خەستەخانەی هیوا - سلێمانی - بەرەو کەرتی تایبەت

بەرەو سیستەمی تەندروستی گشتی، مۆدێلێک بۆ هەمووان


Loading

بەرەو سیستەمی تەندروستی گشتی، بۆ هەمووان

سیستەمی تەندروستی دەبێت مۆدێلێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە گشتی

شیرین عەبدوڵڵا

شاڵاوێکی گەورەی بە تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان ڕووی تێکردوین، لەمانە هەموی مەترسیدار تر بەتایبەت کردنی کەرتی تەندروستییە. لە کوردستاندا، دواترینی ئەم شاڵاوانە، ڕوویکردۆتە “نەخۆشخانەی هیوا“ بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە سلێمانی، کەتەنها خەستەخانەیە لە عیراقدا بۆ ئەم نەخۆشیە، و لەگەڵ ئەوەشدا کە خەستەخانەیەکی خێرخواییە، (نەک دەوڵەتی) و پیلانی کەم کردنەوەی خزمەت گوزاریەکانی و سپاردنی بەشێک لەم خزمەتگوزاریانەی بە کەرتی تایبەت بۆ دانراوە.

ئەم شاڵاوی بەتایبەت کردنە تەنها لە عیراق و کوردستان نییە، بەڵکو لە هەمو وڵاتانی جیهاندا هەیە، ئەویش بەهۆی سیستەمی کاپیتالیزمی نیۆلیبراڵیەوەیە کە بەدوای گواستنەوەی خزمەتگوزاریەکانی کەرتی گشتیەوەیە بۆ کەرتی تایبەت، لەڕێی پەرەپێدانی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و سنووردانان بۆ خەرجیەکانی حکومەت و خاوەندارێتی گشتی.

لە جیهاندا سیستەمی تەندروستی جۆراوجۆر هەیە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە تێکەڵەیەکی بودجەی دەوڵەت لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت و بەپێی سیستەمی تەندروستی ووڵاتەکە، و لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕادەی کەم تا زۆر پشت گیری لێ دەکرێت. سەرمایەداران و کۆمپانیا جیهانیە گەورەکان هەمیشە چاویان لەسەر بەکاڵاکردن و تایبەتی کردنی بەشە جیاجیاکانی کەرتی تەندروستی گشتی بووە، چونکە بۆ ئەوان تەندروستی “کاڵا”یەکە کە هەمیشە “بازاڕ”ی هەیە، چ لە خۆپاراستن و ئامۆژگاری نەخۆشی و تاقیکردنەوە و دەرمان و نەشتەرگەریدا بێت وە چ لە بواری لێکۆڵینەوە و زانست و تەکنۆلۆژیای تەندروستیدا بێت. بەڵام ئەم کارەیان زۆر بە ئاسانی بۆ ناکرێت، چونکە تەندروستی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوەیە، و حکومەتەکان کە دەیانەوێت دەستکاری تەندروستی گشتی بکەن دەرگیری ناڕەزایەتی جەماوەر دەبنەوە.

 

بۆیە دەبێت ئەم کارە لە ژێر ناو و بیانوی جۆراوجۆردا بکەن، وەک بووژاندنەوەی ئابوری ووڵات، پەیدا کردنی هەلی کار، چاکسازی و باشکردنی کواڵیتی و کەمکردنەوەی تێچوی خزمەتگوزاریەکان و لەم شتانە …هتد.  بەڵام لەڕاستیدا بەتایبەتکردن شتێک نییە جگە لە شان خاڵیکردنەوەی حکومەت لە بایەخدان بە تەندروستی خەڵک و ڕادەستکردنی تەندروستی و خۆش گوزەرانی خەڵکە بە یاساکانی بازاڕی ئازاد و بازرگانی کە تەنها بۆ یەک مەبەست کاردەکات ئەویش؛ قازانجە.

 

کەرتی تایبەت باکی نییە بە هەبوونی هەژاری و ئەوەی هەژارەکان ناتوانن سوود لە دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و نەخۆشخانەکان وەرگرن، وە یان بەوەی ژنان دەچەوسێنەوە و دەکوژرێن و دەستیان بە خزمەتە فریاگوزاریەکاندا ڕاناگات، یان پەناهندەکان بێ شوێنن و منداڵەکانیان بە دژی نەخۆشیەکانی منداڵی ناکوترێن و ناچن بۆ قوتابخانە، بەمانای هەمووشتێک ئەوەندە بایەخی پێ دەدرێت کە قازانج دروست دەکات.

فۆتۆ ژوڕنالیست “ سەرتیپ ئەحمەد“ لە تویتی خۆیدا.

 

لە (٣-٤) دەیەی ڕابوردوو لە عیراق و کوردستاندا، کەرتی تەندروستی گشتی، کە لە بنەمادا دواکەتوو و کەم بایەخ پێدراو بوو، دەیان و سەدان قات گەڕاوەتە دواوە، پەیکەرەیەکی داروخاوی ماوەتەوە، مووچەی کارمەندان چەندین مانگ دوا دەکەوێت، دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و نەشتەرگەری لە خەستەخانە و کلینیکە گشتیەکان یان دەستناکەوێت، ئەویشی کەهەیە شوێنی متمانەی خەڵک نییە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەندین دەرمانی ساختە و کات بەسەر چوو و کواڵیتی خراپ کەوتۆتە بازاڕ و  بەهۆی ئەو گەندەڵیەی چەندین ساڵە سەرتاپای وڵاتی داگرتوە، و بە گشتی بە هۆی بێ متمانەیی خەڵک بە سیستەمی دەوڵەت و دامودەزگاکانی. پێداویستی تەندروستی خەڵک نەک هەر پشتگوێ خراوە بەڵکو ڕۆژانە و بە سیستەماتیک خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە خەڵک دەسەندرێتەوە و دەوڵەت خۆی لەژێر بەرپرسیارەتیان دەردەکات. بەڵام لەهەمان کاتدا ڕێگە خۆشکراوە بۆ کەرتی تایبەت کە لەهەموو بوارەکاندا تەشەنە بکات.

ئەگەرسەیرێکی داتا تەندروستیەکان بکەین دەبینین ئەمەی لە عیراق و کوردستان ڕودەدات جیا نییە لەو ڕەوەندە جیهانیەی کە هەیە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسی (ئەستانا) دا لە (٢٠١٨) دا ئاشکرای کرد کە بەلانی کەمەوە نیوەی دانیشتوانی جیهان کە (٧.٣) ملیارە دەستیان ڕاناگات بە خزمەتگوزاریە تەندروستیە سەرەتاییەکان- لەوانە نەخۆشیە گوازراوەکان و نەگوازراوەکان، تەندروستی دایک و منداڵ و تەندروستی سێکسی و دەروونی…هتد. ئەمە دەکاتە لانی کەم (٣.٦٥) ملیار کەس کە دەستی بە سەرەتایی ترین خزمەتی تەندروستیدا ڕاناگات… بە پێی ئەم ڕێکخراوە لە کۆی (٣٠)  ووڵات کە ڕاپۆرتمان لەسەریان هەیە تەنها (٨) ووڵات (٤٠) دۆلاری ئەمریکی وەک لانی کەم، لەسەر چاودێری تەندروستی هاوڵاتیان خەرج دەکەن لە ساڵێکدا!.بەم پێیە و لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنە تەکنۆلۆژی و زانستیانەوە کە مرۆڤایەتی بەدەستی هێناوە، هێشتا ڕێژەیەکی یەکجار کەم لە دانیشتوانی زەوی سود لە خزمەتی تەندروستی وەردەگرێت.

لەسایەی ئەم  ڕادە ترسناکەی نایەکسانیدا بوو کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید-١٩) وەک پەتایەکی جیهانی تەشەنەی کرد، و بینیمان چۆن لەماوەی (١٨) مانگی ڕابوردوودا ئەم نایەکسانیانە چەندین قات زیادی کرد. و ڕۆژانە دەبینین ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک دەمرن و دەخنکێن لەبەر نەبوونی پێداویستی زۆر سەرەکی وەک ئۆکسجین و ئاوی پاک و ژینگەی گونجاو، …هتد. بەهۆی پێشکەوتنی زانستەوە بە خێرایی پێکوتە دروستکرا دژی ئەم ڤایرۆسە، کە ئەمە یەکێک بوو لە دەستکەوتە گەورەکانی مرۆڤایەتی ئەم سەردەمە، بەڵام پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی ڤاکسینەکان و دابەش کردنیان و دەست ڕاگەیشتن پێیان بە هەمان شێوە کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی بازاڕ و یاساکانی بازاڕ و بازرگانی و مۆنۆپۆڵی کۆمپانیا جیهانیەکانی دەرمانی ووڵاتە گەورەکان. ئەمە وای کردووە کە (کۆڤید ١٩) وەک نەخۆشیەکی درێژ خایەن و پەتایەک لە ووڵاتە هەژارەکاندا بمینێتەوە و ئەم ووڵاتانە بەردەوام بن لە توشبون بەم ڤایرۆسە تا داهاتویەکی نادیار، لە کاتێکدا، ژمارەیەکی کەم لەووڵاتە گەورەکان توانیویانە تا ڕاددەیەک کۆنترۆڵی بکەن.

زیادبوونی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچونی ژینگە و بێباکی لەبەرامبەر تەندروستی هەسارەییدا، پێویستی بە سیاسەتێکی تەندروستیە کە سیستەمی چاودێری تەندروستی لە شۆکەکانی داهاتوو بپارێزێت، و سیستەمی تەندروستی دەبێت بە جۆرێک بێت نایەکسانی کەم بکاتەوە و نەیهێڵیەت، نەک بەردەوامی پێبدات و زیادی بکات.

 

یاسای چاودێری پێچەوانە   (The Inverse Care Law)

ئەم توێژینەوە بەناوبانگەی (د.جولیان تودۆر هارت)، کە پزیشکێکی فامیلی بو لە دێیەکی بچوکی هەژار نشینی وەیڵز، ناو نراوە “یاسای چاودێری پێچەوانە”، کە لەساڵی (١٩٧١) لە گۆڤاری لانسێتی بەریتانی دا بڵاوکراوەتەوە، وە هەتا ئێستاش، پاش (٥٠) ساڵ، ئەم یاسایە کاریگەرە.

ئەم یاسایە ئەوە دەگەیەنێت کە: “هەبونوی چاودێری تەندروستی باش لە هەر کۆمەڵگایەکدا، بە پێچەوانەی ڕادەی پێویستی کەسەکانە بۆی”. واتە هەتاکو کەسەکان زیاتر پێویستیان بە چاودێری تەندروستی بێت، کەمتریان دەست دەکەوێت وپێچەوانەکەشی هەروا. بەشی دووەمی ئەم یاسایە دەگەیەنێت کە “یاسای چاودێری پێچەوانە بە باشترین شێوە لەو شوێنانەدا دەردەکەوێت کە چاودێری پزیشکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بازاڕدایە، و کەمتر لەو شوێنانەی لە هێزی بازاڕ بەدوورە”.

 

(تودۆر هارت) نەخۆشەکانی ئەم دێیەی بە بێ جیاوازی خزمەت دەکرد، پاڵەپەستۆی خوێنی هەموو نەخۆشێکی دەپێوا، و ئامۆژگاری تەندروستی لەسەر جۆری خۆراک و جگەرەکێشان و ئەلکوهول و قەڵەوی بەهەموویان دەدا، ئەوەبوو دوای (٢٥) ساڵ دەرکەوت کە ڕێژەی مردنی پێش وەخت لە دانیشتوانی ئەم دێیەدا لە (٣٠٪) کەمتربۆوە لە چاو دێیەکانی دەوروبەر.

کاتێک خزمەتگوزاری گشتی دەگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت، هەمو پشکنین و ئامۆژگاری خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان و چارەسەرەکان و نەشتەرگەریەکان دەبن بە کاڵا و هەریەکە و نرخێکی دەبێت لە بازاڕدا. بێبەش و نەدارانی کۆمەڵگە کە زۆرترین پێداویستی تەندروستیان هەیە، زیاتر بێبەش دەبن. وە بە پێچەوانەوە، ئەوانەی توانای داراییان بەرزترە،  وپێداویستی تەندروستیان کەمترە، زیاتر چاودێری تەندروستیان دەست دەکەویت.

نموونەیەک؛ بۆ گۆڕینی بە کۆمەڵ و خێرای سیستەمە گشتیەکان بۆ بازاری ئازاد و تایبەتکردنی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیە گشتیەکان، لە مێژووی نزیکماندا، ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و دیواری بەرلینە لە ساڵی (١٩٨٩) لە ساڵەکانی پاش ئەم ڕوداوە چەندین توێژینەوە کراوە لەسەر کاریگەریەکانی ئەم گۆڕانکاریانە، و هەندێک بۆیان دەرکەوتوە کە لە ماوەی زیاد لە (٣٠) ساڵ بەسەر ئەم گۆڕانکاریانەدا، کەسانی ئەوروپایی ڕۆژهەڵات کە لەدوای ئەم ڕوداوە لەدایک بوون، بە تێکڕا، یەک سانتیمەتر کورت ترن لەوانەی پێشتر لەدایک بوون، و هەروەها ڕێژەی مردنی پێش وەختی پیاوانیش، زیادی کردوە*. ئەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە سیستەمەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی ئەوکاتە ئایدیاڵ و بێ کەموکوڕی بوبێت.

تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە کەرتی تەندروستی گشتی تیا بەهێزە، هێشتا نایەکسانیەکی زۆر هەیە لە ڕێژەی دەست ڕاگەیشتنی چین و توێژە کۆمەڵایەتیە بێبەشەکان بەم خزمەتگوزاریانە. هۆکاری ئەمەش زۆرە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە هیچ ووڵاتێک و هیچ سیستەمێک تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم نایەکسانیانە نەهێڵێت.

 

بۆچی ژنان دەبێت دژی بەتایبەت کردنی کەرتی تەندروستی بوەستنەوە

ڕاستە بەتایبەت کردنی خزمەت گوزاریەکان بەگشتی و کەرتی تەندروستی بەتایبەتی، ژیان و خۆشگوزەرانی هەموکەس تێک دەدات؛ بە پیاو و ژن و منداڵ و پیرەوە. وە کۆمەڵگا بە گشتی دەبێتە کۆیلەی قازانج و بازاڕ، بەڵام ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگا و توێژێکی بەرینی چەوساوەکانی، چەوسانەوەیان زیاد دەکات و باری ژیانیان چەند قات قورستر دەبێت لەژێر کەرتی تایبەتدا. لە وتارێکی پێشومدا بە ناوی {دەربارەی هەڵبژاردنی سێکسی کۆرپە و نەریتی لەباربردنی منداڵی کچ (٢١-٣-٢٠٢١)} باسم لەوە کردوە کە چۆن، لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا منداڵی کچ بێبایەخ تر دەبینرێت وەک لە منداڵی کوڕ، و پێداویستیەکانی کچی منداڵ پشتگوێ دەخرێت هەر لە خوێندن و خۆراکەوە هەتا پیداویستی تەندروستی جەستەیی و دەروونی و جلوبەرگ… هتد. لەگەڵ چوونە سەری بەتایبەتی کردندا، و لە پێشبڕکێی بازاڕدا، هەلی کاردۆزینەوەی ژن زەحمەت تر دەبێت. بەڵام بەهۆی پێداویستیەکانی ژیان ناچار دەبن کە کاری تاقەت پڕوکێن و کاتیی قبوڵ بکەن و لەگەڵ هەر قەیرانێکی ئابوریشدا ژن زیاتر بێکار دەکرێت و پاڵی پێوە دەنرێت بۆ ماڵەوە و دوردەخرێتەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. ئەمانە بەشێکن لەو هۆکارانەی توشبوونیان زیاتر دەکات بە نەخۆشی دەرونی و خۆکوژی. ئەرکی منداڵ بەخێو کردن و قورسایی کاری ناو ماڵ و چاودێری پیر و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانی خێزانەکە، و هەموو ئەو بۆشاییانەی تر کە دروست دەبن بەهۆێ بڕینی خزمەتگوزاریە گشتیەکانەوە، بە ژنان پڕ دەکرێتەوە، بەبێ بەرامبەر.

ژنان بەبێ سەربەخۆیی ئابوری خۆیان سڵدەکەنەوە لە سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەکان، و زیاتر نەخۆشیەکانی خۆیان پشت گوێ دەخەن (چ نەخۆشی فیزیکی، یان دەرونی)، و بەهۆێ ڕۆڵیان لە چاودێری خێزاندا، پێداویستیەکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن و پێداویستی خێزان و ئەندامانی دەخەنە پێش پێداویستی خۆیان. نەخۆشیەکانی ژنان تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتوەکانیشدا، هێشتا بایەخ پێنەدراوە و لە زۆر شوێنی جیهاندا کێشەکانی باڵغ بوون و سووڕی مانگانە و سکپڕی و منداڵبوون و وەستانەوەی سوڕی مانگانە و دەرەنجامەکانی، وەک تابوو سەیریان دەکرێت و بە ئاشکرا باسیان لی ناکرێت. ئاشکرایە چەندین کاڵا و دەرمان بۆ ئەم کێشانە هەیە، بەڵام ئەگەر بە پارە بێت، دیسان تێچوی ماددی دەبێتە ڕێگر لە بەکارهێنانیان. خزمەتگوزاریەکانی فریاکەوتنی ئەو ژنانەی توشی دەستدرێژی و توندوتیژی و کوشتن و سوتاندن دەبن لەخۆیا کەمە و دەست پێڕاگەیشتنیان ئاسان نییە، و ئەمانە ئەولەیەت نیین بۆ کۆمەڵگای پیاوسالار و سەرمایەداران، و کەرتی تایبەت ناچێت ئەم خزمەتانە ببوژێنێتەوە چونکە قازانج بەخش نین.دابینکردنی خزمەت گوزاری تەندروستی لە ڕێگەی بازاڕەوە فۆڕمێکی کۆمەڵایەتی کۆنە و مێژوی بەسەرچووە. هەر هەنگاوێک بەرەو بە گشتی کردنی ئەم خزمەتگوزاریانە هەنگاوێکە بەرەو نزیکبونەوەی هێنانەدی یەکسانی، و هەر گەڕانەوەیەک ئەو نایەکسانیە زیاتر دەکاتەوە.

تەندروستی نابێت کاڵایەک بێت بۆ پارە دروستکردن و قازانج، بەڵکو سیستەمی تەندروستی دەبێت دەزگایەکی کۆمەڵایەتی بێت کە بە پێی پێویستیی کەسەکان، کێشە تەندروستیەکانیان چارەسەر بکات بە بێ هێنانە ناوەوەی قازانج.ئەم سیستەمی تەندروستی گشتیە دەبێت مۆدێلێک بێت بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە گشتی.

٢٦-٦-٢٠٢١

https://www.thelancet.com/journals/lancet/article/PIIS0140-6736(19)30167-9/fulltext*

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌