وێنه‌ی ژماره‌ سێ

نیشتیمان و نانیشتیمان


Loading

مرۆڤ چەندێک ئەزموونی دنیا بکات و بەوپەڕی کراوەییەوە بچێتە نێو جیهانەوە، هێشتا ناتوانێت دەستبەرداری ئەو ئەندێشەیە بێت کە بێپچڕان لەناو ڕۆحیدا دەبزوێت، ئەندێشەی گەڕانەوە بۆ دەستپێکی دەرچوونی ئەو بۆناو جیهان، یان دروستتر بڵێم ئەوەی ئەو لەکوێوە هاتە دنیاوە و چۆن بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.

 

 ئۆدیسە دوای ئەو گەشتە وێڵئاراییەی بە دەریادا بۆ دەرەوەی گریک کردی دواتر هەر دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی دەستپێک، بۆ ماڵەوە. پلاتۆن لەدەرەوەی ئەسیناوە لەسەردەمی شەڕ و قاتويیدا گەڕایەوە بۆ ئەسینا و ئەکادیمیاکەی دامەزراند، کە ئەو ئەکادیمیایە لەوکاتەوە بووە دەستپێکی لەدایکبوونی هەموو ئەکادیمیاکانی جیهان.

 

مەولانای نەقشبەندی دوای ئەو گەشتە ڕۆحی و عیرفانییەی بەرەو خۆرهەڵات کردی، دواجار بە مەشقێکی ڕۆحانی نوێوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ نیشتیمان. ئەگەرچی ماڵەوە هێندەخراپەیان لەگەڵدا کرد کە ناچاربوو ئەمجارەیان خۆنەویستانە لێیهەڵبێت…نالی چەندیک دوورتر دەکەوتەوە لە نیشتمان پتر پرسیاری ئەوەی لە سالم دەکرد، ئاخۆ کەی بێت بگەڕێتەوە.

پیرەمێرد دوای خۆپێگەیاندنی ئەکادیمیاییانەی خۆی لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە شار و ڕوناکی و فەرهەنگی بۆ دەهێنێتەوە. ئەم گەڕانەوەیە بۆچی؟  زۆر بەسادەیی دەکرێت بڵێین؛ مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری ئەو شوێنە بێت کە یادەوەرییەکانی ڕابوردووی تێدایە. شوێنک کە من دەناسێت و منیش ئەو دەناسم، خەڵکەکانی دەناسم و ئەوانیش من دەناسن. کۆڵانەکانی، شەقامەکانی خوێندنگاکانی و فەرمانگەکانی و چایخانەکانی و کتێبخانەکانی و باخچەکانی و بازاڕەکانی، بریتین لەو شوێنانەی بوونەتە پارچەی نەمری ناو دەروونی مرۆڤ…

ڕەنگە مرۆڤ لەبەر گوشاری سیاسی و ئابووری ناچار بێت نیشتیمان بەجیبهێڵێت، بەڵام ناتوانێت خەون بەگەڕانەوەیەوە نەبینێت. ڕەنگە مرۆڤ لە قێزهاتنەوەی لە کولتوری کۆمەڵگاکەی نیشتیمان بەجێبهێڵێت، بەڵام گەر قێزی لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیش بێتەوە، ئه‌وا  ناتوانێت قێزی لە خاک و باخەکان و سروشت و ئاسمانی نیشتیمان بێتەوە. لەبەرئەوەی نیشتیمان بریتیە لەو ئەلبومەی کە هەموو وێنەکانمانی تێدا دەپارێزین. ئەم وێنانە کەرەسەیەکی ڕۆحین بۆ بەستنەوەی ئێمە بە نیشتیمانەوە. بۆیە لە هەموو تەماشاکردنێکی ئەو ئەلبومە ئێمە جۆرێک لەگەڕانەوە بۆ کاتێکی بەسەرچوو ناکەین، چونکە ئەو ڕۆژگارە هیچ شوێنەوارێک و هیچ ئاماژەیەکی نەماوە، بەڵکو پتر گەڕانەوە بۆ شوێنەکە دەکەین.

 

بێهۆنییە، کەسی ئاوارە بەردەوام ئەو ئەلبومەی بە هەموو وێنەکانیەوە لە خەیاڵداندایە و هەموو گەڕانەوەیەکی بۆ نیشتیمان تەماشاکردنەوەیەکی قووڵی نۆستالژیانەی ئەلبوومەکەیە. لێرەدا نیشتمان ڕێک وڕەوان بریتییە لە شوێن نەک لە کات، بریتییە لە دەستپێکەکان نەک لە نەریت و فەرهەنگەکان، بریتییە لە زادگە نەک لە سەرکێشییەکان. مرۆ لەدەرەوەی نیشتمان پتر بە نەریت و فەرهەنگەکانی جیهان ئاشنا دەبێت وەک لەماڵەوە، مرۆ لە تاراوگەدا پتر سەرکێشییەکان ئەنجامدەدات وەک لە ماڵەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا خولیای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەڕووی ئەنترۆپۆلۆژییەوە بە نەمرترین فەزیلەی مرۆڤ دادەنرێت.  تەنانەت ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگه‌ پیاوسالارییەکاندا دەژین و هەست بە نامۆییەکی وجودییانەی کوشندە دەکەن، کاتێک دەگەنە وڵاتێکی ئازاد و تاڕادەیەک یەکسان بۆ ئافرەتان، گەر لەوێش خۆیان بەتوندترین ئایدیۆلۆژیای فیمینیزم چەکدار بکەن، خولیاییەکی شۆڕشگێڕانەیان بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان هەر تێدا دروست دەبێتەوە.

 

من کە نزیکەی نیوەی تەمەنم لە تاراوگە بەسەربردووە، ئێرە هەمیشە وەک نیشتمانی دووەمم تەماشا دەکەم، کەچی ماڵی یەکەمم لەنیشتیمان دەبینم. ئەگەرچیش لەڕووی فەرهەنگییەوە باش خۆم گونجاندووە، کەچی هێشتا خۆم هەر وەک کۆچەرێک دەبینم کە دەبێت ڕۆژێک لەڕۆژان بگەڕێتەوە. ئەمە هەڵوێستەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ هەر کۆچەرێک گەر بخوازێت گەڕانەوەی خۆی ببەستێتەوە بە ئومێدی بینینی نیشتیمانێکی خۆشەوە. ئەم دۆخە تەندروستترین مۆدێلی تێگەیشتنە لە نیشتیمان و کۆچەر و تاڕاوگەیی. ئەوانەی لەتاڕاوگەدا نیشتمانی یەکەم لە یادەوەرییان دەسڕنەوە تووشی خاڵیبوونەوەیەکی ڕۆحی بوون بەشێوەیەک کە نیشتمانە تازەکەشیان بۆ ناکرێت بە نیشتیمانی دووەم. ئەم خاڵیبوونەوەیەش دەیانخاتە نیو چۆڵەوانییەکی فیکرییەوە کە هیچ دیدێکی شۆڕشگێڕانەیان پێ نابێت بۆ گەڕانەوە، بۆیە گەر بشگەڕێنەوە هیچ ڕووداوێک بەرپا نابێت.

 

سلۆته‌ردایك

ڕەنگە لە ساتەوەختێکدا ئەو بیرۆکەیە لای خەڵکانێکی زۆر سەرهەڵبدات کە نیشتیمان چیتر پەیوەندی بەشوێنی لەدایکبوون و مناڵی و یادگارییەکان و زمانەوە نییە، بەلکو ئەو شوینەیە کە هێشتا هیچ جۆرە یادگارییەکمان تێیدا دروست نەکردووە، واتە ناشوێنە – یۆتۆپیایە، یان وەک ئەوەی سلۆتەردایک نیشتیمان ؛  وەک (نا- تاراوگەیەک) پێناس دەکات. کە مەبەستی لەوەیە نیشتمان ئەوەیە کە لەئێستادا نا – تاراوگەیەکی کاتییە، چونکە شوێنێکی ئەبەدی مرۆڤ بوونی نییە، مرۆڤەکان هەر کۆچ دەکەن و بەردەوام بۆ شوێنی باشتری ژیان دەگەڕێن.

لەم ڕووەوە بێشومار ئەدەبی ستایشکردنی ئەو یۆتۆپیایە لەبەردەستماندایە بەبێئەوەی هیچ ئاماژەیەک بەدیوە ترسناکەکەی تاڕاوگەنشینی درا بێت، بەنموونە هەموو ئەدەبیاتی مارکس و وجودییەت بریتییە لە هەوڵی چوونەدەرەوە بۆناو جیهان، چونکە لەم دوو ڕێبازەدا هەموو مرۆڤەکان لەجیهاندا هاوبەشن. لێرەدا نەوەی نوێ لەژێر کاریگەری ئەفسوونی ئەندێشە بێسنوورەکانی تاڕاوگەیی، وە هەروەها بەمەبەستی لەئامێزگرتنی هەڵوێستەیەکی شۆڕشگێڕانەی کۆسمۆپۆلیتانیزم لەدژی کولتوری واقیعی ناسیۆنالیزمانەی خۆی، بیر لە بەجێهێشتنی نیشتیمان و کۆچکردن بۆ تاراوگە دەکاتەوە. جا هەندێکیان لەبەر هۆکاری ئابوری و هەندێکیان لەبەر هۆکاری سیاسی و کەمێکیشیان لەبەر هۆکاری زانستی و ئەدەبی.

هەستی بەکەمسەیرکردنی نیشتیمان و سووکسەیرکردنی کولتورەکەت، هۆکاری تووڕەبوونتە لە نیشتیمان و هۆکاری بەجێهشتنەکەشتە. بەڵام کاتێک لەتاڕاوگە دەبیت شتەکان بەتەواوەتی ئاوەژوو دەبنەوە، خولیاییەکی گۆڕانخوازانەی ترت تێدا دروست دەبێت کە دنەت دەدات بتگەڕێنێتەوە بۆ نیشتیمان. مرۆڤ لە تاڕاوگەییدا دەتوانێت نیشتیمان و ماڵەوە باشتر ببینێت وەک لەناو ماڵەوە. بێهۆ . نییە ئەوانەی لە تاراوگەن نیشتیمانپەروەرانەتر پارێزگاری لە زمان و فەرهەنگی وڵاتەکەیان دەکەن وەک لەوانەی لە ماڵەوە ماونەتەوە. پیدەچێت لەرووی سایکۆلۆژییەوە مرۆڤی تاراوگەنشین پتر فرۆیدییانە بێت کە بەردەوام لەگەڕانەوەدایە بۆ ڕیشە، بۆ ڕابوردوو، بۆ تامەزرۆیی و بۆ ئازارەکانی یەکەمینجار و یەکەمین ژینگە. هه‌ربۆیه‌  بۆیە مەرج نییە هەموو وەرچەرخانێکی تاراوگەنشینی بەرەو دۆزینەوەی نیشتیمانێکی باشتر و خۆشتر و نوێتر بێت، زۆرینەی جار وەرچەرخانەکە پێچکردنەوەیە بۆ ڕابوردوو لەبری هەڵهاتن بێت بۆ داهاتوو، ئەمەش گەڕانەوەیەکی پەتی و بێ مەرجە بۆ ڕیشەکانی جاران وەک خۆیان، گەڕانەوە و لەئامێزگرتنەوەی هەموو باروودۆخەکەی جارانە وەکو خۆی.

ماوەی چەند ساڵێک دەبێت کە هاوڵاتیانی هەرێم دەتوانن بۆ گەشتوگوزار یان بۆ چارەسەری پزیشکی سەفەر بکەن بۆ وڵاتانی تر، ئەوانەی هاتوونەتە بەرلین و من ڕێکەوتیانم کردوون، لێم پرسیوون ئەڵمانیا چۆن دەبینن، هەموویان وەها وەڵامیان داوەتەوە: ئێرە بۆ سەفەری کورت خۆشە، بەس بۆ مانەوەی هەمیشەیی تیا هەڵناکەم. غوربەتی هەستێکی قورسە، نیشتیمان لەهەموو شوێنێکی دنیا خۆشترە…. هەڵبەت ئەم هەستە تەنیا دەبێت لەڕووی ئیستاتیکییەوە وەک خولیایی مرۆڤ بۆ شوێن تەماشا بکرێت و هیج پەیوەندییەکی بە ئایدیۆلۆژی کۆنزێرڤاتیزمەوە نییە، بەڵام هەستی پاراستنی بەها کولتورییەکان کە لە ئایدیۆلۆگیاییەکی سیاسیدا خۆی فۆرمەلە بکات ئیستایکی نییە، بەلکو سامناکییە. لێرەوە ئیدیۆلۆگیای کۆنزێرڤاتیزم وەک هۆشیارییەکی کولتوری و ئیتیکی لەدایکدەبێت و گەر ببێتە سیاسەت و بچێتە نیو دەسەڵاتەوە زیان بە دیموکراسیبوونی ژیان دەگەیەنێت، وەک ئەوەی ئێستا لەتەواوی ئەمەریکا و ئەوروپادا تێبینی چالاکبوونی هێزە کۆنزێرڤاتیزمەکان دەکەین.

 

وەک چۆن بنەماییترین مافی مرۆڤ ئەوەیە ماڵی هەبێت، شوێنێکی نیشتەجێبوونی هەبێت، لەئاستی گەورەتریشدا مافێکی بنەڕەتییە هەموو جڤاتێک لەناو سنوورێکی سیاسیدا قەڵەمڕەوی و فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی سەروەرانەی خۆی هەبێت. (هانا ئارێنت) لە تیۆرییە سیاسییەکەیدا ئەم مافەی بۆ هەموو جڤاتێک یەکلاکردۆتەوە وەک مافێک بۆ دەروەستبوونی مرۆڤەکان لەناو کۆپێکەوەبوونێکی ڕێکخراودا و بەبەێ هەبوونی ئەم مافە گشتییە مەحاڵە تاکەکان بەهیچ مافێکی هاوڵاتییانە خۆشنوود بن. هەر بۆیە ئاوارەیەکی بێدەوڵەت لەم مافە بێبەشە. بەنموونەی گەر مرۆڤێکی کورد یان فەلەستینییەک ئاوارە بن، چونکە بێدەوڵەتن وەک ئاوارەیەکی ئەفگانستانی یان سوری نین.

لێرەوەیە وەک چۆن لەڕووی سیاسییەوە بێدەوڵەتی مافی مرۆڤبوونی یاساییمان لێدەستێنێتەوە، ئاوەهاش بێنیشتیمانی هەموو مافێکی نیشتەجێبوون و ئۆقرەگرتنی وجودییانەمان لێ زەوت دەکات. دۆخێک کە زۆرجار مرۆڤە بێنیشتمان و بێدەوڵەتەکان بەرەو غەریب بوونێکی ئەبەدی دەبات و لەهیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرن و هەموو شوێنێکیش بۆیان دەبێت بە ناشوێن و هەموو نیشتمانێکیش کە سەرلەنوێ بیدۆزنەوە دەبێتەوە بە تاراوگەیەکی نوێ.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.