By Asma Mohe

وێنای ژن لە هۆنراوەی گۆرانییەکانی مەزهەری خاڵقیدا


Loading

ساكار زێڕین

نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ئەو وێنایەی ئەوڕۆکە لامان دروست بووە لەسەر ژن و پیاو دەکرێ لە چەندین لاوە بۆمان هاتبێت وەک کۆمەڵگا، خێزان، نەریتی کولتوری و لەم دوواییانەش لە ڕێگەی میدیاوە. گرنگە دەرك بە کاریگەری جۆرەکانی میدیا بکەین لەسەر تاك و کۆمەڵگا، چونکە میدیا ئەوڕۆکە بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری، گۆڤار و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن دەمێکە بوونیان هەیە لەنێو خەڵك و ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە دروستکردن و برەودان بە وێنەی چۆنیەتی ژنبوون و پیاوبوون. مۆسیقای میللیش پشکی خۆی بەردەکەوێ لە بەرهەم هێنانەوە و بەردەوامی دان بەو وێنەیە. مۆسیقا لە توانایدا هەیە کاریگەری لەسەر بیروبۆچوونمان دروست بکات لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی هەر گۆرانییەك، کە ژمارەی بێشوماری لێ دەفرۆشرێ و دەخرێتە بەر دەستی هەوادارانی مۆسیقا کە بە سەدەها و هەزارەها جار لێدەدرێتەوە لە ڕێگەی کەناڵی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ئامێرە پێشکەوتووەکانی تەکنەلۆژیا. بەڵام زۆربەمان گرنگی بەو پەیامە نادەین کە لە ڕێگەی هۆنراوەی گۆرانییەکان بۆ بیسەران دەگوازرێنەوە. خانمی نوسەر نیکۆڵا دیبن سەبارەت بەمە لە ئارتیکڵی ”نواندنی مێیینایەتی لە مۆسیقای میللیدا” دەڵێت: ”مۆسیقا نەك تەنها ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵکو دەتوانێ هانی بیسەریش بدات کە هەڵوێست لەسەر هەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی وەربگرێت”.

مۆسیقای میللی دەتوانێ کاریگەری گەورە دابنێ لەسەر چۆنیەتی دروستبوونی وێنا و ڕۆڵی جێندەری لە کولتوری میللەتاندا، ئەوەش لە ڕێگەی دووبارەبوونەوەی بێشوماری گۆرانییەکی ناودار و بیستنی لەلایەن سەدەها و هەزارەها بیسەری موسیقاوە لەنێو هەموو چین و توێژێکدا. لێکۆڵینەوەیەك لە زانکۆی براون لەسەر ڕەفتاری منداڵ و هەرزەکاران ئاماژە بەوە دەکات، کە مۆسیقا و گۆرانی نەك تەنها خولقێنەری کەشێکی خۆشن لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەکاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا، بەڵکو وێنایەك دروست دەکات لای هەرزەکاران

 لەسەر جیهانی گەورەکان لە ڕێگەی دنیابینی و زمانەوانی ئەو مۆدێلانەی هونەرمەند هەڵیان دەبژێرێ (براون). دەتوانین لەلای خۆمانەوە ڕاستی و دروستی ئەنجامگیری ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆرانییە بەناوبانگەکەی گۆرانیبێژ ئاراس ببینین بەناوی ”خەپە گیان بووخۆم” کە چۆن لەنێو خەڵک دەنگی دابووەوە و بە گەورە و بچووكەوە لاسایی ئەو دێرەیان دەکردەوە. ئیتر مادام هونەرمەند ڕێگە بەخۆی بدات لەم جۆرە دەستەواژانە بەکاربێنێ، لای خەڵك و بەتایبەت منداڵ و گەنج ئاسایی دەبێت کە بیڵێنەوە.

لێرەدا گرنگی هونەری مۆسیقامان بۆ دەردەکەوێ، کە دەتوانێ ببێت بە بەشێک لە ناسنامە و فەرهەنگ و کولتوری میللەتێك. ئەو پرسیارەی دەبێ بکرێ ئەوەیە ئاخۆ چ هۆنراوەیەك شایەنی هەڵبژاردن و گرێدانیەتی بە ئاوازێکی تایبەت تا بەر گوێی بیسەران و هەوادارانی مۆسیقا و هونەر بکەوێت؟ ئایا بەرپرسیارێتی هونەرمەند لە کوێوە دەوەستێت لە داهێنان، لە هەڵبژاردنی ئاواز و بەتایبەتی هۆنراوە کە شایستە بێت بە گۆهداریکردن؟ نەك هەر ئەوە بەڵکو قابیلی ئەوە بێت، ببێت بە بەشێك لە سامانی نەتەوەیی و فۆلکلۆری میللەتێك.

ئایا بەڕاستی چەند لە هونەرمەندانی کورد بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی، مرۆیی و مێژووییە هەستاون؟ چەندە لە خەمی ئەوە دابوونە کە فەرهەنگێکی باڵا بۆ نەوەی داهاتوو بگوازنەوە، کە پڕبێ لە جوانی داهێنان، لە زەوق، سەلیقە و سەروەری مرۆڤەکان نەك سووکایەتیکردن بە هیچ ڕەگەزێك بە ناوی کولتور و فۆلکلۆرەوە؟

هەر لە چوارچێوەی ئەم باسە و گەڕان بە دوای وەڵام بۆ ئەم پرسیارانە، پێم خۆشە وەك نموونە دەستەیەك لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە مەزهەری خالقی هەڵبژێرێم و گەشتێك بەناو هۆنراوەی گۆرانییەکانیدا بکەم بە مەبەستی وردبوونەوە لە پەیامی پشت هۆنراوەکان. دڵنیام لە ناوبانگ، سەدای خالقی و کاریگەری گۆرانییەکانی لەسەر نەوەی کۆن و نوێی کورد، بەتایبەتی لە هەردوو پارچەی باشور، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی تاڕاوگە. زۆرن ئەوانەی حەز بە دەنگی ئەم هونەرمەندە دەکەن و گۆرانییەکانی بوونەتە بەشێکی خۆش لە یادەوەرییەکانی ڕابوردوو، ڕازاندنەوەی ساتەکانی ئێستا بە کەشێکی جوانی ڕۆمانسی و دڵنیاشم کە گۆرانییەکانی نەمرن و نەوە دوای نەوە بە زیندوویی دەمێننەوە. کاریگەری دەنگە پڕسۆز و هاوخەمییەکەی لە سەردەمی کۆڕەوەکەی ١٩٩١ بە گۆرانی ”لێتان نابینەوە” ئومێدبەخشین بە کوردانی پەناهەندە بە گەڕانەوە بۆ وڵات لە ڕێگەی گۆرانی”ئەگەڕێمەوە” ئەستەمە لە یادەوەری نەتەوەییمان بسڕێنەوە. بە هەمان شێوەی گۆرانییەکانی بۆ کورد و وەتەن و ئاوێتەکردنی عەشقی وڵات بە عەشقی یار. ڕاستە زۆربەمان بە دەنگە نەرم و سازەکەی خالقی بەجۆش هاتووین، بەڵام لەو باوەڕەدام زۆر کەممان هەڵوەستەمان کرد بێ لەسەر هۆنراوەی گۆرانییەکانی بۆ یار و خۆشەویستی، لە وشە و دەربڕینەکانی تێفکری بین.

ئەو کۆمەڵە گۆرانییەی کە بەردەستم کەتوون، توانیومە هۆنراوەکانیانم دەست کەوێت بریتین لە بیست و هەشت گۆرانیی مەزهەری خالقی. لەم بیست و هەشت گۆرانییە تەنها هۆنراوەی پێنج گۆرانی لەسەر هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانییە ئەوانی تر هەمووی باس لە دڵداری، جوانی و لەنجەولاری یار دەکات، لەلایەکی تریشەوە باس لە ڕاپەڕاندنی ئەرك و کاری ڕۆژانەی ژن دەکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە کە هۆنراوەی ئەم گۆرانییانە ژن تەنها وەك ئۆبژێکتێك دەبینێت و جگە لە جوانی ڕووکەش و فیزیکی ژن گرنگی بە هیچ لایەنێکی تری ژن نادات. لە بەرامبەر ئەمەشدا پیاو باڵادەستە و تەنها لە ڕێگەی ڕوانینی پیاوەوە ژن وێنا دەکرێ و ڕۆڵ دەبینێ، هەموو بابەتەکان لە دەوروبەری خواست، ویست و ئارەزووی پیاوەکە دەسووڕێتەوە.

دیارە ژانری بەرهەمەکانی مەزهەری خالقی زیاتر فۆلکلۆرین، خەمی گەورە و دەسکەوتی هەرە گەورەی هونەرمەند زیندووکردنەوە و زیندووڕاگرتنی هونەری فۆلکلۆری کوردییە. لەگەڵ ئەمەشدا بۆ خۆی هۆنراوەی بۆ هەندێك لە ئاوازە فۆلکلۆرییەکان چڕیوە، یان لەنێو شعری شاعیرانی کورد هەڵی بژاردوون. لە کاتی دەرچوونی گۆرانییەکانی خالقی لە شەست تا نەوەدەکان بیسەری لە هەموو چین، توێژ و تەمەنێك هەبوو، بەتایبەتی لەنێو نەوجەوان و گەنج و هەتا بەساڵاچوانیش هەواداری زۆری هەبووە. هۆکارەکەشی دەشێ ئەوە بووبێ، کە کەناڵی بڵاوکردنەوە لەو سەردەمانەدا کەمتربوون وەکو ئێستاش گۆرانیوتن و بڵاوکردنەوەی ئاسان نەبوو. لەوانەیە ئێستا لەنێو هەرزەکاران جۆرێکی تر لە مۆسیقا و هونەرمەندانی تر باو بن، بەڵام دەنگ و گۆرانییەکانی خالقی سیحری خۆیان هەر ماوە لەنێو گەنج، تەمەنی مامناوەند و بەساڵاچوانیشدا. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە مەودای تەمەن و ئاستی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانەی گوێبیستی گۆرانی و واتای هۆنراوەکان دەبن زۆر بڵاوە. کەواتە ئەو پەیامەی هونەرمەند دەیەوێ بیگەیەنێ لە ڕێگەی هۆنراوەی گۆرانییەکانی دەگات بە چەندین کەس کە بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە. بۆیە زۆر لە هونەرمەندان دەرك بە کاریگەری هۆنراوەی گۆرانییەکانیان ناکەن لەسەر بیسەران، بەتایبەتی کاتێك گەنجێکی زۆر گوێبیستی هۆنراوەی گۆرانییەکان دەبن، بەدڵنیاییەوە کاریگەری دادەنێ لەسەر شێوەی بیرکردنەوەیان سەبارەت بە خۆیان و دەوروبەریان. لە ڕێگەی شیکردنەوەی هۆنراوەی ئەم گۆرانییانە دەتوانین ببینین کە چۆن مۆسیقای میللی ڕۆڵی خۆی دەبینێ لەسەر چۆنیەتی وێناکردنمان بۆ جیهانی دەوروبەرمان.

دەمەوێت بە کەڵكوەرگرتن لە مێتۆدی ڕەخنەی فێمێنیستی، خوێندنەوە و شیکردنەوە بۆ هۆنراوەکانی ئەو بیست و هەشت گۆرانییە بکەم، کە لە کۆتایی نوسینەکە ناویان دەبەم. ئاشکرایە کە ڕەخنەی فێمێنیستی لە بزووتنەوەی فێمێنیستییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئامانجی سەرەکی بەدیهێنانی یەکسانی بووە لە نێوان هەردوو ڕەگەز. هەربۆیە ڕەخنەی فێمێنیستی ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی هەر سێ شەپۆلی فێمێنیستییە، ئەم شەپۆلە یەك لە دوای یەکانەی فێمێنیستی نەهامەتییەکانی ژن، گرنگی خوێندن و دامەزراندن، یاساکانی هاوسەرگیری دەخەنە بەرباس و لێکۆڵینەوە (شەپۆڵی یەکەم). نەهێشتنی جیاکاری دژی ژنان لە شوێنی گشتی و تایبەتدا (شەپۆڵی دووەم). کاریان کردووە بۆ بەگژداچوونەوەی نایەکسانی دژ بە ژنان بەهۆی تەمەن، جێندەر و پێگەی کۆمەڵایەتییان (شەپۆڵی سێیەم). بەم شێوەیە خواست و داخوازی هەرسێ شەپۆلی فێمێنیستی وەرگێڕدراون بۆ ڕەخنەی ئەدەبی، چونکە هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ژن بە چاوی یەکسان و هاوتا سەیر بکرێت لە هەموو بوارەکانی ژیان. بۆیە پشکنینی هەر دەقێکی ئەدەبی بە لێنزی ڕەخنەی فێمێنیستی دەتوانێت ئامرازێك بێت بۆ بڵاوکردنەوەی وشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەروەها بۆ گۆڕانکاری بە بەکارهێنانی ڕەخنەی فێمێنیستی بۆ شیکردنەوەی هۆنراوەی گۆرانییەکانی خالقی هەوڵ دەدەم نیشانی بدەم، کە چۆن هەر یەکێك لە ڕەگەزەکان وێنا کراون و دەریخەم، کە ئایا هۆنراوەکان پشتیوانی دەکەن لە برەودان بە ئەقڵیەت و سیستەمی پیاوسالاری لە ڕێگەی دووبارە بەرهەم هێنانەوەی وێنا و ڕۆڵی جێندەری باو لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا.

 

ژن لە ”ڕوانینی پیاو”دا لە هۆنراوەی گۆرانییەکانی مەزهەری خاڵقیدا:

سەرەتا پێم باشە چەشنی ئەو جۆرە لە مۆدێلی ژن لێرە دابڕێژمەوە، کە دێتە بەرچاومان لە کۆی هۆنراوەی گۆرانییەکانی هونەرمەند. ئەم جۆرە وێناکردنە دەکرێ شوێنی خۆی کردبێتەوە لە ناخودئاگا و بووبێتە بەشێك لە خەیاڵ و فانتازیای هەردوو ڕەگەز و کۆمەڵگا وەك نموونەیەک/مۆدێلێك بۆ ژنی سەرنجڕاکیش، بە هەمان شێوەی جێگیربوونی لە هونەر و ئەدەبیاتی کوردی.

مۆدێلی ژنی سەرنجڕاکێش لە هۆنراوەکان چاوڕەش (یان کاڵ)، چاو بە کل، برژانگی کەوان، ئەبرۆی تیرئەندازە، ڕوومەت سپی و ڕوو بە خاڵ، دوو لێوی ئاڵ و جوان و نەخشین، پەرچەم سیاهە، زوڵفی خاو و زەری و لوول، گەردەن ناسك و خاڵ لە مل، پەنجەی شمشاڵ، باسك زیوین، قەد باریك و باڵا بەرز، مەم گرد وەك هەنار و لیمۆی کاڵ، کەمەرە شل و پاو پوزی زێڕین. ئەم وەسفانە هەر هەمووی لە کۆی ئەو بیست و هەشت گۆرانییە دەرهێنراوە کە بە وردی خوێندنەوەی بۆ کراوە.

لێرەدا دەبینین کە ژن تەنها لە ڕوانین و ڕوانگەی پیاوەوە وێنا کراوە، بەو جۆرە وێناکراوە کە پیاوەکە دەیەوێ بیبینێ. دیارە یەکێك لەو بابەتانەی کە گرینگە بۆ ڕەخنەی فێمێنیستی بیرۆکەی ”ڕوانینی پیاوە” لە بەرهەمی هونەریدا. لە پەیوەند بەم جۆرە لە ڕوانینی پیاو بۆ ژن خانمە نوسەر دێمێتریا شاباز، نوسەری ”ڕوانینی پیاو؛ وێناکانی ژنانی ڕەشپێست لە سینەمای ئەمریکیدا”، باس لەوە دەکات کە چۆن ”ژن، وەك ئەوی تری پیاو، لە کولتورێکی پیاوسالاریدا وابەستەی سیستەمێکی سیمبۆلیکە، کە تیایدا پیاو هەموو هەوەس و فانتازیاکانی لە ڕێگەی زمانەوانی بەسەر وێنای ژنێکی خامۆش/بێدەنگ فەرز دەکات، کە لە شوێنی خۆیدا وەك هەڵگری مانا، نەك دروستکەری مانا، ماوەتەوە”. لێرەدا وێنا و بوونی ژن لە هونەردا لە ڕێگەی چاویلکەی پیاوەوە بۆ بیسەر و خوێنەر دەگوازرێتەوە. نەك هەر گوێگری پیاو، بەڵکو ژنیش هەمان ڕوانگەی پیاو دەگرێتەخۆ و بە چاوی پیاو سەیری خۆی و هاوڕەگەزەکەی دەکات. هەر بۆیە زۆرجار ئێمەی ژن لە پیاو زیاتر لایەنی فیزیکی و جوانی ڕووکەشی ژنێکی تر دەخەینە ژێر باس، سەرنج و ڕەخنەوە.

سەبارەت بە بوونی ژن وەك ئۆبژێکتێك بۆ ”ڕوانینی پیاو” لە بەرهەمە هونەرییەکاندا خانمی نوسەر برێندا کوپەر هۆکارەکەی بۆ ”ڕەنگدانەوە و ڕازیکردنی ناخودئاگای پیاو” دەگەڕێنێتەوە. ئەوە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆ دەبێ ڕوانین و ڕوانگەی پیاو لە کولتورێكی پیاوسالاردا ئەدۆپت بکرێت، بۆ دەبێ ژنان بەسانایی قبووڵی ئەم ڕوانگەیە بکەن لە هونەر و لە هەموو لایەنەکانی ژیان، کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هەر بۆیە ”ڕوانینی پیاو” گرنگە بۆ ڕەخنەی فێمێنیستی چونکە لە کۆتاییدا پاڵپشتی کۆمەڵگایەکی پیاوسالار دەکات، کە پیاو تیایدا باڵادەستە و تەنها ڕوانگەی پیاو بەهەند وەردەگرێ لە زۆر بواردا، بەم شێوەیە ژن لە پلەی خوارتر لە پیاو دەمێنێتەوە.

ئێستا جێی خۆیەتی بپرسین ئەم مۆدێلە لە ژنبوون لە هۆنراوەی گۆرانییەکانی خاڵقیدا نوێنەرایەتی ڕێژەی لە سەدا چەندی ژن بووە، لەو سەردەمانەی گۆرانیبێژ ئەم گۆرانییانەی بەرگوێی خەڵکی داوە؟ مەگەر ناڵێین هونەر و گۆرانی ڕەنگدانەوەی واقیعی ئەو کۆمەڵگایەیە کە لێوەی دەردەچێ؟ ئایا چەند ژنی دەست بە قڵێش، پێست وشك، کوڵم سووتاو و هەڵقرچاوی بەر هەتاو لە لادێکاندا خۆیان لەم مۆدێلی ژنەدا بینیووەتەوە؟ ئایا ئەم جۆرە وێناکردنە بانگەواز و بە بازاڕیکردن نییە بۆ ئەم جۆرە لە لەشولار بۆ ژن تا سەرنجی پیاو بۆ خۆی ڕابکێشێ؟ ئاخۆ دەبێ خستنەبازاڕی ئەم مۆدێلە لە ژنبوون لەو سەردەمانەدا چ کاریگەرییەکی لەسەر ناخودئاگای ژن دروست کردبێ. ئەوانی خستبێتە ژێر چ فشارێکی دەروونی و جەستەیی تا ئەوانیش بەو پلە لە جوانی و شۆخوشەنگییە بگەن تا بەرچاوبن و ببنە جێی سەرنج، خواست و ویستی پیاو!؟ لە هەمووشی گرینگتر تا نەمێننەوە.

لە هۆنراوەکاندا جگە لە زەرورەتی جوانی ڕووکەش و ڕووخسار، لەشولاری ژن، ژن وەك بوونەوەرێکی سێکسی و ورووژێنەر وێنا دەکرێت لە دیتنی پیاوەوە. توانای لە ڕادەبەدەری ژن لە ورووژاندنی پیاو لە ڕێگەی پێچاوپێچی جەستەی لە زۆربەی گۆرانییەکان ئاماژەی پێکراوە. لە گۆرانی ”شیرین تەشی دەڕێسێ” دەبێژێ: ”دڵەمی خستە لەرزە، لەرەی مەمکی هەناری”. بە هەمان شێوە لە گۆرانی ”ناوێرم” دەڵێ: ”ناوێرم بیگوشم، بیمژم لیمۆکەی کاڵە، کوشتەی کیژێکم هاوار لەو ماڵە”. لێرە دەبینین کە چۆن ژن و جەستەی ژن تەنها و تەنها وەك ئۆبژێکتێک سێکسی ورووژێنەر لە هۆنراوەی گۆرانییەکان دەردەکەوێ، وەکو ئامرازێك بۆ لاواندنەوە و سەرمەستکردنی خەڵك، وەکو ئاژەڵ (کەو، ئاسك)، وەک سروشت (لاولاو، هەڵاڵە، چوزەی یاسەمین) و پەیکەرێك وەك پەری نەك وەك مرۆڤێکی خاوەن هێز و ئیرادە. جێگەی پرسیارە کە بۆچی ئەوەندە جەخت لەسەر جوانی ڕووکەش و توانای ورووژاندنی جەستەی ژن دەکرێتەوە، لەبڕی توانای ئەقڵی و جەستەیی لە بەشداربوونێکی کارای ژن لەنێو هەموو کایەکانی ژیان لە کۆمەڵگادا.

هۆنراوەکان نەك هەر هەمان وێنا، ڕۆڵ و نەریتی کۆمەڵایەتی سەدەی ڕابردوو بەرهەم دەهێننەوە، بەڵکو بگرە کۆتوبەندی دەست و پێی ژن، کە خۆی لە بازن، خڵخاڵ، مێخەكبەند و گۆبەرۆک دەبینێتەوە هێندەی تر دەیڕازێنتەوە. لە گۆرانی ”کەومل” ژنێك ”خڕنە خڕنی بازنەکەی، پەنجەی پڕ لە پوولەکەی، مێخەكبەند و گۆبەرۆك، لە ناو کیژانا [دەیکات بە] سەرۆك”. هەر ئەم خشڵ و خۆڕازاندنەوەیەی ژن بەکارهێنراوە بۆ زیاتر دەرخستنی توانای ورووژاندنی ژن لە چاوی پیاودا. ”مێخەكبەند وا ئەخشێ لەناو مەمکانی” نموونەیەکە لە گۆرانی ”سەرگوڵ”دا. ئایا ئەم هەڵبەست و هۆنراوانە زیاتر بانگەوازکردن و هاندانی ژن نەبووە بۆ ئەوەی هەموو هزر و هۆشیان لای خۆجوانکردن و خۆڕازاندنەوە بێت، تاکو ببنە جێگەی سەرنج و ڕەزامەندی پیاو؟ دەی ئێستا بۆ لامان سەیر بێت کە دەبینین ژنی کورد بەتایبەتی لە باشور هێندەی خەریکی خۆجوانکردن و خۆڕازاندنەوەیە هێندە گرنگی بە پەرەپێدانی توانا، کارایی و لێهاتوویی خۆی نادا لە هەموو بوارەکان! بۆ لامان سەیر بێت کە ژن دوای ڕاپەڕین و ئێستاش نەیتوانیوە ڕزگاری بێت لەو دیدە پیاوسالارییە بۆ بوون، ڕۆڵ و پێگەی لە کۆمەڵگادا!

ئەوەی جێگەی سەرنجە کە هونەرمەند هەمان دەستەواژە بەکاردەهێنێتەوە لە گۆرانییەکان، کە پاشخانی کولتورێکی تووندوتیژە بەرامبەر ژن. بۆ نموونە؛ لە گۆرانی ”ئای شل” کەڵك لە دەستەواژەیەکی باوی ناو خەڵك وەردەگرێت ئەویش دەستەواژەی ”ئەڵێی نەوبووکی زاوا لێی داوی”.  ئەو وتەیە تەعبیر لە عادەتێکی قێزەونی کۆمەڵایەتی دەکات، کە لەو سەردەمە دەبوو زاوا هەر زوو دوای هاوسەرگیری لە بووکێ بدات بە مەبەستی چاوترساندنی لە ڕێگەی نیشاندانی هێزی ماسولکە و دەسەڵاتی نێرینەیی، کە کۆمەڵگا پێی بەخشی بوو. ئەوەش بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵ، خستنە ژێر ڕکێف و ملکەچکردنی ژنەکەی، یان لەوانەیە ئەو لێدانە لە ئەنجامی لێك تێنەگەیشتن ڕووی دابێت لە نێوان دوو هاوسەر کە تازە چوونەتە پڕۆسەی هاوسەرگیری، دیسان پیاوەکە توندوتیژی جەستەیی بۆ مەبەستی پاراستنی دەسەڵات و باڵادەستی خۆی بەکاردەهێنێ. ئایا بەکارهێنانەوە و کەڵكبینین لەم دەستەواژەیە لە هۆنراوەی ئەم گۆرانییەدا برەودان نییە بە ئەقڵییەتی سادیستی پیاوسالاری؟ بە بەرگوێدادان و چەندبارەکردنەوەی ئەم دەستەواژە قێزەونە لە ڕێگەی ئەم گۆرانییەوە دەتوانێ وەك وەبیرهێنانەوەیەك  پەیامێك بنێرێ بۆ ناخودئاگای پیاوان، کە کرداری توندوتیژی دژی ژن بە ئاسایی و نۆڕماڵ بکات لەو حاڵەتەدا.

دەستەواژەیەکی باوی تر کە لە هۆنراوەی گۆرانی ”کەومل” بەرگوێمان دەکەوێ، چەمکی ”کەلەقەندە”. لەم کۆپلەیەدا ”هەستە بزانم چەنێکی، ئەوەنەی کەلە قەندێکی، هەنار پڕ بەدەنێکی، خەیار گوڵ بە دەمێکی” ئێستێتیکی جوانی لەشولاری ژن وەك (کەلەقەند/شەکر) دەبینرێت کە سەر، سینگ، ناوقەد باریك و پاشەڵ ئەستوورە. ڕوون و ئاشکرایە کە بەکاڵاکردنی جەستەی ژن لە ڕێگەی ئەم لەیەكچوونە لە ئەدەبی فۆلکلۆری زارەکی ڕەنگدانەوەی زهنیەت و ئێستێتیکی باوی سەردەمی پیاوسالارییە. بە بڕوای من ئەو جۆرە دەربڕین و فەرمانپێکردنە لەلایەن پیاوەوە ”هەستە بزانم چەنێکی”، کە داوا لە ژن دەکات هەستێت و خۆی نیشان بدات تاکو پیاوەکە هەڵیسەنگێنی و بزانێ بای چەندە جۆرێك لە پلەبەرزی پیاو، سووکایەتی و بەبازاڕیکردنی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بڵاوکردنەوە، سەما و هەڵپەڕین لەگەڵ نەغمەی گۆرانییەك، کە هۆنراوەکەی جۆرێك لە سووکایەتی بۆ ژن تێدا بێت جۆرێکە لە گەوجاندن و ژنان دەبێت هەڵوەستەی جددی لەسەر بکەن. بە هەمان چەشنی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی ”یەزن” کە هەر یەك لە گۆرانیبێژەکان بە کەیفی دڵی خۆیان دێری سووکایەتیکردن بە ژنیان بۆ زیاد و کەم کردووە کاتێ دەڵێن ”گەورە کچ ماچ بە بەمن” یان ”گەورە کچ هەمووی بۆ من”. کارەساتئامێزە، کە ئێمە بە جۆرێك پڕۆگرامکرابین کە بەکارهێنانی لەم جۆرە لە دەستەواژانە بە ئاساییکرا بێت بووبێتە نەریت کە بە ئاشکرا سووکایەتی بە ژن دەکات.

 

ڕۆڵی ژن لە هۆنراوەی گۆرانییەکانی مەزهەری خاڵقیدا:

ڕاستە هونەر ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانی مرۆڤەکانە، بەڵام زۆرجاریش هونەر توانیوییەتی پێش کات، سەردەم و ئەقڵییەتی باوی ئەو کاتە بکەوێت و دنیابینیەکی نوێ و جیاواز بەرهەم بهێنێت. لێرەدا گۆرانییەکانی مەزهەری خالقی تەنها ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەن، کە تیایدا ژن تەنیا کاری مەڕداری، تەشیڕستن و کاروباری ناوماڵ و ئاوکێشان بووە. لە گۆرانییەکانیدا تەنها دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ئەرك و ڕۆڵە جێندەرییانە بەدی ناکرێن کە بەر ژن کەوت بوو، بەڵکو زێدەڕۆیی لە وەسفی ئەو ئیشە ڕۆتین و تاقەتپڕوکێنانە کراوە و بەڕۆمانسی کراون، هەروەك لە گۆرانی ”شیرین تەشی دەڕێسێ” دەبینین هەموو دنیا لە چاوەڕوانی شیریندایە کاتێ تەشی دەڕێسێ، یان کاتێ دەڵێ ”تەشی وەکو دڵی من لە دەستی ئەو دەلەرزێ، چەند جوان و دڵ ڕەفێنە ئافتاب و تەور و تەرزی”.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێکردنە کە هۆنراوەی ئەم گۆرانییە لەلایەن مامۆستا ئیبراهیمی ستوودە نووسراوە لە ساڵی ١٩٦٠ کراوە بە گۆرانی. ئەوە لە کاتێکدا شاعیری گەورەی کورد هێمن موکریانی پانزە ساڵ پێش وتنی ئەم گۆرانییە واتە لە ساڵی ١٩٤٥ لە شیعری ”یادگاری شیرین” هانی ژنی کورد دەدات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی خوێندن و فڕێدانی پەشمە، نیقاب و ئازادبوون لە کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی. هەر لەم شیعرە ناوازە لەو کات و سەردەمەدا موکریانی بەم چەشنە ئاماژە بە کاری تەشیڕستن دەکات: ”فێری زانست و هونەر بوو، ئەو (کیژی خەڵك) لە سایەی خوێندنی، تۆش تەشیمان بۆ دەڕێسی، یادگاری شیرینە”.

لە هەمان چوارچێوەدا کاتێ مەزهەری خالقی لە گۆرانی ”ڕەشماڵی خێڵان” باس لە جوانی کیژی کورد دەکات، کە چۆن دەچێ بۆ ڕانەمەڕ دۆشین و دڵ پڕ لە هیوا و ئەوینە. هێمنی موکریانی دێت بەراوردێك لە نێوان کار و مەشغەڵەتی ژنی وڵاتە پێشکەوتووەکان و ژنی کورد دەکات، بە مەبەستی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ژنی کورد سەبارەت بە ڕۆڵی گرنگتر و توانای زیاتری ژن لە ڕاپەڕاندنی کاری بەرهەمهێنەر لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. لە هەمان شیعردا موکریانی دەڵێت: ”کیژی خەڵکی بۆمی ئاتۆمی دروست کرد و ئەتۆش، هەر ناوی (ئەستێوڵك) و (دەرخۆنە) و (پنە) دەزانی”. دەبێ ئەوە بزانین کە ئەم جۆرە لە بەراورد و ئاماژەدان بە کاری سادەی ژنی کورد بە کەم سەیرکردنی نییە لەلایەن موکریانی، بەڵکو ئەم گەورە شاعیرە جەخت لە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری ژنی کورد دەکات، کە ڕۆژانە ”شان بە شانی پیاو” سەرقاڵی گواستنەوەی جێ هەوار و بارگەوبنە، خەریکی کشتوكاڵ و بنکۆڵکردنە، هاوشانی پیاوە لە بێر و هاوێرکردن بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت، پەنیر و بەرگن، مەدحوسەنای ژنی کوردی ئازا و سەربەست دەکات. لە هونەری قاڵیدروستکردن و هاوردەکردنی شتومەکی کوردەواری بە شان و بازووی خۆی. لێرە جەخت لە ڕۆڵی یەکسانی ژن دەکات، کە هاوشانی پیاو هەڵدەستێ بە ڕاپەڕاندن و بە ئەنجامگەیاندنی کاروباری ژیانی ڕۆژانە، بەڵکو توانای داهێنانیشی هەیە لە سەرووی بەرپرسیارەتی خۆی.

خاڵێکی تری بەراوردکردن لە گێڕانی ڕۆڵی ژنبوون لە هۆنراوەی گۆرانییەکانی خالقی ئەوەیە، کە ژن تەنها لە ڕێگەی جوانی ڕووخسار و جەستەی خەریکی نمایش و کوڕبەزاندنە، هەروەك لەم کۆپلەیەدا ئاماژەی پێ دەکا: ”لەسەر بان و لەبن بان، لەسەر کانی و لە کۆڵان، هەموو گەنج و لاوی دێ، چاوەڕوانن کەومل بێ” (گۆرانی کەومل). لە کاتێکدا لە شیعرەکەی موکریانی ژنی ئازا و زیرەك و لێهاتوو ”کوڕبەزێنە” لە ڕێگەی عیلم و لە کار و سەنعەتا. لە حالەتێك لە گۆرانییەکانی خالقی ژن بە پلەی ”سەرۆك” بوون دەگات کاتێ زۆرترین خشڵ و زێڕوزیووی پێوەبێ، کەچی هێمنی شاعیر دەفەرمووێ: ”گوارەکەی زێڕت بەکار نایە، لە گوێ بگرە قسەم، لایاقی تۆ عەزیزم شیعری سادەی هێمنە”.

بەدڵنیاییەوە هەموومان ئاستی چاوەڕوانیمان لە کەسێکی وەکو مەزهەری خاڵقی زیاترە لە هێمنی موکریانی، کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی هۆنراوە بۆ گۆرانییەکانی شیعرگەلێك بدا بە گوێی خەڵك کە داکۆکی بکات لە یەکسانبوونی ژن و پیاو لە ماف و ئەرکدا، لە نەهێشتنی جیاکاری جێندەری و فیکری پیاوسالاری، هاندانی ژن بۆ خوێندن، پێشکەوتن و سەرکردایەتیکردن بە ئەقڵ و لێهاتوویی نەك بە کۆتوبەندی بازن، خڵخاڵ و گۆبەرۆك.

پاساوی پشت ئەو چاوەڕوانییەمان لە خاڵقی ئەوەیە ئەو لە ناوەندی هەشتاکان تا ساڵی ٢٠٠٢ لە لەندەن ژیاوە، بەریەكکەوتنی هەبووە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بەتایبەت لە ڕووی یەکسانی جێندەری. تۆ بڵێی هونەرمەند سەرنجی هیچ یەکێك لەو پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییانەی ئەوێی نەدابێ، تاکو لە هەڵبژاردنی هۆنراوە بۆ گۆرانییەکانی ڕەنگبداتەوە و هانی ژن و کۆمەڵگا بدات بۆ ڕزگاربوون لە کۆتوبەندی سیستەمێکی دواکەوتووی پیاوسالاری!

بە لایەکی تردا حەز و سەلیقەی هونەرمەند لە هەڵبژاردنی ئەم چەشنە لە هۆنراوە وەك دەقێکی ئەدەبی لە سامانی فۆلکلۆری ”دەستکردی پیاو”، کە ژن تیایدا پاسیڤانە بەکارهێنراوە وەکو ئامرازێك و ئۆبژێکتێکی سێکسی ئاماژەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ڕادەی کۆنتڕۆڵکردنی پیاو لە هونەردا لەسەر جەستە و سێکسواڵێتی ژن و بەکارهێنانی تەنها وەك بوونەوەرێکی سێکسی. لە کاتێكدا مەزهەری خالقی لە چاوپێکەتنەکانیدا وەك خەمخۆرییەك بۆ موزیکی کوردی ئاماژە بەو ترسە دەکات، کە میدیا هەموو جۆرە موزیکێك بەسەر خەڵك دەسەپێنێت بەبێ ڕەچاوی ئەوەی کۆمەڵگاکەی چ جۆرە موزیکێکی دەوێ، دەکرێ هەمان گلەیش لە بەڕێزیان بکەین، کە ناتوانین شایەدی ئەوە بدەین کە هۆنراوەی گۆرانییەکانی کاریان لەسەر گۆڕان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا کردبێ. بەڵکو ئەوەندی هونەرمەند لە خەمی بەرەوپێشبردنی هونەری موزیکی کوردی بووە، هێندە لای گرنگ نەبووە کە کۆمەڵگا لەنێو هۆنراوەی گۆرانییەکانیدا چەقبەستوو یان هەتا بەرەو دوواوە بگەڕێتەوە.

تۆ بڵێی پاساوی هونەرمەند چی بێت کاتێك بۆ خۆی لە هەموو کەس باشتر هەستی بە گرنگی تێکستی شعری کردووە بۆ گۆرانی و هەوڵیداوە کاریگەری خۆی لەسەر شیعرەکان دروست بکات. ئەگەر مەبەست تەنها زیندووڕاگرتنی فۆلکلۆری میللی بێت، بە منی ژن چی زیندوو مانەوەی ئەو فۆلکلۆرە، کە ژن تیایدا وەك کاڵا و شمەك سەیر دەکرێت. تەنها وەك بوونەوەرێکی سێکسی دەبینرێت، و تەنها توانای ئەنجامدانی کاری لاوەکی ڕۆتینی تاقەت پڕوکێنی هەبێت.

لە کۆتاییدا، بینیمان کە چۆن ژن لە هۆنراوەکاندا وەك بوونەوەرێك وێناکراوە کە تەنها کاری چێژبەخشینە، بە چاو و ڕازونیازی پیاو هەتا لە کاتی ئەنجامدانی کاری ڕۆژانەشی وەك مەڕدۆشین و تەشیڕستن. لە هۆنراوەکاندا ژن بە سروشت پاسیڤ و خامۆشە، تەنها لە ڕوانین و ڕوانگەی پیاو وێناکراوە و ڕۆڵ دەبینێت. بۆیە پیاو باڵادەستە و تەنها ڕاو، سەرنج و ڕوانگەی پیاو بەهەند وەرگیراوە لە هونەردا. ژنیش بەبێ سێ و دوو قبووڵی ئەو ڕوانین و ڕوانگە و وێناکردنەی پیاوی کردووە، بەڵکو بە ناوەخنی کردووە و بووەتە بەشێك لە ناخودئاگایی. هۆنراوەکان هیچ لایەنێکی دید، بۆچوون و هەستی ژن یان کێشەکانی ژن باس ناکەن، چونکە جێگەی بایەخ و گرنگی پیاو نین. پێویستە ژن تەنها توانای چێژبەخشینی هەبێ لە ڕێگای جوانی فیزیکی و توانای ڕاکێشانی سەرنج و ورووژاندنی هەست و سۆزی پیاوی هەبێ. بە واتایەکی تر، ژن پێوست ناکات خاوەن کەسێتییەکی بەهێز و خاوەن ئەقڵ و ناخێکی جوان و قووڵتر بێت لە جوانی پێست. لە هۆنراوەکان ژن وەك کەسێکی پێنەگەیشتوو وێنا دەکرێت، (وەك نەونەمام و لیمۆی کاڵ)، لە پەیوەندی بەوی تری ڕەگەزی نێرەوە هەردەم خەریکی دڵداری، نمایش و بەدەستهێنانی سەرنج، مەیل و نیگای پیاوە لە ڕێگەی ”ئیشارەی چاوەکانی”. ”چرپە و دەم بە پێکەنین و بە لەنجە” ڕۆشتنیەوە، بە ”قاقا و پێکەنینەوە” یان بە ”نێونیگای خومارییەوە”. ئەو جۆرە لە دروستکردنی وێنە و ڕۆڵی جێندەری ژن کاریگەری لەسەر خودی ژن دادەنێت، کە دەکەوێتە ژێر ئەو فشارەی ئەویش دەبێت سێکسی و ورووژێنەر بێت. بەو جۆرە هەڵسوکەوت بکات تا جێگەی سەرنجی پیاو بێت، ئەگەرنا نابێتە جێگەی سەرنج و خواست و ویستی پیاو. بەتایبەتی کچان لە تەمەنێکی هەستیاردا کاتێ لەم شێوە لە مۆدێلی ژنبوون دەبیستن هەست دەکەن کە دەبێ لاسایی ئەم مۆدێلە بکەنەوە تا قبووڵ بکرێن. ئەوەش ڕێك ئەو وتەیەی خانمە ڕەخنەگری فێمێنیستی (نیکۆڵا دیبین)مان بیردەخاتەوە، کە لەو باوەڕەدایە دروستکردنی وێنای مێینەتی لە سیستەمی پیاوسالاردا کە لە مۆسیقای میللیدا ڕەنگ دەداتەوە وێنایەك لەسەر ژن بەرهەم دێنێت کە ژن تیایدا لە هەمان کاتدا ملکەچ، سافیلکە و ناکامڵە، بەڵام لە لایەنی سێکسییەوە ئامادەیە. بەم شێوەیە بینینی برەودان و بەرهەمهێنانەوەی هەمان وێنە و ڕۆڵی جێندەری بەپێی نەریت و دید و بۆچوونی کۆمەڵگە لە هۆنراوەی گۆرانییەکانی خاڵقیدا، زۆر بەڕوونی بەو ئەنجامە دەگەین کە هۆنراوەی گۆرانییەکان پشتگیری دەکەن لە مانەوە و بەردەوامی دان بە ئەقڵییەت و سیستەمی پیاوسالاری. لێرەوەش بۆمان دەردەکەوێ کە چۆن سیستەمی پیاوسالاری هەموو کەلێن و قووژبنی ژیانی ژنی تەنیووە هەتا لە ئەدەبیات و هونەری گۆرانیشدا. دەبێت ئەو شێوازە کۆنەپارێزییە لە وێناکردنی ڕۆڵی ژن کاریگەری لەسەر تێڕوانینی هەزارەها بیسەر جێ هێشتبێت لەسەر چۆنییەتی ژنبوون.

 

سەرچاوەکان

In English

Brown. “New research explores effects of rap music on adolescents.” Brown University Childe&Adolescent Behavior Letter 19.6 (2003).

Cooper, Brenda. “Chick Flicks’ as Feminist Texts: The Appropriation of Male Gaze in Thelma&Louise. “Women’s Studies in Communication 23.3 (2000)

Dibben, Nicola. “Representations of Femininity in Popular Music.” Popular Music, 18.3 (1999): 331-355.

Shabazz, Demtria. “Racializing Feminist Film Theory and ‘the Male Gaze”: Images of Black Women in American Cinema.” Conference Papers..International Communication Association (2008).

هێمن موکریانی: شیعری یادگاری شیرن لە دیوانی (تاریك و ڕوون)، مهاباد ١٩٤٥

هۆنراوەی گۆرانییەکانی مەزهەری خالقی

گوڵی پاراو: نوسینی د.عابد سیراجەدینی

ئەگەڕێمەوە: نوسینی مەحەمەد ڕەسول هاوار

بڵێن بەیار: نوسینی عەبدوڵڵا گۆران

بۆنی هەڵاڵان دێ: پیرەمێرد و فۆلکلۆر

بیرت ئەکەم: مەزهەری خالقی (لەندەن ١٩٩٣)

بیلەنگێنە: فۆلکلۆر (١٩٦٨)

سەرگوڵ: فۆلکلۆر (لەندەن، ١٩٨٦)

عەشقی وڵات: د. عابد سیراجەددینی (تاران، ١٩٦١)

نەسیمەکەی ساردی پایزان

کەویار: فۆلکلۆر (لەندەن، ١٩٨٦)

من هەر تۆم ببێ: د. عابد سیراجەددینی (تاران، ١٩٦١)

من هەر تۆم لە دڵدایە: عوسمان ئەحمەدی (تاران، ١٩٧١)

ناوێرم: پیرەمێرد و فۆلکلۆر (لەندەن، ١٩٨٦)

ئاوێنەی دولبەری: وەفایی (تاران، ١٩٦٠)

بەری بەیان: لەندەن، ١٩٨٥

هەورە مەبارە: د. عابد سیراجەددینی (تاران، ١٩٧٠)

هەی نار: نالی (مەقام)، فۆلکلۆر (لەندەن، ١٩٨٦)

کە دەڵێن ئەمڕۆ: پیرەمێرد

کوردستانی خۆش: دڵدار (لەندەن، ١٩٨٦)

کەومل: فۆلکلۆر (لەندەن، ١٩٩٣)

گێلگێلە شیلانەکەی: د. عابد سیراجەددینی (تاران، ١٩٦٨)

خۆزگەم بەپار: عەبدوڵڵا گۆران

گوڵنیشان

خۆشم ئەوێیت:

کەمەرەشل: ١٩٨١

شیرین تەشی دەڕێسێ: م. ئیبراهیمی ستوودە (تاران، ١٩٦٩)

ئامینێ نازەنینێ: پیرەمێرد و فۆلکلۆر (لەندەن، ١٩٨٥)

ئای شل

ڕەشماڵی خێڵان:  (١٩٦٩-١٩٧٢)

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٣ – ساڵی ٢٠١٨ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.