یاداشتەکانی قەلەندەر


Loading

تادەهات هەنگاوەکانم خێراتردەبوون, لەمسەرەوە بۆ ئەوسەر دەهاتم و دەچووم. مستەکانم دەگوشین. پانتایی ژوورەکە لە پێش چاومدا بچووک و بچووکتر دەبووەوە. نەخێر هەرگیز من نەگەیشتمە ئەو وێنەیەی, کە بە دوایدا وێڵ بووم. ژنێکی نیمچە ڕووت لەسەر سیسەمەکە کەوتبووە خەوێکی قووڵەوە، لە دەستە ڕاستی سیسەمەکە سوخمەیەکی سوور کەوتبووە سەر زەویەکە. بنکراسێکی سوور لەو لاترەوە کەوتبوو. گوێم بۆ هەناسە قووڵەکانی ژنەکە ڕادێرابوو، لە ناکاوێک دەنگێکی خنکاو بە ئاگای هێنام: بڕۆدەرەوە! تکایە بڕۆدەوە. دەنگەکە هی خۆم بوو، بە هەمان کچی سەر سیسەمەکەم دەگووت. کچەکەش بە سەرسامی لێم ڕامابوو ویستی بڵێ: بۆچی؟! چی بووە؟! بەڵام لەجێی ئەوە بەبێ دەنگی لە چاوەکانم ڕاما، منیش بەبێئەوەی یەک قسەی دیکە لە دەمم بێتە دەرەوە سەرم لەبەر خۆم نا و ڕوانیمە سەرنینۆکی پەنجەی پێیەکانی. گوێم لە هەنسکێک بوو، تێکەڵ بە شریخەی هەورێک. ئەوە چەندەمین جارم بوو گوێم لەهەمان هەنسک و هەمان شریخە دەبوو؟! ڕاچەکیم! ئەوە چەندەمین جارم بوو ڕابچڵەکم؟!

ئەمجارە هیچ ژنێکی نیمچە ڕووتم بەدی نەکرد. زانیم ئەو دیمەنەش وەک باقی دیمەنەکانی دیکەی ژیانم لە خەیاڵێکی خۆم زیاتر نەبووە. ئەوە چەندەمین جارم بوو ئەوە تاقی بکەمەوە؟

ئەوە چلەمین ژنە تاقی بکەمەوە لە ژیانم، کە لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووم.

(یاداشتی چەند خولەکێک دوای بوونە چل ساڵیم)

یاداشتێکی منداڵیم دەنوسمەوە

ئێستا کە تاڵی ڕەش لە سەروڕیشم نەماوە دەبێ یاداشتی ڕۆژێکی منداڵیم بنوسمەوە؛ ئەوکات تازە ماڵمان لە بێرکۆتەوە هاتبووە هەولێر، ماڵمان لە گەڕەکی (سەیداوا) بوو لە خانوێکی قوڕدابووین. بەیانیەک دایکم لە خەوی هەڵساندم، دوای ئەوەی نان وچایەکم خوارد، جانتایەکەم لە شانم کرد، بەڵام جانتای چی هەر گوونیەیەکی جامفازبوو دایکم بۆی دووریبووم لە شێوەی کیسێک، پێداویستی قوتابخانەم تێدەکرد. ئەوکات زۆربەی خەڵک وابوو، بۆیە هیچ نەنگیەکی تێدا نەبوو. ئەوە ناڵێم هەندێک لە قوتابیەکان هەم جلێکی نوێتر و گرانتریان لەبەربوو هەم خۆیان لە ئێمە پێ گەورەتر بوو، ئیمەش وامان دەزانی بەڕاستی ئەوان لە ئێمە گەورەترن.

من ئەوکات پۆلی دووی سەرەتایی بووم. جگە لە قەمسەڵە کۆنەکەم نایلۆنێکیشم لە خۆم پێچا، چونکە بارانێکی بە خوڕ دەباری، ئەوە کاری هەموو ڕۆژێکم بوو، لەگەڵ ئیسماعیلی دراوسێمان تا دەگەیشتینە قوتابخانە سەرتاپامان لە قوڕێ وەردەدرا. ئیسماعیل ساڵێک لە خۆم گەورەتر بوو، بەڵام لە هەمان پۆلی من بوو. بە کۆڵانە تەسکەکانی سەیداوادا دەرۆیشتین، بە پێی توانا خۆمان لە گۆلە ئاوەکان دەپاراست، بەڵام لەهەندێک شوێندا ناچاردەبووین تا قاچمان هەڵکەین و لە گۆلە ئاوەکان بدەین. ئیمە ڕاهاتبووین بەم دۆخە، ئەو ڕۆژە بارانەکە زۆر بە هێزبوو. کاتێک لە گەڕەکەکەی خۆمان پەڕینەوە ئەوبەر، زیاتر نەمانتوانی ڕێبکەین، خۆمان دایە پەنای دیواری قەبرستانە گەورەکە. نوایەک لە سەرەتای دیوای قەبرستانەکە هەبوو، چووینە ژێری تا تۆزێک بارانەکە خۆشدەکاتەوە. دیاربوو، ئیسماعیل خۆی پێ ڕانەگیرا تاوه‌كو دەگەینە قوتابخانە، بەڵکو هەر لەوێ دەفتەرێکی لە جانتاکەی دەرهێنا، وێنەیەکی پیشاندام. وێنەیەکی کیشراوبوو، دیاربوو خۆی لە ماڵەوە کێشابووی. هەرچەندە زۆر شارەزایانە نەکیشرابوو، بەڵکو هەر دوو سەری خڕ لە تەنیشت یەکەوە کێشرابوون یەکیان وەک جیاکردنەوە کۆمەڵێک تاڵی قژی درێژی پێوە لکێندرابوو، ئەوەکەی دیکە لەخوارەوەی لووتی سمێڵێکی کۆمیدی بۆ دروستکرابوو، هەدووکیان لوولەکێکی بچووک لە جێگەی ملیان، لە دوای ملی پیاوەکە چوارگۆشەیەکی ڕێک کیشرابوو، کە لە کۆتاییەکەی دوو قاچی لێ جیاببووەوە زۆر بەڕاستی کێشرابوون، دەتگووت بە ڕاستە هێڵ کێشراون. ڕێزێک قۆپچە لە سەرەوەی چوارگۆشەکە تا سەرەتای نێوانی قاچەکانی پیاوەکە درێژببووەوە. ژنەکەش لە لای ملیەوە بەرەبەرە فراوان دەبوو تا دەگەیشتە نزیکی پێیەکانی لەویدا دوو پێی بچووک هاتبوونە دەرێ، پێموابێ مەبەستی بوو ژنێک بکێشێ لە عەزیەیەکی بوکێنیدا، یان لە جلێکی کوردیدا.

ئەوکات وێنەکە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بە جۆرێک هەموو هیوایەتم بووە ئەوەی ئەو وێنەیە ببێ بە هی من. ئیسماعیل پەنجەی لەسەر وێنەی پیاوەکەدا دانا گووتی: تەماشا بکە ئەوە ئەمنم. پەنجەی گواستەوە بۆ سەر کەسەکەی تەنیشتی و بەردەوام بوو: ئەوەشیان ژنەکەمە، ئەوە ئاهەنگی بووک گواستنەوەی خۆمە، خۆشم نیگارەکەم کێشاوە. پەڕەکەی بۆ ڕاگرتم: ئەرێ عەبدوڵا جوانە؟ منیش تەواوی سەرسامی خۆمم بۆی دەربڕی. کاتێک ئەو دەیگووت ئەوە منم، من لە خەیاڵی خۆمدا وام دانا نەخێر ئەو پیاوە منم و ئەو ژنەش ژنی منە. ئەوەندە چووبوومە نێو خەیاڵەوە ویستم بانگ بکەم: عافرەت پەرداخەک ئاوم لۆ بێنە (هەر وەکو بابم) لەو دەمەدا خۆم لێ ببووە باوکم بە ئاگاهاتم ئیسماعیل قۆڵی ڕادەتەکاندم:

-کورە عەوڵا؟! ئەوە چیت لێ هاتیە؟! کێوە چووی، هاهاها…

لە قاقای ئیسماعیلی بە ئاگا هاتم. بە بێ ئاگایی لەدەمم دەرچوو: ها؟ هیچ هیچ…

گووتی: وابزانم ئەگەر لەوە زیاتر چاوەڕێی بارانەکە بکەین بە درەنگ دەکەوین و مامۆستا حەمەدەمینیش چینێکی باشمان تێ هەڵ دەدا.

بۆ کورتکردنەوەی ڕێگاکە بە ناو قەبرستانەکەدا ڕۆیشتین، باران ئێمەی خووساندبوو. لەگەڵ پەلە پەلیشماندا خۆمان لە قەبرەکان دەپاراست نەکا پێ بە مردووەکاندا بنێین و خوا چاومان کوێربکات وەک دایبابمان ئاوایان پێگوتبووین. لە قەبرستانەکە پەرینەوە، قوتابخانەکەمان بەدەرکەوت، لە پشتیشیەوە خانوە کۆنەکانی گەڕەکی عارەبان(تەعجیل). لەوحەی قوتابخانەکەمان بە دەرکەوت نووسرابوو(مدرسە اربیل الاولی) خۆمان بە ژوورێ داکرد.

بە پلیکانەکاندا سەرکەوتین یەکسەر خۆمان گەیاندە عەلادینەکە و دەستەکانمان بەرەو ڕووی ڕاگرت تا تۆزێک گەرم بێتەوە. لووتەکانمان سوور سوور ببوونەوە. هەڵم لە دەممانەوە دەهاتە دەرەوە. ئەو ڕۆژە چەندی ددانم بە خۆمدا گرت، بەڵام نەمدەتوانی خەیاڵی بردنی ئەو وێنەیە لە سەرمدا دەربکێشم. لە دەرفەتێکدا پەڕەکەم لە جانتاکەی ئیسماعیلی دەرهێنا و پەڕەکەم لێی دزی. تا ئیستاش ئەو پەڕەیەم لە کن خۆم هەڵگرتوە. ئیسماعیل بە ونبوونی پەڕەکەی زۆر دڵگران بوو، بەڵام لە نوێوە تێهەڵچووەوە و وێنەیەکی دیکەی کێشا ئەمجار جوانتریش دەرچوو لەوەی پێشتر، بەڵام من بە هیچ شێوەیەک مەیلم بۆ ئەوە نەچوو بە لای دزنی ئەوەدا بچم، نازانم چ هەستێک ئاوا بە قووڵی بە وێنەی یەکەمەوە دەیبەستمەوە. چەندی سەرنجم دەدا وامدەزانی ئەوە وێنەی من و ژنەکەمە، منێکی منداڵ بەخە یاڵی گەورەبوونەوە لە وێنەکە ڕادەمام و چیرۆکم بۆ گەورەبوونی خۆم دروست دەکرد.

ئێستا کە ئەو یاداشتە دەنووسم، دەبێ نوسخەیەک لە یاداشتەکە لەبەر بگرمەوە و بۆ ئیسماعیلی هاوڕێی منداڵیمی بنێرم، ئیستا بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیەیە، کە کردویەتیە ماڵێکی کولتوری.  ئیسماعیلی هاوڕێم هەرگیز شکی لە من نەکردوە ڕۆژێک من وێنەیەکم لێی دزیوە، ئەسڵەن لە براکانی زیاتر متمانەی بە من بوو. منیش لە هەموو تەمەنم ئەوە یەکەم دزیم و دواهەمین دزیم بوو، کردبێتم. ئەو یاداشتەی بۆ دەنێرمەوە هاوپێچ لەگەڵ ئەو وێنەیەی، کە لێیم دزیبوو. دڵنیام ئەوە دەبێتە خۆشەویستترین دیاری لەژیانی بۆی چووبێ، چونکە بۆ ساتێک دەیگەڕتنێتەوە منداڵی.

یاداشتی شەوێکی مۆسکۆ

لەوەتەی هاتوومە ئیرە دوو ئیشم هەبووە, یەکەم خوێندن دووەم چاوگێڕان بە دوای وێنەی ویستراوم. لە کوردستان زۆر چاوم بۆی گێڕا نەمدۆزیەوە. دەشێ ئەو وێنەیەش تەنێ خەیاڵێک زیاتر نەبێ، بۆیە یەکەم هەنگاو بۆ لە بیرکردنی دەستپێدەکەم. بەڵێ دەبێ ئەو هەنگاوە بنێم، تۆ نازانی چەندە بە دوایدا گەڕاوم، بۆیە کاتێک باسی لە بیرکردن دەکەم بۆ ئەوە دەچێ کەسێکی بێ وەفا بم، نەخێر بەڵکو من هۆکارم هەیە بۆ ئەو کارەم، کە دەمەوێ بیکەم. خۆشەویستم ئەمشەو بۆم دەرکەوت، کە دڵمت بە شێوەیەک پەلبەست کردوە، ناتوانێ بۆ هیچ کوێیەک بچێت. ئەزیزم ئیرە کچی زۆر جوانی لێیە بە جۆرێک لەوانەیە پیاوی وا هەبێ ئامادە بێت ژیانی خۆی بدۆڕێنێت لە پێناو بەدەست هێنانی یەکێک لەوانە. (ڤێرا) ش یەکیک بوو لەوان، نازانم بە کوردی چۆن گۆ دەکرێ دەشێ بڵێم ڤیروچکا یان ڤیرونیکا, بەڵام من بۆ ئاسانی هەر بە ڤێڕا بانگم دەکرد. بە سپێلی ئینگلیزی ئاوا گۆ دەکرێ و بە ڕووسی سەرەتا بۆ من ئەو گۆکردنە سەخت بوو بۆیە ئاوا ناوەکەم ئاسان کردەوە، سپێڵەکەی بەمشێوەیە بوو بە ڕووسی(Верочка) وابزانم ناوەکەی لە لاتینیەوە وەرگیرابوو بە مانای باوەڕ دەهات. بەڵام ئەو خۆی چ ئیمان بەرێک بوو! جوانیەکی هەبوو پیاوی لە دین دەردەکرد. تۆ دەتوانی وێنای شێوەی ئەو بکەیت. کچێکی باڵابەرز نزیکەی ١٨٥سم واتە ڕێک دە سانتیم لە منیش بەرزتربوو! قژێکی زەردی خاو تا نزیک سمتەکانی بە سەر پێستێکی سپی ڕووندا دەهاتە خوارەوە لە ناوەڕاستی لای چەپی ڕوومەتە گۆشتنەکەی خاڵێکی سوری کاڵ هەبوو، لە شێوەی بازنەیەک، کە ناوەڕاستەکەی تۆخە و هالەیەکی کاڵ دەوری داوە. دووچاوی گەورە خودان ڕەنگێکی سەوزی کاڵ، لەگەڵ سیحرێکی ڕاکێشەر لە نیگاکانیدا بە دوو برژانگی کورتی مووزەرد. لە خوارەوەی چاویدا رێک لە ئاستی نێوان هەردوو برۆکانی لووتێکی قنج. دەمێکی خڕی گۆشتن خودان خەندەیەکی وروژێنەر! سەرەتا من هیچ باکێکم بە هیچ کەسێک نەبوو، بەڵکو سەیرکردنەکانیشم تەنێ بۆ دۆزینەوەی وێنەی ئایدیاڵی خۆم بوو، بەڵام دواتر هەستمکرد ئەو کچە زۆر بە بە وردی سەرنجم دەدا، هەوڵی دەدا خۆیم لێ نزیک بکاتەوە. هەردووکمان لە هەمان بەش دەمان خوێند، بەشی وەرگێڕان. بەو هۆیەوە زۆرترین هۆکاری دەست دەکەوت بۆ ئەوەی لە من نزیکبێتەوە. نایەوێ باسی ئەو هەمووە فێڵە ژنانەیەی بکەم تا توانی پێوەندیەکی هاکەزایی لەگەڵ من دابنێت، دواتر خۆشم نازانم چۆن پەلکێشی نێو پێوەندیەکی ئەڤیندارانەی کردم. لەوانەیە ئەو بەڕاستی منی خۆشویستبێت، بەڵام من ئیستا دەزانم تەنێ بۆیە ئەوەم پەسند کرد تا هەندێک لەو خەیاڵاتانە بێمە دەرەوە، تێمبگە ئازیزم تا ئەوکاتە تۆ خەیاڵی نیگارکێشێک زیاتر نەبووی! ئەوە هەر من بووم نەمدەویست باوەڕ بە خۆم بێنم و بەردەوام بووم لە بە دواداگەڕانت.

کاتێک پێوەندیم لەگەڵ ڤێرا دانا بۆ ئەوە بوو بەر واقیع بکەوم، بە خۆم دەگووت؛ بەڵکو واقیع تەلیسمی ئەو خەیاڵە تێکشکێنێت، بەڵام نەک تێکی نەشکاند بەڵکو منی تێکشکاند و ئەو تەلیسمەشی گەورەتر کرد، بۆیە باوەڕم بە خۆم هێنا ئەوە چارەنووسی منە و دەبێ بەردەوام بم لە گەڕانم بە دوای تۆدا. شەوێک بانگێشتم کرد بۆ ژوورەکەم، ئێمە کۆمەڵێک خوێندکاربووین ماڵێکمان بە کرێ گرتبوو، کۆمەڵێ خوێندکاری کۆمەڵێ شوێنی جیاواز. دوای ئەوەی ماوەیەک بە یەکەوە دانیشتین، ئەو بە چاوەکانی دەیویست شتێکم پێ بڵێ، منیش بە دوای ویستی ئەو کەوتم تا ئەگەر بۆ چرکەیەکیش بووبێ بەر واقیع کەوم. ئەوەی ڕاستی بێ من خۆشمنەدەویست، بەڵکو بە ئومێدی ئەوەی ڕۆژێک شتێکی تێدا بدۆزمەوە وام لێ بکات خۆشم بوێ درێژەم بە پێوەندیەکەمان دا، هەر لەبەر ئەوەش خۆم ڕادەستی حەزەکانی کرد، بەڵام شتێکی زۆر سەیر ڕوویدا، ئەو شتەی منی تووشی سەرسامی کرد. ویستم لێوم لە لێوی نزیک بکەمەوە، بەڵام وەک پەیکەرێک لە جێی خۆم وەستام، خۆشەویستم لەو کاتەدا تۆم دەهاتە پێش چاوی بە تووڕەییەکەوە لێمت دەڕوانی. لەوکاتەدا بە هیچ شێوەیەک مرۆڤێکی ئاسایی نەبووم، بەڵکو پەیکەرێک بووم. نەمتوانی هیچ جووڵەیەک بکەم. ئەو کاردانەوە ساردەی من ڤێرای توڕە کرد، چەندی پرسی: چی بووە؟! بۆ وات لێ هات؟! ویستم وەڵامی بدەمەوە، بەڵام نوتقم گیرابوو، نەخێر نەمدەتوانی قۆناغی پەیکەربوون تێپەڕێنم. ئەو بەرەبەرە دەنگی بەسەردمدا بەرز دەکردەوە و منیش نەک هیچ کاردانەوەیەکم نەبوو، بەڵکو وەک پەیکەرێک هیچ جووڵەیەکیشم نەبوو!

یادگاری خوێندکارە لوبنانیەکەم

فاتن واتە جوانیەکی جادوویی سەرنجڕاکێش، جوانیەکی لە خشتەبەر، بەڕاستیش فاتن کچێک بوو جوانیەکەی پڕ بە پێستی ناوەکەی بوو. ئەوە جگە لەو شارەزاییەی لە شیعری مۆدێرنی عەڕەبیدا هەیبوو. دەتوانم بڵێم دیوانی زۆرێک لە شاعیرانی هەر لەبەربوو، جگە لەوەی خۆی شاعیرێکی باش بوو.

لەو ماوەیەی من مامۆستایان بووم، دیاربوو یەکێک لە شیعرەکانی منی بە وەرگێڕدراوی عەرەبی خوێندبووەوە و ئەو شیعرەم سەرنجی ڕاکێشابوو, ئەوەش بیانوێکی باش بوو، کە بە هۆیەوە خۆی لە مامۆستا دوورەپەرێزەکەی نزیکبخاتەوە. ئەوەی سەیر بوو، ئەوە بوو من خۆم ئاگام لە وەرگێڕانی شیعرەکەم نەبوو، تا ڕۆژێک لە زمانی ئەوەوە گوێم لێ بوو، وەک هەمیشە وانەکەم گوتەوە و ڕیکۆتە ڕەشەکەمم بە سەردەستم دادا و لە پۆلەکە چوومە دەرەوە.

بە هەمووی چەند هەنگاوێک دوورنەکەوتبوومەوە, گوێم لە دەنگە ناسکەکەی بوو بانگی دەکردم: مامۆستا عبداللە؟ ئاوڕم دایەوە کچێکی باڵابەرزی ڕەشپۆش، تەنوورەیەکی ڕەش و كراسێكی فشی ڕەشی لەبەردابوو، لەچکێکی ڕەشی لە سەردابوو، تۆزێک قژی هاتبووە دەرەوە بە سەر پێستە ئەسمەرە گەرمەکەیدا هاتبووە خوارەوە بەشێک لە چاوە گەورە و قەترانیەکەی داپۆشی بوو. چاوێک، کە باوەڕم وایە ڕوانین بۆی لە توانای هیچ پیاوێکدا نییە، ئەوەی بتوانێ لە چەند چرکەیەک زیاتر لێی بڕوانێت، دڵنیام دوای ئەوە بۆ هەمیشە ژیانی بە شێتی بەسەر دەبات. کاتێک تۆ ئەو دێرانە دەخوێنیتەوە وا هەست دەکەی من بەو نیگایە بۆ هەمیشە ژیانی خۆم دۆڕاند و بوومە دیلی نیگاکانی، بەڵام نەخێر بۆ من نیگایەکی ئاسایی بوو، چونکە من هێشتاش ئەو وێنەیەم نەدۆزیبووەوە، کە بە دوایدا دەگەڕام. داوای کرد قاوەیەکی لەگەڵدا بخۆمەوە، منیش حەزم نەکرد داوەتەکەی پەسەند بکەم، بەڵام کاتێک گوتی: دەمەوێ لەبارەی شیعرێکی دەروێشەوە گفتوگۆتان لەگەڵدا بکەم، حەزێک پاڵی پێوەنام داوەتەکەی پەسند بکەم. دەستی کرد بە خوێندنەوەی ئەو شیعرەی باسی کردبوو، بەڵام شیعرەکە نەک هی دەروێش نەبوو، بەڵکو شیعری من بوو! بەڵێ هەمان مانا و وێنە بوون بە عەڕەبی دەربڕدرابوون. من بو تاساوی لێی ڕامابووم، ئەو شیعرەکەی تەواوکرد و سەری هەڵبڕی، ئاگام لەوەنەبوو کوپە قاوەکە لە ژێر دەستم قڵپ ببووتەوە، ئەو سەیری چاوەکانمی کرد، من سەیری چاوەکانیم کرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەک سەیری ئەوم نەدەکرد، بەڵکو کەوتبوومە خەیاڵێکی قووڵەوە. مەگەر دەکرێ ئەو شیعرە هی دەروێش بێت؟! مەگەر دەکرێت ئێمە هەردووکمان بەبێ ویستی خۆمان هەمان شیعرمان نووسیبێ؟! مەگەر دەکرێ لێکچوونی دەقیش بەو ڕادەیە بێت؟!

سەیری کوپە قاوە ڕژاوەکەی کرد,، خۆی نەشلەژاند، گووتی: چی بووە مامۆستا؟… خەندەیەکی کرد.

ئەوەی ڕاستی بێت من چەندجارێک تووشی ئەوە هاتبووم، دێرێک یان وێنەیەک لە شیعرەکانمدا بە دێرێکی نوسەرێکی دیکە بچێت یان هی نوسەرێکی دیکەم خوێندبووەوە بە هی کەسێکی دیکە دەچوو، بەڵام هەرگیز لێکچوونی بەو ڕادەیەم نەبینیبوو! بە ترسێکەوە پرسیم: تۆ دڵنیای ئەو شیعرە هی دەروێشە؟ بە خەندەیەکەوە وەڵامی دامەوە: بۆ ؟ کێشەیەکی هەیە؟ منیش ویستم بڵێم بەڵێ کێشەکەی ئەوەیە، ڕێک بە شیعرێکی من دەچێ، بەڵام ئەوەم نەگوت لەبەر ئەوەی ئەو کاتە دەروێش زۆر ناسراوبوو بەتایبەتیش لە ناو عەره‌ەبدا، من بەو جۆرە نەناسرابووم، بۆیە ترسام تیرەکە بۆ خۆم بگەڕێتەوە و من بە دزینی شیعرەکە تۆمەتبار بکرێم، لە جێی ئەوە پرسیم: ئەو شیعرەی لە کوێ بڵاوکردوەتەوە؟ پێکەنی گووتی: ئەدی ئەگەر ئەو شیعرە هی شاعیرێکی کن خۆتان بێ، چی ؟

کاتێک گوێم لەو قسەیەبوو گەشامەوە، لەو کاتەدا سەرنجم کەوتە سەر چاوەکانی، سپیاییەکی زۆر چوار دەوری بازنەیەکی ڕەشی گەورەی دابوو، جوانیەکی لە ڕادەبەدەر! وەڵامم دایەوە: ئەگەر ئەو شاعیرە من بم چی؟ خەندەیەکی کرد، چاوەکانم کەوتنە سەر لێوە گۆشتنەکانی، ددانە سپیە ووردەکەی لەو دیووی لێوەکانیەوە بە دەرکەوتن، بۆ چرکەیەک وامزانی هەمان ئەو کچەیە، کە من بە دوایدا وێڵم، هەمان لێو هەمان خەندەی پیاوکوژ هەمان ددانی ورد و سپی! بەبێ ویستی خۆم گووتم: دولبەری دڵبەری من! ئەو بە عەڕەبی پرسی: چی دەڵێی؟ ئەو پرسیارە بە ئاگای هێنام، نەخێر ئەو دولبەرەکەی من نەبوو. سەیرم پێ هات! ئەو شیعرەی من چۆن کرابوو بە عەرەبی و چۆن گەیشتبووە دەستی ئەو کچە؟! لێمی پرسی: تۆ پەشێوی؟ وەڵامیم دایەوە: بەڵێ.

دیاربوو یەکێک لە هاوڕێکانی کوردبوو، باوکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەرمان کاری دەکرد بەو هۆیەوە گواستبوویەوە بۆ ئەوێ، بە هۆی ئەوەی لە قوتابخانە لەگەڵ ئەو کچە کوردە خوێندبووی، کە ناوی شیرین دەبێ هاوڕێیەتیان زۆر خۆشدەبێت، شیرینیش یەکێک دەبێ لە خوێنەرە سەرسەختەکانی شیعرەکانم، کاتێک شیعرێکم بڵاوکردوەتەوە ئەو بە هەرنرخێک بووە ئەو شیعرەی پەیداکردووە، دواتر دەستیکردوە بە وەرگێڕانی چەند دانەیەک لەو شیعرانە، یەکێکیان هەمان ئەو شیعرە بووە، دواتر بە شیرینیشی ناساندم. فاتن بە تەواوی سەرسامی خۆی بۆ دەربڕیم، بەڵام من هیچ کاردانەوەیەکم بەرامبەری دەرنەدەبری، بەبێ گوێ دانە جیاوازی تەمەنمان چەندان جار داوای خۆشەویستی لێمکرد، بەڵام من هەمووجارەکان ڕەتم دەکردەوە، تا دواجار لەبەر ئەوەی باوەڕی پێ بهێنم ناچاربووم چیرۆکی خۆمی بۆ بگێڕمەوە تەنانەت یاداشتم له‌گەڵ ڤێرا بۆی نوسیەوە و دامێ تا بیخوێنێتەوە. دوای ئەوەی ئەو یاداشتەم پێیدا هەرگیز نەمبینیووە. تەنانەت نەهاتەوە کۆلێژیش، تەنانەت لە شیرینیشم پرسی گووتی: ببورە منیش زۆر لە دوای گەڕاوم و نەمدۆزیوەتەوە.

شەوێک لەگەڵ ڤۆلا (Vola)

ئەمشەوم وەک شەوەکانی دیکە بە سەختی لێ تێپەڕی، هەمدیس کەوتمەوە ناو شکست و شەرمەزاریەوە. ئەو کچەی چەند خولەکێک بەر لە ئێستا لێرەبوو ناوی ڤۆلایە بە ڕەگەز ئەڵمانیە و هەر لێرەش دەخوێنێت، منیش دەبێ ماوەیەک لێرە بمێنمەوە، چ جیاوازیەک دەکات لێرەدا بینووسم، کە چۆنچۆنی لەگەڵ ڤۆلادا پێوەندیم گرتوە، تۆ وای دانێ ڕۆژێک بە شەقامێکدا تێپەڕ دەبووم، بینیم کچێک لەوبەری شەقامەکەوە پاسکیل لێ دەخوڕێ، لەناکاوێک پاسکیلەکە دەکەوێتە جوڵە جوڵه‌یه‌کی زۆر و بەردەبێتەوە، منیش بە پەلە خۆم دەگەینمە کچەکە و هەوڵ دەدەم هاوکاری بکەم. چۆنی لێکدەدەیەوە بە دڵی خۆت بێت، لەوانەیە وای دابنێی، لەوکاتەدا ئەو کچە بە هۆی نەخۆشیەکەوە، کە هەیبووە لە هۆش خۆی چووە بە هۆی ئەمەش لە دوو چەرخەکەی بەردەبێتەوە. یان هۆکارێکی سادەتر بدۆزنەوە بۆنمونە ئەو کچە تازە خۆی فێری لێخوڕینی دووچەرخە کردوە، بۆیە کاتێک لە کاتی لێخوڕیندا دەیەوێ بۆ ساتێک سەیری خوارەوەبکات سوکانەکە لەدەستی وەردەگرێت و دەشێوێ بەمەش بەردەبێتەوە. وای دانێن من هاوکاری دەکەم و دەیگەیەنمە نزیکترین نەخۆشخانە ئەویش دوای تیمارکردنی داوەتێکی قاوەم دەکات دوای ئەوەش پێوەندیەکەمان قووڵتر دەبێتەوە.

دەتوانن چیرۆکی ناسینی من لەگەڵ ڤۆلادا بە شێوەیەکی دیکە لێکبدەنەوە, ئەویش ئەوەبێ, کە من و ڤۆلا پێوەندیەکی لە مێژینەمان نەبووە، بگرە من دوای ئەوەی تا تەمەنی چل ساڵیم واتە ڕێک دوای پازدە ساڵ لە گەڕانم بە دوای وێنەی خەیاڵم، ناتوانم بگەمە ئەو کەسە، یاخی دەبم، شەوێک بڕیاردەدەم ماوەیەک خۆم لەنێو شەهوەتدا ونبکەم، بەڵکو بتوانم بەهۆی ئەوەوە ئەو وێنەیە لە خەیاڵدانمدا بسڕمەوە یان هەرهیچ نەبێ کاڵی بکەمەوە.

بەم ئاوهایە خۆم دەگەیەنمە یانەیەکی شەوانە، لەوێ ڤۆلا دەبینم، جوانیەکەی سەرنجم ڕادەکێشێت، لەگەڵ خۆم دەیهێنمەوە هۆتێل. ئەوەی بەلای منەوە گرنگ نییە ئەو هۆکارانەیە، بەڵکو بابەتە گرنگەکە بۆ من ئەو شکستەیە، کە پێش چەند خولەکێک بە سەرمدا هات، بەمەش هەم لووتبەرزی پیاوەتیم شکا هەم دڵی ئەو کچە. پیاوەتیەکەی من ئەوە یەکەمجار نییە دەکەوێتە ژێرپرسیارەوە، بەڵام من بەزەییم بەو کچانەدا دێتەوە، کەمتمانە بە بودەڵەیەکی وەک من دەکەن، لەوانه‌یە ئەو چیرۆکەی من لە سەردەمی کلاسیک بوایە چەندان چیرۆک و داستانی دڵداری ئەفسانەیی لێ دروستکرابا و دەم بەدەم گێڕدراباوە، بەڵام بۆ ئەم سەردەمەدا، کە مرۆڤ زیاتر لە ڕۆحیانەت دوورکەوتۆتەوە و زیاتر بەر ماددە کەوتووە، زیاتر باوەڕی بە دەستکەوتە ماددیەکان هەیە، ئەو خەیاڵاتانەی من زیاتر وەک خەیاڵپڵاوی و نەخۆشی دەروونی لێک دەدرێنەوە. بەتایبەت لێرە، کە زیاتر مرۆڤەکانی ڕوویان لە بەرکەوتنە ماددیەکانە. زۆر سەرنجم داوە خۆشەویستی تەنانەت داستان و ڕۆمان و فیلمەکانیش جیاوازیەکی زۆری لە نێوانە، ئەوانەی ئێرە زیاتر باسی خۆشەویستی دەکەن، کە دوای بەرکەوتنی جەستە دروست دەبێت بەرەبەرە گەشە دەسێنێت، بەڵام هی لای خۆمان خۆشەویستی پێش قۆناغی گەیشتنی جەستە دەمێنێتەوە و پیرۆز دەکرێت، زیاتر خۆشەویستی خەیاڵی و ڕۆحیە، دەشێ ئەوەش لەبەر هۆکاری ئایینی و کولتوری بێت، سەیر ئەوەیە من کەسێکی باوەڕدارنیم، کەچی ئەوە چەندین ساڵە لەبەر بەدواکەوتنی خەیاڵەکانم ناتوانم بەر واقیع بکەوم، دوای هەر هەوڵێکم بۆ بەرکەوتنی واقیع شکست دێنم.

ئەمجارەش وەک هەوڵەکانی پێشوم، شکستم هێنا، ئیستا لەنزیک پەنجەرەکەوە دانیشتووم سەرنج لە سەر سیسەمەکە دەدەم، تەنانەت قەدی سەرچەفەکانیشی تێکنەچووە، بۆ چەند چرکەیەک خەیاڵی ئەوە دەکەم، کە بنکراس و سوخمە و دەرپێ بەو ناوەدا پەرش و بڵاوبوونەتەوە و سیسەمەکە دەڵێی شەڕی لەسەر کراوە سەرچەفەکەی سەری ئاوا لوولبووە و جلەکان لەسەری پەڕش و بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بە دەنگێکی لەرزۆک بە ئاگادێم! دەنگی خۆمە دەڵێم: تکایە بڕۆ دەرەوە… ڤۆلا بەرانبەرم وەستاوە و بە سەرسوڕمانەوە تەماشام دەکا.

من خۆم لەبەر چاوە تەوسئامێزەکەی ڕاناگرم بۆیە سەر دادەخەم و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە بەردەوام دەبم: تکایە بۆ دەرەوە…چاوم دەچیتە سەر پەنجە سپی و گۆشتنەکانی پەنجەی پێی. چاوەڕێ دەکەم بپرسێ بۆچی؟…بەڵام لەجێی ئەوە گوێم لە دەنگی هەنسکێک دەبێ بەربەرە لێم دووردەکەوێتەوە، دەنگی داخرانی دەرگە دەبیستم، ڕادەچڵەکێم! هێشتاش لە نزیک پەنجەرەکەوە دانیشتووم و سیگارەکەم بە دەستەوەیە، دڵۆپە فرمێسکێک بەردەبێتەوە. ڕژانی فوارەی فرمێسکەکانم بەردەوام دەبێ، چاوەکانم دەکەوێتە سەر سیسەمەکە ڕێکوپێکیەکەی دەمترسێنێت، تەنانەت ئەو کتێبەش لە جێگەی خۆی نەجووڵاوە، کە پێش کاتژمێرێک لەوێم دانابوو.

جادووی وێنە

(گێڕانەوەی فاتن)

لە یوتیوب بە دوای ناوەکەیدا گەڕام، لە یەکێک لەو گرتانەی دۆزیەوە، کەناڵێکی تەلەفزیۆنی تەلەفۆنیان بۆ کردبوو، بە هۆی مردنی یەکێک لە هاوڕێ شاعیرەکانیەوە لێدوانیان بۆ بدا. ئەو شاعیرەی مردبوو یەکێکبوو لە شاعیرەگەورەکان. وێنەیەکی ئەو لە گۆشەیەکی شاشەکە جێگیرکرابوو ناوەکەی نوسرابوو داشێک کرابوو دواتر نووسرابوو فینلاند. واتە ئیستە لە فینلاند دادەنیشێ.

لە وێنەکەدا پیری پێوە دیاربوو، سەر و ڕیشی پاک پاک سپی ببوو. دەنگێکی کزۆڵ هاتەگۆ. هەستم کرد بە گریانەوە قسان دەکات. هەرئەوەتەبوو دەنگی دەردەچوو، کزە لە جەرگمەوە هات. یادگاریەکان برینەکانیان کولاندمەوە. منیش باش پیربووم، سەرم سپی بووە، بەڵام تا ئیستا نەمتوانیوە باوەڕ بە خۆم بێنم و شووبکەم. تا ئیستاش نەمتوانیوە لە داوی ئیشقی ئەو پیاوەی ناو وێنەکە خۆم دەرباز بکەم. کاتێک ئاوا بە کزۆڵەیی بینیم ئاگرم تێبەربوو! یادگاری ئەو ڕۆژانەم بیرهاتەوە، لە کۆلێژ مامۆستام بوو. چەندجارێک لە گەڵی دانیشتم، چەندان هەوڵم لەگەڵ دا تا خۆشەویستی من پەسند بکات، بەڵام ئەو کەسایەتیەکی سەیری هەبوو، دەیگووت؛ ئاشقی وێنەیەک بوومە، دوای ئەو نەمتوانیووە کەسی دیکەم خۆشبووێت…دەزانم ئیوەش سەریرتان پێ دێت، ئەو کاتیش من سەیرم بەو قسەیەی هات، تا ئەو ناچاربوو چیرۆکی خۆیم بۆ بگێڕێتەوە، ئیستا باوەڕ بە قسەکانی ئەو دەکەم چونکە خۆشم بەو قۆناغەدا تیپەڕیووم. ئەوە ماوەی سی و چەند ساڵێک دەبێ هەر بەخەیاڵی ئەوەوە ژیانم لە خۆم قەدەغە کردوە، بە خەیاڵی ئەوەوە ناتوانم ژیانێکی دیکە و خۆشەویستێکی دیکە بدۆزمەوە تاوه‌كو پێکەوە ژیانێکی هاوبەش پێکەوە بنێین. نەخێر هەرگیز ناتوانم ئەوە بکەم، بەڵکو هەرجارێک ئەگەر بیریشم لەوە کردبێتەوە یەکسەر تەنانەت بە خەیاڵیش نەمتوانیوە وێنای ژیان لەگەڵ کەسێکی دیکە بکەم، ئەوە ماوەی سی ساڵە من لەگەڵ خەیاڵەکانی خۆمدا لەگەڵ ئەو پێکەوە دەژین، من شیعر بۆ ئەو دەنوسم ئەویش شیعر بۆ من دەنووسێ. ناتوانم تەلیسمی ئەو خەیاڵە بشکێنم. هەناسە قووڵەکانی ئاوازێکی غەمگینیان بە گێڕانەوەکەی بەخشیبوو:

تازە پەیمانگای مامۆستایانم تەواوکردبوو، لە گوندێکی نزیک هەولێر مامۆستابووم، تەمه‌نم بیست و پێنج ساڵ بوو، پێنج شەممەیەک تازە هاتبوومەوە ماڵەوە، لەگەڵ ئیسماعیلی هاورێی منداڵیم پیاسەیەکمان کرد، چووینە باخچەی گڵکەند، کاتێکی خۆشمان بەسەر برد، لەبەرئەوەی هەردووکیشمان شاعیربووین و ماوەیەکی زۆریش بوو یەکتریمان نەبینیبوو. زۆر چێژمان لە پیاسەکەمان بینی، لەگەڕانەوە بە پیاسە بە بەردەمی هۆڵی گەلدا تێپەڕین، پۆستەرێک بە دیواری دەرەوەی هۆڵەکەدا هەڵواسرابوو، دوای ئەوەی گەیشتە ئەو دێرە هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا چاوەکانی داخست، هەستم بە دڵۆپی فرمێسک کرد لە نێوانی هەردوو چاوەکانیەوە فوارەیان بەست. یەکەمجارم بوو پیاوێک ببینم ئاوا بگریا، گریانێکی بێ دەنگ کاتێک سەیرم دەکرد لە لەنێو غەمێکی قووڵدا نغرۆ بوو. چاوەکانی کردەوە بۆ دووری ڕوانی گووتی: نازانم تا چەند باوەڕدەکەی، بەڵام ئەو ڕووداوە ڕاستەقینەیە…بەردەوام بوو لە گێڕانەوەکەی: پۆستەرەکەم خوێندەوە، ڕێکلامی شانۆیەک بوو، بڕیاربوو ڕۆژی دواتر نمایش بکرێت. لە ناوەڕاستی پۆستەرەکەدا وێنەی کچێک سەرنجی ڕاکێشام، لە وێنەکەدا ئەو کچە سێوێکی ڕاگرتبوو بەرانبەرم، زۆر سەیربوو کاتێک سەیری چاوەکانیم کرد وامزانی قسەم لەگەڵدا دەکا! وامزانی بانگمدەکا، دەیویست ئاماژە بە شتێک بکات. دەشێ تۆ باوەڕم پێ نەکەی، بەڵام ئەو کچە دەیویست قسەیەک بە من بڵێت، لەوە سەیرتر ئەوە بوو ئەو وێنەیە وێنەی نیگارێکی کێشراو بوو نەک وێنەیەکی چرکێنراو، بەڵام من نغرۆی نێو چاوە ڕەش و جادووییەکانی ئەو کچەبووم. دڵنیابووم ئەو سێوەی بۆ فریودانی من ڕاگرتووە. من تا ئێستاش بە دوای ئەو سێوەدا وێڵبووم و بۆ هەمیشە گیرۆدەی چاوەکانی بووم. نازانم چۆن وەسفی ڕووخساریم کردوە، ئەرێ هەر بە راست من توانای وەسفکردنی وەها وێنەیەکم هەیە؟! هەرکاتێک بمەوێ بەوردی نەخشی ئەو کچە وێنابکەم لە خەیاڵدانمدا و بۆ کەسێکی باس بکەم، یان بۆ خۆمی باس بکەم زمانم وەک ئەوەی لە گۆ کەوتبێ، چەندانجار تەنانەت وێنەکەم لە بەرانبەرم داناوە و دەستمکردوە بە وەسفکردنی کەچی زمانم لە گۆ کەوتووە. دەشێ بتوانم وەسفی چاوێکی ڕەشی گەورەی خوودان دوو برژانگی درێژی قەوس بکەم لەگەڵ دوو برۆی باریک، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناتوانم بە دروستی وەسفی ئەو سەرنجدانە جادووییەی بکەم، ناتوانم باسی ئەو قسانەی بکەم، لەکاتی سەیرکردنی چاوەکانیدا بە منی دەڵێت؛ تۆ ئازادی لەوەی باوەڕ بە من نەکەی، بەڵام ئەوە بۆ من ڕووداوێکی ڕاستەقینەیە. بە ئاگاهاتم ئیسماعیلی هاوڕێم بە دەستەکانی شانەکانمی ڕادەتەکاند و دەیگوت: عەبدوڵا؟ عەبدوڵا؟ ئەوە چیتە؟! بۆ وات لێهاتوە؟! منیش بەبێ ویستی خۆم پەلاماری پەڕەکەم دا، لێمکردەوە، پەرەکەم لوولکرد. دووبارە پرسیەوە: ئەرێ چی بووە؟ بۆ وادەکەی؟ ئەوکات تۆزێک بە ئاگاهاتبوومەوە، وەڵامیم دایەوە: کێشەی چییە برا؟ ئیرە هەمووی پۆستەرە، من سەرسام بووم بە چۆنیەتی کێشانی نیگارەکە بۆیە با دانەیەکیان بۆ من بێ. هیچم بیرنەماوە لە رێگادا تا گەیشتینەوە ماڵەوە چی ڕوویدا و چیمان گوت، پێ دەچێت هەر ئاگام لە خۆم نەبووبێ, چونکە ئەوەی بەبیرم بێتەوە هەر ئەوەیە چەند جارێک ئیسماعیل ئانیشکی لە لاقەبرغەم دەدا و دەیگوت: ها چیتە؟ بۆ وات لێ هاتووە؟ جارێکیان توند دەستی گرتم و ڕایگرتم لەو دەمەدا کەرێک گالیسکەیەکی ڕادەکێشا بە بەردەمماندا ڕەتبوو، کابرای خاوەن کەر هاواری کرد: هێی کاکە ئاگات لەخۆت نییە؟!

لەماڵەوە شەو خەو نەکەوتە چاوەکانم، بەڵکو بە ئومێدی ئەوەی زوو ڕۆژببێتەوە و کاتەکان تێپەڕێت تا کاتی شانۆکە. وێنەکەم بەرانبەر خۆم ڕاگرتبوو لە چاوەکانی ڕادەمام، کات نەدەڕۆیشت. کات لە پێش چاوی من زۆر خاو ببووەوە، تا بانگی بەیانیم بیرە چەندجارێک چوومە بن بەتانیەکەم، بەڵام خەو لە چاوەکانم تۆرابوو، گوێم لە بانگی بەیانی بوو، ئاگام لە دونیا نەما. نزیکی نیوەڕۆ بوو، بە دەنگی شین و ڕۆڕۆ بەئاگا هاتم. ڕاپەڕیم! خۆم گەیاندە حەوشە بینیم دایکم قژی خۆی دەڕنێتەوە و خوشکەکانم بە دەنگێکی بەرز تێکەڵ بە گریان دەیلاوێننەوە، هۆۆۆ برا جوانە مەرگەکەمان، هۆۆۆۆ بۆچی ئاوا زوو بە جێت هێشتین، سەرسامانە لە دیمەنەکە ڕامابووم، هیچم بۆ نەدەگوترا یەکێک لە دراوسێکانمان خۆی لێم نزیککردەوە، گوتی: بەڕاستی بەداخەوە! هیچ لە بابەتەکە تێ نەدەگەیشتم، بەڵام تێیان گەیاندم، کە برا بچووکەکەم ئەمڕۆ لە بازاڕ کەوتۆتە بەر دەستڕێژی گوللەی بەعسیەکان و کوژراوە…

پرسیم: ئەمە چۆن روویدا؟

بە گریانەوە وەڵامی دامەوە: دیاربوو ئەو ڕۆژە پێشمەرگە بە پلانێک تەقەیان لە پارێزگارکردبوو، لەو دەمەدا هێزێکی زۆر لە نزیکی رووداوەکەدا بڵاوەی پێکرابوو، برابچووکەکەی منیش، ئەودەم تەمەنی حەڤدەساڵ بوو، لە گەڕەکێکی نزیک ڕووداوەکە دەبێت، کاتێک گوێی لە دەنگی تەقە دەبێت، دەشڵەژێت و ڕادەکات، کاتێک سەربازەکان دەبینن وا گەنجێک ڕادەکات، هاواری لێدەکەن: بووەستە تەقەت لێدەکەین. ئەو لە ترسی خۆی زیاتر دەشڵەژێ و بەردەوام دەبێت لە ڕاکردن. ئەوانیش تەقەی لێدەکەن. گوللەیەکی زۆری بەردەکەوێت و هەر لەوێ گیانی دەردەچێت…بە هۆی ئەمەوە نەمتوانی ئەو ڕۆژە بچمە شانۆیەکە و وێنەی دڵخوازم ببینم، هەر وام هەستدەکرد، ئەوە وێنەی یەکێک لە ئەکتەرەکانە و نیگارکێشەکە کێشاویەتی، بەڵام دوای ئەوەی لە ڕێگای ئەو پۆستەرەی لە کنم بوو گروپە شانۆکەم دۆزیەوە، زانیم بەهیچ شێوەیەک کچێکی لەو شێوەیە نە لەو شانۆیەدا بەشداری کردوە، نە هیچ، کچێکی لەو شێوەیە لە گروپەکەشدا هەبووە! ناچاربووم، داوای ناو نیشانی ئەو نیگارکێشەبکەم، کە ئەو پۆستەرەی بۆ ئامادە کردبوون، بەڵام کاتێک ئەوەم پرسی، هەموویان بۆ چەند خولەکێک بێدەنگ بوون، غەمگینیەکی لە ڕادەبەدەر نیشە سەر ڕووخساریان، گووتیان؛ هەر ئەو ڕۆژە لە کاتێکدا تەقە لە پارێزگار دەکرێ، ئەو کوڕە بە نزیکی ئەو گەڕەکەدا تێپەڕدەبێت و دەستگیردەکرێ، بە بیانووی ئەوەی، یەکێک بووە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە چەند مانگێک دواتر دوای ئەوەی هیچ ددانپێدانانێک ناکات، چونکە هیچ شتێک لەو بارەوە نازانێت، ئەوانیش لەسێدارەی دەدەن. کاتێک منیان بردە ژوورێک لەو ماڵەی ئەو گروپە کاریان تێدادەکرد کۆمەڵێک تابلۆی ئەو کوڕەم بینی، لە زۆربەیان دا هەمان کچم دەبینی. کاتێک لەو کچەم پرسی هیچ کامیان هیچی لەبارەوە نەزانی، هیچ یەک لە نزیکەکانی ئەو کوڕەش هیچیان لەبارەی ئەو کچەوە نەزانی، زۆرێک لە هاوڕێ نزیکەکانی دەیانگووت؛ ئەو کچە خەیاڵێک زیاتر نییە، کە ئەو نیگارکێشە خۆی خولقاندوێتی، بەڵام من بەمە دڵم ئاوی نەخواردەوە، بەڵکو لەو ڕۆژەوە بە دوای ئەو کچەی ناو وێنەکەدا وێڵم، ئەو قسەیەی کرد و بێدەنگ بوو… هیچ قسەیەکی دیکەی لە دەم نەهاتە دەرەوە، هەڵسا بەبێ ماڵئاوایی کردن بە جێی هێشتم.

ڕۆژێکی دیکە باسی خۆی بۆکردم چۆن لە ڕووسیا بۆ یەکەمینجار ویستوویەتی ئەو وێنەیە لەبیربکات، بۆیە پێوەندی لەگەڵ یەک لە هاوپۆلەکانی دادەنێت. باسی ئەوەی بۆ کردم، چۆن لەو پێوەندیەی شکستی هێناوە. چەندی هەوڵم لەگەڵ دا نەمتوانی پەسندی ئەو بە دەستبێنم لە خۆشویستنم، بۆیە منیش بریارمدا لێی دووربکەومەوە تا چیتر ئازار نەچێژم. ماوەی چەند ساڵێک خۆم لێی ونکرد، بەڵام ئەوە نەک دادی نەدام بگرە زیاتر گیرۆدەی کردم، گەڕامەوە کۆلێ، بەڵام هەرگیز نەمبینیەوە. لەبەر خۆشەویستی ئەو خۆم فێری زمانی کوردی کرد، چاوەڕێم دەکرد شیعرێکی بڵاوبێتەوە، تا منیش شیعرێک بۆ وەڵامی ئەو شیعرەی بنووسم. دەتوانم بڵێم ئاشقێکی ڕۆحانی بووم، هەبوونی ئەو بۆ من هەموو شتێک بوو، هەرچەندە هی منیش نەبوو. نازانم ئەو ئێستا منی لە بیرماوە یان نا، بەڵام ئەوە دەزانم من هەتا مردن بە خەیاڵی ئەوەوە درێژە بە ژیان دەدەم. بیستم ئێستا منداڵی گەورەی هەیە، بەڵام من نامەوێ لە چیرۆکەکەی خۆم باسی ئەوە بکەم، بەڵکو باسی ئەوە دەگێڕمەوە، کە چۆن لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە تەلیسمی خەیاڵی بشکێنێت چەندانجار لە بەرانبەر واقیع توشی شکست بووە!

من چیرۆکی قەلەندەریکی سەرگەردان دەگێڕمەوە، کە ژیان و وشەکانی لە پێناو وێنەی خەیاڵی دانا، وەک من چۆن ژیانم لە پێناو وێنەی خەیاڵم دانا!

من بەخەیاڵی کەسێک دەژیم، ئەویش ژیانی لە پێناوی خەیاڵی کەسێکی دیکەدا داناوە!

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین