د. حه‌مید عه‌زیز
به‌شی فه‌لسه‌فه-كۆلیجی ئه‌ده‌بیات-هه‌ولێر
1-میتافیزیك لقێكه له لقه‌كۆن و گرنگه‌كانی فه‌لسه‌فه، له‌و ڕۆژه‌وه له‌سه‌رده‌ستی مامۆستای یه‌كه‌م ئه‌ریستۆ تالیس (384-322 پ.ز ) دامه‌زراوه و داهێنراه، پتر له‌هه‌موو لق وبه‌شه‌كانی تر كێشه‌و به‌ره‌و بێنه‌و به‌رده‌ی له‌سه‌ربووه . نه‌یارانی هه‌میشه له‌دۆستولایه‌نگیرانی پتر بوون. به‌ده‌گمه‌ن له‌مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا فه‌یله‌سوفێك هه‌بووه و ده‌بینرێ ئه‌گه‌ر هێرشی نه‌كردبێته‌سه‌ر. هه‌میشه کۆشش كراوه به‌شێوازێك له‌شێوازه‌كانی گۆڕان به‌سه‌ر ڕوخسار‌و ناوه‌ڕۆكیدا بهێنرێ وبگره جاری وا هه‌بووه هه‌وڵدراوه بكرێ به‌زانست. به‌رهه‌مه‌كانی دیكارت و كانت و ڕێبازی ئیمپریزمی لۆجیكی كۆڕی ڤیه‌ننا راستی ئه‌و بۆچوونه ساغ و پشت راست ده‌كه‌نه‌وه.
میتافیزیك وشه‌یه‌كی یونانیه له دووبڕگه پێكهاتووه:
-مێتا به‌واتای له‌دوا و له پشته‌وه.
-فیزیك سروشت ده‌گه‌یه‌نێ . كه‌وابوو وشه‌كه به‌هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی واتا له‌دوا سروشته‌وه‌ده‌گه‌یه‌نی . ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ركه‌وتن و به‌كارهێنانی ئه‌و وشه‌یه سه‌رچاوه‌كان واباس ده‌كه‌ن گوایه:
له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌رستۆدا دوای كتێبی فیزیك (سروشت) كتێبێك هاتووه نه‌یانزانیوه ناوی چی لێ بنێن چونكه مامۆستای یه‌كه‌م خۆی ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ی به‌فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌م ناوبردووه به‌و واتایه كه بایه‌خ به‌زانینی بنه‌مابنه‌ره‌تیه‌كانی گه‌ر دوون ده‌دات ، ئینجا باسی هه‌ندێك بابه‌ت ده‌كات سنوری ئاسایی سروشت ده‌به‌زێنن بۆیه ناوی میتافیزیك بۆ ئه‌و به‌رهه‌م پێشنیاز كراوه !
2-به‌درێژایی سه‌ده‌كان ناوه‌ڕاست كه‌ته‌مه‌نێكی دوور‌و درێژی هه‌زار ساڵه‌ی به‌رهه‌م لاواز وبێ پێز ! بووه میتافیزیك وه‌ك فه‌لسه‌فه به‌گشتی كۆت وپێوه‌ندی لاهۆتی سێ ئایینه گه‌ردووینه كه كرابوو بۆیه وا سوكوئاسان نییه سروشته گه‌وهه‌ریه‌كان وخه‌سڵه‌ته‌تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌ته‌كانی میتافیزیك دیار‌و ده‌سنیشان بكرێت.
دوای داگیركردنی شاری ئه‌سته‌مبوڵی (كۆسته‌نته نۆپڵ) یۆنانی له‌لایه‌ن توركی عوسمانلیه‌وه ساڵی(1453 ز) كۆتایی به‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست هێنراوه و گوڵی به‌هاری فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن له‌ئه‌وروپا به‌ده‌ركه‌وتووه. هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه تاكو كۆچی دوایی رابه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیتی ره‌های ئه‌ڵه‌مان هیگڵی گه‌وره‌و مه‌زنه وه بگره تاوه كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌و به‌رهه‌مانه وردبێته‌وه كه‌ده‌رباره‌ی میتافیزیك نووسراون ده‌توانرێ چوار هه‌ڵویستی له‌یه‌كتری جیاواز به‌ڵام توندوتۆڵ به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوو یه‌كتری ته‌واوكار ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته كێشه‌ی له‌سه‌ره دیار‌و ده‌ستنیشان بكات ، ئه‌وهه‌ڵوێستانه سه‌ره ڕای ئه‌وجیاوازییانه‌ی له‌نێوانیاندا به‌دی ده‌كرێ یه‌ك خاڵی سه‌ره‌كی كۆی كردونه‌ته‌وه: ره‌خنه‌كردنی میتافیزیك، بێگومان ره‌خنه‌كردن به‌واتا زانستیه‌كه‌ی كه هه‌ردو لای تیشك خستنه سه‌ر لایه‌نی له‌بارو ناله‌بار ده‌گرێته‌وه، ده‌رخستنی لایه‌نه له‌بارو باشه‌كه‌و ئینجا هه‌وڵی په‌ره‌پێدان‌و به‌ره‌وپێشچونی بدرێت، یان ئه‌وه‌تا گازنده‌ی لایه‌نه ناله‌بارو كه‌موكوڕییه‌كانی بكرێت، یا ئه‌وه‌تا كۆششی دورخستنه‌وه‌ی یه‌کجاره‌كی له‌كایه‌و ده‌ڤه‌ری فه‌لسه‌فه‌و زانست‌دا بدرێ یان پێشنیازی چاك كردن‌و پڕكردنه‌وه و كه له‌به‌ره‌كانی‌و باشكردنی كه‌موكوڕییه‌كانی بكرێ، ئیتر ئایا ئه‌و كۆششه جۆره چاك سازی‌و مشتوماڵ كردن بووبێ یان به‌زانست كردنی بوبێت ، ئیتر ئه‌و چوار هه‌ڵوێسته له‌مانه به‌ده‌ر نه‌بوون:
یه‌كه‌م: له‌جێگای میتافیزیك بابه‌تێكی تر دابنرێت.
دووه‌م: ساغ بكرێته‌وه كه میتافیزیك هیچی تر ناكرێ هه‌بێت‌و ده‌بێ هه‌وڵی پاساودانی بوونی پووچه‌ڵ بكرێته‌وه!َ.
سێیه‌م: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ناشیاوه‌كی میتافیزیك به‌بوون‌و نه‌بوون ساغ‌و پشت راست بكرێته‌وه.
چواره‌م: یان ئه‌وه‌تا میتافیزیك له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا بهێنرێ(1).
ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌و چوار هه‌ڵوێسته وردبێته‌وه ئه‌و رۆڵه گرنگه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه ره‌خنه به‌هه‌ردوو ره‌هه‌ندییه‌وه ده‌یگێڕێ: ره‌هه‌ندی ره‌خنه‌كردنی زمانی میتافیزیك یان ره‌خنه‌كردنی بابه‌تی میتافیزیك خۆی. به‌ڵام ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌و لقه‌ی فه‌لسه‌فه گیراون هیچ كاتێك نه‌بۆته مایه‌ی به‌یه‌کجاره‌كی دوورخستنه‌وه‌و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته، چونكه ره‌خنه‌كه خۆی له‌و كایه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ره‌خنه‌نكردنی میتافیزیكدا پشت به‌چه‌ند پێشه‌كی – گریمانه‌یه‌ك ده‌به‌ستێ خۆیان له‌خۆیاندا له به‌هه‌ڵه‌و چه‌وتی پێناسه‌كردن‌و تێگه‌یشتنی میتافیزیك به‌و لاوه نین:
ـ له لایه‌نی ره‌خنه‌كردنی زمانی میتافیزیك دا كه به‌ته‌واوه‌تی له‌تراكتاتوسی ڤتگنشتاین و فه‌لسه‌فه‌ی كارناپ دا به‌رجه‌سته بووه، دواتر دێینه‌وه سه‌ری‌و وردی باسی ده‌كه‌ین.
ـ ئه‌و ره‌خنه‌ی له‌ناوه‌ڕۆك و بابه‌تی میتافیزیك گیراوه بریتیه له‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی میتافیزیك به‌گشتی نازانستین‌و پشت به‌ئه‌زموون‌و تاقیكردنه‌وه نابه‌ستن‌و له‌توانادا نییه به‌هیچ پێودانگێكی ئیمپریری پشت راست بكرێنه‌وه. به‌واتایه‌كی لۆجیكیانه ئه‌و ره‌خنه‌یه وای بۆ ده‌چێ كه بابه‌ته‌كانی میتافیزیك به‌چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نائه‌زموونی – نائیمپری – نازانستی ده‌رده‌بڕین‌و ئه‌و جۆره ده‌سته‌واژانه‌ش ناكرێ به‌شێوازی ئیمپیری – زانستی رۆبنرێن‌و پشت راست بكرێنه‌وه.
بۆیه ده‌كرێ بگوترێ كه “بابه‌ت‌و كێشه‌و پرسیاره‌كانی” میتافیزیك له‌سۆنگه‌ی ئه‌و ره‌خنه‌یه‌وه وه‌ك له‌لایه‌نی زانستیه‌وه لاواز‌و بێ پێزو بێ بنه‌مان ئه‌وا بێ واتا‌و بێ ده‌لاله‌تیشن.
3-ساغكردنه‌وه‌ی راستی ئه‌و گازنده‌و ره‌خنه‌یه‌ی رووبه‌ڕووی میتافیزیكی كلاسیك ده‌كرێته‌وه، ده‌بێ له‌لایه‌كه‌وه روون‌و پێناسه بكرێت مه‌به‌ست له‌میتافیزیك چییه‌و كاتێك ره‌خنه‌گر وشه‌و چه‌مكی ئیمپری‌و واتا‌و ده‌لاله‌ت‌و زانستی بوون به‌كارده‌هێنێ مه‌به‌ستی چییه و باسی چی ئه‌كات‌و ئه‌و چه‌مكانه تا چ راده‌یه‌ك ده‌كرێ له‌گه‌ڵ وشه‌ی هه‌ڵكه‌وت (رێئالیست – واقیعیه) وا دێنه‌وه؟!
دوور ناڕۆین ئه‌گه‌ر بڵێین فه‌یله‌سوف‌و چالاكانی كایه‌و گۆڕه‌پانی بابه‌تی فه‌لسه‌فه له‌نێو خۆیاندا ده‌رباره‌ی چه‌مك‌و بابه‌تی میتافیزیك كۆك نین. هه‌ریه‌كه به‌جۆرێك تێیده‌گات‌و له‌سونگه‌ی جیهاندیده فه‌لسه‌فه‌كه‌یه‌وه پێناسه‌ی ئه‌و لقه كێشه له‌سه‌ره ده‌كات بۆیه به‌پێی تێگه‌یشتن‌و هه‌ڵوێستی فه‌یله‌سوف‌و رێبازه‌كانی فه‌لسه‌فه چه‌ندین جۆر میتافیزیك هه‌یه، بۆیه به‌دوور نازانرێ ئه‌گه‌ر فه‌یله‌سوفێك سه‌ركه‌وتووانه كۆشابێ جۆرێكی میتافیزیك ره‌خنه بكات‌و پوچه‌ڵی بكاته‌وه ئه‌وا له‌جێگای میتافیزیكه ره‌خنه‌كراوه‌كه میتافیزیكێكی تری جیاوازی داهێناوه كه له‌پوچه‌ڵكردنی یه‌كه‌مه‌وه كه‌وتۆته‌وه.
كۆشش‌و هه‌وڵه لۆجیكیه – لینگویستیكیه‌كه فه‌یله‌سوفی نه‌مسایی (ئوتریشی) ڤنگنشتاین نموونه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و ره‌وشه‌یه. ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی له‌تراكتاتوسدا گوتویه‌تی گوایه بێ واتایی‌و ناڕاستی كێشه‌كانی فه‌لسه‌فه‌و میتافیزیكی ساغ كردبێته‌وه، ئه‌وا هه‌ر خۆی جۆرێكی تری میتافیزیكی داهێناوه(2).
4-ئه‌گه‌ر ئیمانۆییل كانت له‌سونگه‌ی ترانسندێنتالییه‌وه كۆشابێ به‌ناوی چاككردنی میتافیزیك‌و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌له‌به‌ره‌و كه‌موكورتیه‌كانی ئه‌و بابه‌ته به‌زانست بكات یان “ببێ به‌بابه‌تی دوا رۆژ(3)”، ئیتر هه‌ر له‌ره‌خنه‌كردنی ژیره‌وه، تاوه‌كو شت له‌خۆیداو دیارده‌و بارگۆڕینی كۆپه‌نیكوسیانه، به‌بۆچوونی شاره‌زایان وێڕای گرینگی ئه‌و هه‌وڵه ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی ده‌ستگیر نه‌بوون كه مه‌به‌ستیه‌تی، ئه‌وا له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ره‌خنه‌یه‌كی توناكه‌رانه ئاراسته‌ی بابه‌ت‌و میتۆد‌و ناوه‌وڕۆكی میتافیزیك كراوه، به‌ڵام به‌شێوازێكی دیكه كه له‌روخسارو ناوه‌ڕۆكدا جیاواز بێت‌و ئه‌نجامی جیاوازیشی لێكه‌وتۆته‌وه. ئه‌و رێبازه “كۆڕی ڤییه‌نای ئیمپیریزمی لوجیكیه” به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی ئه‌ندامی كار‌و چالاكیه‌وه، روودولف كارناپ (1891-1970ز).
كارناپ به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كانی پێش‌و له‌هه‌ردو سونگه‌ی ناوه‌كی ده‌ره‌كییه‌وو به‌هۆی شیكردنه‌وه‌ی لۆجیكیانه‌ی زمانه‌وه میتافیزیكی خستۆته ژێر تیشكی تاووتوێ كردن به‌ڵام نه‌ك به‌مه‌به‌ستی چاككردن‌و به‌زانست كردنی به‌ڵكو به‌نیازی پوچه‌ڵه‌كردنه‌وه‌و دوورخستنه‌وه‌ی له‌كایه‌و ده‌ڤه‌ری هه‌موو چالاكیه‌كی فه‌لسه‌فه‌و لوجیك‌و زانست(4).
ئه‌گه‌ر مرۆڤ سه‌رنجی ئه‌و ره‌وش‌و هه‌لومه‌رجه بدات كه كه‌سایه‌تی كارناپ تێیدا خه‌ت‌و خاڵی داوه، به‌تایبه‌تی ئه‌كادیمیه‌كه‌ی، ئینجا چۆن چالاك‌و ده‌ستبه‌كار بووه تاڕاده‌یه‌ك هۆكاری ئه‌و هه‌ڵوێسته نیمچه توندڕه‌وه‌ی دژ به‌میتافیزیكی بۆ روون ده‌بێته‌وه:
بێ واتایی میتافیزیك!
1-هه‌ڵوێستی رودۆلف كارناپ به‌رامبه‌ر به میتافیزیك به‌تایبه‌تی‌و به‌رامبه‌ر به‌فه‌لسه‌فه به‌گشتی ده‌كرێ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پۆلێن‌و له‌و خانه‌یه‌دا ده‌ستنیشان بكرێ كه له‌بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیست به‌دواوه له‌و ئاڕاسته‌یه‌دا كه به‌بزوتنه‌وه‌ی كۆڕی ڤیه‌ننای ئیمپریزمی لۆجیكی ناوی ده‌ركردووه، خه‌ت‌و خاڵی داوه.
ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌ركه‌وتنی چه‌ند دیارده‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی‌و ئابوری‌و ئایدیۆلۆجی‌و زانستی‌و فه‌لسه‌فه‌یی سه‌رده‌می خۆی به‌تایبه‌تی له‌نێوان هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م‌و دووه‌می جیهانی له‌ده‌ڤه‌ری ئه‌وروپا به‌رجه‌سته كردوه. ئه‌و بزوتنه‌وانه له‌ده‌ركه‌وتنی “وه‌ك ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی” ستالینیزم له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ناو لینینیزم‌و كه‌رت‌و په‌رش بوونی ماركسیزم بۆ سێ باڵ‌و شكست هێنانی بزاوتی سوسیال دیموكراتی له‌ئه‌ڵه‌مانیاداو خه‌ستبوونه‌وه‌ی ره‌وشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ڵه‌مان له‌قاڵبی ناسیونال سوسیالیزمی ئه‌دۆلف هتله‌ر (نازی)دا به‌ده‌ركه‌وتوون له‌هه‌مان كاتدا سه‌رمایه‌داری كه له‌لایه‌ن چه‌ند بزاوت‌و رێكخراو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌وه دوژمنایه‌تی كراوه‌و به‌گژیدا چون، پێشكه‌وتووه به‌تواناتر بووه‌و ده‌سكه‌وتی پتری پشت ئه‌ستور به‌شۆڕشی زانستی‌و ته‌كنه‌لۆجی پێشكه‌ش كردووه! چینی كرێكار كه ئه‌وكاته به‌پرۆلیتێر ناوبراوه، زیره‌كانه ده‌ست پێشكه‌ری له‌ده‌ست ده‌رهێنراوه‌و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و رۆڵه به‌توێژو رێكخراو‌و ئۆرگانی تر سپێردراوه.
له‌و سه‌ده‌مه‌دا كه خۆری چه‌ند بزوتنه‌وه‌یه‌ك ئاوا بوه‌و یان خه‌ریكی ئاوا بوون بووه، لایه‌نی تر جڵه‌وی بزوتنه‌وه‌و كار‌و چالاكیان كه‌وتۆته ده‌ست ، كۆڕی ڤیه‌ننا ده‌ركه‌وتووه‌و كارناپ ئه‌ندامێكی كار‌و چالاكی بووه. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گۆڤاری ناوه‌ندی كۆڕه‌كه “گۆڤاری زانین” Erkenntnis له‌ساڵی 1930-1931 ز به‌دواوه ده‌رچووه چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردۆته‌وه تیایاندا جیهاندیدی فه‌لسه‌فه‌یی‌و میتافیزیكی‌و بزاڤی یه‌كگرتنی زانستی خۆی له‌وێدا راگه‌یاندووه. ئه‌وی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه هه‌ڵوێستیه‌تی به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌ی میتافیزیك:-
2-پشت ئه‌ستور به‌سه‌رچاوه باوه‌ڕ پێكراوه‌كانی مێژووی فه‌لسه‌فه، له‌و رۆژه‌وه میتافیزیك له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستای یه‌كه‌م ئه‌رستۆ داهێنراوه تاوه‌كو ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كارناپ تێیدا چالاك بووه چوار هه‌ڵوێستی له‌یه‌كتری جیا به‌ڵام ته‌واوكاری یه‌كتری له‌به‌رهه‌می فه‌یله‌سوفه‌كاندا سه‌رنج راده‌كێشن:
یه‌كه‌م: هه‌ڵوێستی ئه‌رستۆ و سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست‌و تاڕاده‌یه‌كیش هی چه‌ند فه‌یله‌سوفێكی مۆدێرن دۆستانه بووه‌و هه‌وڵی پتر په‌ره‌پێدان‌و به‌ره‌وپێشچوونیان داوه. ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا شتێكی ئاساییه چونكه به‌درێژایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست فه‌لسه‌فه له‌ژێر باڵ و سێبه‌ری هه‌رسێك ئایینه گه‌ردونیه‌كه‌دا له‌سنورێكی ره‌نگ بۆ رێژراودا چالاك بووه. ئه‌و بابه‌ته بنه‌ما بنه‌ڕه‌تیه‌كانی لاهوتی ئایینه‌كانی ساغ و پشت راست كردۆته‌وه.
دووه‌م: هه‌ڵوێستی به‌زانست كردنی میتافیزیك به‌تایبه‌تی یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن كانت‌و(5) ئینجا له‌لاه‌ین ئیدمۆند هوسه‌رڵه‌وه(6).
ئه‌و دوو هه‌وڵه، ئه‌گه‌ر بشێ ئه‌و وشه‌یه به‌كاربهێنین، شكستیان هێناوه، چونکه، وه‌ك ئێمه بۆی ده‌چین‌و له‌نووسینێكی دیكه‌دا روون‌و ساغی ده‌كه‌ینه‌وه، به‌جۆرێك پێناسه‌ی میتافیزیك‌و زانستیان كردوه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌دا نامۆ بوون، ئینجا به‌و كۆششه‌یان داوایان له‌میتافیزیك كردووه ده‌ستبه‌رداری روخسار‌و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ببێ‌و ببێ به‌شتێكی دیكه‌و هیچی تر میتافیزیك نه‌مێنێ.
سێیه‌م: په‌سه‌ندكردنی میتافیزیك به‌ڵام به‌پێی چه‌ند قه‌یدو مه‌رجێك كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پێشه‌كییانه دیار‌و ده‌ست نیشان كراون.
چواره‌م: هه‌ڵوێستی تێكڕای ئه‌ندامانی تۆڕی ڤیه‌ننایه كه بریتیه له‌ره‌تكردنه‌وه‌و ناكردنی بێ قه‌یدو مه‌رجی میتافیزیك به‌هه‌موو جۆر‌و شێوازه‌كانیه‌وه.
ئه‌و جۆره ره‌تكردنه‌وه‌یه كه كارناپ به “به‌زاندنی میتافیزیك(7)” ناوی بردوه پشت ئه‌ستوره به‌چه‌ند ده‌ستپێك‌و بنه‌مایه‌ك كه مه‌به‌ستی ئه‌و نووسینه‌یه:
3-ده‌كرێ بگوترێ، هه‌ڵوێستی كارناپ به‌رامبه‌ر به‌میتافیزیك له‌هی فه‌یله‌سوفانی پێش خۆی‌و سه‌رده‌م‌و دوای خۆی به‌وه جیاده‌كرێته‌وه كه هه‌وڵی نه‌داوه ساغی بكاته‌وه كه میتافیزیك وه‌ك لق‌و بابه‌تێكی سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه “بوون‌و نابوونه‌كه‌ی” شیاوه‌كییه یاخود پاساو ده‌درێته‌وه یان نا، به‌ڵكو كۆشاوه پشت ئه‌ستور به‌ئامرازی “شیكردنه‌وه‌ی لۆجیكی بیركاری” كه له‌سه‌رده‌می لاویه‌تیدا له‌لایه‌ن گۆتلۆب فریگر (1848-1925) Frege داهێنراوه زمان‌و بابه‌تی میتافیزیك شی‌و توی توێ بكات‌و ساغی بكاته‌وه كه میتافیزیك بابه‌تێكه ده‌كرێ به‌وه دابنرێ كه بێ واتایه(8) Sinnlosigkeit. ئه‌و بڕیاره له‌گه‌ڵ ره‌وت‌و ئاراسته‌ی سه‌ره‌كی كۆڕی ڤیه‌ننادا هاتۆته دی‌و گونجاوه. ئه‌و كۆڕه له یه‌كه‌م مانیفێستی راگه‌یاندنی دامه‌زراندنه‌كه‌یدا كه له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر هانز هان، ئۆتۆنیورات‌و كارناپ واژۆ كراوه و داوای دوور خستنه‌وه‌ی میتافیزیك له‌گۆڕه‌پانی فه‌لسه‌فه‌و زانست كراوه چونكه “ناشیاوه‌كییه‌و رسته‌و ده‌سته‌واژه‌كانی بێ واتا‌و ده‌لاله‌تن”(9) ئه‌و بڕیاره‌ی كارناپ چۆن دراوه پشتی به‌چ بنه‌مایه‌ك به‌ستوه‌و خۆی له‌خۆیدا چی ده‌گه‌یه‌نێ؟!.
ـ پشت ئه‌ستور به‌بنه‌ماكانی لۆجیكی سه‌رده‌م كه میتۆده‌كه‌ی له‌بیركارییه‌وه خوازراوه‌ته‌وه‌و جۆرێكی تایبه‌تی ده‌سته‌واژه‌ی زمان ده‌كات كه‌ره‌سه‌ی توێژینه‌وه، كارناپ ئه‌ركی “بێ واتایی میتافیزیك”ی راپه‌ڕاندووه.
ئه‌و جۆره ده‌سته‌واژانه ئه‌وانه‌ن كه راستی‌و چه‌وتیان به‌پێوه‌ری دیار‌و ده‌ستنیشانكراو ساغ ده‌كرێته‌وه. واته ده‌سته‌واژه‌ی گوزاره‌ی پڕ واتا‌و سودبه‌خش كه بابه‌تی توێژینه‌وه‌ی لۆجیكن‌و شیكردنه‌وه‌كه‌یان یاخود شێواز‌و میتۆده‌ی شیكردنه‌وه‌یان ئه‌و پێوه‌ره ده‌بێ بابه‌ت‌و كه‌ره‌سه‌ی میتافیزیكی پێ ده‌به‌زێنرێ.
به‌لای كارناپ‌و ئه‌ندامانی كۆڕی ڤیه‌نناوه، به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سوفی ترانسندێنتالی ئه‌ڵمان ئیمانۆییل كانت، ده‌سته‌واژه پڕ واتا‌و سود به‌خشه‌كان ده‌كرێن به‌دوو به‌ش و جۆره‌وه:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌واژه‌ی شیكاری پێشییانه
دووه‌م: ده‌سته‌واژه‌ی لێكرداوی پاشیانه.
ئایا ده‌كرێ به‌و پێوه‌ره، به‌وجۆره دابه‌شكردنه‌ی ده‌سته‌واژه‌كانی زمان ده‌قه‌كانی میتافیزیك كه ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزن له‌باره‌یانه‌وه بڕیار بدرێت؟! ئایا ئه‌و دابه‌شكردنه‌ی ده‌سته‌واژه ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كانی میتافیزیك‌و تیورییه‌كانیشی ده‌گرێته‌وه؟!
ـ له‌و سونگه‌یه‌وه كه كارناپ سه‌ره‌نجی میتافیزیكی داوه، له‌گه‌ڵیدا تێكڕای كۆڕی ڤیه‌ننا، ئه‌و ئه‌نجامه ده‌كه‌وێته‌وه كه ده‌سته‌واژه‌و پڕۆپۆزیشنه‌كانی تیورییه میتافیزیكییه‌كان ناكرێ له‌جۆری یه‌كه‌م ده‌سته‌واژه‌ی شیكاری پێشیانه بن چونكه:
ئه‌و جۆره ده‌سته‌واژانه جۆره دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كیان تێدایه‌و هه‌مانگۆیین، ئه‌وه‌ی له‌پێشه‌كییه‌كه‌دا هاتووه به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌ئه‌نجامدا دووباره ده‌بێته‌وه. جگه له‌وه هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ ناده‌نه ده‌ست‌و باسی ده‌وروبه‌ر – هه‌ڵكه‌وت- ناكه‌ن.
راستی‌و ناراستیشیان په‌یوه‌ندی به‌ئه‌نجامگیری لۆجیكیه‌وه هه‌یه كه به‌لای چه‌ند بنه‌مایه‌كی لۆجیكی به‌كارهێنانی زماندا ده‌چێ!
ـ جۆری دووه‌می ده‌سته‌واژه‌كان (لێكدراوی پاشیانه) واته ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ن كه له‌دوای ئه‌زموون‌و تاقیكردنه‌وه‌وه دێن‌و داڕێژراون‌و پێكهاتوون. ئه‌و جۆرانه ده‌وروبه‌ری هه‌ڵكه‌وت بابه‌تیانه ده‌رده‌بڕن‌و ده‌كرێ به‌هۆی ئه‌زموون‌و توێژینه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی (ته‌جره‌به) ه‌وه راستی‌و ناراستیان یه‌كلایی بكرێته‌وه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه – له‌م روانگه‌یه‌وه. رسته‌و ده‌سته‌واژه‌كانی میتافیزیك هیچ كامێك له‌و دوو جۆره نین، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌ربڕی هه‌ست‌و سۆز‌و هه‌ستكردنی به ژیان(10). راسته‌ی ئه‌و هه‌ستكردن به‌ژیان‌و سۆزه ناوه‌ڕۆكی خۆی هه‌یه‌و به‌شێكه له‌ژیان‌و پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی چالاكی ده‌ربڕینن له‌ئامرازی ژیاندا، به‌ڵام ئه‌و ئاراسته‌یه ئه‌و بابه‌ته له‌خانه‌ی فه‌لسه‌فه‌و زانست ده‌باته ده‌رێ‌و له‌هونه‌رو شیعر نزیكی ده‌كاته‌وه. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بۆچوونه كارناپ به‌زاندن‌و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بابه‌تی میتافیزیكی ره‌نگ رشتوه.
4-به‌لای كارناپه‌وه رسته‌كانی میتافیزیك له‌جۆری سێیه‌من كه ده‌كرێ به‌زڕه رسته ناوببرێن چونكه‌ن به‌لایه‌وه، ئه‌و رستانه كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی زانستیانه ده‌رنابڕن‌و واتا‌و ده‌لاله‌تی راسته‌قینه‌یان نیه‌و تێیاندا هه‌ست به‌هیچ واتایه‌كی ئه‌موونی رێئالیستی ناكرێت.
خۆ ئه‌گه‌ر رسته‌كانی میتافیزیك به‌چه‌ند رسته‌یه‌كی گشتی دابنرێن كه ناكرێ راستیه‌كه‌یان به‌بنه‌ما گشتیه‌كانی به‌كاربردنی زمان‌و تێبینی راسته‌وخۆ ساغ بكرێنه‌وه، گریمان له‌توانادا بێ راستی‌و ناڕاستیان ساغ بكرێنه‌وه ئه‌وا ئه‌وكاته ئه‌و رسته میتافیزیكیانه ده‌گۆڕێن‌و ده‌بن به‌چه‌ند رسته‌یه‌كی شیكاری. به‌ڵام ئه‌و جۆره رستانه ته‌نیا هه‌ر روخساره‌كین‌و هیچ ناوه‌ڕۆكێكی ئه‌زموونی راسته‌قینه‌یان نییه‌و باسی ده‌وروبه‌ر ناكه‌ن‌و جۆره زانینێكی ئه‌وتۆ ناخه‌نه سه‌ر خه‌رمانی ئه‌و شتانه‌ی پێشتر زانراون‌و راستی‌و ناراستیه‌كه‌شیان ده‌بێته شتێكی روخساره‌كی.
بێگومان میتافیزیكییه كان ئه‌و بڕیار‌و بۆچوونه‌ی كارناپ‌و كۆڕی ڤیه‌ننا په‌سند ناكه‌ن‌و قایل نابن كێشه‌و رسته‌كانی ئه‌و بابه‌ته به‌و جۆره پۆلێن بكرێن، بۆیه ده‌بێ په‌نا ببردرێته به‌ر پێوانه‌ی تر وه‌ك: ئه‌زموون، تاقیكردنه‌وه‌و تێبینی، له‌وكاته‌دا، به‌هۆی ئه‌و په‌نابردنه به‌ر ئه‌و پێوانه‌یه، رسته میتافیزیكیه‌كان سه‌ره‌كی ترین سروشت‌و خه‌سڵه‌تی خۆیان كه ناچاریی‌و هه‌مه‌كیه له‌ده‌ست ده‌ده‌ن‌و به‌و جۆره نامێنن كه میتافیزیكیه‌كان ده‌یخوازن‌و ده‌یانه‌وێ! كه‌وابوو به‌لای كارناپه‌وه له‌و رێگایه به‌ولاوه هیچی تر له‌به‌رده‌مدا نییه:
دوروخستنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌و بابه‌ته‌كانی میتافیزیك له‌كایه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌و زانست دا چونكه ئه‌و ده‌سته‌واژانه له‌كێشه‌ی ته‌مومژاوی‌و زڕه رسته‌و قسه‌ی بێ سه‌رو پاو بی واتا به‌ولاوه هیچی تر نین. كارناپ ده‌ڵێ:
میتافیزیك ده‌ربڕینێكی نه‌گونجاو نابه‌جێی هه‌ستی ژیانه، دانه‌ری سیسته‌م‌و نه‌زمی میتافیزیكی كه‌سێكه له‌مۆسیك ژه‌نێكی بێ به‌هره‌ی هونه‌ری مۆزیك ده‌چێ، یان ئه‌وه‌تا ئه‌و شایه‌رێكه بێ توانا‌و بێ سه‌لیقه‌ی‌و بێ به‌هره‌ی شایه‌ریه‌تی(11).!
5-كارناپ بۆ پتر پاساودانی ئه‌و بۆچوونه‌ی په‌ڕه‌گرافێك له‌نووسینێكی هایدیگه‌ر ده‌خوازێته‌وه‌و شی ده‌كاته‌وه. له‌و په‌ره‌گرافه‌دا هاتووه:
ته‌نیا هه‌ر بوونه‌وه‌ر ببێ به‌كه‌ره‌سه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و هیچی تر، ته‌نیا بوونه‌وه‌رو “هیچی” تر نا.. ئایا هه‌ر هیچ Nichts هه‌یه چونكه ناكردن هه‌یه؟ یان بابه‌ته‌كه به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه؟! ئایا ته‌نیا هه‌ر ناكردن‌و –نا- هه‌یه چونكه- هیچ- هه‌یه؟!
ئێمه ئه‌و لافه لێده‌ده‌ین:
ـ هیچ ـ بنه‌ڕه‌ته وه‌ك ـ نا ـ و ناكردن. له‌چ جێگایه‌ك به‌دوای ـ هیچ ـ دا بگه‌ڕێن؟! له‌كوێ ـ هیچ ـ ده‌دۆزینه‌وه؟!.
ئێمه ـ هیچ ـ ده‌ناسین‌و ده‌یزانین كه ـ هیچ ـ له‌نیگه‌رانیه‌وه په‌یدا ده‌بێ، ئیتر له‌چی‌و بۆچی نیگه‌ران ده‌بین‌و په‌شێوی‌و ترس دامان ده‌گرێ؟!َ
ئایا ئه‌مه له‌خۆیدا به‌تایبه‌تی –هیچه-؟. ئه‌وی راست بێت:
ـ هیچ ـ خۆی وه‌ك ـ هیچ ـ لێره بووه، ئایا –هیچ- له‌چی دایه؟
ـ هیچ ـ هه‌ر خۆی بۆ خۆی ده‌كاته‌وه به ـ هیچ ـ (12)!.
كارناپ ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی كردوه به‌نموونه له‌وه دڵنیا بووه كه په‌ره‌سه‌ندن‌و گه‌شه‌كردنی لۆجیكی مۆدێرن ده‌رفه‌تی ره‌خساندوه‌و ئامرازی شیاوی داوه‌ته ده‌ست كێشه‌ی شایسته‌یی‌و ناشایسته‌یی‌و ره‌وایی‌و ناڕه‌وایی میتافیزیك به‌لایه‌كدا بخرێ‌و یه‌كلایی بكرێته‌وه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌نای بردۆته به‌ر شیكردنه‌وه‌ی لوجیكیانه‌ی زمان‌و تیوری سیمیۆتیكی كردوه به‌بنه‌ما.
ئیتر به‌وپێیه كارناپ له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه كه هایدیگه‌ر له‌و تێكسته‌دا به‌هیچ جۆرێك په‌یڕه‌وی بنه‌ماكانی سێنتاكسی لۆجیكی زمانی نه‌كردوه بۆیه ئه‌و تێكسته ئاڵۆز‌و ته‌مومژاوییه كه‌وتۆته‌وه. بۆ نموونه به‌هه‌ڵه دووجار وشه‌ی “هیچ” به‌دوو واتا به‌كارده‌هێنی جارێك وه‌ك ناو جارێكیشیان وه‌ك كردار كه‌چی خۆی وشه‌كه له‌ناكردن به‌و لاوه نییه. بۆیه‌و به‌هۆی ئه‌و به‌چه‌وت‌و به‌هه‌ڵه به‌كارهێنانی زمان‌و وشه‌و پشت گوێ خستنی ستروكتور (بنه‌مای) لۆجیكی زمان چه‌ند رسته‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك كه‌زڕه رسته‌ن‌و بێ واتان ده‌رده‌كه‌ون.
ئه‌نجام
ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا به‌بیردا دێ: ئایا ده‌كرێ كێشه‌ی زل‌و زه‌به‌للاحی هه‌زار ساڵ ته‌مه‌نی بابه‌تێكی میتافیزیك له‌چوارچێوه‌ی لۆجیكی زماندا بچوك بكرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر میتافیزیك هه‌ست‌و نه‌ستی ژیان ده‌ربڕێ ده‌كرێ مرۆڤ ئه‌و هه‌ست‌و نه‌سته‌ی ژیان ببه‌زێنێ‌و دووری بخاته‌وه؟
ـ میتافیزیك هه‌ر له‌سه‌رده‌می داهێنه‌ره‌كه‌یه‌وه، مامۆستای یه‌كه‌م، به‌شێكی دانه‌بڕاوی فه‌لسه‌فه بووه، فه‌لسه‌فه‌و زانستیش هه‌میشه توندوتۆڵ به‌یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌خۆیاندا كێشه‌یه‌كی سه‌ختی ژیان نه‌بووبن، ئیتر ژیانی كرده‌كی رۆژانه یان هی بیر‌و تیورییانه مه‌به‌ست بێت، هه‌ر له‌بیركردنه‌وه‌و سه‌رنجدان ئینجا لێكۆڵینه‌وه تاوه‌كو ده‌گاته گوزه‌ران‌و كاروباری ژیانی ساده‌ی رۆژانه، چ وه‌ك دیارده‌و چی وه‌ك هۆكار توندوتۆڵ به‌ژیانه‌وه به‌ندن‌و لێی جیاناكرێنه‌وه. كێشه‌ی میتافیزیك كێشه‌ی فه‌لسه‌فه‌و زانسته‌و ئه‌م دوانه‌ش ژیان دایهێناون بۆیه ناكری‌و له‌توانادا نییه به‌چه‌ند رسته‌و ده‌سته‌واژه‌و پڕۆپۆزشنێك فۆرمۆله بكرێن‌و لییان بپێچرێته‌وه! تاوتوێ بكرێن ئایا كامیان راسته‌و كامیان له‌بنه‌ماكانی سێنتاكسی زمان‌و وشه رۆنان‌و رسته داڕشتن سه‌ركێشیان كردووه.
ئه‌م چالاكیه ده‌كرێ پشكێك بێ له‌كه‌ره‌سه‌ی لۆجیكی مۆدێرن، به‌ڵام كێشه‌ی بابه‌تی میتافیزیك خۆی كه به‌شێكه له‌ژیانی هزر به‌هیچ لایه‌كدا ناخرێ. ژیان به‌بێ كێشه‌و به‌ره ، شتێكه، بۆچوونێكه ، ته‌نیا هه‌ر له‌بیرو ناخی ده‌رون‌و مێشكی نووسه‌رو شایه‌راندا هه‌یه. تاوه‌كو ژیان بمێنێ كێشه‌و بگره‌و به‌رده‌كانیشی هه‌رده‌مێنن میافیزیكیش ره‌وایه‌تی بوونی خۆی له‌ده‌ست نادات، به‌ڵام به‌جۆرو شێوه‌یه‌ك‌و ناوه‌ڕۆكێك كه له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ژیان‌و زانست‌و كۆمه‌ڵگادا بێته‌و بگونجێ‌و ده‌ست بدات، ده‌مێنێ‌و دێته پێشه‌وه‌و بره‌و به‌بوون‌و شایسته‌یی‌و ده‌ستبه‌كارییه‌كه‌ی ده‌دات.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
1-Jan P. Beckmann: Einfuhrung in die Metaphysik. Hagen 2009. S. 24-25.
2-Ludwig Wittgenstein: Tractatus Logico- Philosophicus. Para: 4: 21. 4:46. Frankfurta. M. 2003.
3-Immanuel Kant: prolegomena zu einer jeden kunftigen metaphysic, die als Wissenschaft wird auftreten konnen. In werke. Bd. 3. Konemann koln 1995.
ـ ئه‌و شاكاره‌ی (كانت)مان له‌ئه‌ڵه‌مانیه‌وه كردووه به‌كوردی چاوه‌ڕوانی ده‌ستی چاپ كردن ده‌كات!
4-Rudolf Carnap: Uberwindung der Metaphysik durch logische Analyse der sprache. In: Erkenntnis. Bd. 2. Leipzig 1931.
S. 220- ff.
5-kant, Immanuel: prolegomena zu einer jeden kunftigen metaphysic, die als wissenschaft wird auftreten konnen.
ـ ئه‌و شاكاره‌مان له‌ئه‌ڵه‌مانیه‌وه كردووه به‌كوردی، چاوه‌ڕوانی ده‌ستی چاپكردن ده‌كات!
6-Husserl, E. : philosophie als strenge wissenschaft.
ـ ئه‌و به‌رهه‌مه له‌ماوه‌یه‌كی تردا وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ئه‌ڵه‌مانیه‌وه ته‌واو ده‌كه‌ین‌و چاوه‌ڕوانی چاپ كردن ده‌كات.
7-carnap. R. : uber windung… s. 221. Ff.
8-Rudolf Carnap: Ebenda .s. 222. Ff
9-Wiener Kreis: Wissenschaftliche Weltauffassung.
Veroffentlichungen des vereins Ernst
Mach. Wien. 1929. S.9.ff
10-Wiener Kreis: Ebenda. S. 16. Ff.
11-Rudolf Carnap: uberwindung… s. 240
12-Martin Heidegger: was ist Metaphysik 1929.