كاری ڕۆژگار موسته‌فا

مەودای نێوان کاری دەستڕەنگینی و هونەر


Loading

ڕۆژگار موسته‌فا

کاری دەستڕەنگینی بە مانا باوەکەی لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا خولیا و ئارەزووی کۆمەڵێک خەڵکە، زیاتر پەیوەندی بە کردارێکەوە هەیە بۆ دەربرین بە کەرەستەی جیاواز لە ماڵ و دەوروبەرماندا بۆ مەبەستی پێویستی یاخود جوانکاری لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا بەتایبەت، هەروەها بە گشتی بە درێژایی مێژوو لە هەندێک شوێن بووەتە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندنی هونەر یان وەک وانەی وەرشە لە بنەڕەتیاندا بەشێکی زۆری پێکهاتووە لەم کاری دەست ڕەنگینیانە، سیرامیک و درومان و دارتاشی هەروەها، ئەم وانەیە ڕوویەکی ئەرێنی ئەوەیە کە ئاڕاستەی تر لە پیشە دروست دەکات بۆ بژاردەیتر لە کارکردن، لایەنی نەرێنی بە تایبەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە شێوەیەکی نائاسایی ئاڕاستەی کارە دەست ڕەنگینەکان بۆ نمایشی تەواوی جوانکاری مرۆڤ و ماڵ و بۆنەکان تەسک کراوەتەوە، بەشێوەیەک ژمارەیەکی زۆری ژن بە هەموو تەمەنەکانەوە ئاڕاستەی کارکردنی بەو شێوازە پەرەپێداوە، بەردەوام هەست ئەکەن ئەو ڕێچکەیە لە پیشاندانی تواناکانیان کۆتا وێستگەی بەرهەمی داهێنانیانە، ئەمەش زۆربەی کات بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانە لە هەمان کاتدا لە ناو نمایشێکدا پیشانی دەدەن وەک چالاکیەکی کلتوری و هونەری.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا بۆتە دیاردەیەکی دیار و زەق، هەندێک جار پاڵپشتی بۆ ئەو کارانە هێندە زۆرە کە ئیتر ژن لەو قۆناغە هەست بەشانازی دەکات، لە هەمان کاتتدا کارەکان لە چەند شێوازێکی باو و دیزاینی کەل و پەلی ناوماڵ و جلو بەرگ . و هەندێک کاری وردەکاری متوموورو شوشەوات و ئاوێنەو گوێنی، هەروەها کاری پەڕۆوپاڵ. ئەم کارانە پێیان ئاشناین و مێژوویان هەیە لە گەڵ دروست بوونی کۆمەڵگەدا. ئێمە چۆن بتوانین ئەم کارانە بۆ پرۆژەی داهێنانە تر ئاڕاستە بکەین، ئایا کاری ژن تەنها دووبارە کردنەوەی مێژووی نەوەکانی پێش خۆیەتی لە دەربڕین و بەسەربردنی کاتەکانیدا، یاخود بە دوداچوونی خەونی گەورەترە بەو کارانە، کاری دەستی یاخود دەستڕەنگینی وەک جۆرێک لە ناسنامە ژنان وەریدەگرن، لەوەش زیاتر لەوێدا دەوەستن کە فێری بوون، ڕاستە نەخش و دیزاینەکان پەرە دەسێنن بەڵام لە چالاکیەکی دیکۆر و بازاڕ تێپەڕناکات، ئەم کارانە تەنها پشوو درێژی دەوێت لە ئەنجامدانیدا. پرسیارە کە ئەمەیە، چۆن پەرە بەو کارانە دەدرێت و دەخڕێتە پرۆژەی درێژ خایەنەوە، ئایا ژن بەو شێوازە لە ستریۆتایپ لەم کۆمەڵگەیەدا ئاسۆی بەردەمی تەسکتر ناکاتەوە، ئایا ئەو شێوازانە هیچ ڕەخنەیەکی جدی هەڵدەگرێت هاوشێوەی کارێکی هونەری، بەدەر لەوەی ئەم کارانە سەرتاپای جۆرە کارکردنێکی سادەتر و بۆ مەبەستی جوانکاری دەکرێن زیاتر، لەگەڵ ئەمانەش دا مەترسی دووبارە کردنەوەی ئەو چالاکیانە و گرنگییەکانی ئەکرێت لەم سەردەمەدا زیاتر وەک مەترسی لەدەستدانی پرسیارە ڕەخنەییەکان لە چالاکی کلتوری و رۆشنبیری لای زۆرینەی تاکی ئێمە، ئەمە چۆن ڕوودەدات، ئەو کەسایەتیە یان دامەزراوەیە کێیە ئاڕاستەی چالاکیە کە دەگۆڕێت بۆ ئاسۆیەکی تر لە بینین، یاخود ئەم کارانە هەریەکە بە ئاڕاستەیەک پێناسەی کاری خۆی دەکات لە ناوکلتوردا، لێرەدا پرسیار دەکەین جیاوازی چیە لە نێوان کاری دەست ڕەنگینی و یان کاری دەستی(کرافت) لەگەڵ کاری هونەری. میشێل نوسەرو خاوەنی گەلەری یەکی هونەری یە، سەبارەت بەم جیاوازیە دەنوسێت، ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا جیاوازیەکە بەشێکی بەسترایەوە بە پێویستی ئەنجامدانی کاری کرافت لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤدا ئەویش ئەوەبوو هونەری کرافت بۆ کارێک یان بۆ پێویستیەک بەکار دەهێنرا، کە هونەر ئەوکارە ی نەدەکرد، بەڵکو بە ڕاستەخۆیی ئیش لە ڕوویەکیتری دەربرین و ئاستێکی تری زهن و هەستدا دەکرد، هەرچەندە بزووتنەوەی کاری کرافت لای ئەمریکی یەکان لەسەرەتادا بەرەو ئاراستەی زۆر داهێنەرانە ڕۆشت لە گرنگی دان بە هەر شتێک لە دەوروبەردا بوایە بۆ سود وەرگرتنەوە لێی بۆ کاری دەستی، هەرچەندە ئەو بیروبۆچونانە لە سەردەمێکی پێشتردا کاری پێکراوە، زۆر کات کاری زۆر جوانی کرافت یاخود ئیشی دەست هاتۆتە بەردەممان، ئەوەندە جوان بووە کە ئیتر بینەری گریاندووە بە هۆکاری مامەڵە نەکردنی وەک(هونەر) یان نەچۆتە چوارچێوەی هونەرەوە، میشێل پێی وایە باشترین کەس کە وەسفی جیاوازیەکەی کردبێ هونەرمەندێک بووە، ئەو پێی وایە هونەرمەند هەرگیز ڕێگەنادات کەرەستەکانی بڕیاری ئاستی هونەریەکەی بدات، بەڵام ئەوکەسەی کاری کرافت دەکات ڕێگە بە کەرەستەکانی دەدات بریاری کۆتایی سەبارەت بە گرنگی ئیشەکەی بدات. کرافت وەک وشە لە زمانی ئەڵمانیدا بە مانای هێزو توانا دێت، بە شێوەکی سەرەکی هەرکارێکە چالاکی و توانای مرۆڤی تیا بەکارهات، هەروەهاپەیوەندی بە هەستی بەرکەوتنیشەوەهەیە، ئەوکارانەش دەکرێت لە چەند ڕوویەکەوە بەسود بێت و ئارامی بەخشبێت بەچەندەها ڕێگە.

لە دیبەیتێکی کراوەدا کە لە تەیت مۆدێرن ئەنجامدراوە دەربارەی ئەم بابەتە، سەرەتا باس لە مێژووی ئەو پرسیارانە دەکات، ئایا هونەرو کرافت دەبن بە یەک، یان جیاوازن، پرسیار لە چەند کەسێک دەکات، هەندێک دەڵێن من هونەرو کرافت تێکەڵ دەکەم و کاری پێدەکەم وەک هونەرمەند، ترەیسی فیگڵ، ٢٠١١دەڵێت: بەراووردکردنی هونەر بە کرافت بەراوردکردنی کاری ئەندازیاری و فەلسەفەیە، ئەوان دوو ڕیگەی جیاوازی بینینن لەهەمان شتدا، بۆ من هونەر پەیوەندی و پێکەوەگرێدانی بیرۆکە و سۆزە، لە کاتێکدا کرافت یان ئیشی دەس کردەیەکی فیزیکی یە لەگەڵ کەرەستەدا، هەرچەندە ئێمە دەتوانین هەمان ئیش بۆ کرافت و هونەر بەکار بهێنین بەڵام کەمتر هونەرە لەو کاتەدا. بەشداربوویەکی دیکە لە دیبەیتەکەدا دەڵێت: هەموو هونەرێک دەکرێت کرافت بێت بەڵام هەموو کرافتێک نابێتە هونەر.

ڕەنگە زۆر کەس هەبێت تا ئێستا هیچ جیاوازی یەک نەبینێت لە نێوان هونەر و کاری کرافتدا، بە پێی ئەوەی هەردووڕێگەکە بەفۆرمی داهێنان دادەنرێن، با بە ڕوونتردایبنێن جۆن هونەر و کرافت لێک جیادەکرێنەوە، کرافت بۆ نموونە بە پێچەوانەی هونەرەوە دەربڕینی پێویست نیە لە هەمان کاتدا پەیوەندی بە دەرەوەی مرۆڤەوە هەیە، هونەر کۆتایی یەکی کراوەیە هیچ سنووری نیە لە دەربڕیندا هەروەک نموونەیەکی سادە کە وێنەکێشانە، لە کاتێکدا لە کاری کرافتدا ئەتوانی چەند جاریک هەمان کار ئەنجام بدەیتەوە بەڵام لە هونەردا ئەوە کەمێک قورسە و ناکرێت دەقاودەق. ئێستا ئەگەر بێینە لای بابەتی ژن و پەیوەندی نێوان فێمینیسم و کاری دەستی و هونەرو بازرگانی و بازاڕ، وەک ئەنجامی شیکاری یەک بۆ بزووتنەوەی سەرهەڵدانی ئەم کارانە هەروەها کاریگەری بۆ سەر ڕەوشی ئابووری وڵات، نوسەری بابەتەکە) ئەلیزابێس جیلێت .٢٠١٢(بە ووردی شیکاری دەکات بە تایبەتیش پێگەیەک بۆ فرۆشی ئەم کارانە دروست دەکەن وەک هەوڵێک دیسان بۆ هاوتاکردنەوەو بەهێزپیشاندانی کاری کرافت لە پێگەیەکی ترەوە، هەروەها بۆ بەرزنرخاندنی توانای ئەنجامدانی کاری دەستڕەنگینی وەک ئامانجی سەرەکی پاشان فراوان کردنی تۆڕی کارکردنەکە بۆ ناوچەو ناسنامەی دیکە. لە کلتوری کوردیشدا بە درێژایی مێژوو زیاتریش ژن ئەم کارەی کردۆتە خولیایەک بۆ پێداویستی رۆژانەی و پڕکردنەوەی کاتەکانی و فرۆشی کارەکانیش کە بەتایبەت لەم دواییانەدا بۆتە سەرچاوەی دەستکەوتی مادی و ژیان بۆیان. کاتێک جیهانی ژن بچووک دەبێتەوە بۆ دروستکردنی رێژەیەکی زۆری کاری دەستی، بەتاڵیەکانی بە کاری دەستی تێکرا پڕ دەکاتەوە ئایا چالاکی یەکانی تری کلتور و کۆمەڵگە بەر کێ دەکەوێت، ئەو مێژوو ە درێژەی تا ئەمڕۆ کاری دەستی و چالاکی ماڵەوە بەرهەمی دەهێنێت مەترسی یەکانی دەرهاویشتەی خولیایەکی دووبارە و سواون کە ڕۆڵی گەورە دەبینن لە چەقبەستووی دۆخی کلتورو هونەر لە شوێنێکدا، لەبەرانبەر ئەمانەدا ڕێگە بە داهێنان و بەرهەمی ژانرەکانی تر کەمدەبێتەوە و کاری دەستڕەنگینیش بەشێکی زەقی ئەو دروستکراوانەیە. لەگەڵ هەموو ئەم لایەنە نەرێنی یانەدا لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا هونەرمەندێکی ژن بەڕەگەز ئەمریکی (جودی شیکاگۆ) کەبە یەکێک لە هونەرمەندە سەرکەش و ئیشکەرەکانی سەرەتای قۆناغەکانی فێمینیسم دادەنرێت، هەروەها خاوەنی کاری هونەری بە ناوبانگ (ئاهەنگەخوانی ئێوارە یە). وەک نموونەیەکی تا ئەم سەردەمە زیندو بۆ هەوڵدانی جودی شیکاگۆ بۆ هاوتا کردنی ئەو دوو ژانرە جیاوازە (کاری کرافت و هونەر).

پەیوەندی ئەم کارە بەم بابەتەوە لە چەند پرسیارو گرنگی یەکیدایە، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم هونەرمەندە لە ناو کارە کانی بە گشتی و کاری ئاهەنگە خوانی ئێوارە بەشداری پێکردنی ژمارەیەکی زۆری ژن و پیاو بەو توانایانەی هەیانە لە کارێکی دەستیدا، زیاترلە)٤٠٠(کەس بەشداری لە بنیادنانی ئەو کارەدا کردووە، هەرچەندە ڕووداوی دروستکردنی کارەکە زۆر پەیوەندی بە بزووتنەوە ی ژنانی رۆژئاوا و ئەمریکاوە هەیە، هەر وەک چۆن لە وەسفی شێوەی سێگۆشەکە دا ئاماژە دراوە بە سێ قۆناغی مێژوویی، ڕووی یەکەم دانراوە وەک ڕێزێک ئەو ژنانەی لە قۆناغی پێش مێژوودا دیاربوون و خزمەتێکیان بە مرۆڤایەتی کردووە، ڕووی دووەم بۆ سەرەتای مەسیحی یەت و ڕیفۆرم دانراوە ، ڕووی سێ یەم تەرخانکراوە بۆ بابەتی مێژوویی لە شۆڕشی ئەمریکاوە بۆ فێمینیسم. لێرەدا ئەم کارە دەتوانرێت بە یەکەم کاری فێمینیستی دابنرێت کە بە جۆرێکی فراوان کەسانێکی زۆر وبابەتێکی فرە ڕەهەند لە یەک کاتتدا کۆدەکاتەوە لە خۆیدا. لە پاڵ ئەوەی ماوەی نێوان ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٩ ئیشیان تێدا کردووە، هونەرمەند خۆی (جودی شیکاگۆ) سەرپەرشتی هەموو بەشەکانی بووە، چالاک کردنەوەی ئەو بەشەی پێی دەڵێن کاری کرافت لە ناو ئەم کارە بوونێکی زاڵی هەیە، بە مەبەست هونەرمەند ئەو لایەنەی گرنگی پێداوە، وەک بەکاربردن و ئاڕاستە یەکی سادە بە رەو داڕشتنەوەی ئەو توانا شاراوانەی لە ژندا هەیە لە ناوماڵ و سەرقاڵییەکانی بە کاری سادەی رۆژانەوە بۆ ناو کارێکی داهێنەرانەترو پڕ ئەزموونترو زیندووتر دەگۆڕێت. گۆڕینی ئەو بینینە بە ئاگایی لای جودی شیکاگۆ ڕوویداوە، لە کاتێکدا لەم شاکارەدا زۆرترین کەرەستەی بە کارهێنراو لە کاری دەستی و کرافتدا دەبینرێت لە پاڵ کارە سیرامیکەکاندا، ئەمەش بە مەبەست ڕووی داوە. لە سەردەمی خۆیدا جودی شیکاگۆ بە هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ لە بزووتنەوەی فێمینیستی دەناسرێت.

هونەرمەند کاتێک بیرۆکەی ئەم کارە هاوبەشەی لا دروست دەبێت، خەڵکێکی زۆر لە توێژو بوارە جیاوازەکان بانگهێشت دەکات لە ژن و پیاو بۆ بەشداری کردن لە دامەزراندنی کارەکە، ئێوارە ئاهەنگە خوان، ئاهەنگێک لە سەر شێوازی کۆن پیشاندەدات بە بەرهەمی ژن و هاوبەشی خەڵکێکی زۆر لەکارکرنی (چنین ڕستن و دروومان) هەروەها وێنەکێشانی چینی یەکان. ئەمیش لە بەرهەم و کارە دەستی یەکانی ناوماڵ پێکدێت.

هەرچەندە ئەم کارە بە بەکارهێنانی ئەو شێوازە بە ئاسایی وەک هونەرێکی بەرز مامەڵەی لەگەڵ نەدەکرا، بگرە جودی شیکاگۆ ئەو ڕووداوەی کردە دەرفەتێک بەرەو هونەرێکی بەرز و ویستی هاوشانی هونەرێکی بەرز مامەڵە لەگەڵ ئەو شاکارەدا بکەن، لەهەمان کاتدا بۆ وەڵامی ئەمە ڕوونکردنەوەمان دەداتێ و بە بیرکردنەوەکانی دڵنیامان دەکاتەوە لە وەی ئەو هەرگیز گۆزەیەک یان کوپەیەکی بەراورد نەکردووە بە هونەر. بەلکو هەموو ئەمانە پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە، ئەو دەیەوێت هونەر بکات …

بە یەکخستنەوەی ئەم هەموو توانا گەورەیە لە کاری کرافتدا بەکۆکردنەوەی کاری کرافت و کاری دەستڕەنگینی بە زمانە باوەکەی کوردستان لە شاکارێکی هونەریدا.

نموونە بۆ ئەم ئاڕاستەیە هونەرمەند ماوەی چەند ساڵێک زۆر سەرنجی دەخاتە سەر کارە دەستی یە کان و لە غیابی داهینان و نوێگەری دا لە داڕشتنەوەی کارە دەستیەکاندا. لە هەمان کاتتدا ئەم هەوڵە دەبێتە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی بە درێژایی کارکردنی هونەری. لەم بینینەوە دەکرێت کاری هونەری و کاری کرافت لەیەک جودا نەکرێت بە مەرجێک بە ڕێگەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ بەرهەمەکاندا بکرێت بتوانێت مێژوویەک و جووڵەیەکی وەرچەرخێنەردروست بکات نەبێتە ئەو فەزایەی ژن تێیدا بخنکێت …

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.