1
هونه‌ر ڕۆڵێكى گه‌وره له به‌گژاچوونه‌وه‌ى سته‌م و نادادیدا ده‌بینێت، زۆر جار له ڕێى هونه‌ره‌وه توانراوه سیماى دزێوى سته‌مكاران زیاتر نیشان بدرێت و سته‌مكارى ڕسوا بكرێت، ڕه‌نگه تابلۆكه‌ى هونه‌رمه‌ندى ئیسپانى پابلۆ بیكاسۆ نموونه‌یه‌كى دیارى ئه‌و ڕسواكردنه بێت كاتێك له ڕێى تابلۆى جێڕنیكاوه دڕنده‌یی سته‌مكارانى نیشاندا. هونه‌رى شێوه‌كارى، میوزیك، شانۆ و سینه‌ما، هه‌ر یه‌كه و به جۆرێ به‌گژ جینۆساید و نادادیدا چوونه‌ته‌وه، هونه‌رى كوردیش له ماوه‌كانى ڕابردوودا هه‌وڵى خۆى زۆر به‌چڕى خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى ئازاره‌كانى كۆمه‌ڵى كورده‌وارى، نادادییه‌كانى سته‌مكاران نیشانى ئه‌وى تر بدات. یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ى له ڕێى هونه‌ره‌كه‌یه‌وه توانیویه‌تى به‌گژ جینۆسایدا بچێته‌وه و سه‌دان تابلۆ و هێڵكارى و چیرۆك له‌باره‌ى ئه‌نفال و جینۆسایدى نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه بگێڕێته‌وه دكتۆر عوسمان قادره.
عوسمان قادر هونه‌رمه‌ندى به‌گژاچونه‌وه‌ى جینۆسایده و دكتۆراكه‌شى سه‌باره‌ت جینۆسایدى گه‌له‌كه‌یه‌تى. ئه‌نفال له تابلۆكانى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا چیرۆكێكى دوور و درێژ و ئازارى هه‌زاران كه‌سه، تابلۆكان لیپن له هاوارى خنكاو، ئازارى دابڕان، سه‌رلێشێواوى و ونبوون، كۆكردنه‌وه له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه بۆ كوشتن، نیشاندانى هه‌زاران ڕووخساری تۆقیوو، ڕووخسارگه‌لێك كه هه‌تره‌شیان براوه و نازانن چاره‌نووسیان به‌ره‌و كوێیه، نه‌ك ئه‌وه نازانن، ته‌نانه‌ت ناتوانن بیر له‌وه‌ش بكه‌نه‌وه كه چاره‌نووسیان به‌ره‌و كوێیه. نیشانه‌ى جینۆسایدێكى مه‌ترسیداره، ئیشكردنى هونه‌ر له جینۆسایدا زۆر جار ده‌توانێ مرۆڤ بێنێته پاى هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كى ئاكارى واتا وا له مرۆڤ بكات پرسیارى ئه‌وه بكات ئایه به‌ڕاستى مرۆڤ شایانى ئه‌و هه‌موو كوشت و بڕه‌یه؟
جوله‌كه‌كان له‌باره‌ى جینۆسایده‌كه‌یانه‌وه سه‌دان فیلمى دانسقه‌یان دروستكردووه، له‌سه‌ر گواستنه‌وه و كۆكردنه‌ویان له پۆڵۆنیا، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌یان، فیلمه‌كانى له تاریكی‌دا، له ته‌مدا، كوڕه بیجامه خه‌تخه‌ته‌كه و هتد هه‌موویان باس له ئازارى جوله‌كه ده‌كه‌ن به ده‌ست نازییه‌كانه‌وه، ئه‌وه جگه له سه‌دان تابلۆ، كتێب، چیرۆك و داستان. ئه‌نفال لاى كورد هێشتا له بوارى هونه‌ردا نه‌یتوانیوه ئه‌وى تر ڕابگرێت، له كاتێكا له ئه‌نفالدا هه‌زاران چیرۆك و داستانى كاریگه‌ر هه‌ن.
هونه‌رى شێوه‌كارى و هێڵكارى و نیشاندانى ئازاره‌كه به‌و شێوه‌یه هه‌نگاوێكى گرنگه بۆ ئه‌وه‌ى له بواره‌كانى تر‌ى هونه‌ردا ئه‌وانى تریش ده‌ستپێبكه‌ن، هه‌موو ئه‌و تابلۆیانه‌ى كه له‌وباره‌یه‌وه دكتۆر عوسمان قادر ئه‌حمه‌د كێشاونى گێڕانه‌وه‌ى خودى گه‌واهیده‌ره‌كان خۆیانن، یانى ئه‌و هونه‌رمه‌نده یه‌ك یه‌ك ده‌یان گه‌واهیده‌رى بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر دواندوه و دواتر چیرۆكه پڕ ئازارە‌كانى له تابلۆكانیدا بۆ ئه‌وانى تر، بۆ بینه‌ره‌كانى، بۆ مێژوو گێڕاوه‌ته‌وه، هه‌موو بینینه‌كانى نێو تابلۆكانى عوسمان قادر به ئێمه ده‌ڵێن هه‌میشه ئه‌نفال و جینۆساید له به‌رده‌مى ئێمه‌دان و نه‌كه‌وتونه‌ته پشتمانه‌وه، واته له هه‌ر چركه‌یه‌كدا ئه‌گه‌رى دووباره‌بونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانه هه‌یه. چاوه‌كان ئه‌و ترسه نیشانى ئێمه ده‌ده‌ن، له‌مه‌شدا هه‌مان چیرۆكى له تاریكیداى جوله‌كه‌كانم بیر ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وانیش له‌نێو زێرابه‌كاندا به هه‌مان بارودۆخدا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام جیاوازییه بنه‌ڕه‌تیه‌كه ئه‌وه‌یه جوله‌كه هۆلۆكۆستى خسته پشتى خۆیه‌وه، یانى دۆخێكى دروست كرد، كه جارێكى تر ئه‌و تاوانه ڕوونه‌داته‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌واوى دنیاى هێنایه بارى ئه‌وه‌ى كه خۆیان به به‌رپرسیاربزانن به‌رانبه‌ر ئازارى جوله‌كه‌كان و تاوانى هۆلۆكۆستى كرده تاوانێك ده‌رهه‌ق به هه‌موو مرۆڤایه‌تى نەک ته‌نیا جوله‌كه.
2
له هه‌ناوى سته‌مكارى ئه‌نفالدا هه‌ر سه‌دان چیرۆكى ئازاربه‌خش بۆ ئێمه نه‌ماونه‌ته‌وه، له‌نێو ئه‌و ئازاره‌دا دابڕان، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزان، تێكچوونى بارى كۆمه‌ڵایه‌تى، تێكشكانى ده‌روونى، ترس له ژیان و له‌وى تر ، به‌رده‌وام هه‌ڵاتن و دووركه‌وتنه‌وه، خۆشاردنه‌وه. هه‌موو ئه‌مانه له‌نێو هه‌ناوى ئه‌و تاوانه مه‌ترسیداره‌دا چڕنوك له گیانى مرۆڤى كورد گیر ده‌كه‌ن، ڕووداوه‌كانى دواتر ڕاپه‌ڕین، كۆڕه‌و، شه‌ڕى خۆبه‌خۆ، دیلكوشتن، خۆفرۆشتن به سته‌مكار و جه‌لاد، جینۆسایدى ئێزدییه‌كان و هتد درێژكراوه‌ى ئه‌و ناجۆرییه‌ن كه دوژمنه‌كانمان له كه‌سێتى مرۆڤى كوردا به‌رجه‌سته‌یان كردووه، یانى ئه‌گه‌ر ئه‌نفال و كیمیابارنى هه‌ڵه‌بجه و ده‌یان شوێنى تر‌ى باشورى كوردستان، به‌شێكى سه‌ره‌كى له مرۆییخستنى مرۆڤى كورد بن، ئه‌وه ڕووداوه‌كانى دواتر چیرۆك و تاوانه‌كانى دواتر، له كوردیخستنى مرۆڤى كوردن، یه‌كتر كوشتن جۆرێكه له كوردىخستن، په‌نابردنه‌وه بۆ دوژمن جۆرێكه له كوردیخستن، كام دوژمن ئه‌وه‌ى پێشتر جینۆسایدى كردووى، خۆ نه‌ناسین جۆرێكه له كوردیخستن، گومان له خۆكردن، له هاوزمانكردن، له ئاینده، ئه‌مانه هه‌موو له كوردیخستنن، ئه‌م تێكشكانه مرۆییه، زاده‌ى ئه‌و جینۆسایده‌یه كه نه‌یتوانیوه كۆمانكاته‌وه، كه له‌برى ئه‌وه‌ى وه‌ك جوله‌كه كۆمانكاته‌وه، هه‌لاهه‌لاى كردووین، یانى ئه‌م له كوردیخستنه، دوا جار به توركیبوون به فارسیبوون و به عه‌ره‌ببوونى لێ دروست بووه. ئه‌كرێ ئه‌م دۆخه كوردییه له باشورى كوردستان، ناوبنێین “خود نه‌فره‌تى” نه‌فره‌ت له خۆكردن، خۆكوشتن و شوناسكوشتن.
ئه‌ركى هونه‌ر جگه له نیشاندانى ئازاره‌كه هه‌وڵدانه بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و تێكشكاوییه، هه‌ندێك جار هه‌وڵه‌كان به نیشاندانى برینه‌كه ده‌بێت، به‌و جۆره‌ى هونه‌رمه‌نده‌كه دێت چیرۆكه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، چیرۆكى كه‌سێك ده‌گشتێنێ، پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه جێپه‌نجه‌ى سته‌مكارییه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات دەرك به به‌رپرسیاره‌تى بكرێت به‌رانبه‌ر قوربانى، هه‌ڵبه‌ت قوربانیش دێنێته‌وه هۆشى ئه‌وه‌ى كه ئه‌گه‌ر پێكه‌وه بن ده‌توانن به‌گژ جینۆسایدا بچنه‌وه، به‌گژاچوونه‌وه‌ى جینۆساید گه‌یشتنه به خۆ-خاوه‌نى، خۆ-خاوه‌نى به‌و مانایه‌ى جارێكى تر هه‌مان برین نه‌كرێته‌وه جه‌سته‌ت، ڕوونتر ئه‌گه‌ر له 1988 تا 3-8-2014 مرۆڤى كورد توانیباى ببوایه‌ته خاوه‌نى شوناسى خۆى، ئه‌وه‌ى له هه‌شتا و هه‌شت له باشورى كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستى سته‌مكاریی بەعس ڕوویدا، له 2014 له‌سه‌ر ده‌ستى داعش له شه‌نگال ڕووی نه‌ده‌دا.
وه‌ك چۆن تاوانه‌كان، سته‌مكارییه‌كان گرێدراوى یه‌كن و ئیلهام له یه‌كتر وه‌رده‌گرن، قوربانییه‌كان گرێدراوى یه‌كن، به‌ڵام مه‌رج نییه عیبره‌ت و ئه‌زموون و ئاوه‌ز له یه‌كتر وه‌ربگرن. له مه‌وداى 26 ساڵى نێوان ئه‌نفال و شه‌نگالدا له باشورى كوردستان 23 ساڵى جۆرێك له خۆخاوه‌نى كورد هه‌بووه، به‌ڵام بۆ یه‌ك چركه بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه ئه‌نفال به جێبێڵین، یانى مرۆڤى كورد بگه‌یه‌نینه دۆخێك كه مه‌ترسى ئه‌نفالى له‌سه‌ر نه‌بێت. له‌و 23 ساڵه‌دا حزبه گه‌وره‌كانى باشورى كوردستان، هێنده‌ى خه‌ریكى دڵداریكردن له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كان، یه‌كتر كوشتن، تاپۆكردنى دار و به‌ردى كوردستان له‌سه‌ر خۆیان، دزینى شوێنه‌وار و سامانى گشتى، بوون، هێنده خه‌ریكى بونیادنانه‌وه‌ى مرۆڤى كورد نه‌بوون، هێنده له بیرى ئه‌وه‌دا نه‌بوون له نێو ته‌متومانى جینۆساید و ئه‌نفالدا كورد به‌رنه دیرۆكه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌ركى نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانى قورس‌تر كردووه، به‌و مانایه‌ى هونه‌رمه‌ند و نوسه‌ران هه‌میشه هه‌ستیان كردووه له‌و بواره‌دا ته‌نیان، له ئیشه‌كانى عوسمان قادردا كه به ته‌نێ شانى داوه‌ته به‌رى به ڕوونى دەرك به‌و ته‌نیاییه ده‌كرێت.
3
تابلۆكانى عوسمان قادر باس له گێڕانه‌وه‌ى شوناس ده‌كه‌ن بۆ قوربانى، ئه‌و له‌نێو ئه‌و هه‌موو برینه‌ى مێژوودا ده‌یه‌وێت پرسیارى ئه‌وه بكات، ئاخۆ ئه‌مه تا كه‌ى درێژه‌ى ده‌بێت؟ هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌ى له ناخى هه‌موو كه‌سه هاڕراوه‌كانى نێو تابلۆكانیدا هه‌یه. قسه‌كردن له هاڕراو قسه‌كردنه له‌و تێكه‌ڵبوونه تاریكەی ده‌موچاوێك، ده، سه‌دان، هه‌زاران، دواتر یان باریكبوونه‌وه به ڕاده‌ى تاڵه ده‌زوویه‌كى ڕه‌ش كه تێكه‌ڵه‌ى هه‌زاران هه‌زاره، یان تۆپه‌ڵه‌یه‌ك لەو شێوه‌یه‌ى خاڵێكى ڕه‌ش له‌سه‌ر پانتاییه‌كى سپى، كه ئه‌مه شه‌رمه‌زاركردنى ده‌سه‌ڵاتدارنى دنیایه و هیچى تر، پرسیاره‌كه‌ش هه‌مان ئه‌و شه‌رمه‌زاركردنه‌یه، ئاخۆ تاكه‌ى ئه‌م تاریكییه به‌رده‌وام بێت؟ تاكه‌ى ئه‌م هه‌موو بوون و ژیان و بزه و ئازادییه بكرێنه قه‌ره‌برووت؟ وه‌ك چۆن نازییه‌كان له كووره‌كانى مردنا جوانیان ده‌سوتاند؛ ئه‌نفال و شه‌نگال ڕیشه‌یان له مێژوودایه له مێژووى ئاینه ئاسمانییه‌كان و بیروباوه‌ڕه‌كانى مرۆڤدا، واته هه‌موو سته‌مكارییه‌كانى مێژوو سه‌رچاوه‌یه‌كیان هه‌یه. له ڕاستیدا ئه‌ركى ئێمه ئه‌وه نییه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ یه‌كه‌م ڕووداو تا به یه‌ك سه‌رچاوه‌ى ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ى دابنێین، ئه‌ركى ئێمه، ئه‌ركى عوسمان قادر، ئه‌ركى هونه‌ر پرسیاركردنه له‌وه‌ى كه‌ى ئه‌مه كۆتاى دێت؟
پێناچێت له‌م قۆناغه‌دا وه‌ڵامى وردى ئه‌و پرسیاره بدرێته‌وه، لێ ده‌كرێت له ڕێگه‌ى هونه‌ره‌وه پرسیارێكى به‌م جۆره له هه‌موو مرۆڤایه‌تى بكرێت، ئایه ده‌زانین سبه‌ى چى ڕووده‌دات؟ ئاخۆ به‌رگه‌ى ئازار و سته‌مى دیكه ده‌گرین؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه ده‌شێت بمان خاته به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تى گه‌وره‌ى داكۆكیكردن له یه‌كتره‌وه.