![]()
ئانشاگ (an-šag₄): ناوەوەی ئاسمان
کۆسمۆلۆژیای ناوەکی و بەردەوامیی زمانی جوتیار لە هزری سۆمەری و زاگرۆسیدا
سەباح یاسین

کورتە
ئەم وتارە وشەی سۆمەریی an-šag₄ (𒀭𒊮) دەخوێنێتەوە، کە ePSD2 بە «ناوەوەی ئاسمان» لێکی داوەتەوە و بەرامبەرە ئەکەدییەکەی qereb šamê ـیە. وشەکە لە دوو بەش پێک هاتووە: an «ئاسمان، سەرەوە، تاجی دار» و šag₄ «دڵ، هەناو، ناوەوە». پرسیارەکەم ئەوەیە: بۆچی مرۆڤی جووتیار ئاسمانی بە وێنەی دڵ و ناوەوە بینیوە، و ئەم وێنەیە چۆن لە زمانی کوردیدا ماوەتەوە؟ پێشنیار دەکەم an-šag₄ وەک دەربڕینی جیهانبینییەکی جەستەیی بخوێنرێتەوە کە ئاسمان، ئاو، ڕووناکی و دڵی مرۆڤ لە یەک بواردا کۆ دەکاتەوە، و ڕەگی لە ئەزموونی جووتیارانی زاگرۆسی دوای سەهۆڵبەنداندایە: گەرمیی گەردوون بە گەرمیی دڵ پێناسە کراوە، وەک لە «ئاگر لە دڵم بەربوو» و «دڵم بۆی دەسووتێت»دا، و میهرەبانیی ئاسمان بە زمانی دڵ دەربڕاوە. ئەم خوێندنەوەیە بە داتای فیلۆلۆژی، بە وشە و دەربڕینە کوردییەکان و بە شوێنەوارەکانی گرێ میرازان تاقی دەکەمەوە. چەمکەکانی «گەمەی زمان» و «شێوازی ژیان»ی ڤیتگنشتاین بۆ ئەوە بەکار دەهێنم کە مانای an-šag₄ لە بەکارهێنانیدا بخوێنمەوە، نەک وەک بەڵگە بۆ ڕەچەڵەکی وشەکە؛ و هەر جارێک خوێندنەوەکە بەڵگەی ڕاستەوخۆی نەبێت، بە دەربڕینی وەک «پێدەچێت»، «لەوانەیە» و «دەکرێت… بخوێنرێتەوە» دیاری دەکەم.
داتای فیلۆلۆژی
سەرواژە: anšag [~HEAVEN]، ناو؛ نووسین: an-šag₄ (𒀭𒊮)؛ مانا: «ناوەوەی ئاسمان»؛ ئەکەدی: qereb šamê (ePSD2 [١]).
لە لیستی فەرهەنگیدا: an-šag₄-ga = qe₂-reb AN-e، «ناوەوەی ئاسمان» [٢].
بەشەکان: an، ئەکەدی šamû، «ئاسمان؛ سەرەوە؛ تاجی دار»؛ و šag₄ (ša₃)، ئەکەدی libbu، «دڵ؛ هەناو؛ ناوەوەی جەستە» (ePSD2).
خشتەی ١. بەڵگەکانی an-šag₄ بە پێی سەردەم (ePSD2)
|
سەردەم |
نزیکەی کات (پ.ز) |
ژمارە |
ڕێژە |
|
دێرینی بنەماڵەیی IIIa |
٢٦٠٠–٢٥٠٠ |
١ |
٪٢ |
|
ئەکەدیی کۆن و لەگەشی دووەم |
٢٣٥٠–٢١٠٠ |
٥ |
٪٨ |
|
بابلیی کۆن |
٢٠٠٠–١٦٠٠ |
٥٣ |
٪٨٥ |
|
ئاشووریی نوێ و یۆنانی |
٩٠٠–١٠٠ |
٣ |
٪٥ |
ڕێژەکان نیشان دەدەن کە زۆربەی بەڵگەکان لە بابلیی کۆنەوەن، واتە دوای ئەوەی سۆمەری وەک زمانی قسەکردن نەما و بوو بە زمانی سروود و زانست؛ بەڵام وشەکە لە سەردەمی دێرینی بنەماڵەییشدا هەبووە، و تا سەردەمی یۆنانی، نزیکەی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ، لە دەقەکاندا ماوەتەوە.
پێشەکی: ئاسمان وەک دڵ
لە فەرهەنگی سۆمەریدا ئاسمان بە an-šag₄، «ناوەوەی ئاسمان»، ناو براوە. ئەم وشە لێکدراوە ئاسمان وەک بۆشاییەکی دوور و ئەبستراکت نیشان نادات، بەڵکو وەک لەشێکی زیندوو کە ناوەوە و دڵی هەیە: an بەرزایی و تاجە، و šag₄ دڵ، هەناو و قووڵایی ناوەوەیە. پێدەچێت ئەمە بنەمای جیهانبینییەکی جووتیاری بێت کە گەردوونی بە پێوانەی جەستەی مرۆڤ خوێندووەتەوە: هەروەک مرۆڤ سەر و دڵی هەیە، ئاسمانیش تاج و ناوەوەی هەیە.
١. گەمەی زمان و شێوازی ژیان: سوود و سنوور
ڤیتگنشتاین دەڵێت مانای وشە لە بەکارهێنانیدایە، و هەر «گەمەیەکی زمان» (Sprachspiel) لە ناو «شێوازێکی ژیان» (Lebensform)دا کار دەکات (Wittgenstein 1953 [٣]). ئەم چەمکە بۆ an-šag₄ دوو سوودی هەیە و یەک سنوور. سوودی یەکەم: مانای وشەکە تەنها لە فەرهەنگدا نییە، بەڵکو لەو ڕێوڕەسم، سروود و قسانەدایە کە تێیاندا بەکار هاتووە. سوودی دووەم: دەربڕینی وەک «ئاگر لە دڵم بەربوو» و «دڵم بۆی دەسووتێت» وەسفی ئەندامێکی ناوەکی نین، بەڵکو بەشێکن لە گەمەیەکی زمانی هاوبەش کە خۆشەویستی، خەم و میهرەبانی تێیدا بە گەرمی و ئاگر دەردەبڕدرێن؛ هەر بەم شێوەیە، šag₄ ی ئاسمان «ناوەوە»یەکی شاراوە نییە، بەڵکو شێوەیەکی قسەکردنە دەربارەی ئاسمان وەک لەشێکی زیندوو. سنوورەکەش ئەوەیە کە ڤیتگنشتاین ڕێبازێکی مێژوویی یان ڕیشەناسی پێشکەش ناکات: مانا لە بەکارهێناندا دەبینێت، نەک لە سەرچاوەدا. بۆیە چەمکەکەی ناتوانێت بیسەلمێنێت کە an-šag₄ لە ئەزموونی جووتیارانی دوای سەهۆڵبەندانەوە هاتووە؛ تەنها یارمەتیمان دەدات بپرسین ئەم وشەیە لە چ شێوازێکی ژیاندا بەکار هاتووە. زۆربەی بەڵگەکانی an-šag₄ لە دەقە بابلییە کۆنەکانن (خشتەی ١)، واتە لە ڕێی نووسەرانی پەرستگاوە گەیشتوون بە ئێمە؛ بەڵام مانای وشەکە لە گوتن و شێوازی ژیانی جووتیاراندا پێش نووسین هەبووە، و نووسەر تەنها تۆماری کردووە. بۆ پەیوەندیی گەرمی، دڵ و خۆشەویستی، تیۆریی میتافۆری جەستەیی گونجاوترە، کە نیشان دەدات مرۆڤ زۆر جار خۆشەویستی بە گەرمی و هەست بە ناوەوەی جەستە دەردەبڕێت (Lakoff & Johnson 1999). لەوانەیە جووتیارێکی دێرین، کاتێک ئاسمانی بە ناوەوە و دڵ ناو دەبرد، دڵی خۆی و ناوەوەی ئاسمانی لە یەک گەمەی زماندا هاوسەنگ کردبێت.
نووسین مانای دروست نەکرد، بەڵکو مانایەکی تۆمار کرد کە پێشتر لە گوتندا هەبوو. ڕەگی نووسین خۆی لە تۆکنی ژماردنی گوندە جووتیارییەکاندایە، لە نزیکەی ٨٠٠٠ پ.زـەوە (Schmandt-Besserat 1992)، و زمانی گوتراو جیهانبینیی خۆی هەیە، کە نووسین دواتر دەیگۆڕێت (Ong 1982). بەڵام زۆرێک لە توێژینەوەکان مێژووی مانا لە یەکەم دەقەوە دەست پێ دەکەن، و بەم جۆرە دەنگی نووسەر و کاهین دەبێتە دەنگی زمان. Scott (2017) نیشان دەدات کە دەوڵەتە یەکەمەکان و نووسین بۆ تۆمارکردن و باجگرتنی دانەوێڵەی جووتیاران بەکار هاتوون. لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی دەردەکەوێت لە نێوان داهێنەری مانا، کە جووتیارە، و تۆمارکەری مانا، کە نووسەرە. شێوازی ژیان لە ئەشکەوتەوە بۆ گوند و شار گۆڕاوە، بەڵام ئەزموونە جەستەییە بنەڕەتییەکان — گەرمیی هەتاو، لێدانی دڵ، ئاو و تۆو — نەگۆڕاون، و ئەمانەن کە an-šag₄ و دەربڕینە کوردییەکانی دڵ مانایان لێوە وەرگرتووە. ناتوانین ڕاستەوخۆ بگەینە گوتنی پێش نووسین، بۆیە لە ڕێی دەق، شوێنەوار و ئەو زمانە زیندووانەوە دەیخوێنینەوە کە پاشماوەکانیان پاراستووە، وەک کوردیی گوندەکان.
٢. دەمار، دڵ، دایک و دێ
ئەم بنەما جەستەییە لە کوردیدا دیارە. چوار وشە یەک بوار پێک دەهێنن: «دەمار»، کە هەم ڕەگی خوێنە لە لەشدا و هەم دەماری گەڵای دار؛ «دڵ» یان «دل»، کە هەم ئەندامی ژیانە و هەم ناوەند؛ «دایک»، سەرچاوە و ڕەگ؛ و «دێ»، گوند و جێی نیشتەجێبوون. ئەم وشانە وا دەردەخەن کە مانا لە بینین، بیستن و دەستلێدانەوە دروست بووە: ئەندازیاریی ناوەوەی لەشی زیندوو، وەک دەمار، بەسەر ژینگە و کۆمەڵدا بڵاو بووەتەوە، لە دڵەوە بۆ دایک و لە دایکەوە بۆ دێ. ئەمە هاوتای وێنەیە، نەک ڕیشەناسی.
٣. ئاسمان و ناوەوە: سێ ئاستی گەردوون
an-šag₄ دەکرێت وەک بەستنەوەی سێ ئاستی گەردوون بخوێنرێتەوە: بەرزایی، ناوەند و ناوەوە. خشتەی ٢ ئەم ئاستانە لەگەڵ ڕەنگ و ماناکانیان کۆ دەکاتەوە.
خشتەی ٢. سێ ئاستی گەردوون لە an-šag₄دا (خوێندنەوەی من)
|
ئاست |
سۆمەری و کوردی |
ڕەنگ و ئاو |
مانا |
|
بەرزایی، ئاسمانی سەرەوە |
an؛ «ئاسمان» |
سپی و ئاوی تەنک: ڕووناکی، سەهۆڵ، ئاسۆ |
سەرەوە و دەرەوە: تاج و تۆوی ئاسمانی |
|
ناوەند |
an-šag₄ «ناوەوەی ئاسمان» |
یەکگرتنی ئاسمان، دڵ و ئاوی بنەڕەتی |
دڵی ئاسمان، قووڵایی گەردوون |
|
ناوەوە |
šag₄ «دڵ، هەناو»؛ «شینایی» |
شین، شەو و قووڵایی ئاو: «شێ» |
ناوەوە و قووڵایی: دڵی ڕووناکی و تۆو |
خشتەکە دوو ئاراستە نیشان دەدات: لە بەرزاییەوە بۆ ناوەوە، و لە ناوەوەوە بۆ بەرزایی. ئاو و ڕووناکی لە ناوەنددا بە یەک دەگەن، و شێ و زیندەیی کشتوکاڵ لە ناوەوەوە بەرەو سەرەوە دەڕۆن.
٤. دەنگی «ئا»: ئاو، تۆو و ئاسمان
دەنگی «ئا» لە سۆمەری (an، a «ئاو، تۆو») و لە کوردیدا (ئاو، ئاسمان) وێنەی ئاو، تۆو، بەپیتی و بەرزی هەڵدەگرێت. ڕەچەڵەکی باوی «ئاسمان» ئێرانیی کۆنی asman- ـە، بە واتای «بەرد» و «ئاسمان»، و لە کۆسمۆلۆژیای زەردەشتیدا ئاسمان لە بەرد دروست کرابوو [٤]؛ بەڵام لە ئاستی وێنەدا دەکرێت «ئا»ی ئاسمان و «ئا»ی ئاو لە یەک بواردا بخوێنرێنەوە. لە سۆمەری و کوردیدا ئاو ڕاستەوخۆ بە تۆو و نەوەوە بەستراوە، و ئاسمان (an) وەک سەرچاوەی باران، ڕووناکی و تاریکی بینراوە: تۆوێکی خودایی کە زەوی، «ئاخ» یان «خاک»، بە پیت دەکات.
٥. ڕەنگەکانی گەردوون: لە سپێتییەوە بۆ شین و شەو
پێدەچێت زمانی سۆمەری و کوردی بیرەوەریی مرۆڤی دوای سەهۆڵبەندان و شۆڕشی کشتوکاڵییان پاراستبێت. لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا سەهۆڵ و ئاوی تەنک ڕووبەرێکی سپی و ئاسۆیی بوون کە ئاسمانی ڕووناکیان دەدایەوە. لە کوردیدا «شین»، «شەو» و «شەممە» لە ئاستی دەنگ و وێنەدا لە «شێ»، واتە شێداری و ئاو، نزیکن [٥]؛ و لە هۆشیاریی سەرەتاییدا شینی قووڵی ئاو، شەوی ئاسمان و تاریکیی شەو نەبوونی ڕووناکی نەبوون، بەڵکو دڵ و قووڵایی ڕووناکی بوون: کات، وەک ڕۆژەکانی حەوتوو لە شەممەوە تا پێنجشەممە، و جێی دەستپێکردنی ژیان، وەک ناوەوەی هێلکە. «حەوتوو» خۆی هەم «حەفتە»یە و هەم «حەوت ڕۆژەی منداڵبوون» (هەژار ١٩٩٠): کات و لەدایکبوون لە یەک وشەدا کۆ دەبنەوە. سۆمەرییەکان ئەم ناوەوەیەی ئاو و ئاسمانیان بە šag₄، «دڵ، هەناو، ناوەوە»، دەربڕیوە.
٦. خا، خێ و خوێن: ئاوی شیرین و سوێر، و دایکایەتی
«خا» هێلکە، تۆو و ناوەندی ئافراندنە، شلەیەکی ئاوی کە ژیان لە ناوەوەیدا دەست پێ دەکات. «خێ» لە فەرهەنگەکاندا «خوێ» و «ئارەقەی لەش»ـە (هەژار ١٩٩٠)، و «خوێن»یش لە دەنگ و وێنەدا لەم بوارەدایە [٦]: خوێن شلەیەکی ئاوییە کە خوێی تێدا تواوەتەوە، و دڵ بە لێدانی خۆی بە لەشدا دەیگەڕێنێت (Hall 2016). ئاو و خوێ لە ڕێی ئارەقە، میز و پیسایییەوە لە لەش دەردەچن، و بەم جۆرە لەش خولێکی ئاو و خوێی هەیە کە دڵ لە ناوەندیدایە. پێدەچێت مرۆڤی دێرین ئەم خولە — دڵ، خوێن، ئاو و خوێ — وەک ناوەندی بوون خوێندبێتەوە: هەمان کاری دڵ کە ناوەوەی گیان دەجووڵێنێت، لە ناوەوەی گەردوونیشدا (šag₄) دەبینرێتەوە. لەوانەیە «خێ» لەگەڵ «خوو» و «خێڵ»یشدا، واتە شێوەی ژیانی کۆچەری لە نێوان کوێستان و گەرمێندا، یەک بوار پێک بهێنێت: کاتێک گەرما زیاد دەبێت و ئاو دەڕوات، خوێ بەجێ دەمێنێت، هەروەک خێڵ شوێنەواری خۆی لە ڕێگەدا بەجێ دەهێڵێت. لەوانەیە ئاوی سوێر وەک خودایەکی مێ و ئاوی شیرین وەک خودایەکی نێر بینرابن، دوو ئاوی جیاواز و ئافرێنەر؛ و ئاوی شیرین، وەک شیری گوان، سەرچاوەی مانای دایکایەتی بووبێت، کە نەوە لە گوانەوە دەیمژێت. دایکم کاتێک منداڵ بووم دەیگوت: «دایک و باوک خودای سەر ئەرزی منداڵن» [٧]؛ ئەم وێنەیە پشتاوپشت و دەماودەم گەیشتووەتە ئەمڕۆ.
٧. گرێ میرازان، پشتێن و سەرپێچ
پایە T شێوەکانی گرێ میرازان لەسەر دوو تەوەر ڕێکخراون: تەوەری ستوونی و بازنە (Schmidt 2006؛ Schmidt 2010؛ Haklay & Gopher 2020). پایە ناوەندییەکانی پێکهاتەی D وەک جەستەی مرۆڤ هەڵکۆڵراون: سەری T شێوە، باسک کە لە ئانیشکەوە دەچەمێتەوە، دوو دەست کە لەسەر سک و لە سەروو پشتێنێکەوە بەیەک دەگەن، و لە خوار پشتێنەکەوە پەڕۆی ناوقەد [٨]. لەسەر پایەی ٤٣یش ڕیزێک سێگۆشەی سەرەوژوور و سەرەوخوار هەڵکۆڵراوە. ئەم نەخشانە دەکرێت وەک وێنەی ئاو بخوێنرێنەوە، وەک هێزێکی ئافرێنەر، نەک وەک شلەیەک؛ و ئەم تەلارسازییە هەمان لۆژیکی an-šag₄ بەرجەستە دەکات:
تەوەری ستوونی: پایە T شێوەکان کایەی ئاسمان (an)، تاجی بەرز و ئاراستەی سەرەوە نیشان دەدەن؛ سەری پایەکان وەک سەری ئاسمان دوانەیین: نێر و مێ، ڕەش و سپی، قووڵ و تەنک.
بازنە: دیوارە بازنەییەکان ناوەوە (šag₄) دەپارێزن، وەک دڵی مرۆڤ، ئەشکەوتی ژێر زەوی و پەرژینێک لە بەردەم مەترسییەکانی ژینگەی دوای سەهۆڵبەندان.
لە جلی کوردیدا پشتێن پارچە قوماشێکی درێژە کە چەند جار بە دەوری ناوقەددا دەپێچرێتەوە، و سەرپێچ یان مێزەر بە دەوری سەردا. ئایا ئەم پێچانەوەیە وێنەی شەپۆلی ئاو نییە؟ شەپۆل سەرەوژوور و سەرەوخوار دەبێت، و لە پێچانەوەدا بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، هەروەک پشتێن و سەرپێچ بە دەوری ناوەند و سەردا. سەرپێچ سەر دەپارێزێت، کە بەرزایی و ئاسمانی جەستەیە (an)، و پشتێن ناوەند دەپارێزێت، کە دڵ و ناوکی جەستەیە (šag₄)؛ بەم جۆرە جلی مرۆڤ هەمان دوو بەشی an-šag₄ دووبارە دەکاتەوە، و دەستەکانی پایەکانی گرێ میرازانیش لە سەروو پشتێنەوە، لە ناوەندی جەستەدا، بەیەک دەگەن. لە کوردیدا «پشتێن بەستن» واتە خۆ ئامادەکردن بۆ کار، و «پشت قایم» واتە بەهێز و پشتگیرکراو: هێز لە ناوەندی جەستەدایە.
نەریتێکی ئایینیی ئێرانی ئەم دابەشکردنە بە ڕوونی دەردەبڕێت: زەردەشتییەکان دوای چوونە ناو ئایین کوستی (kustīg)، پەتێکی پیرۆزی خوری، سێ جار بە دەوری ناوقەددا دەپێچن، کە نیشانەی بیری چاک، وتەی چاک و کرداری چاکە؛ و دەقێکی سەردەمی ساسانی دەڵێت مەبەستی کوستی جیاکردنەوەی دوو بەشی جەستەیە: بەشی سەرەوە، کە ڕووناکی و زانینە، و بەشی خوارەوە (Kotwal & Choksy 2014). لەوانەیە پشتێنی کوردی و کوستیی زەردەشتی هەمان وێنەی کۆن هەڵبگرن، بەڵام ئەم پەیوەندییە پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە.
٨. پەناگەی شاخ، لافاو و گەشتی گلگامێش
لە ئەفسانە میزۆپۆتامییەکاندا ڕزگاربوون لە لافاو بە کەشتی دەبێت: لە «ئەترەحەسیس» و لە تەختەی یانزەی داستانی گلگامێشدا کەشتییەک مرۆڤ، ئاژەڵ و تۆو ڕزگار دەکات [٩]. بەڵام لە هەمان داستاندا کەشتییەکە لەسەر چیای نیموش (Nimuš) دەوەستێت، کە دەقە ئاشوورییەکان لە زاگرۆسدا دایدەنێن (George 2003): کۆتایی ڕزگاربوون هەر شاخە. تەلارسازیی گرێ میرازان و ئەشکەوتەکانی وەک شانەدەر ئەم پرسیارە دەورووژێنن: ئایا بیرەوەریی سەرەتایی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە بنەڕەتدا بە ئەشکەوت و پەناگەی کوێستانەوە بەستراوە، و کەشتییەکە وێنەیەکی دواترە کە لە دەشتی ڕووبارەکاندا دروست بووە؟ لەم چوارچێوەیەدا، گەشتی گلگامێش بۆ چیای ماشو لە کەناری جیهان [١٠] دەکرێت تەنها وەک گەڕان بۆ نەمری نەخوێنرێتەوە، بەڵکو وەک گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی مرۆڤایەتی: ئەو کوێستانەی ژیان تێیدا خۆی گرت و دووبارە سەری هەڵدا، و مرۆڤ تێیدا نیشتەجێبوون، ئاژەڵداری و کێڵانی کرد بە شێوازی ژیان.
ئەشکەوت لانەی ژیانی مرۆڤ بوو، و وەک دڵێک ژیانی پاراست، هەروەک ئاگر لە ناویدا پارێزرا؛ پێدەچێت بەبێ ئەم پەناگەیە مرۆڤ، کە لە سەهۆڵبەنداندا ژمارەی کەم بوو و خواردنی بە گرانی دەست دەکەوت، نەیتوانیبێت بمێنێتەوە. مرۆڤ لەو دەمەوەی لەسەر پێ وەستا، توانای بیرکردنەوە، پلاندانان، ناسین و پێناسەکردنی هەبوو، بەڵام لە بەرامبەر سەرمادا لاواز بوو. دوای سەهۆڵبەندان، ئەم ژیانە پارێزراوە بوو بە «زا» و «زێ»: لەدایکبوون، زۆربوون و بڵاوبوونەوە لە دۆڵەکاندا.
لەو جیهانەدا زمانێکی هێمایی و وێنەیی دروست بوو، کە بە بیرکاری و ئەندازیاری، و بە ئەبستراکتکردنی دەنگ و گەمەی زمان، ڕێگەی بۆ نیشانە، مێخ و پیت خۆش کرد، و مانای لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاو بووەوە. لەم جیهانبینییەدا هەتاو تەنها ئەو گەرمییە نییە کە سەهۆڵبەندانی تواندەوە، بەڵکو دڵێکی گەردوونییە کە ئەفسانەی ئافراند.
زاراوەی «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» (Middle East) ناوچەکە لە ئەورووپاوە دەپێوێت (Koppes 1976)؛ بەڵام کوردی جێی خۆی بە ئاسمان پێواوە: «خۆرهەڵات» و «خۆرئاوا» دوو لای زەوین بە هەڵهاتن و ئاوابوونی هەتاو، و «باکوور» و «باشوور» لە دەنگدا «با»یان تێدایە؛ بای سەرەوە و بای خوارەوە لە بیرەوەریی کوردیدا دوو مانای جیاوازیان هەیە، یەکێکیان ساردی و ئەوی تر گەرمی دەهێنێت. ئەم مانایانە گەمەیەکی زمانن کە ژیان و جێ بە گەرمی و سەرما پێناسە دەکەن، و هەموویان ناوەندێکی بزوێنەریان هەیە: دڵ، کە لە لەشدا خوێن دەجووڵێنێت؛ دڵی گەردوون؛ تۆو، وەک ناوک و ناوەندی هێلکە؛ یان دوو شەپۆلەکەی سەر دەفری سامەڕا، وەک بزوێنەری ژیان. بەم جۆرە شەپۆلی ئاو بە شینایی ئاسمان و ئەرزەوە، و ناوک و ناوەندەکەی بە ڕووناکیی هەتاو و مانگەوە بەستراوەتەوە.
ئایا نیشانە ناوەندییەکەی دەفری سامەڕا — دوو شەپۆلی ئاو کە لە یەک ناوکدا تێکهەڵکێش بوون، و ناوەندێک کە هەردووکیان دەجووڵێنێت (بڕوانە وتاری ئانسالا، بەشی ٤-٢) — هەمان «ناوەوە»یە کە دواتر بە an-šag₄ نووسرا؟ ئەگەر وا بێت، لەگەڵ داهێنانی نووسیندا ئەم وێنەیە لە زمانەوە بۆ نووسین گوازراوەتەوە. بەڵام وریایی پێویستە: نیشانەکانی AN و ŠA₃ لە نووسینی مێخیدا لەم وێنەیەوە نەهاتوون — AN وێنەی ئەستێرەیە — و نزیکەی سێ هەزار ساڵ دەفرەکە لە یەکەم نووسین جیا دەکاتەوە؛ کەواتە ئەوەی گوازراوەتەوە مانای ناوەند و ناوەوەیە، نەک شێوەی نیشانەکە.
دەرئەنجام
an-šag₄، «ناوەوەی ئاسمان»، نیشان دەدات کە مرۆڤی جووتیار ئاسمانی وەک لەشێکی زیندوو بینیوە کە تاج و دڵی هەیە. پێدەچێت ئەم وێنەیە لە ئەزموونی جەستەیی، بینین، بیستن و هەستکردن، و لە ژیانی کشتوکاڵیی زاگرۆسەوە هاتبێت، و لە کوردیدا لە وشەکانی «دەمار»، «دڵ»، «خوێن»، «دایک»، «دێ»، «شێ»، «شین» و «شەو»دا مابێتەوە. سۆمەری ئەم ناوەوەیەی بە šag₄ دەربڕیوە، و جووتیاری کورد بە زمانی خۆی پاراستوویەتی. ئەم بەراوردانە هاوتای وێنە و مانان، نەک ڕەچەڵەکی دەنگی؛ و ڕیشەناسیی باوی وشەکان لە پەراوێزەکاندا تۆمار کراوە.
پەراوێزەکان
[١] ePSD2، وشەی anšag، o0024225 (وەشانی 2.7.2، ٢٠٢٤): ٦٢ بەڵگە، لە دێرینی بنەماڵەیی IIIa تا سەردەمی یۆنانی؛ مانا: the interior of heaven؛ ئەکەدی: qereb šamê. هەروەها بڕوانە OrNS 70، لاپەڕە ٢١٠–٢١١.
[٢] CT 19، تابلۆی ١٧–١٩، K 04386+ ڕووی پشتەوە، ستوونی یەکەم، دێڕی ٥٦. لیستە فەرهەنگییەکان وشەی سۆمەری و بەرامبەرە ئەکەدییەکەیان لە تەنیشت یەک دادەنێن.
[٣] Wittgenstein 1953، بڕگەکانی ١٩، ٢٣ و ٤٣: «تەسەورکردنی زمانێک واتە تەسەورکردنی شێوازێکی ژیان» (§19)؛ «مانای وشە بەکارهێنانییەتی لە زماندا» (§43). بڕگەکانی ٢٤٣ بەدواوە دەربارەی دەربڕینی هەستی ناوەکین.
[٤] ڕیشەناسیی باو: ئاڤێستایی و فارسیی کۆن asman-، «بەرد؛ ئاسمان» (Bartholomae 1904)؛ لە دەقە پەهلەوییەکاندا مادەی ئاسمان بە بەرد وەسف کراوە (Tafażżolī 1987). پەیوەندیی «ئا»ی ئاسمان بە «ئاو»ەوە لێرەدا خوێندنەوەیەکی هێماییە، نەک ڕیشەناسی.
[٥] ڕیشەناسیی باو: «شەو» لە ئێرانیی کۆنی xšap-، «شەو»ـەوە دێت (Bartholomae 1904)؛ «شەممە» لە فارسیی ناوەڕاستدا šambad ـە، و حەوتوو لە میزۆپۆتامیاوە بۆ ئێران گوازراوەتەوە (Gharib 2009). نزیکیی ئەم وشانە لە «شێ» خوێندنەوەیەکی هێمایی منە.
[٦] هەنبانە بۆرینە «خێ» بە «خوێ» و «ئارەقەی لەش» لێک دەداتەوە (هەژار ١٩٩٠). ڕیشەناسیی باوی «خوێن» ئێرانیی کۆنە، بەراورد بکە بە ئاڤێستاییی vohuni- «خوێن» (Bartholomae 1904)؛ نزیکیی «خوێن» و «خوێ»، و پەیوەندیی «خێ» بە «خوو» و «خێڵ»ـەوە، خوێندنەوەی هێمایین، نەک ڕیشەناسی.
[٧] گێڕانەوەی دەماودەم: قسەی دایکم، کە لە منداڵیمدا بیستوومە.
[٨] پایەی ١٨ لە پێکهاتەی D: باسکی چەماوە، دوو دەست لەسەر سک، پشتێن و پەڕۆی ناوقەد؛ پایەی ٤٣ («بەردی داڵ») ڕیزی سێگۆشەکانی لەسەرە (Schmidt 2010). سەرپێچ لەسەر پایەکان نییە، چونکە سەری T شێوە خۆی سەرە. خوێندنەوەی ئەم نەخشانە وەک ئاو، و پەیوەندییان بە پشتێن و سەرپێچی کوردییەوە، خوێندنەوەی منە.
[٩] بۆ کەشتی و لافاو بڕوانە ئەترەحەسیس (Lambert & Millard 1969) و تەختەی یانزەی داستانی گلگامێش، کە کەشتییەکەی لەسەر چیای نیموش دەوەستێت (George 2003). نیموش لە دەقە ئاشوورییەکاندا لە وڵاتی زەموا (Zamua) لە زاگرۆسدا هاتووە، و زۆر جار بە پیرەمەگروون ناسێنراوە، بەڵام ئەم ناساندنە دڵنیا نییە. ئەشکەوتی شانەدەر نیشان دەدات کە ئەشکەوتەکانی زاگرۆس دەیان هەزار ساڵ پەناگەی مرۆڤ بوون (Pomeroy et al. 2020).
[١٠] تەختەکانی نۆ و دە: گەشتی گلگامێش بۆ چیای ماشو (Māšu) و بۆ لای ئوتناپیشتیم لە کەناری جیهان (George 2003).
سەرچاوەکان
سەرچاوەی کوردی
هەژار (عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی). ١٩٩٠. هەنبانە بۆرینە: فەرهەنگی کوردی–فارسی. تاران: سرووش. لەسەر ئینتەرنێت: ڤەژین، https://lex.vejin.net/ck/
سەرچاوە بیانییەکان
Bartholomae, C. 1904. Altiranisches Wörterbuch. Strassburg: Trübner.
CT 19 = Cuneiform Texts from Babylonian Tablets in the British Museum, Part 19. London: Trustees of the British Museum, 1904.
ePSD2 — The Electronic Pennsylvania Sumerian Dictionary. Oracc. anšag [~HEAVEN], o0024225, version 2.7.2 (2024). http://oracc.org/epsd2/o0024225
George, A. R. 2003. The Babylonian Gilgamesh Epic: Introduction, Critical Edition and Cuneiform Texts. 2 vols. Oxford: Oxford University Press.
Gharib, B. 2009. “Hafta”. Encyclopaedia Iranica XI/5: 530.
Haklay, G. & Gopher, A. 2020. “Geometry and Architectural Planning at Göbekli Tepe, Turkey”. Cambridge Archaeological Journal 30(2): 343–357. https://doi.org/10.1017/S0959774319000660
Hall, J. E. 2016. Guyton and Hall Textbook of Medical Physiology. 13th ed. Philadelphia: Elsevier.
Koppes, C. R. 1976. “Captain Mahan, General Gordon, and the Origins of the Term ‘Middle East’”. Middle Eastern Studies 12(1): 95–98.
Kotwal, F. M. P. & Choksy, J. K. 2014. “Kustīg”. Encyclopaedia Iranica, online edition. https://www.iranicaonline.org/articles/kustig
Lakoff, G. & Johnson, M. 1999. Philosophy in the Flesh: The Embodied Mind and Its Challenge to Western Thought. New York: Basic Books.
Lambert, W. G. & Millard, A. R. 1969. Atra-ḫasīs: The Babylonian Story of the Flood. Oxford: Clarendon Press.
Ong, W. J. 1982. Orality and Literacy: The Technologizing of the Word. London: Methuen.
Pomeroy, E. et al. 2020. “New Neanderthal Remains Associated with the ‘Flower Burial’ at Shanidar Cave”. Antiquity 94(373): 11–26.
Schmandt-Besserat, D. 1992. Before Writing. Vol. 1: From Counting to Cuneiform. Austin: University of Texas Press.
Schmidt, K. 2006. Sie bauten die ersten Tempel: Das rätselhafte Heiligtum der Steinzeitjäger. München: C. H. Beck.
Schmidt, K. 2010. “Göbekli Tepe – the Stone Age Sanctuaries”. Documenta Praehistorica 37: 239–256.
Scott, J. C. 2017. Against the Grain: A Deep History of the Earliest States. New Haven: Yale University Press.
Tafażżolī, A. 1987. “Āsmān”. Encyclopaedia Iranica II/7: 770–771.
Wittgenstein, L. 1953. Philosophical Investigations. Trans. G. E. M. Anscombe. Oxford: Blackwell.

