له ڕاستییدا، درۆیه‌کی سپی هاندەر و یاریدەدەری که‌وتنه‌قسه‌ی من بوو، بە ڕاشکاویش، عه‌شقی ئه‌کته‌رێک له خولیای پێگه‌یشتنیدا کردمییه نووسه‌ر!
با ئه‌م چیرۆکه له‌وێوە بگێڕمەوە که دوو دووشه‌ممه بوو به جه‌سته‌ی شه‌که‌ت و دەروونی ئاڵۆسکاوەوە دەچوومه لای دەروونناسێک و هیچی وام نهدەوت که دەبوو بیڵێم، (ناوم لیسا نۆرمانه، بیست و دوو ساڵم، له خانوویه‌کی که‌نار دەریاکه دەژیم، پشیله‌که‌م مرد) ئه‌م ڕستانه‌م چه‌ند جارێک دووبارە دەکردەوە و یه‌کبینه دەموت به‌ڕێزم من خۆم دەزانم که‌س له من تێناگات، ته‌نانه‌ت دەروونناسهکانیش، ته‌نانه‌ت تۆش. که دەشزانم که‌س تێمناگات، نازانم بۆ لێرەم!
دەروونناسه‌که کوڕێکی پهناههندەی خوێنگه‌رم بوو، به‌ردەوام دەیوت تۆ لێرەی تا قسه‌م بۆ بکه‌یت، بدوێ من تێتدەگه‌م، بیڵێ و دڵنیابه که هه‌ستت پێدەکه‌م. من هه‌ر ده‌موت مه‌حاڵه تێمناگه‌یت، تۆ نازانیت، تۆ نهتبینیووە، تۆ ئه‌وەی که من ژیام نه‌ژیاویت. ئه‌و هه‌ر دەیوت دڵنیاتدەکهمهوە که تێتدەگه‌م. بدوێ من هه‌ستت پێده‌که‌م! ئیدی من زۆر تووڕە بووم و به‌سه‌ریدا قیژاندم:
پێموت له شه‌وی دەستدرێژییهکهوە شه‌وم له ماڵه‌وە رۆژ نهکردووەتهوە، هه‌ر ئێوارەم لێدێت دەچمه دەرەوە و تا بهرەبهیان به شه‌قامه‌کاندا دەسووڕێمهوە. ئاخر کاتێک بۆت بێنه ماڵه‌وە، به‌به‌ر چاوتهوە پشیله‌که‌ت بکوژن، دەرگاکان قفڵ بدەن و له‌سه‌ر نوێنی خۆت له جه‌سته‌ت به‌ربن، ئیتر ماڵ ئه‌و جێگایه نامێنێت که تیایدا هه‌ست به دڵنیایی بکه‌یت و تیایدا بحهوێیتهوە. نا من ناوێرم بڕۆمهوە، شه‌قامه‌کان گه‌لێک باشترن، هه‌رنه‌بێت که‌سێک چاوی لێت دەبێت، هه‌رنه‌بێت که‌سێک زریکه‌ت دەبیستێت، خۆ که‌سێک به هاناتهوە دێت.
دەروونناسه‌که وەک ئه‌وەی له هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ی مندا بووبێت، له نیگه‌رانییه‌کانی من دەدوا و باسی له چۆنێتی تێپه‌ڕاندن و کۆن بوون و دوورکهوتنهوەی ڕووداوەکه دەکرد. من شل شل خۆم دابووە دەم گفتوگۆکه و هێدی هێدی چوومه سه‌ر باسی ئه‌ڤینه‌که‌م! پێموت که ئه‌ستێرەیه‌کی سینه‌ما هه‌یه تا خوا حه‌ز بکات خۆشمدەوێت. له‌مێژه عاشقییم، وەکوو ئه‌کته‌ر نا، وەکوو کوڕ، وەکوو نیوەکه‌ی ترم.
سی دی هه‌موو فیلمهکانییم هه‌یه و زیاتر له دە جار سه‌یری هه‌ر فیلمێکییم کردووە. هه‌موو چاوپێکه‌وتنه تهلهفیزیۆنییهکانییم تۆمارکردووە و هه‌ر پۆسته‌رێکی هاتبێته بازاڕ کڕیومه. وێنه‌ی ناو جزدانه‌که‌م دەرهێنا پیشانمدا و پێموت که ئه‌و وێنهیهیم له ئینته‌رنێته‌وە چاپ کردووە.
ببینن! ئه‌و جارێکی تر فه‌رمووی به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌م جارە من یه‌کسه‌ر باوەڕم پێ کرد، یه‌کسه‌ر هه‌ستمکرد ڕاست ده‌کات. ئیتر دڵنیابووم تێمدەگات و ته‌واوی دەرگای دڵم بۆ ئاوەڵا کرد.
پێمگوت مه‌راقمه، خه‌ونمه، تاکه داوای هه‌ردوو دنیامه پێیبگه‌م! ئه‌گه‌ر ده‌زانی چه‌ند خه‌یاڵی جوانم هه‌یه له‌گه‌ڵیدا، ئه‌گه‌ر دەزانی چه‌ند به دڵ دەمهوێت، خۆزگه چارەنووسمان یه‌کبووایه و هه‌موو ژیانمان پێکه‌وە ببردایهتهسهر یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ڕۆژ و شه‌وێکی ته‌واو له به‌یانییه‌وە تا به‌یانی بۆ من و هی من و له‌گه‌ڵ من و خۆشه‌ویستی من بووایه. ڕەنگه ڕۆژ و شه‌وێکی له‌و جۆرە به‌س بێت بۆ پرشنگدارکردنی هه‌موو ساته‌کانی ته‌مه‌ن. به‌ڵام نازانم چی بکه‌م؟ منێکی که‌سنه‌ناس چۆن له‌و جه‌نجاڵییه‌دا بگه‌مه ئه‌و؟! ئێ ئاخر وەک وتم ئه‌و کوڕەی من خۆشمدەوێت ئه‌کته‌رێکی ئێجگار به‌ناوبانگ و لێهاتووی سینه‌مایه و ئاسته‌مه له نێوان ئه‌و هه‌موو بینه‌ر و عاشقهیدا چاوی بچێته سه‌ر من و من بکاته خۆشه‌ویستی خۆی، یان من بگه‌مه دڵی!! وااااو!
چه‌ند جارێک سه‌ردانی دەروونناسهکهم کردەوە، له‌گه‌ڵیدا هه‌ستم به هێوربوونهوە دەکرد و له هه‌بوون و دۆزینه‌وەی ڕێگایه‌ک بۆ گه‌یشتن به خۆشه‌ویسته‌که‌ی ناو دڵم پتر به ئومێد و به‌نیاز دەبووم. ئه‌گه‌رچی دەروونناسه‌که زیاتر گوێی دەگرت و زۆرتر من قسه‌م دەکرد به‌ڵام ئه‌وەندە جوان گوێی دەگرت هه‌ندێ جار هه‌ر که پرسیارێکم لێدەکرد، به‌ر له ته‌واوکردنی قسه‌که‌م وەڵامێک له ناو خۆمه‌وە بروسکه‌ی دەکرد.
سه‌رەتای نووسین و بڵاوکردنه‌وەی من ئاوا بوو. لێ ئێستا که‌سێکی ناسراوم، خوێنه‌رگه‌لێک چێژ له دەقهکانم وەردەگرن و له چاوەڕوانیی بڵاوبوونهوەیاندان. دەمەوێت بڵێم که به گەیشتنەوەم بە خۆم شادم، ئەوەتا زۆرترینی نووسینه‌کانم له شه‌ودا له ماڵه‌وە دەنووسم و له چیرۆکه‌کانمدا به جۆرەها ڕەنگ به خۆشه‌ویسته‌که‌م ده‌گه‌م. پێموایه ئه‌ویش نووسینه‌کانم دەخوێنێته‌وە، واته منیش به شێوەیه‌ک به‌و دەگهم به‌ڵام ئه‌و هێشتا نازانێت که خودی خۆی سێبه‌ری هه‌ر دڵێکی ئازا و هه‌ر دڵێکی شکاوی ناو حیکایهتهکانمه!