كلێسته‌ ئۆرتیز؛ خود فۆتۆگرافی

بۆ ھێندە مردن لەناوماندا زیندووە


Loading

بۆ ھێندە مردن لەناوماندا زیندووە

 ئەفسانە مستەفا

 

لێی ناپرسم، بۆ ھەوڵی خۆکوشتنتدا چونکە دەترسم وەک مەسیح وەڵامم بداتەوە: ئێوە دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟  لەپشتی ھەر بیرکردنەوەیەک لە خۆکوشتن چیرۆکێک و قەھرێک خۆی مەڵاسداوە، نەک کەمبوونی پێداویستی و ژیانێکی ڕووکەشی شاھانە. لەگەڵ ژنێکی گەنج کەوتمە گفتوگۆ. لە ناوەڕاستی گفتوگۆکەماندا بوو گوتی: تائێستا دووجار ھەوڵی خۆکوشتنم داوە، کەسیش پێی نەزانیوە، ئەوە ئێستا تۆ دەیزانی دە  ساڵ پێش ئێستا بوو، بەڵام دیسان خۆم باجەکەی دەدەم، بەھۆی ئەو کەرەستانەی بەکارمھێنا شەو تا بەیانی دەگریم. بەدەست سک ئێشەوە ، ئێستا ھەموو ڕۆژێک دەمرم.

ــ چی وای لێ کردی بیر لە خۆکوشتن بکەیتەوە؟

+تەریقکردنەوە، لەمنداڵییەوە تا گەورەبوونیش ھەرکات قسەم دەکرد باوکم توانجی لێدەدام، نەمدەتوانی ڕای خۆم لەسەر ھیچ بابەتێک بڵێم و بێدەنگیدەکرام، ئێستاش کاریگەری لەسەرم ماوە دوای ئەو ھەموو ساڵە. ناتوانم لە کۆبوونەوە و دانیشتنە خێزانییەکاندا باش قسە بکەم، ھەرکات بمەوێ شتێک بڵێم توانجەکانی باوکم قورگم دەگرن و ناھێڵن ھیچ بڵێم. دەترسم منیش بۆ منداڵەكانم وابم، لێ ئەوەندەی بتوانم کاریگەرییەکە کۆنتڕۆڵ دەکەم. سەرم لێشێواوە بۆ ھەموو شوێنێک عەزێتدانەکانی باوکم لەگەڵمدایە و بەرۆکم بەرنادەن.

  •                   •       •

 کچێک کە تازە ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێنابوو لەھۆکاری بێدەنگییەکەیم پرسی لەناو کۆبوونەوە خێزانییەکانیدا:

_ بۆچی ھیچ قسەیەک ناکەیت؟

+ ئاخر من دەنگم ناخۆشە!

ـــ کێ ئەمەی پێگوتوویت؟!

+بەردەوام ھەمووان وایان پێگوتووم دایک و باوک و تەنانەت خوشک و براکانیشم چاویان لەئەوان دەکرد و ھەمان شتیان پێدەگوتم، ئیتر من بۆ قسەبکەم کە کەس دەنگی منی پێخۆشنەبێ؟

  •                        •      •

باشترە سەرەتا ئاماژە بە خێزان بکەین چونکە تاک لەخێزانەوە دروست دەبێ، خێزانیش کۆمەڵگە پێکدێنێ، بەگشتی ئەو پەروەردەیەی لە خێزاندا پەیڕەو دەکرێت، دەکرێ بەرھەمھێنەری ھزری خۆشکوژی بێت. پێش ئەمەش دایک و باوک، سەرەتا ئەگەر دایک و باوک نموونەی دوو کەسی ھۆشیاربن و پەیوەندی نێوان خۆشیان پەیوەندیەک نەبێت لەسەر بنەمای موڵکایەتی و خاوەندارێتی، فکرەکە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵیش (کوڕ و کچی تۆن، بەڵام موڵکی تۆ نین، وەک کائینێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەیت، ئەگەر وانەبێت کۆیلە بەرھەمدەهێنین).

کۆیلە چییە؟ بیرۆکەی سەربەخۆی دەشێوێنێ و لە مرۆڤبوونت دەخات و ئازادیت لێ قۆرغ دەکات، خودی کۆیلەبوون نا ئینسانییە و نائەخلاقییشە. کەواتە خێزان و بەپلەی یەکەم دایک و باوک ڕۆڵی یەکەم و سەرەکی دەبینن بۆ گواستنەوەی هەروەها پراکتیزەکردنی فکرەی سەربەخۆیی. دەتوانین بڵێین خێزان لە سادەترین پێناسەیدا: دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە، فێرگەیەکە بۆ درووستبوونی تاک و کەسایەتی تاک، هەروەها یەکەمین کەناڵی ئاراستەکەری تاکە. کەواتە کاتی ئەوەیە پرسیارێک لەخۆمان بکەین. ئایا بەم جۆرە بیرمان لە خێزان و ڕۆڵی خێزان کردووەتەوە؟ بەم جۆرەی باسمانکرد بیرمان لە پەروەردەی تاک کردووەتەوە لەناو خێزاندا؟ بەپێچەوانەوە ئێمە بەوجۆرە لە خێزان و ڕۆڵی خێزان تێھزرینمان نییە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دوو چیرۆکەی باسمانکرد کە ھەردووکیان دیاردەن، چەندین چیرۆکی دیکەی ھاوشێوە ھەن. دەتوانین لەوە تێبگەین خێزانی ئێمە دەیانەوێ کچان (وەک ئاوی مەنگ، نەیەنە دەنگ) ھێشتا وەک مرۆڤ تەماشای مرۆڤ ناکەین، بەڵکو لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی لێکدانەوە دەکەین.

په‌رده‌ی كچێنی و نه‌ریته‌ دواكه‌تووه‌كان – پێرفۆرمانس

کۆمەڵگەی تەقلیدی کوردی ھەستیارە بەرامبەر ھەر کار و چالاکییەکی ژنان، بەو واتایەی ھەر بابەتێک ژنان بەشداربن تیایدا زۆرتر دەبێتە جێی سەرنج و لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا دژایەتی کۆمەڵگە دەبینین(لەماوەکانی پێشوودا چەند چالاکییەکمان بینی کە دژایەتی کران، ناکرێ ھێندە یادەوەریمان کورتخایەنبێت و لەبیریان بکەین) ژنان بەحوکمی کۆمەڵگە و ئایدۆلۆژیا باوەکان دەستەمۆکراون، کاتێکیش دەیانەوێ سنوورەکان تێبپەڕێنن ھەموو لایەک دەبنە ڕێگر لەبەردەمیاندا. جۆرێک لە نادادپەروەری لە تێکڕای سێکتەرەکانی کۆمەڵگە ھەستی پێدەکرێت و بوونی ھەیە، خودی سیستەم بۆخۆی نادادپەروەرە.

باشە بۆ ھێندە مردن لەناوماندا زیندووە؟ ھەڵبەت مردنە سرووشتییەکە نا، بەڵکو ئەوەی مرۆڤ ژیان لەخۆی دەستێنێتەوە یان لێی دەستێنرێتەوە، مرۆڤ پێش کوشتنە فیزیکییەکە ڕۆح و دەروونی کوژراوە، تاکی ئێمە بەھۆی ئەو ئایدۆلۆژیا سەپێنراوانەوە ئەوەندەی بیر لە مردن دەکاتەوە ئەوەندە ژیان ئەھمیەتی نییە بۆی، ئەوەندە مرۆڤێکی ژیاندۆست نییە. بەھۆی ئەو پەروەردە داپلۆسێنەرەوە ڕەنگە مەجالی ژیاندۆستی بەرتەسک بکاتەوە و وێنای دنیایەکی دیکە و بەردەستبوون و بەدەستھێنانی ھەموو شتێک کە مرۆڤ دەیخوازێ، پاڵنەرە بۆ خۆکوشتن و ویستی زوو گەیشتن بەو ئارەزووە میتافیزیکییەی.

لە ھونەر و ئەدەبیاتیشماندا ویستی مردن و بێباکی لە ژیان ڕەنگیداوەتەوە ئەو مەرگپەرستییە بەربڵاوە و ھەستی پێدەکرێت بۆ نموونە لەگۆرانییەکی کۆندا دەڵێ: (مردن چاکترە لە پارەکەمی) لەوانەیە لەخەمێکی ئابورییەوە سەرچاوەی گرتبێ، بەڵام پەنابردن بۆ مردن و بەچاکزانینی لەبنەڕەتدا لە دژایەتی ژیانەوەیە. بەگشتی لە ھۆنراوەکاندا، دەقی جۆراوجۆر و بێشومار ھەیە و دەیخوێنینەوە یان کراون بە گۆرانی و دەیبیستین، مەعشوق وەک فریادڕەس ناسێنراوە و بێمانابوونی ژیان بەبێ ئەو و کۆکردنەوەی ھەموو جوانی ژیاریی لەوی دیکەدا وامان لێ دەکات من بەبێ ئەو ھیچ نیم کەواتە مردن بۆمنە… لێرەوە دەگەینە خاڵێک کە ئێمە لەھەموو لایەکەوە مردنمان لەلا خۆشەویست دەکرێت وەک لە ژیان. بەڕاستیش ئێمە پەنەوازیمان بە ڕیفۆرم ھەیە لە شیعر و ئەدەبیاتیشدا، لەسەرووی ھەمووشیانەوە لە پەروەردەدا کە من ئەدەبیاتیش وەک بەشێکی پەروەردە دەبینم.

(فاروق ڕەفیق لە کۆڕێکیدا دەڵێت: شیعر وێنایەکی ئەسیناییە بۆ پەروەردە) نەک بەو واتایە کە ناکرێ ژیانێکی باش بەردەست نەبێ و لە ھۆنراوەدا درۆ لەگەڵ خوێنەرەکەی خۆت بکەی، بەڵام ئەی بۆ مردنمان لەلا جوان بکرێ؟ بەشێک لە سروودە نیشتیمانییەکان ڕەوایەتی بە مردن و شەھیدبوون دەدەن و تائێستاش ئەو سروودانە بەشێکی دانەبڕاون لە بیرو ھزری ئێمە، دنەدانی گەنج بۆئەوەی سنگ بە گولـلەوە بنێ و خۆی بەختبکا و بەخشینی شانازی پێی، لەم پەروەردەیەدا ڕەنگە بتوانی جەنگاوەر دروستبکەی، نەک مامۆستایەکی (پەروەردەکارێکی) باش، نەک سایکۆلۆجستێکی باش، نەک سەرۆکێکی باش… کەواتە بەگشتی پرۆسەی پەروەردەکردن(خێزان، سێکتەری پەروەردە) کار لەسەر دروستکردنی تاکێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ دەکەن، پەروەردەی تەقلیدی لەگەل سەردەمێکی نوێ، ئەم گونجاندنە چۆن دەبێت؟ گونجاندنە یان گەوجاندن؟ خێزانەکانی ئێمە لەوەھمی خۆشبەختیدا دەژین، بەڵام بەگشتی تاکی ئێمە مرۆڤانێکن خۆشبەخت نین، ئەو بارودۆخە نائارامەی کە ھاوکارە بۆ بیرکردنەوە لە خۆکوژی، پەیوەندی بە تێكڕای جومگەکانی کۆمەڵگەوە ھەیە. گەنجێک بدوێنە زۆر ڕەشبینانە و بەوپەڕی نائومێدییەوە قسەت بۆدەکات. لێرەوە بۆت دەر دەکەوێ تاکی ئێمە بەلەنگازە لە ژیاندا سیستەمێک لەژیان سەپێنراوە، خودی سیستەمەکە دەبێتە تەڵزگە لەبەردەمیاندا، تاکی ئێمە لەنێو فشارەکاندا دەژی ڕۆژانە ھیوابڕاوی دەکەن.

لە بابەتی باوەڕ و بڕیاردانەکانمان تاک لەژێر کاریگەری ھۆکارەکانی گەیاندن وەک (میدیا و ڕاگەیاندنەکان) دنیایەک خاڵی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆگرتووە و سێکتەری پەروەردە کە گرنگترینیانە، ئەمانە هەمووی پێکەوە دەکرێ ھۆکاربن بۆ نائارامی دەروونیی و کێشەکانی دیکەی دەروون. لەپاڵ ئەمانەشدا شوێنێک نییە کە تاکی ئێمە لە دۆخە سەختەکاندا کاتێک تووشی نائارامی دەروونیی یان جۆرێک لە تراوما دەبێت پەنای بۆ ببات. نەک شوێنێک نییە، بەڵکو پێمان شەرمە سەردانی پزیشکی دەروونیی یان پسپۆڕانی ئەو بوارە بکەین. بەکلتوورکردن و ئاساییبوونەوەی لای خەڵک ڕەنگە بەشێکی گرفتەکە چارە بکات.

(من لەگەڵ بەڕێوەبەری کلینیکێکی ئێواران قسەم کرد و پێشنیاری ئەوەم کرد کە پێویست دەکات لەم شوێنە پزیشکی دەروونیی بوونی ھەبێت، بەڵام بەبیانووی جیا جیا ڕەتی کردەوە ئەگەرچی باوەڕیشی وابوو خۆی پێویستییەکی زۆری بە پزیشکی دەروونیی ھەیە)

لایەنێکی دیکەی گرنگ کە زەرورەتە بیھێنینە بەر باس ئەویش (یاسا)یە، لە واقعدا یاسا بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە و لەکاتی پێویستیدا خەڵک پەنا بۆ دادگاکان دەبەن، بەڵام دادگا نەیتوانیوە مەرجەعی یەکەم بێت و ڕەقیبێکبێت بەسەر ھەر تاوانێک، کە لەھەر ئاستێکی کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، ئەوەش کڵۆڵی دادگا دەردەخات کاتێ نەیتوانی کۆمەڵگە ڕێکبخات ئیدی شتێک نامێنێ بەناوی دادگا و پێویستە ناوێکی دیکە بۆ (دادگا) پێشنیار بکرێت. ئەوەی پێی دەگوترێت دەسەڵاتی بەڕێوەبردن پێویستە کاربکات بۆ کەمکردنەوەی ھۆکارەکانی خۆکوشتن، بەپێچەوانەوە نەک کاری نەکردووە، بەڵکو خۆیان یەکێکن لەو ھۆکارانە. ڕاستە نەخۆشییە دەروونییەکان وەک (خەمۆکی) ھۆکارن بۆ خۆکوژی، بەڵام ئەوەش بووەتە بیانوویەک و لە بەشێک لە کەیسەکاندا بەوە کۆتاییان پێ دەهێنن و دەڵێن:( ئەوکەسە نەخۆشی دەروونیی ھەبووە) ئەگەر سەرنج بدەین دوای ڕووداوەکانی خۆکوشتن و کوشتن، تیمێکی شارەزا پێکنەھاتووە لێکۆڵینەوەی ورد و درشت لەو بابەتە بکات کە لەئێستادا لە کاتی بەدیاردەبوونیدایە.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌