وێنه‌ی ژماره‌ چوار

سواڵكه‌رێكی به‌خته‌وه‌ر


Loading

1

دوابەدوای وەرگرتنی پیتاكە بێكەڵكەكان لەبریكاری خۆراك. شاگردە بچوكە شەرواڵ لەپێكه‌،  ئەو چەند كیلۆ برنجە و شەش دەبە زەیت و نیو فەردە شەكرە تاڵەكەی هەتا دیووی دەرەوەی عەمبارەكە بۆ هێنام. لەبەردەم عەمبارەكە  لەچاوەڕوانی عەرەبانەیەك یاخود ماتۆڕێكی باری سێ‌ تایی بووم،  تاوه‌كو ئەو پیتاكانەم هەتا ماڵەوە بۆ بگەیەنێت. لەدورەوە، سەرەتا ساپیتەكەی،  دواتر بۆدیی ماتۆڕەكە دەركەوت. لەوكاتەوە بێچەند و چون دڵنیابومەوە، زەوی تۆپەڵێكی خڕە.

 

چیرۆكنوس؛ سه‌ید شاڵاو

ماتۆڕەكە بەفڕە فڕ، لەبەردەممدا قوتبویەوە و وەستا، سەرنجم بۆ لای ماتۆڕسوارەكە ڕاپێچی كردم! سەرو سیمای ماتۆڕسوارەكە هیچ بەهاوپیشەكانی خۆی نەدەچوو. ماتۆڕسوارەكە پیاوێكی لەش ڕێك و بەژن زراڤ بوو, قژێكی نیمچە درێژی شێواوی هەبوو، تیشێرتێكی قوڵ كورت و جینزێكی ڕەشی له‌به‌ردابوو.  تەمەنی لەنێوان پەنجا بۆ شەست ساڵێك دەبوو. ماتۆڕسوارەكە لەماتۆڕەكەی دابەزی و  بەڕێزێكەوە گوتی؛  سڵاو بەڕێزم، پێویستت بە هاوكاری هەیە بۆ گەیاندنی ئەم پیتاكانە؟

تەواو لە سەدای دەنگی و شێوازی ئاخاوتنی ئەو ماتۆڕسوارە سەرم سوڕمابوو, بەهیچ كلۆجێك گفتە شیرین, و خەندە جوانەكەی. لەهاوپیشەكانی نەدەچوو. زۆر بەڕێز و خاوەن كەسایەتییەكی كەسێكی پێگەیشتوو بوو، شكۆمەند و بڕوابەخۆبوو دەینواند. خەندە جوانی ماتۆڕسوارەكە، هاوشێوەی نەخۆشییەكی درم كاری تێكردم. خەندەیەكم بۆ ماتۆڕسوارەكە كردەوە و  گووتم؛ سڵاو خاڵە گیان،  دەتوانیت ئەم پیتاكانەم هەتا ماڵەوە بۆ بگەیەنیت؟

 

 بەجوڵەیەكی خێرا پیتاكەكانی هەڵگرت و  لەپشتی  ماتۆڕە سێ تایه‌كەی داینا. هەستم دەكرد لەكاتی هەڵگرتنی پیتاكەكاندا، پشتی ئازاری دەدا. تەماشایەكی كردم, گوتی؛ هاوڕێكەم… دەتوانیت بەهاوڕێكەم بانگم بكەیت. فەرموو هاوڕێكەم. دەتوانیت لەتەنیشتمەوە سەركەویت ببیتە چاوساغم بۆ پیشاندانی ماڵەكەتان.

قاقایەكم بەدەنگی بەرز لێدا, گوتم؛ بەڵێ‌ هاوڕێكەم!

لەگەڵیدا سەركەوتم و بەڕێكەوتین.

 

 

 

2

  لەڕووخساری هاوڕێ ماتۆڕسوارەكەمەوە  هەستمدەكرد  هەوای ئەم شارە توشی تەنگەنەفەسی دەكات! قەرەباڵغی شەقامەكان و تووڕەیی شۆفێرەكان بۆ ئەو هاوڕێ تازەیەم بەئازارە.  لە لێخوڕین بەردەوام بوو و لەكاتی تەی كردنی ڕێگادا,، هاوڕێ تازەكەم زۆر بەڕێزەوە بۆ پیادەڕەوەكان دەوەستا.  لەپاش تێپەڕبونی پیادەڕەوەكان، بەشێنەیی دەكەوتەوە ڕێ‌. هاوڕێكەم لەو مرۆڤانە نەدەچوو, بەسەدای ناسازی ماتۆڕەكانیان,،تەنها كاریان هەراسان كردنی مرۆ بێت. لەو كاتەی بەڕێوەبووین بۆ ماڵەوە، گوێم له‌ هه‌ندێك  بوو توانجیان تێدەگرتین. یەكێكیان دەیگووت؛توخوا  ئەوە سەر و سەكوتی ماتۆڕە لێخوڕه‌ …گوێم لەپیاوێكی جامانە بەسەر بوو، بێشەرمانە گووتی؛ حاجی چی لەم گەنجە دەكەیت؟!

كاتێك هاوڕێكەم دەوەستا بۆ ئەو ژنانەی بۆ پەڕینەوە لەشەقامەكان وەستابوون،  گیانی هاوكاری دەنواند، ژنەكان وەك ئەوەی منەتیان بەهاوكاری هاوڕێ‌ تازەكەم نەبێت و گومانی لێ بكه‌نن،  به‌فه‌رامۆشیه‌وه‌ به‌لاماندا تێده‌په‌ڕین و به‌ پشتی ماتۆڕه‌كه‌ دا   تێپه‌ڕده‌بوون و  چمكی لەچكەكەیان بەدەمیانەوە دەگرت و  بە بۆڵه‌ بۆڵه‌وه‌ ده‌په‌ڕینه‌وه‌ . هاوڕێكەشم بێباك لە توانجانەی لێی دەگیرا بەڕویەكی گەشەوە دەستی دەكردەوە بەئاژووتنی ماتۆڕەكەی!

بەردەوام بووین و  لەژێر تیشكی گڕبارانی هاویندا، شەقامە جەنجاڵ و كۆڵانە خوار و خێچەكانمان تەی دەكرد. نیوەی ڕێگاكەمان بڕی بوو و بەئەندازەی ئەو مەودایەمان بۆ ماڵەوە مابوو كە تێمانپەڕاندبوو. لەو ڕۆژەوەی چاوم كراوته‌وه‌  ئەمە یەكەم جارم بوو بەئاسوودەیی لەگەڵ ماتۆڕسوارێكدا، شەقامەكان تەی بكەم. ڕووم بەلای هاوڕێ‌ تازەكەمدا وەرچەرخاند, پرسیارێكم  ئاڕاستەی هاوڕێكەم كرد و  گوتم؛ هاوڕێ تۆ لەپیشەكەت ڕازیت؟

_ بەڵێ‌… تاڕادەیەك ڕازیم.

_ هاوڕێ‌ تۆ بەكردنی ئەم پیشەیە بەختەوەریت؟

_ بەڵێ‌… تاڕادەیەك بەختەوەرم.

_ ماڵ و منداڵت هەیە؟

_ بەڵێ‌ ماڵ و منداڵم هەیە.

_ هاوڕێ چی وای لێكردیت ئەم پیشەیە هەڵبژێریت؟

_ ئاخ،  هاوڕێكەم… ئەم پرسیارەت بەئازارە! وەڵامت دەدەمەوە… زۆری بڕوانامەكانم!

ئەو وەڵامەی كۆتایی هاوڕێكەم، تەواو توشی شۆكی كردم، ئەو پیاوە پیشەكەی و ڕووخساری بەوە نەدەچوو هیچ بڕوانامەیەكی هەبێت. وام بیردەكردەوە تەنها دارا دوو داریدییەكی ئاسایی بزانێت و هیچی تر، كەچی شێوازی ئاخاوتنی هاوڕێكەم لەكەسێكی زۆر هۆشمەند و دونیادیدە دەچوو. لەو كاتە كەمەی پێكەوە بووین و  ناسینی هاوڕێكەم تەواو كونجكۆڵی كردبووم. بەدەم ئەو ڕێگا كەمە  كە مابوومان بۆ ماڵەوە. من پرسیاری تەمەنیم لێدەكرد و  ئەو باسی هیستریاكەی فرۆیدی بۆ كردم.  داوام لێدەكرد باسی ژیانیم بۆ بكات،  ئەو باسی شیكاری ئیگۆ و دەروونشیكاری گروپی بۆ دەكردم.

 

هاوڕێ تازەكەم تەواو منی سەرسامی خۆی كردبوو.من چاوم لەسەر لانەدەبرد, ئەویش لەسەر شەقامەكە. وادەردەكەوت كووچە و كۆڵانەكانی ئەم شارە شارەزا نەبێت. لەوانەیە هەر ئەمەش وای لێكردبێت، بەو هێمنیە ماتۆڕەكەی بئاژۆێت. لەوانەشە هەر سروشتی هاوڕێ تازەكەم وا بێت.  بە چاوساغی من و هیمەتی هاوڕێ‌ ماتۆڕسوارەكە، گەیشتینە بەردەم دەرگای ماڵەوە. هاوڕێكەم لەماتۆڕەكەی هاتە خوارەوە و پیتاكەكانی هەتا حەوشەی ماڵەوە برد؛ ئەو چەند كیلۆ برنجە و شەش دەبە زەیت, نیو فەردە شەكرە تاڵەكە… هەقەكەی خۆیم پێدا, و  چەند جارێك ویستی ڕەتی بكاتەوە, لەكۆتایدا بەپێداگیریم و  بەشەرمێكەوە هەقەكەی وەر گرت، دیارە ئەویش پێویستی بەوپارەیە.

 

 

3

   نیوەڕۆ بوو، دونیا هەوایه‌كی وه‌رزكاری هه‌بوو،  ئاسمان شینێكی سافی بێ لەكە بوو. تیشكی گڕبارانی هەتاو ئارەقەی بەهەردووكمان كردبویەوە. هێندە هەتاوەكە بەتین بوو، قیری عەردەكەی نەرم كردبوو.  تەنانەت ئەو گەرما تاقەت پڕوكێنه‌ منداڵە چەتونەكانی له‌ كۆڵانەكە  ته‌ره‌كردبوو، ئه‌و منداڵانه‌ی  بەردەوام خەریكی تۆپانێ‌ بوون و  بۆ ساتێك ئارامییان لەو كۆڵانەدا نەهێشتبوو. چۆلەكە و كۆترەكانیش ماتو مەلوول، لەجێگا  سێبەرەكان هەڵكوڕمابوون. تاكە سوودی گەرمای بەتینی ئەو نیوەڕۆیە بۆ پشیلە جوجكە دزەكان بوو، كه‌  چیدی خه‌ڵك نه‌ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌  پشیله‌كان لەو كۆڵانەدا بێ سەرئێشە جڕت و فڕتیان بوو… هاوڕێ‌ تازە بەتەمەنەكەم لەبەردەمم وەستاه‌  گوتی؛ بینیت پەپولەیەكی ڕەنگ بنەوشەیی لەنێوانماندا باڵەفڕەی بوو…  ئاخ ، فریای نه‌كه‌وتی، باشه‌  هاوڕێ‌ بەڕێزەكەم داواكارییەكی دیكەتان نییە؟

_ نەخێر هاوڕێ ئازیز،  زۆر سپاس بۆ هاوكارییەكەت.

هاوڕێكەم سەرێكی بەڕێزەوە بۆ لەقاندم, بەرەو ماتۆڕەكەی ڕۆیشت و  ئیشی بەمەكینەی ماتۆڕەكەی كرد و  خۆی ئامادە كرد بۆ ڕۆیشتن. هەر لەو كاتەدا هەناسەیەكی قووڵم هەڵمژی و  بەخێرایی بەغاردانێكی كورت چوومە بەردەم هاوڕێكەم و  ڕێگەم لەڕۆیشتنی گرت و گوه‌تم؛ هاوڕێ دەكرێت بزانم ناوت چییە؟

هاوڕێكەم تەماشایەكی كردم و  تەوێڵی تنۆكە عارەقەی پێدا دەچۆڕایەوە. ئەمجارەیان نیگا جوانەكەی گۆڕابوو بۆ نیگایەكی غەمگین و  گوتی: حەماڵێكی بەختەوەر…

هاوڕێ تازەكەم بەنیگا غەمگینەكەی هەمان ئەو نیگایەی پێنج ساڵ لەمەو پێشی بیرهێنامەوە، ئەو دەمەی كۆتا قۆناغی خوێندنی ئامادەیم بوو. لەكاتی ئاهەنگی خانەنشینكردنی مامۆستا مەحمودی فەلسەفە و    لە كۆتا ڕێزلێنانیدا لەلایەن دەستەی بەڕێوبەرانی قوتابخانە و مامۆستایان و خوێندكاران،  ڕووی بەلای ئێمەدا وەرچەرخاند و بەنیگایەكی غەمگین كۆتا وشەكانی خۆی گووت  كە هەمووان وه‌هامان زانی یه‌كێكه‌ له‌ڕسته‌ فه‌لسه‌فیه‌ ئیرۆنیه‌كانی و هه‌مووانی  خستە پێكەنین و ماڵئاوای لێكردین و  گوو تی؛ تا ئێستا جوان ژیاوم. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم  لەدوای خانەنشین بوونم، زه‌مه‌نی  كاتی سواڵكردنم  ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام خه‌م مه‌خۆن ده‌بمه‌ سواڵكه‌رێكی به‌خته‌وه‌ر.

 

سلێمانی –   یانواری   2020

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.