کۆی کارەکانی ئەبوبەکر جاف - لە ماڵی کولتور مەگەزین

کولتور مەگەزین نوسەر و فیلۆسۆفێکی لەدەستدا


Loading

ئه‌بوبه‌كر جاف

کولتور مەگەزین نوسەرێکی بەردەوامی لەدەست دا

ئەبوبەکر جاف، هزرمەند و نوسەری ماڵی کولتور مەگەزین ماڵئاوایی لێ کردین.

هەر لەسەرەتای دامەزراندنی `بەشی فەلسەفی` و هزری ڕەخنەیی لە گۆڤاری `کولتور مەگەزین` چ ژمارەی چاپ و چ ئۆنلاین، `ئەبوبەکر حەسەن جاف`  سۆسیۆلۆژیست و بیرمەند ئەم پلاتفۆرمە کولتورییەی کردە ماڵێک بۆ خۆی، تێیدا گوتار و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانەکانی لەمەڕ؛ میشێل فوکۆ، دۆلۆز، بۆردیار، لاکان، فرۆید، تۆرین… هتد، بڵاودەکردەوە.

ئەبوبەکر جاف لەسەر ڕێچکەی تێۆرەی هزری ڕەخنەیی critical thinking theory کاری دەکرد. ڕەخنەی هزری لە دونیای کوردی، لە ململانێیە تیژەکانی نێوان دەسەڵاتەکان؛ ئاین، سیاسەت، جەماوەر، نەریتەکان، مۆڕاڵی گشتی و چین و وتوێژەکان.

بەداخەوە ئەبوبەکر جاف وەک هەموو بیرمەندێکی کوردیی، سەرەڕایی بوونی ئەم هەموو دەزگای چاپ و میدیا و کەناڵە جۆراوجۆرانە، کەچی دەنگی کپ کرابوو، بە زەحمەت کتێبی بۆ چاپدەکرا.  دونیایەک بانگخوازی توندڕەو و ڕەمڵ لێدەر و هەڵقونەکەر لە کەناڵەکاندا بەردەوام دەردەکەوتن، بەڵام نیو کاژێر نەبوو بۆ لێدوانێکی بەکر لەمەڕ دونیای کوردی و ناسۆریەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. دونیایەک کتێبی بێسوود و کاڵ و کرچ لەلایەن دەزگاکانەوە چاپدەکران و بڵاودەکرانەوە، کەچی بەزەحمەت کتێبەکانی بۆ چاپدەکرا.

هەر ئەوەندە دەتوانین بڵێن؛ کە ئەبوبەکر جاف تا دواساتی مردنی لەشەوی ١٠\١١ ئاوگۆستی  ٢٠٢٢ وەک جەنگاوەرێک لە بواری  فەلسەفە و فیکر و هزری ڕەخنەییدا کاری خۆی کرد و هیلاک نەدەبوو. وەک شەڕکەرێک تا دوا هەناسەی مەشقی هزری کرد لە پێناو کۆمەڵگەیەکدا کە لەلایەک داگیرکەران و لەلایەکی تر گەندەڵی لە جەستەی بەربوون و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی لێ دەکەن.

ئەبوبەکر جاف، خاوەنی بکالۆریۆس لە سۆسۆلۆژیا – زانکۆی سەلاحەدین پاشان  ماستەر لە سۆسیۆلۆژیا  لە زانکۆیەکی  لە زانکۆکانی پاریس. هەر دوای دامەزراندنی کولتور مەگەزین،  بە خۆشحاڵیەوە بووە نوسەرێکی بەردەوامی بەشی فەلسەفی و بەشێک لە ئەرشیفی خۆی خۆی لە `کولتور مەگەزین` بڵاوکردەوە. ئەبوبکر هاوڕێ و  نوسەرێکی بەردەوامی پلاتفۆرمی کولتور مەگەزین بوو، بەداخەوە ماڵئاوایی لێ کردین.

لێرەوە بۆ یادی پڕ گەشاوەی ڕۆحی `ئەبوبەکر جاف` فەرموون لەگەڵ کۆی نوسین و لێکۆڵینەوە و وەەرگێڕانەکانی لە ماڵە فەلسەفیەکەی کولتور مەگەزین، کرتە بکەنە سەر ئەم لینکەی خوارەوە:

http://cultureproject.org.uk/kurdish/author/abubaker-jaf/

 

 

کۆی کارەکانی ئەبوبەکر جاف – لە ماڵی کولتور مەگەزین
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌