ژوورێكی درێژکۆلە و نزم، دیوارەکانی بە وێنەی هونەرمەند و ئەکتەرە سینەماییەکانی چل ساڵێک لەمەوبەر داپۆشراوە. لەسەر مێزێک ئامێر و کەرەستەکانی نیشاندانی فیلم بەسەر یەکدا کەوتوون… ئێرە ژێرە زەمینەکەی ماڵی عەبدولقادر كامیله لهگهڕهكی ئیمام قاسمی كهركوك، کە بۆتە جێی کۆکردنەوەی عاشقانی سینەما…بۆ چوونە ژوورەوەی ئەم سینەما بچووکە، نرخی بلیت تەنیا تەوقەیەکی گەرم و دەستگوشینێکی هاوڕێیانەیە.
ماڵی عەبدولقادر کامیلی تەمەن ٦٠ ساڵان کەوتووەتە گەڕەکی ئیمام قاسم لە کەرکوک و هەر بۆ خۆیشی لەو گەڕەکەدا لە دایکبووە. بەهۆی ئەوەی بە منداڵیی و لە تافی لاوێتیدا زۆر هۆگری سینەمابووە، ئێستاش بەو تەمەنەوە دەستبەرداری ئارەزووەکانی بۆ تەماشاکردنی فیلمی عەرەبی وهندیی نەبووە. لەبەر ئەوەی کەرکوک سینەمای تێدا نەماوە، ژێر زهمینەكەی ماڵی خۆی کردۆتە سینەمایەکی بچووک.
ئەو کەرەستانەی عەبدولقادر لەژێرزەمینەکەی ماڵی خۆی بەکاری دەهێنێ، هەمان ئەو کەرەستانەن کە لە سینەماکانی کەرکوکدا ساڵانی زوو کاریان پێکراوە. ئەو پیاوە بە عەشق و حەزێکی زۆرەوە کۆی کردوونەتەوەو دیسان بەکاریان دەهێنێتەوە. بەڵام هەرگیز تامی سینەماکانی زوو نادەنەوە بۆی!
پەیامنێری مهكتوب چووە ماڵی عەبدولقادر و سەبارەت بە ژێرزەمینی (عاشقانی سینەما) قسەی لەگەڵ کرد. ئەو گووتی :
“ ههر له منداڵیهوه من عاشقی سینهما بووم. ئەو کاتە مەراقم بوو سینهمایهكی تایبهت بە خۆم هەبێ، بەڵام هەرگیز ئەو ئاواتەم نەهاتە دی. ئێستا بەم ژێرزەمینە و بەو فیلم وکەرەستانەی کۆمکردوونەتەوە بڕێک لە خۆزگە و ئاواتەکانم بەدیهێناوە نەک هەر بۆ خۆم بەڵکو بۆ هاوڕێکانیشم کە عاشقی سینەمان.”
بۆ دەستکەوتنی هەرکام لەو پارچانەی سینەماکەی پێ رێکخستووە، عەبدولقادر چەند شار گەڕاوە و زۆر ڕێگای بەکارهێناوە لەوانە: کڕینی کەرەستەکان یان گۆڕینەوەی ئامێرێکی ماڵەوەیان بە یەکێک لە پارچەکانی ئامێری نیشاندانی فیلمی سینەمایی. دواتر بۆ خۆی هەموو کەرەستە کۆکراوەکانی دەخستە دەم یەک و ئەمەی لێدەرچووە ئێستا هەیەتی. ئەمە لە کاتێکدا زۆرجار شکستی هێناوە لە پێکەوەنان و رێکخستنی ئامێرەکاندا.
ئەو فیلمانەی لەژێرزەمینی عاشقانی سینەما نیشان دەدرێن، هەمان ئەو فیلمانەن بیست یان سی ساڵ لەمەوبەر نیشان دراون لە سینەماکانی کەرکوکدا، ئەوانیش زۆربەیان بریتیبوون لە فیلمی عەرەبی و هیندیی.
زۆرجار خۆم و هاوڕێكانی منداڵیی و گەنجێتیم لەم ژێرزەمینەدا كۆدهبینهوەو سەیری فیلم دەکەین. هەر تەماشاکردن نییە بە تەنیا بەڵکو دواتر موناقهشەی فیلمەکانیش دەکەین و دەچینەوە بۆ یادەوەرییەکانی ساڵانی زوو لە سینەما گەورەکانی ناوشاردا.”
ئێستا ئەم پیاوە لە ماڵەوە زیاتر له ٤٥ فیلمی جۆراوجۆری ههیه و بۆ کڕینیشیان پارەیەکی زۆری خەرج کردووه چونكه له بازاڕ ئەو فیلمانە كهمه یاخود ههر نییه. ئهو فیلمانەشی تهماشای دهكەن فیلمی هیندی یان عهرهبی یان ئینگلیزیه “بهڵام زۆربهی كات ئارهزوومان له فیلمی عهرهبیه چونکە لهههر یەکێک لەو فیلمانەدا یادگاریمان هەیە و دەمانباتەوە بۆ سەردەمی گەنجیی”
بۆ کەسانێک کە هۆگری فیلمن، ئێستا زۆر بە ئاسانیی دەتوانن دەستیان بگات بە نوێترین فیلمی جیهانیی، بەڵام بۆ عەبدولقادر و هاوڕێکانی، تامی هیچیان ناگەنە چێژی سینەمای ژێرزەمینەکە.
بۆیە ئەم پیاوە گەشتووەتە باوەڕێک کە ” ههرگیز ئاماده نیم ئهم كهرهستانهو سینهماکهم بفرۆشم ئهگهر لهبرساندا بیشمرم، من ههمیشه ئامێرم كڕیوه قهت نهمفرۆشتوه بۆیە ئەم سینەمایە تا دواساتەکانی ژیانم دەپارێزم. نەک هەر ئەمە بەڵکو ئاواتەخوازم له داهاتوو بتوانم پهره بهم ژێرزهمینه بدهم و بتوانم جوانتر و باشتری بكهم و بە منداڵەکانم وتووە بیپارێزن بۆئهوهی کەرکوک سینەمای لێ نەبڕێ.”
کەرکوک لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوو تا سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ پێنج تا حەوت سینەمای هەبووە بەردەوام، بەڵام ئێستا شوێنی ئەو سینەمایانە کراونەتە گەراج. بەڵام هێشتا نەوەیەک هەیە کە یادگاریی لەگەڵ سینەماکانی جاراندا هەیە و خوازیارن سینەما بگەڕێتەوە بۆ شارەکەیان.
تهواو
سهرچاوه؛ ماڵپهڕی مهكتوب.