پرۆژەی شار
ئەم پرۆژەیە لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا.
شوێنی نمایش: شاری سلێمانی وهەولێر لە شوێنی جیاوازی هەردوو شارەکەدا.
ڕێکخەری پرۆژەکە: ڕێبین مەجید، شیرکۆ عەباس، شیروان خان.
فۆتۆی کارەکان: ئەوەی لێرە بەردەستە لە ئەرشیفی ڕێبین مەجیدەوە وەرگیراوە.
فۆتۆگرافەر: کامەران شەوقی، سان سەرەڤان، هێمن کاکەی، ئاڤان عومەر… چەندین کەسی تر کە بەداخەوە تۆمارنەکراوە.
ئەم پرۆژەیە هیچ فەندێکی نەبووە، ئەرکی کارەکان بەتەواوی لە ئەستۆی هونەرمەندەکان خۆیان بووە.
دەربارەی پرۆژەکە
هەڵبەت لەسەرەتاوە گفتوگۆ کرا دەربارەی ئەوەی لەناو شوێنە گشتیەکان دا کارە هونەریەکان ئەنجام بدرێت و فەزای شار وەک شوێنی ئیشکردن هەڵبژێردرا بۆ کارکردن. ئەمەش پاش چەند پرۆژەوە ئەزموونێکی تر هات کە لەساڵانی پێش ٢٠٠٨ لە لایەن زۆرێک لە هونەرمەندانی بەشداربووی ئەم پرۆژەیەوە ئەنجامدرابوو. واتە دوای ئەموونێکی زۆر کارکردن بە ماتریاڵ و میدیەمی جیاواز جیاواز لەناو گەلەرییەکاندا. بڕیاردرا ئەمجارە لە ناو خەڵکی گشتی و لەجیاتی گەلەری لە ناوشوێنی گشتی و شاردا نمایشەکان بکرێت، لە هەمان کاتدا هونەرمەندێک دەیتوانی لە گەلەریش نمایش بکات گەر کارەکەی وا داوا بکات ئەوە سەرپشک بوولە هەڵبژاردنی شوێن بۆ کارەکەی
سەرەتا گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر ناوی پرۆژەکە کرا، هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ناوێک بێت وشەی(شار)ی تێدا نەبێت. بەڵام هەرگیز لەسەر ناوێک ڕێک نەکەوتین. پاشان گفتوگۆ لەسەر کارەکان دەستیپێکرد. کارەکان و لە ژێر ناوێکی دیاریکراودا نەبوو ئێستا پاش سیانزە ساڵ کە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرۆژەیە دەکەین بە “پرۆژەی شار“ ناوی دەبەین چونکە لەناو شاردا بوو وە ناوێکی تایبەتی بۆ هەلنەبژێردرا.
هەڵبەت لەبەرئەوەی پرۆژەکە هیچ سەرچاوەیەکی ماڵی نەبوو، هیچ کەتەلۆگ و دیکۆمێنتێکی کۆکراوەی بۆ نەکراوە و هیچ تێکستێکیش نە بۆ پرۆژەکە نە بۆ کارەکان لەبەر دەست نییە و زۆرێک لە کارەکان بێ ناونیشانن. گرنگە بڵێین؛ کە کەسانی زۆر وەک فۆتۆگرافەر هاوکاری پرۆژەکەیان کردوە دۆکۆمێنتیان کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی لە کات و شوێنی جیا و کەسانی زۆر جیاواز هاوکاریان کردوە بەداخەوە بە داوای لێبوردنەوە ناوی هەموویان لەبەردەست نییە.
ئەم پرۆژەیە وەک باسمکرد پێشرت پاش چەند ئەزموونێکی تری هونەرمەندانی بەشداربوو کرا. لەم پرۆژەیەدا کۆمەڵێک میدیەم و بابەت و شێوازی جیاوازی ئیش کردن دروست بوو. لێرەدا گەلەریەک نەبووە شوێنی نمایش بەڵکو لە شاری هەولێرو سلێمانی لە کات و شوێنی جیاوازدا کارەکان نمایش کران. واتە وەک ئەوەی باوە کە لە شوێنێکی دیاری کراو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کارە هونەرییەکان نمایشدەکرێن، لەم پرۆژەیەدا ئەوە نەبوو، بەڵکو بە پێی پێویستی کارەکە و ویستی هونەرمەندەکە شوێن و کات دیاری دەکراو کارەکەی تێدا ئەنجامدەدرا
هونەرمەندانی بەشداربوو چەند جارێک لە هەولێرەوە دەهاتنە سلێمانی بۆ گفتوگۆ. هەڵبەت ئەم پرۆژەیەش وەک پرۆژەکانی پێشتر بە پرۆسەی گفتوگۆی چڕدا ڕۆیشت، وەک چۆن لەو کاتەدا بۆ ئەنجامدانی پرۆژە باوبوو. زۆربەی پرۆژەکان بە گروپ دەکران و گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرا. ئەمیش یەکێک بوو لەو پرۆژانەی بە هەمان شێوە ئەنجامدرا. هەفتانە کۆبونەوە هەبوو، هونەرمەندانی بەشداربوو بیرۆکەی کارەکانیان یاخود سکێچی کارەکانیان دەهێناو گفتوگۆی لەسەر دەکرا و لە زۆر لایەنەوە ڕەخنەی لێ دەگیرا بۆ نموونە لە : بابەتی کار، فۆرم وماتریاڵی بەکارهاتوو، چۆنیەتی نمایشکردنی ئەو کارە، هەموو ئەمانە بۆ هەر یەکێک لە کارەکان ئەنجامدەدرا. لەم پرۆژەیەشدا بەهەمان شێوە ئەم کارانە پاش ماوەیەک لە گفتوگۆ، وردە ووردە کارەکان لە کات و شوێنی جیاوازدا نمایشدەکران . تێمای کارەکان زۆر جیاواز بوو هەر هونەرمەندێک هەوڵی دەدا لەگەڵ کۆنسێپتێکی جیاواز لەناو شاردا کاربکات
هونەرمەندانی بەشدار بوو
نەهرۆ شەوقی
کارەکەی نەهرۆ کارێکی ئینستەلەیشن بوو، لەم کارەدا هونەرمەند قوماشێکی پەمەیی بە شێوەی بازنەی بە دەوری دارتوویەکدا لە شەقامی سالم ڕاخستبوو. دارتووەکە لەباتی بکەوێتە سەر زەویەکە دەکەوتە سەر قوماشەکە، کە پرسیارکردن بوو دەربارەی بەرهەم وبەروبومی ناوخۆ.
ساکار فاروق
ساکار لە شەقامی سالم ئاوپرژێنێکی دانابوو. بە دووریەکی دیاریکراو، ئاوەکە لە ئاوپرژێنەکەوە ئەو ناوەی تەڕ کردبوو، ڕێبواران بەئەوێدا تێدەپەڕین، یان خۆیان دەخستە بەر ئاوەکە، یاخود یاریان لەگەڵ دەکرد یا خۆیان لادەدا. کارکردن بوولەناو ئەو گەرمایەی هاوین وژینگەی شاردا.
ڕێبین مەجید
کارەکەی ڕێبین کارێکی پیرفۆرماتیڤ بوو, بە فۆتۆ کاری تێدا دەکرد. هەڵبەت لەسەر ڕێگەی هاتوچۆی ماڵی هونەرمەند ئۆتۆمبێلێک هەبوو، واتە لە کۆڵانەکەیان. هەرجارەو شۆفێرەکە بە شێوەیەک ئۆتۆمبێلەکەی ڕادەگڕێت، کە هەندێک جار شوێن بۆ ڕۆشتنی پیادە ناهێڵێتەوە. هونەرمەند هەموو جاڕێک وێنەیەکی ئەو ئۆتۆمبێلە دەگرێت لەگەڵ ئەو نێوەندەی کە شۆفێرەکە بە پێی هەوا و هەوەسی ئەو ڕۆژەی، ڕایگرتووە. ئەو بەپێی هەواو هەوەسی ئەو ڕۆژەی، ئەوەی دیاریکردووە کە ڕێبواران چۆن بەو کۆڵانەدا تێپەڕن.
نەرمین مستەفا
نەرمین لەسەر تابلۆیەک بە کۆلاج کاری کردبوو، کە نەخشەیەکی سلێمانی بوو. لە تابلۆکەدا زۆرێک ئۆبجێکت و ماتریاڵی لەسەر دەبینرا کە بەکۆلاج لەسە تابلۆکە بوو. لە هەمانکاتدا بە هێڵی سوور و سەوز لەسەر تابلۆکە دەستنیشانکرابوو، کە ئەو ماتریاڵانە هاوردە بوون و لەوڵاتانی تروە دەهاتنە شارەوە لەسەر هێڵی سەوز بوون. ئەو شتانەی کە لە وڵات وشارەو دەچنە دەرەوە وەک گەنج لەسەر هێڵی سوور دەردەکەوتن.
شێرکۆ عەباس
کارەکەی شێرکۆ
کارێکی پیرفورماتیڤ بوو، لە ناو بازاڕ لە خوار مزگەوتی گەورە نمایشکرا بوو، کە شوێنێکی جەنجاڵ و قەرەباڵغە. هونەرمەند لە کاتێکی دیاریکراودا کە خۆی دیاریکردبوو لە ناو ئەو کەسانەی کە بەسروشتی خۆیان لەو شوینەن ئەنجامی دا. لە کارەکەدا چەند گەنجێکێکی بانگهێشت کردبوو کارەکەی بۆ بکەن کە هەموویان پیاو بوون، ئەوانە بازنەیەکی بچوکیان پێکهێنابوو، وردە وردە بە دوورکەوتنەوەیان لەیەکتری کە دەستی یەکیان گرتبوو، بازنەکەیان گەورە دەکرد. بەمشێوەیە زیاتر بازنەکە گەورە دەبوو و دەستی یەکیان بەردەدا و هەریەکەیان بە ئاڕاستەیەک دەڕۆیئتن و جیادەبوونەوە و تێکەڵی خەڵکەکە دەبوونەوە.
پۆشیا کاکل
پۆشیا کارەکەی لە شاری هەولێر ئەنجامدا کە خۆی دانیشتوی ئەو شارە بوو، لە کارەکەیدا پۆشیا بە جلێکی سورەوە لەبەردەم مزگەوتیک لەیەکێک لەگەڕەکە کانی نزیک قەلای هەولێر هارمۆنیکا دەژەنیت.
ئارام عەلی
لە شاری سلێمانی ولە شەقامی سالم(سەهۆڵەکە)، هونەرمەند لە شوێنی نەمامەکان کە چۆڵ بوون، سپیداری چەقاند. بێگومان بە دووریەکی دیاری کراو و وەک ئینستەلەیشنێک لەوێدا دانرا.
ڕۆژگار مەحمود وئاڤان عومەر
ڕۆژگار وئاڤان پیکەوە بەکارێکی هاوبەش لە پرۆژەکەی شاردا بەشداریان کرد، کارەکەیان لە ناو پارچەیەک زەوی لە نیوان ماڵەکانی گەڕەکی مامۆستایانی شاری سلێمانی دا ئەنجامدا. لەم کارەدا هونەرمەندان بۆ هەریەک لەو ماڵانەی چواردەوری زەویەکە چوون و داوای کەل و پەلی ناوماڵیان لێ دەکردن. ئیتر هەرشتێک بێت. کەوچکە چایەک تا گەورەترین کەلو پەلی ماڵ کە خاوەن ماڵەکان کە( هەر ژن لە ماڵەوە بوون)، بڕیاریان دەدا. دواتر ئەم کەل و پەلانەیان لە پارچە زەویەکە کۆکردەوە و کە بە نزیکەی هەموو شتومەکێکی ناوماڵی تێدا بوو. وای لێهات وەک ماڵێک دەردەکەوت بێ دەرگار و پەنجەرە. ڕێبواران و خەڵکی گەڕەک و هونەرمەندان و منداڵان لەوێ توانیان کۆببنەوە و چەند چالاکیەک لەگەڵ منداڵەکان بکەن. ئەم کارە گفتوگۆ و ئیڤێنتێکی تایبەتی بۆ هەموو ئامادەبوان کە چین و توێژو تەمەنی جیاواز بوون لەوێدا دروستکرد. ماوەی یەک ڕۆژی خایاند.
گەیلان عەبدوڵا
کارەکەی گەیلان لەسەر قەڵای هەولێر بوو، ئەم کارەش کارێکی پیرفۆرماتیڤ بوو، لەگەڵ پەیکەرەکەی ئیبن مستەوفی کە لەسەر قەلای هەولیرەو لەبەردەم دەرگای سەرەکی قەڵادا دانراوە کارەکەی ئەنجامدا. هونەرمەند چەند گەنجێکی بانگهێشت کردبوو کە هەمویان کوڕ بوون تا لە کارەکەیدا بەشدار بن، هەموو پێکەوە بە جەستەی خۆیان پەیکەرەکەیان دەداپۆشی وئەم پڕۆسەیە دیکۆمێنت دەکرا.
هێمن حەمید
کارەکەی هێمن لە شاری هەولێر، لە ناو دوو چایخانەی ئەو شارەدا ئەنجامی دا. هێمن لە کارەکەیدا ستافی هەر دوو چایخانەکە کە ڕکابەری یەک بوون گۆڕیەوە. واتە بۆ ماوەی ڕۆژێک چەند کاژێرێک ستافی هەردوو چایخانەکە لە چایخانەی ڕکابەرەکانیان کاریان دەکرد و دیکۆمێنتدەکرا لە لایەن هونەرمەندەوە.
تێبینی: شایەنی باسە لەم پرۆژەیەدا کەسانی زۆر بەبەردەوامی ئامادەی گفتوگۆکان دەبوون وبەشدار دەبوون، لە کۆتایدا یا کاریان کرد و بە ئەنجامیان نەگەیاند، یاخود لەبەر هەر هۆکارێک کاریان نەکرد. واتە هونەرمەندانی زیاتر لەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردن و کارەکانیانمان پشان دا بەشدار بوون لە گفتوگۆکانی پرۆژەی شاری ٢٠٠٨ دا.
فەرموون لەگەڵ گفتوگۆکان: