سەرهەڵدانی هونەری فێمینیستی لە کوردستان


Loading

هۆزان مه‌حمود

سەرهەڵدانی هونەری فێمینیستی لە کوردستان

 

هۆزان مەحمود

نوسین یان قسەکردن سەبارەت بە هونەر بە گشتی و بەتایبەت هونەری فێمینیستی لە کوردستاندا، کارێکی ئاسان نییە. بەو هۆکارەی کە کەمترین لێکۆڵینەوە و ئەرشیف لەم بوارەدا لەبەردەستماندایە.  بێگومان مێژووی هونەر و هونەر بە گشتی لە کوردستاندا بوارێکی تازەی لێکۆڵینەوەیە، هەربۆیەش لەم وتارەدا تەنها هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەو جوڵە تازەیەی کە لە هەناوی هونەری هاوچەرخدا لەدایکبووە،کە دەکرێت وەک سەرهەڵدانی هونەری فێمینیستی لە کوردستان تۆماری بکەین.

لە دوای ڕاپەڕینەوە هونەری هاوچەرخ لە کوردستان پەیدا دەبێت، دواتریش بە شێوەیەکی فراوانتر لە ساڵانی دووهەزار بەدواوە، ڕیزێک لە هونەرمەندی نەوەی نوێ پەیدا بوون، کە ویستویانە دابڕانێک لەگەڵ شێوازی هونەری پێشخۆیان دروستبکەن.  )ئەنیتا شواک – ٢٠١٧). بێگومان  دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە تەواوەتی و فاکتەری کرانەوەی کوردستان و هونەرمەندان بە سەر دونیای دەرەوەدا، کارلێک و فۆرم و میدیەمی تازە دێتە نێو بواری هونەرەوە (بڕوانە چاوپێکەوتنەکانی ئاڤان عومەر لە کولتور مەگەزین – ٢٠٢١).  لێرەوە هونەرمەندانی ژن بە بەراورد بە ساڵانی پێش نەوەدەکان، زۆر چالاکانەتر دێنە نێو مەیدانی هونەری هاوچەرخەوە. زۆر بوێرانە دەستدەبەن بۆ کەرەستە و فۆرمی جیاوازتر بۆ کارە هونەرییەکانیان؛ پرسی بوون، خود، ئازادی، توندتیژی جێندەری، شوناس و کارکردن لە بواری هونەردا و ئاستەنگەکانی،  هەموو ئەمانە پرسیاری نوێی  بۆ ژنانی ناو  بواری هونەر و کولتور هێنایە کایەوە.

کاتێک سەیری کارە هونەرییەکانی سەرەتای ساڵانی دووهەزارەکان دەکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەشێک لە هونەرمەندان بە گشتی دەیانەوێت لە هونەری نیگارکێشی دووربکەونەوە. لێرەوە، میدیەمی وەکو هونەری؛ نمایش-پێرفۆرمانس، ڤیدیۆ ئاڕت، فۆتۆگرافی، کارکردن بە ئۆبجێکت و کەرەستەی جیاواز، هەروەها بەشداریپێکردنی خەڵک لەگەڵ کارەکانیان و چوونە ناو بواری گشتی بۆ نمایشی کارەکانیان، دەستپێدەکات. لەناو کاری هەندێک لە هونەرمەندانی هاوچەرخ ژمارەیەکی باش لە ژنان دەبینین، کە هەندێکیان کەرەستە و میدیەمی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە کە گوزارش بێت لە کێشەکانی ژن و خۆپێناسەکردنەوە لەدەرەوەی بەها کۆنەکان و پرسیار دروستکردن لەسەریان لە ڕێگەی هونەرەوە. (بڕوانە چاوپێکەوتنەکانی ئاڤان عومەر لە کولتور مەگەزین-٢٠٢١).

سەرەتای ئاشنابوونی من بە  کارە هونەریەکانی بەشێک لە هونەرمەندانی ژن لەڕێگەی کارەکانی ڕۆژگار مستەفا، ئاڤان عومەر، پۆشیا کاکل، کانی کامیل، ڕێزان بەتولە و ساکار سلێمانەوە، بووە، (بڕوانە  فیۆنا کراوچ ٢٠٢٠-٢٠٢١) و (سارا میلس ٢٠١٨). بە بینینی کارەکانیان هەستمدەکرد جیاوازتر و نوێگەرانەتر داهێنانیان کردووە لە کاری هونەرییدا. بەشێک لەو پرسانەی لە کارەکانیاندا ڕەنگیدابۆەوە پرسی وەکو؛ شوناس، جەستە ، ترس لە فەزای گشتیدا و غیابی ژن لە مەیدانەکانی خۆپیشانداندا، ڕەخنە لە شێوازی خوێندنی هونەر و کارکردن بە میدیەمی تایبەت بە ژن هەروەها کوشتنی ژنان و زۆر پرسی تری تایبەت بە ڕەگەزی مێ بوو.

 

لەم ماوەیەی پێشوودا لەلایەن مامۆستا (ڕێزان بەتولە) و مامۆستا (هەڵگورد ئەحمەد) داوام لێکرا بەشداری بکەم لە کۆبوونەوە  ئۆنلاینەکانی خۆیان لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکار، کە بڕیاڕە پێکەوە پێشانگایەک بکەنەوە بۆ نمایشی کۆمەڵێک کاری جیاواز، کە زۆرتر گرنگیدانە بە ژن و پرسی جەستەی مێیینە، منیش بەخۆشحاڵیەوە ڕازی بووم. ناسینی من بۆ مامۆستا ڕێزان بەتولە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەوەبەر کە لە زانکۆی سلێمانی مامۆستای هونەر و جێندەر بوو، هەروەها ئەو کات بەهۆی چەند نوسینێکم سەبارەت هونەر و فێمینیزم بەیەک ئاشنا بووین و دواتریش سیمینارێکمان لەگەڵ  “ڕێبین مەجید و ڕێزان خان خۆی و ئیسماعیل حەمەئەمین و من“ ڕێکخست بۆ قسەکردن لەسەر (فێمینیزم و هونەر) و دواتریش لەگەڵ مامۆستا (نەبەز سەمەد) لە کۆلیژی هونەر لە زانکۆی سلێمانی، وەکو پڕۆژەی کولتور دوو سیمیناری ترمان سازدا سەبارەت بە (جێندەر و بەرهەم هێنانی کولتور) و (فێمینیزم و سینەما)  ئەو کات بەردەوام گەنجانێک لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵمان بۆ ناساندنی سەرچاوە و وتاری هزری و فێمینیستی پێیان. جدیەتی ئەم گەنجانە خۆشحالی دەکردم. یەکێک لەکێشەکان ئەوەبوو کە سەرچاوە و کتێبی تایبەت بەم بوارانە زۆر کەمە بە زمانی کوردی. ئەمەش وادەکات کە هونەرمەندان بە گشتی و  ژن بە تایبەت هەندێک جار کارەکانیان کە مانا و فۆرمێکی فێمینیستی وەردەگرێت، پێیان وانەبێت ئەمە هونەرێکی فێمینیستیە. بێگومان ئەمە لە گرنگی کارەکانیان کەمناکاتەوە. بەدیوێکی تردا، من ئەمە وەک بەریەکەوتنێکی خۆڕسکانەی ئەم هونەرمەندانە دەبینم لەگەڵ ژنبوونی خۆیان لە کۆمەڵگەیەکدا کە بارگاویە بە توندوتیژی و کۆنەپارێزی و بوارەکانی دەرکەوتنی مێینە، هاوتەریبە بە کۆسپ و ڕێگری زۆر. باسکردن لە زۆر پرسی گرنگ کە وەکیتر تابۆن، هەروەها کارکردن بە میدیەمی جیاواز بۆ نمایشکردنی ئەزموونی ژنانەی خۆیان، گەر هونەری فێمینیستی نەبێت چیترە؟

 

 هونەری فێمینیستی چیە و بۆچی هاتۆتەبوون

هونەری فێمینیستی لە بنەڕەتدا کە لە ئەمریکا و بەریتانیا دەستیپێکرد و دواتر وڵاتانی تریشی گرتەوە، لەژێر کاریگەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ژناندا هاتە بوون. بە گشتی، شەپۆلی دووهەمی فێمینیستی لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیست بە دواوە، هێزێکی هزری و تیۆریزەکردنی هەمەلایەنی بەگەڕخست. لەژێر کاریگەری هزریی ئەو شەپۆلەدا، هونەر و کایە کولتوریەکانیش کەسانی لێهاتوو و بەرەنگاری فێمینیستی تیادا لەدایکبوو،کە پرسیاری گرنگی وجودیان وروژاند سەبارەت بە؛ جەستە،سێکسوالیتی، بوون، ماف و ئازادی و فەزای گشتی و کایەی تایبەتی ناوماڵ و زۆر بواری تر… بەڵام بە بڕوای من، ژنانی هونەرمەند لە کوردستان خۆرسکانە لە بواری هونەر و کولتوردا کار و کردەی فێمینیستیان بەرهەمهێناوە.

 

لەو باوەڕەدام ژنانی هونەرمەند بەهۆی ژنبوونیانەوە و لە ژێر فشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و جەنگ و نائارامیدا بەر ناعەدالەتیەکان کەوتوون و لە هونەردا گوزارشی لێدەکەن. بەهەمان شێوەش، ئەگەر سەیری زانکۆکان و دامودەزگا هونەری و کولتوری و گەلێریەکان بکەین لەکوردستاندا، ئەوا بە ئاسانی دەتوانین بڵێین؛ کە ئەو کایانە بە شێوەیەکی گشتی کایەی پیاوانن، ژنان کەمترین ڕۆڵ و پێگەیان لەو دامودەزگایانەدا هەیە. هەموو ئەم کۆسپانە کاریگەرییان لەسەر ژنانی کایەی هونەر هەبووە، وەک کاردانەوەیەک بەرهەمهێنانی هونەرییان پەرژاوەتە سەر کۆمەڵێک پرسی جێندەری گرنگ. لە خۆرئاواشدا لە شەست و حەفتاکاندا ژنانی هونەرمەند، لێکۆڵەران و ڕەخنەگرانی بواری مێژووی هونەر و فێمینیستەکان بە فراوانی کەوتنە کاکردن بۆ گێڕانەوەی ژن بۆناو مێژووی هونەر، هەروەها پرسیار خستنەسەر  جەستە و وێنای ژن لە تابلۆی هونەرمەندە ‘مەزنەکان’دا کە مێژووی هونەری مودێرن و مۆزەخانە و دامودەزگاکانی تایبەت کرابوون بە پیاو.

 

یەکێک لە کێشەکانی ئێرای مۆدێرن ( مەبەست لە جوڵەی هونەرە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە تا سەرەتای سەدەی بیست) ئەوەبوو، کە بە شێوەیەکی سیستیماتک ژنانیان هەڵدابووە دەرەوەی دامودەزگاکانەوە. لێرەوە لێکۆڵەرانی هونەری فێمینیستی وای بۆ دەچن کە ئەو ئێرایە، کە سەردەمی هاتنەبوونی مۆدێرنیزمە گرێدراوە بەوەی کە هونەرمەند-پیاوە (نێرینەیە). هەربۆیەش (گریسیلدا پۆڵۆک) کە پرۆفیسۆرە لە بواری مێژووی هونەردا، لەو باوەڕەدایە؛ کە ‘داهێنان-بەهرەداری’ کە شاڕەگی هونەری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیستە، لە بنەڕەتدا  لەسەر کۆنسێپتی ‘پیاوی داهێنەر’دروستبووە  (پۆلۆک ١٩٨٤ ، ل٤) بە واتایەکی تر، پیاو کراوەتە سێنتەری هونەر و داهێنان و مەزنیی لە هونەردا، هەر ئەویش بە نۆرم و کاتیگۆری باڵا و بەهەند وەرگیراوە لەو کایەیەدا.

 

لە ساڵی ١٩٧١ فێمینیست و پڕۆفیسۆر(لیندا نۆکلین) شارەزای مێژووی هونەر، دەپرسێت؛ بۆچی ژنانی هونەرمەندی مەزن بوونیان نییە؟ لێرەوە نۆکلین پرسی جیدی دەخاتە سەر ئەوەی کە بواری مێژووی هونەر، ڕوانگەی پیاوی سپی، بەبێ هۆشیاری قبوڵکردووە وەکو ڕوانگەی سەرەکی لە مێژووی هونەردا. هەروەها باس لەوەدەکات کە بەوهۆیەوە کە پیاو  وەکو هونەرمەندی ‘مەزن و گەورە و ماستەر’ لەقەڵەمدراون، ئەوا داهێنان و بوونی ژن لە هونەردا بەهەند وەرنەگیراوە. ئەمەش لەوەوە نییە کە ژنانی هونەرمەندی گرنگ و گەورە بوونی نەبووە، بەڵکو لەبەرئەوەی ژنان وەکو ئۆبجێکتێک لە تابلۆکاندا بەکارهێنراون، نەک وەکو نیگارکێش مامەڵەکرابن. لێرەوە هاتنە ناوەوەی ژن بۆ ناو کایەی هونەری شێوەکاری مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام پەراوێزخراون و بەهەند وەرنەگیراون، هەربۆیە تا ئەم ساتەش هەندێک لە هونەرمەندانی ژن خۆیان لەوە لادەدەن کە کارەکانیان بچێتە خانەی فێمینیستی یان تەنانەت گوزارش بێت لە دۆز و پرسی ژنبوون. یەکێک لە هۆکارەکان دەکرێت ئەوەبێت،کە هێشتا ترسێک هەیە لەوەی کارەکانیان بەهەند وەرنەگیرێت لەو کایەیەی کە پیاو تیایدا باڵادەستە. یان دەیانەوێت کارەکانیان فۆکۆسی زیاتر وەرگرێت لەسەر هەژماری حاشاکردن لەوەی کە ئەوان ژنی هونەرمەند بن، بەڵکو تەنها “هونەرمەندن” و کاری هونەری دەکەن، یان جەخت لەوە دەکەنەوە کە؛ کارەکانیان فێمینیستی نییە. هۆکاری هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆی کایەکانی بەرهەمهێنانی کولتور و هزر و ئەدەب پیاوانەن و بۆ ئەوەی ژنان لەوێدا بەهەند وەرگیرێن و جێیان بێتەوە، دەبێت دووربکەونەوە لەوەی هەڵوێست و کردەی فێمینیستیان هەبێت، پەنا بۆ بەهانەی وەکو (هونەری من بۆ هەموو مرۆڤەکانە)، یان ( نوسین و شیعری من بۆ هەموو خەڵکە)، یان (هونەر و ئەدەب ژنانە و پیاوانەی نییە) هتد…

 

هەرچەندە گرنگە ئەوە لەبەرچاوبگرین کە کار و کردە و هزری فێمینیستی، بەهۆی بەرفراوانی ئایدیاکان و سەرچاوە فیکری و ئایدیۆلۆژیەکانیەوە فرە ڕەهەند و دەوڵەمەندە. هەروەک  (لوسی لیپپارد-١٩٧٦) هونەرمەند و ڕەخنەگری هونەری و سەر بە جوڵەی فێمینیستی ئەمریکی دەڵێت“ کە هونەری فێمینیستی نە ستایڵە، نە جوڵە، بەڵکو سیستمێکە لە بەها. هەروەها ستراتیژێکی شۆڕشگێڕانەیە و شێوازێکی ژیانیشە“.  ئیدی هونەرمەندە فێمینیستەکان پرسی هایڕاکی و ئێلیتیزمی هونەریان هێنایە ژێر پرسیارەوە، لەمەوە ژنان توانیویانە زۆر سەرکەوتوانە سوود لە میدیەم و فۆرم و ستایڵ و کەرەستەی جیاواز وەرگرن و بیکەنە بوارێک بۆ بەسێنتەرکردنی خۆیان وەکو هونەرمەند و لەهەمانکاتیشدا تیشک بخەنە سەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بە دۆزی ژنەوە هەیە.

 

ئەو هونەرمەندەی کارەکانی دەچێتە خانەی هونەری فێمینیستیەوە بە هۆی پەیام و  ماناکانیەوە کە بەرهەمی دەهێنێت، مانای ئەوە نییە ئیدی کاری هونەری تر لەدەرەوەی هونەری فێمینیستی بەرهەمنەهێنێت. زۆرن ئەو ژنە هونەرمەندانەی کە سەرەڕای ئەوەی کارەکانیان مانا و پەیامی گرنگی فێمینیستیان هەیە، بەڵام خۆیان وەکو کەسێکی فێمینیست ناوزەد ناکەن، بۆ نموونە؛ هونەرمەندانی گرنگی وەک (لویس بۆرژوا) و (ئێڤا هێسە) بەشێکی زۆری کارەکانیان دەچێتە خانەی هونەری فێمینیستیەوە. گرنگە ئەوەش بڵێین کە هونەری فێمینیستی بێگومان بە پێی کات و شوێن و گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. لە کۆنتێکستی کوردستاندا و بەهۆی ناسەقامگیری و جەنگی بەردەوام و نائارامیەوە، هونەر و زۆرێک لە بوارەکانی تر ڕەوتی ئاسایی خۆی وەرنەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە کاری گرنگ و ناوازە بەرهەمدەهێنن.

 

لێرەوە گرنگە وا لە هونەر بڕوانین کە “کردەیەکی ڕۆژانەیە، لە پێش جەنگ و لە کاتی جەنگ و دوای جەنگیشدا بوونی هەیە، هەربۆیەش پەیوەندی هەیە بە دۆخی جیۆپۆلیتک و کولتور و ئەو کۆنتێکست و ڕووبەرەشەوە کە ئامادەیە بۆ هونەر و جۆری هونەریشەوە“ ( مانی ٢٠١١).  لێرەوە، ئەو هونەرەی لە کۆنتێکستی کوردستاندا بەرهەمدەهێنرێت هەڵقوڵاوی ئەزموونی کەسی و دەستەجەمعی ئەو کۆمەڵگەیەیە. پرسی گەنجان و خەونەکانیان و ماف و ئازادیە تاکە کەسی و جەستەیی و سێکسوالیەکانیان، هەروەها هێرشی نیولیبڕالیزم و بەها نوێیەکانی بەرخۆری، نەشتەرگەری جوانکاری، جوانی و بەکاڵابوونی مێینە، ڕووبەرێکی تازەی داگیرکردووە لە بەرهەمهێنانی هونەری هاوچەرخدا. بۆ نموونە؛ لەم دواییانەدا بەهۆی دانانی قوتابخانەیەکی فێمینیستیەوە بە شێوەی ئۆنلاین، کە من وانەکانی دەڵێمەوە سەبارەت بە مێژوو و خەبات و هزری فێمینیستی و شەپۆل و قوتابخانە هزریەکانی فێمینیزم بۆ کۆمەڵێک ژنی کورد، لەوێدا، بەکاری هونەرمەندە گەنجەکان زیاتر ئاشنا بووم. بۆ نموونە؛ کارەکانی هونەرمەند (لۆنا دەروێش) کە هەڵدانەوەی مێژووی بەرەنگاری ژنی کوردە لە دژی دەستدرێژی سێکسی، کە لە شێوەی ڕۆمانی کۆمیکدایە. لۆنا، چیرۆکی (فاتێ) دەگێڕێتەوە کە نزیکەی سەدەیەک لەوەبەر لە دژی دەستدرێژی دەجەنگێت و سەرکەوتوو دەبێت. بەهەمان شێوەش، بە کارێکی تازەی هونەرمەند (ڕۆز محەمەد) ئاشنا بووم، کە بەهەمان شێوە لەڕێگەی کۆمیک نۆڤڵەوە، بەریەکەوتنی خۆی لەگەڵ پرسی شوناش، کوردبوون، ئێراقیبوون، مێژووی ناوچەکە و ژنبووندا دەگێڕێتەوە.  ئەمەم زۆر لا گرنگ بوو ،کە کچانی کورد چۆن کۆمیک بەکاردەهێنن وەکو  فۆرمێکی تازەی دەربڕین و گێڕانەوە. کارێکی تری گرنگ کە ماوەیەک لەوەپیش کۆمەڵگەی کوردستانی سەرقاڵی گفتوگۆکرد، کارێکی ئینستەلەیشن بوو، پێکهاتبوو لە جلی ژنانە بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر بەنێو شاری سلێمانیدا  نمایشکرابوو. ئەمە کاری ( تارا عەبدوڵا) بوو، کە توانی دیبەیتێکی گەورە لەناو کۆمەڵگەی کوریدا بەرپابکات. ئەمانەی سەرەوە تەنها چەند نموونەیەکی کەمی دەیان کاری گرنگ و سەنگینی ژنانی کوردە کە دەکرێت وەکو هونەری فێمینیستی پۆلێنیان بکەین. شایەنی باسە ئاماژە بە هەندێک کاری هونەرمەندانی پیاویش بدەین کە مانا و ئاڕاستەیەکی فێمینیستیان وەرگرتووە، لەوانە کارێکی ڤیدیۆیی هونەرمەند (شێرکۆ عەباس) کە گێڕانەوەی بەسەرهاتی کەرەڤانێکی جلوبەرگی ژنانی زیندانیی ناو ئەمنە سوورەکەی زەمەنی بەعسە. لێرەدا، شێرکۆ عەباس مێژووی ئەرشیفکردن دەهێنێتە ژێرپرسیار و پێیوایە؛ مێژووی ژنانی زیندانی سیاسی بەناتەواوی ئەرشیفکراوە (هۆزان مەحمود-٢٠٢٠).. بەهەمان شێوە، کارێکی پێرفۆرمانسی (دیاکۆ خاتوون) سەبارەت بە پاکیزەیی کە لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەنجامیداوە، دەکرێت لە چوارچێوەی هونەری فێمینیستیدا پۆلێن بکرێت. (بڕوانە دیاکۆ خاتوون، ٢٠١٩ لە پڕۆژەی کولتور)

 

هونەرمەندانی کورد، وەک کەسانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بەردەوام لەبەردەم نائارامی و ناجێگیریدان. کوردستان وەکو ناوچەیەک مامەڵەدەکرێت کە زۆنی جێنۆسایدە (شەهرزاد موجاب-٢٠٠٣) لەهەمانکاتیشدا زۆنی فێمیسایدە، بەو واتایەی کە ژنان بەهۆی ژن بوونیانەوە، بەرەوڕووی کوشتار و توندوتیژی دەبنەوە. تازەترینی ئەو جێنۆسایدانە، کوشتاری ئێزیدیەکان و داگیرکارییانە لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە. بەدیوێکی تردا، زەمەن و شوێن بۆ ئێمە لەم ساتەدا، بۆ بەمێژووکردنی ئەم پێشانگایە گرنگە، چونکە لە کاتێکدا هاتۆتە بوون کە کوردستان تا ئەم ساتەش لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامی – داعشی و دەرهاویشتەکانی مامەڵە دەکات. هەڵکشانی کۆنەپارێزی و توندوتیژی بەرامبەر ژنان و زۆربوونی خۆسوتاندن و خۆکوشتن و کوشتار بەگشتی کاریگەری خۆی لە سەر کۆی کۆمەڵگەی کوردی داناوە.

بە پێی لێکۆڵینەوە فێمینیستیەکان توندوتیژی بە تەنها لە گەرمەی شەڕەکاندا دەستپێناکات، و لەگەڵ ئاگربەستیش کۆتایی نایەت، بەڵکو توندوتیژی دەمێنێتەوە و فۆرم و شێوازەکانی دەگۆڕێت ( سینتیا کۆکبێڕن- ٢٠٠٤). لێرەوە گرنگە ئەو ڕاستیە بزانین، کە ژنان هونەرمەندی کورد لە هەناوی ناوچەیەکی ئەکتیڤ بە جەنگ و ناکۆکی و نائارامی و هەروەها بارگاوی بە توندوتیژی جێندەری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئامادەییەکی گرنگ و بەرچاویان هەیە. ئەمە لە خۆیدا وەستانەوە  و بەرەنگارییە بەرامبەر ئەو دۆخە سەپاوە. دەکرێت بڵێین؛ لە دوای نەوەدەکانەوە ژنانی هونەرمەندی کورد داینەمۆی داهێنان و بوێرین لە بواری هونەری هاوچەرخدا. بەشێکی زۆر لە کارەکانی زۆرێک لە ژنە هونەرمەندەکان و تەنانەت هەندێک لە پیاوەکانیش تەرخان بوو بۆ پرسیار خستنە سەر دۆزی نالەباری ژنان. بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئاستەنگیە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و نەبوونی بواری گونجاو بۆ گەشەکردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەواهی سەرهەڵدانی جوڵەیەکی هونەری فێمینیستی گرنگین کە دەتوانێت کاریگەری خۆی لەسەر کایەکانی تری هونەر و کولتور و هزریش دانێت.

بگەڕێینەوە سەر کاری هونەرمەندەکانی بەشداربووی پێشانگەکە، کە بێگومان ئەم کارانەی کۆمەڵێک کچی کوردی هونەرمەند لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە لە کاتێکی دژواردا هاتۆتە بوون. زەمەنێک کە پەتای کۆرۆنا و دەرهاویشتەکانی ژیانی کۆی دانیشتوانی گۆی زەوی بە شێوەی جیاواز داگیرکردووە، جگە لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی تریش.  هەربۆیەش ئێمە ناچارین ئەو (کۆنتێکستە کوردیە) لەبەرچاو بگرین کە ئەم کارە هونەرییانەی تێدا لەدایکدەبێت. لە ناوچەیەک، کە سەرتاپای لە جەنگی نەبڕاوە و داگیرکاری و جێنۆساید و کوشتار و سەرکوتدا بردۆتە سەر. هەموو ئەمانە، لە هەست و نەستی ئەم نەوەیەدا برینداری و پرسیارگەلێکی زۆر و بێ وەڵامی بەجیهێشتووە. نموونەی کۆچی گەنجان، بێهودەیی و نیهلیزم و بێزاری لە نیشتیمان و بێ ئینتیمایی و بێ متمانەیی و نەبوونی هیوا بە ئایندەی کوردستان، باس و خواسی ڕۆژانەی مرۆڤی ئەم دەڤەرەیە. هەربۆیەش، ئایدیای تازە و کێشەساز کردنی ئەم (بوونە کوردیە) لەناو ئەم فەزا ئاڵۆزەدا لە کار و دونیابینی ئەم گەنجانەدا کاریگەری دادەنێت.

 

ئەم پێشانگایە ناوی (ژێرزەمینە) لەلایەن (نیگا سەلام) وەک ڕێکخەری هونەریی (ڕێزان بەتولە) وەکو ڕاوێژکاری هونەریی و ڕێنوسکردن، (هەڵگورد ئەحمەد) بەڕێوەبەری پڕۆژە و (بژوێن جەمال) وەک دیزاینەر و وەرگێڕ سازدەدرێت. هەروەها هونەرمەندە بەشداربووەکان بریتین لە؛  گەش کەمال، نیگا سەلام، ڕێزان بەتولە، هانا برزۆ، ڕەیان یوسف، لەرین ئارام، لاڤان ابراهیم، چنار علی، و  کیژان خەسرەو. لێرەدا شاهیدی کاری کۆمەڵێک هونەرمەندین کە زۆرتر گرنگیان داوە بە پرسی جەستەی ژن؛ بۆ نموونە نەشتەرگەری جوانکاری، ڕوانینی پیاوانە و پێناسەی پیاو بۆ جوانی و جەستەی ژن، ڕۆڵە هەڵواسراوەکان بە پێناسەکردن و خاوەندارێتی جەستەی ژنەوە لەگەڵ پرسی بوونیان لە فەزای گشتی و زۆر پرسی گرنگی تردا. دەکرێت ئەم کارانە وەکو وردبوونەوە لە خودی چەمکی ( ژن – بوون، جوانی، جەستە، ئامادەیی لە فەزای گشتی و ڕوانینی پیاو بۆ جەستەی ژن)  و دوورکەوتنەوەیەک بێت لە هەموو ڕۆڵ و نۆڕمە باوەکانی کۆمەڵگە. هەروەها تووڕەبوونێک بێت لە هەموو پیرۆزییەکان و تابۆکان. هەڵگەڕانەوە و پرسیار دروستکردن بێت لەهەناوی هونەرەوە بۆ بەردەم جەماوەر و بەشداری پێکردنیان بێت لەم کارە پێرفۆرمانس و ڤیدیۆیی و وێنەییانەدا، کە شێواز و فۆرمێکی تازەی پێشانگایەکی کۆلێکتیڤی ژنانەی کوردە. دەکرێت لێرەوە کاری گروپی و پەیامی بەهێزی فێمینیستانە لە ڕێگەی دەربڕینی هونەرییەوە ببێتە باو و توانای شڵەقاندنی وێنە چەسپاوەکانی هەبێت کەلەسەر ژن بەرهەم هاتوون.

 

لە کۆتاییدا دەڵێم؛ کە هونەر چیرۆکی تۆیە وەک مێینە، ڕووبەری تۆیە بۆ یاخیبوون و خۆدۆزینەوە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و پێداگری خۆت لە بوونت لەنێو ئەم دونیایەدا.  لێرەوە، هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو بەشداربوان و هەموو خانمە بوێر و ڕێچکەشکێن و داهێنەرەکانی بواری هونەر دەخوازم. گرنگە ئەوە بزانن، کە ئەوان  لەگەڵ هونەرمەندانی تریش کە لەسەرەوە باسمکردن، بەشێکن لە دروستکردنی مێژوویەکی جیاواز و تازە بۆ کایەی هونەر و کولتور، کە نەک تەنها بە ڕوانگە و دەنگ و دونیابینی پیاوەوە تۆماربکرێت، بەڵکو دەنگ و ڕەنگ و جێگەدەستی ژنی کوردیشی بەسەرەوە بێت.

تەواو

 

 

 

فەرموون لەگەڵ کارە هونەرییەکان:

 

 

 

 

 

 

References:

– Crouch, Fiona a review; Rozhgar Mustafa – A Journey Of Discovery: Finding Freedom And Art Through Public Performance-2021 http://cultureproject.org.uk/2021/06/12/rozhgar-mustafa-a-journey-of-discovery-finding-freedom-and-art-through-public-performance/ Accesed 15 June 2021

– Crouch, Fiona art review, The Meaning of Art: Rezan Betoula’s Identity And Self-Liberation- 2020 http://cultureproject.org.uk/2020/11/15/the-meaning-of-art-rezan-betoulas-identity-and-self-liberation/ Accessed 12 June 2021ART AND LITERATUREPROFILES

– Kamal, Kani Art work, personal website http://kanikamil.com/artworks/ Accessed 14 June 2021

– Mills, Sarah, A review of Poshya Kakil’s art work, The Shadow of ISIS- 2018; https://cultureproject.org.uk/2018/03/06/the-shadow-of-isis/

    – Nochlin, Linda, 1971 [1988]. “Why Have There Been No Great Women Artists?” in L. Nochlin, Women, Art, and Power and Other Essays, New York: Harper and Row; original publication in ARTnews, January, 1971.

– Omar, Avan’s works; http://avanomar.com/ Accessed 10 June 2021

–     Cockburn, Cynthia. 2004. “The Continuum of Violence: A Gendered Perspective on War and Peace.” In Sites of Violence: Gender and Conflict Zones, edited by Giles, Wenona and Hyndmann, Jennifer, 24–45. Berkeley: University of California Press.

-Crouch, Fiona Review of Sakar Suleman’s work, The Power of Perspective-2021; http://cultureproject.org.uk/2021/03/29/the-power-of-perspectiveaccessed 15 June 2021

-Honour Is Membrane, performance by  Diyako Khatun 2019; http://cultureproject.org.uk/2019/01/21/honour-is-membrane/ Accessed 15 June 2021

-Lucy R. Lippard 1976, Projecting a Feminist Criticism-Art Journal Vol. 35, No. 4 https://www.jstor.org/stable/776224?readnow=1&refreqid=excelsior%3Aca17572ee288a428e620f3a4176b57ef&seq=1#page_scan_tab_contents Accessed 15 June 2021

-Mahmoud, Houzan, 2020, Paper Pupet: http://sherkoabbas.com/?p=1238 accessed 10 June 2021

-Mani, Rama. 2011. “Creation amidst Destruction: Southern Aesthetics and R2P.” In Responsibility to Protect: Cultural Perspectives in the Global South, edited by Thomas George Weiss and Rama Mani, 96–129. London: Routledge.

-Mojab, S. Kurdish Women in the Zone of Genocide and Gendercide. Al-Raida Journal, 20-25. https://doi.org/10.32380/alrj.v0i0.396   Accessed 15 June 2021

-Omar, Avan’s Interviews-Culture Magazine 2021; http://cultureproject.org.uk/kurdish/author/avan-omer/ accessed 15 June 2021

-Rozsika Parker and Griselda Pollock (1987). Framing Feminism: Art and the Women’s Movement 1970-85. New York: Pandora Press.

-Szylak, Aneta, In-Between Worlds: the Kurdish Artists on the Imago Mundi Map- 2017  http://www.imagomundiart.com/collections/kurdistan-between-worlds Accessed 12 June 2021

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌