نیگار نادر

نیگار نادر؛ جیهان لەچەرخی قومارسالارێکدا


Loading

ئەو ئەستێرەیی ناوزەدکراوە بە زەمین سێهەمین گەڕەستێرەی نزیک لە خۆرە ،ئەتڵەسی  جیهانی سەر ئەو ئەستێرەیەی لەسەربنەما و بەدەستی سەردارانی براوەی جەنگ، خودان هێزی  بۆمبی ناوەکی نەخشەکێشراوە و هەڵبڕدراوە ، بەبەردەوامی سیاسەتمەداران بۆ ئاڵوگۆڕ و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سەروەری ئەو جیهانە، باجی کوشندە دەدەن و جۆرەها سیاسەتبازی ڕێکدەخەن جۆرەها سیستەم دادەتاشن ، بەڵام دوا ئاڵوگۆڕی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هێدمە ئامێزانە جێگای بەسیاسەتسالاری چۆڵکردو قومارسالاری کردە ئایدیال و براوەی ئەو چەرخە .

 

بەدرێژایی میژووی مرۆڤایەتی، سیاسیەکان هەمیشە گومان و ترسیان و هەبووە لەوەی، نەوەک ڕۆژێک وسەردەمێک دابێت جڵەوی سیاسەت لەدەستیان دەربچێ و سیاسەت بکەوێتە دەست شاعیر ون وسەرێک و نەخشەی ئەو جیهانە لەسەر لێبوردەی و خۆشەویستی ڕێکبخاتە وه‌، یان جڵەوی ئەو جیهانە بکەوێتە دەست هونەرمەند یان ڕابەرێکی ڕۆحی و نەخشەی ئەو جیهانە لەسەربنەمای دژە بەرژەوەندی و دژە جەنگ داڕێژیتەوە. بەڵام نەخافڵبوون لەوەی لەپڕ جڵەوی سیاسەت دەکەوێتە دەست کۆنە دەڵاڵی خانووبەر و سەرمایەدارێک و ئەوان و پاڕادایمە زانستیەکان مایەپووچ دەهێڵێتەوە .    

                          

جێگای داخە مرۆڤایەتی کەوتە سەردەمێک کە دراو دەبێتە جێگرەوەی مۆڕاڵ و ئابووری دەبێتە جێگاچوڵکەر بەهەموو بەهاو پێوەرەکان. ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو قوتابخانەکانی فیکری سیاسی ، فەیلەسوفە سیاسیەکان،  پرۆفیسۆرەکانی زانستی سیاسەت ،سیاسەتمەدارە بەئەزموونەکان ، سیاسەتدارێژەر کارامەکان، شکستی خۆیان ددانپیدابنێنن و بارگەو تیراژی فیکر و تێورو کتێبە ئەکادیمیەکان کۆبکەنەوە و دەستبکێشنەوە لە پێنوسەکانیان .

هەڵبژاردنی (  دۆناڵد تڕامپ )نیشانەیە بۆ گۆڕینی  سیستەمەکانی جیهان بە یاریگەلێکی وەک  قوماری دیجیتاڵی و  بلیاردێک کە گۆی زەوی تۆپەکەیەتی ، سیگناڵێکە  بۆ کڕێنی ویژدان و هەڵبژاردن و سیستەمەکان. ئاماژەیە بۆ پوچەڵکردنەوەی  مۆڕاڵ و ئیتیک و ڕاستبێژی ، ستراتیژێکە بۆ برەودان بە شمەکخۆری و تایکۆنەکانی بزنس ،زەنگێکە بۆ سەرکەوتنی ڕاستڕەوەکان .

ترامپ پیاوە سێكسته‌كه‌
ترامپ پیاوە سێكسته‌كه‌

 

سەرداری سیاسەتی جیهان لەنمایشێکی (هۆڵیۆدستایل)  دا بەخۆی و بە هاوسەرە مۆدێل ستارەکەی ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە گرنگ نییە چەندو چۆن پینەکراوی، گرنگ ئەوەیە پینەی جوانکاری و پینەی پارە، توێژێکی جەستەو مێشکی داپۆشیبی! گرنگ نییە چەند خاڵی بیت لە بەها،  بەڵکو گرنگە چەند سەر ڕێژ بیت لە ژمارە ، چیتر جێی بایەخ نییە کەسایەتیت  لەکامە ژمارەبەندی فیکر و مەعریفەدا بێت،  بەڵکو ئەوەی جێی بایەخە کەسایەتیت لە کوێی ژمارەبەندی تاوەرو بۆرسەکان دابیت!

له‌داهاتوودا ترسی گەورە ئەوەیە كاتێك قومارمەدارێک دەبێتە جێنشینی سیاسەتمەدارێک ،مەترسیدارتریش  ئەوەیە سەرێک دەبێتە سەروەری ئەو جیهانە کە لەناویدا هزر نا ، بەڵکو ماشێنەکانی قومار کاردەکەن. ترس ئەوەیە جڵەوی دونیا دەکەوێتەدەست تاوەر بونیادنەرو تاوەر نشینەکان و (سیستەمە دادپەروەرییەکان) دەبنە (سیستەمی دراوپەروەری) .

 

ئەی چ کارەساتە ئێمە پێدەخەینە سەردەمێک کە پارە مەحاڵەکان دەسڕێتەوە و پێنووسەکان دەنوشتێنێتەوە، سیستەمی سەرمایەداری وەکو فیلمێکی هوڵیود بەرهەمهێنراو  لەچەقی کوشکی سپی ڕا ، چارەی ڕەش بەهەموو سیستەمەکانی ئەو جیهانە پیشان دەدات، دروشمی( یان لەگەڵ ئێمەی هاوڕای یان تیرۆریستی) هەڵدەگەڕینێتەوە بۆ( یان سپی پێست و سەرمایەداری  یان بێڕەچەڵەک و تیرۆریستی) .

 

چ خەمهێنەوەیه‌ پاشەکشەکردنی ئەقڵ و کورتهێنانی مۆڕاڵ، کورتکردنەوەی مرۆڤ لە بەرخۆرێكی بچوک و ڕۆبۆتێکی تەرخانکراو  بۆقازانجکردن و پارەکۆکردنەوە. دەبێت لێرەبەدوا چاوەڕوانکراو بێت لە ئەمەریکایەکی بەنگه‌شەکاری ئازادیدا، پەیکەرەکانی ئازادی و سەربەخۆیی دابگیرێن و ئایکۆنەکانی بازرگانی و فاشیۆن و پۆرنۆ و لە جێگایان بچەسپینرێن.

كاریكاتیر ؛ ترامپ The English Hub
كاریكاتیر ؛ ترامپ
The English Hub

ئەی لەو ئایندە تەمومژاوییەی( ئەپڵ) و (ترامپ ) و (ئۆتۆم)  سێ دوگمەی سەرەکی نائاسایشی جیهان بن ،سەروەری سودخۆرەکان بکارێ جۆرەها  دیوار هەڵچنێت؛ چ دیواری ڕەگەزی ، فیکری ، فەرهەنگی جیۆگرافی …ئەوەی لە سیاسەتە کۆنکرێتکراوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی گەورەترین سۆپەر پاوەری جیهاندا  چاوەڕواننەکراو بوو سەرکەوتنی  فیگەرێکی  (پرۆفاشیستی کۆمێدی) ڕەوتارو گوتار بوو بەسەر فیگەرێکی هەڵکەوتووی ئاسایشی نیشتیمانی یان مەشقپێکراو بە سیاسەتی ئەمەریکانیزمدا. 

تڕامپی مەشقدراوی ناو گازێنو و باڕە تاریکەکان هات تا بەجیهان بڵێت؛  ئەمەریکا هیچیتر پێویستی بە پۆشینی ماسک نییە، ماسکەکانتان فێڕێبدەن، ماسکی دژە تیرۆر ،ماسکی دژە نەژادپەرستی ، ماسکی نەوت بەتاڵانبردن، ماسکی دیمۆکراسی،  چونکە ئێمەی ئەمەریکایی چمان گەرەک بێت بەدەستی دەهێنین  بەقازانجەوە  و ئێوەش ئەگەر سەلامەتیتان گەرەکە بەدوامانبکەون،  ئیتر تۆپی زەوی دەخەینە ژێر پێیەکانی خۆمانەوە .

زۆر بەئاشکرا دوا ستایلی ئەمەریکانیزم نیشانیدا کە سێکسمەدارێک بەشانازیەکی نێرسالارانەوە دێت و گوزارشت لە شکاندنی شکۆی چەندین خانم دەکاتەوە وبەهەمان پێوەری قومارسازی، قوماربازی بە کەسایەتی و سۆزو شکۆی خانمانی دەوروبەرو هاوسۆزی دەکاو لەگەڵ گەنجترین ژنی خۆیدا نمایشی خێزانێکی سەرکەوتوو دەکات و جیهانیش بە چەپڵەرێزانێکی شۆکئامێزەوە پەسەندی دەکا .

 جێی گومان نییە سەرەڕای سیاسەتی چەسپاوی ئەمەریکا،  بەڵام  ئەجەندای ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی تیرۆر و پۆست داعش جیاوازی تێدادەبێت ، جێی خۆیەتی کوردیش بە  ئەزموون وبەنەخشەی پەلهاویشتوی  خۆیدا بچێتەوەو  لەناوچەکە بەتایبەت  لەباشورو ڕۆژئاڤا  و چاوەڕێی  گۆڕانکاری و نەخشەداڕشتن و ستراتیژە تەمومژاویەکەی  تڕامپ بکات؟ یان بە واتایەکی تر هەموو ئەو نەخشە نوێ و پۆچڵکراوانەی لەسوڕی بۆش و  ئۆبامادا بەهەویایان بوو دەبێت لەسوڕی تڕامپدا چییان لێ بەسەربێت؟!

دەبێت چاوەکانمان ڕابهێنین بەوەی دەیبینین فیلمێکی سینەمایی یان دۆکیۆمێنتاری نییە، ئەوە تڕامپە بەڕێکەوتووە و دێت بەخۆیی و بە قافڵەیەک ژنی هاوشێوەی هوڵیود سەرو سیماوە بە هەلیکۆپتەرێک لەمافیاتایپی پۆپۆلیستەوە ، بە کەشتیەک لە بزنس ستایلی شۆ تایپەوە تا ستراکچەری نوێی ئەو جیهانە بەئەقڵی  نەژادپەرستانەی خۆی داڕێژیتەوە .

لە کۆتایی دا هەموومان دەزانین دەشێ ترامپیزم گێژەڵوکەیەکی بازرگانی ، قومارسازی ، ڕەگەزپەرستی ، بانک بازی بێت،  کە ئەو جیهانە ترسناکانە بهەژێنێت و کاولبکات ، بەڵام کەسمان توانای بەرگرتنی نییە، چونکە هەر  ڕووداێكی نامۆ  و کەسێکی  ناوازە کە ئەمەریکاسالاری پەسەندو پشتڕاستی بکا ئەوا ئەو دەبێتە سالاری ئەو جیهانە و ئەوچەرخە بەمەیلی خۆی دەسوڕێنێتەوە!