ھۆزار ئەحمەد؛ دەنگی یادەوەری


Loading

سەرەتا

ھۆزار ئەحمەد

لە ژووری پاسکۆنتڕۆلی فرۆکەخانە پەساپۆڕتەکەیان لێوەرگرتم. پەنجەکانمیان  سکان کرد سەیری ڕوخسارم و وێنەی سەر پەساپۆڕتەکەی کرد، کارمەندەکە لەھەمان بەش کە پێشوازیە، ناومی بەدەنگ خوێندەوە:-” توانا جاسم” “لە بەریتانیاوە ھاتووی؟”دواتر  لێی پرسیم، گوتم “بەڵێ”، بە خەندەیەکی گوماناوی گوتی:- “بەخێر بێن.”

لەدوا وێستگەی چوونەدەرەوەی فرۆکەخانە، تەکسی تایبەت بەفڕۆکەخانەم  بەکرێ گرت.

لەو دیو جامەکەوە، شەقامی شەست مەتری و باڵەخانە بڵندەکان و ئوتومبێڵەکان، لەبەرچاوم خێرا تێدەپەڕین و تەواو نامۆ بوون، بەڵام لەبیر و خەیاڵم بەھۆی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لەتاراوگە بینیبووم، بێداری دەکردمەوە، کە ئێرە ھەرچەندە گۆڕابێ وەک ٢١ ساڵ بەر لەئیستا نەماوە. ھەموو شتێکی پێش چاوان گۆڕاون، شوێنی پەڕینەوەی پیادە و ڕیزە داری نێوان شەقامەکە و زۆر و بۆری ڕیکلامەکان وەک شارێکی بازرگانی وێنادەکرد. لەوحی سەر عامودەکان  نوسینەکانی لەبەرچاوان بەھێلی سوور بە وزەی ئەلیکتڕۆنی دەگۆڕان و جارێک دەنوسرێ بەخێربێن بۆ ھەولێر، جارێکی ساڵی ٢٠١٧، دەنوسرێ.

دوای بڕینی چەندین ترافیک و ھەڵچوون و داچوونی توڕەیی شوفێرەکە لەمەڕ قەڕەباڵغی، دادەبەزم لە شەقامی ٣٠ مەتری نزیک پردی سەیداوە، بەقاچەکانم ماوەی نێوان پردو دابەزینم، چڕی و تەنگەبەری ئەو ھاتوچۆیە دەبڕم دەگەومە سەر پردەکە. بەر لەھەر حەیران بونێکم، حەسەرەتی نەمانی بازاڕی پیڕێژنان و شوێنی پینەدۆزان دەکەوێتە ئەوکم، لەشوێنی باڵەخانەیەکی بڵند خۆی قوت کردوەتەوە، دیار نیە، کە ئەم بینایە کاڵ کردنی چڕی ئەو بازاڕەیە، یاخود بەمۆدێرنەکردنیەتی، ئەوەش تەنیا بۆمن جێی پرسیار بوو، ھاموشۆی خەڵکەکە و ڕایکردنی کارەکانیان خۆی وەڵامێک بوو بۆ ھەر پرسیارێکی ھاوشێوە. لەنێو ئەو دیمەنە سامناکە و بێدەنگی و چاوگێڕانم، مەبەستم دەدۆزمەوە بینایم دەکەوێتە سەر دوو گەنجی  شووتی فرۆش، زۆر بەوریای کارەکانیان دەکەن. یەکێكیان دەیکێشێ و ئەوی تر مامەڵەی دەکات. تا دەكەومە نزیک عەرەبانەکە،

تیشێرت سەوزەکە، وەک ڕۆتینی ڕێز بۆ سەرمایەدارێک:- “مامۆستا فەرموو، کیلۆی

شەست دینارە.”

دەڵێم؛- “بیکێشە.”

دوو شەق بە شووتیەکە دەکێشێ تا دڵنیابێ لەباشیەکەی، ھەڵیدەدا بۆ ھاوڕێکەی، دەڵێ “غەمبار ئەو شووتیە بکێشە”

 

١٩٩٦

لە قەراغ جۆگەلەی بەر دەرکی ماڵی توانا، غەمباری ھاوڕێی پشتی دابوو بە عامودەکە، لەچاوەڕوانی توانا، چاوەکانی ھەڵدەگڵۆفی و  دوا جیقی بە پەنجەی دۆشاومژە کێشا دەرەوە، بە دامێنی شەڕواڵەکەی سڕیەوە، دوای کرانەوەی دەرگا توانا داوای یارمەتیکرد. تاوه‌كو بەیەکەوە عارەبانەکە پاڵ بنێن، تەواوی کۆڵانەکەیان بڕی بەزەحمەتیەکی زۆر بەھۆی ئەو تاسە زۆرانەی لە لێواری جۆگەڵە گڵینەکە دەرکەوتبوون. دەبوو وریاییان کارا بکەن لەبەر شووتیەکان. ئەم بەیانیە وەک ھەموو بەیانیەکانی تر، شنەیەکی دڵڕفێن لەدەمی گەزەنگ و ھەناوی شەوی ڕابردوو، ھات دای لەڕووخساریان.

توانا ھاوتا لەگەڵ حەسرەتکێشان دەڵێ:- دەترسێم شەڕ بکەوێتە نێو شار، چوونمان بۆ بازاڕ سوودی نەبێت!

غەمبار، پێچەوانەی پەیامی ناوەکەی، گوتی:- “نا، ھاوڕێکەم بەھەمووی سێ ساڵێک نابێ، ھەولێریان لە بەعسیەکان خاوێن کردیتەوە، چۆن شەڕی یەکتر دەکەن!”

لە ھەولێر و تەواوی شارۆچکەکانی تر دەمێک بوو جاڕی جەنگیان بەرگوێ کەوتبوو. بەڵام ئەمان ڕاھاتبوون لەگەڵ ئەم دەنگۆیانە، ھەر ئەوەش بوو کارەکەی ئەوانەی ڕانەگرتبوو. لە دوای ھاتنە سەرکاری حوکمەتی خۆسەری جار ناجار، بەیەک دادانێکی سوغرە لەناوچەیەکی ھەولێر یا دەوروبەری بەھەمان شێوە سلێمانیش، ڕوویدەدا. ئەو دەمانە خەڵک یەشتا لە زنجیرەی جەنگ دانەبڕابوون، واتا ھیوایەکانی خەڵک بەر واقع نەکەوتبوو، ئاسایی بوو بۆ غەمبار و تواناش لە بۆشایی جەنگەکاندا ژیان بدۆزنەوە .

لە سەر پردی سەیداوە، بەیەکەوە بەنۆبەت ھاواریان دەکرد “شووتی کیلۆی بە ڕوبع و نێوێک، وەرنەوە شازی شووتی وەک شەکرە، سۆر وەک خوێنە، لە دەست خۆتانی مەدەنە”

 

بازاڕ جمەی دەھات، لە نێو دەنگ و ھاتوچۆی ئاپۆڕا منداڵە ڕەنگ ھەڵبزڕاوەکان بەعارەبانە یەک تایەکان دەھاتن و دەچوون، ھەندێکیان ھاواریان دەکرد یاڵە عەلاگە، نیو درھەم، ھەندێکی تریان بنێشت یا موس ھەرشتێک کە بفرۆشرێ جاڕی بۆ دەدرا. ژنە عەبا لەبەرەکان تەراتێنیان بوو بەزەمبیلەی ڕەنگ زەرد و سەوز کە ھەندێکیان تژی بوو لەعەلاگەی ڕەش و ھەندێکیشیان خاڵی لەوە دەچوو تازە ھاتبێتنە بازاڕ .

لەپڕ چۆلەکەکانی سەر گوێسوانەی ڕۆخ دوکانەکان و ھەر دوو قەراخی شەقامەکە، باڵیان لێکدا گشتیان بەیەکەوە. چڕە دوکەڵێکی خەست نزیک شەقامەکە لولی کرد بۆ ئاسمان، دەنگەکە بەڕادەیەک نزیک بوو بۆ خەڵکەکە جێی گومان بوو، کەشەڕەکە نەکەوتۆتە بازاڕ، سروشتی جەنجاڵیش وایە لەدۆخی ئاوا بەھۆی بەریەک کەوتنی ترسیان، ھەموو ھەوڵ و شلەژانی خەڵکەکە تەنیا ڕاکردنە. ھەر ئەوەندە دەنگی تۆپ بەرگوێیان کەوت، لەگەڵ دەنگی دەستڕێژی گولە، لەدەیان لولە لای ھەمووان ڕوون بوو کڵاشینکۆفە، ھەموو ھەستەکان شڵەژان دەنگ لە چەندین شوێنەوە بەر گوێ ترساوەکان دەکەوتن بەرگوێی ژنە عەبا لەبەرەکان و پیاوە شەڕوال شۆڕەکان و منداڵە عارەبانەچیەکان و سەوزەوات فرۆش و میوە فرۆشەکان.

بارێکی نائاسایی هاته‌ ئاراوه‌، ھەندێکیان دەیانویست بەدەستی بەتاڵ نەچنەوە، ھەر نا کەلوپەلە کڕاوەکانی خۆیان، یا فرۆشیارەکان شتومه‌كه‌كانی  خۆیان ببەنەوە، بەڵام دەنگی گولە لەوە خێراتر بوو یا ترسێنەر تر بوو، کە بێجگە لەخۆی تەنانەت دەستی منداڵەکەشی بگرێ و ڕابکات. دیار بوو کە دەنگە تۆقیەوەکی لولە خڕەکان بۆ ئاسمان و دیوار و شوڕا و تەل و عامودەکانی مایەی ترس نەبوو، ھەموویان وەک خۆیان چەسپ بوو بوون، تەنیا ڕۆح لەبەرەکان دەترسان، جا پاساری بێ، یا منداڵێکی چڵكنی عەلاگە فرۆش. لە ماوەی سێ خولەک، ئەو شەقامە چۆڵ بوو چەندین زەمبیلە و عەلاگەی پڕ تەماتەو عەرەبانی دەمەونخون و گێسکە تەمبەڵە و شانەی سەر و تەنانەت چەند عەبا و جامانەیەکیش  لە شاقەمەکە کەوتبوون، لەم نێوەدا توانا بەدیار لاشەی غەمبارەوە دامابوو…دەنگی “یارمەتی… یارمەتی.. “توانا ھاوتا لەگەڕ قڕە قڕی دەستڕێژی گولە ھیچی لێ شین نەبوو. لە تەک عارەبانەکەی گوللەیەک کە پاشکۆی دیار بوو وەک تەرزەیەک لەئاسمان کەوتبوو بەسەری خەمبار، لە جوڵە و تڵ خواردن و ھەناسەی خستبوو. دەنگی گوللە زیاتر و زیاتر دەبویە سەرڕێ و یاوەری شەقامەکە، خوێن و ئاوی شووتیە شکاوەکەی ژێر سنگی غەمبار بەیەکەوە جۆگەلەیەکیان به‌ستبوو، بۆ توانا ئەستەم بوو باوەڕ بکا، کەھەمووی خوێن نییە، تواناش ڕایکرد، بەڵام ئەو کاتە کە توانا چەند جارێک ئاوڕی لە دۆخی غەمبار دایەوە.

 

کۆتایی

– مامۆستا… مامۆستا حاڵتان باشە!

چەند جارێک بانگی بەگوێکانمدا دا. وەک ئەوەی لەبەرگێکی کابوس دامبدڕن، ڕادەچڵەکم، شووتیەکە ھەڵدەگرم و تەواوی پێڵو و مژوولم بەفرمێسک گومان لای ئەوان دروستدەکا، کەحاڵم باش نییە، دەڕۆم بانگم دەکەنەوە، کە هەقەکەیم نەداوە، بواری لێبوردنیشم نەبوو، جگە لە بەجێھێشتنی بیست دۆلارێک، سەداو بانگی مامۆستا مامۆستام جێھێشت، ھەموو شڵەژانەکەم پشتکردن بوو لەو بازاڕ و وێنەیە.  پشت دەکەمە شوتی فرۆشەکە، ئەوجارە ئاوڕ نادەمەوە.

دەچم بۆ کۆڵانە تەنگە بەرەکانی (سەیداوە) خولدەدەم بەتەواوی کۆڵانەکان، ئەو ماڵەم ناکەوێتەوە یاد، کۆڵان و خانووەکان گۆڕاون، خانووە گڵینەکان بەتەواوی وون ببون. تەنانەت کۆڵانەکەشم نەناسیەوە، لەسووچی کۆڵانێک لەکۆڵانە ئاڵۆزەکان، لە پیرە پیاوێکی تەنگە باریکی قیافە درێژی دەم بێددان، کە نیوەی بارستاییەکی لە ڕێگەی دەستیەوە خستبوە سەر گۆچانەکەی، پرسیم؛-

“ماڵی سوارەی بنێشت فرۆش لە کوێی ئەم کۆڵانانەیە، کوڕێکی لە ساڵی ١٩٩٦ شەھید کرا، شووتی فرۆش بوو، ناوی غەمبار بوو؟”

گوتی؛- ” باقی تەمەنی دواییم، دەنگ و باسی ئەوانم نەبیستەوە، ئەوەی بزانم بەم دواییە یەکەم کەسێکی کە بپرسی لە حاڵی سوارەی بنێشت فرۆش و کوڕەکەی!”

لەكاتی  قسەکردنی، ڕاچڵەکیم و گوێم لەدەست ڕێژی گولە بوو. دەنگێک کە سەربازیش لەگەڵی ڕانایەت، وەک تاکە دەنگی یادەوەریم لەو نیشتیمانە، منی ئاشانای ئەو خاکە کردەوە. پیاوە بەتەمەنەکە ھەستی بەگۆڕانی ڕووخسارم  کرد

“ھیچ نییە ئەوە تەنیا خۆشی لایەنێکی براوەیە لە پڕۆسەی دەنگدان”… بەنەفەسی ڕاھاتن و دڵدانەوەم وایگووت.

بەھۆی ماندووبونمەوە، شووتیەکەم خستە بن باڵەکەی ترم. گوتی یاخود بڵێم پرسی ؛-“چۆنە دوای ئەم ھەموو ساڵە دەپرسێ، لەکەسێک کۆڵانەکانیش ناوی ئەمانی بیر نەماوە ؟”

وەک خوویەکی ھاوشاریانی پرسیاری ئاڕاستەی پرسیارکەر کردەوە.

گوتم:- “دۆستێکی کۆنم بوو، پێویستم بوو بزانم باوکی و خوشکە بچوکەکەی ئیستا چۆنن و لەکوێن.” ڕوونکردنەوەکەم بۆ ئەوە بوو چتێکی تر لە ھەگبەی ئەو پیرەپیاوە ھەڵکڕێنم.

 

پێڵوەکانی کەمێک تروکاند و خۆی لەبیردا ھاوشان لەگەڵ بێدەنگی نێوانمان ڕۆچواند پاشان گوتی:-” دووساڵ دوای  ڕووداوەکە، باوکی ئەمری خوای بەجێگەیاند، منیش وەک ھاوگەڕەکی ئەوەم بیست کە ماریای خوشکە بچوکەکەی، مامی بردویەتیە لای خۆی. ئەوەش بۆ ھەمووان پرسیار بوو! مامی ماڵی لە کوێیە، یاخود بۆ ھەموومان ھاوڕاییەک ھەبوو کەباشترین لانەیەکە بۆ ماریای تاقانە.”

وشەکانی ئاوێنەی هەقیقەتێک بوون لە باوەڕمدا چەقین، بەڵام حەسرەتکێشانەکانی ئاوێنەکەی بەڕووم تەڵخ و نیگەرانی کردم.

دەڕۆم لە کۆڵانێک دەمگەیەنێت بە دووڕیانێک، لایەک لێژ و ئەویتر ھەوراز، بەلایە لێژەکە ھەنگاوەکانم کۆدەکەمەوە بەرەوخوار، شووتیەکە لەسەر سەکۆی ماڵێک لەو ماڵە زۆرانە دادەنێم و دەڕۆم، بیر لەھەموو شتێکی ئەوسا دەکەمەوە، تەنیا وێنەکان زۆر بەڵێلی وەک کەسێکی بیر کۆر، وەک کەسێک دەرچووبێت لە تارتارۆسەوە، لەنەفرەتی زیۆسەوە ڕزگاری بوبێت، بۆ ژیانی سەرەوە…کاتێ خەونەکانی دەگێڕێتەوە بۆ ژیانی سەرەوە، ھەموو وێنە بینراوەکانی ھەردوو جیھان و بەراوورد کردنی، لەئازار و حەسرەتی گێڕانەوە – یادگەی، کە نامۆیە بەژیانی سەرەوە- وەک چێژی دوای ساڵەھای ئازار، وا باشترە کەنەیگێڕێتەوە و نەزانی چی بینیووە. پێچەوانەی ئەو نەدەتوانم تێیبگەم، نەبیسڕمەوە، وەک جۆرە ژیانێک لە بەردەوامیدا. لەناکاو موچڕکەیەکی تر تەوێڵم دادەپۆشێ بەئارەقە. دڵم دووبارە وەک چارەكە كاژێرێك پێش ئێستا دەکووتێ، ئاوڕ بەلای چەپم دەدەمەوە، لەنێو دوکانێک پیاوێکی ئێسکن و ڕووگرژ، بەھەموو ھێزی بە چەکوشێک ئاسنەکەی ژێر دەستی دەکوتێت، سەر ھەڵدەبڕم نوسراوە، دوکانی دڵشادی ئاسنگەر.

سەیری پێش خۆم دەکەم، ئەوجارە بیرناکەمەوە، وێنەکان نەماون لەزەینم، وامدەزانی لەگەڵ کڕۆنۆس، ڕێ دەکەم بەنێو لە نێو تارتاڕۆس!

بەڵام خۆ ئەو کاتە ھێشتا چاوەڕێی غەمبار بووم.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.