Life of blue man

دەستم خۆش بێت خراپ ژیام


Loading

کێشەی نیگەرانیم نییە

کێشەی کات و شوێنم ھەیە بۆ نووسینەوەی نیگەرانیم

کە کێشەی شوێن و کاتت ھەبوو

ئەوە تۆ بوونەوەرێکی لە ھەوادا

من لەو چەشنەم

دەبێت بمبورن.

 

داستان به‌رزان

لەم شیعرەدا من بەچکە سیسرکێکی تەنیام و

لە کوشنی دواوەی پاسێکی پڕ لە ھەراوزەنادا دانیشتووم و

خەفەتم زۆر زۆر زۆرە.

 

ماوەیەکە خەریکە ژیانم باش دەبێت

دەزانم ھەر کە باشبووم، خراپم

ژیانم کەوتووەتە نێوان ڕۆتین و عەبەسەوە

ئەگەرچی ڕۆتین جۆرێکیتری عەبەسە

بەڵام عەبەسی پەتی بۆ من خۆشترە.

 

خەفەتم زۆرە

خەفەتم زۆر زۆر زۆرە

خەفەتی ئەو ماسییە شینانەی لە تابلۆی منداڵێکی شەنگالدا بێ ئاون

ئەو پەپولانەی منداڵێکی کۆبانێ لە کاغەز دروستیکردوون و

بۆ ھەمیشە لە ساتی کردنەوەی باڵدان و

نافڕن و نافڕن و نافڕن

خەفەت بۆ کۆلارە کەوتووەکانی منداڵانی ناو کەمپەکان دەخۆم

بۆ پێیەپەتییەکانیان

بۆ سەرمابوون و گەرمابوون و

ئەو دڵۆپە فرمێسکانەیان کە نەڕژاون و

دڵنیام زۆر دڵنیام ھەر دەڕژێن.

خەفەتی دایکێک کە بەردەوام لە دەروازەیەکی تەلبەند دەڕوانێت و

چاوەڕێی قتویەک شیری حیزە ڕێکخراوەکانی مرۆڤ بۆ کۆرپەکەی بێنن

من ھیچ ڕقم لێتان نییە ڕێکخراوەکانی مرۆڤ بەس پەلە بکەن

ئەو کۆرپەیە نزیکە لە برسان بمرێت.

 

خەڵکی پێم دەڵێن: ئاگات لە خۆت بێت

دونیا ئەوە ناھێنێت

من زەوقم لەم قسەیە ھەڵدەستێت

دونیا ئەوە و زیاتریش دەھێنێت.

 

من ھیچ نەزانم ئەوە دەزانم

حیزبیت باشترە لەوەی مرۆڤی ناو ڕۆتین و

گەوادییەکانی سیستم بیت

ھیچ کێشەشم لەگەڵ کەسێکدا نییە کە حیزە

ئەو زۆر باشترە لە شاعیری ئارایشکراوی بەردەم مایک و

ھەیەجانەکانی سەرمایەداریی

ئەو زۆر باشترە لە ڕۆشنبیری بۆینباخ لە مل و

قاچ ڕووتی بەردەم پیاوانی کۆمپانیا.

 

کە باسیش دێتە سەر ئەتەکێت

ڕاستییەکەی پێتان بڵێم:

سکم دەچێت

ئەڕشێمەوە بەسەر قاپ و پەرداخ و کلێنس و چەتاڵەکانی

ڕێستۆرانتێکی پێنج ئەستێرەیدا و

گووەکەشم دەکەمە دەمی مامۆستا و دختۆرەکانی ئەتەکێتەوە.

 

لە کوشنی دواوەی پاسێکی پڕ لە ھەراوزەنادا

بەچکە سیسرکەکەی ناو ئەم شیعرە دانیشتووە و

گوێ لە دەنگی (یاسەمین)* دەگرێت

دەیەوێت دەوربەری فەرامۆش بکات

خەڵکی بۆ ئەو بوونەتە بەڵایەکی گەورە

چونکە ئەو دوای دەنگێگ کەوتووە کە لەرینەوەی ناوەوەی خۆیەتی

لە خوا دەپاڕێتەوە نەیکاتە کاراکتەرێکی قەشمەر

نەیکاتە بوونەوەرێکی ھیچ و پوچ

ئەو توڕەیە لەوەی نزیکە لەگەڵ ڕۆتیندا ڕادێت

نزیکە لەگەڵ سیستمدا دەست و پەنجە نەرم دەکات

ھاوار دەکات: من نائومێدی ماڵم بوو

شەوان دەرگا بە دەرگا دەگەڕام و

غەمگینیم دەبەخشییەوە

ڕۆژانە شەقام بە شەقام دەڕۆیشتم و

خۆمم دەکوشت.

 

ئێستا بێچووە سیسرکێکی تەنیام

لە کوشنی دواوەی پاسێکی پڕ لە ھەراوزەنادا

کە سەرنشینەکانی کەفی ئومێد لە لغاویان دەچۆڕێت

گەشکە دەیانگرێت بە خۆشی ژیان

من لە قەبری ئەو خۆشییەی ژیان دەبەم.

ھاوار دەکات: لە ناو ئەم ڕۆتینەدا ونم مەکە خودایە

مەمکەرە مرۆڤی ناو سیستم

مەمکەرە پیاوی ناو چاکەت و پانتۆڵ

من پێویستم بە گریانە زۆرەکانی جارانمە

حەزم لە مەستی و شەقام و ژنەکانمە

بیری سێکس و توڕەیی و برینەکانم دەکەم.

مەبەستم نییە ھیچ بگێڕمەوە

مەبەستمە باسی پیاوێک بکەم

کە خەون بە نیگەرانییەوە دەبینێت

دەمەوێت باسی مرۆڤێک بکەم بۆتە بەچکە سیسرکێکی تەنیا

لە کوشنی دواوەی پاسێکی پڕ لە ھەراوزەنادا

کات و شوێنی نەماوە بۆ ئەوەی خۆی تێیاندا بشارێتەوە

کە کات و شوێنیشت نەما گو بکەیتە ژیانت باشترە.

 

من لەم شارە شوێنم نەما

من لەم شارە کاتم نەما

لە ھەر شارێک شوێن و کاتت نەما خۆتی تێدا ون بکەیت

دەبێت بڕۆیت و گوی تێبکەیت

من ھەر دەبێت ڕۆژێک یان شەوێک سلێمانی بەجێبێڵم و

لە یەکێک لە دەروازەکانییەوە ئاوڕێکی بۆ بدەمەوە و

پێی بڵێم:

کێرم بە ھەموو ڕۆژە خۆشەکانت.

 

*گۆرانیبێژێکی ئیسرائیلییە.

 

نۆڤەمبەری ٢٠١٦

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.