circa 1950: Spanish surrealist artist Salvador Dali (1904 - 1989) shows off his famous moustache. (Photo by Weegee(Arthur Fellig)/International Center of Photography/Getty Images)

حسێن حه‌مه‌د؛ تارمایی ناو تەم


Loading

نازانم، ماوەیەکە هەست دەکەم کەسێک بەدوامەوەیە، یەکەم جار نییە دەیبینم، ئەو ڕۆژەش لە قاوەخانەکەی ناو شار، ئەو دوو مێز لەولاوەی من دانیشتبوو. خەریکە کاتژمێر دەبێتە نۆ، دەبێ پەلەبکەم ڕێبوار چاوەڕێمە. دونیا تەماوییە. تەم شارەکەی داپۆشیوە. بەنێو تەمەکە ڕێدەکەم، جادە چۆلە، تەنها مەترێک دەتوانم پێش خۆم ببینم، خێراتر ڕێدەکەم.  وورد  وورد نمە بارانێک دایکرد، چەترم لا نییە، هەموو کات چەترەکەم لەیاد دەکەم، جانتا چەرمەکەی دەستم دەخەمە ژێر پاڵتۆکەمەوە، توند توند بە سینگمەوە دەینووسێنم  نەبادە تەڕبێ، نا … جانتاکە گرنگ نییە، کاغەزەکانی ناوی گرنگن.

بەردەوامم لە ڕۆیشتن. هەست دەکەم کەسێک بە دوامەوەیە، لەبەر تەمەکە ناتوانم بیبینم وەلێ گوێم لە تەپەی پێیەتی. نزیکدەبێتەوە لێم، بەخێرایی ئاوڕ دەدەمەوە، کەسی لێ نییە، کەس نابینم،  تۆ بڵێی کێ بێ. ورد دەڕوانم، هەست دەکەم یەکێ لەناو تەمەکەیە، خۆی حەشارداوە وەک ئەوەی بیەوێ چاوشارکێم لەگەڵ بکات. گوێم لە تەپەی پێی ئەوکەسەیە لەوبەر بۆ ئەوبەر ڕادەکا، ڕاست و چەپ ئاوڕدەدەمەوە، هێشتا کەس دیار نییە. لەپڕ دەنگی پێی نەما، لەوانەیە ڕۆیشتبێ، یان لە شوێنێک وەستابێ و بیەوێ لێمبدا. یەکێ لەنێو تەمەکە خەریکە بەدەر دەکەوێ، نزیکدەبێتەوە، ڕووخساری بەتەواوی دیار نییە، نزیکتر بۆوە … بەدیارکەوت. حەپەسام. ( ئەی هاوار … نابێ تۆ ڕاست بی، شتی وا نابێ !) خێرا ڕامکرد، نەمدەزانی بەرەو کوێ دەچم، دەستم بە جانتای ژێر پاڵتۆکەمەوە گرتبوو و هەر ڕامدەکرد.

 

دەبوا زووتر بێی، دەمێکە چاوەڕێم. لەلای پەنجەرەکە دانیشە تکایە. چیرۆکەکەتم خوێندەوە کە ناردبووت، سەرنجم لەسەر چەند شوێنێکی هەیە و پێویستە دەستکاری بکرێ. ئا بیرم چوو، قاوە یان چای؟  کامیان دەخۆیەوە ؟. ( چای تکایە.)  نا … قاوەت بۆ دێنم، نوسەرەکان دەبێ قاوە بخۆنەوە. بەیەک قوم قاوەکەی فڕکرد.

 

حسێن حه‌مه‌د

ئێوارەیەک لە ژوورە هەمیشە چۆلەکەم ڕووەو ئاوێنەیەک وەستابووم. ئاوێنەیەک، نە تەڵغ، نە ساف. چەشنی ئایندەم. ( بنوسە! تا پەنجەکانت ژان دەکا بنوسە.) چەندین جار ئەوەم لەبەر خۆم وتەوە. (نوسەر ئەوکاتە نەمر دەبێ کە بنوسێ. یەکەم و دواهەمین ئیشی من نوسینە.)  ڕەنگە ئەو قسانە دەوای هیچ دەردێک نەبن، بەڵام زووخاوی زۆر برینیان کەمکردۆتەوە.

دەچمە سەر لاپتۆپەکەم، دەمەوێ چیرۆکێک بنووسم، ناینوسم. دەگەڕێمەوە دیار ئاوێنە، تا چاوم ژان دەکا لەخۆم ڕادەمێنم. چاوم دادەخەم. دەمەوێ ژوورەکە پڕکەم لە قەرباڵەغی. هیچ قەرباڵەغیەک بوونی نییە، خۆمان قەرەباڵەغییەکەین.

لەسەر قەرەوێڵەکە ڕاکشاوم. هێواش هەناسە دەدەم، ڕۆدەچمە بێدەنگیمەوە. لەپڕ شتێکم هاتەوە یاد. بەڕاست خۆ من داوەتی پێشانگا کرابووم، پێشانگای تابلۆ. هەڵسامەوەو پاڵتۆکەم هەڵگرت. نا…پاڵتۆکەم منی هەڵگرت. چوومە سەر شەقام تاکسی ڕاگرم. گڤەی دەهات، (با) ناڵێم، تاکسیەکان دەڵێم، زۆر پەلەیانە. کە چوومە پێشانگاکە هەموو شتێک ئاسایی بوو. سەیری هەنێک تابلۆم کرد و بەلایان تێپەڕیم، بەڵام یەکێکیان خۆنەویستانە پەلکێشی کردم و قاچمی بە زه‌ویەکەدا داکوتا. پڕبوو لە ڕەنگ، ڕەنگەکان هاوارایان لێ هەڵدەستا. واهاتە بەر گوێم وەک ئەوەی بڵێن ( تکایە! بمانکە بە وشه‌، لەو چوارچێوەیە وەڕەزبووین.) ئیدی هیچ بەهانەیه‌ک نییە بۆ نەنوسین، دەبێ دەستپێکەم. ئەو شەوە تا درەنگ بە نووسینی ئەو چیرۆکەوە خەریک بووم.

 

بۆ وا شڵەژاوی ؟ ئاسوودە دانیشە. ( ئاخر حەقمە بشڵەژێم، چۆن نەشڵەژێم.)،  بۆ دەبێ وابی ؟ چ شتێک سەغڵەتی کردووی ؟!  (کە لە ڕێگا دەهاتم بۆ ئێرە ئەو بە دوامەوە بوو، یەکەمین جار نییە دەیبینم. دڵنیام هاتووە تۆڵە بکاتەوە، هاتووە بمکوژێ !)  کێ ؟ تۆ باسی کێ دەکەی ؟ کێ بەدواتەوەیە؟،  کێ دەیەوێ تۆ بکوژێ ؟ ئەسڵەن تۆڵەکردنەوەی چی ؟!

  ( تۆ ئاگات لە هیچ نییە، تۆ بەشی کۆتایی چیرۆکەکەت نەخوێندۆتەوە بۆیە وادەڵێی. کۆتاییەکەیم هێناوە، بیخوێنەوە، ئەوسا دەزانی بۆ شڵەژاوم.)

 

(بەڕێز … بەڕێز، هیچ شتێک دەخۆیەوە ؟ چیت بۆ بێنم ؟)  بە دەنگی گارسۆنەکە ڕاچڵەکیم. سەیری کاتژمێرم کرد، چ زوو بووە چارەكێک. گارسۆنەکە هەر وەستاوە، سەیرێکیم کرد و گووتم؛ چایەک بێزەحمەت… زۆر جار دێم بۆ ئێرە، ئەو قاوەخانەیەم خۆشدەوێ، تایەتتر لای جامخانەکە. چۆن ئەوێ ڕوناکترە، شیاوە، هەم بۆ خوێندنەوە و هەم بۆ نوسین. جگەرەیەکم داگیرساند. دیسانەوە بیرکردنەوەم ئاڵۆزبوو. ئەرێ دوێنێ شەو بۆ وامکرد ؟ چۆن دەستم چووە خوێنی ئەو پیاوەوە ؟ چ مۆتەکەیەک بوو ئەی هاوار. سەیرەکە ئەوەیە کە لێرە دانیشتووم، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، هەر دەڵێی کەسیش نەکوژراوە. هەمان ڕۆتینی ڕۆژانە دەگوزەرێ. بەڵام پێمەوە دیارە، پێمەوە دیارە دەستم چۆتە خوێنی کەسێک.

دووبارە نووقمی خەیاڵ بووم. ئەوجارەیان بە دەنگی گارسۆنەکە نا، بە دەنگی تەپەی پێی پیاوێک، ڕاچڵەکیم. سەرم بڵند نەکرد. هات لە دوو مێز ئەولاوەی منەوە دانیشت. چای لەسەر مێزەکەم دانرابوو، قومێکم لێدا و سەیری دەوروبەرم کرد. چاوم چووە سەر ئەو پیاوەی ڕایچڵەکاندم. ئەبڵەق بوو چاوەکانم. سام گرتمی. هەناسەم سوار بوو. ڕامکرد. زۆر بەپەلە لە قاوەخانەکە چوومەدەرێ. تا گەیشتمەوە ژوورەکەشم هەر سەیری دواوەم دەکرد، ترسام دوام کەوتبێ. لە ژوورەوە دەرگاکەم بە کلیل داخست و پشتم بە دەرگاکەدا. هێشتا هەناسەم سوار بوو. لەبەر خۆمەوە دوام. ( نا … نابێ ڕاست بێ. پیاوێکی گۆچان بەدەستی سمێڵ باریکی بادراو بە کڵاو و چاکەتێکی فەڕەنسییەوە. دڵنیام ئەوە ڕاست نییە و خەو دەبینم. پێویستە خەبەرم بێتەوە.)

کوشتووتە!، چیرۆکەکەت کۆتاییەکی سامناکی هەیە. بەڵام  ئەو چیرۆکە چ پەیوەندییەکی بەو کەسە هەیە کە دواتکەوتبوو ؟

 ( بەڵێ پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، چونکە ئەو کەسەی دوامکەوتبوو هەمان کارئەکتەر و هەمان ئەو کەسەی ناو چیرۆکەکەیە. ئەو بوو، دڵنیام ئەو بوو.)… نا هەرگیز ناکرێ ئەو بێ، ئەسڵەن ئەو هیچ وجودێکی نییە، چ جای ئەوەی بێ تۆڵە بکاتەوە. تەنها خەیاڵت کردووە، لە خەیاڵ زیاتر هیچی تر نییە، تارماییت بینیوە نەوەک ئەو.  ( تارمای نا، تارمایی نەبوو، باوەڕت هەبێ ئەو بوو، هاتووە بمکوژێ. ئەو بوو ئەو … سلفادۆر دالی بوو!. )

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین