میتافیزیکای منداڵ ;شازادە بچکۆلەکە


Loading

میتافیزیکای منداڵ

((شازادەی بچکۆل

نووسینی ئەنتۆن دی سانت ئۆکسەپیری

وەرگێرانی لەفەرەنسییەوە بۆ ئەڵمانی پیتەر سلۆتەردایک))

چیرۆکی ئەم ڕۆمانە باسی بەسەرهاتی کەسێک دەکات کە حەز بە نیگارکێشان دەکات، بەڵام خەڵکی لەکارەکانی ڕازی نین و ئامۆژگاری دەکەن پیشەکەی بگۆڕێت. وا دەکات شوێن حەز و خولیایی سەردەمی منداڵی دەکەوێت کە ببێتە فڕۆکەوان.

 خۆی فێری فڕۆکەوانی دەکات و لە گەشتێکیدا بەناچاری دەبێت لە بیابانێکدا بنیشێتەوە. لەوێ کەسەرقاڵی چاککردنەوەی فڕۆکەکەیەتی، لەپڕێکدا ئەم شازادە بچکۆلەیەی لێ پەیدا دەبێت و شازادە دەست دەکات بە گێڕانەوەی هەموو بەسەرهاتەکانی خۆی لەڕێی گەشتەکانیەوە بۆ هەسارەو ئەستێرەکانی تر، لەڕێی ئەزمونکردنی بارودۆخی جیاواز جیاواز و ناسینی کارەکتەری جیاواز جیاوزەوە  سەرنجمان بۆ ئەو گەشتانەی ڕادەکێشێت.

ڕۆمانەکەواناسراوە بۆ منداڵانە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ ئەو گەورانەیە کە هێشتا لەناویاندا منداڵێک هەیە.. چیرۆکەکە بەزمانێکی شیعری نووسراوە، بەڵام زۆر تێما و بابەتی فەلسەفی خستۆتە ڕوو..

ئەو تێما سەرەکییانەی لێرەدا دەشێت ئاماژەیەکی خێرایان پی بدەین بریتیین لە:

یەکەم: ڕۆح.. ئەوەیە کە مانا دەدات بەژیان..

دووەم: ڕامکردن و پەروەردەکردن، بریتین لە نهێنی دۆستایەتی و خۆشەویستی.

سێیەم: ژیان گەشتێکە بۆ فێربوون.. ئامانجی ژیان بریتییە لە فێربوون.

چوارەم: ڕەوشت، بریتییە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەیەکتری و بەرامبەر بە جیهان.

پێنجەم: هۆشیاری هەڵەی پێشکەوتن.

شەشەم.. گەورەبوون دنیایەکی سەیرە.

لێرەدا ناکرێت شوێن ڕاڤەکردنی ئەم خاڵانە بکەوم و لێ دەگەڕێم بۆ دەرفەتێکی تر. ئەوەی لەم کورتە نووسینەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، بریتییە لەو وەرگێڕانە تازەیەی فیلۆسۆف پیتەر سلۆتەردایک بۆ ئەم ڕۆمانە کردوویەتی، کەبەر لەم دوو وەرگێڕانی تری هەیە. سلۆتەردایک پاشەکیەکی ووردیشی بۆ ئەم کتێبە نوسیووە و گلەیی لەوە دەکات کە لەبواری ئەدەبیاتدا ئەم ڕۆمانە وەکو چیرۆکی منداڵان ڕیزکراوە. لەکاتێدا ڕۆمانەکە بۆ گەورەکانە زیاتر، یاخود بابڵێین بۆ ئەو مناڵەی ناوەوەمانە کە تا تەمەنی پیریش هەڵی دەگرین.

شازادە بچکۆلەکە
شازادە بچکۆلەکە

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کە تەنانەت تا ئێستاش هەموو وەرگێڕەکان کار بۆئەوە دەکەن بەزمانێکی منداڵانە وەری بگێڕن،.

سلۆتەردایک ئەم ئێوارەیە بیری هەموولایەکی گۆڕی و گووتی من بەزمانێک وەرمگێڕاوە کە ئۆریگینالەکە داخوازی کردووە ، واتە بۆ ئەو منداڵە بێت کەلەناو گەورەکاندایە، یان بابڵێین بۆ ئەو مرۆڤەی دەخوازێت ببێت بەمنداڵ… ئەمە ڕۆمانێکی پەروەردەییە کە نوسەرەکەی لەزەمەنێکدا نووسیویەتی فەرەنسا لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرابوو، خەڵکی هیچ تروسکاییەکی نەبوو، ئەم ڕۆمانە گەڕانێکی نیتچەییانەیە بۆ میتافیزیکای منداڵ، لە یەکەمین سروودەکانی زەردەشتدا باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە مرۆڤ دەبێت بەرەو منداڵی گەشە بکات…

ئەم ڕۆمانە شیعری زیاترە وەک لە پەخشان، جیهانی خەونی واڵاترە وەک لە جیهانی کارکردن.. لەهەموو ئەو کارەکتەرانەی تووشی شازادە بچکۆل دەبن یەک کەسی ئیشکەری تێدا نییە، جگە لەکابرای بازرگان کە خەریکی ژماردنی ئەستێرەکانە… لەم ڕۆمانەدا پەیوەندییەکی زۆر ساتیری هەیە بە جیهانی ئیشکردنەوە.. ئەم کتێبە مانیفێستێکی ڕۆمانتیکانەیە بۆ زەمەنێک کە توندوتیژی تاساندوویەتی.

لەم لێکدانەوەیەدا بۆ پاشەکی کتێبەکەش سلۆتەردایک ئەو هێڵە نیتچەییەی ڕۆمانەکەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە جەوهەری مەبەستی چیرۆکەکەیە.

نیتچە لە زەردەشتەکەیدا دیوێکی منداڵی باس دەکات کە بەرەنجامی زاوزێکردنێکی ڕۆحییانەی ژن و پیاو بێت، واتە بەهۆشیارییەوە منداڵێک بێننە دنیاوە کە خۆیان تێپەڕێنێت.(( منداڵ، وەکو ئەو چەرخەی لەخۆیەوە تل دەبێتەوە. زەردەشت)).  ئەمە فەلسەفەی زایاندن و  منداڵ دروستکردنە لای نیتچە. واتە سەرەتا دەبێت ڕۆحی گەورەکان پەروەردە بکرێت تا منداڵ لەمانا ڕاستەقینەکەیدا بهێنرێتە دنیاوە. دیارە ئەم دیدگایەش سەرەتا لای ڕۆمانتیکەکان سەبارەت بە منداڵێتی سەرهەڵدەدات و دواتر لای ئەو بەرکەماڵ دەبێت.

 هەمان ئەم دیدە نیتچەییەش سەبارەت بە ڕۆمانتیکیبوونی منداڵ لەم شاکارەی ئەکسۆپێری دا دەبینرێتەوە و سلۆتەردایک سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە تائێستا چ ئاماژەیەک بەم پەیوەندیە نەدراوە. واتە هەردوو خولیایەکە، ئەوەی نیتچە و ئەوەی ئەکسۆپێری بریتییە لەوەی مرۆڤ دەبێت بەرەو منداڵی پەروەدە بکرێتەوە، ئەگەر ئەو بیەوێت بەتەواوەتی ببێتە  مرۆڤ. (( ئێوە دەبێت خاکی منداڵەکانتان خۆش بووێت، ئەم خۆشەویستییەش بریتییە لە جوامێرییە تازەکەی ئێوە. زەردەشت)).

سلۆتەردایک پێیوایە ئەو ڕیفۆرمە پێداگۆگییەی لەسەدەی ١٩ تاوەکو ٢١ بەرپابووە، هەمووی بۆ پەکخستنی ئەم دیدە میتافیزیکییەی منداڵ کاری کردووە. لەکاتێکدا وەک دەگووترێت، هەموو چارەسەرێک لەمنداڵەوەیە، چونکە گەورەکان خووڕەوشتی دزیو یان هەیە و پتر خەمی دابینکردنی ڕەمەکە ئاژەڵییەکانیانن.

سلۆتەردایک پێیوایە لای هەردوو نووسەرەکە منداڵ ڕوویەکی مەسیحییانەی هەیە، بەڵام لە خوداو لە ڕەوانەوە نییە، بەڵکو لەمرۆڤ و لە ئەستێرەوەیە.  لای نیتچە گەشەکردن بەرەو منداڵی بە سێ قۆناغدا دەڕوات، سەرەتا ڕێگای ڕۆح بۆ ناو جیهان بەشێوەگۆڕینی ڕۆح بۆ وشترێک دەست پیدەکات کە هەموو بارەکانی ترادیسیۆنی هەڵگرتووە، تاوەکو ببێتە میراتی بۆ مرۆڤایەتی. وشتر واتە خوێندنگای ئارامی و گوێرایەڵی. کاتیکیش وشترەکە خۆی دەگۆڕێت بۆ شێر ئیتر پلە ماسۆخییەکی ڕۆح تێدەپەڕێنێت. ئەو داوای بەهای نوێ و ئازادی و کاری نوێ دەکات. چونکە تۆ لەکوێ بوویت، منیش دەمەوێت لەوێ بم.

ئەمەش بریتییە لە ئیرادەی هێز، بەڵام لەم قۆناغەشدا هێشتا ڕێگەی پەروەردەکردنی ڕۆح هێشتا تەواو نەبووە. چونکە شێرەکەش دەبێت خۆی بگۆڕێت بۆ منداڵ …

ئەکسۆپێریش دەستەواژەی (( جیهانــونـکردن)) بەکار دەهێنێت کە کتومت ئەو دۆخە میتافیزیکییەی منداڵە لەگەڕانیدا بەشوێن جیهاندا.

هەروەها سلۆتەردایک ڕۆژی ٠١.١٢.٢٠١٥ ئێوارەکۆڕێکی بۆسازکرا لەسەر شانۆی برتۆڵد برێشت لەبەرلین، کە گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەسەر دیوە فەلسەفییەکانی ئەو ڕۆمانە بەرپاکرد و لێوەی ئاماژەی دا بەوەی ئەم ڕۆمانە هی هەموو سەردەمەکانە. لە کوێدا منداڵی و ڕۆمانتیک بزربوون، لەوێدا مرۆڤ بۆئەوەی ببێتە مرۆڤ دەبێت بێوچان بگەڕێت بەشوێنیدا، وەک شازادەی بچووک دەڵێت: هەوڵەکانی خۆشەویستی هیچ کات بێهوودە نین.

    لەپرسیارێکدا؛ ئایا بەڕێز سلۆتەردایک منداڵ لەناو تۆدا هەیە؟.

سلۆتەردایک گووتی؛ بەڵی زۆریش… من هەموو ساڵانی ئەم پیرییەم گرێداوەتەوە بە مناڵێتیەوە. من بەشێوەیەکی شێتانە بەشێکم لەم گەشەکردنە نابووتەی خۆرئاوا!

لە پرسیارێکدا ئایا ڕۆژی چەند کاتژمێر دەنووسیت..

سلۆتەردایک: ڕۆژی ١٢ بۆ ١٤ کاتژمێر لەسەر کۆمپیوتەر دەنووسم… ئەگەرچی دەشزانم ئەمە شتێکی ناتەندروستە!..

شایانی باسکردنە لەماوەی دوو مانگدا ئەمە سێهەمین کۆڕی سلۆتەردایکە لە بەرلین..

منیش ماخۆلانی ئەوەم گرتووە ئەم کتێبە وەربگێڕم، بەڵام لەبەرئەوەی هێشتا ئەو سێ وەرگێڕانە کوردییەی ترم نەدیوە جارێکا  ماخۆلانەکە هەر کەڵکەڵەیە و بەس.