لۆکە لەنێوان تراژیدیای (شەقام) و کۆمیدیای (حمکۆ) دا

Loading

 

لەم  ڕۆژانەی دواییدا، گرتە ڤیدیۆییەکەی کۆمیکار (حمکۆ) ی هەولێری لەسەر خانمە گۆرانیبێژی سلێمانی (لۆکە) بووە مایەی مشتومڕێکی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کاردانەوەیەکی تا ڕادەیەک توندی بە دوای خۆیدا هێنا، بە جۆرێک کە تەنانەت لۆکە خۆیشی لەسەر ئەم گاڵتەپێکردنە هاتە دەنگ. ‌حمکۆ لە گرتەکەیدا بە سودوەرگرتن و کۆلاجکردنی ئەو چاوپێکەوتنەی لۆکە کە بەرنامەی (شەقام) لەگەڵی سازکردبوو، بە شێوەیەکی زۆر قێزەون و گاڵتەجاڕانە، سوکایەتی بەو خانمە دەکات.

من لێرەدا نامەوێت لە سەر حمکۆ بێمە دەنگ، چونکە بە ڕای من ئەو نەک کۆمیکار نییە بەڵکو لە باشترین پێناسەیەدا ليبوکێکە کە لە ڕێی ئەو ژاوەژاوەی ناوی کۆمیدیایە لە میدیای کوردیدا، هەر جارە و بە شێوەیەک ڕووی دزێو و گەمژانەی خۆیمان بۆ دەردەخات. ئەو بە ناو نمایشکارە وام لێدەکات زیاتر باوەڕ بەو تێزەی خۆم بهێنم کە پێم وایە: ئێمەی کورد بە بەردەوامی لە نواندنداین، لێ کاتێک دێینە سەر ئەوەی بە جیدی کارێکی نواندن بکەین، ئەوا نواندنمان بیردەچێتەوە و بە هەموو توانامانەوە ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆمان نیشان دەدەین.

وەک چۆن نایشمەوێت لەسەر لۆکە زاهیر بکەمەوە، چونکە خۆی کەسێکی گەورە و هۆشیارە و دەتوانێت بەو شێوەیەی کە پێی باشە، بەرپەرچی ئەم جۆڕە لە گاڵتەجاڕی بداتەوە. ئەگەر چی بە ڕای من ئەو هەر یەکەم جار نەدەبوو خۆی بخاتە سەر چرپای دەرونشیکارییەکەی بەرنامەی شەقام و هەڵوەستەی لەسەر پرسیارە بێسەروبەرەکانی (دەروون) بکرادیە!

ئەوەی زیاتر بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئەو ڕاستیەیە کە هەستدەکەم بۆ یەکەم جار ئەو شتەی لەناو واقیعی ئێمەدا پێی دەڵێن کۆمیدیا، ئیشی خۆی دەکات. مەبەستم ئەوەیە کە هەرچەندە حمکۆ کۆمەڵێک گێسچەر و قسەی بێسەروبەر دەکات، لێ نابێت لە بیرمان بچێت کە ئەو لە کۆنتێکستە کۆمەڵایەتیەکەی خۆیدا، لەناو ئەو جەماوەر و بینەرەدا کە هەن و تەماشاچی کارەکانین بە سەرچاوەی کۆمیدیا و قۆشمە دادەنرێت، کۆمیدیایەک کە بۆ یەکەم جار واقیعێکی زۆر ناشرین بەرجەستە دەکات کە بریتیە لەخودی واقیعی بەرنامەی شەقام و حمکۆ بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆیەی خۆی، سروشی لێ وەرگرتووە.

بە مانایەکی تر، حمکۆ هیچ شتێکی لە دەرەوەی بەرنامەکەی شەقام نەکردەوە تەنها ئەوە نەبێت ئەم دیوە قێزەوون و شارەواکانی پرسیارەکانی پێشکەشکاری بەرنامەی شەقام دەکاتەوە بەڵام بە شێوازە گاڵتەجاڕییەکەی خۆی، هەربۆیە گەر سوکایەتیەک بەو خانمە کرابێت ئەوا یەکەم جار لە بەرنامەکەی شەقامدا لە ڕێی (دەروون)ەوە کراوە.

دیارە یەکێک لە بەرنامە دیار و پڕ بینەرەکانی میدیای دونیای کوردی بریتیە لە بەرنامەی شەقام: شەقام بە هەموو قسە و باس ژاوەژاوەکانییەوە، بەڵام لە بەرگێکی تردا. شەقامێک کە هێندە لە ژوورێکی لێپێچینەوە و لێپرسینەوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان، بۆ ڕاماڵین و داماڵین و خۆدارکاریکردن و پەشیمانی و تۆبەکردن و دواجاریش وەسێتکردن بۆ مەرگێکی نەزانراو دەچێت، نیو هێندە لە بەرنامەیەک ناچێت کە جەخت لەسەر بەرهەمی ئەدەبی هونەری کەسی میوان بکات، جا ئەو کەسە ژن بێت یان پیاو گرنگ نیە.

هەڵبەت من بۆ خۆم تەماشای هەموو چاوپێکەوتنەکانی شەقامم نەکردوە، بەڵام بە تەواوی سەیری چاوپێکەوتنەکەی لۆکە زاهیرم کرد، ئەویش لەبەرئەوەی ئەم خانمە یەکێکە لەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی جیاواز لە سەر شانۆی هونەری کوردی دەرکەوت. تا کۆتایی بەرنامەکە من تەواو توشی بێزاری بووم، بێزاری لە پيشکەشکاری بەرنامەکە (دەروون) کە زیاتر ڕۆڵی ئەفسەرێکی لێپێچەرەوە دەبینی، جارجاریش قەشەیەک، لەهەموویشی مەترسیدارتر ئەو وێنە زۆر باو و ترادسیۆنالیەی کەلەپوری ئیسلامی بیردەخستمەوە بۆ فریشتەکەی سەر شانی چەپی مرۆڤ کە بە خۆی و لیستی گوناهەکانەوە دێت و دەڵێت: تۆ ئەمەت کردەوە، پەشیمان نیت؟

هەربۆیە بێزاری من زیاتر لە بەرنامەکەی شەقامە کە دەبێتە هەوێنی سەدان کاری گاڵتەجاری تری وەک ئەوەی حمکۆ. ئەوەی کە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و بخرێتە ژێر ڕەخنەی توندەوە بە پلەی یەک شێوازە شارلک هۆڵمزییەکەی پێشکەشکاری بەرنامەی شەقامە نەک توتی ئاسایەکی وەک حمکۆ. چونکە ئەوە بەرنامەی شەقام بوو کەمامەڵەی لەگەڵ لۆکەدا وەک تاوانبارێک و بەدڕەوشتێک کرد. وەک ئەوەی (لۆکە) خەتایەکی گەورەی کردبێت، چرپاکەی (دەرونیش) تاکە هیوایەک بێت بۆ پاکبوونەوە، دانپیانانی ئەو تاوانانە یان ڕەتکردنەوەیان.

مافی بڵاکردنەوەی پارێزراوە
مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە