پۆل ڕیکۆر Paul Ricœur( 27 February 1913 – 20 May 2005

Loading

 به‌شی یه‌كه‌م:

کورتەیەک لە بایەخی پۆل ڕیکۆر؛

هەندێک لە فەیلەسوفانی پێش پۆل ڕیکۆر، بوون و چییەتیی مرۆڤیان سەربەخۆ تەماشاکردووە و، ئەوەش وایکردووە یەکیان پێش ئەویتریان بخەن؛ بەڵام ڕیکۆر، دووپاتی دەکاتەوە، کە هیچیان پێش ئەویتریان ناکەوێت، بە واتای ئەوەی هیچ بوونێک پێش هیچ چییەتییەک ناکەوێت و، بە پێچەوانەشەوە.

ڕیکۆر، لە بیرکردنەوەیدا لە ” فینۆمینۆلۆژیا/ دیاردەگەرایی”و، فەلسەفەی بوونگەراییەوە دەستی پێکرد. ڕیکۆر، لە هەموو ژیانی هزریی خۆیدا بایەخی سەرەکیی بە گرفتی خودی مرۆڤی چالاک داوە؛ پاڵنەری بنەڕەتیی کارە فەلسەفییەکانیشی ئەو باوەڕە بوونگەراییە بووە، کە بوونی مرۆڤایەتیی مانای هەیە، سەرەڕای هەبوونی خراپە و ئازار و دوورخستنەوە یان نەبوونی ئازادیی؛ بەڵام ئەوەی لەبووندایە “مانادارە” زۆر زاڵترە بەسەر ئەوەدا “بێ مانا بێت.”

گرفتی ئیرادەش بابەتێکی گرنگە لە هزری بوونگەرایی و دیاردەگەرایی، هەر لەبەرئەوەشە ڕیکۆر بایەخی گەورەی داوەتێ و بۆ ئەم گرفتە کارێکی زۆر گەورەی بۆ لێکۆڵینەوەی کردووە. ئەم کارەشی لە کتێبی ” فەلسەفەی ئیرادە”دا بەرجەستە کردووە. ڕیکۆر، هەوڵیداوە لە بەرانبەر هێرمیونیتیکی دیالێکتیکیی گادامێردا کە بایەخی بە میتۆد نەدەدا، تیۆرێکی “بابەتیی”  لە ” لێکدانەوە/ التفسیر”دا دابنێت هەروەک شلایرماخەر، کە لەسەر میتۆدێکی بابەتی پتەو دامەزرابێت و نابابەتیی بوونی گادامێر تێبپەڕێنێت. ئەوەشی تیایدا دەبیندرێتەوە کە درێژەپێدەری بوونگەرایی هایدیگەر و گادامێر بووە ” ئەو ڕاماڵینە ئەنتۆلۆژییەی ڕیکۆر بە دەستی هێنا لەم بوارەدا، ئەوەیە کە تێگەیشتن تەنها چەشنێک نییە لە ئیبستمۆلۆژیا، بەڵکوو چەشنێکە لە بوون” تەنها ئیبستمۆلۆژیا نییە وەک لای دەلتای بەڵکو ئەنتۆلۆژیایە وەک لای هایدیگەر و گادامێر.” هەروەک بەشێکی بایەخی ڕیکۆر، بۆ بونیادگەریی و لێکۆڵینەوە سیمۆلۆژییە هاوچەرخەکان و ئەفسانە و زانستی دەلالەت و پەیوەندیی نێوان شیعر و فەلسەفە بووە.

بەشی دووەم:

بەشێکی کورت لە: پۆل ڕیکۆر: مێژوو، خود، گێڕانەوەسازیی:

عیماد گه‌نجی

پۆل ڕیکۆری فەیلەسوفی فەڕەنسی “١٩١٣- ٢٠٠٥” دیدێکی فەلسەفیی قووڵی بۆ فەلسەفەی مێژوو هەیە، “ئەوە دەرئەخات کە چۆن ئەپستیمی مێژوویی، ئەپستیمێکە لە ناویدا “خودیی و بابەتیی، شیکردنەوە و تێگەیشتن، تێبینیی لەگەڵ ئەگەر، من لەگەڵ ئەویتر، ڕابردوو و ئێستا، بەیەکدا ئەچن. بەم مانایە: ئەپستیمی مێژوویی، ئەپستیمێکی ڕێژەییە و باڵا ناکا بۆ ئاستێکی بابەتیی و بێگومانیی زانستەکانی ماف “.

پۆل ڕیکۆر، بایەخی زۆری داوە بە مرۆڤ، بەو پێیەی دەتوانێت ئەوەی لە توانایدایە بیکات، بۆ ئەمەش پڕۆژە فەلسەفییەکەی خۆی لە: “ئەنترۆپۆلۆژیای فەلسەفیی”دا کۆکردووەتەوە. لە وێناکردنە فەلسەفییەکەی خۆیدا، زۆر بە توندیی دژی تێڕوانینی دیکارت بووەتەوە بۆ وشیاریی “تیوار/ شفاف” و، ڕاستەوخۆ  بە قەدەر ئەوەی دژی ئەو جۆرە ڕێچکە داڕماندنەی خودیش وەستاوەتەوە، کە باڵی کێشابوو بەسەر فەلسەفەی بونیادگەریی و، هەڵوەشاندنەوەگەریی “ئاڵتۆسێر و فوکۆ و دریدا”دا. خۆ لای ڕیکۆر، بە مانای “من” نایەت، بەڵکوو ئەو ڕێچکەیەی دەگاتە خود بە چەندین ڕەوت و پێچاوپێچی زۆر و جۆراوجۆردا تێپەڕ دەبێت. ئەوێکیتر ڕۆڵی سەرەکی تیایدا دەبینێت “ڕووخساری بەرانبەر و پەیکەری کۆ” ئەمە پەیوەندیی بە توانا مرۆییەکانەوە هەیە، واتە: کۆی ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێ بیکات، بەو پێیەی خوودێکی چالاکە. دەکرێت ساتی گێڕانەوە بە دیارترین ئەو ساتانە دابنرێت کە هزری فەلسەفیی ڕیکۆری پێدا تێپەڕیوە، بەربەستەکانی نێوان دوو بواری تێکشکاند، کە هەریەکێکیانی بە جیا لەویتر دەبینی. گێڕانەوەسازیی کە سەرکیترین کۆڵەکەی داهێنانی ڕۆمانە، لکاندی بە مێژووەوە کە ڕووداوەکانی گرتووەتە خۆی و بەدوای مێژووەکەیدا دەگەڕێت. لەبەرئەوە گێڕانەوەسازیی بەوە ئەبینی کە توانایەکە بۆ گوتنی ئەو شتانەی ڕوویانداوە، کەواتە مێژوو دەگێڕێتەوە.

بەشی سێیەم:

لە بارەی کتێبی/ یادەوەریی، مێژوو، بیرچوونەوە:

 ڕیکۆر، ئەم کتێبە بە تەواوکاری هەردوو کتێبی پێشووی خۆی ” کات و گێڕانەوە و خوودی خۆ وەک ئەویترێک” دادەنێت، کە ئەو دووەی تر یادەوەریی و بیرچوونەوەیان فەرامۆشکردووە، لە کاتێکدا دوو ئاستی ناوەندیی لە نێوان کات و گێڕانەوەدا پێک دەهێنن. کتێبەکە وەک بە ناونیشانەکەیدا دیارە سێ بەشی جیاواز دەگرێتە خۆی، لە یەک کتێبدا. بەشی یەکەمی یادەوەریی کەسیی و، دەستەجەمعی نیشانداوە، دەمانگێڕێتەوە بۆ چاوگە یەکەمینەکانی فەلسەفە لای پلاتۆن و ئەریستۆ، پێش ئەوەی بگاتەوە بە ئۆگستینی چاخی ناوەند و هوێسرێل و فینۆمینۆلۆژیای سەدەی بیست. بەشی دووەمیش، تەرخان کراوە بۆ مێژوو و مامەڵە لەگەڵ ئیبستمۆلۆژیای هەموو زانستەکانی مێژوودا دەکات، زۆرتر باسی ئەو شۆڕشە دەکات، کە: ((الحولیات/ les annals/ L’école des annales ، گۆڤارێکی نوێخوازی فەڕەنسی بوو بە ناوی L’école des annales، تەواو پێداگیریی ئەکرد لەسەر خوێندنەوەی بونیادی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و ماددیی و جیۆگرافیی و ئامارەکان لە پێش هەر شتێکیتردا)) لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لە میتۆدی خوێندنەوەماندا بۆ مێژوو بەرپایان کرد.

بەڵام بەشی سێیەم لەگەڵ کورتییەکەیدا گرنگترین بەشە، کە سەدەی بیستەم بە پلەی نایاب سەدەی توندوتیژییە، چی لەسەر مرۆڤ دەکەوێ کە شتەکانی بیر بچێتەوە، کاتێ یادەوەریی بە قورساییە گەورەکان بار دەکرێت گەر بەسەر خۆیدا بچێتەوە یەک یان گرژ ببێت. بیرچوونەوە هەموو ئەو گرفتانەی دۆخی مرۆڤایەتیی دەخاتەڕوو کە لە مێژوویەکی توندوتیژدا ژیاوە، ئەی چۆن دەتوانێ بڕوانێتە کۆتاییەکی خۆش. بیرچوونەوە دەرکەوتنی خراپەکاریی داهاتوو لەویترەوە دەهێنێتە پێش چاو و دانپیانانی ئەویتریش بەم خراپەکارییەدا. بیرچوونەوە ڕاستەوخۆ بەرەو بەشی چوارەممان دەبات؛ کە ڕیکۆر، لە ناونیشانەکەدا داینەناوە، لە کاتێکدا کۆتایی ڕاستەقینەی کتێبەکە پێک دەهێنێت، ئەم بەشەش لێبوردەییە. دۆخی مرۆڤایەتیی دایالۆگێکە لە نێوان خەرەندی توندوتیژیی و گوناهـ و باڵایی لیبووردەییدا، کە سروودی خۆشویستنێکی لە دوورەوە هاتوو دەبیسێت و باوەڕی بەوە هەیە، کە لە قووڵترین قووڵایی مرۆڤدا مەیلێکی خراپەکاریی هەیە. هیچ کۆتاییەکی خۆش نییە، تەنها بە بوونی یادەوەرییەکی بەختەوەرەوە نەبێت، کە توانای بیرکردنەوە و بیرچوونەوە و لێبوردنی هەبێت.

——————

بۆ ئەم بابەتانە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە.

سەرچاوەکان:

١-  قرا‌ءة فی مشروع بول ریکور التاویلی عامر عبد زید.

٢- موقع دیوان العرب: التأریخ والسرد لدی بول ریکور- سعید العیماری- ١٥/ ٤/ ٢٠١٦.

٣- موجز الوجع البشری- مفهوم التأریخ/ د. لقجع عبدالمجید : موقع  edorousi

٤- ترجمە وتقدیم و تعلیق د. جۆرج زیناتی