سۆرن کێکەر گارد؛ فەلسەفە ئەوەیە کە بوونت هەبێت

Loading

ئامادەکردن و وەرگێڕانی له‌دانیماركییه‌وه‌ 

سورێن كیكه‌ر گار – The New Yorker

سۆرن کێکەر ئابیی گارد Søren Aabye Kierkegaard فەیلەسوفی دانیمارکی و پێشڕەوی   فه‌لسه‌فی بوونگەرایی، لە ساڵی 1813 لە کۆپنهاگن لە دایکبووە و ساڵی 1855  هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە. تێکڕای فەلسەفەی (کێکەرگارد ) باس لەو بابەتانە دەکات: گوناهه‌ و ئازادی و خۆشەویستی و هاوسەرگیریی و پەشیمانی و بیرکردنەوە و کۆیلایەتی و چارەنوس; ئەوەش لەبەر ئەوەی خۆی لە ڕێی ئەو کیشانە دووچاری چەندین چەرمەسەریی و ئەزموونی توند بووە.

سەردەمی منداڵیی زۆر جیاواز بووە، هەرگیز ئەو سەردەمە وەک خۆی نەبینیووە ، ئەو هەر لە سەرەتاوە وەک پیاوێکی کامڵ دەرکەتووە، هەر ئەم منداڵە پیرە، بووە هۆی توشی خه‌مۆكیه‌ك کە هەتا مردن وازی لێنەهێنا. (کێکەر گارد)  لە ڕێگه‌ی پەیڕەوە توندەکانی ئاینەوە پەروەدە بوو کە باوکی هەمیشە چەختی لەسەر دەکرد، ئەو پەیڕەوانە بریتیبوون لە تەقوا و ترس لە خوا و دڵە ڕاوکێ لە جیهان. هەموو ژیانی پێکهاتبوو لە دۆزینەوەی ڕاستی و دۆزینەوەی خودی خۆی. هەرچەندە لە تەمەنی 42 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام بەراوورد بەو تەمەنە کەمە دەبینین چەندین کتێبی بەنرخی بۆ بەجێهێشتوین، ئەو بەرهەم و بابەتە چڕانە وا لە (کێکەرگارد) دەکات بچێتە خانەی ئەو بیرمەندە کەمانەی کە بە بیرکردنەوەی خۆیان دەژیان.

لەگرنگترین بەرهەمە نووسینەکانی: “یا/یان” (1843) “تێگەشیتنی دڵەڕاوکێ” (1844) “نەخۆشیی هەتا مردن” (1849) “خوێندنگەی مەسیحیی” (1850) “پەڕتوکی بەدحاڵیی” (1849) “چەند پەیڤێکی فەلسەفی” (1844) “ترس و دڵەڕاوکێ” (1843).

پەیامی کێکەرگارد فێرکردنی خەڵک بوو لە مانای بوونی مرۆڤ بگەن، بە پشت بەستن بە بۆچونێکی کە ده‌ڵێت ؛ باوەڕداریی ڕێگایەکە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی ڕۆڵی فەیلەسوف لە دەرکردنی سەرچاوە سەرەکیەکانی بوونی مرۆڤایەتی خۆی دەبینێتەوە، ئەویش کێکەر گارد بەم دەستەواژانە ئاماژەیان پێدەکات: تەنیایی، نهێنی، سوربوون، سەرپشکیی یان ئازادیی، لە حزوری خودا، گوناهی، دڵەڕاوکێ.

فەلسەفەی کێکەر گارد زیاتر دەچێتە خانەی فەلسەفەی هەبوون  Existential  نەک فەلسەفەی بوونگەرایی  Existentialism ئه‌ویش لە گەڕان بە دوای هەبوون یان تاکەکەس پێناسە دەکات. لە بوونی تاکە کەس دەستپێدەکات کە پەیوەستە بە ئەزموونی تاک و لە ڕاستیی بوونی تاک کۆتایی دێت، چونکە بیری ڕاستیی ئەو بیرەیە کە بەئەزموون دەکرێت، ئەو بیرەیە کە هەر یەک لە بوون و بیر لەگەڵ زانیین یەکێتیەک پێکدەهێنن، بوونی مرۆڤ بۆ فەلسەفە نییە بەڵکوو فەلسەفە ئەوەیە کە بوونت هەبێت. ڕاستیی کاتێک بوونی دەبێت ئەو کاتەی تاک بە بوونی خۆی ڕازی بێت و بەهەموو سۆزێکەوە لە گەڵیدا بژی، چونکە سۆز قاڵبێکی درامیی دەداتە ڕاستیی، و یەقینیش دەکات بە سەریا.

سورێن كێكه‌ر گارد

بوون هەڵبژاردنە، مرۆڤیش تەنیا دەتوانێت خۆی و چییەتی خۆی هەڵبژێرێت، بوونی خۆی پێش چیەتی خۆی دەکەوێت، ڕەنگە یەکێک لەو سێ پەیڕەوانە هەڵبژێرێت: جوانیی، مۆڕاڵ، ئاین. ناوخنی جوانیی چێژە، ناوخنی مۆراڵ ئەرکە، بەڵام ناوخنی ئاین  بەرزترینیانە، چونکە “من” لەوێ هەڵبژاردنێک دەبێت بۆ  چوونە بەردەم خودا، کە تێهەڵکێشیەکە لەگەڵ بەرزیی و خانەدانیی.

وەک دیارە دیدی ئەم فەلسەفەیە تەواو دژ بەیەک بووە لەگەڵ فەلسەفەی هیگڵ کە لەو سەردەمە زۆر ناوبانگی هەبووە، چونکە ڕاستیی لەلای هیگل تاسەر ئێسقان بابەتیە، بەڵام لەلای کێکەر گارد تاسەر ئێسقان ناوەکییە.

هەڵوێستی کێکەر گارد لە باری ئاینەوە زۆر ئازایانە و هەندێ جار تێنەگەیشتوو بووە، ڕه‌خنەی لە کەنیسە دەگرت و لەلای وا بوو پێویستە مەسیحیەت چیتر بڵاو نەکرێتەوە، ئەوەش لە بەر ئەوەی نەمانی بڕوا و تەقوا لە لای قەشەکان  و پابەند بوونیان بە دەسەڵآتەوە.  کێکەر گارد وا هەستی دەکرد کە کەنیسە نمونەیەکی ژیانێکی پایەبەرزیی نییە، لەڕێی پرسیارێکیەوە کە دەپرسێت: “چۆن ببمە کریستیان” کاتێکیش باوەڕی بە ڕاستیی کریستیانی هێنا هێندەی نەما بوو ببێتە کەشیش.

(سۆرن کێکەر گارد )هەتا لە ژیان دا بوو کەس نەیدەناسی و کەس کارەکانی نەدەنرخاند، تەنانەت زۆرینەی خەڵک بە فەیلەسوفی دانێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دیدگا و پێوەرەکانی بوونگەرایی تا ئاستێکی زۆر بڵاو کرایەوە، ئەو کاریگەرییە لە فەلسەفەی هایدگەر Heidegger و یاسپەرز Jaspers دەبینین، هەروەها کارل بارت K.Barth و سارتەر Sarter زۆر لە بۆچوونەکانی وەرگرتووە. بەو پێەش لە سایەی ئەو  ڕێگای خۆش کرد بۆ زۆر فەلسەفەی بوونگەرایی تر کە توانیان بە  پوختی و پڕ بابەتیی تر دەربکەون.

ته‌واو

 

سەرچاوە:

کتێبی: (کردنەوەی دەرگاکانی دەرەوەی کامەرانیی Lykkens dør går udad). نووسینی پیتەر تیلست چاپی 1994  – زمانی دانیماركی.