James Gillray’s ‘The Plum-Pudding in Danger’ (coloured engraving, 1805) Photo: Wikimedia Commons

کاریگەریی گوتاری کۆلۆنیالیزم لەسەر ڕۆشنبیرانی کورد؛ بەختیار عەلی بە نموونە


Loading

بەشی زۆری ڕۆشنبیر و نوسەرانی کورد تا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان لە گوتاری قۆناغی کۆلۆنیالیزم ڕزگار بکەن. ڕەنگدانەوەی کاریگەری گوتاری سەردەمی کۆلۆنیالیزم بەسەر بەرهەمەکانی هەندێک لە ڕۆشنبیرانی دیاری کورد بە شێوەیەکی زەق و بەرچاو دەردەکەوێت. بەختیار عەلی یەکێکە لەو ڕۆشنبیرانەی تا ئێستاش هەندێک چەمک بەکاردەهێنێت کە سەرچاوە و ڕەگەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ڕەگەزپەرستیی و داگیرکاریی وڵاتە “خۆرهەڵاتییەکان” لەلایەن وڵاتە “خۆرئاواییەکان”. ئەم سەردەمە لە ناوەندە زانستییەکان بە -سەردەمی کۆلۆنیالیزم- ناسراوە کە لە سەرەتای سەدەی پانزەمەوە دەستی پێکرد و تا دوای دووەم جەنگی جیهانی درێژەی کێشا.

ئاراس مەسیفی

هێزە ئەوروپیەکان بۆ ڕەوایی دان بە داگیرکارییەکانیان، هەڵسان بە داهێنانی گۆتاری جیاکاری (Othering) و داتاشینی چەمکەکانی “ئێمەی خۆرئاوایی” و “ئەوانی خۆرهەڵاتی”. کرۆکی ئەم گۆتارە دابەشکردنی جیهانە بەسەر “ئێمەی خۆرئاوایی” پێشکەوتوو و “ئەوانی خۆرهەڵاتی” دواکەوتوو. لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئەم گوتارە لە هەمو بوارەکانی زانستی، کولتوری، ئەدەبی، هونەری، سیاسی و یاسایی وێنەیەکی “ئێمەی” خاوەن ئەقڵ و کولتور و توانا و “ئەوانی تری” کەم ئەقڵ، بێکولتور و بێتوانایان وەکو ڕاستییەکی زانستی بەسەر بیر و هزری گشتیی کۆمەڵگە داگیرکەرەکان و داگیرکراوەکاندا سەپاند. “خۆرئاواییەکان” لەم ڕێگەیەوە ڕەوایەتیان دا بە دەیان و سەدان شەڕ و کوشتار و کۆمەڵکۆژی. لەژێر بەهانەی پێویستە “ئێمە” بچین “ئەوان” فێری کولتور و ژیانی مۆدێرن و پێشکەوتوو بکەین، زۆربەی وڵاتانی گۆی زەوییان داگیرکرد. چەندین سەدە خێروبێرەکەیان بۆ خۆیان برد، خەڵکەکەیان چەوساندەوە و کولتورەکانیان شێواندن.

دوای کۆتایی هاتنی داگیرکارییە ڕاستەوخۆکان لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابوردوو قۆناغی کۆلۆنیالیزم بە فەرمی کۆتایی هات و قۆناغی پۆستکۆلۆنیالیزم دەستی پێکرد. پۆستکۆلۆنیالیزم مانای کۆتایی هاتنی داگیرکارییە ڕاستەوخۆکانە، بەڵام بەردەوامیی کاریگەرییەکانی سەردەمی کۆلۆنیالیزمە. ئەوە بەو مانایە دێت کە هەژموون و کاریگەریی وڵاتە داگیرکەرەکان بۆ سەر وڵاتە داگیرکراوەکان لە ڕێگەی قورخکاری ئابووری و بە سوود وەرگرتن لە نابەرامبەری و نایەکسانی پەیوەندییە کولتوری، سەربازی، پیشەسازی، سیاسی و دیبلۆماسییەکانی دەرئەنجامی کولۆنیالیزم، تا ئەمرۆش لە هەندێک ناوچەی جیهان بەردەوامییان هەیە، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکیەتی.

ناوەندە زانستییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە هۆکاری بەردەوامی ئەو نایەکسانییە بەشی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرییەکانی گۆتاری سەردەمی کۆلۆنیالیزم کە تا ئێستاش ئامادەگی بەهێزی هەیە لەسەر هزر و بیری گشتی گەلانی داگیرکار و داگیرکراو. لێکۆلەرەوان گەشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێدانەچونەوە و ڕاستنەکردنەوەی ئەم گۆتارە بۆتە هۆی بەردەوامی و بەرهەمهێنانەوەی هەمان دۆخ و قووڵکردنەوەی نایەکسانییەکان لە بەرژەوەندی “خۆرئاواییەکان”.

گەورە نوسەری ئەمەرێکی بەڕەگەز فەلەستینی ئێدوارد سەعید بۆ یەکەم جار لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەم دیدە ڕەگەزپەرستییانەی “خۆرئاواییەکانی” بۆ “خۆرهەڵات” لەبەر یەک هەڵوەشاندەوە و خستییە بەر ڕەخنە. ئێدوارد سەعید توانی لە ڕێگەی بەڵگەی زانستی بیسەلمێنێت، کە ئەم وێنە ناشیرینەی “خۆرهەڵات” دروستکراوی “خۆرئاواییەکانە” بۆ ڕەوایی دان بە زۆلم و داگیرکارییەکانیان بۆ سەر “خۆرهەڵات”. ئەم تیۆرییەی ئێدوارد سەعید لە ناوەندە زانستییە ئەمریکی، ئەوروپی و جیهانییەکان پێشوازییەکی گەورەی لێکرا و تا ئێستاش وەک یەکێک لە بنەماکانی ڕەخنەی سەردەمی دوای کۆلۆنیالیزم (postcolonialism) سوودی لێوەردەگیرێت. هەرچەندە ئێدوارد سەعید لە لێکۆلینەوەکەی چەمکی “خۆرهەڵاتی” بۆ سەر ئەم ناوچەیەی بچووککردەوە کە ئێستا بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە. بەڵام لە راستیدا “خۆرئاواییەکان” مەبەستیان لە چەمکی “خۆرهەڵات” هەموو ناوچەکانی جیهان بوو کە بە بۆچونی خۆیان لە دەرەوەی “خۆرئاوایە”. جێگەی ئاماژەیە ئەم هەنگاوەی ئێدوارد سەعید هاوکات بوو لەگەڵ تێزە ڕەخنەییەکانی ڕۆناکبیرە هێندی و ئەفریکییەکان کە کولتورەکەی ئەوانیش بە هەمان شێوەی کولتوری سەعید، قوربانی کۆلۆنیالیزم و گوتاری رەگەزپەرستییانەی سەردەمی کۆلۆنیالیزمە.

ناوەندە زانستییە جیهاتییەکان لە ئێستادا گوتارە ڕەخنەییەکانی سەعید و هاوبیرەکانیان کردۆتە بنەما و چەقی گوتاری ڕەخنەیی پۆستکۆلۆنیالیزم بۆ بەخۆداچونەوە و راستکردنەوەی گوتاری سەردەمی کۆلۆنیالیزم. بەتایبەتی “ڕۆژئاواییەکان” دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە گوتاری کۆلۆنیالیزم هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی رەگەزپەرستییانە و بە پاڵنەری بیری سەرمایەدارییانە بنیاتنراوە، پشتیان لەو دیدە رەگەزپەرستییانەیان کردوە و لەسەر ئاستەکانی سیاسی، پەروەردەی، ئەکادیمی، زانستی و میدیایی هەوڵی ڕاستکردنەوەی دەدەن. بە پێچەوانەی ئەمەوە زۆربەی زۆری رۆناکبیر و ڕۆشنبیرەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها نەیانتوانیوە بەرەنگاری گوتاری کۆلۆنیالیزم ببنەوە، بەڵکو خۆیان بوون بە بەشێک لە ڕەواییی و بەردەوامیی دان بەم گوتارە.

کوردستان بە هۆی ئەوەی لە مێژووی تازەیدا دووجار داگیرکراوە، جارێکیان لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکان و دوایی ئەوانیش لەلایەن ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەر دابەشکراوە، کاریگەری و هەژموونەکانی گوتاری کۆلۆنیالیزمی بە شێوەیەکی قووڵتر و تێکەڵاوتر و فراوانتر بەسەردا بەجێماوە. ئەگەر باسەکە لەسەر ئەم بەشەی کوردستانی عێراقدا کورت بکەینەوە، دەتوانین بە باسکردنی چەند نموونەیەک کاریگەرییەکانی گوتاری کۆلۆنیالیزم بەسەر دەق و نوسینەکانی ڕۆشنبیر و نوسەرانی کورد بە زەقی هەست پێبکەین و دەستنیشانیان بکەین. بۆ نموونە ئەگەر لە گوتاری زۆربەی ڕۆشنبیر و نوسەرانی کوردی ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی ڕابردوو وردبینەوە، ئەوە بە زەقی دەردەکەوێت، کە کەوتونەتە هەڵەی بەکارهێنانەوەی هەمان چەمک و دید و لۆژیکی سەردەمی کۆلۆنیالیزم، بێ ئەوەی هۆشیاری ئەوەیان هەبێت، کە چەمکەکان لە کات و شوێنی جیاواز بۆ مەبەست و گوتارێکی دیاریکراو داتاشراون و بە مانا و هێما و سیمبولێکی دیاریکراو بارگاوی کراون. بەکارهێنانەوی هەمان چەمک لە کات و شوێنیکی تردا، بێ ئەوەی دووبارە پێناسە بکرێتەوە، نەک تەنها بابەتەکە دەشوێنی، بەڵکو لە زۆربەی کات بابەتەکە تێکەڵی گوتارە کۆنەکە دەکات و نوسەر ناچاری بەکارهێنانەوی هەمان لۆژیکی گوتارەکەی دەکاتەوە. بۆ نموونە کاتێک نوسەرێک چەمکەکانی “ئێمە” و “ئەوان” بەکاردەهێنێت، ئەوە بیزانێ یان نەیزانێ، بە مەبەست یاخود بێمەبەست بێت لۆژیکی جیاکاری و بەراوردکردنی دوو بابەت پەیڕەو دەکات، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی و نایەکسانییەکانی کۆنتێکستی مێژوویی، کولتوری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەردوو بەباتەکە.

بەختیار عەلی یەکێکە لە ناوە هەر دیارەکانی ناو کایەی ڕۆشنبیری کوردی و سەرقافڵەی ئەم نوسەرانەیەکە تا ئێستاش کاریگەریی گوتاری کۆلۆنیالیزمی بەسەر دەقەکانی دیارە. نوسەر لە نوسینەکانی زۆر بەزەقی چەمکەکانفاشیزمی کولتوری ئێمەی خۆرهەڵاتی بەکاردەهێنێت و بە لۆژیکێکی کۆلۆنیالیستانە و یۆڕۆسێنتریک شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات. پێش ئەوەی چەند نموونەیەکی نوسینەکانی بەختیار بخەمە ڕوو، دەمەوێت ئەو چەمکانەی ئاماژەیان پێدراوە و لە سەرەوە ڕووننەکراونەتەوە، بە دیدی گوتاری سەردەمییانە پێناسە بکەمەوە.

لە دیدی گوتاری سەردەمییانە مەبەستم گوتاری گلۆبالی چەمکە گەردونییەکانە کە بە شێوەیەکی بێلایەنیی و بێلایەنگیری بۆ پێناسەکردنی بابەت و دیاریدە گەردوونی و جیهانییەکان بەکاردەبرێن و رۆناکبیرانی هەموو کولتورەکانی جیهان بەشداری هێنانەکایەوەیان کردووە. ئەمەش تەواو جیاوازە لە گوتاری “یۆروسەنتریکی رۆژئاواییانە”. چەمکی “یۆرۆسەنتریک” مانای خوێندنەوە و هەڵسەنگادنی جیهان بە دید و پێوەری ئەوروپییانە، تا لەو ڕێگەیەوە باڵایی و پێشکەوتوویی کولتوری ڕۆژئاوایی بەسەر کولتورەکانی تری جیهان ڕەوایی پێبدرێت و بسەپێنرێت. دیدی یۆرۆسەنتریک بەشێکی گوتاری سەردەمی کۆلۆنیالیزمە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە.

چەمکەکانی “فاشیزم” و “خۆرهەڵات” دوو چەمکی کێشەدارن و مشتومڕی زانستیی زۆریان لەبارەوە کراوە و دەکرێت. لە ئەنجامی گوتارە ڕەخنەییەکانی کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا چەمکی “خۆرهەڵات” لە ئێستادا لە ناوەندە زانستییەکان بەتەواوی وەلانراوە و دوورخراوەتەوە. لە ئێستادا هیچ لێکۆلەرەویەک و ئەکادیمییەکی هۆشیار و سەنگین و پیشەیی لە جیهان چەمکی “خورهەڵات” بۆ ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست یان هەر بەشێکی تری جیهان بەکارناهێنێت، چونکە ئەم چەمکە وەکو ئێدوارد سەعید دەڵێت، لەلایەن خۆرئاواییەکانەوە بنیادنراوە و بارگاویکراوە بە چەند سیفەتێکی ناشیرین بۆ ناساندنی کولتورەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە کولتوری دواکەوتوو و توندوتیژ هتد. ئێدوارد سەعید بە بەڵگەی ڕوون و حاشاهەڵنەگر سەلماندوویەتی کە ئەم سیفەتانەی دراونەتە پاڵ “خۆرهەڵات” یان بە شێوەیەکی ئێنتیقائی هەڵبژێردروان و زیاد لە پێویست زەق و گەورەکراون یاخود هەڵبستراون.

هەرچی چەمکی فاشیزمە، ئەویش بە هەمان شێوە کێشەدارە. مێژوونووسان تا ئێستا نەیانتوانییەوە پێناسەیەکی هاوبەش و یەکگرتوی بۆ دابتاشن. ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک کە سەرەکیترینیان ئەوەیە، فاشیزم لە قۆناغێکی میژوویی دیاریکراو و لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جیهاندا سەری هەڵداوە. وەکو بزووتنەوەیەک کە لە دۆخی جووڵە و گۆڕانکاری دابووە، لە هەر قۆناغێکدا شێوە و ناوەڕۆکی جیاوازی وەرگرتوە. هۆکارێکی تری گرنگ ئەوەیە کە فۆڕمەکانی فاشیزم هەرچەندە ئامراز و خاڵی هاوبەشیشیان هەبێت، ئەوە لە ناوەڕۆکدا چەند جیاوازییەکیان هەیە. بۆیە ناتوانرێت وەکویەک سەیر بکرێن. ئەم هۆکارانە وا دەکەن کە تێگەیشتن و پێناسەیەکی یەکانگیر بۆ چەمکی فاشیزم مەحاڵ بێت. لەبەرئەمەش لێکوڵەرەوان و مێژووناسان چەمکی فاشیزم لە ناوچەیەکی جوگرافی و قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو پێناسە دەکەن و خۆیان لە گشتاندنی و بەکارهێنانەوەی هەمان چەمک بۆ ناوچە و قۆناغێکی تری دیاریکراو دەبوێرن. بۆ نموونە فاشیزمی ئێتاڵی سەردەمی مۆسۆلینی، ڕژێمی رەگەزپەرستی ئەڵمانی سەردەمی هیتلەر لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆری ئیسپانی سەردەمی فرانکۆ، هەرچەندە ئامڕاز و خاڵی فاشیستیی هاوبەشی زۆریان هەیە، بەڵام هەریەکە و لە کۆنتێکستی جوگرافی و مێژوویی خۆی لێیان دەڕواندرێت و وەکو یەک لێیان ناڕوانرێت، جا چ جای ئەوەی تۆ بتەوێت بە بەکارهێنانی چەمکی فاشیزم شیکردنەوە بۆ ناوچەیەکی تری جیهان بکەی کە هیچی لەو وڵاتانەی فاشیزم تێیدا پێش نزیکەی سەد ساڵ سەریهەڵداوە ناچێت.

بەختیار لە زۆربەی نوسینەکانی دەربارەی کوردستان و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها چەمکەگەلێکی بارگاویکراو بە مانا و سیمبولی مێژوویی کێشەدار لە دیدێکی یۆرۆسەنتریک بەکار دەبات، بەڵکو بە هەمان لۆژێک لێکدانەوە و شیکردنەوە و هەڵسەنگادنیان بۆ دەکات. ئەگەر سەرنجێکی ئەم بەشەی نوسینێکی بەختیار بدەین کە دەڵێت: ­“بۆ تێگەیشتن لە فاشیزم، پێویستیمان بە تێگەیشتن لە خۆرهەڵات هەیە، خۆرهەڵاتیش تێکەڵەیەکی سەد لۆچ و سەد توێیە، لێرەوە جگە لەوەی لای شاڕەگەکان و دەروازە سەرەکی و دینەمۆ گەورەکانی ماشینە فاشیستییەکە بوەستین، چارێکی ترمان نییە”. ئەوە بە زەقی دەردەکەوێت کە نوسەر بە قەد خوێندکارێکی قۆناغی یەکی مێژووناسی هۆشیاری دەربارەی ئەو دوو چەمکەی کە بە بنەمای نوسینەکەی وەری گرتوە نییە. فاشیزم و خۆرهەڵات دوو چەمکن کە سەرەڕای ئەوەی کێشەی مێژوویی و مێتۆدیکی تایبەت بە خۆیان هەیە، هیچ پەیوەندییەکی مێژوویی و میتۆدییان بە یەکەوە نییە. نوسەر لێرە نەک تەنها چەمکی “خۆرهەلات”، وەکو ناوچەیەکی پر لە ناشیرینی و دزێوی کە هەمان دیدی گوتاری کۆلۆنیالیزمە بەکار دەبات، بەڵکو بە لۆژیکێکی کۆنی نازانستییانە بەرگی فاشیزمیشی بەسەردا دەکات. بەمەش وێنەکە بەتەواوی تێکەڵ دەکات و دەشێوێنی.

بۆ نموونە تۆ چۆن ناتوانی سیستەمی هەرێمی کوردستان بە دیموکراتی وەسف بکەیت بە بەهانەی بوونی چەند ڕەگەز، توخم و ئامرازێکی دیموکراتی، وەکو بوونی هەڵبژاردن و فرەحزبی و ئوپۆزیسیۆن و میدیای تا ئاستێک ئازاد، ئاواش ناتوانی هەموو خۆرهەڵات و کوردستان بە فاشیست وێنا بکەیت، تەنها لەبەر ئەوەی چەند ئامراز و ڕەگەزێکی فاشیزم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یان کوردستان بوونیان هەیە. لای هەموو کەسێک ئاشکرایە کە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان پڕن لە کێشە و دیاریدەی دزێو و ناشیرین. بەڵام باسکردن و تێگەیشتن و شیکردنەوەی کێشەکان بە کەرەستەی کۆن و بەسەرچوو جگە لە بەلاڕێدابردن و شێواندنی گوتاری ڕەخنەیی سەنگین و بابەتی هیچی تری لێ بەرهەم نایەت. بۆ تێگەشتن لە دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، تێوریی و کەرەستە و مێتۆدیکی سەردەمییانە بەردەستن کە جگە لە ڕەش و سپی ڕەنگەکانی تری نێوانیشیان بەدەردەخەن.

لە نوسینێکی تردا نوسەر دەڵێت:” لەڕاستیدا گەشتێكی كورت بەفەرھەنگی ڕۆژانە و ڕووبەرە كولتوورییەكانی ئێمەدا، ئەوە ئاشكرا دەكات مرۆڤی خۆرھەڵاتی بە گشتی قسەیەكی ئەوتۆ و گرنگی لەسەر جوانی نییە. لە كولتووری ئێمەدا جوانی كەسێكی نییە قسەی لەسەر بكات، یاخود لەڕاستیدا مرۆڤی ئێمە توانای ئەوەی نییە ھەستەكانی خۆی بۆ جوانی لە ڕستە و گوزارەدا دابڕێژێت” ئەگەر سەرنجی چەمکە سەرەکییەکانی ئەم نوسینەی بەختیار بدەین، دەردەکەوێت کە نوسەر نەک تەنها چەمکی “خۆرهەڵاتی” بە هەمان شێوە و مانای سەرەوە بەکاربردووە، بەڵکو بە متمانە بە خۆبوونێکی بێوێنە، بە دیدێکی لە خۆبایییانە باس لە “کولتوری هەموو مرۆڤەکانی خۆرهەڵات” دەکات و لە ڕێگەی چەند دیاریدەیەکی دزێو کە بەشێکی هەرە بچووکی کولتور پێکدەهێنن، ئەگەر مانا فراوانەکەی کولتور لەبەرچاوبگیرێت، بریار لەسەر “هەموو مرۆڤەکان” و کولتوری تەواوی “خۆرهەڵات و کوردستان” دەدات. بەمەش نوسەر لەلایەک سیفەتی تاک بوون لە مرۆڤی خۆرهەڵاتی زەوت دەکات و هەموویان دەکاتە یەکەیەکی یەک ڕەنگ و یەک دەنگ کە وەکو یەک بیردەکەنەوە و دەدوێن و هیچ جیاوازییەکیان نییە. ئەم دیدە لە خۆیدا ڕەگەزێکی زەقی فاشیزمی تێدایە کە نابیناکردن و سڕینەوەی جیاوازییەکانە. لەلایەکی تر نوسەر ناپیشەیییانە چەمکی کولتور بەرتەسک و بچووکدەکاتەوە بۆ سەر چەند دیاریدەیەکی هەڵبژێردراو و هەڵینجراو لەسەر شێواز و نەریتی گوتاری کۆلۆنیالیزم.

لێرەدا پێویستە پێناسەیەکی سەردەمییانەی کولتور بە مانا فراوانەکی بخرێتە بەرچاو ئینجا دەردەکەوێت، کە تێگەیشتنی نوسەر بۆ چەمکی کولتور چەند کلاسییک و تەسکە. تەنها بەدواگەڕانێکی سەرپێیی بۆ چەمکی کولتور دەیان پێناسە و شیکردنەوەی چەمکی کولتوری بەدواوە دێت. ئەمەش پەیوەندی بە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردن و فراوانیی مانای چەمکی کولتورەوە هەیە. چەمکی کولتور چەمکێکی فراوانە و گوزارشت لە کۆی پەیوەندی، بونیاد و بەرهەمەکانی نێوان مرۆڤەکان، نێوان مرۆڤ و سروشت، نێوان مرۆڤ و هزر و نێوان مرۆڤ و ڕۆح لە کات و شوێنیکی دیاریکراودا دەکات. ئەگەر دنیای ئەبستراکتی چەمکگەرایی بۆ ساتێک بەجێبهێلین و باسی تەنها چەند نموونەیەکی کولتوری کوردستان بەگشتی لە ئێستادا بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە چەمکی کولتور چەند قووڵ و فراوانە و هەرگیز ناکرێت کولتور بۆ چەند دیاردەیەک بچووکبکرێتەوە.

بۆ نموونە موتوربەکردنی دارهەنجێرێکی شارباژێڕ، دروستکردنی دۆشاوی خوشناوەتی و بەرهەمهێنانی برنجی ئاکرێ، ماست و کەرە و پەنیری ڕوەند و کۆچەرییەکان، قەڵاکانی کەرکوک و هەولێر و شێروانە و خانووە کۆنەکانی مەڵکەندی سلێمانی، سادەیی و ڕاستگۆیی هەولێرییەکان، میواندۆستی خەڵکی بادینان قسەخۆش و گاڵتە و گەپی خەڵکی سلێمانی، بەند و گۆرانیی و لاوەک و حەیران، شیعر و چێرۆک و ڕۆمان و شانۆ، کفتەی سابونکەران، دۆڵمەی کەرکوکییان، کوبەی هەولێرییان و گوێز و هەناری هاورامان، بەیەکەوە هەڵکردنی ڕۆژانەی بیروباوەرەکانی ئیسلام و ئێزیدی و کاکەیی و کریستیانەکان تەنها تابلۆیەکی زۆر بچووکی کولتوری کوردستانە.

کاتێک بەختیار دەڵێت: “ھێزی مرۆڤی ئێمە لەسەر بینینی ناشرینی و وەسفكردن و لەزەتبردن لە دەرخستن و گەورەكردنیدا، ھەزاران جار لە توانای لەسەر بینینی جوانی و وەسفكردن و لەزەتبردن لێی گەورەترە، ھێندەی شەڕانگێزی و پەلاماردان مرۆڤەكان لەم كولتوورەی ئێمەدا تووشی ئۆرگازمی ڕۆحی دەكەن، جوانی و تێڕامان ناتوانن ڕۆحی بڵند بكەنەوە و مانا بە ژیانی ببەخشن” ئەوا ئەو پێش هەموو کەس گوزارشت لە تێڕوانینە تەسک و بارگاویکراوەکەی خۆی بە گوتاری کۆلۆنیالیزم لەهەمبەر کولتوری کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. کاتێک بەختیار بەهۆی چەند دیاردەیەکی دزێوی ناو کولتوری کوردی، کۆی شتە جوانەکان ناوێنا دەکات و حوکمی تێنەگەیشتن لە ژیان و جوانی بەسەر “هەمو مرۆڤەکانی کولتوری کوردی” دەدات، بیزانێ یان نەیزانێ، ئەوە لەسەر ڕێچکە و لە چێوەی هەمان گوتاری کۆلۆنیالیزمی “خۆرئاواییەکان” ڕێ دەکات. نەک تەنها هیچ شتێکی نوێ زیاد ناکات، بەڵکو هەمان شتی کۆن بەرهەم دەهێنێتەوە و ڕەوایی پێدەدات.

 

تێبینییەکان:

  • بەکاربردنی چەمکەکانی “خۆرهەڵات”، “ئێمە” و “ئەوان” لە ناوەندە مەعریفی و زانستییەکانی جیهان بێکێشە نییە، ئەگەر بەکاریش بهێندرێن بۆ ڕەخنە لێ گرتن و ڕاستکردنەوەیەتی. لە ئێستادا تەنها هێزە ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوەکان بە مەبەستی ئەجێندای جیاکاری ڕەگەزپەرستییانەی حزبی بەکاری دەهێنن. بەکارهێنانی منی بۆ ئەم چەمکانە لێرە، تەنها پێویستییەکی بابەتەکەیە.

  • بەختیار لە زۆربەی نوسینەکانیی لەسەر کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەم چەمکانەی لێرە باسکراون بەکار دەهێنێت. ئەوانەی باسکراون تەنها چەن نموونەیەکی کەمن.

لینکی نوسینەکەی بەختیار عەلی

بەختیار عەلی: بەشێك لە وتاری “لوتە خوارەکەی پیکاسۆ”

https://www.facebook.com/Bachtyar.ali2/photos/a.306490209489070/1338522006285880/?type=3&theater

بەختیار عەلی: خوێندنەوەیەک لە بنەما و سەرچاوەکانی فاشیزمی کوردیدا

http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=78549&authorid=13271

 

سەرچاوەکان:

Said, Edward W. (2003): Orientalism. London: Penguin.

Pramod K. Najar: The Postcolonial Studies Dictionary. Wiley, Malden MA u. a. 2015.

Ziad Elmarsafy, Anna Bernard, David Attwell (eds. (2003): The Palgrace Mchmillen, Debating Orientalis.

Hans-Georg Herrnleben: Totalitäre Herrschaft. Faschismus – Nationalsozialismus – Stalinismus, Ploetz, Freiburg

Bernd Martin: Zur Tauglichkeit eines übergreifenden Faschismus-Begriffs. In: Vierteljahrshefte für Zeitgeschichte, 29. Jg. 1981

Payne, Stanley G (1983). Fascism, Comparison and Definition. University of Wisconsin Press.

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.