له‌ هه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجییه‌وه‌

سەبارەت بە فێمینیزم، گفتوگۆیەک لەگەڵ باران


Loading

زاری كرمانجی: ئەو مەبەستانەی فێمینیزم لە ئەورووپا دەیخوازێت، لەگەڵ کلتوور و ئایدۆلۆژیای خۆرهەڵات بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی یەک دەگرنەوە؟

باران: گرنگ نییە مەبەستەکان چەند لەگەڵ کلتوور و ئایدۆلۆژیادا یەکدەگرنەوە، گرنگ ئەوەیە چەند بۆ کۆمەڵگه‌ پێویستن! لە سەرەتاوە، کە (فێمینیزم) وەک جوڵانەوە، بۆ داکۆکیکاریی لە مافەکانی ژنان بەرپا بووە، لە دەرئەنجامی ئەوەدا بووە کە لە سەردەمی ڕابردوودا، لە ئەورووپاش ژنان وەک ئادەمیزادی پلە دوو هەژمار کراون، تا ئەو ڕادەیەی ڕێگریی خوێندنیان لێکراوە و بۆیان نەبووە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن. پاشان بزووتنەوەکە لەسەر بناغەی زانستیی، بە چەند قۆناغدا تێپەڕیووە و وەک چەمک چەندین لق و پۆی لێبووەتەوە.

له‌ هه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجییه‌وه‌

لە هەریەک لە قۆناغەکاندا، فێمینیزمخوازەکان بە بیری لیبراڵ و کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییەوە تا دیدی ڕادیکاڵانە و سەرهەڵدانی پۆستمۆدێرنیزم، بە ئامانجی جیاوازەوە کاریان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕەوتەکە کردووە. لە پرسی فێمینیستەکاندا، کێشەی سەرەکیی (جێندەر) بووە، بەڵام لە برەوی بزووتنەوەکەدا، فێمینیزم هەموو لاسەنگییە کۆمەڵایەتیی و ئابووری و ئایدۆلۆژییەکانی گرتووەتەوە و تەنانەت ڕەهەندێکی جوڵانەوەکە، توێژینەوەی دەروونشیکاریی بووە.

هەرچەندە ئەورووپا ئەمڕۆ زۆرترین مافی مرۆڤی تێدا فەراهەم دەکرێت و دۆخی ژنانیش تیایدا، بە پێی مێژوو لە باشترین ئاستەکانیدایە، بەڵام ئێستاش فێمینیستەکان لە هەموو کات زیاتر لە هەوڵ و چالاکیدان و پێیانوایە هێشتا زۆر چاکسازی یاسایی و نەریتی ماوە کاری بۆ بکرێت. بۆ نموونە، تا ئەمڕۆش لە زۆر وڵاتی ئەورووپا موچەی ژن و پیاو فەرقی هەیە، لە زۆر جێ ئەگەر هەمان کاریش بکەن موچەی ژن کەمترە، هەروەها هه‌ندێكجار سه‌باره‌ت به‌ هەمان پلەی خوێندن و بەڵگەنامەش جیاوازی هەیە. دیارە جگە لە مەسەلەی ژنان، پارتە فێمینیستییەکانی ڕۆژئاوا کۆششیان بۆ دابینکردنی یەکسانی گشتییە، وەک هاوتا بینین و هاومامەڵەکردنی ڕەش پێست و سپی پێست و هەژار و زەنگین و پەناهەندە و هاوڵاتی و هتد … ئەم بایەخانەش بە گرنگترین ئەو خاڵانە دەزانن کە دەخوازن بە کار بۆ کردنینان، پێی بناسرێنەوە.

ئینجا ئاشکرایە کوردستان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵات بە گشتی، لە ڕۆژئاوا و هەر شوێن زیاتر پێویستیان بە بزاوتی فێمینیزمییە، لەبەرئەوەی زۆرترین نایەکسانیان تێدایە و کولتووری کۆنەپارێزی و تووندڕەوی سیاسی و دیکتاتۆرییەتی دەسەڵات، کۆمەڵگه‌یان دووچاری زۆرترین نالەباری کردووەتەوە. ئەوەی فێمینیزم لە ئەورووپا دەیخوازێت بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی و جیهان سوودمەندە، جا ئەگەر ئامانجی ڕەوتەکە لەگەڵ بیر و باوەڕی پیاوسالاری و تووندوتیژی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتیشدا نەیەتەوە، ئەوا ئیشی فێمینیستەکان بێدەنگ نەبوون و بەرەنگاربوونەوەی ناداتپەروەرییە بە داڕێژانی میتۆدی زانستی و شێوازی سەردەمیانە.

 

زاری كرمانجی: پێتوایە فکرەی ڕەوت و شەپۆڵەکانی فێمینیزمی ئەورووپی، وەکوو خۆی گەیشتۆتە کوردستان؟ ئەگەر وەک خۆی نەگەیشتووە، هۆکار چییە؟

باران: نا، پێموانییە وەک خۆی گەیشتبێت، لە کوردستان زیاتر فێمێنیزم لە بابەتێکدا بچووک دەکرێتەوە، وەک ئەوەی فکرەکە تەنها داوای ئازادی جەستەیی بێت یان ئەوەی کە ڕەوتەکە دژایەتییکردنی پیاو بێت و بە ویستی بێ بنەماوە لە خەمی دادوبێدادی ژندا بێت بەڵام ئەمانە دروست نین، بەدڵنیاییەوە فێمینیزم بەرەنگاری توندوتیژی جەستەیی دەبێتەوە و کێشەی ڕەگەز و کوشتنیش لەژێر ناوی شەرفدا، بە یەکێک لە پرسە ئاکتوێلەکانی خۆی دەزانێت بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بایەخی بزووتنەوەکە له‌سه‌ر بابەتی داد و یەکسانی، فرە ڕەهەندە.

پاشان فێمینیستەکان دژایەتی پیاو ناکەن، بەڵکو پیاوسالاری ڕەت دەکەنەوە و داوای یەکسانی گشتی دەکەن له‌ ڕووی به‌هاوه‌ نه‌ك چۆنییه‌تی، ئەمەش نەک تەنها بۆ دۆزی ژن و پیاو، بەڵکە فێمینیستی ڕاستەقینە له‌سه‌ر هەموو پرسە هەستیارەکانی کۆمەڵگه‌ دێتە دەنگ و هەڵوێست وەردەگرێت. لە گرنگترین خەسڵەتە جەوهەرییەکانی ڕەوتی فێمینیزمیی، قبووڵکردنی دیدی هەمەجۆر و بیر و ڕای یەکترییە، دیارە تا ئەو شوێنەی ویست و باوەڕە جیاوازەکان پێشێلکاریی مافی لایەنی تر و بەرامبەرەکانی تێدا نەبێت، بەڵام ئەمەش دیسان خاڵێکە کە هەرگیز نەگەیشتۆتە ئێمە، چونکە بەداخەوە ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا ئاستەم و دەگمەنە، قبووڵکردنی بۆچوون و چۆنییەتی یەکترییە.

هۆکاری وەک خۆ نەگەیشتنی فکرەی جوڵانەوەکە، بە ڕای من، دەکرێت دووجەمسەر بێت. یەکەمیان ئەوەی کە فێمینیزم خۆی وەک چەمک، فرە لقە و جیاکردنەوە و تێگەیشتنیان بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی ڕەوتەکەن سانا نییە. بۆ نموونە فێمینیستە میانڕەوەکان و فێمینیستە چەپەکان ئەگەرچی ئامانجیان سەقامگیرکردنی خودی دادپەروەرییش بێت، لە ڕووی بابەتی و پۆلێنکاری لیستی پرسە دڵخوازەکانیانەوە جیاوازن. خاڵی دووهەمیش ئەوەیە کە لە کوردستان زیاتر پشت بە بیستن دەبەسترێت، خەڵکی باوەڕ بەوە دەهێنێت کە گوێی لێ دەبێت. ئەمە هەڵەیە لەبەر ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک باسەکان وەک خۆی ناگێڕێتەوە، بەو جۆرەش حەقیقەتی مەسەلەکان ناگەن. هەڵبەت ئەوەی مەبەستی بێت دروست تێبگات، پێویستە خۆی دوای بابەتەکە بکەوێت و خوێندنەوەی چڕی بۆ بکات.

 

زاری كرمانجی: نووسەرە کوردەکانی ڕۆژئاوانشین تا چەند کاریگەریی شەپۆڵ و ڕەوتە فێمینیزمییەکانیان لەسەرە، وە تا چەند لە نووسینەکانیاندا بە ئاگاییەوە کێشە و تەنگەژەکانی ژنانیان زەق کردۆتەوە؟

باران: ئەگەر وەک ڕۆژئاوانشینێک لە خۆمەوە بڕوانم، دەبێت بڵێم ڕەوتی (فێمێنیزم) سەرنجكێشه‌ لام و پشتگیری دەکەم، بەڵام وەک خود و کەسێتی خۆم زیاتر بە بیر و به‌كارهێنانی چه‌مكی (هیومانیزم) ئاسووده‌م. جوڵانەوەی مرۆیی جێی داکۆکیکاری لە مافی هەموو ڕەگەز و چین و توێژەکانی تێدا دەبێتەوە، بۆیە پتر بە پێکاریگەربوونییەوە ئالوودەم.

سەبارەت بە نووسین، تاکوو ئێستا بە تایبەت بۆ مەسەلەی ژن كارم نه‌كردووه، چوون بابه‌تی جیاكاری په‌لكێشی نه‌كردووم بەڵام وێڕای بایه‌خم به‌ پرسی جێنده‌ر، زۆربەی کاراکتەری چیرۆکەکانم (مێ) بووە و کێشە و بابەتی خانمیان وەکوو پەیام مرۆڤانە نمایش کردووە. دیارە من بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ جیاکردنەوەدا نییم، ئەگەر بە مەبەستی ئەرێنی و بۆ بەرگریکردنیش بێت، چونکە لە شوێنێکدا پێموایە مانای پشتەوەی جیاکاری نایەکسانییە، ڕەنگە هەر ئەم خاڵەش وایکردبێت کە من نەتوانم بە مانای وشە فێمینیست بم!

وەکتر، هەندێک لە چالاكوانان و نووسەرانمان کە دانیشتووی ڕۆژئاوان، دڵگەرمی و کاریگەریی فێمینیزمی بە کار و بەرهەمەکانیانەوە دەردەکەوێت، بەڵام کەمن ئەو قەڵەمانەی زانستیانە بۆ دۆزی ژن دەنووسن و لە ئاستی خزمەتدا کێشەکان دەخەنە ڕوو. هەڵبەت ئەو کۆمەڵەی کە لە بوارەکەدا بەو جۆرە چالاکن، جێگای هاوپشتین.

 

زاری كرمانجی: ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان، تا چەند ئەکتیڤن بۆ پرسی ژنان و تا چەند ڕەوتی فێمینیزمی لە نێویاندا هەیە؟

باران: ڕوونە کە ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستانیش، كه‌م تا زۆر باوەڕدارن بە بیری فێمینیزمی بەڵام تا چەند و چۆن کاری پێدەکەن، ئەوە لە یەکێک بۆ یەکێکی دییانەوە دەگۆڕێت و چۆنییه‌تی شێوازی بەرنامە و چالاکییەکانیان وەڵامی ئەم پرسیارە ده‌داته‌وه‌. بەڵێ کۆمەڵێک کاری باشیان کردووە به‌ڵام ئەوەشی کە دەکرا بیکەن و نەیانکردووە، ئەوەندە زۆرە کە ئاکامی زۆر خراپیان لێکەوتووەتەوە. پێویستە ئەوان وەک پێویست ئاکتیڤ بن، چونکە ئەوان (ڕێکخراوی ژنانن)، چونکە کاریان بەدواداچوونی دۆزی ژنە و بارودۆخی ژنانی ئێمەش ئێجگار ئێجگار گرنگیپێدان و ئاگالێبوونی دەوێت … هەندێکجار لە وەڵامی گلەیی و ناڕەزایی خەڵکیدا، لە ئەندام و کارمەندی کۆمەڵەکان دەبیسترێت و دەڵێن: ئەوەی ئێمە بۆمان ناکرێت خۆتان بیکەن!! نازانم ئه‌م وه‌ڵامه‌ له‌ چ تێگه‌یشتنێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت! ڕاستە گرنگە کەس بێ هەڵوێست نەبێت، بەڵام ئاشکراشە ئەوەی دەبێت چاوەڕێی زۆرترین کرداری لێبکرێت، ئەوانن کە لە ڕیزەکانی پێشەوەدا وەک داکۆکیکاری فەرمی ناسراون، ئەوان کە لە پشت کورسی و مێزەوە دانیشتوون، جێگا و بەرنامە و هاریكاری و پێداویستییان بۆ ئامادە و تەرخان کراوە. ئەوان کە ئەرکەکەیان گرتووەتە ئەستۆ و دروشم و ئامانجیان هەیە، هەڵبەت داوای جێده‌ست و ئەنجامیان لێ دەکرێت. ئەمەش دوور لە تانە و لێکەمکردنەوە، سادەترین سروشتی هاوشێوەی ئەم جۆرە کار و بەڕێوەبردنانەیە.

دەزانیت، بە شێوەیەکی گشتیی، سەرباری وەک پێویست بەئەنجام نەگەیاندنی ئەرکەکان، ئەوەی کە سەبارەت بە کار و پیشە جێی نیگەرانییە، ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵات زیاتر لە چەندێتی کردارەکان، چاوەڕێی ستایش دەکرێت و زۆربەی کەس ئیشەکەی خۆی بە چاکە و پیاوەتی دەزانێت بەسەر ئەوانی ترەوە! ئەمە خۆی لە خۆیدا چەند دیاردەیەکی نابەجێیە، کەچی وا چارەسەربوونی بووەتە خۆزگە و دەبێت هیوا بخوازین  هه‌ر كاربه‌ده‌ست و تاك و کۆمەڵێک ئەرکەکانی خۆی بە باشی و بێ منەت بەئەنجام بگەیەنێت!

 

زاری كرمانجی: تا ئێستا کەسانێک هەن، پەسەندی فێمینیزم ناکەن، ئەمە تێنەگەیشتنە لە فێمینیزم یاخود ئەمە کاریگەریی خراپی بۆ سەر کۆمەڵگە دەبێت؟ 

باران: پەسەند نەکردنی فێمینیزم، ئەگەر لە لایەن پیاوسالارەکانەوە نەبێت، دەبێت یان لە ڕووی تێنەگەیشتنی بنەمای بزووتنەوەکەوە بێت یان لە ڕووانگەی باوەڕی جیاوازەوە بێت. باوەڕی جیاواز بەو مانایەی کە مەرج نییە هەمووان فێمینیست بن و مەرجیش نییە ئەوەی کە مەیلی بۆ فێمینیزم نەبوو، تێنەگەیشتوو و پیاوسالار بێت.

وەک چۆن فێمینیزم دژایەتی پیاو ناکات، به‌ڵكه‌ پیاوسالاری ڕەت دەکاتەوە. دەشێت دیدی تریش هەبێت دژی ژن و دادپەروەری گشتی نەبێت بەڵام بوونی ڕەوتێکی تایبەت بۆ داکۆکیکاری لە توێژێک یاخود لە کۆمەڵێک خەڵک، ڕەت بکاتەوە. لەم دۆخەدا ئەگەر بیری بەرامبەر هەڵگری ئەدگاری نامرۆڤانە نەبوو، ئەوا هەڵوێستی، وەک پەسەندنەکردنی فێمینیزم، زیانی نابێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵنەبووەکان بە پێچەوانەی ڕەوتەکەوە بجوڵێنەوە، بەو مانایەی كه‌ پاڵپشتی غەدر و زۆرداری بكه‌ن یاخود ئەگەر بەرامبەر ماف پێشێلکردن و دیاردە نامرۆڤانەکان بێدەنگ بن، ئەوا بێگومان بۆ کۆمەڵگه‌ زیانبەخش دەبن.

 

سازده‌ری گفتوگۆ: هێما نه‌بی

* ئه‌م بابه‌ته‌ لە ژمارە ٤٤٧ی (هەفتەنامەی زاری کرمانجی)دا بڵاوبووەتەوە.

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.