی لەنێو ئیدیۆلۆژیی یەکێتی و پارتیدا خۆی مانیفێست دەکات، بۆ نموونە لە یەکێتیدا جەلال تاڵەبانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە، یەکێتییەکان مانەوەی نەک تەنیا یەکێتی وەک حیزب بەڵکو هەموو کورد بە مانەوەی جەلال تاڵەبانییەوە دەبینن، بۆیە دوای نەخۆشکەوتنی کە هیچ توانستێکی بەڕێوەبردنی حیزبەکەی نەما، تەنانەت ئێستا دوای مردنیشی هەروەک سکرتێری گشتی ماوەتەوە و کەس ناوێرێ باس لە جێگرەوەیەک بۆ تاڵەبانی بکات. بە هەمان شێوە لەنێو پارتیدا مەسعوود بارزانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەر ئەو سەرۆک بێت نەک تەنیا هی پارتییەکان و هی حیزبەکەی، بەڵکو هی هەموو کورد و کوردستان. هەروەک دەزانین دوای ئەوەی بارزانی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچوو بەڵام ئامادە نەبوو کورسییەکەی چۆڵ بکات. بۆیە لەلای یەکێتی و پارتی تا مردن و تەنانەت دوای مردنیش هەر دەبێ تاڵەبانی و بارزانی سەرۆک و سکرتێری گشتی بن.

 

دووەم، تیرۆری پۆلیسی نهێنی (police terror): هەرچەندە ناوەکەی ڕەنگە بەگوێرەی حیزبەکان و وڵاتەکان بگۆڕێت وەک ئۆڤرا (OVRA) لە ئیتاڵیای فاشی، ئێس ئێس (SS) لە ئەڵمانیای نازی و (MVD) و (KGB) لە یەکێتی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی. ئەم دەزگایانە ئامرازن بەدەست ڕژێم و حیزبی تۆتالیتارەوە بۆ ترساندن، تۆقاندن، تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکانیان. لەبەرئەوەی ڕژێم و حیزبی تۆتالیتار دژی فرەیییە، بۆیە هەبوونی دەزگا و دامەزراوەی هەواڵگری و پۆلیسی نهێنی شتێکی کڕۆکییە بۆ کوشتن و تیرۆرکردنی نەیارەکانیان. یەکێتی و پارتی هەردووکیان خاوەن دامەزراوە و دەزگای هەواڵگرین: دەزگای زانیاریی یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی کە ئیشیان ترساندن، تۆقاندن، تیرۆرکردنی ئەو کەسانەیە کە نەیاری بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانین، وەک لە کەیسی کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی وەک سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، ویداد حسێن و کاوە گەرمیانی و هتد بینیمان.

 

سێیەم، قۆرخکردنی چەک و سوپا: پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان قۆرخکردنی چەک و سوپا لەگەڵ ئەدگاری تیرۆری پۆلیسی نهێنیدا هەیە، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی چەک و سوپا دەبێتە سەرچاوەی هێز و ئاسانکارییە بۆ تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکان. بۆیە لە ڕژێمە تۆتالیتارییەکاندا سوپا و هێزی چەکدار ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە. یەکێتی و پارتی هەردووکیان چەکیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و خاوەنی هێزی چەکدارن، لە هەرێمی کوردستان سوپایەکی نیشتیمانیمان نییە، بەڵکو هێزی چەکداری حیزبیمان هەیە کە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە قۆرخکراون و بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی خۆیان و وەک ‌هەڕەشەیەک بۆ نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنن. ئەم دوو حیزبە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک دوو نەیار و دوژمن شەڕی ناوخۆیان کردوو و هێزی چەکداریان لە دژی یەکدی بەکارهێناوە، بەڵام هیچیان نەیان توانی ئەوی دی بەتەواوی لەناوبەرێ، هەرچەندە بەهەزاران مرۆڤی کوردیان کوشت و لەناوبرد.

 

چوارەم، قورخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان:  کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە زانیاری و ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی حیزب و بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان. حیزب و بزووتنەوەی تۆتالیتاری لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیە دژی نەیارەکانی و هەروەها بڵاوکردنەوەی ئیدیۆلۆژییەکانی خۆیەتی، لەپاڵ ئەمەشدا شێواندنی ڕاستییەکان و تەمومژاویکردنیان. یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار میدیا و ڕاگەیاندنەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و سەرچاوەی زانیاریان کۆنتڕۆڵکردووە. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەن دژی نەیارەکانیان و ڕێگرن لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕین و ڕێگە نادەن ڕۆژنامەنووسان دەستیان بە سەرچاوەکانی زانیاری بگات. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیانەوە ڕاستییەکان دەشێوێنن و زانیارییەکان تەمومژاوی دەکەن.

 

 

پێنجەم، قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری:  کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەی ئابووری و داهاتی وڵات یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی تۆتالیتاریانیزم. کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بزووتنەوە تۆتالیتارییەکاندا. دەستبەسەرداگرتنی ئابووری لەلایەن حیزبی تۆتالیتارەوە مەبەستمەندە واتا مەبەستی لە پشتە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوونی تەواوە بەسەر کۆمەڵگەدا. کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری دەبێتە هۆی هێنانەگۆڕێی بیرۆکراسییەکی هیرارکی (hierarchic bureaucracy). یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار دەستیان گرتووە بەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان و کۆنتڕۆڵیان کردووە، داهاتی نەوت، سامانە سروشتییەکان و سەرجەم داهاتەکانی کوردستانیان کۆنتڕۆڵکردووە و لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن. دەیانەوێ لەم رێگەیەوە بەتەواوی کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

لە کۆتاییدا، بۆمان دەردەکەوێ کە هەر پێنج ئەدگارەکەی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان کە فریدریک و برێزنسکی باسیان کردووە لە یەکێتی و پارتیدا بوونیان هەیە. بۆیە بەم ئەنجامە دەگەین کە یەکێتی و پارتی دوو حیزبی تۆتالیتارن.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین