مرۆڤێک لە بیری دەچێ بژی
قهسیده
نەژاد عزیز سورمێ
‘‘من لە نوری خۆمدا دەژیم،
ئەو پڕشنگانە دەنۆشم لێم دەبنەوە ..”
فریدریك نیتچە
1
زەردەخەنەی ساڵانەم
بە ھەور ھەڵواسی ..
ھەوارم ،
لەناوکی گوڵە مێلاقە دایە
لە گریانی ئەو زەردەخەنەیە دەخواتەوە
لەچاوی بارانیی ئەودا
دەڕوانێتە پێدەشت …
2
تەمەن وێنەی ھێڵێکە،
لە شووشەی شکاوی شەراب ھەڵبەستراوە …
چ دەبێ ئەگەر بڕیار بدەین،
لە ئاوی پێخوستی
دڵە شکاوەکان بخوێنەوە؟
3
سەرم بە سێبەری
پیاوە بێ سێبەرەکە کردبوو ..
پەنجەم بە ئاگر لە گۆ چوو بوون
ئەوە ، ئەو ڕۆژە
خونکاری ژیانی لێ دەتکێ …
4
لەمڕۆوە چاوەڕێی خۆرھەڵاتن ناکەم
لەمڕۆوە بەپێی پەتی ،
بەناو خوناوی مێرگ و کوێستانان ڕادەکەم …
ئەوەتا شوان لە بناریدا ڕەش دەچنەوە
تەم ڕادەدەن .
5
ئەو ماھە چ سانتایێکی پێوە ماوە ؟
شکۆی تابانی ،
لە خوێنی مەییو دەچێ..
کارگەی ژاکان ..
ئەو ماھە سوێند دەخۆی کاغەزی قومارە
بە دەست قوماربازێکی شڵەژاوی دۆڕاوەوە …
6
شەختە گیانی بە شارەوە نەھێشتووە
ڕێ ئەستەمە
تا ئێستا نازانین
لەو دیو ئاستانە
چ دەبێ ، چ دەگوزەرێ …
7
ئەوە چ کارێکە
بەیانییان
لەگەڵ کازیوە ھەستی
دەفتەری ئاگر
بۆ پاسەوانی کوێر بنووسییەوە ؟
8
ئێستا مۆسیقا لە ڕەشەباوە دێ
تریفە بەشیعر دەدوێ
بێ ھاوتایە ئاوێنە ،
دۆست و نەیار
خۆیانی تیا دەبیننەوە .
بێ ھاوتایە…
9
لێم دوور مەکەوە
خەونم دیوە
ئەمساڵ گوڵ دەردەکەم ،
گوڵی سوور ، زەرد ، سپی
لێم دوورمەکەوە !
دەستی یەکتر دەگرین
ھەستمان پێ ناکەن
بەسەری پەنجەکانمان ڕێ دەکەین
دەڕۆین تا لەو سنوورە لەعنەتییە دەپەڕینەوە …
10
ئەوانەی خۆشیانویستبووی
ناھەق نەبوون
کانیی لەزەت ،
لە نیگەرانیی ژنێک دەچێ
عەشق تاوی بۆ ھێناوە
ئەسڵی مەسەلە ئەوەیە
نەخشەی تەمەن!
11
دوور لە دەق ،
دوور لە دەقنووس .
دوور لە ئاھەنگی کز
دوور لە بەزمی ئاھەنگێڕان ،
ڕێگای لمی بیابانی گرتبوو
چاو لە خوێن
بەدوای شوێنپێی (با) وە بوو
دوور لە دەق ، لە دەقنووس ..
دوور لە ئاھەنگ ، لە بەزمی ئاھەنگگێڕان.
12
تەمەنی مانگ ،
بەقەد تەمەنی کەوانەی
سەر چاوەکانت بوو
ببوورە ،
مەبەستم ئەو دوو ئەستێرەیە
بە ڕۆژیش دەدرەوشێنەوە.
13
ئەو شەوە چەند درێژ بووەوە خودایە..
ئەو بێدارییە ،
بۆچی ڕەنگی لە ڕوواندا نەماوە ؟
خوایە ، میلی سەعاتەکان بۆ وەستاون ؟
گوڵەکانی ئینجانە ،
بەو شەوە بۆچی چاوبز لێم دەڕوانن؟
14
خەمەکانمان لە شەبەنگێک دەچن
لە سمکۆڵی ئەسپ و
ئاسۆی لێڵدا دەردەکەون …
سەرابە
سەرابە
سەرابە،
سەرابە ئەو خۆشەویستییە.
15
پیاسەم دەکرد
نازانم بۆچی ، لەبەر خۆمەوە
بیرم لە مێخەکبەندەکەت دەکردەوە
تۆیش پێت وا نییە سەرنجی ڕاکێشابم؟
کانوونی یەکەمی 2009