پیاوە ھیدفۆن لەگوێکە


Loading

نەریمان ئاغالی

ساڵانێکە ئەو لەنێو ئەوشارەدا وەک پیاوێک کە بەردەوام ھیدفۆنێکی گەورەی بەگوێچکەکانییەوەیە تەواو ناسراوە، ڕەنگە ھیچ کەسێک تا ئەوکاتە تەنھا بۆ جارێکێیش بەبێ ھیدفۆنەکەی ئەویان نه‌بینیبێت کە دیاربوو بەردەوام بیر و خەیاڵی لەسەر ئەو موزیکە بوو کە گوێی لێدەگرت. ھاوزمانەکانی لەوشارە کە ئەوانیش ھەر تاراوگەیی بوون پێیان دەگووت:گۆشەگیر، چوونکە ئەو ھەرگیز تێکەڵی ھیچ کەسی  نەدەکرد. ئەوان لە سەرەتای ساڵەکانی ھاتنی گۆشەگیردا ھەوڵی پەیوەندیگرتن و لێ نزیکبوونەوەی گۆشەگیریان زۆردابوو، بەڵام دواجار یەک لەدوای یەک لەوە نائومێدبووبوون کە بتوانن ببنە دۆست و ھاوڕێی ئەو. دەبێت ئەوەش باسبکەم کە تێیاندابوو لەنێو ئەو ھاوزمانانەی گۆشەگیردا نیه‌تیان باش نەبوو، چوونکە دەیانویست بۆ سەرخستنەسەر و گاڵتەپێکردنی لێی نزیکببنەوە. بەڵام ئەو ھیچ گرنگییەکی بە کەس نەدەدا، ئەوەش گۆشەگیری ھێندەی کە لای ھاوزمانەکانی تایبەت و سەرنجڕاکێشتر دەکرد.
گۆشەگیر ھەرگیز ھیچی لەبارەی خۆیەوە بۆ ھیچ کەسێک نەدرکاندبوو، داخۆ نھێنی ئەو گۆشەگیریی و گوێبیستنی بەردەوامی ئەو له‌ موزیک چییە.

ئەو ھەر لە سەرەتای ساڵەکانی ھاتنییەوە بۆ ئەو وڵاتە لای دامودەزگا حکومییەکان دیاربوو حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکرا.
ئەوە وادەردەکەوت، چوونکە بۆ کارکردن زۆریان لێ نەدەکرد. ماوە ماوە دەیانناردە شوێنی کارکردنێک کە ڕێکخراوە بۆ خاوەنپێداویستە تایبەتەکان، لەو شوێنانەدا ئامانج ھاتنەدەرەوەی ئەو کەسانەی وەک گۆشەگیرە لە ماڵەکانیاندا، وە جیاکردنەوەی شەووڕۆژە بۆیان تا دووربن لەو خووەی شەوان بەخەبەربن و بەڕۆژ بخەون، کە زۆرێک لە خەڵکێکی بێکار یان خاوەنپێداویستی تایبەت ژیانیان لەگەڵ کاتدا وای لێدێت، ئەوەش وادەکات ئەو کەسانە لەتەواوی کۆمەڵگا و ژیانێکی ئاسایی داببڕێن، وە لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بۆ ھەوڵی جوڵاندنی ئەو کەسانەیە تا کێشیان زیاد لەپێویست نەبێت و ئاواش باری تەندروستیان ئاسایی بێت، دەنا لەو شوێنانە کارکردنی خەڵکانێک کە خاوەنپێداویستیین بەتایبەت ئەوانەی باری دەروونیان زۆر ئاڵۆزبووە، مەبەست لێی دەستکەوتنی پارە نییە بۆ شارەوانی، بەپێچەوانەوە بۆ زۆربەی ئەو کەسانە شارەوانی پارەیەکی زۆر مانگانە دەداتە ئەو کۆمپانیا و شوێنی ئیشکردنانەی کە ڕۆژانە  خەڵکانی وەک گۆشەگیر مەشغوڵ دەکەن.

جا ئەو خاوەنکارانە کە سەرپەرشتی ئەو کەسانە دەکەن، خەڵکی پیشەیین کە لە بواری کۆمەڵایەتییدا بڕوانامەیان ھەیە و مەشقپێکراون. بۆیە ئەوان ئەو تێگەشتنەیان ئاسان بۆ گۆشەگیر ھەبوو کە لەوێش ھەمیشە ھیدفۆنەکەی بەگوێچکەکانییەوە بوو.

گۆشەگیر ئەوکاتەی وەک پەنابەرێک ھاتە ئەم وڵاتە، نزیکەی بیست و نۆ ساڵێک تەمەنی دەبوو، کوڕێک کە قژێکی لوول و ڕەشی ھەبوو، چوارشانەیەکی باڵابەرزی چاوگەورە، پێستێکی گەنمڕەنگی ھەبوو کە زۆر بە خوێنگەرمی دەریدەخست. بە بەدەنیدا وا دەردەکەوت کە پێشتر خولیای وەرزشی زۆر ھەبووبێت. لەگەڵ ئەوەدا، ڕووندیاربوو کە کەسایەتییەکی پڕ لە نھێنییە. ھەمیشە بەڕووخسارێکی تاساوەوە دەردەکەوت، چۆن بڵێیت وەک ئەو ڕووخسارەت بەو شێوەیە بەرنامەداڕێژکردبێت یان سڕکرابێت و ئیدی ھەرگیز گۆڕانی بەسەردا نەیەت.

ھیدفۆنەکەی لەوانەبوو کە ھەردووک لای سەر گوێچکەکانی بە تۆپەڵێکی خڕیی ئیسفنجی کە ھەرلایەک ھێندەی ژێرپیاڵەیەک دەبوون، دادەپۆشی، پارچەیەکی قەوسیش ھەروەک ڤژڕاگرێکی کچان بەسەر تەوقی سەریدا بە ھەردووکلادا بۆ سەرگوێچکەکانی شۆڕبووبووه‌وه‌. وایەری ھیدفۆنەکەی لەژێر جلەکانییەوە و بەلای ملیدا بۆ نێو گیرفانی پانتۆڵەکەی دەچوو.
بەزۆری کراسی لەبەردەکرد، سەرقۆڵەکانی تا سەروی ئانیشکەکانی ھەڵدەدانەوە و قۆپچەی ژێر ملی کراسەکەی بەردەوام بەکراوەیی دەھێشتەوە. كە بەڕێگادا دەڕۆیشت لەگەڵ لێو جوڵاندنیدا زیاتر بۆ خوارەوە و پێشی سەرقاچەکانی دەیڕوانی. تەنانەت باسی ئەوە دەکرا کە تا ئەوکاتە کەس ئەوی نەبینیوە تەلێفۆن بەکاربێنێت و لەگەڵ کەسێکدا قسەبکات.

ئەو بەو شێوەیەی لە نێو شار و وێستگەی پاس و شەمەندەفەردا دەردەکەوت، زۆرجاران خەڵکانێکی بێزاردەکرد، بەتایبەت ئەو خەڵکانەی کە پێیان دەڵێن ڕاستڕەوەکان و وەک دژی خەڵکی پەنابەر و بەتایبەتیش ڤژڕەش ناسراون.

ڕاستە لە زۆر شار و شوێنان ئەو خەڵکانە ژمارەیان زۆر نییە، بەڵام ئەوان دەتوانن بە ڕووانینێکی بێزارکەر لە پەنابەران، وا ئازاریان بدەن کە سەدان پێکەنینی ئەوانی دی ئەو ئازارەیان بیرنەباتەوە.
ئاخر پەنابەران بۆخۆیان بەردەوام ھەستێکی ناجێگیر و خۆ بەمیوانزان و ڕاڕایان ھەیە، زۆرێک لەوانە ھەموو تەمەنیان لەسەر جانتاکانیان لە غەریبیدا بەسەر دەبەن و پێیان وایە ڕۆژێک ھەر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان. ئاخر ئاواش ڕەنگە قەت نەتوانن ببنە یەکێک لە ھاوڵاتی ئەو شار و وڵاتانە و ھەمیشە واش بزانن کە ئەوان وەک بێگانەیەک لێیان دەڕوانرێت. لێرەوە تێدەگەین کە ھەموو ھەستێکی تاراوگەییەکان دوولایەنە نییە، بەڵکوو زۆرجار ئەوان ھەر لەناخی خۆیاندا، لێکدانەوەی خراپ بۆ ئەوانی دیکە دەکەن، ئەوەندەش بەسە تا ھێندەی تر ناخی ناجێگیریان پەرتەوازە ببێت. بەڵام بێگومان خەڵکانێکیش ھەن کە ئەو ڕق و بێزارییەی خۆیان لە پەنابەران ناشارنەوە کە زۆرێکیش لەوانە دیسان کاریگەریی و پڕوپاگەندەی مێدیا و سیاسییە ڕاستڕەوەکانیان لەسەرە.

وەک چۆن ڕۆژێکیان لەوێستگەی پاسەکانی نێوشار چاوەڕوانی پاسم بەرەو ماڵەوە دەکرد، بینیم ژنێکی پیر کە دیاربوو خانەنشین بوو، لە گۆشەگیر نزیکبووه‌وە و بەدەنگێکی بێزارکەرانە پێی گوت: بۆ ناڕۆی ئیشێک بکەیت، پێتوایە ئەو وڵاتە لەخۆوە بەڕێوە دەچێت، ئاخر کە ئێمەش وەک تۆ بە گەنجی ئاوا پاڵمان بەدیوارەکانەوە بدایەوە و گوێمان لەموزیک بگرتایە ئەو وڵاتە ئاوا ئاوەدان دەبوو ھا؟ پێم بڵێ بۆ قسەیەک ناکەیت. تا دەھات ژنەکە تووندتر و نزیکتر دەبووه‌وە. گۆشەگیریش ھەروەک ئەوەی ھیچ نەبووبێت بەردەوامبوو لە لێوجوڵاندنی خۆی کە دیاربوو موزیکەکەی دەگوتەوە.
ئەوەش پیرەژنه‌كه‌ی ھێندەی تر دەھریی کرد و خۆی درێژکرد تا دەستەکانی بگەنە ھیدفۆنەکەی و لێی بکاتەوە، گۆشەگیر ھەر لەشوێنی خۆی تۆزێک سەری بۆ دواوە دوورخستەوە و لەپی دەستی ڕاستی لەنێوانی پیرەژنەکەو خۆیدا ڕاگرت، ئەوەی سەیربوو ئەو کوڕە تەنانەت لەو کاتەشدا لێوەکانی ھەر دەجوڵاند و ڕووخساریشی ھیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەھات.
ئەوەندەی دەیانگێڕایەوە، چەندین جاری دیکەش ڕووبەڕووی ئەو کێشانە لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە بووبوه‌وە. وەک چۆن جارێکیان پۆلیسیان بۆ بانگ کردبوو، کە گوایە بە دەنگی بەرز گوێی لە موزیک گرتووە.

ڕێکەوتێک ھەموو شتەکانی لەوشارەدا لەبارەی گۆشەگیرەوە گۆڕی. وەک چەندین ئێوارەی دیکە، لە کەناری ئەو ڕووبارەی بە قەراغی شارەکەدا درێژدەبۆوە، گۆشەگیر لەشوێنی پیادەکەوە بەتەنیشت مراوی و قازە زەبەلاحەکاندا دەڕۆیشت، تا دەگەیشتە شوێنێکی زۆر دوور و کەسی کەی لێنەدەبوو.
ھەموو ئەوانەی لەدوورەوە بۆجارێک گۆشەگیریان بینیبوو، دەیانگوت چەندجارێک وا دەرکەوتووە کە ھیدفۆنەکەی لەسەر گوێچکەکانی نەبووبێت و دەستیشی بەرەو نێو ئاوەکە جوڵاندووه‌، کە ھەر لەوه‌ چووه‌ قسە بكات. ئەو ئێوارەیە کەسێک زۆر لە گۆشەگیر نزیک دەبێتەوە، دەبینێت کە پیاوێک دەڕوانێتە نێو ئاوی ڕووبارەکە و بەکوڵ دەگری، بەس چ گریانێک، بەدەگمەن لەژیانیدا بینیویەتی پیاوێک ئاوا بگری.

ئەو کەسە نەناسراوە، زیاتر لێی نزیک بووه‌تەوە، ماوەیەک لە دووری چەند مەترێکەوە وەستاوە و ھەندێک لە پیاوە ھیدفۆن لەگوێکەی ڕوانیووە، ئەوجا بێئەوەی ھیچ پرسیارێکی لێبکات لەتەنیشتییەوە دانیشتووه‌. كەسە نەناسراوەکە، ھەر ماوەیەک خۆی بۆ دەگیرێت و ئەویش بەکوڵ لەگەڵیدا تێر تێر دەگری تا ھەردووک تەواو ھیلاک دەبن.

دواتر زۆر سەیری یەکدی دەکەن و بۆ ماوەیەک ھیچ کامێکیان تەنھا یەک وشە چییە نایڵێن. ئەو کەسە نەناسراوە، گێڕابوویەوە کە پیاوی ھیدفۆن لەگوێکە، ھیدفۆنەکەی لەنێوانی خۆیاندا داناوە و دەنگی موزیکەکەی تەواو بەرزکردۆتەوە تا ئەویش گوێی لێبگرێت و بۆخۆشی بەدەنگی بەرز لەگەڵیدا گوتوێتییەوە و دەستەکانی بۆ جوڵاندووە و لە چاوەکانییەوە وەک جۆگەلەیەک، فرمێسک ھاتوونەتە خوارەوە.
ئەوە یەکمجاربووە شتێکی وا ڕووبدات، کە گۆشەگیر ھیدفۆنەکەی لە گوێچکەکانی لێبکاتەوە و ڕوو بە کەسێک بدات. بەگوێرەی لێکدانەوەکانی دوای ئەو ڕووداوە، دەگوترا کە کەسە نەناسراوەکە تەنھا ھونەرەکەی ئەوەبووە کە ھیچ پرسیارێکی لە گۆشەگیر نەکردووە، بەڵکوو بە قووڵی بێئەوەی ھیچ شتێک بڵێت، ھاوخەمی بووە و بەس، ھەر ئەوەش وایکردووە کە گۆشەگیر ھەموو چیرۆکەکەی خۆی بۆ ئەوکەسە بگێڕێتەوە. ئەو کەسە تکای لێدەکات، کە چیرۆکەی لە ڕۆژنامەی شاردا بڵاوبکاتەوە. گۆشەگیریش بەوە ڕازیی دەبێت. لە ڕۆژانی دواتردا، لە ڕۆژنامەیەکی شاردا، لە یەکەم لاپەڕەدا، بەگەورەیی ئاوا نووسرابوو:

“چیرۆکی پیاوە ھیدفۆن لەگوێکە لەزاری خۆیەوە.”
پێش بیست و یەک ساڵ لەگەڵ خۆشەویستەکەمدا، ئەو کاتەی پێمان وابوو بۆ ئێمە وڵاتی خۆمان ژیانی تێدانەماوە، ھەموو شار و شارۆچکەیەکی ئەو مەملەکەتە جەنگی نێوخۆی تێدابوو، جەنگی نێوخۆش تەنھا ھەر ھی پارتە سیاسییەکان نا، بەڵکوو جەنگی یەکترقبوڵنەکردن و لێکتێنەگەشتنی کۆمەڵگە، جەنگی لەبرسان و بێ ژیانی، جا کامە جەنگ نا!
لەسەرووی ئەوانەشەوە ئێمە چەندین ساڵ جەنگی خۆمان بەرانبەر زۆرێک لە کەسوکارمان ئەزموون کردبوو، کە دژی ئەو خۆشەویستیەی ئێمە بوون، دەبێت ئەوە بڵێم: کە ئەوەیان تاڵترین جۆری جەنگی نێو کۆمەڵگاکەمان بوو، چوونکە مرۆڤ ناتوانێت لەوە تێبگات بۆ کاتێک دوو کەس یەکدیان خۆشدەوێت، دەبێت لەلایەن کەسوکارەکانەوە ڕێگیری بکرێن و بە حیسابی خۆیان ئەوان تۆ دەپارێزن، لە شتێکی خراپ، ئا خراپ. لەکاتێکدا کەسوکاری ھەرکەسێکمان پێیان وایە ئەوان منداڵی خۆیان خۆشدەوێت و ئەو ڕێگیرییە بۆ بەرژەوەندی منداڵەکانیانە، ئاخر ئەوە کەی ڕەوا و لۆژیکە ڕێگیری لەخۆشەویستیت بکەن چوونکە خۆشیان دەوێیت ھا!

ئێمە بە ڕاڕایی بڕیاری بەجێھێشتنی وڵاتماندا، ڕۆژانێک کە بەڕێگا ڕۆشتنێکی زۆر و برسیەتیی و پڕ لە ترسمان لەو ڕێگایەدا بردەسەر، تا گەشتینە ئەو شوێنەی کە براینە نێو یەختێکی بچووکەوە، لەگەڵ ژمارەیەکی تری زۆری ژن و پیاو و گەنج و تەنانەت منداڵی زۆر بچووکیش. کاتێکی زۆر لەنێو دەریادابووین، وابزانم بەو شەوەوە کە درەنگانێک بردیانینه‌ نێوی، نزیکەی دوو شەو و ڕۆژێک بوو، پێش ئەوەی بگەینە ئەو بەندەرەی کە دیاری کرابوو، یەختەکەمان شکا و لەگەڵ کاتدا، بەرەو ژێرئاوکەوتن دەچووین. ھێواش ھێواش دەمانبینی کە چۆن ئاو دەھاتە نێوی و تا دەھات بەشی سەرەوەی یەختەکە کەمتردەبووه‌وە، ئەوەش سەیرکردنی مردنی خۆتە بە ھێواشی. ئەوە ئەو ڕووداوانەن کە مرۆڤ ھەرگیز ناتوانێت بیانگێڕێتەوە، تەنھا ئەو کەسانەی کە خۆیان لە وەھا دۆخێکدابوون، دەزانن چی ڕوویداوە. دەنا ھەرگیز ئەو ئازار و تاسانە بە گێڕانەوە ناگاتە کەسانێک کە بۆخۆیان ئەوەیان بەسەر نەھاتبێت.

ھەردووکمان یەکی چاکەتێکی فریاگوزاریمان پێبوو، کە پارچە تەبەدۆری تێدابوون. خۆشەویستەکەم و من پێکەوە دەستی یەکمان گرت و خۆمان فڕێدایە نێو ئاوەکە، ئێمە دەمانڕوانییە یەکدی، لەژێر ڕووناکی مانگدا چاوی یەکدیمان دەبینی.

سەرەتا دەنگی ھاوار و قیژە قیژی خەڵکی و بەتایبەتیش منداڵەکان، زۆر دەھات. دایکت دەبینی منداڵەکەی بەرزکردبووه‌وە تا بە حیسابی خۆی گیانی ئەو بپارێزێت، خۆشی بمرێت قەینا، خەڵکت لە پەلەقاژەدا بەرچاودەکەوت، کە لەتاوان خۆیان دەخستە سەرشانی ئەوانی دیکە، تا ژێرئاونەبن و خۆیان لەمردن بگێڕنەوە. ئێستا لەم کاتەدا ڕووخسار و تاساویی ئەو پیاوەم لەپێش چاوانە کە پڕی بە ھێلەگی فریاگوزاری خۆشەویستەکەمدا کردبوو، دەیویست لێی دابدڕێت و بۆخۆی بەرێت، لەوکاتەدا پاڵێکم پێوەنا و ھەردووكیشمان دەگریاین. تا دەھات دەنگەدەنگەکە کەمتر دەبووه‌وە و شەپۆلەکان خەڵکەکەیان لێک دووردەخستەوە، زۆرێک لەوانە لە پەشۆکاویدا ھەر زوو ژێرئاو كه‌وتبوون. ئەوانەشی کە وەک ئێمە شتێکیان پێبوو، ھەر وەک شتێکی جیاواز لە ڕەنگی ئاوەکە، بە بچووکی بە ھەڵبەزودابەزێکی نەرمەوە دەردەکەوتن. ئیدی ھەموو لەھاوارکردن ماندووبووبوون. له‌شمان لەژێر ئاوەکەدا، خەریکبوو لە ساردییدا دەیبەست، ھێزی گریانمان زۆر کەم ببووه‌وە، ھێندەش تاسابووین، دەتگوت لەنێو فیلمێک یان خەونێکداین و ئێستا نا ئێستا کۆتایی دێت. بە ھەڵلەرزینەوە بەخۆمانمان دەگوت:

ئێمە وەک ڕۆز و جاکی نێو فیلمی تایتانیک ناکەین، نابێت کەسمان كه‌سمان بەجێبھێڵین نانا نابێت، ئێمە بەیەکەوە دەژین و ھەردەبێت پێکەوەش بمرین. ھەردووکمان پێکەوە و بەدەنگەوە دیارە لەگەڵ پێکدادانی ددانەکانمان، لە چەقوچۆقدا، ئەو گۆرانییەمان دەگوتەوە کە ئێستا ھەمیشە گوێی لێ دەگرم:
سەفەرمەکە، سەفەرمەکە،
دڵم دەڵێ ناتبینمەوە، دڵم دەڵێ ناتبینمەوە.
فێرە گریانێکی سەخت بووم،
دەستم پێکرد ژیرنابمەوە …

ئێستا ھەرچی دەکەم و بیردەکەمه‌وە، ناتوانم ئەو کاتەم بیربکەوێتەوە کە دوا لێکڕوانینمان لەکامەکاتدا بووە و کامە دێڕی شیعرەکەمان پێکەوە وتووه‌تەوە، کە لەھۆشخۆچووین، نازانم پێشتر کاممان ئاگامان لەخۆ نەماوە، من لەھۆشخۆم چووم و خۆشەویستەکەم لەمنی ڕوانییووە یان پێشتر ئەو لەھۆشخۆی چووە، خۆ ڕەنگیشە ھەردووکیشمان لەیەک کاتدا ئاگامان لەخۆمان نەمابێت و دەستی یەکدیمان بەردابێت. نازانم چەندێک لەوێدا ماوینەتەوە و کەیش پۆلیسی دەریا ھاتووە، ئاخر ئێمە پەیمانمان دابوو پێکەوە بمرین و دەستی یەکدی بەرنەدەین، بەڵام کاتێک ھۆش خۆم ھاتمەوە، پزیشکێک بەھەردووک پەنجەکانی چاوی دەکردمەوە و تیشکێکی تێدەگرتم و دەیگوت: مستەر ھێی ھێی مستەر، كان یو ھیەر می (گوێت لێمە)؟

ئێستاش لێرەم، ئا لەم شارە. من دووجار تا ئێستا ئێرەم بەجێھێشتووە و ویستوومە بۆ ھەمیشە بگەڕێمەوە بۆ ئەو وڵاتەی لەگەڵ خۆشەویستەکەمدا بڕیاری بەجێھێشتنیماند. لەوێ ناتوانم بۆ ساتێکیش بەبێ گریان بم. ئەو شارەی ئێەمەی لێ گەورەبووین، ھەر کۆڵانێک، ھەر شەقامێک، ھەر جوڵەیەک، بە یادەوەرییەک و بیرھاتنەوەیەکی خۆمانەوە بەستراوەتەوە. تەنانەت سەرەتا و کۆتایی وەرزەکان و بۆنی سروشت و زمان و ھەرشتێک ئا ھەرشتێک و ھەرجووڵەیەکی ھەمیشە ئەوم بیردەخاتەوە … ئەوە چیرۆکی من و ھیدفۆنەکەمبوو.

دوای بڵاوکردنەوەی چیرۆکی پیاوە ھیدفۆن لەگوێکە، لە ڕۆژنامەی شاردا، خەڵکی بە گشتی بەچاوێکی زۆر ھاوخەمییەوە دەیانڕوانییە گۆشەگیر. بەشێوەیەک زیادەڕۆیی نییە گەر بگوترێت زۆرێک لەوانەی ڕۆژانە لە وێستگەکان لەنزیکییەوە دەوەستان، بە ھێمنی گۆرانییەکەیان لەگەڵدا دەگوتەوە، تەنانەت ئەو پیرێژنەی کە پێشتر لێی تووڕەبووبوو وە ویستبووی پەلاماری ھیدفۆنەکەی بدات، بینیبوویان کە لەتەنیشتییەوە وەستاوە و فرمێسک بەژێر چاوەکانیدا ھاتوونەتە خوار و بەھێواشی ئەویش لێوەکانی جوڵاندووه‌، وەک ئەوەی بڵێت:
دنیا ڕەنگی فرمێسکی ئینسانی گرتووە،
خۆشەویستی تابوتێکە، زۆرکەسی تیا پاڵکەوتووە.

دوای ساڵانێک لە ھەمان ڕۆژنامەدا، کە چیرۆکی پیاوە ھیدفۆن لەگوێکەی تێدا بڵاوکرایەوە، لەیەکەم لاپەڕەدا و لەگەڵ وێنەیەکی گەورەی گۆشەگیردا نووسرابوو: پیاوە ھیدفۆن لەگوێکە ماوەی ھەشت ڕۆژە نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، ھیدفۆنەکەی لە کەناری ڕووبارەکە لەو شوێنەی کە زۆرجار لێی دانیشتووە دۆزراوەتەوە.

نۆڤەمبەری ٢٠١٧

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین