شەبۆکان، کاری بەهادین ٢٠١٨ Nelken, 2018, Bhaiden

چەند سەرنجێک دەربارەی چەمکی  گایست؛ هۆش یان ڕۆح


Loading

ئیسماعیل حەمەئەمین

چەند سەرنجێک دەربارەی چەمکی  گایست؛ هۆش یان ڕۆح

ئیسماعیل حەمەئەمین

 چەمکی  گایست Geist  چەمکێکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، چەمکێکە وەرگێڕانی بۆ کوردی و زمانەکانی دیکە هەمیشە پڕ گرفتە، لەبەر هۆکارێکی سادە، چونکە  ئەم وشەیە تەنها قووڵاییەکەی لە زمانی ئەڵمانیدا بەرجەستە دەبێت و ئەڵمانییە و هیچ وشەیەک نییە لە زمانێکی دەرەوەی ئەڵمانی جێگەی بگرێتەوە.  لەگەڵ ئەمەشدا  لەهەموو زمانە فەلسەفیەکانی دونیادا بەکوردیشەوە هەوڵیانداوە ئەم تێرمە ئەڵمانییە نێزیک بکرێتەوە لە زمانی وەرگێڕدراو، هەربۆیە مەبەستی ئەم گوتارە هەندێک ڕوونکردنەوەی هەژارانەیە لە پەراوێزی چەمکی گایستدا و هیچیتر.

 هەر وەک ئاشکراشە کتێبی (فینۆمۆلۆژیای گایست) وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی و بە (فینۆمۆلۆژیای هۆش) مامۆستای ئەزیزمان دکتۆرموحەمەد کەمال ئەم کارە گەورەیەی گرتە ئەستۆی خۆی، بەهۆی مامۆستای ئازیزمان  کتێبخانەی فەلسەفی کوردیی لەم کارە گەورەیە بێ بەش نەبوو. لەم کتێبەوە ئیدی ئێمە بەرامبەر  هێگڵ دەبینەوە بەڵام بە کوردی، د.موحەمەد کەمال هێگڵێکمان دەخاتە بەردەم کە بە کوردی دەدوێت و  چەمک و دەستەواژە و گەمە زمانەوانیەکانی کوردین، بەمەش زمانی کوردیی لە ئاستێکی فەلسەفەیی باڵا و ترانسێندێنتدا گفتوگۆ فەلسەفی و فینۆمۆلۆژیەکانی خۆی دەستپێدەکات. لێرەوە هێگڵ لە بیرکردنەوەی ئەڵمانییەوە بازدەداتە  ناو سوستێمی بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی کوردییەوە. بەمانای، لەم کتێبە گرنگەوە د. موحەمەد کەمال هێگێڵێکی کوردیی دەخاتە ناو کایەی بیرکردنەوەی کوردییەوە، بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی زمانی کوردی لەناو سیستمی بیرکردنەوەی هێگیڵیدا سنوورەکانی لۆکالیەت ببەزێنێت بۆ گفتوگۆ گەورەکانی جیهان، بەرەو ڕۆحی جیهان و هۆش و ئاگامەندیی دیادردەناسی. ئەم گوتارەش هیچیتر نییە جگە لە پەراوێزێکی  بچوک نەبێت، لە تەنیشت هێگڵی کوردییەکەدا بۆڵەبۆڵی فەلسیەفیانەی خۆی دەکات. لەم بۆڵەبۆڵە فەلسەفییەدا هەوڵدەدەم دەربارەی چەمکی (گایست – Geist) بدوێم و  حەزدەکەم چەند سەرنجێکی دیکە بخەمە ڕوو کە دەشێت بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ خوێنەری ئازیزی ئاشقی  مەسەلە هزریی و فەلسەفیەکان، هەرەوەها بەرچاوڕوونیەک بێت بۆ تێگەیشتنی خۆشم دەربارەی گایست.

بەهادین- متۆلۆژیای گوڵەکان
Bahaiden Mythology of
flowers 2018. Acryl on Canvas 250cm x110 cm

ئینگلیزەکان چەمکی گایست der Geist  نێزکدەخەنەوە لە وشەی (Mind)  کە (هۆش) دەگرێتەوە. مامۆستای ئازیزمان دکتۆر موحەمەد کەمال لە وەرگێڕانەکەی هێگڵی بە ( فینۆمۆلۆژیای هۆش) وەریگێڕاوە. بێگومان هیچ قسەیەک لەسەر ئەوە نییە کە دکتۆر حەمە کەمال بە وەرگێڕانی دووکتێبی گرنگی جیهانی فەلسەفە (بوون و کات)ی مارتین هایدگەر و پاشان کتێبی (فینۆمۆلۆژیای ڕۆح) گەورەترین دامەزراندنی کردووە لە زمانی کوردیدا دەستپێکردووە، بەوەی فەلسەفە لە بواری ئاوتۆدیکتاتەوە (خۆفێرکاران)  بگوازێتەوە بۆ زمانێکی دەزگایی فەلسەفیانە و بەمەش کۆتایی بەو وەهمە هات،  کە دەیانگووت؛ زمانی کوردی زمانێکی دیاریکراوە و زانستی و فەلسەفی نییە، جگە لە چوارخشتەکی و کلاسیکیاتی شیعری و کورتە چیرۆک نەبێت، زمانی فەلسەفە و زانست و ڕۆمانی گەورە نییە.  بێگومان قسە لەسەر ئەوەنییە کە ئەم بیروڕایە ئەقڵیەتی داگیرکەرانی کوردستانن کە دەیانەوێت مرۆڤی کورد بخەنە دەرەوی زمان و مێژوو و فەلسەفە و فیکرەوە و هەر خۆیان باڵا دەست  نمایشبکەن، ئێمەش تەنها لە ڕیزی دواوەی هزر و ڕەخنە و فەلسەفەدا وەرگر و وەرگێڕی کارە گەورەکان بین لە زمانی ئەوانەوە، نەک لەسەرچاوە ئۆرجینالەکەیەوە، کە ئێستا خۆشبەختانە زمانی کوردی چیتر پشت بە عەرەبی و تورکی و فارسی نابەستێت بۆ وەرگێڕانی کارە گەورە فەلسەفیەکانی خۆرئاوا. سوپاس و خۆشەویستیمان بۆ هەموو ئەوانەی وەک سەربازی ون ئەم ئەرکەیان لە خۆگرتووە، بەتایبەت مامۆستای ئەزیزمان دکتۆر موحەمەد کەمال. خۆشبەختانە ئێستا کتێبخانەی کوردی و زمانی کوردی بەهۆی بەرهەمەکانی ئەم بیست ساڵەی دوایی، لە باکوور و باشوور، بۆتە یەکێک لەزمانە دەوڵەمەند و پڕ فەرهەنگەکانی دونیا و کوردۆلۆژی  بۆتە زانستێکی گەورە لە زانکۆکانی دونیا دەخوێنرێت. بەڵێ ئازیزانم،  دکتۆر کەمال هات و بە وەرگێڕانی مارتین هایدگەر و هێگڵ  دوو کارە گەورەی سەلماندی کە زمانی کوردی زمانێکی  فەلسەفی قووڵە و کارە گەورەکانی جیهانی لەناو ئەم زمانەدا جێگەیان دەبێتەوە. بێگومان هەوڵەکانی هاوڕیانی نوسەریش لەم بوارەدا هەمان ئەرکی بەجێگەیاندووە و دەستی هەموویان دەگووشم.

لەم سەرنجەوە دەستپێدەکەم و دێمە سەر چەمک و واتا و وشەی گایست Geist و لەو بڕوایەدام دەشێت بەرامبەر وشەی (Mind) و (Spirit) بوەستین و بێڵین؛ ئەم وشە ئینگلیزییە کە مامۆستای ئازیزمان (د. موحەمەد کەمال) وەریگێڕاوە بە (هۆش) دەمانخاتە بەردەم چەندەها بیروڕای دژبەیەک و گفتوگۆیەکی هەمەلایانەوە؛

 یەکەمیان:  وشەی گایست  لە ئینگلیزیدا بە Mind وەرگێڕدرێت، بەڵام گەر لەبەردەم مایند Mind  بوەستین ئەوا  بۆمان دەردەکەوێت کە هەرگیز مانا پڕواپڕەکەی Geist  گایست بەرجەستە ناکات، چونکە مایند – هۆش هەمیشە تاکە و ناکرێت بە کەسی سێهەم و هەمیشە کەسی یەکەمە و سوبێکتیڤە. بەڵامGeist   بۆ کەسی سێهەم و هەروەها بۆ کەسی یەکەم و بۆ شتەکانیش  (ئۆبجێکت و ئۆبجێکتیڤەیشن) بەکاردێت وەک  گایستی جیهان؛ Weltgeist  –   لێرەدا ئینگلیز هاتوون گەڕاونەتەوە بۆ ڕەگە لاتینیە قووڵ و دێرینەکە و Mind  یان واز لێ هێناوە و بەرەو (مانا ڕۆحییەکەی) ڕۆیشتوون، بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی خوێنەری ئینگلیز لە چەمکی گایست نێزیکبکەنەوە و هاتوون وشەی سپیریت ڕۆح –  Spirit  بەکارهێناوە. لێرەوە سپیریت هەم مانا ڕۆحییەکەی دەگەیەنێت و هەم ئیلهامبەخشییە لە شتێک و هەم دوور دەکەوێتەوە لە مانا ئاینییە میتافیزیکیە سەدە ناواڕستیەکەی، کە گیانە، یان زێلەیە بە ئەڵمانی Seele  die   و سۆڵە Soul  بەئینگلیزی، لێرەوە هەموو مەسەلە دەروونی و عیرفانیەکان، مەسەلەی گیانین نەک ڕۆحی.

لە زمانی ئەڵمانیایدا خەمی گیانی  Seelsorge   مانایەکی ئاینی قووڵی هەیە کە کڵێسای کاسیولیکی و ئێفانگیلوم و قەشەکانی، وەک ئەرکی خۆیان بەرامبەر ئیمانداران و تەنانەت بێ ئیمانەکانیش پێی هەڵدەستن. ئەوەیش گوێگرتن و ڕاوێژ و گفتوگۆیە لەگەڵ مرۆڤەکان کاتێک بەدەست گرفتێکی دەروونییەوە دەناڵێنن. لێرەوە ڕۆح گایست – سپیریت Spirit جودا دەبێتەوە لەمانا گیانیەکەی، چونکە رۆح ، گایست، هەم مانای ئەقڵیەکەش دەگەیەنێت – کە فێرشاتندە بەئەڵمانی Verstand  و لەم بارەدا Spirit   نێزیکترە لە Geist   کە ئەقڵ و دەروونیش، هەناسە  دەگەیەنێت. بەڵام کاتێک بە (هۆش) وەریدەگێڕین ئەوا نێزیکدەبینەوە لە مایند Mind  ئەمەش وەک گووتم تاکە کەسییە و سەبجێکتە ناتوانێت ئۆبێکتیش لەخۆی بگرێت. جگە لەوە وشەی (هۆش) و (ئاگامەندی)  لە (کردار) دان  زیاتر و بۆ کەسی یەکەمن، بۆ من و منێتین نەک بۆ ئەو و شتەکان. هۆش بە سوبێکت، سوژە و کەسەکەوە پابەندە،  کە مرۆڤ لە هۆش خۆی چوو، چیدی هۆشی نامێنێت بەڵام ڕۆحی دەمێنێت.

 ڕاستە  هۆش وشەیەکە لە چەمکی (گایست) نێزیکمان دەخەنەوە، بەڵام بەنیوە ناچڵی، بەڵام ڕۆح زیاتر هەم ناوە و هەم ئۆبێکتە و هەم کەسی سێهەمە. هۆش زیاتر سەبجێکتە و لە خودەوە نێزیکە و بە زەحمەت دەچێتە ناو ئۆبجێکتەوە وەک (ڕۆحی جیهان) زیاتر ڕۆحی شت و هەبوومان پێدەڵێت وەک لەوەی بڵێین (هۆشی جیهان) چونکە لە کوردیدا و تەنانەت وەک Mind   کە (هۆش)ە  و زیاتر بۆ کەسی یەکەمە و چوونی بۆ ناو زۆنی کەسی سێهەم زەحمەتە و هەنگەشەلییە.

دووهەم: لە کوردیشدا هەروایە، هۆش زیاتر بۆ کەسە و بۆ سوژەیە، بۆ سوبێکتە، بۆ خودە،  کورد دەڵێت؛ هۆشی وەبەردا هاتەوە… یان دەڵێت؛ بێ هۆش بوو… هۆش هەمیشە پابەندە بە سوبێکت – یان بڵێن سوژەوە و خودی کەسەکەوە، هەمیشە لەم چوارچێوە زمانەوانیەدا و هەم لەچوارچێوەی ئۆبجێکتیڤبوون و بەشتبووندا کورت دەهێنێت، بۆ نموونە؛ گرانە بڵێین (هۆشی جیهان) و چونکە لە زمانی کوردیدا هۆش هەمیشە پابەندە بە کەس و سوبێکت و خودەوە و ناچێتە ناو سنووری کەسی سێهەم و شتەوە.  هەربۆیە لێرەدا کورد بۆگەڕانەوە بۆ ڕۆحی شتەکان و  ئۆبجێکت  دەڵێت؛ ڕۆحی کردووە بە بەردا. ڕۆحی تێدا نەماوە یان دەڵێن؛ دەقێکی بێ ڕۆحە، موزیکێکی بێ ڕۆحە… هتد. لێرەدا کورد ناڵێت (هۆشی تێدا نەماوە یان هۆشی کردووە بەبەردا) یاخود لە نموونەیەکی تردا کاتێک شەربەتێک دەخۆینەوە و وەسفی دەکەین دەڵێن؛ ڕۆحی هەنارەکە خۆیەتی… هتد. کەواتە لێرەدا ڕۆح هەم زیندەگییە و هەم ئۆرجینالیتیە و هەموو زیندەگیەکیش هۆشێکی خۆی هەیە، بەڵام هۆش زیاتر خودی کەس دەگرێتەوە کە مرۆڤە. هەر بۆیە دەشێت لە زۆربەی شوێندا بێ ترس (ڕۆح) بەکاربهێنین بەرامبەر گایست Geist، بەتایبەت لە تێرمەکانی وەک (ڕۆحی جیهان) و ڕۆحی شتەکان و زۆریتر.

سێهەم: ناکرێت گایست (ڕۆح – Geist) لەدەرەوەی زانست بمێنێتەوە، یاخود ناکرێت تەنها بەمانا ئاینیەکەی (تیۆلۆگی)یەکەی ڕاڤە بکرێت. ئەوا ئێمە لەبەردەم مانایەکی گەورەتریداین کە گایست هەم ڕەگی لەناو ئەقڵدایە و هەم لەناو تاک (ئیندڤیدیوم) و هەم وەک لە ئەنتیکادا (گریکی کۆن) هاتووە کە گایست بەرامبەرە بە لۆگۆس Logos کە لەهەمانکاتیشدا مانای ئەقڵ دەگەیەنێت. یاخود بەرامبەرە بە نوس Nus  یاخود تیمۆس Thymus   کە لە دراماکانی  هۆمیرۆس بە؛  ئارەزوو، دەروون، سۆز، هەناسە، بەکارهێنراوە. لای پلاتۆن لە دیالۆگی  (کۆمار) و لە (فایدرۆس) بە (دەروون) وەسفکراوە یاخود بە لۆگۆس، کە مرۆڤ بەرەو ئیرۆس و زاڵکردن و خۆشلکردن بۆ ئیرۆس ڕاپێچدەکات. لێرەوە لای پلاتۆن (ئەفلاتون) لۆگۆس بەکارهاتووە. هەموو ئەم چەمکانەی وەک لۆگۆس Logos، تیمۆس Thymus ، نوس   Nus و دایمۆن Dymon و  هەناسەدان و ڕۆح و دەروون،  لەیۆنانیدا دەچێتە ناو چوارچێوەی پێناسەی فراوانی گایست لە ئەڵمانیدا.

چوارەم: لە فەرهەنگی  فەلسەفی ئەڵمانیدا  دەربارەی  وشە و چەمکی گایست باس لەوە کراوە؛ کە وشەی Geist  لە زمانی ئەڵمانیشدا  ناتوانرێت تەواو یەک پێناسە وەربگرێت، چونکە ئەم چەمکە خۆی پەرشدەکاتەوە بەسەر چەندەها چەمکی دیکە وەک هۆشمەندی، ئەقڵ، ڕۆشنبیری و پڕنسیبی نێوەکی مرۆڤ و زۆریتر. بەمانای گایست لەهەر کاتیگۆری و چوارچێوەی دیکە مانایەکی جیاوازتری وەردەگرێت وەک لەوی دیکە.16

 لێرەوە دەبینین وشەی گایست لەخودی زمانی ئەڵمانیشدا کێشەبەندیی خۆی هەیە و پرۆبلماتیکە و ناتوانرێت بە ئەڵمان قسەکەرێک کە پرسیاری گایستت لێ دەکات یەک مانا و وەڵامی پێ ببەخشیت. لێرەدا (گایست) دەشێت هۆش بێت لە مانا ئاگامەندییەکەی و دەشێت ڕۆح بێت لەمانا گەورەکەیدا و نێزیکە تەواو لە تێرمە ئینگیلزیەکە کە  Spirit سپیریتە. لەم خاڵەوە کاتێک هۆش وەک وشەیەکی خودیی و سوژەیی بێت، ئەوا ناتوانێت بچێتە ناو ئۆبجێکتەوە، بەڵام دەتوانین (ڕۆح) بەکاربهێننین بۆ تێگەیشتن لە ڕۆحی شتەکان، بۆ نموونە؛ (ڕۆحێکی ئازاد) کە ئەبستراکتە یان  وەک (ڕۆحی جیهان)،  کە بێگومان ئەمە لە (جیهانی ڕۆح)  جودا دەبێتەوە کە مانا ئاینی و ڕۆحانیەکەی دەگرێتەوە. بەمجۆرە بە گەڕانەوە بۆ کێشەبەندی وشەی گایست لە زمانی ئەڵمانیدا و بە پشت بەستن بە گرفتە ئەکادیمیەکانی بازنەی فەلسەفی ئەڵمانی، مانابەخشی و واتابەخشی گایست Geist جەخت لەوە دەکرێتەوە؛ کە ئەم وشەیە بە پاپەندبوونی بە وشەی دیکەوە مانای دیکە وەردەگرێت و دەچێتە کاتیگۆری دیکەوە.هەر لەم بیروڕا زانستیەوە دەتوانین؛ هۆش بەکاربهێنین و لە کرداردا ئاگامەندی و لە شتەکاندا ڕۆح بەکار بهێنن وەک؛ ڕۆحی ئەم چەرخە و ڕۆحی شتەکان و…هتد.

پێنجەم:  گرفتی گایست Geist  لە خودی فەلسەفەدا. وەک لە سێ خاڵەکەی سەرەوە ئاماژەمان پێدا گرفتێکە لە ڕووی چەمکسازییەوە (تێرمینۆلۆگی – Terminologie ) بەیەک ڕستە یان یەک واتا شرۆڤە ناکرێت، بەڵکو ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی پێناسە و بەکاربردنی ئەم تێرمە لەلایەن هەر فەیلەسوفێکەوە لە ئەویتر.  بۆ نموونە  ئیمانۆیل کانت دەڵێت “من نازانم  گایست هەیە یان نا؟ من نازانم گایست مانای چییە؟ نازانم ئایا گایست بوونی هەیە؟“ 2.314  لێرەوە گایست هیچ مانایەکی دیاریکراوی نییە و لەتاریکیدایە، چونکە لە بیرکردنەوەی ئەقڵی پەتی کانتیدا، شتەکان (لە خودی خۆیاندا  Ding an sich) بوونیان هەیە و ئێمە لە ڕێگەی بەریەکەوتنی ئەقڵی و مەشقی ئەقڵانیەوە بەر توخمەکانیان دەکەوین. لە  دەرکپێکردنەوە بە پڕۆسەیەکی مەعریفانەدا شۆڕدەبینەوە و لە شتەکانی چواردەوربەرمان تێدەگەین، لەدوای ئەو ئەزموونە، بە پڕۆسەیەکی ئەقڵانیدا تێدەپەڕین بۆ بڕیاڕدان، ئەمەش (ئەقڵانیەتی بڕیاڕدەرە) کە لەسەر  بنەمای دەرکپێکردن و لەناو  ئەو ئەزموونە مەعریفیەدا  کاری خۆی دەکات. لێرەوە گایست  لای کانت ونە، خێوێکە و لە مێشکی خۆماندا بوونی هەیە،  بەڵام لەڕێگەی مەشقە ئەقڵیەکانمان بۆ گەیشتن بە شتەکان و چواردەوروبەرمان دەمانگەیەنێتە بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی تێدا بتوانین ڕەش و سپی جودا بکەینەوە لە یەکتر. لەو کاتەدا لە ناو شوێندا، لە جەستەدا، لە ناو چێوەیەکدا، هەست بە گایست دەکەین.

لێرەدا من وشەی (چێوە) بە وشەیەکی نێزیکی (ڕاوم Raum) تێدەگەم، چونکە چێوە ئەو فەزایەیە کە بوونێکی دیاریکراوی هەیە هەم بۆ دیاریکردن وەک لە چوارچێوەدا، یاخود بۆ دیاریکردنی بازنەیەک کە چێوەکەی دیاری دەکەین، یاخود وەک کورد دەڵێت؛ چێوەی زەویەکەمان شوورا کردووە، پەرژین کردووە. لێرەوە چێوە ئەو بۆشاییەیە کە شوێن دیاری دەکات و شوێن و مانا ڕەمزیەکانی بوونی شتێک، دروستدەکات. بەبێ چێوە شوێن دروست نابێت کە بتوانین تێدا لە زەمەنێک تێبگەین. لێرەوە  چێوە – ڕاوم  لەناوخۆیدا مانا قووڵ و سمبولیەکانیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، کە  ئیدی دەشێت ئەمە چێوەیەکی ژینگەیی بێت، یاخود چێوەسازییەکی کۆمەڵایەتی بێت، یان مۆڕاڵی بێت. بەڵام شوێن ڕاوم نییە بەمانا قووڵ و فەلسەفیەکەی تەنها سنوورە دیاریکراوی فیزیکیە، بەڵام کاتێک شوێن لەگەڵ زەمەن و کاتێکی دیاریکراو و سوژەدا  لێکدەدرێت بەرەو مانا قووڵەکەی دەڕوات کە دەبێتە ژوورێک، شوێنێک، ژینگەیەک، چوارچێوەیەکی مۆڕاڵی یان سیاسی یان ئاینی، لە دواجاردا لە چێوەکاندا؛ ئایدیاکان، سوژەکان، خودەکان، ڕۆحەکان کۆدەبنەوە و کار لە یەکتری دەکەن.

سێ کاری بەهادین لەناو چێوەدا؛ وشەکان، بۆشایی، دیالۆگ، میتۆلۆژی
Words, space, dialogue,
Mythology, Bahaiden ©

 بەگەڕانەوە بۆ تێگەیشتن لە گایست لەناو چێوەدا، کانت پێشنیازی ئەوەمان بۆ دەکات کە؛ چێوەیەک بهێنینە بەرچاومان، دەشێت مەرکانەیەک بێت، ئەو ماتریاڵانەی دەخرێنە ناو ئەو مەرکانە و کووپەکەوە  دژی بۆشایی ناو مەرکانەکەیە و (خۆخزێنەرن) بۆ ناو چێوەی مەرکانەکە، کە سەرەتا بۆشایی بووە و پڕبۆتەوە. لەو چرکە ساتەوە کە ماتریاڵە نوێیەکە، توخمە نوێیەکان، مەرکانەکەی پڕکردۆتەوە، ئەوا خۆی فرواندەکات تاوەکو خۆی دەدات لە لێواری چێوەی مەرکانەکە. کانت دەڵێت“ چێوەیەک بهێنن (بۆ نموونە مەرکانەیەک)  پڕی بکەن لە شتێک کە چێوەکەی  پڕ بکاتەوە، بە مانای شتەکە خۆخزێنە بۆ ناو شتێکی تر و ئەم دژەکاری ئەویترە، هەربۆیە کەس نایەت ئەو بونەوەرەی ناو چێوەکە بە گایست (ڕۆح) ناوببات، بێگومان ئەمە ماتریاڵ ناودەبات“ 2.315

 لێرەوە، لە چێوەیەکی پڕکراوەی وەک مەرکانەیەک، کوپەیەک، کە دەشێت پڕی بکەین لە ئاو، نیسک، یان هەرشتێک. دەشێت وێنای جەستەی مرۆڤمان بیردەکەوێتەوە کە پڕە لە ئۆرگان و ئەو شتانەی ڕۆژانە دێنە ناومانەوە و بەرگری دەکات لەگەڵ چێوەی لەشماندا، بۆ نموونە؛ کاتێک زۆر دەخۆین و ورگمان لە فۆرمی جەستەمان دێتە دەرەوە و دەبینە هەڵگری ورگ، ئەوا  مەرکانە کانتییەکە دەهێنینە بەرچاومان کە ماتریاڵەکانی دیکە پاڵ بەدیواری چێوەکانیەوە دەنێن. لێرەوە کانت ئەم بونەوەرەی ناو چێوەکان، ناو جەستە، وەک لە ئایندا هاتووە، ڕۆح یان گایست نییە، کە خۆی خزاندبێتە ناو  جەستە مەرکانەی مرۆڤ و جەستەی مرۆڤ پڕ بووبێت لە ڕۆح. کانت لەمبارەیەوە دەڵێت“ ئێوە دەتوانن وشەی گایست بۆ خۆتان هەڵبگرن ، گەر بیر لەوەبکەنەوە کە ئەو بونەرەوەی چێوەکانی بە ماتریاڵ  پڕ کردۆتەوە، لە ئێستادا ئامادەگی هەیە“  لێرەوە لە پەراوێزدا، کانت ئاماژە دەدا کە “گایست لەم کۆنتێکستەدا لە چوارچێوەدا بەشێکە لە کۆی جیهان، نەک ڕۆح و گایستی ئەبەدیی“ 2.315  کەواتە تێگەیشتنی ئیمانۆیل کانت بۆ گایست لە کۆنتێکستە ئاینیەکەدا نییە، کە خوا ڕۆحێکی ئەبەدییە، نەخێر، ئەو خۆی لەقەرەی بە ماتریاڵکردنی گایستی ئەبەدی  نادات بە تێگەیشتنە میتافیزیەکەی کە لێرەدا خوایە. نەخێر، بەڵکو لە چوارچێوەی ماتریاڵ و  ڕاوم، یان بڵێن؛ لە چێوەدا، مامەڵە لەگەڵ گایستێکدا دەکات کە ڕۆژانە بەریدەکەوین. بەمانای کانت، گایست  لە ئاسمانەوە دەهێنێتە سەر زەوی ڕیاڵ و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، ئەویتر کە پابەندە بە  ڕۆحی ئەبەدی و تیۆلۆژیایەوە جێگەی گفتوگۆی کانت نییە.

بەمجۆرە ئێمانوێل کانت لە کتێبی؛ (خەونەکانی گایست بینەرێک) جەخت لەوەدەکاتەوە  وشەی گایست لای کانت نادیارە و هەم خێوە و هەم نایناسێت. چەمکی گایست، ڕۆح بەپەیوەند بە دوو پێکهاتەوە ڕاڤە دەکات؛ یەکەمیان چێوە (ڕوام-  Raum) وەک شوێنێک کە زەمەن و سوبێکتی تێدا کۆدەبێتەوە و دووهەمیان  ئەقڵ ( فێرنونفت Vernunft )… هەربۆیە لە یەکەم بەشی کتێبەکەیدا دەڵێت “ گایست مانای بونەوەرێکە کە خاوەنی ئەقڵە و موجیزەیەکی ڕۆحی نییە، ئەوەی مرۆڤێک دەبینێت  دەزانێت کە بونەوەرێکە خاوەنی ئەقڵە“  .313 2 بەمەش کانت  ئەقڵ و گایست لەیەکتر نێزیکدەخاتەوە، لەهەمانکاتیشدا لەیەکتریان دووردەخاتەوە.

 بۆئەوەی بیرمان نەچێت دەڵێن؛ هێگڵ دوای چەندەها ساڵ  لەژێر کاریگەری کانت لە پێناسەی گایستدا دەڵێت “ ئەقڵ گایستە  و بە دڵنیاییەوە ڕیالستیە و لەخودی خۆیدا بەرەو هەقیقەت باڵا دەبێت…“ 3.310   بەهەمان ڕێچکەی کانت دا دەڕوات و هێگڵ لە ئەقڵەوە پێناسەی (گایست – ڕۆح – Geist) دەکات، بەڵام قووڵتر لەکانت دەچێتە ناو مانا و ڕەهەندەکانی گایستەوە.

 وەک گووتمان ئێمانۆیل کانت بە شێوازە بیرکردنەوە ئەقڵانییە پەتی و ئارگومێنتسازییەکانی بەر شتەکان دەکەوێت و دەیەوێت دیاردەکان لە چوارچێوەی ئەقڵدا پێناسەبکات، بڕوای وایە کە ناتوانین لە گایست تێبگەین تاوەکو لە کاریگەرییەکانی تێنەگەین، کاریگەرییەکانی ئەوانەن کە خۆیان نیشاندەدەن و دەیبنین و هەستیان پێ دەکەین، دیارە و بەریدەکەوین. کانت ئەمە ناو دەنێت کاریگەرییە دەرکییەکان ( die äußerliche Wirksamkeit)  کە پابەندە کار و بەکاربەرە ناوەکییەکانی نێوخۆی die innere Tätigkeit  کەواتە ئێمە گایست لە کاتێکدا دەناسین کە کاریگەریەکانی دەرەوەی دەبینین و کاریگەرییەکانی دەرەوەش پابەندە بە شێوازی کارکردنی ناو گایست خۆی، بەمەش کانت (گایست – ڕۆح) لە سیفەتە میتافیزیکیەکەی دەردەکات و دەیخاتە چوارچێوەی ماتێرییەوە کە مادەیە. هەموو مادەیەک، هەموو توخمێک، سوبستانسێک، بەڕای کانت هەم بەکاربەری ناوەکی هەیە و هەموو کاریگەری هەیە بۆ سەر دەوروبەر، کە ئەو بە کاریگەری دەرەکی ناوی دەبات.

کانت وەک باوکی ڕۆحی   ئایدیالزمی باڵایی  و فەلسەفەیی ترانسێندێنتال، لەگەڵ (گۆتفرید لایبێنز) یەکدەگرێتەوە بەوەی گایست بە ڕیاڵیتتەوە پابەند دەکات، بەمانای ڕۆح لە ڕێگەی بوونی ڕاستەقینەی بەرچاو و کاریگەریەکانییەوە تێدەگات، نەک لە ڕێگەی ئەوەی کە چێوە ڕیالیتی و واقیعیەکەی پڕکردۆتەوە، کەواتە لەنێوان جەستە و مێشکدا بوونێکی تر هەیە کە پڕنسیب و شتە موجەڕەد و ئەبستراکتەکانن، کە مرۆڤی پێ دەناسرێتەوە؛ بیروڕاکان، هەڵسوکەت، مامەڵە، پڕنسیبەکان، ئایدیاکان، بەهرەمەندیەکان …هتد.  لێرەوە گایست ئەو (جوڵە) یە کە لە ناو شوێندا و لەناو چێوەدا دەرکەوتنێکی هەیە، وەک هەموو ماتریاڵێک کاریگەری دەرەکی هەیە کە پابەندە بەکاربەری ناوەکییەوە. گەر شتێک ئەم هاوکێشەیە سادەبکەینەوە دەڵێن؛ هەستکردن بە خودی خۆمان  کە مەسەلەیەکی گیانی و دەروونییە لە شوێندایە، لە چێوە و ڕاومدایە، لە ناو جەستەماندایە کە لە هەڵسوکەتی دەبینین. هەربۆیە  ئێمانوێل کانت ناتوانێت مەسەلە ڕۆحییەکانی مرۆڤ لەدەرەوەی ماتریاڵ مەزندە بکات بکات، بۆیە دەڵێت “ لە کوێدا هەست بکەم لەوێدا هەم“ 2. 320  لێرەوە کانت جیاوزی دەکات لەنێوان گیان  (زێلە – Seele  )   و ڕۆح (گایست – Geist)   و دەڵێت “ لەدواجاردا من دەرک بە خەسڵەتە ڕۆحیەکانی گیانی خۆم دەکەم“ 2. 320    کانت لەو  بڕوایەدایە “ لەوە دەچێت ڕۆحێک  لەناو ماتریاڵدا ئامادەگی هەبێت و پێوەی پابەند بێت، بەڵام کاریگەری نییە لەسەر هێزی پێکهاتەکان کە لەگەڵ یەکتریدا مامەڵە دەکەن، بەڵکو کاریگەری هەیە لەسەر پڕنسیبی  نێوخۆی و  باری هەبووی. لەدواجاردا هەموو توخمێک پێکهاتەیەکی سادەی ماتریاڵە و دەبێت بەکاربردنێکی و کارێکی نێوەکی هەبێت، وەک بنەمایەک بۆ کاریگەری دەرەکی“  2. 323  بەمجۆرە ڕۆح تەنها ئەقڵ نییە، بەڵام لەناو چێوەدا، لەناو شوێندا، لەناو جەستەدا، کاریگەرییە دەرکیەکانی دەبینین و مەزندەی دەکەین.

لەهەمانکاتدا لەم کتێبەدا (خەونەکانی گایست بینەرێک) بینیی کانت بۆ گایست، بۆ ڕۆح، لەجوڵەیدا، لەنێوان مێشک و جەستەدا لە پڕنسیب و ئەبستراکتدا خۆی دەبینێت کە هەم  لەناو ماتریاڵەوە هاتوون و هەم بوونێکی کاریگەر و ئەبستراکت و ڕەمزی و زمانەوانەی و ئەقڵیان هەیە. هەر بۆیە گایست لەناو ڕاومدایە، یان بابڵێن ؛ ڕۆح لەناو شوێندا بوونی هەیە.

بێگومان پاشان هێگڵ ئەم بیرکردنەوە کانتیە لە فینۆمۆلۆژیاکەیدا پەرەپێدەدات بۆ دامەزراندنی سوستێم و مێژووگەرایی و بێگومان لەچوارچێوەی (ئایدیالزمی ئەڵمانی) باس لە ڕۆحی جیهان Weltgeist  دەکات دەکات کە تێگەیشتنە لە تۆتالیتێت و مێژووگەرایی ڕاستەقینە. بیرمان نەچێت؛ کاتێک هێگڵ لەشاری (یێنا)، ناپۆلیۆن دەبینێت وەک سەرکەوتوویەک بەسەر ئەڵماندا، وەک داگیرکەرێک  خۆی دەکات بەشاردا و لەسەر ئەسپەکەیەتی،  هێگڵ لە ناپۆلیۆن بۆنابارتدا ڕۆحی ڕۆشنگەری دەبینێت کە دژی ئۆرستۆکراتیەتی ئەوروپی شەڕدەکات و حوکمی گەل و پڕنسیبەکانی ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەڕەنسی (برایەتی و یەکسانی و دادپەروەری) لەگەڵ خۆیدا هێناوە. ئەو چرکە ساتە هێگڵ بە ناپۆلیۆن دەڵێت “ گیانی جیهان لەسەر ئەسپە“ „Weltseele zu Pferde“    بەڵام لەدوایدا وشەی گیان (زێلە) دەگۆڕێت بە ڕۆح (گایست )  و دەڵێت “ ڕۆحی جیهان لەسەر ئەسپە“ „Weltgeist zu Pferde“.  بەمجۆرە هێگڵ مانایەکی گەورە دەدات بە ڕۆح و گایست، لە گیان یان زێلە، جوادایان دەکاتەوە، چونکە ڕۆح، گایست، جوڵەی بۆناو مێژووە و بۆ ناو ڕاستەقینەیی دونیایە.

بەمجۆرە وەک بینیمان سەرەڕای ئەم هەموو گفتوگۆ ئارگومێنتسازی و حونجەتکارییە ئەقڵانیەیە دەربارەی چێوە، گیان،  گەردوون، ماتریاڵ، توخم، پێکهاتە، کاریگەری، بەکاربەری…هتد. لای کانت هێشتا گایست لەم جوڵە بەردەوایدا بەناو ماتریال و توخم و جەستە و مێشکدا، هەر چەمکێکی نادیار و تاریکە و نهێنیەکی سروشتە.

بەدیوێکی تردا کانت، ( ڕۆح – گایست – Geist )   نێزیکدەخاتەوە لە وشەی  گینالیتێت Genialität  کە مانای (بەهرەمەندی) دەگرێتەوە. چونکە (بەهردەمەندی) مانای چەشە و سەلیقەیەکی تایبەتە و لای کانت ئەمەش بەرهەمی ئەقڵە، بەڵام ناتوانین بە پێوانەی ئەقڵی موجەڕەد پێوانکاری بۆ بکەین، بەڵکو دەبێت لە ڕۆحەوە، لە گایستەوە، لێی بڕوانین،  باتۆزێک لەم پەرەگرافەی کانت لە کتێبی (ڕەخنەی ئەقڵی بڕیاردەر) ڕابمێنین:

 “هەندێک چاوەڕانیان لەهەندێک بەرهەم هەیە، چ نەبێت وەک بەشێک لە هونەرە جوانەکان نمایشبکرێت، بەڵام ئەمانە بێ ڕۆحن، بێ گایستن. هەرچەندە لە زۆر لاوە وەک چەشەی گشتی گرفتی تێدا نییە، بەڵام هەر بێ ڕۆحن. بۆ نموونە؛ شیعرێک لەهەموو ڕوویەکەوە تەواوە و جوانە بەڵام بێ ڕۆحە (بێ گایستە). یاخود چیرۆکێک لەهەموو ڕوویەکەوە تەواو ڕێکە بەڵام بێ ڕۆحە. گوتارێک دەکرێت لە بنەماسازیی و ئاهەنگسازییەوە تەواو بێت، بەڵام بێ ڕۆحە. هەندێک قسەکردن و گفتوگۆ دەکرێت درێژەبکێشێت بەڵام بێ ڕۆحە. تەنانەت دەکرێت ژنێک جوان بێت، قسەزان و خاوەن ئەتەکێت بێت، بەڵام بێ ڕۆح بێت. کەواتە ڕۆح چییە و دەبێت چۆن لە ڕۆح – گایست تێبگەین؟ گایست لە مانا ئیستاتیکیەکەیدا، پڕنسیبێکی جوانی دڵئارامییە“  15.249

 لێرەدا کانت وشەی  (Gemüt) بەکاردێنێت، کە وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی زۆر سەختە، (چارلس دیکنز)ی ڕۆماننوسی ئینگلیزی ئەو وشەیەی بە comfort  وەرگێڕاوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە لە مانا قووڵەکەی نێزێک نەبۆتەوە، کە مانای پشوودان و خۆشبەختی و شادی دەگەیەنێت لە پەیوەست بە شتێکی دیاریکراو، بۆ نموونە؛ گۆرانیەک، پارچە موزیکێک، دیمەنێکی سروشتی…هتد. خۆشبەختانە ئەم وشەیە بە ئاسانی  لە زمانی کوردیدا بوونی هەیە کە ڕێک بەرامبەر وشەی (گیموت Gemüt  )  دەبێتەوە کە ئەویش  (دڵئارامی)یە.  کە هەستکردنە بە دڵئارامی لەگەڵ کەسێکدا، شیعرێکدا، چیرۆک و شانۆگەرییەکدا… هتد. لێرەوە لەڕێگەی دڵئارامییەوە، لە ڕۆح و گایست تێدەگەین، گەر  کانتیانە بدوێن؛  لەکاریگەری دەرەکی و بەکاربەری ناوەکی ناو چێوەکە تێدەگەین. بەمانای ئیدی دەزانین ئەوەی بەرامبەرمان بەهرەمەندە و ئەم کارە ڕۆحێکی بەهرەمەند بەرهەمیهێناوە، هەربۆیە لای کانت، گایست مانای بەهرەمەندی و گینالیتێتە، بەهرەمەندیش خاسیەتێکی تایبەتی کەسێکە لە کاری داهێناندا و سیفەتێکی گشتی هەموو مرۆڤێک نییە. لای ئێمانۆیل کانت لەڕێگەی بەهرەمەندی بەرهەمەکەیەوە لەڕێگەی ئیستاتکاو و خەیاڵی بۆ ئایدیەکانەوەیە و چوونە بۆ ئەو دیوو سنوورەکانی ئەقڵ و دۆزینەوەی ڕەهەندێکی سروشتە لە ناو خەیاڵ و مەزندەکردندا ڕۆحی کارەکان دەناسینەوە. لێرەوە، ڕۆح  گایست لای کانت شوێنایەکی تایبەتی هەیە لە وەزیفەیەکی بەهرەی تایبەتی ئەقڵیدا و سیفەتێکی گشتگیری ناداتێ، بەڵکو لە ئەرکە ئیستاتیکی و بەهرەمەندییەکەیدا، لە چێوەدا، کە بەرهەم خۆی چێوەیەکە بۆ ڕۆح، تێدا کاریگەریەکانی هەستپێدەکین و دڵئارامیمان پێ دەبەخشێت و هەست بە ئایدیا تایبەتی و پنتە ئیستاتیکیەکانی دەکەین، کە هەرچەندە لەناو سروشتەوە هاتووە بەڵام لەدواجاردا  لە سەروو هاوکێشە ئەقڵی و سروشتییە و یاسا و ڕێسای نوێ دەدۆزێتەوە، پەیوەندی نوێ دەدۆزێتەوە، دڵئارامییەکی سایکۆلۆژی و مەعریفیمان پێ دەبەخشێت. 15. 251-252

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی چەمکی دۆزینەوەی بەهرەمەندانەی ڕۆحی شتەکان لە ناو چێوەدا، لەناو ڕاوم و شوێن و ماتریاڵدا دەتوانیت بڵێین ؛ یاساکانی فیزیا وەک خۆیان دەمانەوە گەر ئالبرێت ئاینیشتاین نەهاتبا ڕەهەندێکی دیکەی بۆ فیزیا و ڕووناکی و خێرایی نەدۆزیابەیەتەوە. درەخت و سێو هەر وەک خۆی دەبوو گەر ڕۆحی بەهرمەندانەی ئیزاک نیوتن نەبوایە لە پەیوەندی سێوە بەربۆوەکە و درەختە بەرزەکە ڕابمایە، ئەوا زانست نەدەگەیشتە ئەو خاڵەی ئێستا و مرۆڤ لە دژی هێزی ڕاکێشان و کێشانی نەدەدۆزیەوە. کەواتە لێرەوە لەناو چێوەدا، لەناو ماتریاڵدا، بیرکردنەوەیەک هەیە کە تەنها ئەقڵ نییە، بەڵکو لەنێوان ئەقڵ و ئەزمووندا وەستاوە و ئایدیاکان بەرهەمدێنێت و بەهرەمەندە و دڵئارام بەخشی جیهانە.

لەم گفتوگۆیەوە دەبینین گفتوگۆی  گایست ڕەهەندێکی فراوانی هەیە و بەڵام تەنها ڕەهەندەکی (هۆشمەندی) و (ئاگامەندی) نییە و لەناو (هۆش) دا بە سادەیی ناتوانرێت پێناسە بکرێت. بە پێچەوانەوە گایست ڕۆحە، چونکە دەچێتە ناو کەسی سێهەم و ماتریاڵەوە؛ بەسەرێک لەناو چێوەدایە و بەسەرێکی تردا لە وەزیفەی بەهرمەندیدا و کاری داهێناندا شیتەڵی دەکرێتەوە و پێناسەی دەکرێت. هەربۆیە لەدواجاردا ئەم چەمکە هێشتا جێگەی سەرنجە لای کانت بەڵام پێناسەی تەواو گشتگیری لای نییە، خۆ ئەگەر گایست Geist  ئەو مانا گشتگیر و شمولیەی هەبوایە لای کانت، وەک چۆن لای هێگڵ هەیەتی، ئەوا کانت لەجیاتی ناونیشانی (ڕەخنەی ئەقڵی پەتی) دەهات (ڕەخنەی ڕۆحی پەتی) بەکاردێنا، بەڵام کانت ئەمەی نەکردووە و گایست لای ئەو بە پابەند بە بەهرەمەندیی پێناسە دەکات، کە ئەمەش  هێگڵی گەنج دوای کانت پەرەی پێدەدات و گایست دەکاتە چەمکی بیرکردنەوە فینۆمۆلۆژییەکەی.

بەهادین- متۆلۆژیای گوڵەکان
Bahaiden Mythology of
flowers 2018. Acryl on Canvas 250cm x110 cm

شەشەم: دوای ئەم پێنج سەرنجە، چارمان نییە دەبێت بگەڕێینەوە سەر گرفتە سەرەکیەکە، کە لە دوای کانت، هێگڵ دێت و ئەم گرفتە گەورەی چەمکی گایست لە کتێبە گرنگەکەیدا کە لە ساڵی ١٨٠٧ دا بڵاوکردەوە  (Phänomenologie des Geistes) کە هەندێکمان پێمانباشە وەک خۆی بڵێین (فینۆمۆلۆژیای گایست) و مامۆستای ئەزیزمان (د. موحەمەد کەمال) لە وەرگێڕانە دانسقەکەیدا بە (فینۆمۆلۆجی هۆش) کردویەتی بەکوردی. لەم کتێبەدا هێگڵ بەوردی سوستێمی بیرکردنەوەی زانستیانە دەخاتە ڕوو، کە بێگومان هەموویان لە مەداری (بیرکردنەوە –  دەس دێنکن – Das Denken) دا  دەخولێنەوە و چەمکەکانی وەک  (هۆشمەندی – بیڤوست زاین Bewusstsein)  یان ڕۆحی جیهان (ڤێلتگایست – Weltgeist)  یاخود  دەسەڵاتخوازیی و کۆیلەگەری Herrschaft und Knechtschaft  یان  زانینی ڕەها و ئەبسلوت Absolutes Wissen  و گایست der Geist  و دیالەکتیک و پرۆسێس و زۆریتر… هەموو ئەمانە لە چوادەروری دیاردەناسی گایست دەسوڕێنەوە.

تێگەیشتن لەم کتێبە (فینۆمۆلۆژیای گایست) هەموو جارێک دەمانخاتە بەردەم گرفتەوە، هەربۆیە ئەوانەی کە خەریکی خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەبن دەبێت پارچە لەدوای پارچەبیخوێننەوە، دووبارە پێدا بچنەوە و پاشان بەگشتگیری لەیەک پرۆسەدا بیخوێننەوە. خوێنەری هێگڵ دەبێت وەک فەلسەفەکەی بیربکاتەوە هەر وەک چۆن لە یاسای دیالیکیتکدا و یاسی ڕەتکردنەوەی ڕەتکردن (نیگاتسێۆن دێر نیگاتسۆن – Negation der Negation)  باسی دەنکە تۆوێک دەکات کە دەبێتە لاسک و پاشان دەپشکوێت و دەبێت خونچە و پاشان دەبێتە گوڵ. ئەوا دەبێت لەم بارەدا سەیرکردن بۆ شتەکان و چرکەساتی ئێمە بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان لەنا پڕۆسەکەدا بێت، بۆ کۆی پرۆسەکە بێت بەڕچاوکردنی پێگەیشتنە لەسەرخۆ و ڕەتکردنەوەی ئەم بۆ ئەویتر، بەڵام ئەم سەیرکردنە، ئەم ڕوانینە  دەبێت زنجیرەیی بێت و لە (کردەییدا)  بێت. بەمانای پڕۆسەیەکی دیاردەیی زنجیرەییە، کاتێک لەو دیاردەیە دەڕوانین وردەبینەوە بۆ وردەکاری نەفیکردنی لاسک بۆ تۆو کە چیتر  تۆو نەماوە و بووە بەلاسک پاشان لاسکیش تاسەر نەماوە و هەر بەلاسکی نەماوەتەوە و پشکوتووە و بۆتە بەر یان گوڵ و لە ژێرەوەش بۆتە ڕەگ و لەناوەڕاستدا لاسک و قەد. بەمجۆرە هەموو هەبوویەک ( زایندە -Seinde ) گەر هایدیگەریانە قسەبکەین؛ لە مرۆڤەوە تا دەگاتە درەخت و شتەکان لەناو خۆیاندا، بەپرۆسەیەک و کردەیەکی  دیالکەتیکیدا تێپەڕدەبن؛ چۆن چیمنەتۆ و بلۆک و لم و شێلمان و گەچ و ماتریاڵەکان لەگەڵ هێزی ئەقڵی و ماسولکەیی مرۆڤدا لەدواجاردا دەبێتە خانوو و باڵاخانە. ئەوا هەموو شتێک وەک دیاردە، وەک فێنۆمین، لە پڕۆسەدایە و دەبێت لە پڕۆسەدا و لەکردەییدا تێیبگەین.

 لێرەوە چرکەساتی مەعریفی ئێمە زانینی ئێمە بۆ دیاردەکان دەستپێدەکات کە چرکەساتێکی تێگەیشتنی ئەقڵانییە، چرکەساتی تێگەیشتنە ( فێرشتێندنیس- Verständnis  ) لە یاسا ناوەکییەکانی ئەم پڕۆسەیە و پابەندکردنی دژەکانە  لەڕێگەی بیرکردنەوەیەکی دیالەکتیکیانەوە بەیەکترییەوە، بەمجۆرە ئێمە بەرامبەر تێگەیشتێکی کۆی پڕۆسەی (گایست –ڕۆح) دەبینەوە کە کۆی ئەم بەریەکەوتن و چرکەساتانەیە. لەم بارەیەوە  هێگڵ لەبەشی شەشەمی کتێبی (فینۆمۆلۆژیای گایست) بەمجۆرە (گایست –Geist)   پێناسەدەکات  بەوەی  “ ئەقڵ گایستە  و بە دڵنیاییەوە ڕیالستیە و لەخودی خۆیدا بەرەو هەقیقەت باڵا دەبێت، هەروەها لە جیهانی خۆیدا هۆشیارە. بە بوونکردەیی گایست ئەو جوڵە لەپێشینەمان نیشاندەدات کە چۆن هۆشمەندیی وەک کاتیگۆریەکی پاک و ڕەوان بەرەو ئاستی  چەمکی ئەقڵ  بەرزدەبێتەوە.“ 3.310

 کەواتە لە پێناسەی هێگڵ خۆیەوە دەتوانین وشەی (ڕۆح) بەکاربهێنن بەوەی (ڕۆح) لە پڕۆسە گشتگیرییە هۆشمەندیی و ئاگامەندییەکەیدا و لە (جوڵە)دایە بەرەو ئەقڵ  باڵابووە. لێرەوە گایست پڕۆسەی هۆش و جوڵە هۆشمەندییە کە بەرەو ئەقڵانیەت دەجوڵێت. تێبینی ئەوە بکەن کە هێگڵ وشەی جوڵە (بێڤێگون – Bewegung)   بەکاردێنێت بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان (فێنومینەکان).  لێرەوە کە دەڵێت ئەقڵ گایستە، ئەوا تەواو لەگەڵ جوڵەدا پابەندی دەکات، کە ڕەگی ئەم جوڵەیەش لە ڕۆحدا هەیە، نەک لە (گیان – زێلە – Seele) کەواتە ڕۆح هەم لە کوردی و عەرەبی و چەمکە تیۆلۆژیە ئاینسازیەکەیدا پابەندە بە جوڵەوە.

حەوتەم:  لە ئاینیشدا وشەی ڕۆح تەواو نێزیگە لە گایستی ئەڵمانی. بۆ نموونە لە  گێڕانەوەکانی پەیامبەردا هاتووە، کە ئیمام ئەحمەد، لەزاری (ئیبن مەسعود) وە دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ پێغمبەردا لە شاری مەدینە دەڕۆن بەڕێگەدا، پەیامبەر گۆچانێکی پێیە بۆ ڕۆیشتن. جولەکەکانی مەدینە دەیانەوێت بەپرسیارێکی قورسی فەلسەفی و میتافیزیکی پەیامبەر سەرقاڵ بکەن، و  لێی دەپرسن؛ ئەی موحەمەد ڕۆح چییە؟ ئەویش هێشتا خۆی  بە گۆچانەکی ڕاگیرکردووە و دەڵێت “پرسیاری ڕۆحت لێدەکەن و تۆش وەڵام بدەرەوە کە ڕۆح تەنها خوا دەیزانێت و مرۆڤ زانستی دیاریکراوە.“ بێگومان وەک دەڵێن دوای ئەم ڕووداوە (سورەتی ئیسرا) دادەبەزێت کە لە ئایەتە مەدینییەکانە و لە بەشی ٨٥ دا هاتووە : “ وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الرُّوحِ ۖ قُلِ الرُّوحُ مِنْ أَمْرِ رَبِّي وَمَا أُوتِيتُم مِّنَ الْعِلْمِ إِلَّا قَلِيلًا “ 4 پرسیاری ڕۆحت لێدەکەن بڵێ ڕۆح  فەرمان و کاری خودای منە و زانستی ئێوە دیاریکراوە و کەمە.

گەر بەپێی وشەی ڕۆح بێت لە زمانی قورئاندا وەک دەقێکی تیۆلۆژی، ئەوا  هەمان کێشەبەندی گەورەی هەیە کە لەزمانی ئەڵمانیدا هەیەتی، بەوەی گایست دیاری ناکرێت و یەکێکە لە چەمکە شمولی و گشتیەکەی دیاردەکان وەک چۆن لە قورئان و حەدیسدا هاتووە و یەکێکە لە وشە و چەمکە قووڵەکان کە ماناکانی لەلای خودایە، وەک ئەقڵێکی گەورەی میتافیزیکی. لێرەوە دەکرێت و دەشێت، وشەی  (ڕۆح)  بەرامبەر (گایست Geist)  ئەڵمانی و (سپیریت  Spirit)  ی ئینگلیزی دابنرێت، نەک تەنها لەبەر مانا تیۆلۆژییەکەی (ئاینیەکەی) بەڵکو لەبەرئەوەی لەناو ئاینیشدا ڕۆح وەک وشە و تێرم هەمان قورسایی گایستی هەیە لە ئەڵمانیدا کە هەم لە ئایندا وەک وشەی ڕۆح بوونی هەیە بەڵام لەئاینی کریستیانیشدا چەندە ڕۆح نێزیکە لە ڕۆحی خوا و میتافیزیک دەئەوەندەش نێزیکە لە دەروون و گیان Seele  و تێڕامانی ئەقڵی.

کارێکی بەهادین؛ بودا
Buddha

هەشتەم:  بەگەڕانەوەش بۆ هێگڵ و چەمکی گایست کە ئێمە هەوڵدەدەین لە وشەی (ڕۆح) نێزیکی بکەینەوە نەک (هۆش) دەگەڕێنەوە بۆ چەمکی جوڵە کە مەرجی سەرەکی گایستە  وەک چۆن لە پێناسەکەی هێگڵدا دەڵێت “ئەقڵ گایستە  و بە دڵنیاییەوە ڕیالستیە و لەخودی خۆیدا بەرەو هەقیقەت باڵا دەبێت، هەروەها لە جیهانی خۆیدا هۆشیارە. بە بوونکردەیی گایست  ئەو جوڵە لەپێشینەمان نیشاندەدات  کە چۆن هۆشمەندیی وەک کاتیگۆریەکی پاک و ڕەوان بەرەو ئاستی  چەمکی ئەقڵ  بەرزدەبێتەوە.“

ئێمە هاتووین  (بوونکردەیی) مان بەرامبەر وشەی ڤێردن  Werden   بەکارهێناوە  کە بەیەک وشە لە کوردییدا  لە کرداری  (دەبێت) وە نێزیکە  ئەم بوونەش کاتێکە لە کرداردایە لەزمانی ئەڵمانیدا و بوونی دۆخێک دەگۆڕێت بۆ ئەویتر.  لەم بارەدا لەزمانی ئەڵمانیدا werden –  wird    بەکاردێنن بۆ نموونە کاتێک دەڵێین؛ هەموو شتێک باش دەبێت Es wird alles gut sein  لەم خاڵەوە بوونی شتێک، دۆخێک دەگۆڕێت لە بارێکەوە بۆ ئەویتر و لە پڕۆسەی گۆڕاندایە، کە لەزمانی عەرەبیدا بە سەیرورە – صيرورة،  وەریانگێڕاوە، وەک کردەیەکی بەردەوامی گۆڕانکاری. لەم خاڵەوە گەر سەرنجی پەرەگرافە گرنگەکەی پێناسەی گایست بکەین دابەشدەبێت بەسەر دوو ڕستەی گرنگی ئارگومێنتکاریدا لە یەکەمیان هێگڵ دەڵێت“ ئەقڵ گایستە  و بە دڵنیاییەوە ڕیالستیە و لەخودی خۆیدا بەرەو هەقیقەت باڵا دەبێت، هەروەها لە جیهانی خۆیدا هۆشیارە.“  لە دووهەمیاندا بۆ شیکردنەوەی ئەم ڕستەیە دەڵێت “بە بوونکردەیی گایست Das Werden des Geistes ئەو جوڵە لەپێشینەمان نیشاندەدات کە چۆن هۆشمەندیی وەک کاتیگۆریەکی پاک و ڕەوان بەرەو ئاستی  چەمکی ئەقڵ  بەرزدەبێتەوە.“ لێرەدا  دەبینین چۆن گایست دەچێتە دۆخی ئەقڵییەوە و بەرەو چەمکی ئەقڵ  بەرزدەبێتەوە، بە جوڵەی پێشینە لە دۆخی هۆشمەندیەکی پاکەوە بەرەو ئەقڵ بەرزدەبێتەوە.  کەواتە گایست جوڵەیەکی دۆخی هۆشمەندیی و هۆشیارییە بەرەو ئەقڵ، بەڵام تەنها ئەقڵی ڕووت و پەتی نییە، بەڵکو کۆی پڕۆسەکە لە (جوڵەدا   (Bewegung  – لە دۆخێکەوە بۆ ئەویتر دەجوڵێت و بەرز دەبێتەوە بەرەو ئەقڵ. لێرەدا ئەقڵ بەشێکە لەو پڕۆسە گشتییە دیالەکتیکیە هێگڵیەکە  “کە لە نموونەی  تۆو و لاسک و گوڵ دا باسمان کرد“  و کۆی پڕۆسەکە جومگەی داینامیکی ڕوانینی فینۆمۆلۆژیی هێگڵیانەیە. کۆی ڕوانینەکە، کۆی گایست، کردەیەکی هۆشمەندییە بەرزدەبێتەوە بەرەو ڕیاڵیتی ئەقڵانی.  بەمانای لە ڕۆحدا، لە جوڵەی گایستدا پڕۆسەکە دەبینین و ڕۆح کۆیی پڕۆسەکەیە. دەبێت ئەوەش بڵێین کە (هۆش) کردەیەکی سوژەییە، بەشێکە، لەتێکە، لە کۆیی گشتی پرۆسەکە کە گایستە. هۆش لەم بەشەدا بەرامبەر کۆی پڕۆسەی گایست دەبێتەوە، کە  ئەم جوڵەیە لە چەمکە تیۆلۆژیەکەیدا و چەمکە بوونگەراییە ئۆنتۆلۆژیەکەیی و هێگێڵیەکەیدا تەنها ڕۆح  Spirit  وەرگێڕانی وشەی بەرامبەرەتی، چ وەک وشە و چ وەک چەمک،  لە ڕۆح نێزیکتر دەبێتەوە وەک لە هۆش.

نۆهەم: لە سەرنجی پێنجەم و شەشەم و هەشتەمدا ئاماژەمان بە دوو چەمکی دیکە کرد کە پابەندن بە گایستەوە و زیاتر وەهامان لێدەکات بەرەو دینامیەکیەت و شێوازی کارکردنی  چەمکی (ڕۆح   – گایست – Geist) هەنگاو بنێن، کە ئەویش؛ جوڵەیە. وەک گووتمان هێگڵ لە پێناسەی گایست دا وشەی )جوڵە( بەکاردێنێت و لای هایدگەریش (جوڵە) سێنتەری سەرەکەی بیرکردنەوەی ئەنتۆلۆژییە…

مارتین هایدگەر لە کتێبی (بوون و زەمەن – Sein und Zeit) باس لە جوڵەی  دازاین Dasein دەکات لە ئاسۆگە و لەو ناو پرسە ئەنتۆلۆژیەکەیدا گفتوگۆی دەکات، بە جۆرێک،  فەیلەسوفێکی وەک پیتەر سلۆتەردایک لە کتێبە ناوازەکەیدا دەربارەی هایدگەر (هیچ قوتاری ناکات، هەوڵدانێک بەپێی هایدگەر)دا دەڵێت “ هایدگەر بیرمەندی جوڵەی بەردەوامە“ هەروەها دەڵێت“ دازاین هەمیشە لەجوڵەدایە“  سلۆتەردایک لە هزری هایدگەردا سێ جوڵەی بوونگەرایی، سێ گەشتی گرنگی  بوونگەرایی مرۆڤ دیاریدەکات  کە بەناو زەمەندا Zeit ڕێدەکات   سلۆتەردایک دەڵێت“ئەو گەشتانەی لێردەا ناویاندەبەم، یەکەمیان (داڕمان)ە و دووهەمیان (شارەزایی) و سێهەمیان پێچکردنەوەیە.“  9.30-31

ئەم سێ جوڵەیەی دازاین و بوونگەرایی لەناو زەمەندا کە سلۆتەردایک بە “ڕووخان، شارەزایی، پێچکردنەوە“  پێناسەی دەکات، فۆرمالی جوڵەی هایدگەریانەیە لە هەڵگەڕانەوەی هاوکێشەی کۆجیتۆی دیکارتیدا “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم“  ئەوا سلۆتەردایک پێیوایە “ من بوونم هەیە کەواتە جوڵە بەرەو من دێت، من ناوەستم کەواتە من فڕێدراوم“ 9.31   ئەم درامتۆلۆگیەی بوون  کاتێکە کە دەجوڵێن، کە دەکەوینە ناو جوڵەی ژیان و مێژو و بڕیاڕدانەوە، کاتێک دازاین ناوەستێت لە پرسی مانای بوون چونکە وەک هایدگەر دەڵێت“ جەوهەری دازاین لە بوونیدایەتی.“ 6.46  لەم جوڵەیەوە دازاین ناوەستێت و (فڕێدان بۆ ناو جیهان)  ئەو خەم (Sorge) و کەڵکەڵەیە سێنتراڵیەیە کە لە جوڵەدایە و ئەو  بەریەکەوتنە (کاتییەی) دەداتێ کە بەر پرسی خۆی بکەوێت لە لەناو بوون و مانای بووندا. کاتییەت وەک ئەو تێگەیشتنە بازاڕیی و سەرەتاییەیە بە بەریەکەوتن   لەگەڵ کاتدا   و لە قۆناغێکی ترانسێندێنتاڵی و باڵابوونە بەرەو هەستکردن بە گرفتی بوون )زاین – (Sein   لە ناو زەمەندا (تسایت – Zeit) و بینینی زەمەنە وەک ئاسمانێکی گەورە، وەک تێپەڕبوونێک بەنێویدا کە لەگەڵ کۆتایی زەمەندا بوونیش ماڵئاوایی دەکات بەرەو نەبوون.

 لێرەوە تێگەیشتنی سەرەتاییی بۆ کات، ئەو خەمەی لێرەبوونە (دازاین – Dasein)  کە بوونی ئێمە لەگەڵ کۆتایی زەمەندا فڕێدەدرێتەوە دەرەوە و کۆتایی دێت، ئەوا “تێگەیشتنی بازاڕیانە و سادەمان  دەربارەی کات“  Das vulgäre Zeitverständnis  لەلادروستدەبێت، ئەمەش لای هایدگەر بە کاتێتی) تاسیتلیخکایت Zeitlichkeit ( پێناسەی کردووە ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە سەرەتایانە و سادەو ساکارانە  هەستدەکەین“کاتێک لە ناو کاتداین“  ئەمەش وەک هایدگەر ئاماژەی بۆ دەکات “بەشی خۆی تاریکە “6.18.   لەم هەستە بازاڕیی و سەرەتاییە بە کات و کاتییەت، هەبوو (زایندە Seinde) بازهەڵدەداتە ناو مەدارە گەورەکانی بوون (زاین-  Sein) و لە کاتیشەوە بۆ زەمەن Zeit  و پاشان بۆ خەمە گەورەکەی بوون و زەمەن.  ئیدی لێرەوە ئەو هەبووەیەی و خەمی مانای بوون هەڵدەگرێت هایدگەر گووتەنی “ئەو هەبووەیە پرسیاری پێشەنگی مانای بوون، دەکات خەسڵەتی دازاینی هەیە.“ 6.41 بەمجۆرە لە گەڕانی دازاین (لێرەبوون – Dasein) بەدووی مانای بووندا، مانای زاین دا.   هەستکردن بە خەم (زۆرگە – Sorge ) پێدەگات، کە خەمێکی دەروونی نییە و پابەند نییە بە خەفەت و خەمەوە، بەڵکو لە ئەڵمانیدا دیوێکی تری ئەم وشەیە هەیە کە دەبێتە کەڵکەڵە و بیرکردنەوە و نیگەرانیەکی ئەقڵانی دێت کە دازاین هەستدەکات فڕێدراوەتە جیهانەوە، لێرەوە گەشتی ئێمە دەستپێدەکات لەگەڵ زەمەن و جیهاندا. تەنها تێبینیەک بۆ خوێنەری ئازیز، کە مارتین هایدگەر لە لاپەڕە پەنجاو یەکی کتێبەکەیدا (بوون و زەمەن) ئەو خەم و خەفەت  لە خەمی دەروونی و کەسی جودا دەکاتەوە، بۆ خەمی دازاین لە ناو هاوکێشەی ئەنتۆلۆژیادا، بەمەش هایدگەر تێرمینۆلۆجی خۆی بۆ خەم جودا دەکاتەوە لە زانستی سایکۆلۆژیا.

شەبۆکان، کاری بەهادین ٢٠١٨
Nelken, 2018, Bhaiden

لێرەوە بەگەڕانەوە بۆ تێزەکەی سلۆتەردایک لەمەڕ (جوڵە)ی هایدگەریی، سلۆتەردایک باس لە “ هێرشی جوڵە“ دەکات کە دازاین لە جوڵەیدا لەناو جیهاندا و لە کەوتنیدا بۆ ناو جیهان و لە کاتێتیەوە کە سەرەتا  تێگەیشتنێکی ڤەڵگەرانە و بازاڕیانەیە بۆ کات، هەنگاو دەنێت بۆ تێگەیشتنی قووڵی زەمەن لەناو بووندا. لێرەوە ئەم پڕۆسەیە لە (ڕووخان)ەوە، لە (فڕێدانەوە بۆ ناو جیهان) بەرەو کەڵەکەبوونی ئەزموون و (شارەزایی) ڕاپێچی دەکات بەرەو (پێچکردنەوە) و هەڵگەڕانەوە و خودگۆڕین.  ئەم سێ مۆدێلی جوڵەی هایدگەرییە لەم سێ جوڵەیەیدا، درامای دازاین و زاین، بابڵێین (بوون و لێرەبوون) مان پێدەڵێت کاتێک هەڵدەستێتەوە، کاتێک لە منێتی و منبوونی  خۆیدا  ڕەسەنێتی  Eigentlichkeit هەڵدەبژێرێت یاخود ناڕەسەن دەبێت Uneigentlichkeit کاتێک دەچێتە ئەزموونەوە و شارەزایی پەیدا دەکات و کاتێک لێی دێتە دەرەوە، دووبارە هەڵدەگەڕێتەوە بەرەو گۆڕانێکی دیکە.

لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەم، کە سلۆتەردایک لەم تێزەیدا دەیەوێت بەرگری لەوە بکات کە هایدگەر وەک دازاینێک لە جوڵەی هزرمەندی خۆیدا، لە پرسیاری بوونی خۆیدا، لەناو مێژوویی کەسی خۆیدا ڕووخانێکی بەخۆوە دی،  کە من لێرەدا بە (ناڕەسەنی هایدیگەر) die heideggerische Uneigentlichkeit ناویدەبەم، ئەویش ئەو ڕووخانە یەک ساڵەیە کە هایدگەر وەهای هەستدەکرد  کە نازیەکان (ناسیونال سۆسیالیزم) دەتوانن بەها گەورەکانی کولتوری خۆرئاوایی بەرەو ئاستێکی باڵا بەرن. بەڵام هایدگەر دوایی پەشیمان دەبێتەوە و دوای جەنگی جیهانی دووهەمیش وەک نازیەک سزادەدرێت و تاماوەیەکی زۆر بۆی نابێت وانە فەلسەفیەکانی بڵێتەوە. هایدگەر دوای ئەم شکستە (ڕووخانە) هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات بۆچی بوو بەنازیی، بەڵام بەگشتی لە فەلەسەفەکەیدا خاڵی جوڵە و جوڵاندن سێنتەری بیرکردنەوە و پڕۆسەی بیرکردنەوەیەتی، هایدگەر بە پراکتیکی دەجوڵێت بۆ خاڵێکی دیکەی فەلسەفی بێ ئاوڕدانەوە لە چەقینە ناسیونال سۆسیالیزمەکەی.

بێگومان من پێموایە، مارتین هایدگەر بەنێو نازیەتدا زۆر کورت تێپەڕی و دەشێت تێگەیشتنەکی ڤەڵگەریانە و بازاڕیی فینۆمینۆلۆژیانەی هەبوو بێت بۆ فینۆمێنی نازیەت، هەربۆیە تەنها ساڵێک بەناو نازیەتدا تێپەڕی، بەڵام لە نازیزمدا نەچەقی و دووبارە جوڵایەوە و لێوەی هاتە دەرەوە پێچیکردەوە بەرەو فەلسەفەکەی. دوایی جەنگیش لە جوڵەدا دووبارە هەڵگەڕایەوە و بەم پێچکردنەوەیەی گۆڕانی گەورەی لە هزری بوونگەرایی جیهاندا بەدیهێنا، بەتایبەت، بە ڕای من، لە ساڵی  ١٩٥٥ دا لە کۆڕێکدا لە شارۆچکەکەی (میس کیرخ) لێکۆڵینەوە گرنگەکەی  بەناوی (ئارامی Gelassenheit ) خوێندەوە، تێدا ئاماژە بە مرۆڤی مۆدێرن و بێ ئۆقرەیی زەمەنی مۆدێرن دەکات، کە مرۆڤی ئەم زەمەنە  زەوی ژێرپێیەکانی و جێگیریی  Bodenständigkeit ونکردووە. هایدگەر لەم کتێبەدا دەڵێت“ونکردنی جێیگیری  لە ڕۆحی ئەو زەمەنەوە دێت کە تێدا لەدایکبوون“8.18    مرۆڤی مۆدێرن دەرئەنجام ولە دایکبوونی  ئەقڵێکی ماتماتیکی بێ ئۆقرەیە  کە تەنها بیر لە سەرکەوتنی داهێنانەکانی دەکاتەوە و لە خاڵێکەوە باز هەڵدەدات بۆ ئەویتر بەبێئەوەی بیر لە دەرئەنجامە مرۆیی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و جیهانگییرییەکەی بکاتەوە. بەمانای وەک هایدگەر دەڵێت“ مرۆڤی ئەم چەرخە بەردەوام لەبیرکردنەوە ڕادەکات“ 8.14  ئەم ڕاکردنەوە لە بیرکردنەوە کارەساتی گەورەی ژینگەیی و مرۆیی بەدووی خۆیدا دێنێت. لێرەوە ڕۆحی ئەم سەدەیە، ڕۆحی ئەم چەرخەی تێدا لەدایکبوون بێ ئۆقرەیی و جێگیرنەبوون و ڕاکەڕاک بۆ بەدەستهێنان لەدوای بەدەستهێنانی کردۆتە ستایلی ژیان. بەدیوێکی تردا  ئەقڵی  ژمێریاری  Das rechnende Denken  زانستی لە بیرکردنەوەی دەرئەنجامەکانی کارەکەی ڕادەکات و بیر لە دەرئەنجامەکان ناکاتەوە، هەر وەک چۆن کە لە ئاوی قورس بۆمبی ئەتۆم بەرهەمهێنا، ئاوەها بیریان لەوە نەکردەوە کە بەم داهێنانە دونیا لەسەر ئەم زەویە بە ئاقارێکی ترسناکدا دەبات. هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەران پڕۆفیسۆرێکی تیۆرەی فیزیا بەناوی ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر  J. Robert Oppenheimer   دوای ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی لەجەنگی جیهانیدا داهێنا، دوای ئەوەی هەزارەها مرۆڤی و باڵندە و درەخت و گژوگیای لە هیرۆشیما و ناکازاکی لەناوبرد، وەک پەشیمانیەک لەوەی دەرگایەکی کردەوە بۆ سەدەی ئەتۆمی و پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی گووتی “ من ئێستا بووم بەمردن، بووم بە وێرانکەری جیهان“ 11

 ئاوا هایدگەر لە ساڵی ١٩٥٥ دا و لە گوتار و وانە بەناوبانگەکەی بەناوی (ئارامی) پرسیاری ئەوە دەکات کە چۆن ئەم بیرکردنەوە ژمێریارییە و ماتماتیکیە و  بیری لە دەرئەنجامەکانی ئەم داهێنانە نەکردۆتەوە؟ لەم وانە گرنگەیدا لە ساڵی ١٩٥٥ داوا  لە ئەقڵی مۆدێرن دەکات لەسەر شتەکان بوەستێت و (ئارامی و هێوریی) پراکتیزە بکات. لەم وانە گرنگەیدا هایدگەر داوای  ئیستکردن و وەستان و هێوربوونەوە دەکات و دەیەوێت ئەم (ئارامییە) بخاتە ناو ئەقڵە ژمێریارییە ماتماتیکیەکەیەوە کە ئەگەر بەم خێراییە کاربکات و هێورنەبێتەوە و لەسەر دەرئەنجامەکان نەوەستێت، ئەوا زیندەگیبوون لەسەر ئەم هەسارەیە دەخاتە ژێر مەترسی لەناوچوون و ژەهراوی بوونەوە. بێگومان دوای زیاتر لەحەفتا ساڵ بەسەر ئەم وانە گرنگەی دەربارەی (ئارامی) ژەهراویبوونی ئەم هەسارەیە و کەڵەکەبوونی خۆڵی ئەتۆمی و ژنیگە پیس بوون،  بۆتە خەسڵەت و کاراکتەری ئەم سەدەی بیست و یەکە.

دەبێت ئەوەش بڵێن؛ هایدگەر ئەقڵی زانستی و تەکنەلۆژیا ڕەتناکەتەوە بەڵام پێشنیازی (ئارامی) بۆ دەکات،  بەوەی لە ڕێگەی ئارامی و هێورییەوە مانای بوونی داهێنانە زانستیەکان و تەکنۆلۆژیا شرۆڤە بکات، بە هێوریی بیری لێ بکرێتەوە، پێشئەوەی بیخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هایدگەر پێشنیازی “هێوری بیرکردنەوە لەدەرئەنجامەکان“ دەخاتە ڕوو  و بیر لەوەبکاتەوە کە زەویەک بێت بۆ ئۆقرەگرتن، زەویەک بێت پێیەکان لەسەری جێگیربن، زەوی ئێمە دروستبوونی ماڵ بێت بۆ بوونی مرۆڤ، نەک تێکشانی ماڵ و جێگیریی فیزیکی و ڕۆحی بێت و پنتێک بێت بۆ ڕاکردن بەرەو هەسارەیەکی دیکە.

هایدگەر لەم موحازەرەیەدا (ئارامی – Gelassenheit) ، بە ڕای هەژارانەی من، بێئەوەی ئاماژە بەخۆی بکات، باس لەو هزرە (بێ ئۆقرەیەی) خۆی دەکات کە ویستی  لە بازنی شارە بچوکەکەی خۆی (میس کیرخ) و (توبینگن) بەرەو شارەکانی ڕایخی سێهەم هەنگاو بنێت. ویستی  لە سەرۆک بەشێکەوە بۆ سەرۆکی زانکۆیەک و پێدەچێت بەرەو (بیریاری نەتەوە) بازبدات. بەمانای لە فەیلەسوفی ناو دارستانەوە بۆ فەیلەسوفی شارە گەورە و قەرەباڵغەکان، لە فەیلەسوفی بیرکردنەوەی ئارامەوە بۆ ناو مێگەلی  پۆپۆلیستی  ناسیونال سۆسیالیزم. لەم بێ ئۆقرەیی و بیرنەکردنەوەیەدا لە سروشتی نازیەت کە سروشتێکی تێکدەر و جینۆسایدکارە، پەلەکردنی ئەقڵی مۆدێرنی هایدگەریی بەرەو ناڕەسەنی ڕاپێچی کرد، ناڕەسەنیەکی ترسناک بێئەوەی بیر لە سروشتی جینۆسایدکاری نازیزمی ئەڵمانی و هاوپەیمانەکەی فاشیزمی ئیتاڵییە بکاتەوە. هەربۆیە کاتێک هێوریی و ئارامی بەدەستدێنێتەوە، هایدگەر ئەم ئەزموونی (ڕووخانەی) دەخاتە ناو کایەکەی گەورەی بیرکردنەوە لە جیهان و مەترسیەکانی ئەقڵی مۆدێرن، ئەمەش بەڕای من دانپێدانانی هایدگەرە بە هەڵەی خۆی، نەک لەڕێگەی سیاسی و ڕیتۆریکەوە، بەڵکو لەڕێگەی تێزی فەلسەفی گەورەوە کە دەرئەنجامی ئەو ئەزموونە تاڵەی بوو.

 هایدگەر لە ئەزموونی ساڵێکی خۆی لەناو ڕووخان و هەڵەدا، لەناو پەلەکردن و جێگیرنەبووندا، دەگاتە ئەو خاڵەی پەلەپەلی بیرکردنەوەی  ئەقڵی مۆدێرن،  خۆیشی لە بەریەکەوتنەکی سادەدا بەری کەوت کە ڕاکردن بوو لەدەستکەوتێک بۆ ئەویتر و لە خاڵێکەوە بۆ ئەویتر. کۆی ئەم قەیرانە ڕۆحییە دەرئەنجامی ئەم بێئۆقرەیی و  دژە جێگربوونەدا بوو. جێگیربوون Bodenständigkeit  لای هایدگەر وەستانی مرۆڤە لەسەر زەوی خۆی، ماڵی خۆی ، نیشتمانی خۆی، گوندی خۆی، زمانی خۆی، کولتوری خۆی، کێڵگە و شوانێتی خۆی، وەک خۆی گووتەنی “ مرۆڤ شوانی بوونی خۆیەتی“…  بە پێچەوانەشەوە پەلەپەلکردن و  ڕاکردن لەم شوێن بۆ ئەویتر، لە گوندەوە بۆ شار، لە وڵاتێکەوە بۆ ئەویتر، لەشتێکەوە بۆ ئەویتر، لە سەرکەوتنێکەوە بۆ ئەویتر، نیشانەکانی بێ ئۆقرەیی و ناجێگیرییە، کە بێگومان  ئەمە سیفەتی مرۆڤی ئێستای ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە کە لەپۆستەکەوە بۆ ئەویتر و لەگرتە ڤیدیۆیەک بۆ ئەویتر و لە کۆمێنتەکەوە بۆ ئەویتر ڕادەکات.  بۆ نموونە؛ میدیای بینراو بۆتە مەکینیەکی (بەرهەمهێنانی بێ ئۆقرەیی) بەجۆرێک گەر مرۆڤ لەبەردەم کامێرادا خۆی بسوتێنێت ئەوەی بیری لێ دەکرێتەوە وێنەکەیە بۆ تێرکردنی بێ ئۆقرەیی تەماشاکار، بۆ هیچ نا، تەنها  بۆئەوەی تەماشاکاران ڕانەکەن بۆ سەیرکردنی کەناڵەکێکی دیکە. بەمجۆرە ئینتەرنێت لە کایەکەی گواستنەوەی زانیاری مەعریفیەوە دەبێتە کایەکی بۆ شەپۆلی بێ ئۆقرەیی، ئیدی جریوەکان و پۆستەکان و فۆتۆ و گرتە یوتوبیی و ئینستگرامیەکان گوزارشی ئەو بێ ئۆقرەییە گەورەیەن کە لە ڕۆحی ئەم سەدەیەدا  گەمەی خۆی دەکات. ئەم مرۆڤە مۆدێرنە  پۆپۆلیستیە ڕۆحی نائارام و بێ ئۆقرەیە و  ناتوانێت نەلەسەر خوێندنەوەیەک ئۆقرە بگرێت، لە گوندەکەی بمێنێتەوە، لەشارەکەی خۆیدا بژی و بەهێمنی لە شوێن و کارێکدا جێگیر بێت.

هایدگەر کاتێک باسی ئەم مەترسی بێ جێگیریی و بێ ئۆقرەییەی کردووە کە تەنها ڕادیۆ و گۆڤار و تەلفیزۆن بە شێوە سەرەتاییەکەی هەبووە و پێشبڕکێی ئەتۆمیش لەسەرەتادا بووە، هەربۆیە لە (میس کیرخ) لە شارۆچکە بچوکەکەی لە ساڵی ١٩٥٥ دا و لەوانە گرنگەکەیدا، هایدیگەر  هێوریی و ئارامیی Gelassenheit پێشنیاز دەکات وەک دەریچەیەک بۆ ئەقڵی پڕ قەیران و وێرانکاری  مۆدێرن.

هێمنی ڕۆحی – کاری بەهادین –
Pace of Mind – Bahaiden@

لەم پنتەوە ئێمە لە چەمکی  (پێچکردنەوە)  سلۆتەردایکیی  تێدەگەین کە لە هزری هایدگەردا شرۆڤەی بۆ دەکات، بەوەی ئەزموونی شکستی و ڕووخانی هایدگەر لەخۆیدا، لە جوڵەیدا جارێکیتر لە تێگەیشتنی بۆ زەمەن لەناو بوونی یونڤێرسالیدا چەندەها تێزی گرنگی دیکە بەرهەمدێنێت. پێدەچێت سلۆتەردایک بیەوێت بڵێیت؛ بەبێ (جوڵە) لە هزری هایدگەردا، دەشیا هایدگەر لەناو ئەزموونی ناسیۆنال سۆسیالیزمدا بچەقیایە، بەڵام جوڵە و تێپەڕبوونی دوای (ڕووخان) ئەو ( شارەزاییەی) هایدگەر دەخاتەوە سەر شانۆیەک کە پێویستی بەڕوونکردنەوە نەبوو، هۆکاری ئەوەیە، کە هایدگەر دوای بەسەربردنی سزاکەی لە جوڵەدا بوو بۆ پێشەوە و ئاوڕی نەدایەو و ڕوونکردنەوەی نەدا، بەڵکو بەردەوام بوو لە کارە فەلسەفیەکانی و ئەم ئەزموونەی بەرەو کایەکەی دیکەی هزری فەلسەفی  جوڵاند. هایدگەر لەناو جوڵەدا کێشەی ئەنتۆلۆژی مرۆی مۆدێرن و بیرکردنەوەی مۆدێرنی خستە بەردەم پرسیارە ڕژدەکانی مانای بوون و هێوریی،  دووبارە گرفتە گەورە بوونگەراییەکەی خستەوە بەرباس کە گرفتی دازاین و جیهانە و فڕێدرانە بۆ جیهان، بەڵام ئەمجارە گرفتەکە فڕێدران نەبوو بۆ جیهان بەڵکو فڕێدانی جیهان بوو لە لایەن دازاینەوە، بەجۆرێک دازاین بەرگەی جیهان ناگرێت و لە ڕێگەی بیرکردنەوەی ژمێریارییەوە جیهان فڕێدادەتە ناو نا-بوون  و نەبوونەوە.

لەم گفتوگۆیەی سەرەوە بۆماندەردەکەوێت کە  چەندە (جوڵە – پێچکردنەوە) لە کۆنتێکستی گایستدا گرنگی خۆی هەیە، چ بە بە مانا هگێڵیەکەی،  دەئەوەندەش بەمانا هایدگەرییکەی جوڵە گرنگیەکی سێنتراڵی هەیە.  ئەوا لای هایدگەریش جوڵەی دازاین بۆ ناو جیهان، دۆزینەوەی مانای بوونە، جوڵەیە لەناو هەستکردن بە کاتێتێ (Zeitlichkeit)   و بەرەو جیهان چوونە، كە لە هەمانکاتیشدا  جوڵەی دازاینە لەناو کاتیەت و زەمەندا و لەناو بووندا. بەهەمان شێوە (هەبوو Seinde )  بۆ دۆزینەوەی مانای بوون یان جوڵەی دازاین لە ناو بوون و کایە ترانسێندێنتاڵەکان و باڵابوونەکاندا، یاخود بەرەو ڕەسەنی لە جوڵەدا لەگەڵ  (منبوونی –  Jemeinigkeit) خۆیدا،  یان گەر بگەڕێنەوە بۆ هایدگەرە کوردەکەی دکتۆری ئازیزمان موحەمەد کەمال دەڵێن لەگەڵ (منێتی) خۆیدا بڕیاڕدەدات بەوەی براوە بێت یان دۆڕاو، ڕەسەن بێت یان ناڕەسەن. تەواو لێرەدا، لە منبووندا یان منێتیدا   یەکگرتنەوە و دوورکەتنەوە لەگەڵ خودی خۆمدا  لەمنێتیدا Jemeinigkeit   دازاین لە جوڵەدایە بەرەو جیهان بەرەو منێتی منبوونی خۆی.

تابلۆ ؛ کرۆنۆس خواوەندی زەمەن – زەیتی لەگەڵ کەرەسەی جۆراوجۆر – لە زنجیرە کارەکانی بەهادین بەناوی میتۆلۆژی.
Chronos 120 Cm x 90 Cm Oil painting & mixture techniques on Canvas 2018 Bahaiden@

ئەوەی گرنگە بۆ ئەم باسەمان لەم خاڵەدا تێگەیشتنە لە سیفەتی جوڵەیە، گرنگی جوڵە و ڕەهەندە فراوانەکانی جوڵەیە، کە هەم لای هایدگەر گرنگی خۆی وەردەگرێت و هەم لای هێگڵی سەدەی نۆزدەش لە فینۆمۆلۆژییەکەیدا جوڵە دەبێتە خەسڵەتەکی گایست. لەم خاڵەوە پێمانوایە کە وشەی  (ڕۆح) توانا و  ڕەهەندی قووڵی  جوڵە وەردەگرێت و لەئامێزی دەنێت و بەرجەستەی دەکات، بەڵام وشەی هۆش بەو سیفەتەی تەنها بەیەک سوبێکت و سوژەوە پابەندە ئەو هێزەی  نییە ئەم گفتوگۆ  قووڵەی لەسەر بینا بکرێت. تەنانەت لە (هۆش) چونکە کردەی هۆش گەر لەڕووی فیزیکیشەوە سەیری بکەین لە (بێ هۆشی) دا جوڵەکەی دەوەستێت و ناچێتە دونیای شتەکان و هەبووەکانی وەک؛  جیهان، زەمەن و بوون و مێژوو.. هتد.  بەمانای ئەو توانایەی نییە و زیاتر بە سەبجێکتەوە نوساوە و لێی نێزیکە و جوڵەی دیاریکراوە لە خودی جەستە و تاکێتیدا نەک لە کەسی سێهەمدا. هۆش هێزی لە جوڵەکردندا لاوازە، چونکە لە خستنە سەری بۆ سەر جیهان و بۆ ناو جیهان و یەکگرتنەوە و جوادا بوونەوە لە گیان و خود و شتەکاندا، هۆش وشەیەک نییە لەگەڵ کۆی ئەمانەدا بەرجەستە بێت و پێوەگریان بێت. لێرەوە جوڵە  بەمانا ئەنتۆلۆژییە فراوانەکەی و  بەبازدانمان بۆ ناو مانا فینۆمۆلژییە هێگڵیەکەی زیاتر لە وشەی (ڕۆح) وە نێزیکە وەک لە (هۆش).

دەهەم:  بەڵام مادام باسی جوڵەمان کرد دەگەڕێنەوە چەمکی گایست، وەک جوڵەیەک کە سلۆتەردایک لە تێگەیشتنی بۆ (کایەکان)  لێی نێزیک دەبێتەوە، بەڵام  گایست لێرەدا دەچێتە ناو بیرکردنەوەیەکی گیۆمیترییەوە،  لەکردەی  فووکردن و بڵقە سابوونیەکان و تەنی خڕۆک و گۆزەسازیی و بازنەیی و کەفەکاندا، تێڕوانینی گیۆمێتری ڕەهەندێکی دیکەی جوڵە وەردەگرێت کە جوڵەی گایستە لەناو هەبووەکاندا. جوڵەیەکە  کاتێک دەچێتە ناو جیهانی نێوان خۆی و شتەکانەوە. لەلای فەیلەسوفێکی وەک سلۆتەردایک لە سێینە گرنگەکەی (کایەکان؛ بڵقەکان، گڵۆبۆس، کەفەکان)  دا بەرامبەر جوڵەی گایست دەبینەوە وەک تەنێکی گیۆمیتری کە تێدا  لە کتێبی یەکەمدا ( کایەکان١  –  بڵقەکان) باس لەجوڵەی گایست دەکات لەناو ڕاوم یان شوێن، باشتر وایە  بڵێن لە ناو  چێوەدا (چێوە – ڕاوم – Raum) دەجوڵێتەوە.

لێرەوە `پیتەر سلۆتەردایک` لە سێینیە گرنگەکەیدا، ڕەدووی  جوڵەی سوبێکت، ڕۆح، گایست، دەکەوێت ڕۆح لەناو  (چێوە و زەمەن- Raum und Zeit) دا  و لە جوڵە گیۆمیتریەکەدا دیاری دەکات کە بڵقە وەک چێوەیەکی فووتێکراو بە هەڵاوی هەناسەکان،  تێدا گایست، ئیندیڤیوم، سوژە، سیفەت و وێنەی خۆی دەخاتە ناو چێوەیەکی هەلامی و دیوارە تەنکەکانەوە. لێرەوە گەشتی گایست لای سلۆتەردایک  لە  هەناسەی خواوە دەستپێدەکات  کە  فوو دەکات بە قوڕدا و لەقوڕوە  مرۆڤ و بونەوەران دروستدەکات. وەک لە سفری خەڵقبووندا Gensis ) (20, 24, 27, 28  هاتووە کە “خوا فووی کرد پێیاندا گووتی پڕ بەرهەم و بەرەکەت بن و ژمارەتان زۆر بێت“ یاخود “ خوا گووتی؛ مرۆ دروستدەکەین لەسەر وێنە و ئارەزووەکانی خۆمان، دەشێت دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی لە دەریادا وباڵندەش لە ئاسماندا“  Gensis 26 بەمجۆرە خوا مرۆڤ لە قوڕ و ئاو و هەوا دروستدەکات و فووی پێدادەکات، بەمەش خوا دەبێتە قوڕشێل و گۆزەسازێک لە جیاتی ئەوەی گۆزەکەی بخاتە کوورەی ئاگرەوە دێت و فووی پێدا دەکات، وەک سلۆتەردایک دەڵێت “ مرۆڤ وەک گۆزە و مەرکانەیەکی بوونە “12.151

بەمجۆرە مرۆڤ دەبێتە مەرکانەیەک و گۆزەیەکی کە ڕۆح Geist تێدا دەجوڵێت، ( بۆ وەبیرهێنانەوە با بیر لە مەرکانەو چێوەکەی ئێمانوێل کانت بکەینەوە لە خاڵی پێنجەمی ئەم نوسینەماندا) بەوەی  ئەم ڕۆحە پێشتر  بەپێی بیرکردنەوەی میتافیزیکی  بوونی هەیە، کە هەناسەی خودایە بەڵام لە قاوغ و چێوە و گۆزەیەکی جەستەیدا کە مرۆڤە. لەم پنتەوە، هەناسە لە لاتینیدا  سپیرتوس Spiritus   ناوبراوە و  مانای فووکردن، هەڵاو، شنەبا، ڕۆح، فووپێداکردن دێت. لەمەوە، هەناسە ئەو جوڵەیە کە خوا دەیبەخشێت بە مرۆڤ و زیندەگیبوون دەخوڵقێنێت، خوا فوو دەکات بە قاوغەکاندا، وەک چۆن ئێمە فووی ئێمە، ڕۆحی ئێمە، کاراکتەری ئێمە، ڕەمز و وێنەکانی ئەمە لەناو مۆبایلەکانمدایە. لێرەوە مرۆڤ لە گەڵ خۆی و چێوەی خۆیدایەتی، لە ناو بڵقە سابوونیەکەی و پفکەی خۆیدایەتی، لەگەڵ مۆبایلەکەیدایەتی،  بەڵام لەم هەمانکاتیشدا لەگەڵ ئەویتردایە،  چێوەکان بەشدەکات، پۆست و کۆمێنتەکان بەشدەکات لەگەڵ ئەویتری ڤیزوالی، ژووری چاتەکان بەشدەکات و لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆشیدا ژوورەکان، هۆڵەکان بەشدەکات، پاسەکان، میترۆ و فڕۆکەکان بەشدەکات. ئیدی لە کوێدا مرۆڤ هەبێت قاوغێک هەیە کەتێدا ڕۆحی تێدا ئارام دەگرێت، لەکوێدا مرۆڤ هەبێت بڵقێکی نەبینراو هەیە کە چێوەیەکی ڕۆحییە لەگەڵ خۆی و ئەویتردا بەشیدەکات. مرۆڤ ئەم چێوە نەبینراوە پڕدەکات لە فووی خۆی، لەهەناسەی بیرەوەریەکانی، لە گۆرانیەکانی، لە بیروڕاکانی، فۆتۆکانی، پۆست و هەڵوێستەکانی و ڤیدیۆکانی، لێرەوە مرۆڤ لە چێوەی خۆیەوە، لە پفکە و بڵقی خۆیەوە، ئەم چێوە ئیندیڤیدوالە دەجوڵێنێت، ئەم دازاینە بەرەو جیهان دەجوڵێنێت و بەشیدەکات لە گەڵ ئەویتردا، لە ئەپەکانەوە، لە ڕێگەی ڤایبەر، وەتس ئەپ، فەیسبوک، تویتەر، یوتب و زۆریتر، لەگەڵ ئەویتردا چێوە بەشدەکات بەشدەکات.

بە گەڕانەوە بۆ تیۆلۆژیا و لە ئاسۆگە میتافیزیکیەکەوە لەم فووە، لەم هەناسەیە بڕوانین بەناو قاوغەکاندا،  خوا دەبینین  فوو و هەڵاوی خۆی دەکاتە قاوغە قوڕینەکەوە و کردی بەمرۆڤ، بەمەش  مرۆڤ وەک قاوغێکی خودایی لەڕێگەی هەناسە و فووی خواوەندەکانەوە، مەحکومە بەژیان لەناو چێوەکان و لەناو کایەکاندا، لەناو سڤێرەکاندا. لە کایەوە، لەسڤێرەوە،  تێروانێینێکی فیزیکی هەیە بۆ چێوەیەک  کە تێدا دەژی و لەوێوە شارستانیەتە گەورەکان لە ناو چێوەکاندا ژیاندەکەن و دەجوڵێن، هەر لە ژوور و خانوو باڵاخانە و گۆزە و دیزە و مەرکانە و ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و هۆڵ و بیناسازیەوە بیگرە تاوەکو  تەلفیزۆن و کۆمپیوتەر و مۆبایل و کاتژمێری زیرەک . مرۆڤ زیاتر لەهەموو بونەرانی دیکە بەهۆی فووی ڕۆحە (سپیریتۆس) خوماری چێوەکانە، گۆڕینی چێوەی ژوورەکانە، گۆڕینی دیزاینی تەلفۆن و تەلەفیزۆن و شتەکانی چواردەورێتی، لێرەوە چێوەکان دەبنە کایەکان، سڤێرەکان، Sphären و بەردەوام لەناویدا داهێنان و ڕووخان و تەقین پراکتیزە دەکات. لەکوێدا بڵقەکە سایکۆلۆژیەکە تەقی لەوێدا دەبینەوە بەکەف، ورد ورد دەبینەوە، دەبینە چەند پنتێکی دیکە کە سلۆتەردایک لە کتێبی سێهەمدا لە ( کایەکان- سێهەم؛ کەفەکان) دا ئاماژە بەوەدەکات کاتێک بڵقەکان، پفەکان دەتەقن و  بە شێوە (خڕۆکیەکەی – گڵۆبۆسیەکەی ) نامێنێت ئەوا دەبنەوە  کەفەکان، ئیدی ئەم کەفەکان لەناویەکدا  “  کۆماری چێوەکان“9.25  پێکدێنن کە لەتەنیشت یەکەوە  کار لەیەکتری دەکەن.

بەمجۆرە کەفەکان دوا قۆناغی تەقینی بڵقە لە تەنە خڕۆکە دەسەڵاتخوازییەکەیدا، تەنی خڕۆکیش، گڵۆبۆس، وەک لە  (کایەکان – دووهەم؛ گڵۆبۆس) ئاماژەی پێداوە، ڕۆح و دەسەڵات و ژیری و هۆشە کە لەم تەنە خڕۆکیە گیۆمەترییە بەرجەستە دەبن و کۆدەبنەوە… بۆ ئەوەی لەبیرکردنەوەی بازنەیی و گڵۆبۆسی تێبگەین دەبێت بیر  لەو

شەبۆکان، کاری بەهادین ٢٠١٨
Nelken, 2018, Bhaiden

سیفەتەی  ڕۆح بکەینەوە کە بازنەییە، لێرەوە ڕۆح، گایست،  لەلاتینیدا بە ( سپیریتوس – Spiritus ) ناودەبرێت، ئەویش  لە لاتیندا شێوەی بازنەیی و خڕۆکی هەیە. ئاوەها فووی خودا دەکرێتە مرۆڤەوە ڕۆحە Spiritus – Geist – Spirit بەدەوریدا  گیان، سۆڵ، زێلە Seele – Soul  دێت و بەدەوریدا جەستە قاوغەکەیەتی. لەم بیرکردنەوەی مرۆڤ لەناو چێوەدا، قاوغێکە کە پڕە لە فووی گایست، ڕۆح، سپریتوس.  خۆیشی وەک قاوغێک لەناو بڵقدا دەژی و کاتێک بڵق بە هەناسەی دەسەڵات، ژیری، ئەقڵ، گیان، سۆز پڕ دەبێت و لەناو ئەم تەنە خڕۆکەی دەسەڵاتدا بە ناو بۆشاییەکاندا دەسوڕێتەوە “بۆشاییە کۆمەڵایتەیەکان، ئایدیاکان، شێوەکارییەکان، ئاینیەکان… هتد.“  لە و کاتەکدا ئەم چێوە هەلامی و نەرمە دەتەقێت لە شوێنێکدا، لەوێدا دەبێتەوە بە کەفەکان و لەناو کایەکاندا دەبێتە “موڵتی فۆکال – فرەپنتی و دەبێتە فرەجیهانبینی“  9.23    لێرەوە کەفەکان بە جیاوازی بڵقەکان و خڕۆکەکان نەدەچێتە ناو پرسیاری ئەنتۆلۆژی مرۆڤەوە و نەیەکدەگرێتەوە لەسەر تەنێکی خڕۆک، بەڵکو پەرتبوونەوەیە لەناو بێکۆتایی شتەکان. 9.24-25

بەمجۆرە بیرکردنەوە گیۆمتیریکە، دەتوانین لە ڕەهەندێکی دیکەی چەمکی  ڕۆح  لە گایست Geist بڕوانین،  ئەوا جوڵەی گایست بۆ ناو شتەکانە، بۆ ناو قاوغەکانە بۆ ناو مایکرۆسڤێرەکانە Mircosphären   یان بڵێین بۆ ناو (کایۆچکەکان)  تێدا مرۆڤ و هەڵاوی خۆی و خواوەند، لەناو چێوەی شلدا دەدۆزێتەوە و دەچێتە سەر تەنە خڕکەکانی دەسەڵات و ژیری و خڕۆکەیی بیردەکاتەوە.

لەوەتەی مرۆڤ هەیە سەرسامبووە بە تەنی خڕۆک، مرۆڤ چێوەی کۆمەڵایەتی و زانستی خۆی و دەسەڵاتی خۆی لە خڕۆکیدا بینیوتەوە، وەک چۆن  بۆ یەکەمین جار لەمێژوودا “ لە ٣١ مای ٣٣٠ دا  قەیسەری ڕۆمی کونستانتین (ئەستنبولی ئێستا) لە کەژاوەیەکەیدا بەسەر شەقامەکاندا ڕۆیشت و تۆپێکی خڕی بەردینی لەدەستدا بوو، ئەمەش بۆ چەندەها سەدە بووە تایبەتمەندیەکی  قەیسەرەکان“ 14. 41   لەو ڕۆژەوە دەسەڵات و تەنی خڕۆک، و ژیری و تەنی خڕۆک و دەسەڵاتی ئاینی و هێزی خودا بووە بیرکردنەوەی مرۆڤ. ئەم تەنە خڕۆکە لەدوای ڕۆمای فرە خواوەندەکان لەناو نەچوو، بەڵکو کریستەکان هاتن و خاچێکیان خستە سەر ئەم تۆپە خڕە، تەنانەت نازیەکان لەسەدەی بیستدا هاتن و خاچی شکاوی نازیەتیان خستە سەری، کەواتە لەکوێدا تۆپی پڕ هەوا هەبێت، لەوێدا ڕۆحەکان لە یارگەکاندا یاری دەسەڵات و بردنەوە و دۆڕان دەکەن. لە کوێدا مرۆڤ بیر لە چارەنوسی خۆی بکاتەوە، وەک بەرهەمی گوناهەی ئادەم و حەوا و فڕێدانی بۆ ناو سەر ئەم تەنە خڕۆکە، بیر لەو سێوە خڕە دەکاتەوە کە خڕێتی خۆی لەدەستدەدات و لەگەڵ یەکەمین قەپاڵدا مرۆڤ وەک گوناهەکارێک بەناو زەمەنی خوادا تێپەڕ دەبێت. لێرەوە (گوناهە میراتی) لە ئایندا بەڕای من هیچیتر نییە جگە لە گەڕانەوەوەی شوێنای قەپاڵەکەی ئادەم و حەوایە، لەکوێدا ئێمە مردین و ڕۆحمان چووە بەهەشتی خواوە وە لەوێدا ئێمە سێوەکەمان بەساغی داوەتەوە بەخودا و ئەوەش کلیلی گێڕانەوەی ڕۆحە بۆ ئەبەدیەتی خواوەند و بەهەشتەکان… لێرەوە سلۆتەردایک دەڵێت“دەبێت تۆپە خڕەکان، خڕۆکەکان بەبێ زەمەنی پاشاکان چارەنوسیان چی بێت؟ دەبێت لە زەمەنێکی تردا پاشاکان بەبێ تەنە خڕەکان چیان لێ بەسەر بێت؟“  14,45

لەم گۆشەنیگایەوە یرکردنەوەی خڕۆکی و گیۆمەترییەوە سەیری گایست بکەین، ئەوا گایست لەناو فۆرمەکاندایە، هەر وەک گووتمان لە لاتیندا ڕۆح بازنەییە، هەم بازنەیی بڵقە و هەم بازنەیی خڕۆکە، و ڕۆح خۆی بە  بازنەیی بەرجەستەدەکات؛ ڕۆحی دەسەڵات، ڕۆحی ئاین، ڕۆحی ئایدۆلۆژیا، ڕۆحی شتەکان، ڕۆحی ڕەنگەکان…هتد. لەوەتەی مرۆڤ خڕۆکی بیردەکاتەوە، ڕێک و پان بیرناکەتەوە، لە خاڵێکەوە بازنەیی چێوەی خۆی دیاری دەکات و بازنەکە تەواو دەکات، بیر لە خڕۆکی گەردوون و ئەستێرە و هەسارەکان دەکاتەوە، مرۆڤ بۆتە مەشقکارێک، بۆتە گەمارێک لە ناو چێوەکاندا، لەناو کایەکاندا بیر لە چێوەیەکی فیزیکی دەکاتەوە تێدا ڕۆحی خۆی، فووی خۆی، هەناسەی خۆی، دەسەڵات و هەژموونی خۆی تێدا جێگیر بکات. هەرکاتێک  بیرکردنەوە، گایست، ڕۆح، چووە تەنی خڕۆکەوە، یاخود بوو بەدەسەڵات و بەناو بۆشاییە و کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆحیەکاندا تێپەڕی، ئەوا  لە خاڵێکدا دەتەقێت، دەسەڵاتەکان دەتەقن، ئەستێرەکان دەتەقن، تۆپە شوشەییەکان دەشکێن، پفەکەکەش دەتەقێت و  دەبێتەوە بە کەف و وردە کەف. ئیدی ژیان مایکرۆسڤێرەکان، کایە بچوکەکان دەستپێدەکات و لە کایە بچوک و کایۆچکەکاندا سوژە خۆی پەرتدەکاتەوە. بەمجۆرە  لە کوێدا چێوەیەک هەبوو کە تێدا دەژین، تەواو دەبێتە ئەو بڵقەی کە پڕدەبێت لە هەناسە و هەڵاوی ئێمە، پڕ دەبێت لە منەکان و بە ئاسماندا و لەناو بۆشاییدا دەسوڕێتەوە تاوەکو چرکەساتی تەقینی پفکە یان بڵق، چرکەساتی تێڕوانینی ڕۆحە بۆ هەناسەکەی لەناو بۆشاییەکدا و بوونێتی بە پەرتبوویی نێو کایەکان لەناو بۆشاییەکاندا  سلۆتەردایک گووتەنی “ پفکەکە لەناو بڵقەجادوویەکەدا پێسووڕەیەتی لەناو بۆشایدا و لە چێوە دەرچێت“  13.17  لەدواجاردا بەشکردنی چێوەکان لەگەڵ ئەویتردا بوونە بە جەمسەر (Pole) لە بڵقەکانەوە چێوەبەشکردن و قاوغ بەشکردن و ژوور بەشکردن و دەسەڵات بەشکردن و کایە بەشکردن و چێوە بەسکردن دەستپێدەکات.

ئەم بیرکردنەوە شیعرییە، گیۆمیتریی و خڕۆکی و پفکەییە، هەناسەکانمان، ڕۆحمان  کە لەهەڵاوی ئێمەوە چۆتە ناو  پفەکەکە، دەبێتە ڕیاڵیتی و ژیانی ڕاستەقینە. ئیدی لەکوێدا ڕۆحی ئێمە هەبێت لەوێدا لاپتۆپ و مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان پڕ دەبن لە هەناسەی ئەم ڕۆحە و لە فۆرمێکی دیکەدا ژیانی ئێمە وردەبێتەوە بۆ داتای بچوک و ژمارە و بەناو هەوادا دێن و دەچن، وەک چۆن ژمارەی بانکیەکانمان هیچیتر نین جگە لەچەند ژمارەیەک نەبێت لەسەر ڕوونمایەکی جیوەیی و پلاستیکی و لەوێوە بۆ ئەویتر ژیانی ئابووری بەو ژمارانەوە پابەندن، بە هەڵکشانیان و بە داکشانیان. بەمجۆرە بیرکردنەوەی فۆرمخواز و خرۆکی بیرکردنەوە لەشێوەی فۆرمدا بەبێ هەناسەی ڕۆح و سپیترۆس بوونی نابێت. ئاوەها؛ چێوەکان، باڵاخانەکان، گۆزەکان، مۆبایلەکان، خانووەکان بەبێ فووی ڕۆح بوونیان لەناو زەمەندا هیچ مانایەکی نییە.

شەبۆکان، کاری بەهادین ٢٠١٨
Nelken, 2018, Bhaiden

لێرەوە جوڵەی ڕۆح، هەناسەیە، سپیرتوسە، Spiritus  کە لە گریکەوە بەرامبەر  گایست، ڕۆح، سپریتوس دانراوە، جوڵەیەکە لەناو شتدا، نەک هۆشێکە لەناو شتێکدا، چونکە شتەکان ڕەمزی و هەبوویی هۆشیان نییە، بەڵام ڕۆحیان هەیە کاتێک دەچنە ناو کایەکانەوە و میکرۆسڤێرەکان پێکدێنن. لێرەوە هەناسە گەورەترە لە هۆش، هۆش هەرگیز سیفەتی هەناسە وەرناگرێت، بەڵکو ڕۆح خۆی لەخۆیدا هەناسەیەکە لەناو شتەکاندا. هۆش لەگەڵ بێ هۆشیدا کۆتایی دێت، بەڵام ڕۆح لەدوای مردنی سەبجێکت، سوژە، خود، ئیندیڤیدیوم، هەر دەمێنێتەوە و لەڕووی سمبولیشەوە بیگرین ڕۆحی سەدەیەک، ڕۆحی ئایدیایەک، شۆڕشێک، جوڵانەوەیەک، کولتێک، هەر دەمێنێتەوە و بەناو زەمەندا دەسوڕێتەوە. وەک ئەو هەناسەیەی خوا وایە کە دەیکاتە ناو  بونەوەران و و مرۆڤەوە و لە جوڵەی بەردەوامدایە.

 بەمجۆرە  ئەم فووە، ئەم هەناسەی گۆزەکارە بەناو قاوغەکاندا لای سلۆتەردایک هیچیتر نییە جگە لە گایست نەبێت کە تەنها گیان Soul Seele/  نییە، بەڵکو ڕۆحی ئەویترە کە خوایە لەناو تەنێکدا و لەناو چێوەیەکی تایبەتدا. لێرەوە خوا لای سلۆتەردایک هیچیتر نییە جگە لە گۆزەکارێک نەبێت کە گۆزە و کارە قوڕینەکان دروستدەکات و لەجیاتی بیانکات بە فەخفوری، بە هەناسەکەی فوویان تێدا دەکات دەیانکاتە گیانلەبەر. لێرەوە گایست، ڕۆح، سپیرتۆس، سپیریت،  وێنەی خودایە لە کایە تیۆلۆژیەکاندا، وێنەیەکە لە ناو بڵق و تەنە خڕۆک و پاشان تەقینی ئەمانە لەناو فەزایەکدا بوونێتی بە کەفەکان.

 لەم گەشتەدا  بەڕای من (جوڵە) لە (گایست) نابێتەوە، کە پێموایە سلۆتەردایک گەڕاوەتەوە بۆ (جوڵە) هایدیگەرییەکە، کە جوڵەی دازاینە لەناو ماناکانی بوونی خۆیدا. جوڵەی زاینە لەناو بوون و نەبووندا. لەم فۆرمالە هایدگەرییە پەنهانەوە، چێوەکان زەمەنی مۆڕاڵی و تیۆلۆژی و میتافیزیکی و فیزیکی خۆیان دەخەنە ناو ڕۆحی سەردەمەکانەوە. مرۆڤەکان و ژوورەکان، مرۆڤەکان و خانووەکان، مرۆڤەکان و تەنە خرۆکەکان ئەو هەناسانەن کە گایستی سەردەمێک، سەدەیەک، چێوەیەکی ژینگەیی و مۆڕاڵی  دیاری دەکەن و شارستانیەکان دەجوڵێنن.

لە دواجاردا، وەک ئاماژەمان پێدا لە کتێبی یەکەمدا (کایەکان– یەکەم –  بڵقەکان) باس لەو چێوەیە دەکات لەنێویدا مرۆڤ وەک ژوور ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. چۆن گایست، ڕۆح،  فوو دەکات بە بڵقێکی سابوونیدا، ئاوەها ڕۆح یان گایست لەناو چێوە گیۆمەتریەکەدا، لەناو بڵقەکاندا خۆی نمایشدەکات. سوژەکان چێوەیەکی دیاریکراو بەشدەکەن  لەگەڵ ئەویتریدا و چێوەیی مرۆیی لەگەڵ یەکتریدا جۆرێک خۆپارێزی ئیمونیتێت،  Immunität   پێکدەهێنن. ئیدی لە وردەکاریەکانیاندا لەگەڵ یەکتریدا و لەناو بڵقەکانی خۆیاندا و دابەشبوونی بڵقە کۆمەڵایەتی و ئەفسانەیی و زەمەنیەکانیدا،  گایستی، یاخود ڕۆحی،  سەردەمی خۆیان دەدۆزنەوە و تێدا دەسوڕینەوە. لێرەوە کایە هیچیتر نییە جگە لەو گایستە نەبێت، لەو ڕۆحە نەبێت کە لە زەمەن و چێوەدا دەسوڕێتەوە و دابەشدەبێت و بەشکردنێک و لەتبوونێکە کە سوژە بۆ پاراستنی خۆی لەناو چێوە و زەمەنی تایبەتدا پراکتیزەی بوونگەرایی خۆی دەکات لەناو جیهاندا. سلۆتەردایک لەکتێبی (کایەکان ٣ – کەفەکان) لەلاپەڕە  ١٤ دا  ئەم هاوکێشەیەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئۆنتۆلۆژیای  هایدیگەر کە لە وانەیەکیدا لە ١٩٣٥ بەناوی (ڕێبەری  میتافیزیک)  لە لاپەرە ١٣٨ دەڵێت “دازاین کایە شیاوەکانی دراوسێیەتی، لەگەڵ خۆیدا دێنێت…“ 7. 138  لەم خاڵەوە دازاین لەناو کایەی شیاودا ئەزموونی خۆی لەناو جیهان و زەمەندا دەکات، بەمەش جوڵەیەکە لەناو چێوەیەکی فیزیکیدا، جوڵەیەکە لەناو شتەکاندا، ئەم جوڵەیەش جگە لەو هەناسە و فووە نەبێت کە سپیرتوسە، گایستە، ڕۆحە، هیچیتر نییە.

یازدەهەم: لێرەوە گایست زیاتر لە پڕۆسەی کۆتاییدا، و لەدوای ئەم گەشتە بەناو جوڵەی هایدگەریی و جوڵە بەناو کایە سلۆتەردایکیەکاندا، هەروەها  هیگڵیانە  وەک پڕۆسێس و دیالەکتیکانە بیریان لێ بکەینەوە لە وشەی (ڕۆح) نێزیکدەبێتەوە وەک لەوشەی (هۆش) کە هۆش و هۆشمەندی و ئاگامەندی بەڕای بچوکی من دەشێت زیاتر لە خودی چرکەساتێکی ڕۆحی یان بڵێین گایست پێناسەبکرێت، کە بەر دیاردەکان دەکەوێت و ئاگامەندی و هۆشمەندی خۆی دەدۆزێتەوە کە چرکەساتی مەعریفی و زانینگەرایانەیە. لەهەمانکاتیشدا چرکەساتی ڕۆشنبیرانەیە بە دەرکپێکردنی دیاردەکان، چرکەساتێکی ڕۆشنگەرانەیە بەوەی خودێک، یان سوبێکتێکی مەعریفی هەوڵدەدات لە کۆی پڕۆسەکە تێبگات و لە سوستێمە ناوەکییەکانی و نەفیکردنی نەفی (نمونەی تۆ و لاسک و گوڵ) شتەکان لێکبداتەوە، دیالەکتیکانە کۆی پڕۆسەکە ببینێت و دیاردەکەی (فینۆمین) لەلا ڕۆشن ببێتەوە. لەم خاڵەوە تەواو ئەرکە ڕۆشنبیرییەکەی ڕۆح لەوەدا دەردەکەوێت کەدوای ئەم چرکەساتە بەرەو ئازادی و ڕۆحی ئازادانە و ئازادی – فرایهایت Freiheit  هەنگاو دەنێت و لێرەوە لای هێگڵ ڕۆح یان گایست هۆشمەندییەکی دیالەکتیکانە و مەعریفیانەی دیاردەکانە لە خودی پرسی ئازادی سوبێکت و دونیادا. لێرەوە لای هێگڵ؛ ئازادی کارێکی هۆشیارانەیە، هۆشیاریش کرداری ڕۆحە، بەشێکە نەک هەموو. بەدیوێکی تردا لەو  خاڵەوەی کە (ڕۆح) لە ئاینی ئیسلامدا، لەکریستانی و تەوراتدا  بە (کاری خوا) لە قەڵمدەدرێت و پێناسەی نادیارە، هۆکاری ئەوەیە کە ڕۆح تەنها (گیانێک – Seele) نییە کرابێتە بەر مرۆڤەوە، بەڵکو ڕۆح مانای )زیندەگی( دەگەیەنێت کە ڕۆح زیندووە و لەجوڵەدایە و بەمەش ڕۆح لە مانا میتافیزیکیەکەی جودا دەبێتەوە و تەنها لە مانا میتافیزیکیەکەیدا دیاری ناکرێت و کورتناکرێتەوە. بەمەش ڕۆح وەک ئەرستۆ تالیس دەڵێت؛ گایست (ڕۆح) بەرهەمی کارە. لەمەوە بەرهەمێنانی کارێک نێزیکە لە ڕۆحەوە و بەرهەمی ئەوە و لە کار و بەرهەمەکەیەوە دەیاناسینەوە. بە ئاڕاستەیەکی تردا، ڕۆح و گایست ئۆبجەکێت و شت نین، بەڵام لەدواجاردا پەرشدەبنەوە  بەسەر شت و بەرهەمەکاندا، کە ئیمانۆیل کانت لێرەدا لەکاری داهێناندا (ڕۆح – گایست) دەبینێت. لەدواجاردا کاتێک لە ئەڵمانیدا بەرامبەر وشەی گایستلیخکایت Geistlichkeit  دەبینەوە کە مانای گفتۆگۆ ڕۆحانیەکان و ڕۆحگەرایی دەگەیەنێت نەک ڕۆحانیەت، چونکە ڕۆحانیەت لێرەدا بە ئەڵمانی سپریتوالیتێت Spiritualität یان سپرچوالیتی Spirituality  بە ئینگلیزی دەگەیەنەێت کە مانای؛ هەڵاو و هەناسە و دەروون و ڕۆح دەگەیەنێت.

 لە دوای ئەم گفتوگۆیەوە هیوادارین خوێنەرمان لەو کێشەبەندییە هێگڵییە نێزکردبێتەوە کە وشەی (گایست) لەگەڵ خۆیدا لەناو زمان و دیالۆگە فەلسەفی زمانەوانەیەکاندا لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت. لێرەوە و لەم گفتوگۆیەوە دەربارەی چەمکی گایست Geist   دەگەینە ئەوەی کە )ڕۆح ( مانا فراوانەکەی گایستە، و لەوەوە دەکرێت بۆ کۆی پڕۆسەکەش ڕۆح بەکاربهێنن و بڵێن؛ فینۆمۆلۆژیای ڕۆح.

 تەوا

پەراوێز و تێبینیەکان:

یەکەم؛ ئەم گوتارە لەپەراوێزی بەشێک لە کتێبی (فەلسەفەی گایست) نوسراوە، کە  هاوڕێی ئەزیزم(ڕێبین ڕەسوڵ)  نوسەر ئەو بەشەی کتێبەکەی بۆ ناردم، تێدا، کێشەبەندی گایست شرۆڤە دەکات. هەروەها پەراوێزێکە لە تەنیشت  وەرگێڕانە گەورەکەی  دکتۆر موحەمەد کەمال ( فینۆمۆلۆجی هۆش).

دووهەم؛ دەمەوێت لێرەدا ڕوونکردنەوەیەکی بدەم، بەوەی من بە تێگەیشتنی هەژارانەی خۆم بۆ هایدگەر لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا و لە خوێندنەوەمدا بۆ هایدیگەر جیاوازی دەکەم لە نێوان دوو وشە و چەمکدا، یەکەمیان (کات) و دووهەمیان (زەمەن)ە. هەر چۆن  پێموایە چۆن (ڕۆح) وشەیەکی گشتییە، قووڵە، فرە ڕەهەندە وەک گایستی ئەڵمانی و  کە هۆش و ئاگامەندییە و لەناو بازنەی ئەودا دەجوڵێنەوە، ئەوا کات بەدەوری خۆری زەمەندا دسوڕێتەوە. کات بۆ چرکەساتی بەریەکەوتنە، کاتێک کردار ڕوودەدات، وەک کاتێتی Zeitlichkeit  کە زۆر بەسادەیی لە جوڵەی دازایندا ڕوونمان کردۆتەوە. بەڵام (زەمەن) چ لە زمانی عەرەبی و کوردیدا ڕەهەندە قووڵە ئەنتۆلۆژیی و مانایی و سایکۆلۆژی و مێژووگەرایی هەیە. لێرەوە (زەمەن  Zeit – Time ) کاتیگۆرییە گەورەکەیە و کات لە ووردەکارییەکاندا بەکاردێت وەک بەشێکی بچوک و ڕیالستی کە لەدواجاردا لەناو زەمەندا دەخولێتەوە.

سێهەم؛ کۆی ئەم هەوڵدانانە بۆئەوە نییە گایست بەرامبەر ڕۆح دابنێنین، نەک وشەیەکی دیکە بۆ نموونە (هۆش) یاخود زەمەن بەرامبەر چەمکە ئەنتۆۆژییەکەی کات دابنێن نەک تەنها کات. نەخێر،  بەڵکو ڕوونکردنەوەی ئەو ڕەنجە گەورەیەی مامۆستامان د. موحەمەد کەمالە، لە وەرگێڕانە گەورەکانی لە (فینۆمۆلۆژیای هۆش) و (بوون و کات). خوێنەری ئازیز وەک لەم گوتارەدا بینیتان، هەموو چەمکێک  دونیایەک کێشەبەندی  فەلسەفی و تیۆلۆژی و زمانەوانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هەربۆیە ئاسان نییە بەیەک وشەوە ئۆقرە بگرین و بڵێن ئەمە ئەوەیە، هەموویی نێزکربوونەوەیە لە بیر و هزرە فەلسەفیە گەورەکان.  بێگومان زۆر لە چەمکەکانی دیکە لەناو زمانی کوردیدا و وەرگێڕان بۆ هەر زمانێکی دیکە، گرفت و کێشەی خۆی هەیە.  من لەم هەوڵدانە و زۆریتر  لە سیاقی نوسیندا هەوڵی وەرگێڕانیان بۆ دەکەم و هەوڵدەدەم وشە نێزیکەکەی بۆ بدۆزمەوە، کە بێگومان نەفیکردن و ڕەتکردنەوەی وەرگێڕانەکانی دیکە نییە لەم بوارەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەسۆنگەی دانان و ڕوونکردنەوەیە بۆ خوێنەری ئازیز و پێشەکردنی بەرچاوڕوونی و  چەند ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ فەرهەنگۆکێکی فەلسەفی گشتگیر ئەم کارە دەکەین، کە دەشێت لەداهاتوودا تایبەتمەندان دوای کەڵکەبوونی چەندەها وەرگێڕانی چەمکەکان وەک زەمەن، کات، ڕۆح ، گایست، هۆش، ئاگامەندی، هەبوو، لێرەبوون (دازاین) و بوون و هەیەتیبوون  و زۆریتر. هەموویان یەکتری تەواو بکەن، چونکە هەتاوەکو وشەی ئەڵتەرناتیفمان زۆرتربێت، بازنەی گفتوگۆ فەلسەفیەکان فراوانتر و بەپێز تر دەبن و خوێنەری هزر و فەلسەفە سوودمەندتر دەبێت.

سەرچاوەکان

  1. Joachim Ritter, Gottfried Gabriel, Karlfried Gründer (Herausgeber), Historisches Wörterbuch der Philosophie , WBG Verlag

  1. Emmanuel Kant, Träume eines Geistersehers und andere vorkritische Schriften, Bd I, Könemann Verlag.

  1. W. F. Hegel, Phänomenologie des Geistes, Reclam Verlag 1987.

  1. http://quran.ksu.edu.sa/tafseer/katheer/sura17-aya85.html

  1. Gensis 20, 24, 27, 28.

  1. Martin Heidegger, Sein und Zeit, Max Niemyer Verlag Tübingen 2006.

  1. Martin Heidegger, Einführung in die Metaphysik, gehalten 1935, Tübingen 1953, Frankfurt 1983.

  1. Martin Heidegger, Gelassenheit, Jahr 1955, Neske Verlag 1959.

  1. Peter Sloterdijk, Spähern III Schäume, Suhrkamp 2020.

  1. Peter Sloterdijk, Nicht gerettet, versuch nach Heidegger, Suhrkamp 2019.

  1. https://en.wikipedia.org/wiki/J._Robert_Oppenheimer.

  1. Peter Sloterdijk, die Sonne und der Tod, Suhrkamp 2001.

  1. Peter Sloterdijk, Spähern I Blasen, Suhrkamp 1998.

  1. Peter Sloterdijk, Spähern II Globus, Suhrkamp 1999.

  1. Immanuel Kant, Kritik der Urteilskraft, Reclam Verlag 2004.

  1. http://www.philolex.de/geist.htm

تابلۆکان کارەکانی هونەرمەندی شێوەکار، سکلپتوریست، مێژوونوسی هونەر؛ بەهادین

بەهادین لە گالێرییەکەی خۆی (گەلەری ئاڤێستا) لە مانهایم.

فەرموون لەگەڵ ماڵپەڕی گەلەریی ئاڤێستا؛

https://bahaiden.com/Home/

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌