حه‌سه‌ن حسێن - چیرۆكنوس

شەڕە پشیلەی سەر دیوارەکان


Loading

حه‌سه‌ن حسێن – چیرۆكنوس

گوڵناز، لە کاتی دروومانەکدا بێ پەروا هەوڵی ئەدا جڵەوی خۆی بکات و دەستەکانی نەلەرزن. ‏خۆ ئەو هەرگیز بەرگدرووێتی نەکردبوو. بەڵام دروونی کفنیش هێندە گران نەبوو. ئەو، بە بێدەنگ دەگریا و نەیدەهێشت مێردەکەی و مناڵەکانی پێی بزانن. ئەگەر فرمێسکیش چاوەکانی تەڵخدەکردن و نووکی دەرزییەکە کسپەی لە پەنجەکانی هەڵدەستاند، بە لچێکی فەقیانەکەی ‏چاوەکانی دەسڕییەوە. کاتێك عەزیز بە پەستی و تێکشکاوییەوە خۆی کرد بوو بە ماڵدا و ‏پێیڕاگەیاند بوو، کە پیکابەکە، کاتژمێر یەک و نیو دەردەچێت، ئەو لە دروونی کفنەکە بوو بووەوە.‏

لەگەڵ هەڵتەك هەڵتەکی پیکابەکەدا و ئەو تەقە و ڕەقەیەی لە کەلوپەلەکانی ناوییەوە دروست ‏دەبوون، ئەمانیش خەیاڵیان دەشێوا و دەگەڕانەوە ناو تەپوتۆزی جادەکە. بە درێژایی ڕێگاکە، ‏ئەمان لەگەڵ هیچ کام لە سەرنشینەکاندا نەدووان. عەزیز، خەیاڵی لای دەستکەوتنەوەی ‏لاشەکە بوو. گوڵنازیش،  خەیاڵی لای ئەو گوللانە بوو کە بەسەر جەستەی کوڕەکەیەوە بوون؛ ڕەنگە ‏بکوژەکانت لەو کاتەدا، کە گولـلە بارانیان کردیت، خۆیان بە قارەمان زانیبێت. ڕەنگە ‏هەندێکیشیان بە قاقایەکی نەگریسانەوە، تەقەیان لێ کردبیت. ئاخریەکەی سەری خۆت دانا. من هەر دەمزانی ئەو ‏سەرە هی خۆت نییە ومەرگی خۆتت داوە بەشانتا و دەیگێڕیت. بەڵام هەرگیز بڕوام نەدەکرد ‏مەرگەکەت بەو شێوەیە بێت. دەبێت دوعای چ دایکێكێت لێ گیرا بوبێت، لەسەر ئەوەی ‏ئازاری کوڕەکەیت داوە، ئاوا جەرگی منت سووتاند. ئەی دەبێت چەند کەس بە مەرگت ‏دڵتەنگ و چەندیش دڵخۆش بن….

 

دوای ئەوەی تەحسین و سەعدوونیان برد، ماوەیەكی زۆر گەڕەك کپ و خامۆش بوو. ‏شەقاوەکانی گەڕەك، چ ئەوانەی نەیاری تەحسین بوون و چ هاوڕێکانی، زۆر خۆیان دەرنە‏دەخست. ئەو وەكو گەنجێکی بزێو، شەڕانی چەقۆوەشێن و بگرە شەقاوەی گەڕەك ناسرا بوو. ‏ئەو، لەگەڵ گەلێک کەسدا بە شەڕ دەهات، بە تایبەت هەندێك لەو شەقاوانەی گەڕەك کە نەیاری بوون، و بە خراپییش دەستی لێ دەوەشاندن .‏

 

فرانسیس به‌یكن؛ دوو فیگور له‌گه‌ڵ مه‌یمونێكدا
Francis Bacon’s ‘Two Figures
with a Monkey’ -1973

ئەم گەڕەکە شەقاوەی چەقۆوەشێنی زۆر بوون، بۆیە لە ناو شاریشدا هەر بە گەڕەکی ‏چەقۆوەشێنەکان ناوی دەرکرد بوو. ئیواران، کە ئەم شەقاوانە لای دوکانەکەی حاجی غەفور کۆ ‏دەبوونەوە، ئیدی ترسیان دەخستە دڵی منداڵ، پیر و تەنانەت هەندێك گەنجیشەوە. ‏چونکە یا کۆڵانەکانی ئەم گەڕەکەیان دەکردە مەیدانی فڕک و هوڕی ماتۆڕە تیژەکانیان یا ‏شەڕێکیان دەنایەوە. هەندێكجار ئەم شەقاوانە، شەڕیان بە کەسانی غەریب، کە بە ‏کۆڵانەکانی ئەم گەڕەکەدا دەڕۆیشتن، دەفرۆشت. جاری وا هەبوو لە ناو خۆیاندا دەیانکردە ‏شەڕەچەقۆ. هەندێکجاریش شەڕەکانیان، بۆ تۆڵەکردنەوە بوو. ئەو ڕۆژەی براکەی سالەی ‏حەبێ بە چەقۆ کوژرا، گەڕەك ئارامیی بە خۆیەوە نەدی، هەتا سالە و برادەرەکانی ‏بکوژەکەیان لە گەرماوی ماڵێکدا دۆزییەوە و هەر لەوێدا ورگیان هەڵدڕی. ئەم شەقاوانە؛ ‏کۆترباز، هەتیوباز و منداڵبازیشیان تێدا بوو. ‏هەندێك لەو شەقاوانە، کە تووشی پیاوکوشتن ‏دەبوون، دەچوونە دەرەوە و دەبوون بە پێشمەرگە. تیایاندا هەبوو دەستی لەگەڵ ڕژێمدا تێکەڵاو ‏دەکرد و هەیشیان بوو بە نهێنی کاری بۆ یەکێك لە حزبەکان دەکرد. ‏

 

تەحسین، کاری تەختەبەستی و هەندێكجاریش لە لای ئەو تڕێلە بارهەڵگرانەی چیمەنتۆ دەهێنن ‏بۆ شار، حەماڵی دەکرد. چەندینجار لەگەڵ گروپی تری حەماڵەکاندا، لەسەر ئەوەی کامیان ‏مافی هەیە، چیمەنتۆکە دابگرن، شەڕە بۆکس و شەڕە چەقۆی کردووە. ‏

ئەو، ئێواران لەگەڵ برادەرکانیدا، لای باخەکانی قەراغ شار، دەیانخواردەوە. زۆرجاریش بە ‏سەرخۆشی ماتۆڕی دەئاژوو. ئەو،کەسێکی کەمدوو بوو، هەتا پرسیاریان لێ نەکردایە، قسەی ‏نەدەکرد. بە کەمی پێدەکەنی و زۆر تێکەڵاوی شەقاوەکانی تر نەدەبوو. ئەو کاتانەی ئیشی ‏نەبووایە، لە بەردەم دوکانەکەی حاجی غەفوور بە بێدەنگی دادەنیشت. بەدەم خواردنەوەی بیبسییەوە ‏یاری بە چەقۆ ئەبو ئەڵقەکەی دەستی دەکرد. هەتا ئەو کاتەی تەحسینیان نەفڕاند، کەس خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو، ئەو تاقەتی سیاسەت و حزبایەتی هەبێت. ئەو حزبەی ئەو کاری لەگەڵ دەکردن، لە ‏ڕووی ژمارەوە، ئەندامەکانی کەم بوون و بە تەنها ئەو، لەو گەڕەکەدا کاری بۆ ‏ئەو حزبە دەکرد. دروشمەکانی ئەو حزبە لەسەر دیواری ماڵەکانی  گەڕەک بە تەنها ئەو دەینوسین. ‏

حزبەکان، دیوارەکانیان ‏کردبوو بە مینبەر، تا بە نوسین لەسەریان مژدەی کۆمەڵگەی ئازاد، ‏یەکسان و سەربەخۆ بە ‏خەڵکی بدەن.‏ ئەو دروشمانە، هەندێكجار لەلایەن پێشمەرگە و بە زۆرییش لە لایەن ڕێکخستنی حزبەکانەوە ‏بە بۆیەی سپرای دەنوسران. خەڵکی، کاتێك بەیانییان دەهاتنە دەرەوە و دروشمی نووسراوی ‏سەر دیوارەکانیان دەبینی، حەماسێك تێکەڵ بە ترسی تۆڵەکردنەوەی پیاوانی ڕژێم لەو ‏ماڵانەی کە دروشم لەسەر دیوارەکانیان نوسرا بوو، دای دەگرتن. ئەو کاتانەیش کە لە شاخەکانەوە دەبووە شەڕیان، نوسینی سەر دیوارەکانیش ‏دەبووە شەڕە پشیلە. ئەم حزب، شەو  دروشمێکی دەنوسی. ئەویتر شەوی دواتر دەیکوژاندەوە ‏و لەژێر یان سەرەوەی نوسینەکەوە دروشمی خۆی دەنه‌خه‌شاند. جاری وا هەبوو لە جیاتی ‏دروشم جنێو و قسەی سووکیان بە یەکتر دەگووت. زۆرجاریش گەنجەکانی ناو ڕێکخستنی ‏حزبەکان لە یەکتر ئاشکرا دەبوون. ئیدی زیانگەیاندن بە یەکتری و تۆڵەکردنەوە لە ‏شاخەکانەوە دادەبەزی بۆ ناو شارەکان و دەگەییشتە ڕێکخستنەکانیان.‏

پیکابەکە کاتی زەردەپەڕ‏ گەیشتبووە ئاوایی. سەرنشینەکان هەریەکە بەرەو ماڵەکانیان ‏ببوونەوە و ئەمانیش بەرەو مزگەوت. هیچ کام لەسەرنشینەکان خوڵقیان نەکردبوون بۆ ‏ماڵەکانیان. ئەوانەی زانیبوویان ئەمان کێن و بە چ مەبەستێك هاتوون بۆ ئەو ناوچەیە، لە ‏ترسی گێچەڵی پێشمەرگە و ئەوانەیشی نەیانزانی بوو ئەمانە کێن و چ کارەن لە ترسی گێچەڵی ‏بەعس نەیانوێرا بوو بیانبەنەوە بۆ ماڵەکانیان. ئەمانیش خۆیان مانەوەیان لە مزگەوتەکە پێ ‏باشتر ببوو لە چوون بۆ ماڵان. پێشتریش بڕیاریان دابو، کە نە بچنە ماڵی هیچ کەس و نە لە ‏بارەگای پێشمەرگەکانیش بمێننەوە. ‏

نیو کاتژمێر بەسەر حەوانەوەیان لە مزگەوتەکەدا تێپەڕ نابێت، چەند پێشمەرگەیەك بە ‏فەرمانی بەرپرسی بارەگاکە، دەچنە مزگەوتەکە و لە هۆکاری هاتنەکەیان دەپرسن. ‏ئەمانیش پێیان دەڵێن؛ هاتوون بۆ سۆراغی کوڕەکەیان، کە دوو شەو لەمەوپێش بردوویانن…‏هەرچەندە عەزیز و گوڵناز تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیا بوون لە نەمانی کوڕەکەیان‏. بەڵام ‏ویستبوویان وەڵامی دڵنیاکەرەوەیان لە بەرپرسانی ئەو حزبەوە دەستگیر بێت. پێشمەرگەکانیش ‏بە ساردییەکەوە پێیان دەڵێن؛ باشە، چاوەڕێ بن هەتا دێین بە شوێنتانا و ‏دەتانبەین ‏بۆ ‏بارەگا…

‏‏ئەمان، بیستبوویان هەر ئەو شەوەی تەحسین و سەعدونیان بردۆتە ناوچە ‏ئازادکراوەکان، لە شوێنێك دەوەستن و دوای ئەوەی گۆڕەکان بە خۆیان هەڵ دەکەنن، بە ‏تۆمەتی ئەوەی کاریان لەگەڵ هەواڵگریی بەعسدا کردووە، گولـلەبارانیان دەکەن. دەنگۆی ‏ئەوەش بڵاو بوو کە تەحسین، خۆی هەردوو گۆڕەکەی هەڵکەندووە و بەردەوامیش جنێوی بە ‏پێشمەرگەکان داوە، بگرە لە سەعدونیش تووڕە بووە کاتێك زانیوویەتی ئەو شڵەژاوە. ‏

ئەو شەوەی پێشمەرگە، تەحسین و سەعدونیان فڕاند، وەکو شەوەکانی تر تەق و تۆقێکی زۆر ‏کرا. بۆ بەیانی خەڵکی، کە لە ماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە، گوێیان هەڵدەخست تا هەواڵی ئەو گورزە ‏جەرگبڕە ببیستن کە لە ئەنجامی تەقەکانی شەوێدا لە رژێم دراوە. بەڵام جگە لە هەوڵی فڕاندنی ‏تەحسین و سەعدون و نوسینی چەند دروشمێك لەسەر دیوارەکان هیچی دیکەیان نەبینی. لەو ‏رۆژەوە ئیدی کەس نەبوو لەو گەڕەکەدا دروشمی حزبەکەی تەحسین لەسەر دیواری ماڵەکان ‏بنووسێت.‏

بەرلین – 03.03.2019

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.