ئێدوارد مونخ؛ مردن ، دایك و منداڵ

بەختیار دڵساف پشده‌ری؛ کاری من مردنە لەپێناو ژیانی ئێوەدا


Loading

بەختیار دڵساف پشده‌ری

کاتێک وەئاگا هاتم، تەواوی ژوورەکە پڕبوو لە دوکەڵ، ئاگر لە دەروازەی دەرگاکەوە ڕووەو ژوورەکە پەلی ئەهاویشت، نزیکه‌ی دوو ڕۆژێک بوو منداڵم بوبوو، توانای هەستانم نەبوو، هێز لە جەسته‌مدا نەمابوو، دووکەڵەکەش هێندەی تر هێزی لێ بڕیبووم. سپێدە بوو، کەڵەشێر دەیخوێند، گوێبیستی قیڕەی قازەکان دەبووم، دیاربوو وەک کاری ڕۆژانەیان دەمیان نابووه‌ ناو تەشتە نانە خوساوەکە و شەڕیان بوو. هاوژینەکەم چوبووە سەرکار. نازانم دایکم لە دەرەوە سەرقاڵی چ کارێک بوو، ئەنجامی دەدا، چۆن ئاوا بێئاگابووە لە هەڵگیرساندنی ئەم جەهەندەمە، ،شەو لەگەڵ منداڵەکان لەلای خۆمەوە خەوتبوو. من هەتاوەکو بەیانی چەند جارێک لە خەو ڕابووم، بۆ پێدانی شیر بە کۆرپەکەم. مەلۆتککەم بێئاگا لەم دونیایە، لە خەوی قوڵی خۆیدابوو، نەیدەزانی خوشک و براکەی چ جەهەندەمێکیان بۆ خوڵقاندبوو، ئاخر ئەو نەیدەزانی عەلادین چییە؟ نەوت چییە؟ ئەم عەلادین و نەوتە کە بکەوێت، ئەو دۆشەک و فەرشە بۆ گڕ دەگرێت؟ هیچی لەمانە نەدەزانی، تەنها ئەوەندەی دەزانی کاتێک برسی بوو، دەروونی خۆی بێنێتە جۆش و دەست بکات بە گریان و دواتر لێوەکانی لە مەمکەکانی من گیر بکات و بیانمژێت. من چین چین ئارەقەم دەکرد، تەواو تەواو شەکەت بووم، هێندەم زانی هێزێک باسکی گرتم و ڕووەو ئاگرەکە ڕایکێشام، تاکو لەو جەهەندەمە ڕزگارم بکات. دەستێکم دایە قوماتەی منداڵەکە، دەستەکانم شل بوون، مەلۆتکەکە کەوتەوە ناو جەهەندەمەکە.

کاتێک چاوەکانم کردەوە، لەسەر قەڵەوێرەیه‌ک ڕاکشابووم، قەفەزێکی ئاسنین لەسەر قەڵەوێرەکە دانرابوو، چەند بەتانیەکی پێدادرابوو، لەناو چوارچێوەی پەردەیەکدا دیل کرابووم، هەستم بە ئازارێکی کەم دەکرد لەسەر ڕوومەتەکانم، وەلێ ئازاری قاچەکانم ئێجگار زۆربوو. ئاوڕێکم بەلای ڕاستدا دایەوە، تەنها پەردەیەکی سەوزی کاڵم بینی. بەلای چەپمدا ڕوانیم، پەردەکە کەمێک لادرابوو، خوشکەکەم خەمناک لەسەر قەڵەوێرەکەی تر ڕاکشابوو، له‌چكەکەی تەواو شل بوبووه‌وە، بەشێکی زۆری قژی لە له‌چکەکە هاتبووە دەرەوە، گەلێک شێواو هاتە پێش چاوەکانم، ئەشێ ئازاری سوتانی من تەواو پەرێشانی کردبێت. کرخەیەکم کرد، یه‌كڕاست هەستا و لەسه‌ر قەڵەوێرەکە دابەزی و بەچەند پەرستارێکەوە هاتەوە لام و هاواری ئەکرد (بەخوا ئێستا گوێم لێبوو دەنگی لێوەهات، چاوەکانم هەڵهێنا، هاوارێکی بەرزتری کرد، بەگریانەوە ده‌یوت چاوی هەڵهێنا چاوی هەڵهێنا). دکتۆرەکە لە نزیک سەرمەوە ڕاوەستابوو، بەر لە هەرشت داوای کۆرپەکەمم کرد.

دکتۆرەکە بە ڕوویەکی خۆشەوە وتی (چۆن دڵت دێت داوای هێنانی ئەو کۆرپە جوانە بکەیت، بۆ ئەم نەخۆشخانە پڕ لە نەخۆشە، چەند ڕۆژێکی تر تۆ دەنێرینەوە لای ئەو بۆ ماڵەوە). باش؟

قسەکانی دکتۆر ڕازی کردم.

دواجار باری تەندروستیم جێگیربوو، هۆشمەندیم پەیداکردەوە، بە وردی لەو کەسانەی چواردەورم دەڕوانی، هاوسەرم و خوشک و بر او گەلێک لە خزمان و دۆستان لە دەورم بوون، ئەوەی لەوێ نەبوو، نەمدەبینین، دایکم و منداڵەکانم بوون، بە توندی و بە گریانەوە، هاوارم کرد، دایکم کوا، منداڵەکانم کوان؟ ئێوە ڕاستی بە من ناڵێن، هەمیشە درۆدەکەن، پێم بڵێن مردوون، کوان، سوتان، پێمبڵێن توخودا پێم بڵێن. هاوسەرەکەم بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، هاتە ژوورسەرم، پێیوتم  دکتۆر وتویەتی سبەی و دووسبەی لەنەخۆشخانە بیبەنە دەرەوە. ئەوکات دەچینە ماڵەوە، سەرجەمیان دەبینین، بەڵێن بێت بەڵێن، بەڵام ئێرە قاوشی سوتاوییە، ڕێگە بە هاتنی منداڵەکان نادەن، وە دایکیشت ناتوانێ ئەوان جێبهێڵێت، ئەم دوو ڕۆژە سەبربکە.

کات لە چاوەڕوانی هاتن یاخود ڕۆشتنیدا بیت، گەلێک دژوارە، ئەو دوو ڕۆژە ئێجگار درێژبوو، تەواوبوونی لەلای من، بوبووە کارێکی ئێجگار قورس. بەهەرحاڵ هەموو زەمەنێک کۆتاییەکی هەیە، دووڕۆژەکە تەواو بوو، سپێدەیەکی غەمناک، بەتایبەت بۆ من، دکتۆر هات و بڕیاری دەرچونمی لە نەخۆشخانه‌ دا.

ئۆتۆمبێلەکە به‌ره‌و ماڵی دایکم وەڕێ کەوت، لە بەردەرگا ڕاوەستا، بابم و خێزانەکەم سەرجەمیان لەبەر دەرکە چاوەڕوان بوون، ئەوەی لەوێش دیارنەبوو و بەدیم نەکردن، دایکم و منداڵەکان بوون. دوو کەس هاتنە ژێرباڵەکانم، هێدێ هێدی بە قادرمەکاندا سەرکەوتم، زۆریان ئامێزیان لێدام و ماچیان کردم، وەژوورکەوتم، دایکم لەسەر قەڵەوێرەیەک ڕاکشابوو، هەردوو دەست و قاچەکانی پێچرابوون، بەشێکی زۆری قژ و دەموچاوی سوتابوو، یه‌كڕاست لەبەردەمیدا، بە چۆکدا کەوتم، ،سوتانی جەستەی دایکم زیاتربوو! چون ئەو دوو جار بەناو ئاگرەکەدا گوزەری کردبوو، جارێک ڕووەو ژوورەکە بۆلای من، جارێک پێکەوە ڕووەو دەرەوە بەناو ئاگرەکەدا، بەڵام چون من تازە منداڵم بووبوو، بێهێزتربووم، من زۆرتر لە خەستەخانە مابومەوە.

من مرۆڤێکی ئێجگار گەمژەبووم، دەنا لە دیارنەبوونی دایکم لەنەخۆشخانە، دەبوو بمزانیبا ئەو بازووەی لەناو ئاگرەکە دەستی گرتم و هێنامیە دەر، بازوو و هێزی دایکم بوو، چون هیچ ڕوحێک ئامادەی ئاوێتەبوون بە ئاگری نییە تەنها ڕوحی دایکان نەبێت.

من هەرسێ کۆرپەکەم لەناو ئاگرەکەدا لەدەستدا، جگە لە مەلۆتکەکەم کە دووکەڵ خنکاندبووی، دوو کۆرپەکەی تریشم ئەو کاتەی عەلادینەکەیان وەرگێڕابوو، لە ترساندا، لە پشت بۆفی نوێنەکانه‌وه‌ خۆیان شاردبووەوە و لە ناو دوکەڵدا نەتوانرابوو دەربهێنرێن، سوتابوون، لەو ڕۆژه‌ بەدواوه‌ هیچیانم نەدیتەوە. لەپاش نیوەڕۆیەکی دژواردا، دوای چەند مانگێک چابوونەوەی، دایکم بە مەرگێکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد.

ئەمێستا تۆ کە ئەم چیرۆکە دەخوێنیتەوە، هەوڵبدە دوا دیمەنی قاچەکانی من بهێنیتە پێش چاوی خۆت، چۆن دوا شەق لەکورسیەکە هەڵدەدەم و بە گوریسەکەوە هەڵدەواسرێم، قاچەکانم چەند جوڵەیەک یاخود چەند هەنگاوێکی خێرا بە هەوادا دەنێن، دوای ئەوەی ئه‌گه‌مە لای دایکم و ڕۆڵەکانم، بۆ هەتاهەتا لە جوڵە دەکەون.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین