مرۆڤێکی جێهێڵدرا – فۆتۆیەکی مارکۆس بیبل ڕیته‌رد ئەم فۆتۆیە 1980 دا لەگواتیمالا گیراوە ..

«ئەمریکانامە، بە تامی شیعر»


Loading

«پڕۆژەی سێیەم و چوارەم»

«ئەمریکای باشوور»

 

وەختێک خاکی ئەفریقام جێهێشت/ هەندێک قسەم لەگەڵ «بیتینۆ» کرد، دەربارەی ئەم وڵاتانە/ بیتینۆ، ڕاوچیی ماسی بوو/ هەتا ڕاوچیی دڵیش بوو/ ئەو لە من گەڕیدەتر بوو/ بەس دڵی بە بەندەرەکانی «پرایا» خۆش بوو/ نیشتمانی ئەو، ماسیی نێو زەریاکان بوو/ پێچەوانەی ئێمە، کە ماسیی نێو نیشتمانێک بووین/ سەرکردەکان، بە قولاپی درۆ ڕاویان کردبووین/ بەر لەوەی بکەومە ڕاڤەی نیشتمان/ ئەو، کەوتە سەربڕینی پیتەکان/ دەیگوت: مرۆڤ، هێندە تینووی ڕەنگی ڕەشە/ کەچی سەد درۆی بە نێوەوە دەکات/ نێو سکی ڕەنگی سوور هەڵدەدڕێت و، تێکەڵی زەمینی دەکات/ ئەوەی لەو نێوەندەدایە: نە ڕەنگی سوورە و، نە ڕەنگی ڕەش/ ڕەنگێکە، لە گیراوەی مرۆڤ، هەر مرۆڤیشە: ئاڵوودەی خۆی دەکات.

 

 

ئێمە وا دەزانین:-

«ڕەنگی ڕەش: ئەوەندە ستەمی لێ کراوە، زیاتر ڕۆڵی پرسەی پێدراوە/ هێندە بۆنی مەرگی کردووە، دەگەڵ خاکدا سەری لێ شێواوە/ نا، ڕەنگی ڕەش: قووڵبوونەوەی شەڕی مرۆڤە لەسەر خاک، بۆ دزینی نێوەوەی خاک/ نەک غەمگینبوون لەسەر خاک، بۆ چوونەوەوەی نێو خاک.»

 

بیتینۆ، گوتی:-

«ڕەنگی خۆڵەمێش: پاشماوەی ئەم شەڕەیە/ سپییش، درۆیەکە: دوای ماندووبوونی سەرمایەدارەکان، دوای تەواوبوونی دیکتاتۆرەکان، ڕاستییەکی شیرین شیرین بە زمانیان دەکەن/ بە خەتێکی شکستەیی، لە نێو لاپەڕەی دڵی ڕەشیان… درۆیەکی سپی سپی لەسەر دەنووسن/ هێندە نابات، بە بەرچاوی هەمووانەوە: سپێتییان… ڕەش ڕەش دادەگەڕێت!.»

 

 

خود -پۆرترێرت ؛ سامانه‌ ڕه‌ش

ئەو، گوتی: پاسپۆرتێکی ساختەم بۆ دروست کردوویت/ تکتێکی فڕۆکەشم بۆ بڕیویت/ لە پرایا، کاتژمێر: ٥ی ئێوارە، فڕۆکەکە هەڵدەستێت/ دوای ١٦ کاژمێر و ٤٥ خولەک، لە فڕۆکەخانەی مۆنتەڤیدیۆ‘١’ دەنیشێتەوە و، ئەوسا نیزیک کاتژمێر: ٨ی بەیانییەکەی، دونیایەکی دی دەبینیت/ ئەو، وایدەزانی غەریبیی وەها دایگرتووم/ تەنیایی، وەها ناخی هەڵکۆڵیوم/ خواخوامە خولەکێک زووتر جێی بێڵم/ گوتم: نا، دۆستی شیرینم/ من، لە دەستی ئەو مافیا ساختانە ئەم گەشتەم دەست پێ کردووە/ لە دەست ئەو سەرکردە دزانە، وەک گەڕیدەیەک ڕووم لەو وڵاتانە کردووە/ گەر ئەم گەشتەم نەبایە، بۆ خولەکێک جێم نەدەهێشتیت/ هێشتاش ماومە تامی ئەفریقا بکەم، بە ئومێدی ئەوەی جارێکی دی بێمەوە/ ئەو، نەیدەزانی بە منداڵیم، فڕۆکە خەون بووە و، کۆلارە تەفسیری کردووە/ نەیدەزانی، هەڵەبجەم، بە فڕۆکە ڕۆحی هەلاهەلا بووە/ داخی من ئەوەبوو، هەر قسەخۆشێکی کوردیش بوو، بە دەم خەندەوە، فڕۆکەوانەکەی دەرباز کردووە/ نەشیدەزانی، ترسم لەو شتە هەیە، کە نێوی فڕۆکەیە/ ترس لە مەرگ نا، ترس لە خەونێک، کە نەتوانم بە هەموو جیهاندا بیگێڕمەوە/ دەترسام ئەم فڕۆکەیە، بە نێوی خراپی کەشوهەواوە، وەک ئەوانەی تێڕاچووبوون، کەوتبایە خوارەوە/ بۆ وەی بەڵگەنامەکانیش بێسەروشوین نەبن و، بۆ خۆسێ مۆخیکا‘٢’ بیانخوێنمەوە/ کە بە ترۆمبێلە کەچەتڕێنەکەی‘٣’ بۆ هەندێک کۆنگرە بیانبات و، بە بەرچاوی هەموو سەرۆکەکانی دونیاوە بیانخوێنێتەوە/ نەک وەک ئەو بە نێو سەرکردانەی، بە نێوی دەوڵەتی کوردییەوە، دەڕۆنە دەرەوە/ پارە لە بانکەکان دادەنێنن و، بۆ پشگیری مانەوەشیان… سیناتۆری ئەمریکییش دەکڕنەوە.

***

 

 

ئەی دۆست، بەلەمێکی زەمبیلەیی‘٤’ زۆر گەورە و کۆنت هەبوو، جارجار بۆ گەشتی خۆت بەکارت دەهێنا/ ئەوم وێدە، با پێی بگەمە ئەوسەری دونیا/ یەکسەر ناچمە ئۆرۆگوای، لە دووگەکانی فێرناندۆ‘٥’ چەند شەوێک دەمێنمەوە/ مەترسە، شەپۆلەکان نامخەنە خوارەوە/ دەردی من و ئەو یەک چەشنە/ هیچ جیاوازییەکی وا لە نێوان من و بەلەمە زەمبیلەکەتدا نییە / من، بە ئێسکوپروسکەوە دەبەستێتەوە و، ئەویش بە قیرەوە/ کاتێک ماڵاواییم لێ کرد، گوتم: نیگەران مەبە ئەی دۆست، لەگەڵم مەیە/ دەمەوێت ئەم گەشتە بە تەنیایی بێت و، تاکوو دە نێو تەنیاییدا: نەک خۆم، دونیاش بخوێنمەوە/ لەوسەرەوە، ڕاوچییەک هەر دەدۆزمەوە، پێیدا بنێرمەوە/ ماڵاوا… بیتینۆی ئازیز… ماڵاوا… ڕۆژێکیش دێت، ئەو یادگارییانەی نێوانمان، بنووسمەوە.

 

 

کە گەیشتمە فێرناندۆ، تەماشای ئەو نەخشەیەم کرد: پێش ئەوەی کەشتیگەلە پورتوگالی و ئیسپانییەکان بکەونە دەمەقڕەوە/ پێش ئەوەی هیندییە سوورەکان بێرەدا ڕەت ببن و، ئاڵایەکی لێ هەڵبدەن و، مێژوویان بنووسنەوە/ یان کچە فەڕەنسییەکان من ببینن و، بە ڕۆمانسی بجووڵێنەوە/ بیرم کردەوە، دوو سبەی وەختی ئەنگۆرە، لێرە دوورکەومەوە/ بە کەشتییەک یەکسەر بچمە ناتال و،‘٦’ لەوێوە ئەمریکانامە، بنووسمەوە/ ناچمە دوورگەی فۆکلاند و، بمێنمەوە/ نەک وەک «دیمیستۆرا»، بە نێوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە دزی ئاژاوە بنێمەوە.

***

 

 

 

لە بەڕازیل:

 

 

ئەو خەڵکەی وێ: دەیانەوسیت بدوێم و، شەڕی دەروونیان دەگەڵ بکەم لەوێ.

یەکێک هاتە پێشم، کاکی خۆم، ئێمە پێنجەمین وڵاتین وەک دانیشتوان.

یاریزانێک، ئێمە پێنج کاسەی تۆپی پێمان بە دەست هێناوە، زیاتر لە هەمووان.

ئەندازیارێک، وەرە ئەو مەترەم لە دوو بدە، با بزانیت کە لە ڕووبەریشدا: پێنجەمین وڵاتین.

دەیانویست بڵێم: ئێمەش یەکەمین هەرێمین بۆ نەخۆشی، بە دەست ئەو پێنج سەرکردەیەی لای خۆمان.

نەیاندەزانی: کە من چەندە گونهام، بە دەست تاعوونی خۆمانەوە دەناڵێنم.

نەیاندەزانی: دەمێکە خەندە لە مندا سڕ بووە، چاوم خووی بە ئەسرین گرتووە.

نەیاندەزانی: کۆتر، دەمێکە لە نیشتمانی من، بەر تیری ڕاوچییەکان کەوتووە.

 

 

لێ گوتم: نەهاتووم، بزانم تاووس، ئەم جوانییەی لە کوێوە هێناوە.

دۆلفینی پەمەیی،‘٧’ چلۆن ئەم ڕەنگەی دەگەڵ خۆیدا گونجاندووە.

نەهاتووم بڵێم: لە چ سەدەیەک، لە دەست داگیرکاری ڕزگارتان بووە.

دەمەوێت لەگەڵ «پاولۆ کۆیلۆ» دابنیشم و، کیمیاگەری پێ شی بکەمەوە.

کە پاولۆم دیت، دوای سڵاو… گوتی: ها چی بوو، گوتم: ببەخشە وا تێنەگەیت،

من «سانتیاگۆ»بم، لە ئەندەلووس ڕا، چووبووبم گەنجینەیەکم لە میسر ڕا بۆ هێنابیتەوە.

 

 

من، ڕاڤەی هەورم پێیە، کەنەفت بووم لە تەفسیری ئادەمیزاد.

حیکایەتی بەردم پێیە، وەڕەز بووم لە خوێندنەوەی گەڵای زەرد.

خەونی «با»م پێیە، دوور لەو گێژەڵووکەیەی لە نێوەوە هەڵدەکات.

غەمی ئاگرم پێیە، غەمگینتر لەو ئاورەی ئێسقانمان دادەپڵۆخێنێت.

عیشقێکی ستوونیم هەیە، ئیدی هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بیکێشێت.

 

 

پێم بڵێ: کێ کینە لە نێو دڵی ئێمەدا دەچێنێت، کێ میهرەبانی هێواش هێواش دەکوژێت؟

کێ بەدیار سبحەینێوە دەخەوێت تا درەختێک بڕوێنێت، کێ هەیە: بەیانییەکەی تیشکی خۆری نەکوشتبێت؟

چ حەوزێک هەیە: ترێفەی مانگی تێدا نەخنکادبێت، چ دڵێک هەیە: ئێرەیی بە نووری ئەستێرە نەبردبێت؟

چ زەریایەک هەیە: شەپۆلەکانی پێشووی لە بیر بێت، چ ڕووبارێک هەیە: بە خوێنی ئێمە ئاشنا نەبووبێت؟

چ باغێک هەیە: پەپوولەی لێ ڕانەسپاردبێت، دڵ بفڕێنێت، چ میوەیەک هەیە: سێوی لە گوماندا جێهێشتێت؟

کەنگێ هاتووین: خەتامان لە خۆدا سەرزەنشت کردبێت، کەنگێ ڕۆیشتووین فریشتەمان لە خەیاڵ ڕزگار کردبێت؟

 

 

نەهاتووم، فیتنە لە نێوان گوند و شاردا بکەم.

«با» بە توندوتیژ و، باران بە بەخشندە تەماشا بکەم.

شەڕاب لە جامێکدا قوڵپ بکەمەوە و، لە ڕووناکی بێبەش بکەم.

تاریکیی بخەمە ئەستۆی شەو و، مرۆڤی لێ بەدەر بکەم.

مرۆ بە گوناهی شوێن و، ئەقڵی لێ ڕەها بکەم.

 

 

تۆ وەک کەیخودایەک، وەک نووسەری حیکایەتخوانێک، چلۆن لە هەرێمی من دەڕوانیت؟ بەر لەوەی وەڵامم پێ بدات، گوتی: مادام هاتوویتە ڕیۆ دی ژانیرۆ‘٨’ با لە قاوەخانەیەک دابنشین و قاوەیەک بخۆینەوە. وەک فاڵچییەک پێی گوتم: تۆ چۆن نەبوویتە مردوشۆر، مردوت مرێ. شار، بۆتە قەسابخانە و، خوێنی لێ دەچۆڕێ. وشە چ هەڵایەکی ناوەتەوە، دێڕ هێڵنجی دێ. دەزانم پەرۆشی ڕەنگتە، لە شین و زەرددا ون دەکرێت. غەمی چرکەتە، کات چرچولۆچی دەردەکەوێت. دوای دانیشتنێکی زۆر، لەوەیە ئەمە دوا سەفەرت بێت. منیش، نا نا چۆن هەموو سەفەرێک بە ئەبەدی سەیر دەکرێت. ئەمە سەرەتای سەفەرمە و، مەرگ سەفەرێکی دوورودرێژی دەوێت. دەمەوێت «ئۆسکار نیمایێر»‘٩’ ببینم، کە تەلارسازی ئێرە ئەو جوانییەی ڕۆح دەهێڵێت. واش تێنەگەیت داییم چێڵم لە کەرەستەی بیناکاری خۆشتر بوێت. گوتی، نا نا، بەس داخەکەم چەند ساڵێک پێش ئێستا جێی هێشتین، ئا ئەمەیە ئەبەدییەت. گوتم: ئەبەدییەت، دەستپێکێکی دییە لە نەمریی، قووڵبوونەوەی بوونە لە بوونێکی دی.

 

 

 

ماڵاوایی لە: پاولۆ کۆیلۆ

 

 

دەزانم، ئەم شارەی تۆ زۆر شیرینە.

نامەوێت وەک شۆڕشگێڕەکان لەم شارە ڕابکەم، لێ دەبێت بۆ شۆڕشێکی دی ڕابکەم.

نامەوێت وەک خەیاڵپڵاوەکان تەلارەکان ون بکەم، لێ دەبێت تەلاری تر دروست بکەم.

نامەوێت لێرە بەدیار شەپۆلان دڵم بەیان بکەم، لێ دەبێت دڵم بە شەپۆلێکی تر بشۆم.

جارجار پێدەکەنیت، چیرۆک بەدیار گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە دەنووسیت.

جارجار دەگریت، کەلاوەیەکی وێت بۆ نابێتە تەلار و، بەرەو مانگ بفڕیت.

 

پاولۆ كۆیلۆ

«ئیسماعیل حەمەئەمین» لە پاییزی دوو هەزار و سێ، لە نورنبێڕگی ئەڵمانیا، هەندێک شتی بۆ باس کردیت؛

تۆ هەر باسی شەپۆلی زەریات دەکرد، کە زامەکان لەگەڵ خۆیدا ڕادەدات، لەوبەر بە لم ساڕێژییان دەکات.

وەها خۆت دەتدزییەوە و، مانگت دەخستە نێو ڕستەوە، کە زامێکە لە بری مرۆڤ، لە ئاسمان پشوو دەدات.

وەک ئەوەی: گورگێک لە ئاسمان کەوتبێتە خوارەوە و، خودا، ئەو ڕەوە گورگەی سەر زەمینی نەبینیبێت.

وەک ئەوەی: مرۆ سەیری دانە تیژەکانی خۆی نەکردبێت، ئەستێرە بەو ڕووناکییەی، بە ژیشک بچوێنێت.

وەک ئەوەی: بۆشایی ئاسمان لە بۆشایی سەر زەمین گەورەتر بێت، چ لە مرۆ دەکەیت کە ڕۆح نەبینێت.

 

ئاخر دوا ساتی جێهێشتن، هاوڕێکەم، پێی گوتی:

تۆ سەیری واق بکە، زاکیرەی هەموو گۆشتخۆرەکان دەخوێنێتەوە.

تۆ ئەم شارەت بۆ نابێتەوە بە پیت و، ئێمەش بە وشەی تۆ ناکرێینەوە.

هەور، لە بری هەموو دڵشکاوەکان دەتوێتەوە و، ئێمەی قوڕیش ناخوسێینەوە.

ماڵاوا… پاولۆ کۆیلۆ، ئیدی قو ڕ و خۆڵەمێش، بوون و مەستی ئێمە ناخوێنێتەوە!.

***

 

هەر لە شەقامەکەی ئەوبەرەوە، «ڕۆماریۆ»‘١٠’ ڕۆژنامەیەکی بە دەستەوە بوو،

لەگەڵ سێ هاوڕێی سیاسییدا بوو.

چوومە لایان، گوتم: سڵاو… گوتیان: سڵاو…

کاکی ڕۆماریۆ، لە وڵاتە لێکهەڵوەشاوەکەی «ئەحمەد ڕازی»یەوە‘١١’ هاتووم…

لەوەیە تۆ باش بزانیت، مادام چوویتە نێو کاری سیاسی.

بمبوورە، بۆ یەکەمین جار، کە نێوی تۆ و ماڕادۆنام بەرگوێ کەوتووە بە منداڵی؛

لەو ساڵەدا، هەموو گۆڵەکانتم نەدیت،

چوونکی لای ئێمە، دابەش ببووی بەسەر لایەنگرانی شەڕی ناوخۆیی.

دەمانەویست وەرزش دوور بخەینەوە، لە ڕەنگ و بیکەینە حەز.

لەگەڵ منداڵان… لەسەر تۆپ، لێمان نەبێتە گازەگاز.

لێ ئێستاکە، تۆپ بۆتە گەمەیەکی سیاسیی،

ئەم دوو داگیرکارەی ئیسپانیا و پورتوگال، وازیان هێناوە لە شەڕی یەکدی؛

گەمەکەیان خستۆتە نێو تۆپێک، بە سەربازانی وەرزشی!.

***

 

 

تەسەلام چوو، لەوەی: مرۆڤ لەسەر زەوین، هەر وەکوو تۆپی گەمە سەیر بکرێت.

نەک دوا گوڵ بێت، لە باغی زەوین پەژموردە بێت؛ یان بە ڕەگەوە لە زەوین دەربکرێت.

 

 

«بەرەو ئۆرۆگوای، ئیدی نازانم: خودا، لە چ ڕەنگێکم هەڵدەکێشێت، نازانم چ وێنەیەکم لێ دەکێشرێت»

***

 

 

 

 

لە ئۆرۆگوای:

 

یەرەوتەنگ‘١٢’ بوو، پەڵەهەوری ڕەش و سپیی ئاسمان، بووبووە پیانۆ، بۆ ئارامی دڵان.

بە نێو ئەو کێڵگانەدا ڕۆیشتم، پرچی ئایشە و فاتمان، لەمسەر بۆ ئەوسەر، وەکوو کەوان:

ئاسمانی سەرقاڵ کردبوو بە وێنەکێشان، بە بۆیەی باران.

خودا، هەندێک جار، بە شێوەی شەستەبارانە: وێنەی سوریالی دەکێشا.

هەندێک جار، نم نم، وێنەی دوو عاشق و،

ماوە ماوەش، بە لێزمە، وێنەی سێڵاوی نێو کۆڵان و شەقامەکانی دەکێشا.

لەو کاتەدا: خەیاڵم بۆ هەندێک وێنەی «پێدرۆ فیگاری»‘١٣’ دەچوو،

کە زۆر شەیدایانە، تێکەڵ دەبوو بە باران…

ئێرەییم بەو گاجووتە دەبرد، کە زەوییەکانی وێی دەکێڵان.

ئەم گوندەی ماوەیەک لێی دەمامەوە، ڕێک بەرانبەر گوندەکەی خۆسێ مۆخیکا بوو،

ڕۆژێک هەواڵیان پێدابوو، کە من لێرەم، ئیدی منیش چوومە لای.

بەڵگەنامەکانم وێدان، بە تلاکتۆرەکەی هات و گاسنەکەی تێ خست،

گوتی: با بچین زەوی ئەو جووتیارانە بکێڵین.

 

 

خوان میرۆ – ئیسپانیا  ١٩٧١- ١٩٧٥

 

 

 

 

نیوەڕۆیەک لەگەڵ خۆسی مۆخیکا، لە بارەی سادەییەوە دواین:

 

 

داسە: بە ڕەنگی ستیل، غەمی زەردی، لە کێڵگەی خەزانی ئێمەی دەدورییەوە.

بیور: بە ڕەنگی سەوز، دەکەوتە دارستانی دڵمان، ژینگەی سەوزی دەقەڵاشت و، ڕۆحی جیا دەکردەوە.

موشار: بە دەنگی دان جیڕ کردن، لە سپێتیی خەندەمان، خۆشی قاقای دەبڕییەوە.

پاچ: بە هێزی دەستمان، کەوتبووە هەڵکەندنی ڕق ئەستوورییمان، لە گۆڕستانی دڵمانەوە.

پێمەڕە: بە زەبری پێمان، خاشاکی خۆمانی، هەڵدەدایە نێو چاڵی ژیانەوە.

 

ئێمە وابووین، شەو کە بە جێی هێشتباین، بیرمان لە کفن دەکردەوە، فانۆس لە تاوان دەکوژایەوە.

ئێمە وابووین، دڵمان بە پڵتە پڵتی فتیلە خۆش بوو، دونیای سوننەتی لە بەرچاومان دەبریسکایەوە.

ئێمە وابووین، کە ئاونگی سەر گیامان دەدیت، سوێندمان پێ دەخوارد و، ئارامیمان بە دڵ دەدایەوە.

هەتاو لە نیوەڕۆیاندا، بانگهێشتی نێو حەوشەی دەکردین و، گیزەگیزی سەماوەر، دڵخۆشی دەداینەوە.

 

 

لە دڵتەنگی شەوەوە:

 

شەو، چۆن دەهێڵێت ئەستێرە خەوی لێ بکەوێت، کە هەژارێک لەسەر پارچە مقەببایەک بخەوێت.

مۆنتەڤیدیۆ، چۆن ئیجازە بە خۆی دەدات، لە شەقام و کۆڵانەکانەوە، سەیری ئاوێنەی ڕۆژ بکات.

من دەڵێم: دەرد و مەینەتی هەژار، شەو چارەی پێ ناکرێت و، ڕۆژیش دەڵێت: مەرهەمی دەوێت.

کێ هەیە: لەگەڵ چینی کرێکار بێت، گەر وشە بە دوای یەکدا ڕیز نەکات و، بۆ قافیەی شیعری نەبێت؟.

کێ هەیە: لەگەڵ کێشی ژیان هاودەم و غەم بێت، گەر تیری ڕۆژگار، قووڕەقووڕی لە سکی نەهێنێت؟.

 

* مرۆڤێکی جێهڵدرا و لەفۆتۆیەکی مارکۆسدا، ئەم فۆتۆیە 1980 دا لەگواتیمالا گیراوە ..
* مرۆڤێکی جێهێڵدرا – فۆتۆیەکی مارکۆس بیبل ڕیته‌رد ئەم فۆتۆیە 1980 دا لەگواتیمالا گیراوە ..

 

 

 

بەیانییەک، کە جوانی لێرە دەدرەوشێت:

 

 

بەیانیانی ئێرە بە تۆوە جوانە، گوڵەمێلاقە، زیاتر دەدرەوشێت.

گەر تۆ هیوات نەبەخشیبێت، باغەوان بەدیارییەوە پیر دەبێت.

بە دوای مەقامی ژیان ڕێ ناکەم، گەر لەوسەرەوە حەیران بێت.

لەززەتی سەرما لەوەدایە، گوێم لە گۆرانییەکی حەمە قوتوو بێت.

 

لە پەنجەرەوە دەبینم: پەنجە و لێوی دوو یار دەلەرزێت؛

چاوم بە حاڵ دەیانبینێت، کە شینومۆر بوونەتەوە.

وەختێک کە کولووەبەفر، جامی پەنجەرەکە دادەپۆشێت:

ئیدی ماچ، گەرمیی و ڕەنگیان پێ دەبەخشێتەوە.

 

«لێرە: هیچ بڵێسەیەک ناکوژێتەوە، ئەوەی دەمرێت… لە شاری خۆڵەمێشەوە هاتووە. لەوێ: لە نێوان من و نەمرییدا، ئەو حیکایاتانە بوون… کە بۆیان خوێندبووینەوە. بە باڵی قەقنەسەوە ناڕۆم، لە ئاسمانی ئەرژەنتیندا بسووڕێمەوە. درۆ بە نێوی ژێر بارانی هەور ناکەم، بسووتێم و زیندوو ببمەوە. وەک چۆن هاتووم، ئاواش دەڕۆم، شانۆیەک لەوێ نمایش دەکەم، ئیدی نازانم چیم لێ شین دەبێتەوە.»

***

 

 

 

لە ئەرژەنتین:

 

«بینەرانی هێژای شانۆدۆستان… دوای ئەوەی گەیشتمە بوێنس ئایرس،‘١٤’ لەگەڵ «ئانتۆنیۆ گەساییا»‘١٥’ بڕیارماندا: لە ساڵڕۆژی ماڵاوایی «کارلۆس گۆرۆستیزا»‘١٦’ شانۆیەکی هاوبەش لە نێوان کورد و ئەرژەنتین، بە نێوی «قەلەڕەشەکان بیزاربوون لە قاڕەقاڕکردن»، لە نووسینی: پێشەوا کاکەیی و، دەرهێنانی: ئانتۆنیۆ و، بە بەشداری چەند ئەکتەرێکی دی نمایش بکەین، بە هاتنتان خۆشحاڵ دەبین، لە ڕۆژبەری: ١٩/ ٠١/ ٢٠١٧، کات: ٦ی ئێوارە، شوێن: هۆڵی شانۆیی کۆلۆن/ سیریتۆ ٦٢٨، سیوداد. ئاوتۆنۆما/ بوێنس ئایرس/ ئەرژەنتین. بۆ کڕینی بلیتی شانۆ، پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بکەن: ٠٠٥٤١١٤٣٧٨٧١٠٠»

 

 

شانۆی: «قەلەڕەشەکان بێزاربوون لە قاڕەقاڕکردن»

 

 

«ژیان، شانۆیەکە: تێیدا دەوری ڕەشەبا و مەرگ و جوانی دەبینین. دەنگ بەرز دەکەینەوە و دەقیژێنین، تاکوو دەنگمان کپ کپ دەبێت و، بە هێواشی بۆی دەگریێین.»

 

پەردەکە لادەدرێت: «دەنگی دەف دێت…»

 

سلڤادۆر دالی ؛ خەوتن ١٩٣٧

شوان عەتووف:- «بۆن دێت، بۆن… ئا ئا، خۆ بە درۆم نییە، بۆن دێت. پێدەچێت ئاسمان بۆنی مەرگی گرتبێت، ئەی ئەو قاڕەقاڕە چییە و لە کوێوە دێت. خۆ پاڵەپەستۆی ئەستێرە نییە و، ئاسمان نێزەکێکی لەبارچووبێت. نا، ئێمەین خوێنمان لێ دەچۆڕێت، ئەم قەلەڕەشانە، سەمەتیان چوو لەوەی هەموو ڕۆژێک بقیڕێنن… دەیانەوێت دەنگمان بدەن و پێمان بڵێن: هەوای ئەم ئاسمانەتان پڕ کردووە لە تاعوون و، بۆنی خوێنی لێ دێت.»

 

مییا مایسترۆ‘١٧’:- «بۆن دێت! نا من بۆن ناکەم. دەشێت ئەم قاڕەقاڕە، هەواڵی گەڕانەوەی زانایانی گەردوونناسی بێت، کە دوا جار گەیشتبنە ئەو دەرەنجامەی، کە لەسەر مەریخ دەتوانین ژیان بکەین، واتە: شانۆش بکەین.»

 

ئانتۆنیۆ:- «خاتوو ماییا، کەواتە: دەتوانین سەمای تانگۆش بکەین. گەر سەما نەکەین، سات دوای سات ژیان دەکوژین، ژیان وەک تۆپێک وایە، جارێک ڕەشەبا دەیبات و جارێک خۆمان شەپی تێ هەڵدەدەین.»

 

ئێریکا ڕیڤاس١٨’:- «گوێبگرن، کات بەم قسانەوە مەکوژن، با خێرا فێری زمانی ئاو بین، گەر ڕەشەبا هەڵکات، ئەم زەریایانە زمانی ئێمە و زەمەن نازانن. نازانین شەپۆلەکان بۆ کوێمان دەبەن. زۆر گوێ لە شوان مەگرن، ئەو دڵی پڕە.»

 

شوان:- «هێهێ، هێهێ، جا ئێوە کەی بیرتان لە مردن کردۆتەوە، تا خەیاڵی ئاسمان بزانن، تا ئاماژەی باڵندە بزانن. نا، ئێوە نازانن، ئاماژە و زمان دوو هاوکێشەی جودایە؛ ئێوە زمانی باڵندەتان خوێندۆتەوە، ئاخر باڵندە لێرە ئاماژەی نییە، زماندۆستی هەیە. لای مە، باڵندەکان ئەوەندە سەرقاڵن بە ئاماژەوە، زمانی خۆشیان بیرچۆتەوە!.»

 

مایسترۆ:- «نا، ئێمەش وەختێک لەسەر کەشتیگەلەکانەوە، بۆنی مەرگمان دەکرد؛ لێ ئێستاکە شوێنێکمان هەیە بۆ سەما، بەس دەمانەوێت سەما ببینە سەر مەریخ.»

 

شوان:- «ئێوە شوێنی خۆتان لە مردن دوورە، ئێمە ناتوانین لە مردن لادەین، گرفتی ئەم قەلەڕەشانە لە ئاسمانی مەدا، مردن و ژیانی بۆ جودا ناکرێتەوە. مردنی ئێوە، خولەکێکە ئاشنایەتیتان دەگەڵدا دەکات؛ ئێمەش ژیانمان، هەر بە مردنەوە دەیگرێت.»

 

ئانتۆنیۆ:- «ماییا مایسترۆ، شوان ڕاست دەکات، من ئێستا تێدەگەم، مردنی ئێمە ئەستێرەیەکە، کە لە مرۆڤەوە لەدایکبووە؛ مردنی ئەوان هەموو ئەستێرەکانن لە خۆیاندا. ئاخ مایسترۆ و شوان، گەردوون تووشی چ دەردێک هاتووە، دەبێت قەلەڕەشەکان بکوژین.»

 

ڕیڤاس:- «ئێ ببوورە شوان، نەمانزانی زەمەنەکە، زەمەنی زمان و ئاماژەیە. بەس ئانتۆنیۆ، نابێت باڵندەکان بکوژین، دەبێت فێری زمانی ئەوانیش بین و ئەم جیهانەی ئاماژە لە مردن ڕزگار بکەین.»

 

پێشەوا:- «بەڵێ بەڵێ، بۆیە من قسەم نەکرد، ئەوەی شوان دەیڵێت: دروستە. بەڵێ  ڕیڤاس، جیهانی ئاماژە، مرۆڤگەلێکی تێدا کوژراون، کەوایە، با هەموومان سوپاسی ئاماژەی قەلەڕەش بکەین و فێری زمانی ئاوی بکەین.»

 

مایسترۆ و ئانتۆنیۆ و ڕیڤاس:- «تێکڕا بەسەر یەکەوە: با بکوژ لەسەر خاکی زەمین دەربکەین، با پێکەوە زمانی مۆسیقا و جووڵەی سەما فێربین.»

 

شوان و پێشەوا:- «بە خۆشحاڵییەوە، بۆ نا، خۆشمان شمشاڵێکی غەمگینین، لە جووڵەشدا سەماکەرێکی عەجیبین.»

***

 

پەردە دادەرێتەوە…

کۆتایی.

***

سوپاس بینەرانی خۆشەویست…

***

 

 

دوای شانۆ، تاوێک ستاییشی گیام کرد:

 

 

تاوێک لە باغی نێوشار دانیشتم، جوانیم لە شیری گیادا دۆزییەوە.

هەر پەلکەگیایەک، وەک دەروێشێک، شیر لە زمانی چۆڕایەوە.

گیاش حەزی لە شانۆیە، لەگەڵ شنەبا، دەوری بەیانیان بگێڕنەوە.

گەر هەموو دونیاش بگەڕێم، بەبێ گیا: ڕۆح و دڵم، شین نابنەوە.

 

تۆ ئەی گیا، گەر ڕۆژێک لە نێو پاوانی تۆدا ون بووم و، شین نەبوومەوە:

باران وەک مەقامبێژێک، دڵنەوایی من ناداتەوە؛ گەر تۆ بۆم شین نەبیتەوە.

ئاخ بۆ پاییز هەڵناکێشم، چنگێکت لێ بدەم: حەیرانی کاوێساغات بۆ بڵێمەوە.

ئاخر هەر لە ئەزەلەوە: خودا، تۆی بەخشیوە، هەموو بەهاران شین ببیتەوە.

 

 

پیاسەیەک بە نێو گەڕەکی نووسەراندا:

 

 

نازانم، ئەم گەڕەکەی ئێرە، ڕەنگی لە کوێوە هێناوە، نسێی حەوشەی ماڵەکانیان: هێشووە ترێی گرتووە.

کووچەکانی، وەک لای ئازەرییەکان بە ئاو پاککراوەتەوە؛ دیوارەکانی، بە وێنەی چێ گیڤارا ڕازاوەتەوە.

یەکێک لەبەر پەنجەرەوە: خەیاڵی، لە دوکەڵی سیگارەکەی دەدزی، تاکوو شیعرێکی خۆرخێیانە بنووسێت.

یەکێک خەریکی باغداری بوو، دەیگوت: وێنەکانی «مارتین مالارۆ»‘١٩’ بە فڵچەی ڤان کۆخ کێشراوەتەوە.

 

بەر دەرگاکان، بۆن بخووریان لێ دەهات، وامدەزانی بە نێو بوخارادا تێدەپەڕیم و بۆ سەمەرقەند دەچم.

درەختی ماڵەکان، پڕپڕ بوو لە دەنگی بولبول، گۆرانییەکانی «چارلی گارسیا»‘٢٠’ دەزرینگانەوە لە گوێم.

ماڵ هەبوو، کە تیشکی خۆر لێی دەدا: ڕووناکیی، بەسەر شوێن پێیەکانمیدا دەپڕژاند و، دایدەگیرساندم.

ماڵ هەبوو، ئێرەییم پێ دەبرد، حەزم دەکرد بەر لە جێهێشتن، ئاوێنەی پەنجەرەکانیان وردوخاش بکەم!.

 

 

چوونە نێو خێڵان، بە یادی ڕەشماڵی خێڵان:

 

 

لێرەکانێ «با»، تێکەڵی بە کولتوور و زمانی کردووم، تاکوو کتێبی گونجان بخوێنمەوە.

یەکێک بە جلێکی تبتییەوە، دەستی پڕ لە نوور، وامزانی «دەلای لاما»یە، دەسووڕێتەوە.

یەکێک لە نێو ڕەز، بە گۆرانی پۆپەوە، پیشەی ترێ چنینی، خستبووە قاپێک شەڕابەوە.

ڕەشماڵی ئێرە جۆرە دارێک بوون، لە بری سنگ، بزمار داکوترابوون بە خانووەکانەوە.

چەند کێوم بڕی، دواتر لە پاتاگۆنیا‘٢١’مامەوە؛ بۆ تامی شیر، سەرقاڵبووم بە مەڕوماڵاتەوە.

خۆشیش نەبوو هەموو ڕۆژێک دەریا ببینیت، ڕاز و نیازت دەگەڵ خۆیدا قووڵ بکاتەوە.

لە جیات ئەوە: وەک کوردێکی قەوقازی، گوتم، مێژووی کەشتی نووحتان بۆ دەگێڕمەوە.

 

 

«سڵاوم ناردە باڵندەکان، کەچی لەبەر لاوازییم، باڵندەکان لە برسان لەسەر سەرم دەسووڕانەوە. هەر ئەو ئێوارەیە، ڕێبوارێک بەو سەرماوسۆڵەوە هەڵیگرتم و، ئاگام لە خۆ نەما، نازانم چۆنچۆنی منی بە ڕووباری پارانادا،‘٢٢’ بۆ پاراگوای، پەڕاندبۆوە.»

***

 

 

لە پاراگوای:

 

لە ئایۆلاس،‘٢٣’ لە ماڵی خاڵە «لۆپێز»، کە پیاوێکی پیری ئەو شارە بوو و، منی لە مردن ڕزگار کردبوو؛ سبحەینەکەی لە خەوی ڕاست کردمەوە، تاکوو بچینە دەرێ، تیشکی هەتاو… سەرمام نەهێڵێ. ئەو، باغێكی گەورەی هەنار و سێوی هەبوو، هەنار: شیعری تەڕی بۆ دەنووسی، سێو: گومانی دەڕەواندەوە لە پیریێتی. ئەو، گوتی: هاوینان لە بێستانەکەمدا کاڵەک و شووتی دەکەم؛ منیش، گوتم: ئاخ چنگاڵت بیر خستمەوە، حەزم لێیە قاشێک شووتی پێ بخۆم. ئەو، سەوزەخۆرێکی سەیر بوو، حەوشەکەیان لە هەموو جۆرە سەوزەیەکی تێدابوو. کە چاوم بە کەوەر کەوت، هێندە نەوسنانە گوتم ئاخ بۆ ساوەری کوردی؛ جا یەک دەستکە تەڕەتیزەشی لەگەڵدا بخۆی. وەک ئەوەی لە کانی وەتمان لامدابێت، شۆفێری پاسێک ببم و، خواردنی تایبەتم بۆ بێت!.

 

 

دوای باشبوونم، چوومە بازاڕ:

 

 

پاشنیوەڕۆیەک، چووینە دووکانی تەنزیلات فرۆشێک، تا بزانم داشکاندنی چەند بۆ شتەکانی ئێرە دەکرێت.

جانتایەکم پێویست بوو، پڕی بکەم لە قەڵەم و دەفتەر؛ بچمە قوتابخانەیەک، بە زمانی ئیسپانی و گوارانی‘٢٤’ بخوێنم.

بە نێو قەیسەرییەکانی شاردا گەڕام، کە لەچکێک بۆ نەنە خانزاد بکڕم و، سێچارەگییەکیش بۆ باپیرەم دیاری بکەم.

فنجانێک بۆ پوورە «لوپیتا» بۆ وەی بەختم بگرێتەوە، خاڵە لۆپێز دەیگوت: ئەو ژنەم کە فاڵم بۆ دەگرێتەوە، دڵخۆشتر دەبم.

لە قاوەخانەیەک، جلی زەردەشتم بینی، ئەوەندە شاگەشکە بووم، وامزانی ئاتەشگایە؛ کە چوومە ژوورێ: سڵاوم لێ دەکات.

لە مۆزەخانەیەک، گۆچانی مووسام بینی، ئەوەندە هەڵلەرزام، وامزانی لە کێوی جوودیم، ڕۆحی پڕ لە نوورم نیشان دەدات.

لە مەیدانێک، پەیکەری عیسام بینی، هێندە بگریم، شینومۆر بوومەوە؛ وامزانی ئێستایە، بە بەرچاومانەوە: لە خاچ دەدرێت.

لە بازاڕ زۆر شتم دیت، لەبەر خۆمەوە، دەمگوت: ئەزیزم سەیرکە ئەزیزم، بە دڵی خۆت هەڵبژێرە، بووکەشووشەت ناوێت؟ ئەم شەختەیە وەهای لێ کردبووم، شەوقی برین، لەسەر لێوی بە جێهێشتبووم؛ دەمگوت: پاڵتۆیەکی سپی تووکناویت ناوێت؟

 

 

خاڵە لۆپێز، لە خەیاڵ ڕایچلەکاندم، چووینە مێرگۆڵان،

بینیم هەموو پەرییەکانی وێ: بە شەوقەوە سەما دەکەن.

یەکێک، گوتی: وەرە ببینە، دڵۆپە شەونمی نێو دۆڵان،

دە بنۆشە، شەڕابی شیرین، لە گرێکوێرەی هەرتکیان.

 

نەمویست باسی هەنار و ستانی لەگەڵدا بکەم.

جیاکاری عیرفانییەت و مۆدێرنەی بۆ بکەم.

نەمویست بڵێم: ئەم هەنارە چۆن پێگەییشتووە.

بەم مۆدێرنەیە، ئەم دوو لاسکە پەڕۆیە چییە!

 

بیرم کردەوە کوفری شیرین چییە، گەر ڕووناکی پەری ئێرەم بەرنەکەوێت.

سەرخۆشی چییە، گەر دەم بە قاپێک شەڕابی خەستی کانییەکانییەوە نەنێیت.

خەیاڵ چییە، گەر جەهەندەمێکم بۆ دانەگیرسێنێت، یەکێک بە کوڵترم بێنێت.

بەهەشت چییە، کە هەر تەنیا بم و بێ بەرکەوتنی یەکێک، لە خۆییم بگرێت.

 

«دوای مەستبوون، ستاییشی خاڵە لۆپێزم کرد و، جێمهێشت. ئەو بێدەنگ، ڕق و قینەی نەبوو، ستەمی خستبووە بەر دەمی موشار، تا هەنجن هەنجی بکات ڕۆژگار. هەمیشە دەچوو بە هانای ڕێبوارەوە، خزمەتیشی دەکرد لە ماڵەوە. خۆشتر لەوە، پوورە لوپیتا، دڵخۆشی دەدایەوە.»

 

 

دەمەتەقێ لەگەڵ سەعاتسازێک، لە بارەی عیشق و زەمەنەوە:

 

ئەو، سەعاتسازێک بوو، ترپەی دوو دڵی، لەگەڵ چرکەی کاتژمێردا: کات دەدا.

ئەوانەی دەچوونە لای، ڕۆژهەڵاتییەکان بوون، زوو زوو چرکەی دڵیان دەوەستا.

 

ئەی کات، ئەوەی دەمبات و فڕێم دەدات، تۆیت؛ نامگەڕێنیتەوە پێش خۆت.

ئەوەی دەموەستێنێت و ژەنگ لە دڵمدا بە جێدێڵێت، تۆیت؛ کە نابم بە خۆت.

دڵەکان لە سووچی چرکەوە چاوەڕێی یەک دەکەن، کات تووشی دڵەڕاوکێیان دەکات.

کە دەچنە ژوانەوە، کات تووشی زامارێکی قووڵ بووە، چرکەش هەر زیکر دەکات.

 

ئێمە لە ڕووداو دەڕوانین، کەچی ڕووداو خۆمانین، ملی شوێن دەگرین و کاتی پێ دەکوژین.

ئێمە دەمانەوێت عاشق بین، کەچی عاشق بووین و، دەیدەینە ملی کات: بە چرکە خۆبکوژین.

لەوسەری تاریکییەوە هاتووین، کەچی ڕووناکیی بە کات دەپێوین و، شەوی یەڵدای پێ دەگرین.

لە شەودا، بە ڕووناکی دڵمان، تاریکیی ڕۆژ دەرباز دەکەین؛ کەچی سپێدە لە خامۆشی دەگرین.

 

چۆن خۆحەشاردەین، ئەم ڕووناکییە پیسەی دەرەوە، لە خۆ دەرکەین.

چۆن دەرکەوین، ئەم تاریکییەی نێومان، جیهانی پێ ڕووناک بکەین.

کات ناگات بە فەنابوون، کەچی ئێمە گەردوونی پێ تاوانبار دەکەین.

خولەک هەر عاشقی شوێنە، دەبێت کەی بێت ئێمەش لێوەی فێر ببین.

***

 

«لە ستاییشی عیشقدا، کە بڵێسە جێنەمێنێت، تاریکیی تووشی کوشندە دەبێت، گەر بە نێوی ڕووناکییەوە: لێرەوە ڕەت ببێت!.»

***

 

 

 

 

لە بۆلیڤیا:

 

 

 

لێرە: لەگەڵ بەرد ئەوەندە ئاشنام، عاریفیش، ئاوا زوو ناچێتە نێو دڵییەوە.

ئێ کە وەک گوڵ ڕۆشن بم، کێ دەڵێت: پەپوولە باڵی بە فڕین دەکەوێتەوە؟

لێرە: کە لەگەڵ بەهایییەکان دەدوام، ڕۆحم، هەستی بە فڕین دەکردەوە.

دەی ڕۆحم لە هەر لایەک بێت، دەیەوێت بە ستوونیدا بچێتەوە سەرەوە.

لێرە: بە هۆی کولتووری جیاوازەوە، ئاڵای نەتەوەکانی، هەر دەژاکێتەوە.

ئێ کە لەگەڵ دەنگ و ڕەنگدا نەگونجێم، بۆچی بە دوای ئاییندا بخولێمەوە؟

 

 

با ژیانیش لێرە، پڕ لە تەلیسم و نزا و سیحر بێت و، پیرۆزی بە پەیکەر بدەنەوە؛

من کە لە خێڵ و تیرەی دیکەوە هاتبم، چ دەبێت: لەگەڵ هۆزەکانی ئێرەدا بێمەوە؟

ئێمە لە ئەزەلەوە، بە بریسکەی زامێکەوە دەسووڕێینەوە: مەرهەمێک نییە لە بوونمان بدەینەوە.

لێرە کە دڵمان بە مەرهەم خۆش نەبێت، بۆچی بوونمان نەخیەنە بەر نەشتەری تیشکی خۆرەوە؟

 

 

گفتوگۆ لەگەڵ ئایمارایی و کیچواییەکان‘٢٥’ لە بارەی ڕۆحەوە:

 

 

ئەی قوڕ، لە تۆدا شار دروست دەکەین و، تۆیەکی دی تێدا دەکوژین؛

هەرواش بۆ هەتاوی سبەی، نینۆکی پەنجەکانی دەستمان دەکرۆژین.

 

ئایماراییەکان:-

کە بە دوای هەوردا وێڵین، دارستانمان لا جوانتر دەبێت؛ هەست دەکەین ڕۆح لەوێ دەبارێت… بۆیە هەمیشە سەوزە.

کە دارستانمان سەوزە، دڵمان بە بولبول، بە ڕەفتاری سڵێمان خۆشە؛ بۆیە هەست دەکەین هەموو باڵندەیەک وێڵی مەیە.

 

کیچواییەکان:-

حەز دەکەین شمشاڵ بژەنین، پڕ بە کونەکانی، ژێی دڵمان تێکەڵ بە جیهان بکەین؛ خودا دەزانێت بۆچی غەمگینین.

کە غەمگینین، نازانین بە سواری چ بەلەمێکەوە هاتووین؛ زەریاش نین، ڕۆحمان وەک شەپۆل، بە کەفوکوڵ بێنین.

چ شک دەبەین لە ئاو: گەر مانگ، نەکەوێتە حەوزێک ئاوەوە و، لە سەتڵێک ڕا نەیهێنین و، ڕۆحی پێ بدوێنین.

چ شک دەبەین لە زەوی: گەر خۆر، تیشکی وەک ئاور نەپڕژێنێت بە سەرماندا و، کێوی دڵمانی پێ نەسووتێنین.

 

 

 

لە زنجیرە چیاکانی ئەندێزەوە:‘٢٦’

وەک شوێنەوارناسێک، لە دڵی ئەو کچە چاو هەنگوینینانەم دەکۆڵییەوە/ کە یاری خڵیسکنێی سەر بەفریان دەکرد و، نیگایان دەکەوتە نێو تۆپەڵە بەفرەوە/  سپێتی ڕۆحیانم، لە پڕوشەدا دەبینی و، جوانیان دەتوایەوە/ هەندێکیان لە شاخێکی دی، بە دوای ترشۆکەدا دەگەڕان/ هەندێکیان چادریان هەڵدەدا و، وەک گەڕیدە دەمانەوە/ کە «با» هەڵی دەکرد: حەرف، لە وشەی مێژووی هەڵدەدانەوە/ یەک لە دوای یەک، کۆتایی ڕستەی ئیمپراتۆرەکانی دەخوێندەوە/ لوتکەی ئەم شاخانە، وەک تەڵا لە بەرچاو دەردەکەوت/ وەک خاوەنشکۆکان، کە لەسەرەوە دادەنیشتن و، یەکێک لەسەر چۆک بۆی دەکەوت/ بە دوای ئەو ورچانەدا دەگەڕام، کە تابلۆی نێو بەفریان تەواو دەکرد/ بەدیار ئاورۆچکەیەک، گوێم لە دەنگی کەو دەگرت و، کەروێشک بانگی دەکرد/ بە دوای یەکەم قاپدا وێڵ بووم، کە پێكێک شەڕابی پێ خوراوەتەوە/ بە دوای یەکەم زەنگوڵدا دەگەڕام، کە چۆن لە ملی نێریدا دەزرینگایەوە/  شوێنگەلێکی لێ بوو، پڕ بوو لە نەبینراوی مێژوو، پڕ بوو لە چیرۆکی بزربوو/ کەلاکی ئەسپم لە نێو بەفردا دۆزییەوە/ شمشێری جەنگاوەرێک، بە چەقیوی لەسەر تەپۆلکەیەک دۆزییەوە.

***

 

«دوا جار، وەک کەژەوانێک، بە هەناسەبڕکێ لە چیاکان هاتمە خوارەوە، ڕووم لە وڵاتی چیلی کرد و، لەوێ گیرسامەوە.»

***

 

لە چیلی:

 

من لە عوسمانییەکان نیم، وەک سەدەی نۆزدە و بیستەم، وا کریستانییەکان ناچار بکەم، کە باجیان لەسەر دابنێم.

لە پاشماوەی ئەو سەدانەوە هاتووم، هێندە نەفرەتم لە عوسمانییەکان کردووە، وەک ئێزیدییەکان شاربەدەر کراوم.

هێشتاش بە دوای زامی قووڵی ئەو کچە ڕەشتاڵانەدا دەگەڕێم، کە پەرتەوازە بوون و، هێندێکیان هاتوونەتە ئێرە.

ڕەوانەم مەکەنەوە، ئەو کێوانە دەزانن، کە پەیڤەکانم، لە ژێر هەوری ئاسمانی ئێرەدا: وەکوو باران دەچۆڕێنەوە.

 

بە ڕۆحێکی پڕ شەکەتەوە، بە ڕۆژگارێکی پڕ ژەهراوییەوە:

دەمانەوێت تەنیاییمان بشارینەوە، کەچی ڕووت دەردەکەوینەوە.

هەر بە شیوەن گرتوومانە، چێژ لە ئازار دەبینین، ئاسوودەیی: کوشندەمانە.

ڕاکەڕاکمان بۆ بیابانە، چێژ لە «با» دەبین، فڕینمان: گێژەڵووکەی وڵاتانە.

وەک بیابانی ئاتاکاما‘٢٧’ ئەو دۆڵ و کەندەڵان و تەپۆلکە وشکانەمان لەبەر ڕێیە.

لەم تراویلکەیەشدا: دڵمان، تەلەسکۆبێکی مەزنە، کە جیهان چاوی تێوە بڕیوە.

 

 

لە نێو دێهاتەکاندا:

 

 

ژنانی وێ: وەک پیاوان، هەریەکە و بە نەریتی لای خۆیان، جلی پۆنچۆیان‘٢٨’ دەپۆشی/ هەبوو وەک شاژن دەردەکەوت، هەر حەزت دەکرد ببێتە کەسی فەرمانڕەوایی/ کچانی «ماپۆچێ»‘٢٩’ بە پرچی خاوەوە، سەڕقاڵ ببوون بە ئەسپسواری/ بە دەم گۆرانییەوە، بە نێو شیناوەرد و چەمنزاردا دەڕۆیشتن، بە ئاوازی سوننەتی/  منداڵان، لەسەری کۆڵانەکان، چاوەڕێی ڤیکتۆر خارایان‘٣٠’ دەکرد، بە گیتارەکەی فێری شۆڕشیان بکرێ/ تاکوو کە پەراسوو و دەستیان شکا، ڕۆحی شۆڕشیان، گیتار بژەنێ/ گەر سروودی تەواو نەکراویش بە جێما، تەواوی بکەن و، هەستنەوە سەر پێ/ دەبێت کەی بێت، گیتارژەنێکی کورد، دژی دەسەڵاتدارەکانی، بە دەستەبڕاو و خوێناوییەکانی، سروودی یەکگرتوویی بخوێنێ!.

 

 

پاپلۆ نیرۆدا و مارکیز

 

 

غەزەلخوانێک، بۆ گیانی گابرێلا میسترال و پابلۆ نێروودا:

 

شەو، بەو ڕەنگەی خۆیەوە، دەچێتە نێو زەمبیلەوە، تاکوو سبەی ڕابکشێت.

تەسەلای چوو، لەو چاو بۆ ئەو چاوە، وەکوو دەستگێڕ، هاموشۆی هەبێت.

میسترال، بەو غەمگینییەوە: لەو گوند بۆ ئەو گوند، گوڵەبەیبوونە دەچنێت.

تاکوو لە دڵی ئەستێرە بدات و، لە بری تروسکایی: بۆن بە شەو ببەخشێت.

 

درەخت کە سەوز دەبێتەوە، قەد بیری دەچێتەوە: کە زەمین بەدیارییەوە، چ ژانێکی گرتووە.

قامیش کە بە نێوی شمشاڵەوە زا، بۆ وەی: ئاوازی غەمگینی، بچێتە نێو گوێچکەی مرۆڤەوە.

نێروودا، کە تۆزقاڵێک شەونمی شک دەبرد، جوانی، وا بە ڕۆشناییی ڕۆحییەوە دەبەستەوە:

کە زۆربەی زۆری شەوان، مانگ، هەر بە زیکرەوە: خۆی بۆ دەخستە نێو حەوزی ئاوەوە.

***

 

«دوا شەوی من لێرە: چاوتروکانێکە لەو ئەستێرانەی کە وەک کولووەبەفر دەکەوێتە سەر ڕۆحی هەپروونمان.

دوا بەخشینی من لێرە: نزاکردنە وەک عاشقانێک، کە لە خودا هیچیان مەتڵەب نییە، جگە لە نوور بەخشین!.»

***

 

لە پێروو:

 

 

ئەوەندە بە پەلەپروزکێ، پێم لە خاکی ئەو دیو هێنایە دەرێ:

وامزانی کەڕەتێکی دیکەش، جەنگ، لە نێوانیاندا دەقەومێ.

نەک بە جەستەیەکی بیمارەوە، بە خەونێکی وا باڵشکاوەوە:

فڕینم بیرچێتەوە و، لەسەر سنووریش خوێنم لێ چۆڕێتەوە.

***

 

دەبێت دوور بڕۆین، خێرا ڕاکەین، دڵی زەمین بە چ بدەیەنەوە: کە شیلەی گڕگان، ڕامان بدات.

بە نێوی خۆڵەمێشەوە دەچینە خزمەتی، کەچی وەها دڵمان شێواندووە: بە قرپی، قانگمان دەدات.

کە دڵمان لە گڕکان دەچێت، پەیڤمان، بەرد دەهاوێژێت؛ جارجاریش وەک کێو خۆی دادەکوتێت.

هەر زەمەنێکیشە: کە ئەم دڵەی ئێمە، لەوسەر بۆ ئەوسەری دونیا، حەزی بۆ جموجۆڵ دەچێت.

 

 

وەک گەڕیدەیەک، بە نێو شارستانێتیی ئینکادا:

 

بە چ جیهانێکەوە بەستراوین، لەوەتی هەین: بە هەموو چەشنێکەوە، لە دەرگای ئیمپراتۆرەکانەوە دەچینە ژوورێ و، لە پەنجەرەی دیکتاتۆرەکانەوە دەڕوانینە دەرەوە. بە دوای پەیکەری خۆماندا دەگەڕێین، کە چۆن هەڵکۆڵدراوین بەو شاخەکانەوە. وەک فەلەکناسەکان، بە دوای هەسارەیەکدا وێڵین، کەچی بە ئەفسانە لێک دەدرێینەوە. وەک بەختگرەوەیەک دەردەکەوین، ژیان لە فنجانەیەکدا بخوێنینەوە. دەمانەوێت لە هێزی سوپا ڕاکەین و، کەچی ترپەی ڕا‌هێنان، لە دڵماندا دەنگ دەداتەوە. لە «کوسکۆ»‘٣١’ فرە خودایی، لە نێو دڵەکاندا دەدرەوشێتەوە. کاری مرۆڤ چییە، گەر بڵێسەی خوداکان… بۆ مرۆڤایەتی نەدرەوشێنێتەوە. هەمیشە شوورایەکمان داناوە لە نێو دڵمان، بۆیە سەربازەکانی نێو ئەقڵمان، قەڵایان قیت کردۆتەوە. هەموو بە تەفسیری خەوەوە گرتوومانە، تاکوو خەونی پادشاکان لێک بدەینەوە. وەها خۆ نیزیک بکەینەوە، بچینە «ماچوو پیچوو»‘٣٢’ بۆ وەی سەرمان لە هەور نیزیک بێتەوە. وەک تیشکی خۆر پڕژاوین و، هەتاو دەماننووسێتەوە. خۆمان دەکەین بە مێژوو، تا لە مۆزەخانەکان دابندرێین و، جیهان لە تەماشادا بمانخوێنێتەوە.

 

 

وەک «فرانسیسکۆ پێزارۆ» نیم:

 

وەک پێزارۆ نیم، زێڕ و ئاڵتوونی شارستانێتییەکانی ئێرە لەگەڵ خۆمدا ببەم. نەهاتووم بە کۆمەڵێک سەربازەوە، بەرانبەر ئیمپراتۆرییەکانتان بوەستم. زمانی دایکتان کرچوکاڵ بکەم. گەمارۆ ناخەمە سەر کەس و، دەست بەسەر شوێنەوارەکاندا بگرم. سەربازەکان ڕاسپێرم و، گۆمی خوێن دروست بکەم. هاتووم، ڕاڤەیەک بە گوڵ بدەمەوە؛ وەک باغەوانێک جوانی گوڵ بدزم. گوڵی لێو، لە ماچی عاشقان موتوربە بکەم. مشتێک خۆڵ ببەمەوە و، بیرەوەری تێدا بنێژم.

***

 

بە دوای ژنەکانی ئامازۆندا ڕێ ناکەم، گەر وەحشییەت لە خۆم دەر نەکەم. وەک گەڕیدەکانی دی، باس لە ژیانی هۆزەکانی ئامازۆن ناکەم، گەر خۆم لەوانەوە نەهاتبم. بە دوای دوو چاوی خومارییاندا خۆم گوم ناکەم، گەر لە تەماشایاندا ون نەبم.

***

 

«وەک ڕۆحگەرایییەک، بە نێو ئامازۆنی بەشی ئێکوادۆردا دەگەڕێم.»

***

 

 

لە ئێکوادۆر:

 

 

جیهانی ئامازۆن، لەو دیو جیهانبینینی ئێمەوە:

 

بە کاوەخۆ، لە نێو گەرمای ئەم جەنگەڵەی ئێرە، دەسووڕامەوە؛ هەر بە تاسوقەوە هەناسەم دەدا: تا هەستم بە ژیان کردەوە. وەک دارەوانێک، بەو دارە بەرزانەدا سەردەکەوتم بۆ سەرەوە، ئەوسا دەمزانی: چلۆن ڕەگیان لە قووڵایی زەویندا داکوتاوە.

لە دەرەوە هێندە بە شێوەی وەحشیەتی لێی تێگەیشتووین، قووڵ نەبووینەتەوە؛ کە ڕۆح لە ستوونێکەوە، لە خۆی ورد دەبێتەوە.

ئەوانەیش کە هاتبوون و تێڕاچووبوون، پێیان وابوو، کە مرۆڤ لێرە نەسلیان دەچێتەوە سەر مەیموون و، لێیان جودا نابێتەوە.

***

 

لە بری بووکەشووشە، بە دوای بۆقی شووشەییدا گەڕام، بۆ وەی لە ڕۆح زێدەتر تێبگەم.

لە بری پڵنگ و شێر، لە جاڵجاڵۆکەی مرۆڤخۆر گەڕام، تا درۆزنەکان لە داودا گیر بکەم.

لە مێروولەسوورەکان نەترسام، فڕێم بدەنە نێویان؛ لەوێ: بێ ئاو و ئاگر لەگەڵیاندا ژیام.

کە ئەو ژنانەی ئێرەم دیتن، وردتر چوومە نێو نەریتەوە و، زیاتر لە گەڵا و ڕیشە ڕامام.

***

 

لێرە گەر بارانیش دڵتەنگ بێت، نا‌هێڵم «با» خۆی تێ هەڵقورتێنێت و، بڵێت ئەم نوورە چەند خورافاتە.

ڕووبار گەر ڕشانەوەشی بێت، ناهێڵم ئاو بە لیخنییەوە بیگرێت و، دەریا بڵێت: ژیان، چەند ترشەڵۆکە.

وەک کوکوختی، گمەگم لە نێو جەنگەڵەکاندا بە جێدەهێڵم، بەدیار گەڵاکانەوە، ژێیەکانیان دەنووسمەوە.

ئەوەی بە ماڵی مردن ئاشنا نەبووبێت، ناتوانێت دەستپێکی ژیان، بە گۆرانییەکی ئێرە زیندوو بکاتەوە.

***

 

ئەوەی دەمانشارێتەوە لە ڕووناکیی، چڕی دارستان نییە، لەبەر چاومان سەوز هەڵگەڕێت و بیانوومان پێ نەهێڵێت.

ئەوەی هەڵماندەداتە تاریکیییەوە، ڕۆحی پەرتبوونمانە، چۆڕەچۆڕی ئاویش: مەحاڵە ئەو ڕقەی دڵمانی پێ بشۆرێت.

وەک درەختی دینامیتمان لێ هاتووە، کە پێدەگەین، بە نێوی تامی میوەوە: دەتەقێینەوە و، کەفوکوڵی دڵمان دەپڕژێت.

لە بیابانێکدا دەژین، کە غەریبیمان بە خۆڵ دەنووسین و، هەڵەش بە «با» دەسڕینەوە؛  تاکوو ژیانمان تراویلکە بێت.

 

 

 

پاراستنی نەریت، وەک هونەری ژیان:

 

 

بێئەوەی هیچ وێنەیەک بکێشیت، خۆت دەبیتە نیگارکێش.

چاوی منداڵان پڕە لە ڕەنگ، پڕە لە جووڵەی سەرکێش.

لە بری ئەوەی لە نێو پۆلی خوێندندا بیت و، فێری ئەلفبێ بیت:

پۆل پۆل وەک باڵندەکان لە ئاسماندایت و، فێری فڕین بوویت.

باڵەخانەی لێ نییە، لە نهۆمی کۆتاییی، چاوت لە ڕەشەوە بێت و بقیژێنیت.

لە پشتی دیوارەکانەوە خۆشارکە بکەیت.

لە جەڕەسی ماڵان بدەیت و خێرا هەڵبێیت.

وەک منداڵێک دەبێت دۆستی لخی درەختەکان بیت،

وەک گەڵا سەوز هەڵگەڕێیت و، پاییزیش هەڵوەریت.

***

 

بە دەست خۆتە، دەتوانیت ببیتە ڕاوچی، یان هاوڕێی کەروێشک بیت.

هەندێکیان گومانیان هەبوو کە من دانیال ڕۆدریگێرزم،‘٣٣’

بە دزییەوە وێنەیان بگرم و، یان وێنەی نیوە ڕووتی ژنانیان، بە ڤیدیۆ نیشانی جیهان بدەم.

زۆر مامەوە لەوێ، کەچی نەمتوانی هۆز بە هۆز نێهنیان بزانم.

یەکێک بە خەندەوە، گوتی: ئێمە سەرمان سووکە، کەس نییە هاکمان بکات.

نووسینی سەر دیوارەکان بگوازینەوە نێو فەیسبووک و، سەد کەس بلۆکمان بکات!.

***

 

«ئێمە کە لە غەریبی تێنەگەین، نەزانین ڕەنگی چۆنە، ئاسمان بە ڕەنگی غەریبی ڕاڤە ناکەین. کە مەرگ و دارستان ئاڵوگۆڕی ڕەنگ بە یەکدی نەکەن، ناتوانین ڕاڤەی شوێن بکەین. با بە گاڵتە وڕێنە بە نێوی مەرگەوە نەکەین و، ژیان لە سووچی خۆیدا بهێڵینەوە. دەبێت خەندە لە گوڵەگان بدزین و، بە چڵپاوی ژیانمان بەخشینەوە.»

***

 

«بەرەو کۆلۆمبیا، وەک باغەوانێک دەڕۆم بە نێویدا؛ وەک هەمیشە ڕۆحدۆست، دژی گوڵچنین دەوەستمەوە و، ڕۆحی گوڵ ناکەمە قوربانی عاشقی ساختە و، گاڵتە بە ڕۆح بکات. زەمین، ڕەنگڕێژی پەژموردەی گوڵەباغ بکات.»

***

 

لە کۆلۆمبیا:

 

بیرەوەرییەکانی باغەوانێک:

 

مارکۆس، پیاوێکی پیری ڕیش خۆڵەمێشیی و پڕ پڕ لە نوور و میهرەبانی، لە زمانی گوڵ بترازێت، زمانی دیکەی نەدەزانی.

ئەو، باغەوانی گۆڕستانی تولکان‘٣٤’ بوو، شێوەکاری ڕۆح بوو،

لە چنگەپشیلە: شوورای هەڵدەچنی و، پەیکەری بۆ خوداکانی وێی لێ هەڵدەپاچی.

وەک بێزاربوویەک لە دەست سەرمایەدارەکان… ئەوێی جێهێشت بوو، هاتبووە کۆلۆمبیای.

ئەو، دڵی شێدار بوو، وەک جەنگەڵستانەکان. ڕۆحسووک بوو، وەک پەپوولەکان.

عاشقانی فێر دەکرد: لەسەر بنەمای ڕۆح، ڕێحانە نەکەنە قوربانی ڕۆح.

نەعنا نەخەنە نێو جانتای دۆستەکانیان، گوڵەهەڵاڵە وەک سووراو نەدەن لە لێوی یاریان.

پێش ئەوەی ببێتە باغەوان، دەیگوت: لە نێو گژوگیا، وانەکانی ڕۆحم خوێندبوو.

لەسەر قەرسیل، قەسیدەی زیندووبوونەوەم نووسیبوو.

شەونمی سەر فریزووم کردبووە کانیی و،

هەندێک دەستنوێژیان پێ هەڵدەگرت و، هەندێک شاعیریش تێکەڵکێشی ڕۆحیان کردبوو.

باغەوانەکان دڵناسکترین مرۆڤی سەر زەمینن.

ڕۆحیان بەستۆتەوە بە گوڵەشێلاقە و، دۆعا دەکەن سیس نەبن.

***

 

 

هەندێک لە دیمەنەکانی ڕۆژانەم لەوێ:

 

وەک کاوبۆییەکان، بە بڕنەوەوە، مژ لە دوای مژ لە سیگارم دەدا:

بە کڵاوێکی شڕەوە، لەسەر پشتی ئەسپەوە،

لاسایی فلیمەکانم دەکردەوە.

لەوان وابوو من «سیمۆن بۆلیڤار»م،

دژی ئیسپانییەکان بوەستمەوە و، کۆلۆمبیای گەورە دامەزرێنمەوە.

یان وەک «خوان مانوێل سانتۆس» دانوستان لەگەڵ فارکەکان بکەم و،

وڵات لە شەڕوشۆڕ دوورخەمەوە.

***

 

ناکرێت بێیتە ئێرە و، نامەکەی «گابرێل گارسییا مارکێز» بخوێنیتەوە و، لە غەریبیدا دوو دێڕ نەنووسیت.

 

سڵاو… بابە گیان.

گەر دەزانیت چەندە بیرت دەکەم، چوونکی تۆ بوویت بە نەخوێندەوارییت فێری ئەوەت کردم تێکەڵی کولتوور و ئایینی هەمە چەشنە ببم. غەمگین مەبە، لێرە پەیڤەکان لە ئاسن ناچن، شێوەی قورقوشمیان نییە. لە گوڵ زیاتر شتێکی دی ناڵێن، دەزانن کوڕی باغم. یادی هیچ ناکەم، سێ شت نەبێت: میهرەبانیت، دوکەڵی سیگارەکەت، تەنیاییەکەت.

بیرت دەکەم باغی پڕ سەفەر گیان.

لەگەڵ ڕێزدا… کوڕت، گەڕیدەی شیعر.

***

 

ڕۆژێکیان خۆم بە دارستانێکدا کرد، قەرەچێکی زۆری لێ بوون، گوندێکی خنجیلانەیان بۆ خۆیان دروست کردبوو.

لە نێو گۆڕەپانەکەدا مەنجەڵیان ڕیز کردبوو، چێشتیان لێ دەنا، یەکێکی نەوسنی لێ بوو. وەک لای خۆمان بەرکوڵی دەکرد.

یەکێک وەک ئەستێرەناسێک، چاوەڕێی قووڵایی شەوی دەکرد.

یەکێک وەک شایەرێک، داوای دەهۆڵی گەورەی دەکرد.

یەکێک بلۆکی دەخستە نێو ڕستەوە و، بۆی لێک نەدەدرایەوە؛ جگە لە بزمار نەبێت بۆ تەختە، سنگ نەبێت بۆ ڕەشماڵ.

یەکێک چاوەڕێی بووکی دەکرد خۆی جوان بکات، بۆ وەی شەو زەماوەند بکات، ئەو خەڵکەش ڕەشبەڵەک بکات.

یەکێک خەریکی چاڵ هەڵکەندن بوو، کە سندووقێکی پڕ لە زێڕی باووباپیرانی بە میرات بۆ بە جێمابوو، تا حەشاری بدات.

هەرچۆنێک بێت شەو مامەوە لەوێ، بەیانییەکەی زوو هەستام و قاپێک شیری چێڵم خواردەوە.

کە ڕۆیشتم وایانزانی «جوو»م، لە هەمەدان ڕا هاتبم و، بۆ جووەکانی وێ زێڕ ببمەوە؛

گوتم: نا، ڕێبوارێکی شیعرییم و، بە نێو چاڵ و کەندەڵان و گردۆچکە و دارستانی وشەدا دەسووڕێمەوە.

 

 

 

لە دوای نەمانی شارستانێتیی کیمبایا:‘٣٥’

 

لە چینچینا، سوورپێستەکان گرتیانم، وەک پیشەی سەرەکییان، سەرقاڵیان کردم بە تەڵاسازی.

هەندێک لە ڕاوچییەکانی وێ، کە دەچوونە دەرێ: منیشیان لەگەڵ خۆدا دەبرد، تا بزانم چۆن ڕاو دەکرێ.

پەیکەریان پێ ساز دەکردم، تا کە بوومە خود، بۆ منیش دروست بکرێ.

مس، بۆ من لەو کێشانە بوو، کە قیمەتی شیعریان تەواو دەکرد،

کەچی کە کریستاڵم لە ملی کچێکدا دەدیت، دەیویست سەروام پێ بشکێنێ.

***

 

 

«دوای ئەوەی کە ئازادیان کردم، چوومە نێو خەڵکی «وایوو»،‘٣٦’ زۆر حەزم بە کاری ڕستن و چنین دەکرد؛ وام لێ هات: جانتای سوننەتی، بە گەشتیاران بفرۆشم. پێشتر لەگەڵ جانتا ڕاهاتبووم، خۆشم گەنمی بووم، وایاندەزانی هەر کۆلۆمبیایی یان ڤێنیزوێلاییم. بوومە شاگردی کچێکی جوان، کە نێوی «ئالیخاندرا» بوو، ڕۆژێکیان، داوم بە کونی گۆچەواندا کرد، کە سەرشانێکی جوانی بۆ بچنم. وا ڕاهاتبووم، فەڕشی سێ بە چوار بچنم. زۆر دڵم خۆش بوو، وامزانی بۆ کاشان چووبووم. کەپرێکم لە هەسیر دروست کرد و، شەوان بە تەنیا لە ژێریدا دەخەوتم. خانمە ئالیخاندرا، بەیانییەک، زوو لە خەو قیتی کردمەوە، کە وا نۆرەی منە و، دەبێت چوار جلیکانە ئاو لە تێڕێک ڕا، بە گوێدرێژێک بێنم. هەندێک لە منداڵانی وێ، شەوانە دەهاتنە لام، بۆ وەی گەمەیان لەگەڵدا بکەم و، لە دونیای خۆیان دوور نەکەونەوە. شەونەبوو، ڕۆمانی شەوگەڕەکانی «میران ئەبراهام»ی هاوڕێمیان بۆ نەخوێنمەوە. یەکێک، گڕووی دەگرت خۆشارکە بکات و لە دەرگای ماڵان بدات. یەکێک جەنەی داگرتبوو، کە هەر بەمشەوە جۆللانەی بۆ دروست بکەم، گوریسێک بێنم و بە لخی دارێکەوە گرێی بدەم. ئاخر شەوگەڕەکەکان، وەها پرسیارییان لە لا بە جێهێشتبوو، هەر دەبوایە لێیان ورد ببنەوە و وەڵامیان بدەنەوە. تاقەتیان چووبوو لەوەی: لە چڵپاو و بن کەپر و خانووە قوڕەکاندا بمێننەوە. تەسەلایان چووبوو، بە پێخاوسی یان بە سەرپایەکی شڕەوە، لە هەندێک لەو دەشتە قوڕاوییانەی وێ: لە ژێر باراندا بخووسێنەوە. وەهایان لێ هات: خۆیان بدۆزنەوە.»

***

 

 

 

لە ڤێنیزوێلا:

 

 

 

بڕێک دراوی پێزۆی کۆلۆمبییم پێ مابوو، کە کاری چنینم کردبوو؛ زۆر حەزم لە تەلەفریک بوو، ویستم بەو بیانووەشەوە بچمە تاڤگەی ئەنجێل،‘٣٧’ دراوەکەم گۆڕییەوە بە بۆلیڤاری ڤێنیزوێلایی و گەشتێکم پێکرد، بە ئەندازەی بەرزایی تاڤگەکە، لە پڕیشکی ئاو ڕامام.

 

بەدیار پڕژەی ئاوەوە، ئیدی وا لە عیشق قووڵ بوومەوە:

جگە لە جوانی خودا، هیچ شتێک نەبوو لێی ورد ببمەوە.

لێرە دەگەڵ خودا تێکەڵ بووم و، دڵم وەک ئاسن تواندەوە:

شکایەتم لە ڕۆحی خۆم کرد، کە وا چۆن جووڵاومەتەوە.

ناڵەناڵی دڵ، کە لە بەرزاییدا، تینووێتی ڕۆح نەشکێنێت:

مەرگ هیچ پەیوەندییەکی وەها، بە ژیانمەوە نابەستێتەوە.

تاڤگەی ئەنجێل هێندە بەرزە، ئاوەکەی، سینەم هەڵدەدڕێت:

ئەم وشکانییەی دڵم، دەکاتە دەریا و، پڕ شەپۆلانی دەکات.

***

 

چێژ لەو سەفەرانە دەبینم: کە ڕێی هاتنەوەت نەبێت بۆ جارێکی دی.

پەنجەرە ئیشی چییە: کە بە خەیاڵ یادەوەرییت ون نەکات بۆ ئەبەدی.

سەد جار سەفەر بکەم بۆ لای خودا، سوودی نییە، گەر بیرم بچێتەوە.

خۆشی هەوراز و نشێو لەوەدایە: لە دڵمدا بێت و، بە ڕوویدا نەدەمەوە.

***

 

لە نێو دارستان، چ فایدەی نینە، کە وەرزی پاییز، لە خۆت نەگرێت.

شەماڵ بتبات بە هەر لایەکدا، دەبێت هەوا، سروودی ژیانی پێ بێت.

قومری هەر یەکدوو جار سەڵات دەکات، بۆ وەی ڕۆحت بسازێنێت؛

بولبول چۆن ڕۆحت پڕ نوور بکات، کە دڵت مەحبووبی خودا نەبێت.

***

 

«لێرە نەمویست بچمە نێو ئەو جەنجاڵییەی ژیان، نەمویست بە کانە خەڵووزەکانەوە خۆم سەرقاڵ بکەم، لە کێڵگە نەوتییەکان، نەوت دەربهێنم و هەناردەی وڵاتانی جیهانی بکەم. ویستم بە نێو خودی خۆم و ڕۆح و سروشتدا: سەفەرێک بکەم. دوا جار، خۆم تێکەڵکێشی مەولەوی کورد بکەم و، لە دارستانەکانی ئێرە، شیعرێكی لێ موتووربە بکەم و، بە جێیبێڵم.»

 

 

بە ڕۆحی مەولەوییەوە، بێرەدا تەی دەکەم:‘٣٨’

 

مەعلوومە کە فەڵەک، وەک چەرخی چەپگەرد، من دەسووڕێنێت

ئێش و نێشی من، غەمێک نییە، کە دیدەم، تەوافی سروشت بکات

تاریک بێت یان ڕووناک، هیچ دیار نییە، کە شەو هیجرانم نەبێت

چ لە عیشقی پڕ مەینەتم بکەم، کە بڵێسەیەک بە گیانم بەڵەد نەبێت

دیدەنی دیدار بێ عەنبەر خاتوون، پەی بە نوور نابەم لە دڵما بێت

بە خودا قەسەم، تۆفانی دڵم، هەر وەکوو «مەعدووم» دەمخنکێنێت

سا مەگەر شەو فریادم بێت، هیلال ڕاسپێرێت و لە ترێفەم بگرێت

دەنا خولاسەی کەلامم، تەکبیری ئەوەیە: دەرد، خەستەی زامم بێت

***

 

 

 

لە گویانا:

 

زۆر برسیی و کەنەفت ببووم، ترپەی دڵم، بە خێرایی لێی دەدا: وەک ئەوەی هەتاو بپڕژێت؛ تا گەیشتمە لای ئەو گەلەی پاتامۆنا،‘٣٩’ خەریکبوو هەناسەم ببڕێت. ئەم خەڵکەی ئێرە: کوڵمەکانیان لە هەنجیری وشککراوە دەچن، وەختە مرەبای لێ دروست بکرێت. لە قوڕی خەست دەچن، گۆزەیان لێ دروست بکرێت. لە قارچکێک دەچن، بە زەبری هەورەتریشقە، لەو تەپۆلکانەوە سەریان بەدەر هێنابێت. لە تیرهاوێژە باشەکانن، گاڵتەیان بە هەسارە دێت. زامەکانیان هێندە قووڵن، بە ئاوی نەعنا نەبێت، ساڕێژ نابێت. جودان لەو خەڵکانەی «وای وای»‘٤٠’ کە بیور و تەوریان بە دەستەوە گرتبێت.

 

 

ئەوان: خاڵیین لە بیرەوەری واگۆنەی شەمەندەفەر،

خاڵیین لە خوێندەوەی کتێبی هەسارە و،

نووسینی نامەیەکی ئەویندار.

دەستێکیان پڕە لە ڕۆژ و، ئەوی دیکەشیان لە شەو.

پێیەکیان پڕە لە نهێنی زەمین و، ئەوی دیکەشیان لە خەو.

 

ئەوان: زمانیان دەچێتەوە سەر تیرەی قوڕ، نەک با.

دڵیان، دەچێتەوە سەر ڕەچەڵکی ئاو، نەک سەما.

نیشتمانیان، دەچێتەوە سەر حیکایەت، نەک ڕەشەبا.

دوورن لە هوتافی سەر شەقامەکان و،

بێڕێزیکردن بە بەستنی دوو پەلکەگەڵا.

 

 

گەر بە نێو گەڕەکەکانی باغدا بڕۆن، دەبینن:

هەندێک کۆڵانیان پڕە لە مۆسیقا و،

گۆرانی کووچە دەچڕن ڕووەو دارستان.

گەر بە نێو شەقامەکانی دەشتدا بڕۆن، دەزانن:

هەندێک شۆستەیان پڕە لە هەور و،

دەکەونە بەر ڕێژنەی باران.

گەر بە ڕێگای کێوەکاندا بڕۆن، هەست دەکەن:

هەندێک جار بەسەر تاسەی تەرزەدا دەکەون و،

لە چاڵی بەفریشدا سپی سپی ڕۆدەچن!.

***

 

 

گەر بتوانن بە ڕێنووسی لیتە، غەم بخوێننەوە:

دەزانن قامیش، چۆن فێری ژێی مۆسیقا بووە.

لە دەلتاکان، خەڵکانێک بە قایەخ دروستکردنەوە خەریکن،

دەزانن چۆن سەوڵ لێ بدەن، چۆن لەگەڵ ئاودا ژیان بکەن.

هەندێک کەس سەدەفیان نیگار دەکرد: دەیانکردە پیاڵەی چا.

هەندێک کەس فلووتیان دەژەنی: ڕۆحیان بەرز دەکردەوە بۆ لای خودا.

 

چەرخی بەردیین، درێژترین سروودی ئایینییەکانیانە.

فتیلە، بە فەرموودەیەکی هەڵبەستراو دەزانن.

گەر مەحبووب نەبیت و، باسی مۆدێرنەیان لەگەڵدا بکەیت:

پڕ شەقت دەکەن، وەک ئەوەی کوفرت بە مۆمی ژیانیانت کردبێت.

***

 

 

دەمەتەقێ، لەگەڵ منداڵی یەكێ لە هۆزەکانی وێ:

 

منداڵێک، نەیدەزانی کۆلارە چییە،

کە باسی خوێندنم لەگەڵدا کرد، خوێندن لێرە چۆنە:

ئەو گوتی: دەبێت ڕێنووسی ڕەگ فێر ببیت و، وشەی دەمار زۆر لەبەر بکەیت؛

لە ڕستەی قەددا: لخ و گەڵا، وەک بکەر و بەرکاری لێ دێت.

ژیان و مەرگ، بە هۆنراوەی دارستان تەواو دەبێت.

من باسی جلوبەرگم دەکرد، ئەو باسی لاسکی گەڵا و ڕیشاڵی دەکرد.

من باسی تۆپانێم دەکرد، ئەو باسی تیروکەوان و ڕمی دەکرد

من باسی وێنەکێشانم لەگەڵدا دەکرد، ئەو باسی ڕاوشکاریی دەکرد.

من باسی فەنیاریم دەکرد، ئەو باسی خۆبازدانی دەکرد.

باسی یۆرانیۆمم بۆ کرد، گوتی: چ مرۆڤێکتان لە نێو نەبرد؟

باسی دیینم بۆ کرد، گوتی: چ هەستێکتان پێ بریندار نەکرد؟

***

 

«بە نێو ئەو تیرانەی وێدا ڕۆیشم، هێندە تەماشای ئاسمانم دەکرد: چاوەکانم وەک کۆتر دەفڕی، دەیوست پووش بۆ هێلانەیەکی دی بکێشێت. پەلەم نەبوو، خەیاڵ چیم بەسەر دێنێت. درێغییم نەکرد: مەنفا چۆن دەمکوژێت. بە خاووخلیچکی بۆ سورینام ڕۆیشتم و، وەک ئەوەی بارێکم لێ نرابێت. بە خەتێکی خواروخێچ، لەسەر کۆلکە دارێک نووسیم: ئەی منداڵان و کچە چاو هەنگوینییەکان، گەر دڵم هێشاندبن، دەک ڕووبار بمخنکێنێت، دەک ڕووبار بمخنکێنێت!.»

***

 

 

 

 

لە سورینام/ گویانای هۆڵەندا:

 

لە گوندەوە بۆ شار:

 

بە گوندی ئۆرێیالادا هاتم، لەسەر سنووری وڵاتەوە، دەمڕوانییە شارۆچکەی ئاپوورا،‘٤١’

کە گەیشتمە وێ، گوندیشم لەگەڵ خۆمدا برد، تاکوو لە نێو هەیتەهەیتی شاردا شتێک بڵێ.

گوند هەبوون، وەڕەز ببوون لە هۆقەی گامێش، لە پشتخورانی زەوی، بە نێوی گاجووتێکەوە.

هەندێكیان، حەزیان لێ بوو، بە قەڵاندۆشکان بیانبەمە شار؛ چاویان بە ژووری خەوتن بکەوێ.

ڕووبار، ئەوەندەی ویسکی بخواتەوە: هەڵنەدەستایەوە، بە شەقامێکدا تێپەڕێ.

دەریا، حەزی دەکرد تۆبەی مەیخانە بکات و، بە پاپۆڕێکەوە بەرەو شار بچێ.

هەندێک کۆشک هەبوون، حەزیان دەکرد بچنە شار و ژمارەی تەلەفۆنیان هەبێ.

دەیانەویست ببنە پۆستەچی، بۆ وەی شارەکان، ئاگایان لە هەواڵی ڕێگاوبانەکان بێ.

***

 

کە دەچیتە شاری پاراماریبۆی پایتەخت، وەک ئەوەی لە ئەمستردامی هۆڵەندا بیت و، چووبیت گوڵت کڕیبێت.

گەر وشکیش بووبیت، ئیدی تەڕ تەڕ دەبیت و، هەست دەکەیت لە گوڵاو دەچیت.

گەر خەیاڵت پەرت و، واقیعت شەق شەق بووبێت، جوانییەک دەبینیت، وەک ئەوەی پەمۆت چنیبێت.

خودا نەکات، لێرە بڕۆیت و ماچت بیر چووبێت، ئیدی ئەندێشەت، وەکوو تابووتێکی لێ دێت.

خودا نەکات، لێرە بڕۆیت و وشەی دڵشکانت لە سەدەف نەنووسیبێت، دەنا ماسی کوێر دەبێت.

خودا نەکات، بە ناوچەی سیپالیوینیدا‘٤٢’ هاتبیت و، دڵی شێدارت، سەد درەختی تێدا نەڕوابێت.

خودا نەکات، لە کەنار دەریا قڵپێکت بە هەتاو کردبێت، ئیدی لمیش، سفرەی بۆ ڕانەخستبیت.

***

 

«بە جوانترین کەناردا ڕۆیشتم، گوێنییەک سەدەفم خڕ کردنەوە، دەزانم پڕبوون لە چیرۆکی عاشقانی مردوو. بە کۆڵمدا دا، نەوەک ئەم چیرۆکانە، پەشیمان ببنەوە و، بە نێوی مەلەوە: بچنەوە نێو دەریای زیندوو. لە پشت زەریا، نێوێکی دیکە هەبوو، ئەوەندە جوان، وەک بووکی فەڕەنسی دەچوو.»

***

 

 

 

 

لە گویانای فەڕەنسی:‘٤٣’

 

 

فاریزەیەکم لەو ڕێیانەدا نەدی، تا بمباتەوە سەری دێڕ.

بکەر نادیار نەبووم، بە دوای ئەو ڕاناوە نادایارانەدا دەگەڕام، کردبوویانە شەڕ.

چۆڕ چۆڕ، مانا دەڕژا، پڕبوون لە تەفسیری خوێن، بۆ مێژوو خرابوونە سەر پەڕ.

 

 

یەکێک: بە قەڵەمی سپیی، لە ڕەنگی پەمەیی:

بۆنی زەردی لە باغەکان دەگرتەوە و، دەیخستە نێو شووشەی باغەوانەکان.

شەوێک: بە کاتی غەمگینی، لە ڕەنگی تاریکیی:

بۆنی عیرفانی، لە تامی ڕۆحی گرتەوە، هەتا زیکر بکات لە مەجلیسی عاشقان.

 

 

بێزار نەبووبووم، لەو ڕێیانەدا: ئازایەتی، لە سێبەری ئیپمراتۆرەکان بە جێمابوو.

هێزێک، عەتری پورتوگالی هێنابوو بۆ فرۆشتن، تاکوو لێرە بۆنی بڵاو ببێت.

هێزێک، بە نێوی هۆڵەندییەوە هاتبوو بۆ گوڵچنین، بۆ وەی خەڵکی، شوێنیان بکەوێت.

هێزێک، بە نێوی مۆسیقای زمانەوە هاتبوو بۆ ئاخافتن، هەتا لێرەش قسەی پێ بکرێت.

هێزێکیش، وەک بەڕیتانی هاتبوون، دەیانگوت، خەڵاتی شاژنتان پێ دەبەخشرێت.

منیش بۆ وە هاتبووم، دەمگوت: بەشکوو، لێرەوە بورجی ئیفێل دیار بێت.

***

 

 

«وەک موسافیرێكی ڕەنگ شین، حەز بە نووری تەنیایی دەکەم. دەڕۆم و، ڕەنگی خۆم بە جیا هەڵدەگرم. دەزانم بنە پێیەکانم قڵیشاون و زەردهەڵگەڕاون، وەک ئەوەی ڕەنگی کفنی گرتبن و پێوەی بمرم. دەزانم لەوێ، ڕوانین لە خودا چەشنێکی دییە، ناچم دەفتەری ڕۆحیان بدڕێنم. بەرەو ناوچەی گویانای بەڕازیل دەچم، سڵاوێکیان لێ دەکەم.»

***

 

 

 

لە گویانای بەڕازیل/ هەرێمی ئاماپا:‘٤٤’

 

 

چاوەکانم پڕبوون لە ئەسرین، وەک ئەوەی بیبەرم فرۆشتبێت.

دەستەکانم پڕبوون لە گوڵ، وەک ئەوەی باغەوانیم کردبێت.

ژنێکم بینی، وەک دایکم دەهاتە پێشچاو، بۆن مێخەکەی لێ دەهات.

تاڵە مووەکانیشی سپی سپیی، کە ماچت کردبا: تام پەشمکی لێ دەهات.

 

 

خەڵکی «پالیکور»،‘٤٥’ دوو سێ ژنە شاعیری سوننەتگەرایی تێدابوون،

باسیان لە خۆڵەمێش دەکرد، وڕێنەیان بە گۆزە دەکرد، پەنجەکانیان… کاری جوانکاریان دەکرد.

ژنێک، نەیدەزانی چۆن قەرزی بولبول بداتەوە، چەهچەهە، تا ئەوسەری ڕۆحی بردبوو.

ژنێک، نەیدەزانی چۆن قەرزی ڕەنگی تاووس بداتەوە، پەڕێک، لە جوانی ئەوی بردبوو.

ژنێک، نەیدەزانی چۆن تامی پەلکێک گیا بداتەوە، بە خواردنی، شیر لە مەمکی تکاندبوو.

***

 

 

«دوور لە ئاڵۆزی مرۆڤانی دی، نەمدەویست وەک پەپوولە بفڕم، بە وەرزێک، بۆنی باغ وەک خۆڵەمێش لێ بکەم. دەمویست وەک کیسەڵ خاووخلیچک بڕۆم، بە خشۆکی یادگارییەکان بنووسم. ئێوارەیەک بە پاپۆڕێک ڕۆێشتم و ئێرەم جێهێشت. دەمویست بچمە بەرموودا، هایکۆیەکی سێگۆشەیی بنووسم، تا بزانم لە جیهاندا ون دەبم. پاپۆڕ، ئاڕاستەکەی گۆڕیی بەرەو دەریای کاریبیی بردم، لە «ترینیداد و تۆباگۆ» دابەزین و، منیش، بەرلەوەی بەرەو وڵاتانی کارایبی بە ڕێ بکەوم، هاوڕێیەکم لەوێ هەبوو، دەبوایە بیبینم.»

***

 

 

 

 

 

لە ترینیداد و تۆباگۆ:

 

لە دوورگەی تۆباگۆ:‘٤٦’

 

هاوڕێیەکم هەبوو، ڕەچەڵەکی لە چین و ماچینەکان بوو، بە ڕۆح، لە تاوییزمییەکان بوو؛

هێندە بچێتە تەنیایی ڕۆحییەوە: چڵە ئێسقانێکی لێ مابۆوە، گۆشتی لەبەر خۆدا خواردبوو.

بۆ ئێوارەکەی شلەی چاوەڕوانی بۆ لێنابووم، ئەوەندە بە تام بوو، پڕ پڕ لە میهرەبانی بوو.

کە لەگەڵیدا، نانێکت دەخوارد: تێر نەدەبووی لێی، ئەوەندە بەخشندە، سفرەش باڵی گرتبوو.

 

ئەو لە بازرگانەکان نەبوو، بەو کۆمپانیایانەی پەلەک سەرقاڵ نەبوو،

بەس تەزدەنگێکی کۆنی قاوەیی هەبوو، بۆ ئەو بەس بوو، تەنیا قسەی پێ کرابا.

سێ چوار هاوڕێی بەهاییی و جوو و بوداییی هەبوون،

کە باسیان لە موناجات دەکرد: بە کوفر نەبێت، لێت تێکەڵ دەبوون لەگەڵ خودا.

 

لەوێ: هێواش هێواش، تەنیاییی دەکرۆشت، هەستم دەکرد: چەکچەکی، لە تەنیایی دەگرت.

حەوشەکەی ماڵیان پڕبوو لە مێروولە، قەرەباڵغییان هەڵدەچنی، تا چاویان لە تەنیاییی بێت.

پەڕەسێلکە، ئەو سروودانەی بۆ دەخوێند، بۆ وەی وەکوو سڵێمان، بە قالیچەیەکەوە بفڕێت.

ئەو، هەمیشە ڕجێمی زمانی دەکرد، تاوەکوو هەموو بەیانیانی، لە ڕۆحەوە: پەیڤی هەبێت.

 

بردمی بۆ کەنار دەریا، ئاشنای کردم بە باڵندە، تەفسیری وەهای بۆ دەکردم:

یەکەم جارم بوو، کە باڵندەم وا خۆش بوێت.

دەیوست، بە نەهەنگ بڵێت: ئەم هاوڕێ ڕۆژهەڵاتییەم،

دە نێو سکی خۆتدا هەڵبگڕە و، دەیەوێت غڕغڕە بە گوناهەکانی خۆی بکات؛

بۆ وەی کە لە کەنارەکانی گرینادا پڕژاندت: وەک نوورێک دەرکەوێت.

دەیوست، بە دۆلفین بڵێت: گەر حەزت بە شیعر هات،

تا بەو هاوڕێیەم بڵێم، بەس لە شەپۆلانی وشەت بگرێت.

***

 

 

سێ لە ئامۆژگارییەکانی «چوونگ کوئای» هاوڕێم، وەختێک کە جێمهێشت:

 

* خەفەتی دونیا، بە ئەسرینی ڕۆحت بشۆوە، بۆ وەی غەمت جوان بێت.

* ئارامییت هەڵبگرە و، ڕووناکیی وەک ئەلفبێیە، زەمەن فێرت دەکات.

* هەموو گزنگێک، جەستەی قەتیست فڕێدە و، ڕۆح، خۆی دادەگیرسێت.

***

 

«ڕۆیشتم بۆ ئەو وڵاتە دوورگەیانەی، کە هەندێکیان وەک ڤێلا دەهاتنە پێشچاو.»

***

 

 

 

 

 

 

لە «ئەمریکای باکوور»:

 

 

«دوای ئەوەی کە ئەمریکای باشوورم جێهێشت، ئاگرێک لە دڵما داگیرسا، ڕۆح تەجەللا بوو. ڕووناکییم، ڕێگا پڕ لە وەهمییەکانی دەبڕی، فووم بە دونیادا نەکرد بیکوژێنمەوە، دەمویست زیندانی هزریی پێ لێک بدەمەوە. ئاخر جەهل چووبووە نێو خوێنمانەوە، دەمارمانی دەجووییەوە. تاعوون پڕژابووە نێو ڕۆحمانەوە. ئێمە لە ژیانداین و، ژیانیش مەتارەیەکی ئاوە، دەبێت لە بیابانی دڵماندا: تینووێتی پێ بشکێنین. نوێژ لەسەر لاسکەگیایەک بکەین، بۆ وەی پرشنگی خۆر، شەونم نەبات. بە درەختێکەوە خۆ هەڵواسین و، چاوەڕێی گەڕانەوە بین، بۆ وەی مەقسوودی ڕۆح تەواو بکات. بە گۆچانێکەوە، بە شاخێکدا سەرکەوین و، پیریێتی بڕەوێنینەوە. بڵاڵێینەوە بۆ نوور و، ڕۆح: نەزمی خۆی بکات.»

***

 

 

بەرەو وڵاتانی کاریبی:

 

 

لە گرینادا:

 

 

لە چرقەی نیوەڕۆدابوو گەیشتم ئێرەکانێ، دەمویست بزانم شوێن پێی «کریستۆفەر کۆلۆمبس» نادۆزمەوە، حیکایەتی پێشینەیی زیاتری لەسەر ناخوێنمەوە. مێژووم، وەک خیز دەهاتە پێشچاو، شەپۆلی دەریا فڕێیدابێتە کەنارەوە. لم، هەتاوی لە خۆدا هەڵدەقڕچاند، جوگرافیا خۆی بخواتەوە. ئاوارەکییەکان‘٤٧’ هەندێک شتیان بۆ گێڕامەوە، کە بولبول چۆن لەسەر دەستیان دەنیشتنەوە. دووربوون لە نێوجەرگەی شەڕ، ڕم نەیاندەگرتەوە. چۆن تووش ببوون بە شەڕ و خوێنیان لێ دەچۆڕایەوە، چۆن هێزی داگیرکەر هاتن و، لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا هێشتیاننەوە.

 

 

مێژوو، لە سەد لایەوە: تیری بەرکەوتبوو،

دڵ، قەڵغانێک بوو، کەچی زامدار بووبوو.

وردە وردە توێژاڵی هەڵدەدا،

هێواش هێواش، کپ بووبوو.

 

 

ئەوان: ئاشنایەتییان لەگەڵ دارگوێزدا هەبوو،

نازی سمۆرەیان هەڵدەگرت:

تا لە خەوی قووڵ خەبەریان بکاتەوە.

کە گەمەی سمۆرە دەستی پێکرد:

ئیدی دونیایان، ڕۆشناییی دایەوە.

***

 

«لەم تاراوگەیەدا: من و مانگ، وێکدی دەچووین؛ ڕووت و قووت، ئەو لە شەودا: بە بێشەرمیان لە قەڵەم دەدا؛ من، لە ئاوارەیی نیشتمانمدا. مانگ، زۆربەی شەو وەک قلیان دەکێشرا؛ دوکەڵی وشەیان لێ هەڵدەمژیی و، لە شیعرێکدا بە با دەکرا. من، شەوەکەی خەونێکم هەبوو، کەچی بۆ سبەی: دوورخرابوومەوە لە وڵاتەکەی.»

***

 

 

 

لە سەینت ڤینسەنت و گرینادینز:

 

 

وەک مەلەوانەکان، هەمیشە برسیی و نەوسن،

بە دوای خواردندا وێڵ بووم؛

چێشتخانەی زمانم، بۆ نەدەبۆوە بە ڕووەک.

خەونی قارچکم لێک دەدایەوە، کەی دەمباتەوە نێو سروست؛

کەچی ڕۆبییان، بە نێوی تامەوە:

لە بیری بردبوومەوە بچمەوە لای ڕووەک.

 

زۆرجار لە نێو زەریا، لە بری شەپۆل: خەیاڵم لای تەمتومان بوو.

لە بری ماسی خواردن، ساڵانی «با»م بیر دەکەوتەوە:

کە چاوم لە تاو زەردەپەڕ، وەختابوو کوێر دەبوو.

سەدەف، لە جوگرافیایەکی عاشقانە دەچوو،

مێژووی ناڵەی کۆ کردبێتەوە.

ئاخر دیداری شەپۆل، بە نێوی هەنسکەوە:

وردە خیزی دەخستە نێوییەوە.

***

 

«وای «کینگزتاون»ی پایتەخت، شارێکی پڕ هەڵم بوو، تەمومژ پڕ کەلامی باران بوو. وڵاتێک بوو، سنوورەکەی ئاو بوو. یەکەم دۆستی بەلەمێک بوو، ئەویش: مرۆڤی بە گومانەوە بۆ ئێرەی هێنابوو.»

***

 

 

 

لە باربادۆس:

 

دڵپڕی من لەوەدا نەبوو، لەو دوورگە بچووکانە شتگەلێکی وەها ببینم.

هوتێلێکی کۆنی لێ بوو، هی قەڕنێک لەمەو پێش، شەوێک لێی خەوتم؛

تێیدا بیرم لە تۆفان دەکردەوە، کە چ جیاوازیێکی هەیە لەگەڵ ئەم دڵەم.

گوێم لە دەنگی بەرد دەگرت، گوێم لە هاژەی چەم دەگرت،

دەمگوت: دەبێت ئەم دارچنارانەی ئێرە،

چ جیاوازییەکی هەبێت لەگەڵ هەرێمە تابووتەکەم.

نا نا، لێرە دار کرمێ نەبووبوو، ژێر خاکەکەی بفرۆشرێت،

ئەوێ نییە، دارچنار لە داخان کرمەڕێز بێت و، بڵێت: دەمەوێت باڵ بگرم!.

***

 

 

«لێرە لە دڵی خاکدا، بۆ خۆم دەگەڕام، نیزیکترین هاوڕێم بەردبوو، کە بە چەمی ناساندم.»

***

 

 

 

لە سەینت لووسیا:

 

 

کە چوومە شاری «کاستریس»ی پایتەخت، وەک کاپتنێک خۆم دەهاتە پێشچاو.

لەبەر لێومەوە: شیعارەکەیانم دەگوتەوە، کە بەندەرێکی سەلامەتە بۆ کەشتی.

وەک ئەوەی من، ئاڕاستەی «با» دیاری بکەم، کە هەور ڕاماڵێت.

وەک ئەوەی: بۆ ئەبەد، کەشتییەکانی ئەم شارە، لە ژێر دەستی مندا بێت.

***

 

 

ویستم لە دوورگەی مارتینیک٤٨’ نیشتەجێ بم، گوتیان: بچۆ بۆ دۆمینیکا. 

 

 

زۆر وشەی کوردییم بیرچووبۆوە، گڕ و بڵێسەی من، شوێنێک بوو، تێیدا بمێنمەوە.

لە مارتینیک سەرم لە گێژەوە هاتبوو، ئاخافتنیشم بیرچووبۆوە.

هیچ هیوایەکم نەبوو لێرە بمێنمەوە.

بێکەسی وەهای لێ کردبووم، شیعریش نەدەهات بە هانامەوە.

هیچ گفتێکیان پێنەدام، تا لە تاریکیی شەوگاردا نەمێنمەوە.

هیچ باڵێکیان نەدامێ بۆ فڕین، لە ئاسمانی ئێرەدا بسووڕێمەوە.

هەرچی حەرف بوو، لە ئومێدیان سەندم، ڕۆحیشم ڕۆشناییی بیرچووبۆوە.

***

 

 

من لە وەرزی پێنجەم و شەشەمەوە هاتبووم، هیچ شتێکی وەها نەبووبوو فێری بووبم.

وەرزێک: ڕەنگی دەچۆوە سەر خەڵووز، تینی ئاوری بۆ باس دەکردم.

وەرزێک: جوانی دەچۆوە سەر باغ، باسی فڕینی پەپوولەی بۆ دەکردم.

کە چوومە دۆمینیکا، ڕازی من تەنیا گەردوون بوو، لە ئەسرینی چاوەکانم.

کوندەپەپوو، دەیەویست لەم جەنگەڵستانە، تێکەڵی پەلکەڕەنگینەیی خۆییم بکات.

پەرەسێلکە، دەیەویست لەم ئاسمانەی ئێرەدا، فێری ئاوازی ژیانم بکات.

ئێمە لە تەمومژەوە هاتبووین، بولبول دەیەویست جوانییم نیشان بدات.

من کە جێ و پارەم نەبوو، مەیموونیش دەیەوست خانووم لە دار بۆ دروست بکات.

***

 

 

«چ ڕەنگێکی پەڕیوین، وەکوو تاوێر دەچین. چ دەنگێکی بزێوین، خۆمان بە گومان دەچوێنین.»

***

 

 

لە دوورگەی گوادێلووپەوە، بۆ ئانتیگوا و باربودا، لەوێشەوە بۆ سەینت کیتس و نیڤیس:‘٤٩’

 

 

ئێواران تیشک لە خۆدا دەکوژین، شەو وەک مۆم بۆ ڕووناکی دەگرین.

لە تاشقەندەوە ڕێی باغ دەگرین، بخوورد بۆ ڕێبواران دەبەین.

ئەستێرەکانی نێو دڵمان دەژمێرین، هەسارەکانی چاومان دەکوژین.

گەردوون بە شیعرێک دەسپێرین، خۆریش بە تاقانەی دەچوێنین.

 

لێرە:

وشە بەر شەپۆل دەکەوت، دێڕ لە دەریادا ون دەبوو، دۆلفین دەیکردەوە پەخشانە شیعر.

کێش دەبوو بە متبوونی تیمساح، سەروا دەبوو بە باڵی هەڵۆ، گوادێلووپ دەبووە شیعر.

باغەکانی، لیکە لە دەمی دەڕشتیی و، دەیگوت: دەی بخۆ پەرداخێک شەربەتی هەنجیر.

هەڵووژەش بەو ڕەونەقییەوە، وەک عاشقی دڵشکاو وابوو، درابووە بازاڕی سەرمایەدار.

 

لە دووکانی شیرنەمەنییەک «ماریز کۆندێ»م دیت، هەموو شتێکم بیرچۆوە.

هێندە تامەزرۆی بینینی بووم، کە گفتوگۆمان دەکرد: خۆی دەبوو بە پاقلاوە.

هەندێک بەسەرهاتی خۆشی بۆ گێڕامەوە: کە لە گینیا و گانا و سێنیگال بووە.

منیش کەوتمە قاقای پێکەنین و، ئەو کچۆڵە قوڵەڕەشانەی وێم بیردەکەوتەوە:

کە شەوانە دەهاتنە لام و، دەیانەویست تا بەیانییەکەی: ڕۆژیان لەگەڵ بکەمەوە.

***

 

 

لە سەینت جانز‘٥٠’چێشتخانەیەکی وەها گەورەمان دانا، شاگردەکانیشمان هەمەچەشن بوون.

نێومان لێنا: «چێشتخانەی خەیاڵەکانی کوردێک» بۆ هەموو جۆرە میوانێک خواردن هەیە.

کیبە، بە زۆری جووەکان دەهاتن دەیانخوارد.

کارگی سوورکراوە، تابەت بوو بە بەهایییەکان.

کوو کوو، تایبەتمان کردبوو بە کاریبییەکان.

کەلانەش بە دۆشاوەوە، تایبەتمان کردبوو بە ڕۆژهەڵاتییەکان.

***

 

 

وازم لە جێشتخانەکە هێنا و، بۆ برادەرانم بە جێهێشت، ئیدی پارەی خۆم لێ هەڵگرتەوە.

چوومە «باربودا»، لەوێ: کاری سیگار فرۆشییم دەکرد،

هەر یەکێک کە سیگاری لێ دەکڕیم و مژی لێ دەدا:

لە نێو دوکەڵەکەیدا، خەیاڵی وەها هەبوو،

سەد وێنەی لێ بە جێدەما.

 

ئەم وێنانە وەهایان لێ کردم: دوورکەومەوە لەوێ.

بە بەلەمێک ڕۆیشتم، بۆ باسیتێر‘٥١’

کە سەوڵم لێ دەدا: لە نێو شینیی دەریادا،

ڕەنگێک لە غەمی سپیی و خەفەتی ڕەشم،

لە ڕۆژگاری وێ بۆ دروست ببوو،

کە وێنەیەکی پێ بکێشرێ.

 

کە چوومە شار، پێشنگایەکی وێنەم کردەوە،

بە نێوی: «کورد و کاریبییەکان»

یەکەم وێنە، کە لە خەیاڵمدا کێشرا:

وێنەی مندالێک بوو، نێوی «ئایلان» بوو،

بە وردە شەپۆل، برۆم کێشایەوە.

سەدەفەکانم ڕیز کردن و کردمنە گوێچکە،

تا گوێی لە هەموو کەسانی دونیا بێ.

کە بە چرپەچرپ دەیانگوت:

کورد چەند دژی خۆیەتی و،

چۆن گەمەی پێ دەکرێ!.

***

 

«ئێوارەیەک دێت، چەکچەکی لە تاریکیی دڵمان بەر دەبێت. ئێوارەیەک دێت، ئەم دوورگەیەی دڵمان پەرتەوازە دەبێت. دەیان مارمێلکە سەر دەردێنێت.»

***

 

 

 

لە دوورگەی دڵمانەوە، بە نێو دوورگە خودموختارییەکانی ئەنگوێلا و،

ڤیرجینی بەڕیتانیی و ئەمریکییدا:‘٥٢’

 

 

ئێمە هەمیشە لە سەفەرداین،

کەلاوەکانی دڵمان تاریک تاریک…

چرکە بە چرکە، کات تووشی دڵەڕاوکێی دەکەین.

لەسەر خەون، هەر پرتەپرتمانە بۆ تەفسیر، کە هەین یا نین.

بۆ ژن، هەر هەراوهوریامانە، تاکوو شیعرێکی بۆ بنووسین.

 

 

وەرن با سەفەر بە جۆرێکی دی بکەین، هیچ نەبێ کەمێک کەمدوێ بین.

تەماشای شینی ئاوی دەریای کاریبی بکەین، وەک نوور، کەڵکی لێ وەربگرین.

لەم دوررگەیەی «ئەنگوێلا»، یاڕەب چ جوانییەکە: ژن و دۆلفین، بە یەک دەچن.

لەم سەهۆڵبەندانە: با وەکوو وان سەمایەک بەکەین، ئاورێک لە دڵماندا هەڵبکەین.

 

 

وەرن تا چاو بڕ دەکات، شینایی دەچێتە ڕۆحتانەوە.

وەرن تەنیاییتان قڵیشاوە، فەرهەنگی ساڕێژ بخوێننەوە.

وەرن، بیست و پێنج ساڵە، بە دەست خودموختاری وێ: وشک بوونەتەوە.

وەرن، لە هەردوو خودموختاری ڤیرجینی ئێرە، ڕۆحتان ڕۆشن بکەنەوە.

 

 

هیچ نەبێت: لە بیابانی پەشیمانیدا ناسووڕێنەوە.

هیچ نەبێت: لە هۆڕنەی سەیارە دوور دەکەونەوە.

هیچ نەبێت: خۆ چاوتان بە قەوزەی دەریا دەکەوێت.

هیچ نەبێت: ماسیی و ڕۆبیان، دڵتان بۆ بەیان دەکات.

***

 

«هیچ نەبێت بەیانییەک، «ئەلیزابێتی دووەم» دێت، قەیماغمان لەگەڵدا دەخوات؛ بە خەندەوە جیاوازی خۆی لەگەڵ دیکتاتۆرەکاندا دەکات.»

***

 

 

لە پۆرتۆ ریکۆوە بۆ کۆماری دۆمینیکان و هاییتی و بەهاما:

 

 

چیتان بۆ باس بکەم، لە: سان خوان،‘٥٣’ گەڕەکێک هەیە: نەسلی دەچێتەوە سەر سابوونکەران.

بەیانیان زوو دەچمە ڕیزی سەرەی نانەوە، کە سەرەم دێت: نانەواچییەکە، نانی لێ دەسووتێن.

ئاخر حیکایەتی وەها لەسەر مام سەعدوونی بۆ دەگێڕمەوە: لە تاوان، دڵ و جەرگی داخ دەبن.

مەقاشیش بە دەنگ دێت و دەڵێت: ئاخر چۆن تاقەتی نانم هەبێت، کە هیچم پێ نەبێت بۆ گوتن.

 

 

چیاتن لێ بشارمەوە، کە بەفر دەبارێت:

وەک ئەوەی لە سلێمانی بم و، لای ئۆرزدی شێلم بفرۆشم.

یەکێک بە دەنگێکی ناسکەوە پێم بڵێت:

دوو جێم بۆ تێکە، دەیبەمەوە ماڵ، لەگەڵ ئازیزەکەم دەیخۆم.

مندالێکیش، بە جلێکی شڕەوە پێم بڵێت:

بایی پێنجسەدم بۆ تێکە، لەگەڵ دایکم دەیخۆم.

ئیدی خەیاڵ وا دەمبات، دڵم پڕ دەبێت،

وا دەزانم هەر لە سلێمانیم.

***

 

بە دەست خۆم نەبوو، کە باسی سەرمایەیان دەکرد: دەڕشامەوە.

نەزگەرەم دەهات بە مۆدێرنە و،

دیموکراسیی، لە قاقای پێکەنینیدا: دەبوورایەوە.

 

لە سانتۆ دۆمینگۆ‘٥٤’ بە قاشێک لیمۆ، ژیانم شۆردەوە.

کە گەڵای کاهووم خوارد و خرمەخرمم دەکرد،

لەگەڵ کاهوودا دەمگوت:

من دەچمەوە، سەر نەسلی گوڵ، کە دڵی شکا:

تک تک، ئەسرینی ڕژایە سەر خۆڵ و،

خودا، ڕۆحی وەبەر نا.

ئەویش دەیگوت: ئێمەش لە عەشیرەتی گوڵەمیناین و،

بە هۆی زۆر چوونە نێو هزر و خوێنەوە:

ئیدی ڤیتامینمان گۆڕدرا.

***

 

 

دەموچاوم ڕەشهەڵگەڕابوون، وەک بەنگاڵیی خۆم دەهاتە پێشچاو، کە بۆ کار چووبم.

لە پۆرتۆ پرێنس‘٥٥’ سەرەیان دەگرت ئیمزایەک بکەم.

خۆشم، واق وڕمابووم؛ نەمدەزانی بۆ چییە.

لەوان وابوو، من نوێنەری یوونێسکۆم، لە پاریسەوە هاتبم و،

سەرلەنوێ قوتابخانەکانیان بۆ بونیاد بنێمەوە.

چووزانم، کە لە ڕۆژبەری: ١٢/ ١ / ٢٠١٠

عەردهەژێن، قوتابخانە و کڵێسا و داروبەردی تەفروتوونا کردووە.

 

عەرەبانە، دەیگوت: بۆ درەنگ هاتی،

چاوەڕانی دەستت بووم، ئەم خاشاکە دەرکەم.

کڵێسا، دەیگوت: بمزانیبایە بۆچی من وەبەر کەوتووم،

هەر ئەو ڕۆژە، بە خاچەوە دەمام، تا دەمردم.

مەساسەیەک، هێشتا خۆی لە خۆڵ پاک نەکردبۆوە،

کە لیکەی منداڵێکی لە خۆی هەڵسووی بوو؛

تاکوو منداڵەکە، لەسەر ئەژنۆ هەستێتەوە و، هەڵیگرێتەوە.

مەساسە، ئاخ مەساسە، دەیگوت:

کە هەواڵی مەرگی ئەوم پێگەیشت،

ئیدی لە نێو خۆڵ و خاشاک ڕاکشام و، هەڵنەستامەوە.

 

تەشت، چاوەڕێی ترپەی دڵم بوو، دەیگوت:

دەبوایە دەستت ببوایە ئاو، پەنجەکانت بەلۆعە،

نایبینیت ئەم پەڵە خوێنانە وشکبۆتەوە، بە جلەکانمانەوە؛

بە چ تەواو دەبێت، گشتیان بشۆم و، بیسمیلیان بکەمەوە.

 

قاپ، حەزی لە تۆزێک شۆرباوی چاوم بوو،

بیداتە میهرەبانی پیرەژنێک.

گۆچان، ژیانی لە بیرچووبۆوە،

بچێتەوە نێو دەستی پەککەوتەیەک.

 

ڕۆماننووسێک، بۆی گێڕامەوە:

کە چیرۆکنووسێک، وشەی داڕمابوو،

مانای کەتوبووە بەر بلۆک و، دیواری بەسەردا ڕووخابوو.

پیت، بە حاڵ هەناسەی دەدا:

لە وشەی مەرگەوە ئاڵابوو؛

تا گەیاندیانە نەخۆشخانە،

لە ڕستەی ئازیزەکەمدا گیانی سپاردبوو.

 

فرانکتین،‘٥٦’ دەیگوت: بە چاویلکەکەم لە مەرگ ورد دەبوومەوە،

تا چاو بڕی دەکرد، ڕۆح دەچۆوە ئاسمان،

شیعر دەرەقەتی نەدەهات.

ژێیەکانی مۆسیقام، بۆ نەدەبۆوە بە ڕۆح،

فڵچەم هێنا، تابلۆیەکم کێشایەوە و،

ئیدی هاییتی، تێیدا خەوت!.

***

 

ئیناگوا،‘٥٧’ دڵنیشینییەکەی نەبوایە:

خۆم دەدایە بەر هێرشی قرشەکان؛

تاکوو لەتوپەتیان کردبامایە.

ئاخر ڕۆژگارێکە،

دڵتەنگی وەها دەمانخواتەوە…

هیچ فاڵچییەک،

ناتوانێت لەپی دەستمان بخوێنێتەوە.

 

 

فلامینگۆ، بەو جوانییەی خۆیەوە،

کە لە شەقەی باڵ دەدا:

دەیەوێت هەرچی غوربەتی سەر زەمینە،

بیکاتە یاداشتێک و،

لە دەفتەری ئاسمان بینووسێتەوە.

 

مرۆڤ، وەها تینی بۆ باڵندەکان هێناوە،

ئەوانیش حەز دەکەن:

کۆچ بکەن و، لەم ژینگەیە دوور بکەونەوە.

منیش لەوسەری غەمگینییەوە هاتبووم،

تاکوو چاوم بە جوانی ئەوان بکەوێت،

هیچ نەبێت کەمێک دڵنەواییم بدەنەوە.

***

 

«ئەم دڵشکانە، ئەم غەریبییەی باڵندە، سامناکییەکی کوشندەیە بۆ مرۆڤ. مرۆڤ چ وێرانەیەکە لەم سەدەیەدا. بەرەو کووبا، وە ڕێ دەکەوم، تاکوو ڕۆژەکانی شۆڕش بنووسەمەوە.»

***

 

 

لە کووبا:

 

 

بە جانتایەکی مغاویلییەوە، بەیانییەکەی لەوسەری دوورگەی ئیناگواوە وە ڕێ کەوتبووم،

بۆ وەختی شێوان گەیشتمە سانتیاگۆ دی کووبا،‘٥٨’

هێندە کەنەفت بووبووم، لەو شۆڕشگێڕانە نەبووم، جانتاکەم پڕ بێت لە تەقەمەنی؛

بۆ نموونە: مەعجوونێکی دان پاککەرەوە و، فڵچەیەکی شڕی سەردەمی شاخی تێدابوو.

ئاخر ئەو وەختە، ئاوێنەمان: ئاوی کانییەکان بوو، هێندە ڕوون بوو، ددانمان لەبەر دەشرد.

کە چووینە شار، دوای ماوەیەک، دەممان پڕ بووبوو لە فیشەک،

بۆگەنی دەموددانمان ڕۆژەڕێیەک ڕۆیشت، هەتاکوو ئێستاکانێ بۆ جارێکیش نەمانشرد.

 

دەی ددانەکانی پێشەوەشمان، ڕەونەقییان نەما و، گشتی خافوور بوون؛

تەنیا چوار خرێنەی پیسی تێدا ماون.

دوو دانە: لەوسەر و ئەمسەری خوارەوە و،

دووانەکەی دیکەش کە خۆیان مەڵاس داوە، لە سەرەوەن.

ئەم چوار خرێنە پیسەش، دەبێت لە ڕەگەوە دەربهێندرێت،

وەک ئەو پیرەژنەیەی کە دەیگوت: بە خودا ڕۆڵە، ددانەکانیشم گۆڕین،

تامم لە خواردن نەکرد، دەک برێم دە هەموویان بنێت.

***

 

لێرەش لەگەڵ یەکێ لێمان بووە دەمەقاڵە،

چوونکی گوتم: «فیدڵ کاسترۆ» کە دژی ڕژێمی «باتیستا» وەستایەوە:

چ لە هێڵکەی قازی گۆڕی.

خۆ گەر «خۆزە مارتی»یش بوایە:

شتێکی دی بوو،

دەمزانی جیهان چۆن تێدەپەڕی.

***

 

شیعر و ڕەنگی شین، یەک شتن؛ بەس کە ڕۆح بەشداری شۆڕش دەکات:

دەبێتە سوور و ڕەش، ئیدی سپییش: دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ.

 

چوومە لای پینەدۆزێک، پێڵاوەکانم هێندە شڕ،

وەها قسەی بۆ کردم، کە هەرگیز نەچمەوە شەڕ.

***

 

«ئەم پینەدۆزە، فێری زۆر شتی کردم: تەقەڵی برین و پەیڤی بزمار؛ ڕابێم لەسەر پێڵاوی دڕاو، بۆ لە پێکردنی ژیان.»

***

 

 

 

لە جامایکا:

 

 

سەرم ژانی دەکرد، چاوەکانم وەختابوو کوێر دەبوون،

کە هاتمە کینگستۆن،‘٥٩’ باڵەخانەکان خەویان لێ زڕاندبووم؛

بیرم دەکردەوە: ئەو خەڵکە چۆنچۆنی وەها سەردەکەون.

لەسەرەوە، کە دەمڕوانی: مرۆڤەکان ببوون بە مشک.

کە لە خۆشم ورد دەبوومەوە: ببوومە مەیموونێکی بێ کەڵک.

 

تاوێک بە پیاسە، چوومە بازاڕ،

لە قاوەخانەیەک: کووپێکم شیر خواردەوە.

لەسەر شەقام، ڕۆژنامەیەکم کڕیی و،

هەر لەوێش: شێلم فرۆشێکم دیت،

ویستم قاپێک شێلم بخۆم و،

جێیەک پاقلەش بکڕم و، بۆم بخاتە نێو ڕۆژنامەیەک؛

تاکوو بیست هەزار کەس بچنە بەردەم عەرەبانەی فرۆشیارەکە و،

لە نۆبەدا: تۆمەتەکانی ئەم ڕۆژنامەیە لێک بدەنەوە.

ئاخر ئەو ڕۆژنامەیەی لای خۆمانم بیر دەکەوتەوە:

کە لە بەشە ناوخۆیی، زانستگەرانیی، دەکردە دوو بەرەوە!.

***

 

ماوەیەک، لە کۆمپانیایەکی هەرەوەزی کارم دەکرد، سەرپەرشتی مەزرایەکی دانەوێڵەم دەکرد و کارم باش دەڕۆشت؛ هەرچی لۆبیا و پاقلە هەبوو، ڕەنگ و تامیان جودا بوو، ڕەنگیان، قاوەییەکی تێر و، تامیشیان زۆر خۆش بوو، نەک وەک ئەو خەڵکەی لای خۆمان، کە زۆر جار دەیانگوت: پاقلەی کوڵاو، بۆنی گۆرەویی دەدات. لە مەزرایەکی دی، کە تایبەت بوو بە جۆری سەوزەکان، کوولەکەی چێشتی، وەک باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، هەڵواسراوبوون. بەشی خۆم پارەم پەیداکردبوو، لە پاناما، «دانا عەسکەر»، کۆڕێکی شیعری هەبوو، لەسەر «ڕووتکردنەوەی ئاو»، هەر دەبوایە بچم.

***

 

 

«وڵاتانی کاریبییم، جێهێشت، بەرەو وڵاتانی ئەمریکای ناوەندی، وە ڕێ کەوتم

 

لە جامایکاوە بۆ پاناما، بە دەم ڕووتکردنەوەی ئاو:

 

 

بە کەشتییەک وە ڕێ کەوتم، ڕەنگی سپیی و شین،

بە درێژایی ڕێ، بیرم لە ڕووتکردنەوەی ئاو دەکردەوە: کە من چۆن پێیدا تێپەڕ دەبم!.

عیشق، تێیدا ڕووت ڕووت بوو، وەک وردە شەپۆل، دەریا حەزی لە دەستبازی بوو.

خۆشەویستی، لەو کەفوکوڵە دەچوو، کە لە کەنار، سەدەفی پێ تەڕ کردبوو.

پەنجەرەی ژوورەکانی نێو کەشتییەکە:

هێندە تەوەزەل و تەپلۆس بوون، بە هیچ وە ئاگا نەدەهاتنەوە.

خۆر لەسەر شەپۆلی ئاوایی بوو،

حیکایەتەکانی دەرگاش، بە هیچ نەدەبوونەوە.

هێندە کۆچ بکەین، ئاو، ڕووتکردنەوەی بیر چووبۆوە،

ڕۆژنەبوو دەستنوێژمان پێ هەڵنەگرێت، ڕۆژنەبوو سوێند بە پاکی ئەو نەخۆینەوە.

کورسییەکەی کاپتن: خەیاڵ لەززەتی لێ دەبینی،

بە تەفسیریش، ڕەنگەکەیت بۆ نەدەگۆڕدرا، تەمەنت بۆ ڕوون نەدەبۆوە.

خەریکبوو کون دەبوو، سەرەونغوون دەبوو، لە بری ئاوی تێ پڕژێت:

شاعیرەکان دەهاتن، لە نوقمبووندا: شیعریان لێ دەدزی.

خەریکبوو، مەست دەبوو، دەگەیشتە ئەوسەری فەنابوون:

خۆمان لە نێویدا پەرت دەبووین، دڵی یەکدیمان دەدزی.

 

 

بە درێژایی ڕێ… بیرم لە هەڵووژە دەکردەوە، بۆ مزریی لێشێواوە.

دەمگوت: سوێند، لە کوێی هەنجیردا هەڵدەگیرێت، کێ دڵنەوایی زەیتوون دەداتەوە.

هەستم دەکرد، کەشتی پڕ دەبوو لە ئاوازی نەبیستراو؛ دڵم، گۆرانی دەگوتنەوە.

هەستم دەکرد، بوومەتە زەمبیلە و، وەک سێوێک بە گومانەوە هەڵگیراومەتەوە.

 

 

بە درێژایی ڕێ… شەو، هێندەی دی خۆی درێژتر دەکرد،

ئاو، زیاتر خۆی ڕووت دەکردەوە.

کەس نەبوو، جگە لە من، لە شەودا: ئاو، بە جلێکی خەوەوە ببینێت.

کەس نەبوو، جگە لە من، لە شەودا: گوێی لە دەنگی ناسکی ئاو بێت.

 

 

حەزم دەکرد سبەی بێت و، بگەمە لای دانا، ئاو لە دەمی ئەو بخوێنمەوە.

منیش، تک تک، بڕژێمە نێو شیعرەوە.

بە دەم قسەوە خەوم لێکەوت و،

ئەوەندە زانیم، گوتیان: ئێرەیە شاری کۆلۆن،‘٦٠’ فەرموو دابەزە.

تاکسییەکم گرت و، بە ماوەی کاتژمێرێک گەیشتمە پاناما سیتی،

وەخت درەنگ ببوو، چارەگێک دەبوو، کۆڕەکە دەستی پێکردبوو؛

لە کاتی خوێندنەوەیدا، یەکسەر هەستام و، ئەم دوو دێڕەی ئەوم گوتەوە:

«من لەوەتەی ئاویان کردووە بە شەربەتی خوێن بۆ کەمخوێنی،

پەرداخەکانی هەستم پڕن لە فریو، چاوەکانم تێرن لە بێداریی.»‘٦١’

من وا هاتم، بزانە چ کۆچەرێکم،

هێشتا دەستنوێژی سەفەرم نەشکاوە و،

تڕێکم بەرنەداوە، ئەم جیهانەی خۆمان بگۆڕم!.

بیخوێنەوە هاوڕێ، دەمەوێت بە دەم ڕووتکردنەوەی ئاوەوە،

بوونی ئێمە، ڕوونتر بێت.

سەفەری ئێمە، غەریبتر بێت.

سەفەرێک، کە وانەیەک بە بوونمان بڵێتەوە!.

***

 

 

 

Panama Flowers is a painting by Anna Duyunova .

له‌ نێو ژنانی ئێمبیرای پاناما:‘٦٢’

ژنانی وێ: گاڵتەیان بەو شیعرانە دێت، کە بە شێوەی ئیرۆتیکی دەنووسرێت.

خۆیان ئیرۆتیکین، پیویست ناکات شاعیران بێن و،

خەرمانەی مەمکیان، بە دوو وشەوە گرێ بدەن، تاکوو دێڕێکیان بۆ دەرچێت.

خۆیان خالخاڵۆکە لەسەر سینگیان دەکەن، تا شەمامەیان جوانتر دەردەکەوێت.

 

 

کە ئەو ژنانە ببینیت، شیعر دەچێتەوە نێو ڕەوتی خۆی،

ناتوانیت درۆ بە نێوی ژنەوە بکەیت، سروشت خۆی پێت دەنووسێت.

کە سەبەتە و زەمبیلەیان لێ بکڕیت، جوانییان تێدا ڕادەکشێت.

منیش هەر بۆ یادگاریی، ملوانکەیەکم لێ کڕین،

بۆ وەی کە ڕۆیشتمەوە، بیرەوەرییان لە نێو پەخشانە شیعرێکی مندا هەبێت.

***

 

«لێرە لەگەڵ کچێکی چاو هەنگوینیی، هێندە چاوباشقاڵیمان کرد، ئیدی لێک نیزیک ببووینەوە؛ کە لە بن دارێکیش دانیشتباین، سێبەرمان لێ دەبوو بە خۆشەویستی. کەچی بە دڵشکاوی جێمهێشت، نەبادا وەک بەڵگەنامەکانی پاناما، خۆشەویستیش بەرتیلی تێ بکەوێت. ڕۆیشتنێک، بەس «با» دەیزانی چۆن ئەسرین لە چاوم دەتکێت.»

***

 

 

 

لە کۆستاریکا:

 

 

لە بازاڕی سان خۆزێ، دووکانێکی میوەم دانا:

کە تەماتەم دەفرۆشت، یەکێک هاتبایە و، کیلۆیەکم بۆ کێشابایە:

دەبوایە باسی پیشانی دڵمیان بۆ بکەم،

نازانم بۆ هێندە حەزیان لە چەوری دڵم بوو.

کە کوولەکەم دەفرۆشت،

لێم خڕ دەبوونەوە و، باسی کونبوونی جەرگیان لەگەڵ دەکردم.

نازانم بۆ هێندە حەزیان لە باسی خۆشەویستی بوو.

هێشووە ترێی ڕەشم، هەر بۆ نموونە هەڵواسیبوون،

نیگایان دەبووە قاپێک شەڕاب،

بۆڵوەکانیان دەکردە وشە و،

بە منیشیان دەگوت: چ خەییامێکی پڕ بوو.

***

 

 

شەوی وێ: گەردوونی دەخستە نێو پرسیارە.

هەندێک لە شاعیرەکانیان، ئەوەندە لە زریان بترسن،

کەفوکوڵی دڵیان بیرچۆبۆوە.

چەند ڕۆماننووسێکیان، زیاتر بە دەریای کاریبییەوە گرتبوویان،

ڕاوچییەکانیان کردبوونە پاڵەوانی ڕووداوەکان،

هێندەی ماسی بخۆن، ڕۆحیان بیرچۆبۆوە.

شێتەکانیشیان، ئاخ شێتەکان…

هەریەکە و بە پرسیارێکی بە جێماوی مانگەوە خەریکبوون،

گومان لە کوێیدا بڕەوێننەوە.

شێتجوانێک، لە خێرایی ئەو نێزەکانە ورد دەبۆوە،

کە مەرگ و ژیانیان، بە ڕووناکی دەبەستەوە.

***

 

 

«لە نیکاراگوا، «سالار باسیرە»٦٣ سەرقاڵبوو بە توێژینەوە، دەبوایە لەمەڕ شۆڕش بدوێین، چوومە گوندی «ئەل ڕۆزاریۆ»٦٤  ئەو شوێنەی کە لێی مایەوە.»

 

 

لە نیکاراگوا:

 

 

دەمەو نیوەڕۆ بوو، چوومە زرێچەی نیکاراگوا، لە نیزیک وێ:

شوێن پێی مرۆڤم بینی، کە هی دوو هەزار ساڵ زیاتر پێش زایین دەبوو.

سەرم لە شەپۆل سووڕمابوو، بۆ ئەم حیکایەتانەی نەسڕیبۆوە؛

با، ئیشی چ بووە، کە نەتوانێت بە تەپوتۆز، شوێن پێ پڕ بکاتەوە.

 

لەبەر باسی شۆڕش، نەمتوانی لەو شوێن پێیانە زۆر ورد ببمەوە،

کە چوومە لای سالار باسیرە،

غەمێکی زۆر دایگرتبوو، پێشتر بەشداری شۆڕشی نیکاراگوای کردبوو؛

ئەو، هەناسەی کوردبوون و نیکاراگوایی تێکەڵ کردبوو،

ڕژێمی بەعس و سۆمۆزای، بۆ بەراوردکردنی دانابوو.

 

بۆ سبەی وەختی چێشتەنگاو، هێلکەوڕۆنێکمان کرد،

بە دەم نان خواردنەوە: من لە دەمی ڕاپەڕین و کۆڵنەدانی شاخم دەکۆڵییەوە،

بەراوردی ئەو هەموو ساندینۆیانەی خۆمان و ساندینۆی نیکاراگوام بۆ کرد،

کە بۆچی ئەوانەی خۆمان وەک گورگ بەرنبوونەتە گیانمان و،

ساندینۆی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخواز،

دوای شەهیدبوونی، گورک جەستەکەی خواردبوو.

 

ڕۆژانێک تۆ دەنگی کوردت دەگەیاند بە گەلانی دونیا،

ئێستاکە، سکاڵا لەو ڕابەرانەی دوێنێ دەکەیت،

کە هەموو پارەی میللەتیان قووت دا.

 

گوتی: بیر لە شۆڕشێکی دی دەکەمەوە،

دەبێت ئەو «ڕامۆن»نانە، دەرباز بکەم،

شۆڕشیان بۆ وە نەکرد،

لە برسێتییدا سەر بنێنەوە.

***

 

 

هەواڵێکم بۆ هات، لە «گرانادا»ی نیکاراگوا، کە«ئەنێستۆ کاردیناڵ»‘٦٥’

بە ئامادەبوونی خۆی، واژۆ لەسەر کتێبێکی خۆی دەکات.

لەم کتێبەدا: باس لە سیگار دەکات، هەر حەز دەکەیت:

خێرا لاپەڕەیەک بیخوێنیتەوە و، مژێکی لێ بدەیت.

کە لای ئەو، شەو لە خاچێک دەچێت،

بە ئەستێرەوە هەڵواسرابێت.

 

لادێیەکانیان، هەڵکوورمابوون،

وەک ئەوەی هێلکەیان پیس کردبێت،

مریشکیش لە تاو جووجەڵە، سەری لێ شێوابێت.

 

شەقامەکانیان. سەرمابردەڵە ببوون،

وەک ئەوەی پێیەکانیان تەزیبێت،

هەنگاویش بۆ بونیادنانەوە، پەلەپروزکێی بێت.

***

 

 

«بە درێژایی ڕێ، بیرم لەو دەشتە کشتوکاڵیانە دەکردوە، کە ساڵانێکی زۆر… جووتیاریان لێ دوورخستبوونەوە. بیرم لە کۆفیتە دەکردەوە، چەند بیری داهۆڵی کردبێت، چۆلەکە چۆن گەمەی بێ دەغڵودان کردبێت. عەرد، هێندەی خۆ بخواتەوە، دەمگوت: دەبێت دەنکە گەنم، چەند چیرۆکی بۆ مێروولە گێڕابێتەوە. مار، چەند جار کیفی جێهێشتبێت!.»

***

 

 

«نەمویست یەکسەر بە تاکسییەک بڕۆم بۆ هۆندووراس، کەمێک پێویستیم بە ئارامی هەبوو، لە ئاوی زەریاکان وەڕەز نەدەبووم، شەپۆلەکان منیان لە تووڕەیی دوور دەخستەوە، بە بەلەمێکی شین، بە کەنداوی فۆنسیکادا‘٦٦’ پەڕیمەوە و، چوومە نێو خاکی ئێلسالڤادۆر.»

***

 

 

 

 

لە ئێلسالڤادۆر:

 

 

نەمویست وەک کاڵەکخۆرەکان لیکەم بە زاردا بێتە خوارەوە، لە تاو قاشێک،

بەس سینگی کچۆڵە نازدارەکانی وەها بوو، ڕەچەڵکیان دەچۆوە سەر کاڵەک.

خەرمانەی مەمکیان وەک دەنکی شووتی وا بوو، حەزیان سوورسوور کردم،

گەر وەک من تامی بکەن، نە شەرتی دەوێت و، نە دەشڵێن: تێیدابووە گرێیەک.

 

 

چووم بزانم دونیابینینی پیپیلییەکان‘٦٧’ چۆن بووە:

 

کە لێیان نیزیک بوومەوە، گوتیان:

کاکی شاعیر، دەزانیت بۆ یەکەم جار، شیعر: لە دەمی شمشاڵەوە زا.

گۆزە: لە لایەن ئێمەوە دروستکرا و، ڕەوانەی وڵاتانی دراوسێ کرا.

کاوبۆییەکان: دزییان لێ کردین و، کڵاویان لەسەر ئێمە نا.

خڵتەی سەبیلە: لە نێو شارستانێتییەکەمان لێ بە جێما.

هەنار: لە پێگەیشتنیدا: بێشەرمیان دایە پاڵ و، بە مۆدێرنە کرا.

ڕەمەند: زۆر غەریبانە، دڵۆپە خوێنی سەربازانی بەسەردا سەپێندرا.

 

پیپیلییەکان، باسی جەنگەڵیان بۆ کردم: جودا لەو تەفسیرانەی بۆم کردبوون.

دەیان داستانی لەسەر تەمومژیان بۆ گێڕامەوە، کە خەیاڵ وێنای کردبوون.

بە ڕەوایان نەدەزانی بە خەیاڵ بیانبەمە ژێر هەور و، بڵێم: وەرن با بسووتێین.

 

تەمومژ، چەندین فۆلکۆری نێو دارستانی بۆ گێڕامەوە، کە بولبول نەینووسیونەتەوە.

لەگەڵ گێڕانەوەی، هەستم دەکرد: خەریکە هەنسک دەیگرت و، خۆی دەخواردەوە.

***

 

سادەیی ژنە لینکاییەکان‘٦٨’ وەک هەنجیری وشککراوە، تامی خۆیان هەیە:

 

ژنە لینکاییەکان ئەوەندە میهرەبانن، سەیرم دێت کە عاشقی گوڵەباغ دەبن.

لە هەرەوەزییدا ئەوەندە جوانن، کە پشت کووڕ دەکەنەوە:

دەنکە تۆیان لێ هەڵدەورێت و،

ئەوەندە دەزانیت، بە چواردەوری عەردەکەدا… وەکوو گوڵ قیت بوونەتەوە.

 

لە نێو سەبەتەیەکی قاوەیی، مێوژ و هەنجیری وشکراوەیان دەفرۆشت؛

نیو کیلۆم لە یەکێکیان کڕی، دەنک دەنکم بەدیارییەوە خواردن،

بۆ وەی خەیاڵ، تا خاڵی سەر ڕوومەتیانم ببات.

***

 

«بەر لەوەی لە جوانیان دوور بکەومەوە، ئەو ڕۆژە لە سوزگەیەکی نایلۆن ڕامابووم، پڕ بوو لە سڵق، وامزانی لە بازاڕی «کۆیە»م. دایکێک، منداڵەکەی لە نێو پرسێکەی پێچابۆوە و، لە پێش خۆشی گوێنییەک تووری دانابوون؛ هێندە جوان بوو، وامزانی لە گوندی «شێخاودەلان»ی ڕا هێنابوون. هەر بەو بۆنەشەوە، کیلۆیەک خەیار و تەماتەم لێ کڕین، بە ڕێوە بە نانی وشکی خواردمن.»

***

 

 

لە هۆندووراس:

 

 

بۆ کارگ چووبوومە ئەو بەندەنانەی دەوروبەری شار،

دوو شت بەردەوام لە یادەوەریمدا مابوون:

هەورەتریشقەی لە ناکاو،

چەتری عاشقانی دڵشکاو.

یەکەمیان: قارچکێک دەبووە میوانی پیتزا، بۆ ژەمێکی پڕ ژوان.

دووەمیان: نووسینی شیعر بۆ دڵێک، کە ئارام دەبۆوە بە دڵۆپێک باران.

 

دواتر، بە دەم ڕێوە، بیرم لەو قەڵایانەی لای خۆمان دەکردەوە،

لەبەر چی دروستکران و، بۆچی ئاسەواریان کوێر بۆتەوە.

کە گەیشتمە لوتکەی  «سەررۆ لاس میناس»‘٦٩’

تێر تێر گریام، ڕۆژانی نێو بەفر و سەرمای «قەندیل»م بیرکەوتەوە.

***

 

لە کۆپان، ‘٧٠’ بە دوای ئەو پەیکەرانەدا دەگەڕام،

کە ڕەمزیان لە هیندەکانەوە وەرگرتبوو،

ڕۆحێکی مێژووییان وەبەرنابوو.

لە داخانیش وەختابوو دیقم دەکرد:

کە ئەشکەوتی «جاسەنە»م، لە بەرچاو لانەدەچوو؛

ئاخر لە بری ئەوەی: بکرێتە ماڵی ڕۆژنامەگەری کوردیی،

قشپل، جێی خۆی ڕاخستبوو!.

***

 

لە دێڕێکدا: شین بوومەوە بە پێکەنین،

پێڵووی چاوی کچۆڵەیەکم بە شینی بینی،

کە لە ڕەنگی شینی چاوی نەدەهات؛

وەختایەک دەیڕوانییە شینی ئاسمان…

نوور، ئەم شینییەی دەکردەوە: بە سپی،

وەکوو پەڕەی دڵی.

ئیدی هێدی هێدی، بۆی دەگریام…

نەمدەزانی کە شین، چەندە قووڵی کردۆتەوە:

دەگەڵ خۆی!.

 

ئەم کچۆڵەیە، زۆر لە هاوڕێیەکی گەرمیانیم دەچوو،

جارجار لەبەر خۆیەوە،

وەک لای خۆمان بالۆرەی دەگوت.

ئاخر دڵی هێندە شەقارشەقار ببوو،

هەستم دەکرد: «شنە»یە،

لە دڵەوە، بالۆرەی دەگوت!.

***

 

«ئەی شۆخترین خەیاڵ، ئەی جەللادی خەونی دەوڵەتی بەتاڵ، شاعیرەکانت هەپروون کردن، شەرمەزاری سروودت کردن. بەس نییە بۆ جارێکیش، سروودێکم نەنووسی، خەونی تۆ وێرانی بکات، بەس نەبوو بۆ جارێکیش، بڕوام بە درۆکانت نەهێنا، «با» وەکوو کڵاوەکەت بمبات. من دەڕۆم و هەر دەڕۆم و دەڕۆم، ئیدی هەر بە مریشکەکانتدا بفسێ؛ دەبێت شیعر لەم دەوڵەتە نەوتییە دەربێت و، قرپ بداتەوە و، دوای تێربوونی لە زمان، بە خەونی درۆدا بڕشێتەوە و، جیهانێکی دی هەبێت.»

***

 

 

 

 

لە گواتیمالا:

 

 

هێندەم پەلە بوو، کاتم نەبوو بۆ قاوە خواردنەوە.

کتێبێکی ئێرەم خوێندبۆوە، وەها منی گۆڕی،

وەک ئەوەی بڕوا بە فاڵچییەک بێنم، لە نێو فنجانێکدا:

تارماییەکانم نیشان بدات، پێم بڵێ: دەبێت وازبێنیت لە ئەوین.

 

هێندەمان ڕۆژگار وەک هێڵنج تێپەڕاندووە،

هەزاران جار، نیشتمانیان لە نێو مەنجەڵێکی گەورەدا کوڵاندووە؛

کە ئەم ڕەشییەی گرتوویەتی، بە تەلی قاپیش لێی ناکرێتەوە.

دەی باشە بە چ شتێک… لە گەوهەری بڕوانین.

***

 

دەبێت بە نێو باغێکدا تێپەڕن، میوە لەبەر ڕزیوی فڕێ نەدرابێت/ لە ئاگر وەرنە دەرەوە، چیدی ڕامانی ناوێت/ ئەفسووس وشەیەکی درۆیە، بۆ وەی لە نێوتاندا بوونی هەبێت/ سەفەرێک بکەن و، نیشتمان بۆ ماوەیەک قوفڵ بدەن و، با کلیلەکانی لای خۆتان بێت/ گەر ڕۆحی خۆتان داگیرسێنن، چیمەنێکی لێ دروست دەبێت/ مەڵێن: نیشتمان بوو بە گۆڕستان، واقیع بکوژێننەوە و، بڕۆنە نێو دونیای خەیاڵ/ مەڵێن: ناتوانین بفڕین و، ئەی کوانێ باڵ، فاریزە لە دوای زەمین هەڵبگرن و، بیکەنە بە خاڵ/ زۆر مەچنە نێو ڕەنگەوە، خۆڵەمێشتان لێ بە جێمێنێت/ ئاگاتان لەو کتێبانە بێت، کە بڵێسە دادەگیرسێنن و، دەتانسووتێنێت.

 

هیچمان دەستمان بە سێوەوە نەگرت، لە بری تام، گومانمان لە تفتیدا بە جێهێشت.

میوەیەک کە بچێتە بەهەشت، دەبێت سێو بێت، کە هەردەم سەرزەنیشت دەکرێت.

***

 

 

گەڕان بە دوای یاداشتێکی بە جێماودا، لە تیکال:‘٧١’

 

 

مەبەستمە وەک ئەو دەستنووسانەی بە ڕێنووسی «هیرۆگلیف»،

نووسیبوویان «یاخ موتال/ موتال»، بە دوایدا وێڵ بم و، شتێکی لێوە فێر بم.

بگەڕێمەوە ئەو قەڕنەی، کە ئەندازیاری غەمڕەوێن، بیری لە دە قەڕنی دوای خۆی دەکردەوە.

ئەندازیارەکانی: دیوێکی دوای خۆیان بە جێهێشتووە، پێی دەڵێن: شوێنەوار.

شوێنەوارناس، بوونی نەبوو، ئەوەی شوێنەوارناسی خوڵقاند، ئەندازیار بوو، ئەندازیار.

ئەندازیار نەبوو، بیری لە کۆیلە دەکردەوە، کۆیلە خۆی بوو، ئازادی بیرچووبۆوە.

پادشا نەبوو، بیری لە کۆیلە دەکردەوە، کۆیلە خۆی بوو، بیری چووبۆوە پێشتر پادشا کێ بووە.

 

 

دەی دەستنووسێك هەیە، پڕیێتی لە چەقۆ خوێناوییەکان؛ نێونیشانی خەنجەرە و، نووسەرەکانیشی پادشان.

ناواخنی… چەند گزنگێکە، گزنگی کۆتایی: پڕۆژەیەکە بۆ سووربوونی ڕەمەندەکان، بە فەرمانی خوێنڕژەکان.

بەشی یەکەم: گەر هەڵەم نەکردبێت، لە داڵانی حیلەی ئەسپەکانەوە… باس لە زین دەکەن، جەنگاوەرەکان.

بەشی دووەم: لە گەڕەکی قەسابەکانەوە پێدا دێت، تاکوو دەگاتە حەشارگەی تلیاکخۆرەکان، بە ئایەتی خۆیان.

با باس لە بەشەکانی دیکە نەکەم، خۆ میرنشین و خەلیفە مۆدێرنەکانی باشوور، بەم هەواڵە بزانن:

یەکسەر دێن، دەستنووسەکە پەیدا دەکەن و، ئاودیوی دەکەن بۆ هاوسنووربازەکانی خۆیان.

***

 

«ئەوەی بە دوای زێڕی بە جێماوی پادشاکاندا بگەڕێت، خەونەکانی ئاڵۆزتر و، ناتوانێت ئاخافتنی لەگەڵ تیشکی خۆری هەبێت. ئەوەی خەون بە کۆشکی«تیکال»ەوە ببینێت، دەبێت وەک پادشاکان، خوداوەندەکان لە بەرچاو بگرێت.»

***

 

«بە هۆی سەرقاڵییمەوە، دەبوایە بچمە «بەلیز»، لەوێ هەندێ وردە ئیشم هەبوون، هیچ نەبێت بچمە دۆخی شوانێکەوە.»

***

 

 

 

 

لە بەلیز:

 

 

دەمێک بوو، دەبوایە هەر دڵنەوایی خۆم نا، بەڵکوو زەمینیش بدەمەوە؛

ئاخر دەمێکە زەمین، لە دەستی ئێمە هەڵدەپڕوزکێ.

دەیەوێت وەکوو کەروێشکێک،

بە بێدەنگی لە کاکێشانەکەیدا هەڵکورمێ.

 

لە باڵەخانەیەکی شاری بەلیز‘٧٢’

زیاتر هەستم بە برینی قووڵی زەوی دەکرد؛

لەم باڵەخانەوە، بیرم لەو تۆفانەی هاییتی‘٧٣’ دەکردەوە:

کە بۆچی بە یەکجاری، مرۆڤی دەگەڵ خۆیدا ڕانەداشت!.

 

لەم باڵەخانەوە: زێدەتر دەمڕوانییە ئاو،

زێدەتر، کوفوکوڵی زەمینم دەخوێندەوە.

وردە شەپۆلانی ئاو…

لە ژێی مۆسیقایەک دەچوو،

ئاوازێک بۆ ڕۆحی دابنێتەوە.

***

 

 

 

 

لەم باڵەخانەوە: ئاوها دڵنەوایی خۆم و زەمینم دەدایەوە:

 

 

نازانم تا کەنگێ ئاوها لە غەریبیدا بمێنمەوە،

ئەو ڕێیانەی بە ستوونیدا دەمبەنە سەرەوە:

چێژی نییە، گەر لە تەپوتۆزدا ونم نەکەن و،

غەریبییم ڕەونەق نەداتەوە.

ئاخر گەیشتن بە خودا، چەشنی غەریبانەشی هەیە!.

***

 

ئەو ڕێیانەی دەمبەنە سەرەوە:

دەبێت دڵم بیابان بێت،

چاوەکانم کانی بێت،

زمانم فێری پەیڤ بێت،

ڕۆحم، لە غەریبیدا: موناجاتێکی لە نێوان خۆڵ و ئاودا بکات؛

دەی مەگەر نابێت خودا، ئاشنایەتی دەگەڵ منی شوانیشدا هەبێت!.

***

 

دەی خودایە دێمە سەرەوە:

دە دەرگاکەتم لێ بکەوە،

ئەوە چییە، با منی شوان پرتەوبۆڵەشم بێت،

کەی میهرەبانی بەسەر چووە؛

یانی لە پەنجەرەوە، خۆم هەڵدەمەوە خوارەوە!.

***

 

نەمدەزانی چۆن گۆرانییەک بڵێم: خۆ هەبوو شمشالی دڵم؛

گوتم: خودایە، هەر ئاوها دەزانم، کە لە قووڵی بڕوانم!.

***

 

«هەندێک جار، کە دوور دەکەویتەوە لە شار/ کە دەچیتەوە کەنار ڕووبار/ کە گوێ لە گۆرانی دەگریت و، حەز دەکەیت بفڕیت و، ببیتە خەیاڵ/ ناکرێت «مەزهەری خالقی» لەگەڵتدا نەبێت، بە چوار وەرزی ساڵ.»

***

 

 

«سەرشێتانە، بەرەو مەکسیک ڕۆیشتم، هێندە کتێبم لەسەر خوێندبوونەوە، هێندە بەدیار زنجیرە دراماکان دانیشتبووم، دەمویست وەک کاوبۆییەکان بخولێمەوە. دەشزانم غەمم دێت کە دەچم، وەک شێتێک تێکەڵ بە ڕۆح دەبم، دونیا وەک گوڵەباغ، لە پەژموردەیی ڕۆح و حیکمەتی بولبولدا، بە غەمی ئاوازێکەوە دەیهێڵمەوە.»

***

 

 

 

 

 

لە مەکسیک:

 

 

وەک ئەفسانەیەک، گەڕان بە دوای شووناسی ئازتێکییەکاندا:‘٧٤’

 

 

خۆشم لە ئەفسانەیەک دەچووم، لەمسەری دونیاوە هاتبم بۆ ئێرە، دەمگوت: کارم چییە.

بۆ نموونە: بۆچی بە دوای وشەی تەماتەدا وێڵم، کە بۆ یەکەم جار،

ئەم گیایە لێرە سەری دەرهێناوە و، دواتر چۆن ڕەنگی پەڕیوە.

 

خۆشم لەوسەری پەرستگەکان و بورجەکانەوە هاتبووم، بە دوای ئەستێرەدا دەگەڕام.

لەوسەری بەیتەکانی «بابا تاهیری هەمەدانی»یەوە هاتبووم،

کەچی بە دوای دوو بەیتی شیعری ئازتێکییەکاندا دەگەڕام.

 

خۆشم لەوسەری گوڵ و باغەکانەوە هاتبووم، کەچی زەردهەڵگەڕابووم.

دەمویست بچمە جێی پنجە گیایەک و شین ببمەوە،

تاکوو وەک گیاناسێک، زیاتر لە ڕۆح ورد ببمەوە.

 

خۆشم لەوسەری شارستانێتیی میزۆپۆتامیاوە هاتبووم،

لەوسەری ڕستن و چنینەوە تەواو ببووم؛

کەچی لێرە گیرۆدە ببووم، گیرۆدەی پرچی کچێک:

دەمویست لە بۆنی پرچی، فەڕشێک بچنم.

لە کەزییەکانی، بەڕەیەک.

 

خۆشم لەوسەری میرنشین و فەرمانڕەواکانەوە هاتبووم،

بەس نەمدەویست لێرە فەرمانڕواکان ببینم.

کەچی ئەوان، منیان وەک «ئێرنان کۆرتێس»‘٧٥’ بە وێرانکەر دەچوواند،

کە من هاتبم بە یەکجاری لە نێویان بەرم.

***

 

بە نێو دارستانی وەهادا تێپەڕ ببووم، پڕ ببوون لە ڕۆمان،

حەز، منی دەگەیاندە هەر شوێنێک، خۆم بەرکەوتنێک بووم.

هەستم دەکرد، لە نێو «درەختی پرتەقاڵ»دام؛

«کارلۆس فوێنتێس»، ڕۆڵی پێدا بم.

ئای، لەوێدا: چ ئازتێکێکی گەمژە بووم.

***

 

«مرۆ، هەردەم لە زەردی خۆی ڕادەمێنێت، هەردەم بە سێوێکەوە خۆی سەرقاڵ دەکات، کە چۆن کرمێ دەبێت. هەمیشە بە دوای جەنگدا دەگەڕێت، هەمیشە هەست دەکات نائارامە، کە گشت شوێن هی خۆی نەبێت. هەندێک ئازتێکییم بینین، خوداوەندیان داتاشی بوو، خستبوویانە نێو «شوێنەوە»ەوە، بەشداری پێ بکرێت. هەندێک ئازتێکییم بینین، دەیانگوت: دەبێت خوداوەند لە جەنگدا حزووری هەبێت و، پێ بە پێ بڕوات. گوتم: گەر تیرێکی بەرکەوێت، ئەو گوتی: نابەڵەد، خوداوەند بۆ خۆی دەزانێت، کە دەبێت جێنشینیی هەبێت.»

***

 

ئاخ… جارجار، دڵی مرۆیان دەردەهێنا،

لە بری تیشکی خۆر بپڕژێنن…

خەنجەریان لە دڵ دەدا.

 

ماوەیەک، بە دوای ئامێری مۆسیقادا دەگەڕام…

حەزم دەکرد، لە تووزەلە و کەڕەنا بکۆڵمەوە،

کەچی یەکێکم دیت، زۆر غەریبانە، دەیگوت:

ئێمەی مرۆ، لە نەوەی دڵکونەکانەوە هاتووین،

ڕۆژگارمان شمشاڵێکە:

هەر کەس بماندوێنێت… غەمگینیمان دەژەنێت.

***

 

 

کەمێک ڕامان، لە دوای نەمانی شارستانێتیی مایا:

 

 

تەسەلام چووبوو، باسی مێژووتان بۆ بکەمەوە،

گشت ئەفسانە و حەقیقەتتان بۆ لێک بدەمەوە.

خوداوەندەکان، لە ئەستێرە و مانگ جودا بکەمەوە و،

ئەهرامەکان لە ڕاڤەی ئەندازیارەکان بستێنمەوە و،

پەرستگاکانیش، لە زاری قەشەکانەوە بگێڕمەوە.

 

خۆمان، ڕۆژژمێرمان تێکچووبوو، چیم لە ساڵ و مانگەکان دابوو.

خۆمان، خوداوەندەمان لە سەرکردە داتاشی بوون، چیم لە خوداوەندەکانی وێدا بوو.

خۆمان، ڕۆحمان پڕ باران بوو، چیم دابوو، کە «ئیتزامنا»

خوداوەندی ئاسمان و شەو و ڕۆژ و باران بوو.

 

 

حەزم لە شتی دووبارەیی نەبوو، وەک مێژوونووسان… باسی شتەکانی ئێرە بکەم.

شتێکم گەرەک بوو، لە  دەستنووسی کتێبەکانی «چیلام بالام»،

کە لە منداڵییەوە، وەک ئەفسانە بەدیاریەوە ڕامابووم؛

ئەویش: بەرد بوو،

تاکوو بزانم: چ  ڕۆڵێکی لە میهرەبانییدا هەبوو.

***

 

«ئێمە لە ژوورە سامناکەکانەوە، ڕوانیبوومانە ژیان/ بە دوای شفرەکانەوە وێڵ بووین/ باسمان لە بڵێسە و ئاو دەکرد/، کەچی ڕەشەبا و خۆڵ بەیانیان دەکردین/ تارمایی لە پەنجەرەکانەوە ڕژابوو، بۆنی برسێتی بڵاو ببوو/ دەنگ لە دەرگاکانەوە ڕۆیشتبوو، هاوارمان غەمێکی قووڵ بوو.»

***

 

«لە ترسی دیواربەندی، بڕیارە سەیروسەمەرەکانی «ترەمپ»، هەر چۆنێک بێت خێرا خۆم گەیاندە ئەمریکا. ڕۆحم خەریکبوو دەکوژایەوە، بە ڕووناکی زەردەشتەوە ڕۆیشتم. دوور لە دونیای ڕشانەوە، چووم ڕۆح دابگیرسێنم.»

***

 

 

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا:

 

«وەختێک گەیشتمە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەمویست چیرۆک بگێڕمەوە و، لێکۆڵینەوە بکەم/ بۆ هەر ویلایەتێک بچم، باس لە گۆرانی و سەما بکەم/ بەراوردی شیعر و ڕۆمان بکەم/ نەهاتووم بۆ وەی کێ خەڵاتی ئۆسکار وەردەگرێت، کام فلیمە بە باشترین هەڵدەبژێردرێت/ کێ بە سەمفۆنیا، دونیا دەهەژێنێت/ نەهاتووم بزانم کەی مانگی دەستکرد، ڕەوانەی سەر مەریخ دەکرێت/ چ فەلەکناسێک، بە دوای دۆزینەوەی هەسارەی دیدا دەگەڕێت/ لە تەلارەکان ورد نابمەوە، چلۆن دەگەڵ هەوردا دەگونجێت/ بە دوای ئەو سێڵاوانەدا ناچم، کە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت/ لە مێژووی وێ ناکۆڵمەوە، کە چۆن شتی وا بووە، پێشتر سێزدە هەرێمی شەڕانگێز بووبێت/ هاتووم، لەو دیو شەڕانگێزییەوە، بە چۆڕێک ئاو و، بستێک خۆڵ و، دڵێکی پڕ بڵێسە و، بە هەناسەیەکی قووڵەوە، ڕووناکیی ببەخشم.»

 

بە ڕووناکیی گاتەکانی زەردەشت  و، گەڕانەوەی زەردەشت، بەو ویلایاتانەدا تەی دەکەم:‘٧٦’

 

گزنگی یەکەم: «دروود»، لە ویلایەتی کالیفۆرنیا:

 

لەبەر تیشکی تاریکیی ڕامکردووە و، تیشکێکی ڕووناکم پێیە،

هاتووم بڵێم: خۆتان لە ڕووناکییم هەڵسوون؛ ئەم ڕووناکییەم لە زەردەشتەوەیە.

لە کوێوە هاتوون، دروود بۆ ئێوە.

ئەی ئەندێشەی چاک، بمدەرێ ڕووناکی، ڕێگا لێرەیە.

دەچریکێنم، بەڵێ دەچریکێنم، چوونکی گۆرانییەکم پێیە.

 

ئەی ئەندێشەی چاک، چ هێزێکت بە من بە خشیوە،

وا خەڵکانێک لێم نزیکبوونەتەوە، کە ڕابکەن لە درۆ؛

تاکوو ڕاستی ببەخشنەوە.

وەرن… من هەرگیز ئازار بە ئێوە نابەخشم،

سەمای من، سەمایەکی پڕ لە ڕۆحە.

ئەکتەرێکیشم، ئیدی ڕۆڵی ڕووناکییم هەیە.

 

 

کە لەو دیو مەکسیکەوە هاتووم، لەوانە نیم حەشیشم پێ بێت.

قسەی زلم پێ نییە، باس لە لیبڕالیزمی نوێ بکەم و، مرۆ پێی هەلا بێت.

وتاری درێژم پێ نییە، کردار نەبێت.

دەست بەرز ناکەمەوە، شیڕەم لێوە بێت.

بۆ وە نەهاتووم، حەز و ئارەزووم دامرکێت.

هاتووم، تاکوو کەمێک ڕووناکییتان بەرکەوێت.

 

دروود، لە ئێوە.

هاتووم، تاوەکوو لە شارەکانی: «ساکرامینتۆ» و «لۆس ئانجەلس» و

«سان فرانسیسکۆ» و «سان دیگۆ» و «سان خۆزێ» گوێتان لە ئاوازم بێت.

دەمەوێت بچریکێنم و، دەنگم کپ نەبێت.

ئاخر چریکەی من، لە دەروونێکی پاکەوە دێت.

 

 

 

گزنگی دووەم: «چۆڕێک ئاو»، لە ویلایەتی ئاریزۆنا:

 

کە بەو دەشت و کێوانەدا هاتم، بڵێسەم لێ بەرز دەبۆوە،

شۆڕبوومەوە نێو دۆڵەکان، بۆ چۆڕێک ئاو.

گانەوەری زۆر سەیرم دەدیت، دەمگوت: ئەی ئاهورامەزدا

فێرم بکە، بزانم چلۆن دەژین،

وەختێک من بەو ڕووناکییەوە، هەراسان دەبم بۆ چۆڕێک ئاو.

 

ئەی ئاهورا

ڕوولە کوێ بکەم، هێزم بدەرێ،

جیهان وەختە لە ڕۆح دەردەچێ.

شار، خەریکە دەمارەکانی خوێنی فیچکە دەکات،

پێم بڵێ: چۆن یارمەتییان بدەم،

تاکوو دڵیان، ئارامیی بگرێت.

 

دەزانم غەریبەم، دەزانم،

لە قەدپاڵی چیاکانییەوە، دەڵێم: کەس پەروەردەگار دەناسێت؟

هاوار دەکەم: ئەی ئاهورا

دەبینیت، گەرووم خەریکە وشک دەبێت،

دەعبایەک نایێت، پێم بڵێت:

دەتەوێت چ بە خەڵک ڕابگەیەنیت؟

منیش، بە نەرمونیانییەوە بڵێم: دەمەوێت ڕاستیی،

بە نێو ڕۆحتاندا ڕۆچێت؛

بە چۆڕێک ئاو گەرووتان تەڕ بێت.

دەزانم سوورپێستەکان دێنە تاڤگەی «هاڤاسوو»‘٧٧’

پێیان دەڵێم: خۆشبەختییم پێیە، لە درۆزنەکانەوە نەهاتووم،

دڵم، وەک خوڕەی ئاو، سروودی خۆی دەڵێت.

 

 

 

گزنگی سێیەم: «با»، لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ:

 

لێرە زمان لە بیابانێک دەچێت،

کە «با» هەڵدەکات، خۆڵەکەی نازانم بە کوێدا دەڕوات؛

ئەم هەموو تۆزەش، نازانم چۆن تەفسیر دەکرێت.

گەڵای درەختەکان، لە ئەلفبێ دەچن،

خۆڵ وەها سەوزییان بردووە،

هەریەکە و، بە جۆرێک خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

 

 

تێر تێر دەگریم، بەزەییم بە ئاونگی سەر ئەو لاسکەگیایانەدا دێت؛

کە ڕەنگی خۆڵی گرتووە و،

غەمێتی، کە چلۆن زیکری خۆی تەواو بکات.

«با» دێت، بە کۆمەڵێ چاوگی وشەوە،

ڕەگی هیشکەوەبووی درەختەکان دەردێنێت.

 

 

«با» دێت، بە درەخت دەڵێت:

ئێوە دەرویشێکی درۆزنن، بە نێوی پیریێتییەوە، ڕیشی خۆڵەمێشی دەنوێنن.

دڵێکی شپرزەن، بە ئاوی ژیان، ڕێ دەکەن نوور ببەخشن.

قەدێکی ڕزیون، بە نێوی عاریفەوە، خۆتان بە حەق دەچوێنن.

وەک سۆفییەک، گەڵا بە مورید دەچوێنن.

 

 

ئەی ئاهورا

«با» خریکە ڕۆح هەڕاج دەکات،

هێزم بدەرێ، «با» ئەم هەموو قورساییە چۆن لەگەڵ خۆیدا دەبات؛

ڕەنگ، کاڵبۆوە،

تەمەن، چووەوە،

شوێن، خۆی بیرچۆوە،

فێرم بکە: وا بکەم، درەخت بە هێزە یەکگرتووەکانی خۆیەوە بمێنێت.

 

 

گزنگی چوارەم: «شەڕخواز»، لە ویلایەتی تێکساس:

 

ڕوو لە هەر کوێ بکەم، شەڕ لێقەم نابێتەوە.

ئەی میهر، ئارامیم بدەرێ:

دڵم، وەختە بڕشێتەوە.

 

بە کێوە بەرزەکاندا تێدەپەڕم، نوورم بدەرێ.

دەچمە نێو شارەکان، کەمێک شێتیم بدەرێ.

دەچمە ژوورە تاریکەکان، ڕووناکییم بدەرێ.

 

چ چتێ، ئەم پیتانەی شەڕ، لێک هەڵدەوەشێنێ.

چ چتێ، ئەم زەمینە، لە دەستی مرۆ دەوەستێنێ.

چ چتێ، من بە ئارامیی بێرەدا تێدەپەڕێنێ.

 

چ فایدەی نینە، وەک کاوبۆییەکان لێم قیت بوونەتەوە، کەچی ئەسپ لە دژی شەڕ دەحیلێنێ.

ئەسپ بۆنی خوێن دەکات، ئەو حیکایەتانەی بیر دێتەوە،

کە لەسەر پشتی: شەڕەشمشێر کراوە، تا ئێستاکە، کە گوللە لە سینگی مرۆ دەردەچێ.

 

ئه‌حمه‌دی مه‌لا

«ئەحمەدی مەلا»، پێم بڵێ، ئەم ئەپاچییانە،‘٧٨’ هەتا کەنگێ شەڕ لە ڕۆحیان دەرناچێ.

دەپێم بڵێ، کەی ڕاستی بە تەواوی بە نێو جیهاندا دەدرەوشێ.

دەپێم بڵێ، هەتا کەی بڵێم: ئەی ئاهوورا، تیشک چ بەسەر دێ،

دەپێم بڵێ، هەتا کەی شەڕ لەسەر لەوحە دەنووسرێ.

هەتا کەی ڕۆژ بە ڕۆژ، مرۆ گەردوون دە تاریکیی دەگرێ.

ئەی ئاهوورا، نوورم بدەرێ،

ئەحمەدی مەلا، چت نەما لەسەر ڕۆح و، مرۆی ئامێر نەڵێ.

 

 

 

گزنگی پێنجەم: «شادومانی»، لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما:

 

ئەی ئاهوورا،

وەختی گزنگ کە گەیشتمە ئێرەکانێ،

لەسەر تەپۆلکەکان، چاوەڕێی هەوەڵ چوریسک بووم،

بەهار، موژدەی گەڕانەوەی هەوەڵ چڵە نێرگزی پێدابووم.

ئەی مەزدا،

با ڕۆجیار زووتر هەڵمستێنێ، با زووتر پرشنگ بەر گوڵەبەیبوونە بکەوێ،

با زووتر وێنە خۆی بنەخشێنێ، با زووتر بۆن لەو بەندەنانە پرژۆڵ ببێ.

گەر بۆنی گوڵ و گوڵزار، گەڵا و گژوگیا بڵاو ببێ،

شادومانی دەبینم، هەوای پاک هەڵدەمژم، ئیدی دەڵێم: مەزدا، پێم دەبەخشێ.

 

 

 

گزنگی شەشەم: «ئەشکەوت»، لە ویلایەتی ئارکانساس:

 

مەترسن، بە دەنگێکی نەرمونیان لە نێو ئەشکەوتەکاندا: باس لە خۆرنشین دەکەم.

باس لە چۆڕەی ئاو و، توانەوەی ڕق دەکەم.

کە پەلەهەوڕی ڕەش، لیچی شۆڕکردەوە: پێش بروسکە، باس لە پەلکەزیڕینە دەکەم.

بە دەم حیکایەتەکانی نێو تاریکیی ئەشکەوتەوە: باس لە خوڕەی ئاوی گوێسەبانەکان دەکەم.

مەترسن، باس لە هێشکایی چەند قەڕنە ناکەم، باس لە شوومی ئێوە ناکەم.

جوانیتان بە وەحشی ناچوێنم.

 

هاتووم، کەمێک باس لە تاریکیی بکەم؛ بڵێم، چ لە جوامێرییتان بکەم:

کەنگێ پشووتان بە جەستە داوە، چۆن دڵتان هاتووە ڕۆحتان هەراسان بکەن،

هاتووم، بەیانیان لاسکەگیا بە زیکر بخەم، هەتاوەکینێ زەنگۆڵە، مەقامی خۆی بڵێ.

 

هاتووم، بڵێم ئەی ئاهوورا

من لێرەم، کەمێک دامگیرسێنە، گڕم خۆشتر بێ، زووزوو پڕشکم لێ دەرچێ.

لە نێو ئەشکەوتەکاندا: دەمەوێت شەونشین بم، هۆنراوەی زووخاوم لێ دەرچێ.

 

ئەی مەزدا،

چەند خۆشبەختم، بۆ هەر کوێ دەچم، ئەحمەدی مەلا: شوێنێکم پێ دەڵێ.

ئێوارەیەک، باسمان لە ئەشکەوتی بڵانچارد ئەسپرینگس‘٧٩’ دەکرد:

کە نەمریی، وەکوو دەنگی ئاو وایە؛ لە کوارتز تک تک دەچۆڕێ.

 

 

گزنگی حەوتەم: «ئەستێرەکان»، لە ویلایەتی لویزیانا:

 

سەیرکەن: ئەستێرەکان چۆن سەر ئاو کەوتوون/ چەند بێهۆشن/ وەک شەلاتیی و مەیخۆرێک سەریان دە ئاو هەڵدەکێشن، تا ئاگایان بێتەوە/ نێزەکەکان وەک بڵقی سەر ئاو وان، نهێنی ئاسمان ون دەکەن/ ئەستێرەکان بە مرۆ کراون، ڕەنگیان پەڕیون/ ئەستێرەکان بۆ کێ دەدرەوشێنەوە، کە تروسکایی پەرت بێت/ بۆ کێ دەنووزێنەوە، کە هەنسک لە مرۆدا وشک بووبێت/ کە تەماشای ئەرد و ئاسمان دەکەم، وای کە مرۆ بە ڕۆح ناتەبایە/ وای… ئاوێنە ژەنگی گرتووە و، ڕووی لێ وردبوونەوەی نایە.

 

دەبینن: ئەستێرەکان خەریکن بە میخ خۆیان بە ئاسماندا بکوتن،

چیدی نەبنە جیوە، چاوەکان گەمەیان پێ بکەن.

دەبینن: حەوتەوانەی گەورە، خەریکە منداڵێکی دەمرێ،

دەبینن: حەوتەوانەی بچووک، گشت منداڵەکانی لێ بزر دەبێ.

 

ئەی ئاهوورا:

لێرە هەموو شتێک لە نێو چاودا، بزر دەبێ.

ڕووناکییم بدەرێ، ئەرد و ئاسمان، تێکەڵ بە تروسکایی ببێ.

 

 

 

گزنگی هەشتەم: «زمان»، لە ویلایەتی میسیسیپی:

 

 

دەرگاکان بکەنەوە،

زمان دەیەوێت بێتە ژوورێ؛

لە پەنجەرەکانەوە: باڵی گرتووە ڕێزمان، حەزدەکات بە ڕێنووسی «با» بنووسێ.

لە ئەلیفەوە تاکوو یێ،

پیت: دۆشداماوە، نازانێ، لە کامیانەوە بچێتە نێو وشەوە و، ڕووناکیی بنووسێ.

 

کە ڕێبوارێک، بە لامدا تێدەپەڕێ،

وەک ئەوەی سێوێکی هەڵگرتبێتەوە و، وا هەست بکەم، بە گومانەوە: قەپاڵێکی لێ دابێ؛

منیش، خێرا بچم هەڵیبگرمەوە و، بزانم: تاریکیی، یان ڕۆشناییی، لە شوێن ددانەکانی دەردەکەوێ!.

 

کە شاعیرێک دەبینم، دەمەوێت لە وشە یان ڕستەی ورد ببمەوە،

بزانم وێنەی شیعری، وەک ڕۆشنایییەک دەدرەوشێتەوە؛

بڵێم: وای، زمان چۆن ئاودیوی ڕۆح دەبێ!.

ئەی ئاهوورا،

بمدەرێ وشەی پرشنگدار، با دڵی مرۆ پڕ لە بڵێسە بێ،

نامەوێت زمان، شتێک لەسەر کوانووە کوژاوەکانی دڵیان بڵێ.

 

 

 

 

گزنگی نۆیەم: «هۆنراوە و پەخشان»، لە ویلایەتی ئەلاباما:

 

 

هەست بە دڵتان دەکەم و، دەبینم: کێشتان زیادە و، ڕۆحتان سەروای دەرچووە.

ئێوە گەر پەیوەندی بە منەوە بکەن، باشتر وێنەتان دەدرەوشێتەوە.

موژدەی گەڕانەوەی باشترینتان پێدەدەم، کە ڕۆح لەسەر یەک چەشن بڕوا.

 

 

نەهاتووم، کەس بە وێنە و ئاواز وابەستە بکەم،

نەهاتووم، بڵێم: سەروایەکی پڕم، ئێوە کێشێکی تێکشکاون،

نەهاتووم، بڵێم: کێشێکی پڕم، وای چ سەروایەکی باڵشکاون.

هاتووم، بڵێم: من بە چەشنێکی دی، ئێوە فێر دەکەم،

کە نووسینی سروودەکان، دروستبوونی جیهانێکی نوێیە، نوێیە:

ئاخر خواستی زەردەشت، لە نوێبوونەوەدایە،

کە هەمیشە بە ئاوازێکی پڕەوەیە.

 

 

ئەی ئاهوورا،

من چیم گەرەکە:

گەر شیعر بووە تارماییی و، جیهان داپۆشێ، من چ بکەم؟

گەر مەنفا، سروود تێکبشکێنێ، چۆن پیت خڕ بکەمەوە و، دەی مێخ لە چ وشەیەکدا بکوتم؟

گەر ئەم تەنیاییەی جیهان، بە قەڵەباڵغی شیعر، ئاوازی ڕۆح کپ بکا، من چ بکەم؟

من چ بکەم، گەر ڕۆشنایییم نەدەیتێ و، سینگم بە کەلامی وشەوە، گڕ نەگرێ؟

ئەی مەزدا، بمکە بە سروودەکانت و، با بڵێسەم لە وشەکان بڵند بێ.

لە دڵیاندا: کێش و سەروایان، شیعرێکی نوور دەرچێ.

 

 

گزنگی دەیەم: «سێڵاو»، لە ویلایەتی فلۆریدا:

 

 

لە میامی، ترسم لە سێڵاو نەبوو، منیش ببا.

ترسم، لە ئەسرین بوو، هیچم پێ نەکرێت و، وشکم بکا.

ترسم لە ژیان بوو، ڕووناکیی بەشی نەکا.

 

حەقیقەت، تفێ نییە، زوو وشک ببێ.

حەقیقەت، ئاو نییە، زوو لێخن ببێ.

حەقیقەت، سێڵاو نییە، دوای تێپەڕبوون، بیروەری لەسەر دڵ بنووسێ.

حەقیەت، بەس ڕووناکیی دەپڕژێنێ.

 

سێڵاو، کەفوکوڵێکە: دوای گفتوگۆی زەمین و ئاسمان پەیدا دەبێ.

ئەی ئاهوورا،

گەر مرۆ نەبێت، ئەو تاریکییەی جیهان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ.

دەی مەزدا، ڕووناکییم بدەرێ…

با ڕۆح ڕۆشن بێ، زمان لوتفت هەبێ.

 

 

 

گزنگی یازدەیەم: «گژوگیا»، لە ویلایەتی جۆرجیا:

 

 

دەزانن ئەو کەسەی ئەم گژوگیایەی لەم زەمینەدا خوڵقاندووە، کێیە؟

وردببنەوە لە ئاسمان و زەمین،

چۆن ئاو دەڕوا،

چۆن خۆر، گشت بەیانییەک موژدەی گەڕانەوەی پێ دەدا؛

چۆن هەور، سەڵاواتی لەسەر دەدا.

 

ئەی ئاهوورا،

بۆ هەمیشە موژدەی گەڕانەوەم بدەرێ،

لەسەر پنجە گیایەک، مەقامی ژین بڵێم؛

هیچ نەبێ، مرۆ شاودمان بێ.

 

 

 

گزنگی دوازدەیەم: «ئەودیو جەنگەڵستان»، لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور:

 

 

مەکەونە داوی ئەو ئەهریمەنانە،

بزەیەک بکەن، دڵیان بتەقێ،

کەمێک بگرین، لافاوی ئەسرینتان، ڕایانماڵێ.

 

شتێک بە جێدەمێنێ: سەوزایی.

شتێک ون دەبێ: بوغزاویی.

شتێک هەڵدەفڕێ: بولبول، لە نێو دارستانی دڵتاندا دێت و دەچێ؛

ئای کە خۆشترین ئاواز دەخوێنێ.

 

تەماشای جەنگەڵستان بکەن، لە پشت خۆی، ئاو چ حەیرانێکی بۆ دەڵێ.

قەترە قەترە، سروودی ژیان دەنووسێ.

مەگەر ئاهوورا

منیش هەر ئەم ڕووناکییەم ناوێ، کە خەڵکی بەر ڕۆحیان بکەوێ؟.

 

 

 

گزنگی سێزدەیەم: «نێو جەنگەڵستان»، لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور:

 

 

بە زمانێکی دی دەدوێم:

سەوزایی، تەجەللا دەبێت.

دەنگی قڵیشانی دار، هاوارێکی لێوە دێ، کە:

ڕۆح، وەختە بەرەو تاریکیی بچێت.

 

بچۆ نێو دارستان: ببینە کە کوکوختی، لە ئاوازی خۆی ڕادەمێنێت.

ڕابمێنە: ئەو هەموو وزەیە چۆن سەرف دەبێت.

دەنگ، لە کوێی جیهاندا ون دەبێ، بە چی کوێرەوە دەبێت.

 

ڕابمێنە: شەو چۆن لە نیو دارستاندا، ڕادەکشێت و، نووزەنووزی ئەستێرە دەلاوێنێتەوە.

مانگ، چۆن حیکایەتی دوو جار عاشبوونی خۆی دەگیڕێتەوە.

ئەی مەزدا،

باڵندەکان بۆچی تێدەکۆشن، گەر ئاوازێک بە جیهاندا نەبخشنەوە.

تێگدەگەم ئەی مەزدا، تێدەگەم

کە جیهان چۆن لە پێناو مرۆدا دەدرەوشێتەوە.

بەس مەزدا،

ئایا جیهان تروسکایی تێدا ماوە، گەر ڕۆشناییم نەدەیتێ،

نەک خەڵک، ڕەنگە خۆشم نەدۆزمەوە.

 

 

گزنگی چواردەیەم: «کۆیلایەتی»، لە ویلایەتی تێنێسی:

 

 

دڵم، وەختابوولە لێدان بکەوێت،

کە خەڵکیان چۆن وەک کۆیلە چەوساندۆتەوە،

ئەی مەزدا، هێزم بدەرێ ئەم قەفەزانە بشکێنم، کە ڕۆحی تێدا ڵاڵاوەتەوە.

قەفەز: جگە لە مێژوو شتێک نییە بینووسێتەوە.

شیشەکان، چەندین لاپەڕەن… جگە لە جەستە شتێک نەبووە جێی بێتەوە.

 

گزنگی پازدەیەم: «فڕین»، لە هەردوو ویلایەتی ڤیرجینا و ڤیرجینای ڕۆژاوا:

 

 

ئێرەیی بەو باڵندانە دەبەم، کە شووناسیان لە فڕین ناکەوێت.

هەیە سووتان دەنووسێتەوە،

هەیە بە دوای یەکەم بریندا دەخولێتەوە،

هەیە بە دوای زووخاودا دەگەڕێ و، بیخواتەوە؛

هەیە وەک پەیامبەرێک بە ئاسماندا دەسووڕێتەوە.

 

باڵندە: هەر بە فڕین، پەیوەندی زەمین و ئاسمان دەنووسێتەوە.

دەمێک لە قومێک ئاو ڕادەمێنێ،

دەمێک گەرووی لە «با»دا وشک دەبێ؛

دەمێکیش، کە چاوی بە خوێن دەکەوێ:

سەری گێژ دەخوات و، ئاسمان و زەمینی لێک تێک دەچێ.

 

دەی ئاهوورا،

بۆچی باڵندەش چێژ لە فڕین نابینێ،

وەختێک مرۆ، بە دوایدا وێڵ بێ؟.

 

 

 

گزنگی شازدەیەم: «ئاور»، لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا:

 

 

هاتووم، دوا پەیامم نییە، بەس سەفرێکی درێژم لە ڕێیە.

دەبێت، کۆتا ڕاستی ئاور بڵێم: کە تەنیا جەستە نییە.

مەشڵەژێن، بۆ جوداوازیی شووناسی وە نییە.

گومان لە من مەکەن، ڕاستی شتێکی دییە،

نیوەی لای من و نیوەی لای وەیە، نیوەی لەسەرەوە و نیوەی لە خوارەوە.

وەک شەو و ڕۆژ، نیوەی لای مانگ و نیوەی لای خۆرە.

 

 

ئەی ئاهوورا

بە دوای ئەو ئەستێرانەدا دەکشێم، کە ئاور لە خۆ بەردەدەن.

ئەی مەزدا،

دەمەوێت بە دوای حیکمەتی گەردووندا بگەڕێم

سەفەرم چیدی لێرە نییە.

***

 

«ساڵانێکە، لە ژوورە تاریکەکاندا، پەنجەکانی پەنجەرە دەبڕین، قەترەقەترە ڕووناکیی دەکوژین. هێشتا هەر بە ڕووناکیی زەردەشتەوە دەڕۆم، هێشتا هەر بە دەم پرسیارەکانی ئەحمەدی مەلاوە، ڕێ دەکەم. ڕووناکیی وەک پرسیارێک هەڵدەگرم، ئیدی بەرەو کەنەدا دەچم.»

 

 

 

دوا گەشت، لە کەنەدا:

 

 

گەشتێکی تەنیاتر لە تەنیایی، بە نێو سەهۆڵبەندانەکاندا:

 

بە دەم ڕووناکییەوە، ئەم ڕێ سەهۆڵبەندانانەم دەبڕی، کە خۆشم پێشتر سەرمابردەڵە بووبووم؛ کەچی من لە ڕێ، بیرم لەو خاتوونە دڵشکاوەکەی وڵاتی «بەلیز» دەکردەوە، کە دەبێت چی بەسەر هاتبێت، وەختێک بە باڵەخانەکاندا سەردەکەوتم بۆ قووڵاییەکی دی، جودا لە قووڵاییی ڕۆحی وی. لێتان نەشارمەوە، بۆم باس نەکردبوون، لەوێ بەر لەوەی: بچمە دۆخی ڕۆحانییەتەوە، خۆم کەوتبوومە مەستبوونی کچێکی نەشیملانەیی، بە ڕەچەڵەک هیندەسوورەکان.

ئەو تا دەهات، ڕۆدەچووە قووڵایی برینی منەوە،

من تا زیاتر دەچوومە سەرەوە، لە فڕین نیزیک دەبوومەوە.

 

لەبەر خۆمەوە، دەمگوت:

وەک ئەو نێزەکانە دەچیت، کە دەکشێیت بە ئاسماندا، تەنێکی بێئەندازە لەگەڵ خۆتدا ون دەکەیت، وزە دەخەیتە بەر نەشتەری پرسیارەوە، دوای نەمانی بڵێسە، لە خامۆشییەکەیدا بۆ ڕۆشناییی دەگەڕێیت.

کە ون دەبیت، ئەوسا بڵێسە دەکەوێتە دواندن، ئیشکالییەتێک لە نێوان زەمین و ئاسمان دروست دەبێت، ئەم بڵێسەیە: مەگەر تەنیا و تەنیا ئەستێرە پەی بە نهێنییەکەی ببات؛ ئیدی نازانم تۆ مانگیت یان ئەستێرەییت.

 

ڕەنگە من وێرانەیەک بم، جگە لە خاپووربوون و نوقمبوون و ڕۆچوون، بەر ئەزموونێکی دی نەکەوم.

ڕەنگە تۆ پەپوولەیەک بیت، پەپوولە: هیچ تەفسیرێکی دی هەڵناگرێت، ڕۆحدۆستی نەبێت، جوانی نەبێت.

 

 

چ بڵێم: کزەبایەکی سارد دەهات، پەنجەی پێیەکانم، لە نێو هەردوو تاکی پێڵاوە شڕەکەمدا: هەڵکورمابوون؛ هێندە تەزیبوون، وەک ئەوەی کەوێڵێکی بچکۆڵانەیان هەبێت، نەدەهاتنە دەرەوە.

هێند سارد، پەنجەی دەستەکانیشم چووبوون؛ ئەو پەنجانە: کە چاویان بە قەیتانی پێڵاوەکەم دەکەوت، وایاندەزانی پەتی سێدارەیە و، ئیدی ئەمڕۆ ڕۆژی ماڵاواییمە.

 

«نەمویست لە هەرێمی کیبیک، پشوویەکی درێژ هەڵکێشم، قوماری چەند ساڵەی دوای ڕاپەرین هەڵبڕێژم. یا بە ئاخێکەوە، پەرژینی ڕاستی بدرکێنم. تاقەتی نەخشەم نەمابوو لە گیرفانم دەریبێنم و، سەیری بکەم. تەسەلام چووبوو بڕوانمە ئاڵا، بە درۆ تیشکەکانی خەون بچنم. دەمویست ببمە تەرمێک، لە تەنیاییدا جێمێنم. ئێوارەیەک لە نێو بەفردا، وەختابوو چاوەکانم لێک دەنا. دەنگم کپ کپ ببوو، بە ئاستەم ئەوەی بیرم مابێت، لاوکی هەڵەبجەی «ڕەفیق سابیر» بوو، لەبەر خۆمەوە دەمگوتەوە:

بە تەنیا جێی مەهێڵن

ئەمشەو زریان دەیچێنێت

تەمومژ دایدەپۆشێت

مانگەشەو دەیڕفێنێت.»

 

 

 

کۆتایی.

——————————————————

تێچنین: هیچ یەکێک لە وڵاتەکانی ئەمریکام نەدیووە.

لە:  ٠٢/ ٠١/ ٢٠١٧   بۆ  ١٥/ ٠٣/ ٢٠١٧

قەڵادزێ

فەرهەنگۆک:-

————————————————————————–

 

‘١’. مۆنتەڤیدیۆ: پایتەختی وڵاتی «ئۆرۆگوای»ە.

‘٢’. خۆسێ مۆخیکا: خۆسێ ئالبێرتۆ «پیپی» مۆخیکا کۆردانۆ، لەدایکبووی: ٢٠/ ٠٥/ ١٩٣٥، سەرۆک کۆماری پێشووی وڵاتی ئۆرۆگوای بوو، کە لە: ٢٠١٠ – ٢٠١٥؛ بەهەژارترین سەرۆک کۆماری جیهان ناسراوە. پێشتر خەباتگێڕ و شەڕڤانێکی سەرسەختی ڕێکخراوی چەپی شۆڕشگێڕی «تۆباماس» بووە و، بۆ ماوەی نیزیک ١٠ سال، لە زیندانی تاکەکەسیشدا بووە.

‘٣’. کەچەتڕێن: خەڕەکەشکاو، کۆن و شڕ.

‘٤’. بەلەمی زەمبیلەیی: جۆرێکی بەلەمە، کە لە ڕیشاڵ و گەڵا و ڕەگی درەخت دروست دەکرێت و نێوەکەشی قیری تێ دەکەن، تا ئاوی نەچێتە نێوی، کە زیاتر عەرەبە زۆنگاونیشنەکانی باکووری عێراق بەکاریان هێناوە و ئێستاکەش لە هەندێک شوێن بەکار دێت؛ کە لە شێوەی زەمبیلە دروست دەکرێت و، ڕیشەی ئەم جۆرە بەلەمە زۆر کۆنە و، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەریی و ئەکەدیی و بابلییەکان.

‘٥’. فێرناندۆ:  فێرناندۆ دی نۆرۆنها، کۆمەڵە دوورگەیەکە، کە: ٢١ دورگەیە لە دەوری یەک، هەر دوورگەیەکیش نێوی خۆی هەیە، لەوانە: «ڕاتا، میۆ، سێلا، گینیتا، ڕاسا»، کە لە نێو زەریای ئەتەڵسدایە؛ سەر بە ویلایەتی «پێرنامبۆکۆ»ی وڵاتی «بەڕازیل»ە.

‘٦’. ناتال: ناوەند و گەورەترین شاری ویلایەتی «ڕیۆگراندەی باکوور»ی وڵاتی «بەڕازیل»ە.

‘٧’. دۆلفینی پەمەیی: بە هۆی خۆراک و ڕووەکی نێو ڕووباری ئامازۆنەوە، ئەو ڕەنگەی پەیداکردووە.

‘٨’. ڕیۆ دی ژانیرۆ: شارێکی بەڕازیلییە.

‘٩’. ئۆسکار نیمایێر: ئۆسکار ڕیبێرۆ دی ئالمیدا نیمایێر سوارێس فیلۆ. لە: ١٥/ ١٢/ ١٩٠٧، لە: ڕیۆ دی ژانیرۆی بەڕازیل لەدایکبووە و، تەلارسازێکی گەورە بوو، توانی ساڵی ١٩٨٨ خەڵاتی تەلارسازیی پریتزکێر مسۆگەر بکات. هەندێک لە کارە تەلارسازییەکانی: کۆشکی کاپانما لە ڕیۆ دی ژانیرۆی بەڕازیل، مزگەوتی دەوڵەتی پنانگ لە مالیزیا، زانستگەی حەیفا لە ئیسڕائیل، هۆڵی کۆنفڕانسی سەرداخراو لە باشووری ئیتاڵیا، هتد… هەروەها، چەندین کاری تەلارسازیی دیکە و خەڵاتی دی وەرگرتووە و، لە: ٠٥/ ١٢/ ٢٠١٢، ماڵاوایی لە ژیان کردووە.

‘١٠’. ڕۆماریۆ: ڕۆماریۆ دی سوزا فاریا، لە: ٢٩/ ٠١/ ١٩٦٦، لە: ڕیۆ دی ژانیرۆی بەڕازیل لەدایکبووە، بە باشترین یاریزانی ساڵی ١٩٩٤ هەڵبژێردرا و، لە ساڵی ٢٠١٠، لەسەر لیستی حیزبی سۆسیالیستی بەڕازیل، خۆی هەڵبژارد و، بووەتە ئەندام پەرلەمان.

‘١١’. ئەحمەد ڕازی: ئەحمەد ڕازی همەیش، لەدایکبووی: ٢١/ ٠٣/ ١٩٦٤، یاریزانێکی تۆپی پێی عێڕاقییە و، لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی عێراق یاری کردووە و، نازناوی گۆڵکەری جامی کەنداو و، نازناوی باشترین یاریزانی ئاسیا لە ساڵی ١٩٨٨ بە دەست هێناوە و، لە: ساڵی ٢٠٠٨ وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی تەوافوقی عێڕاقی هەڵبژێردراوە.

‘١٢’. یەرەوتەنگ: ئێوارە، دوا ساتی خۆراوابوون.

‘١٣’. پێدرۆ فیگاری: پێدرۆ فیگاری سۆلاری، لەدایکبووی: ٢٩/ ٠١/ ١٨٦١، وێنەکێش و نووسەر و پارێزەر و سیاسیی ئۆرۆگوایی بوو، لە مۆنتەڤیدیۆ، لەدایکبووە و، هەر لەوێش، لە: ٢٤/ ٠١/ ١٩٣٨، ماڵاوایی لە دونیا کردووە. شێوازێکی تایبەتی خودی هەبووە و، ڕەنگی سادە لە وێنەکانیدا بەکار هێناوە.

‘١٤’. بوێنس ئایرس: بوێنس ئایرس یان بۆینس ئایرس، پایتەختی وڵاتی «ئەرژەنتین»ە.

‘١٥’. ئانتۆنیۆ گەساییا: ئانتۆنیۆ ئالبێرتۆ گەساییا، لە: ٠٩/ ٠٣/ ١٩٤١، لە: ڕامۆس مێخییای بوێنس ئایرس لەدایکبووە، کە ئەکتەری کۆمیدیایی و نووسەر و دەرهێنەر و بەرهەمنهێن و مامۆستای شانۆی ئەرژەنتینییە.

‘١٦’. کارلۆس گۆرۆستیزا: کارلۆس گۆرۆستیزا ڕۆدریگێز، لەدایکبووی: ٠٧/ ٠١/ ١٩٢٠ی، بوێنس ئایرس، کە شانۆنامەنووس و ڕۆماننووس و فیلمسازی ئەرژەنتینییە. کە: «ئەنالییا گادێ»ی ئەکتەر، برای بوو، کە کارلۆس، لە ڕیالیزمی نوێدا کاری دەکرد. لە ساڵی ١٩٨٣- ١٩٨٦، وەزیری چاندی ئەرژەنتین بوو.

‘١٧’. مییا مایسترۆ: مییا مایسترۆ، لە: ١٩/ ١/ ١٩٧٨، لە: بوێنس ئایرسی ئەرژەنتین لەدایکبووە، ئەکتەری شانۆ و فلیمە. بەشداری چەندین شانۆ و فلیمی کردووە و، ئێستاکە، لە: لۆس ئانجلەسی کاڵیفۆرنیای ئەمریکا دەژیێت. ساڵی ١٩٩٨ خەڵاتی «ACE» بۆ باشترین هونەرمەندی نوێی ساڵی پێ بەخشراوە.

‘١٨’. ئێریکا ڕیڤاس: ئێریکا ڕیڤاس، لە: ٠١/ ١٢/ ١٩٧٤، لە: ڕامۆس مێخییای بوێنس ئایرس لەدایکبووە، شانۆکارێکی ئەرژەنتینییە.

‘١٩’. مارتین مالارۆ: مارتین مالارۆ، لە: ٢٥/ ٠٨/ ١٨٦٥، لە: ئازول پرۆڤینسیای بوێنس ئایرس لەدایکبووە، نیگارکێشێکی ئەرژەنتینی بوو، وەک یەکێک لە هونەرمەندانی لاساییکەرەوە ناسراوە. لە: ١٧/ ٠٨/١٩١١، لە بوێنس ئایرس ماڵاوایی کردووە.

‘٢٠’. چارلی گارسیا: کارلۆس ئالبێرتۆ گارسیا مۆرینۆ، لە: ٢٣/ ١٠/ ١٩٥١، لەدایکبووی بوێنس ئایرس، کە بە چارلی و پاشای ڕۆکی میللی و باوکی ڕۆکی میللی ئەرژەنتین ناسراوە. مۆسیقار و ئاوازدانەر و سترانبێژ و ژەنیاری گیتار و پیانۆیە.

‘٢١’. پاتاگۆنیا: پاتاگۆنیا، ناوچەیەکی فراوانی ئەرژەنتین و کەمێکی چیلییە، مەڕ بەخیوکردن تێیدا برەوی هەیە.

‘٢٢’. پارانا: پارانا، ڕووبارێکە بە درێژی سنووری نێوان بەڕازیل و ئەرژەنتین و پاراگوای، دووەمین و درێژتین ڕووبارە لە ئەمریکای باشوور.

‘٢٣’. ئایۆلاس: ئایۆلاس، شارۆچکەیەکی بچووکە، سەر بە هەرێمی «میسیۆنێس»ی وڵاتی «پاراگوای»، لەسەر سنووری نێوان ئەرژەنتین و پاراگوای.

٢٤’. گوارانی: زمانی گوارانی، لە پاڵ زمانی ئیسپانی، زمانی ڕەسمی پاراگواییە و، زمانی گوارانی، زمانێکە لە خێزانی زمانەکانی «تۆپیایی»و، نەتەوەی گوارانی، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەرژەنتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی بۆلیڤیا و باکووری ڕۆژاوای بەڕازیل، قسەی پێ دەکەن.

‘٢٥’. ئایمارایی و کیچوایی: ئایمارایی و کیچوایی، دوو نەتەوەی دیاری نێو هیندییە سوورەکانن، کە زمانیان ئایمارایی و کیچواییە. هەریەکەشیان چەند شێوەیەزارێکی هەیە، بە پێی شوێنی ئەو وڵاتە درواسێیانەی کە ئایمارایی و کیچواییەکانی تێدایە. ئایماراییەکان: لە وڵاتانی «بۆلیڤیا، پێروو، چیلی»، بەشێکی کەمی لە ئەرژەنتین و هەندێکیش کۆچیان کردووە بۆ ئیسپانیا، کە سەرجەمی ئایماراییەکان دوو ملیۆن کەسە. کیچواییەکان: لە وڵاتانی «بۆلیڤیا، ئەرژەنتین، پێروو، ئێکوادۆر، چیلی، کۆلۆمبیا» هەن، کە ژمارەی دانیشتوانیان،نیزیکەی: ١٠ بۆ ١١ ملیۆن کەسە. کە ئایمارایی و کیچواییەکان کەوتوونەتە زنجیرە چیاکانی ئەندێز.

‘٢٦’. زنجیرە چیایەکانی ئەندێز: کۆمەڵە زنجیرە چیایەکی درێژن، لە ڕۆژاوای کیشوەری ئەمریکای باشوور، لە کەناراوەکانی دەریای کارایبییەوە دەست پێ دەکات، لە باکووری کیشوەری ئەمریکای باشوور تاوەکوو کۆتا لوتکەی باشووری کیشوەری ئەمریکای باشوور درێژ دەبێتەوە؛ هەریەکە لە وڵاتەکانی: «کۆلۆمبیا، ئێکوادۆر، پێروو، بۆلیڤیا، چیلی، ئەرژەنتین» دەبڕێت، تاوەکوو دەگاتە نۆکەندی «کیپ هۆڕن»، بە درێژایی کەناراوەکانی زەریای هێمن، کیشوەری ئەمریکای باشووری داپۆشیوە.

‘٢٧’. بیابانی ئاتاکاما: ئاتاکاما، بیابانێکی وشک و سارد و ناوچەیەکی نالەباری زەوییە، کەوتۆتە باکووری چیلی، لە نێوان زەریای هێمن لە ڕۆژاوای و، چیاکانی ئەندێز لە بەری خۆڕهەڵاتی. ناوچەیەکی شاخاوی سەختە و، بە گشتی دەکەوێتە نێوان: «‌چیلی، پێروو، بۆلیڤیا، ئەرژەنتین»، ڕووبەرەکەشی: «١٠٥،٠٠٠» کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

‘٢٨’. پۆنچی: پۆنچی، پارچەیەکی پەشمەیی/ خورییە، لە شێوازی بەتانی ئەستوور. کە لە نێو کولتووری ماپۆچێیەکان لە چیلیدا هەیە و، بەسەر شانیاندا دەدەن. درێژیی و چوارگۆشەیی بە شێوازی خۆیانە و، کە لە زستانانیشدا، لە تەڕبوونی بارانبارین دەیانپارێزێت. نەتەوە و خێڵەکانی «ئەرژەنتین، کۆلۆمبیا، بۆلیڤیا، پێروو، مەکسیک»و، هەندێک شوێنی دەوروبەریش بە شێوی دی دەیپۆشن.

‘٢٩’. ماپۆچێ: ماپۆچێ، گرووپێکی نەتەوەییە، لە هیندییە سوورەکان، کە لە ناوەندی باشووری چیلی، نیزیکەی: «١،٥٠٨،٠٠٠»  کەسن و، لە باشووری خۆراوای ئەرژەنتینیش، نیزیکەی: «٢٠٥،٠٠٠» کەسن. بەشێکیشیان لە پاتاگۆنیای ئەمڕۆن و، کە زمانی هاوبەشیشیان «ماپوزونگان»ە، کە سەر بە خێزانی زمانەکانی «ئاراوکانیان»ە.

‘٣٠’. ڤیکتۆر خارا: ڤیکتۆر لیدیۆ خارا مارتینز، مامۆستا و دەرهێنەری شانۆیی و شاعیر و سروودبێژ و گیتارژەن و هەڵسووڕاوی سیاسیی چیلی، لە: ٢٨/ ٠٩/ ١٩٣٢، لە: گوندی لۆخین، لە نیزیک شاری سانتیاگۆ، لە خێزانێکی هەژار لەدایک بووە. ئەو، دەنگ و سروودەکانی کاریگەریەکی زۆری هەبوو، پاش کودێتاکەی ساڵی ١٩٧٣ دەستگیر دەکرێت و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، دواتر لە: ١٦/ ٠٩/ ١٩٧٣ لەگەڵ گیراوەکانی دی دەیکوژن و، تەرمەکەی دەخەنە سەر شەقام و، تەنیا ڕێگە بە هاوسەرەکەی خارا «جوان خارا» دەدەن، کە تەرمەکەی بەرێتەوە.

‘٣١’. کوسکۆ: کوسکۆ، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی باشووری پێروو، لە نیزیک «ئوروبامبا» لە زنجیرە چیایەکانی ئەندێز، ئەو شارە، پایتەختی ئیمپراتۆری «ئینکا» بووە، لە: ساڵانی ((١٤٣٨- ١٥٣٣))، کە ئیمپراتۆرێتی ئینکا کەوتبووە وڵاتانی: «پێروو، چیلی، ئەرژەنتین، بۆلیڤیا، ئێکوادۆر، کۆلۆمبیا»، ئێستاکەش: بە پایتەختی میژوویی پێروو ناسراوە.

‘٣٢’. ماچوو پیچوو: ماچوو پیچوو، لە دووری ٧٠ کم، باکووری خۆراوای شاری کوسکۆی پایتەختی شارستانێتی ئینکایە. لە بەرزترین ناوچەی شاخ هەڵکەوتووە و، کە بە شێوەیەکی کلاسیکی بە بەردی گەورە بیانکاری تێدا کراوە، بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارەکانی ئەمریکای باشوور هەژمار دەکرێت. زۆرترین گەشتیاریش ڕووی تێ دەکات.

‘٣٣’. دانیال ڕۆدریگێرز: دانیال ڕۆدریگێرز، فۆتۆگرافەری بە نێوبانگی پورتوگالی، کە بۆ یەکەم جار توانی لە ناوچەی «ئەلتۆ تۆریاسۆ» بە چاوی کامێراکەی خۆیەوە شێوەژیانی هۆزی «ئاواگواجا»، لە نێو دارستانەکانی ئامازۆن بە دونیای شارستانییەت و ئینتەرنێت بگەیەنێت.

‘٣٤’. گۆڕستانی تولکان: گۆرستانی تولکان، لە شاری تولکان، ناوەندی هەرێمی «کارچی»ی ئێکوادۆرە. هاوسنوورە لەگەڵ کۆلۆمبیا. لە ساڵی ٢٠٠٥، نێوی گۆڕستانەکە گۆڕدرا بۆ «خۆسێ ماریا ئازائێل فرانکۆ گێرێرۆ.»

‘٣٥’. کیمبایا: کیمبایا، شارستانییەتێکی کۆن بوو، لە ئەمریکای باشوور، لە کۆلۆمبیا، ناوەندیان شاری «چینچینا» بوو.

‘٣٦’. وایوو: وایوو، گرووپێکی نەتەوەیین لە هیندییە سوورەکان، لە ئەمریکای باشوور، لە نێوان سنووری کۆلۆمبیا و ڤێنیزوێللا، لە هەرێمی«زولیا»ی ڤێنیزوێللا و، «لا گواخیرا»ی کۆلۆمبیا دەژین؛ بە زمانی «وایوونایکی/ وایوو» قسە دەکەن، کە زمانیان سەر بە خێزانی زمانەکانی «مایپوران / ئاراواکان»ە. هەروەها، بە زمانی ئیسپانیش قسە دەکەن. کە ژمارەی دانیشتوانیان، لە نێوان ئەو دوو وڵاتە: نیزیکەی: «٧٠٠،٠٠٠» کەس دەبێت.

‘٣٧’. تاڤگەی ئەنجێل: ئەنجێل، بەرزترین تاڤگەی جیهانە، کە بەرزاییەکەی دەگاتە: ٩٧٩م، لە نێو دارستانە دوورە دەستەکانی پارکی نیشتمانی کانایما، لە هەرێمی بۆلیڤاری ڤێنیزوێللایە. کە ئەم هەرێمە، دەکەوێتە ناوەڕاستی ناوچەی گویانای ڤێنیزوێللا «گویانای ئیسپانیا» و، هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی گویانا «گویانای بەریتانایا.»

‘٣٨’. بە ڕۆحی مەولەوییەوە: بە نەفەس و تێکهەڵکێشی شیعری مەولەوییەوە نووسراوە.

‘٣٩’. پاتامۆنا: پاتامۆنا، گرووپێکی نەتەوەیین، لە هیندییە سوورەکان، لە لای ڕووباری «سیپارونی»ی و سەر کێوەکانی «پاکارایما»، لە هەرێمی «پۆتارۆ سیپارونی»ی گویانا دەژین. کە خەڵکی پاتامۆنا، نیزیکەی: «٥،٠٠٠» کەسن و، بە زمانی «کاپۆنگ» قسە دەکەن، کە زمانیان، سەر بە خێزانی زمانەکانی کاریبیانە. هەروەها، سەرقاڵن بە ماسیگریی و ڕاوشکاریی و هونەری گۆزەکاریی.

‘٤٠’. وای وای: وای وای/ وایوای، گرووپێکی نەتەوەیین، لە هیندییە سوورەکان، لە گویانا و بەڕازیل دەژین. بە زمانی وای وای قسە دەکەن، کە زمانیان، سەر بە خێزانی زمانەکانی کاریبیانە.  کە نیزیکەی: «٣٠٠،٠٠٠» کەسن.

‘٤١’. ئاپوورا: ئاپورا/ ئاپۆیێرا، شارۆشکەیەکی بچووکە، لە ڕۆژاوای سورینام، بەسەر ڕووباری «کۆورانتاینێ»دا دەڕوانێت. بەرانبەر گوندی «ئۆرێیالا»ی وڵاتی گویانایە.

‘٤٢’. سیپالیوینی: سیپالیوینی، گەورەترین ناوچەی وڵاتە لە باشووری سورینام.

‘٤٣’. گویانای فەڕەنسی: گویانای فەڕەنسی، یەکێکە لە هەرێمەکانی فەڕەنسای پشت زەریا، کە دەکەوێتە کیشوەری ئەمریکای باشوور، کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی بەڕازیل و سورینام. ناوەندی ئەم هەرێمە، شاری «کاین/ کایێن»ە.

‘٤٤’. هەرێمی ئاماپا: هەرێمی ئاماپا/ گویانای بەڕازیل، هەرێمێکە لە باکووری بەڕازیل، لە کاتی داگیرکردنی لە لایەن پورتوگالییەکان، بە گویانای پورتوگال/ گویانای بەڕازیل، نێوی هاتووە و ڕۆیشتووە. کە ئێستاکە هەرێمێکە لە بەڕازیل، هاوسنوورە لەگەڵ سورینام و گویانای فەڕانسی و، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاوسنوورە لەگەڵ زەریای ئەتڵەس. ناوەندی ئەم هەرێمە، شاری «ماکاپا»یە.

‘٤٥’. پالیکور: خەڵکی پالیکور، نەتەوەیەکن، لە هیندییە سوورەکان، لە دەوروبەری کەنار ڕووبار، لە ئاماپای بەڕازیل و گویانای فەڕەنسی دەژین. نیزیکەی: «٢٠٠٠» کەسن و، بە زمانی پالیکور قسە دەکەن، کە زمانیان سەر بە خێزانی زمانەکانی «ئاراوەکان»ە.

‘٤٦’. دوورگەی تۆباگۆ: تۆباگۆ، دوورگەیەکە لە وڵاتی ترینیداد و تۆباگۆ، کە ئەم وڵاتە، لە دوو دوورگەی ترینیداد و تۆباگۆ و چەند دوورگەیەکی بچووک پێکهاتووە. لە نێو دەریای کاریبیدا هەڵکەوتووە، هاوسێی دوو وڵاتە لە ئاوەوە، لە ڕۆژهەڵاتی باکوورەوە: لەگەڵ ڤێنیزوێللا و، لە باشوورەوە: لەگەڵ گرینادا.

‘٤٧’. ئاراواک: ئاراواک/ ئاراهواکۆ، ئاراواکییەکان، گرووپێکن، لە هیندییە سوورەکانن، بە زمانی ئاراواکی دەئاخافتێن، کە سەر بە خێزانی زمانەکانی «ئاراوەکان»ە. کە لە وڵاتانی کاریبی دەژین، وەک: «جامایکا، گرینادا، ترینیداد و تۆباگۆ، گویانای فەڕەنسی، گویانا، سورینام، دوورگەی کوراسائو، کە «خودموختار/ لە ژێر پادشایەتی هۆڵەندا»دایە.»، زمانی فەرمی گرینادا: زمانی ئینگلیزییە.

‘٤٨’. مارتینیک: مارتینک، دوورگەیەکە، لە نێو دەریای کاریبیدا، لە نێوان سەینت لووسیا و دۆمینیکادایە. ڕووبەرەکەی: «١١٢٨» کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتوانی، نیزیکەی: «٤٠٠،٠٠٠» کەسە. کە ناوەندی ئەم دوورگەیە، نێوی: «فۆرت دی فڕانس»ە و، سەر بە وڵاتی فەڕەنسایە.

‘٤٩’. گوادێلووپ: گوادێلووپ، دوورگەیەکە، لە نێو دەریای کاریبیدا، لە نێوان ئانتیگوا و باربودا و دۆمینیکادایە. ڕووبەرەکەی: «١٦٢٨» کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ژمارەی دانیشتوانی، نیزیکەی: «٤٠٥،٠٠٠» کەسە. کە ناوەندی ئەم دوورگەیە، نێوی: «باسی تێری»ە و، سەر بە وڵاتی فەڕەنسایە. هەریەکە لە: «ئانتیگوا و باربودا، سەینت کیتس و نیڤیس»، دوو وڵاتی بچووکن، لە نێو دەریای کاریبیدا.

‘٥٠’. سەینت جانز: سەینت جانز، پایتەختی وڵاتی دوورگەیی ئانتیگوا و باربودایە. کە ئەم وڵاتە، لە دوو دوورگەی: ئانتیگوا و باربودا و چەند دوورگەیەکی بچووک پێکهاتووە. شاری سەینت جانز، دەکەوێتە دوورگەی ئانتیگوا، بەسەر دەریای کاریبیدا دەڕوانێت.

‘٥١’. باسیتێر: باسیتێر، پایتەختی وڵاتی فیدراسیۆنی «سەینت کیتس و نیڤیس»ە، کە بەسەر دەریای کاریبیدا دەڕوانێت. ژمارەی دانیشتوانی، نیزیکەی: «١٣،٠٠٠» کەسە.

‘٥٢’. دوورگەکانی ئەنگوێلا و ڤیرجینی بەڕیتانی و ڤیرجینی ئەمریکی: دوورگەی ئەنگوێلا، چەند دوورگەیەکی خودموختارە، سەر بە شانیشنی یەکگرتوو، لە نێو دەریای کاریبیدا؛ لە ڕۆژهەڵاتەوە: دراوسێی دوورگەی ڤیرجینی شانیشنی یەکگرتووە، لە باکوورەوە: سەینت کیتس و نیڤیس، لە ڕۆژاواوە: ئانتیگوا و باربودا. هەروەها، دوورگەی ڤیرجینی شانیشنی یەکگرتوو، کۆمەڵە دوورگەیەکی خودموختارە لە نێو دەریای کاریبیدا؛ دراوسێی دوورگەی ڤیرجینی ئەمریکیی و دوورگەی پۆرتۆ ریکۆیە. هەروەها، دوورگەی ڤیرجینی ئەمریکی، چەند دوورگەیەکی خودموختارە، لە نێو دەریای کاریبیدایە؛ دراوسێی دوورگەی پۆرتۆ ریکۆ و دوورگەی ڤیرجینی شانشینی یەکگرتووە.

‘٥٣’. سان خوان: سان خوان، پایتەخت و گەورەترین شاری دوورگەی پۆرتۆ ریکۆیە، کە سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەم شارە، بەسەر دەریای کاریبیدا دەڕوانێت؛ کە دانشیتوانی، نیزیکەی: «٤٠٠،٠٠٠» کەسە. هەروەها، بە زمانی ئیسپانیی و ئینگلیزی قسە دەکەن.

‘٥٤’. سانتۆ دۆمینگۆ: سانتۆ دۆمینگۆ، پایتەختی وڵاتی کۆماری «دۆمینیکان»ە.

‘٥٥’. پۆرتۆ پرێنس: پۆرتۆ پرێنس، پایتەیختی وڵاتی «هاییتی»ە.

‘٥٦’. فرانکتین: ژان-پێیخ باسیلیک دانتۆر فرانک ئیتیەن، لە: ١٢/ ٠٤/ ١٩٣٦، لە گوندی «گافێن سێش»، لەدایکبووە. ئێستاکە شارۆچکەیە، سەر بە هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتە و، ناوەندی ئەم هەرێمەش: شاری «ژاکمێل»ە. کە فرانکتین، شاعیر و نیگارکێش و مۆسیقار و گۆرانیبێژ و درامانووس بووە. یەکێکیش بووە لە دیاریکراوەکانی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەدەبیات بۆ ساڵی ٢٠٠٩.

‘٥٧’. ئیناگوا: ئیناگوا، شارێکە، لە دوورگەی ئیناگوا، سەر بە وڵاتی باهاما.

‘٥٨’. سانتیاگۆ دی کووبا: سانتیاگۆ دی کووبا، دووەمین شاری گەورەی وڵاتی کووبایە، ناوەندی هەرێمی سانتیاگۆ دی کووبایە.

‘٥٩’. کینگستۆن: کینگستۆن، گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتی جامایکایە. دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات و، بەسەر  دەریای کاریبیدا دەڕوانێت. کە ژمارەی دانیشتوانی، نیزیکەی: «٧٠٠،٠٠٠» کەسە.

‘٦٠’. کۆلۆن: کۆلۆن، شارێکی پانامایە، کە ناوەندی هەرێمی «کۆلۆن»، ئەم شارەیە. کە ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە، نیزیکەی: «٨٠،٠٠٠» کەسە و، کۆی دانیشتوانی هەرێمەکەش، نیزیکەی: «٢٤٢،٠٠٠» کەسە. ئەم شارە، لە نۆکەندی پانامادایە و، لە کەنار دەریای کاریبیدایە. هەروەهاش، بە پانامای دووەم ناسراوە.

‘٦١’. ئەم دوو دێڕە شیعرەی نێو کەوانەکە، هی «دانا عەسکەر»ە، کە لە قەیسدەی «ڕووتکردنەوەی ئاو»دا هەیە. هەروەها، ئەوەی بە دەم ڕووتکردنەوەی ئاوەوە نووسراوە، سوودم لەو قەسیدەیەی ئەو بینیوە.

‘٦٢’. ئێمبیرا: ئێمبیرا، خێڵێکن، لە نێو هەرێمی «داریێن»، لە پاناما؛ لە نێو کەنار ئاوەکانی «سامبوو، چووکوناکێ، توویرا»دا دەژین. کە ژمارەی دانیشتوانیان، نیزیکەی: «١٥،٠٠٠-١٦،٠٠٠» کەسە. خەڵكی وێ، بە زمانی «چۆکۆ» ئاخافتن دەکەن، کە لە وڵاتی کۆلۆمبیا و پانامادا دەژین؛ کە زمانیان، سەر بە خێزانی هیندییە سوورەکانە.

‘٦٣’. سالار باسیرە: د.سالار باسیرە، لە ڕۆژبەری ١٢/ ٠٧/ ١٩٨٨، بۆ یەکەم جار، لە بەرلینەوە گەشتێک دەکات بەرەو ئەمریکای لاتینیی و، لە: ١٤/ ٠٧/ ١٩٨٨، گەیشتە نیکاراگوا و، لەوێ سەرقاڵ بوون بە توێژینەوەکەیان؛ کە لەگەڵ ١٤ زانستگەردا چووبوون. بۆ ئەو مەبەستەش، کتێبەکەی بە نێوی: «گەشتێک بە ئەمریکای لاتیندا، نیکاراگوا وەک نموونە»، کە گەشتنامەیە، دەتوانن بیخوێننەوە.

‘٦٤’. ئەل ڕۆزاریۆ: ئەل ڕۆزاریۆ، دەکەوێتە خوارووی نیکاراگوا، لە نێوان زەریای هێمن و زرێچەی نیکاراگوادایە. ئەم گوندە، ئێستاکە بۆتە شارۆچکەیەک، لە هەرێمی کارازۆی نیکاراگوا.

‘٦٥’. ئەرنێستۆ کاردیناڵ: ئەرنێستۆ کاردیناڵ مارتێنز، لە: ٢٠/ ٠١/ ١٩٢٥، لە شاری: «گرانادا»ی نیکاراگوا، لەدایکبووە. کاردیناڵ، شاعیر و قەشە و شێوەکار و نووسەر و پەیکەرساز و وەرگێڕی نیکارواگواییە. چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتووە.

‘٦٦’. کەنداوی فۆنسیکا: فۆنسیکا، کەنداوێکە دەکەوێتە نێوان وڵاتانی: «هۆندووراس، نیکاراگوا، ئێلسالڤادۆر»، ئەم کەنداوە بەشێکە لە زەریای هێمن، کە جوگرافیای ئاوی ئەم کەنداوە، بەمشێوەیەیە: ٥٥% ئێلسالڤادۆر، ٣٠% نیکاراگوا، ١٥% هۆندووراس.

‘٦٧’. پیپیلییەکان: نەتەوەی پیپیل، نەتەوەیەکن، سەر بە هیندییە سوورەکان، کە لە ڕۆژاوای ئێلسالڤادۆر دەژین. کە زمانی ئاخافتنیان «پیپیل» یان «ناهواتل»ە، سەر بە خێزانی زمانی «ئوتۆ- ئازتیکان»، یان «ناهوان»ە. کە دانیشتوانیان، نیزیکەی: «٤،٥٠٠» کەس دەبن. ڕەچەڵەکیان لە مەکیسکەوە هاتووە، لە «شارستانێتی مایا»ی کۆنەوە، کۆچیان کردووە بۆ گواتیمالا و هۆندووراس و ئێلسالڤادۆر.

‘٦٨’. لێنکاییەکان: لێنکا، گرووپێکن لە باشووری خۆراوای هۆندووراس و ڕۆژهەڵاتی ئێلسالڤادۆر دەژین. زمانی ئاخافتنیان، «لێنکان»ە، کە سەر بە گرووپی میسوامریکان/ ئەمریکای ناوەندییە. ژمارەی دانیشتوانیان، لە ئێلسالڤادۆر، نیزیکەی: «٣٧،٠٠٠» کەس دەبن و، لە هۆندووراس، نیزیکەی: «١٠٠،٠٠٠» کەسن.

‘٦٩’. سەررۆ لاس میناس: سەررۆ لاس میناس، بەرزترین لوتکەی شاخی «هۆندووراس»ە، کە بەرزاییەکەی: ٢،٧٣٠مەترە، کە دەکەوێتە ڕۆژاوای هۆندووراس، لە هەرێمی «لێمپیرا.»

‘٧٠’. کۆپان: کۆپان، ناوی شارێکە لە شارستانێتییەکانی «مایا»ی کۆن، کە ئێستا ئەو ناوچەیە دەکەوێتە ڕۆژاوای هۆندووراس، هاوسنوورە لەگەڵ گواتیمالا.

‘٧١’. تیکال: تیکال، یەکێکە لە شارە ڕەونەق و نێودارەکانی شارستانێتی مایا، پایتەختی شارستانێتی مایا بووە،  کە ئێستاکە دەکەوێتە خاکی گواتیمالا، ئەم شوێنە ئێستاکە وەک جەنگەڵی لێهاتووە، چواردەوری پڕ دارە و، بەردەوام سەوزە. شاری تیکال، لە کۆتاییەکانی دەورەی کلاسیکی مایا، نیزیکەی: «سەد هەزار» کەسی تێدا ژیاوە. لە سەرەتای شارستانێتیی مایا، ئەم شارە بونیادی هەبووە و، ئێستاکە ئەم کۆشەکەی تیکال، بە نێوی پارکی میللی تیکال، لە ساڵی ١٩٧٩، نێوی چووەتە نێو «یوونێسکۆ»وە. کە خەڵکی تیکال، بە زمانی مایا، ئاخافتنیان کردووە.

‘٧٢’. بەلیز: بەلیز، گەورەترین شاری وڵاتی «بەلیز»ە، کە پێشتر پایتەختی وڵاتی «هۆندووراسی بەڕیتانیا» بوو، کە بەلیز بە نێوی وڵاتی هۆندووراسی بەڕیتانیا نێو دەبرا. دواتر لە ساڵی ١٩٧٠، پایتەخت گوازرایەوە بۆ «بیلموپان»، ئیدی بیلموپان، هەتاوەکوو ئەمڕۆ هەر پایتەختە. دانیشتوانی شاری بەلیز، «٦٠،٠٠٠» کەسە. ئەم شارە، بەسەر دەریای کاریبییدا دەڕوانێت.

‘٧٣’.  تۆفانی هاییتی: تافانی هاییتی، ئەم تۆفانە لە ڕۆژبەری: ٣١/ ١٠/ ١٩٦١ بوو، کە شاری «بەلیز»یشی گرتەوە و، وێران بوو.

‘٧٤’. ئازتێک: ئازتێکییەکان، نێوی کۆمەڵە خەڵکێک بوون لە سوورپێستەکان، کە لە سەدەی چواردە و پازدە شازەدا، لە بەشی نێوەندی مەکسیکی ئێستادا نیشتەجێ ببوون. کە خەڵکی ئازتێک، خاوەنی نیمچە شارستانێتیی خۆیان بوون، زمانی تایبەت بە خۆیان هەبووە بە نێوی «ئازتکاتل» کە بە زمانی خۆیان یانی «ناهواتل»، کە مەکسیکییەکان زیاتر بە ئازتێک نێوی دەبەن. ئازتێکییەکان، هەتا هاتنی داگیرکەرە ئیسپانیاییەکان، لەسەر دەسەڵات بوون. کە لەو ماوەدا: دوازدە کەس فەرمانڕەواییان کردووە، کە پایتەختی ئازتێکییەکان، نێوی «تینۆچتیتلان» بووە، لە ساڵی: «١٣٢٥ – ١٥٢١ز»، دانیشتوانی پایتەختەکەی:«٢،٠٠٠» کەس بووە، بەوپێیە، یەکێک بووە، لە گەورەترین شارەکانی جیهان. هەرەوها، ئازتێکییەکان، ئایین و یاسا و ماف و هونەر و ئەدەبیات و پەیکەر و مۆسیقا و شانۆنامە و سەما و پەرستگە و خودای تایبەت بە خۆیان هەبووە.

‘٧٥’. ئێنرنان کۆرتێس: ئێرنان کۆرتێس دی پیزارۆ، لە ساڵی: «١٤٨٥»، لە: «مێدێلین»، ئیمپڕاتۆری کاستیل، لەدایکبووە. کە: ژەنەراڵ و شوێندۆز و جیهانگەڕی ئیسپانیی بووە. ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕووخانی ئیمپڕاتۆری «ئازتێک» و، داگیرکردنی ناوچەکانی مەکسیک. کە بە خۆیی و  «٦٠٠» سەرباز و ژمارەیک ئەسپەوە، ڕووبەڕووی ئیمپڕاتۆری ئازتێک بوونەوە، دوای دوو ساڵ لە شەڕ، لە ساڵی «١٥٢١» شکستی بە ئیمپڕاتۆرەکەی هێنا. کە: ئێرانان کۆرتێس، لە ڕۆژبەری: «٠٢/ ١٢/ ١٥٤٧»، لە «کاستێللا دێ لا کوێستا»ی ئیمپڕاتۆری کاستیل، ماڵاوایی لە دونیا کردووە.

‘٧٦’. بە ڕووناکیی سروود و گاتەکان و گەڕانەوەی زەردەشت: تێکهەڵکێشێکە بە سروود و گاتەکانی زەردەشت و کتێبی قەسیدە/ شیعری، د. ئەحمەدی مەلا، سوودم لێ وەرگرتووەن.

‘٧٧’. هاڤاسوو: هاڤاسوو، بە مانای «ئاوی شین و سەوز» دێت، کە تاڤگەیەکە: دەکەوێتە دۆڵی «گرەند کەنیۆن»ی ویلایەتی «ئاریزۆنا»، کە بەرزییەکەی: «٣٧م»ە، کە کۆمەڵە خەڵکێکی «هاڤاسووپای»ی سەر بە هیندییە سوورەکانی تێدا دەژین.

‘٧٨’. ئاپاچییەکان: ئاپاچییەکان، خێڵێکی هیندییە سوورەکانن لە ئەمریکا، کە ئەپاچی، لە وشەی «یووما» هاتووە، کە واتای جەنگاوەر دەگەیەنێت. هەروەها سەرچاوەکەی لە وشەی «زوونی» وەرگرتووە، کە مانای دوژمن دەبەخشێت. کە ئەم خێڵە، لەویلایەتەکانی «کۆردانۆ، نیو مەکسیۆ، تێکساس، ئاریزۆنا»دا دەژین. شەڕانین، هەمیشە ئارەزووی پێکدادان و شەڕیان بووە و لەززەتین لە شەڕ و سەرکەتنی بینیوە.لەگەڵ یهچ خێڵ و ڕەچەڵەکێکی دیکەدا یەک نەبوون. لێ دڵسۆز و ئاکارپەرستبوون بەرانبەر هاوڕێیەتی و جێی متمانە و باوەڕبوون.

‘٧٩’. بڵانچارد سپرینگس: بڵانچارد سپرینگس، ئەشکەوتێکە دەکەوێتە «سەنت ئۆزارک»ی جەنگەڵی میللی فرانسیس، لە شاری «ستۆن»ی باکووری ویلایەتی ئارکانساس.