زۆر کەس بەناو شام دا تێپەڕیوون و منیش وەکو ئەوان ڕۆژێک بەناو ئەو وڵاتەدا تێپەڕیم. بەناو شارەکانیدا هاتوچووم و بۆ دوایین جار لەناوجەرگەی شام لە شاری دیمەشق گیرسامەوە . شام کۆنترین خاکی دونیایە و هەزاران ساڵە لەوێیە . من پێموایە خوداوەند بەرلەوەی بیر لە دروستکردنی دونیا بکاتەوە، ئەندێشەی شام لە مێشکیا بووە و بیری لەوە کردۆتەوە، ئەو بیرۆکەیەی کە زۆر دەمێک بوو ماندووی کردبوو لە
جێگەیێک تاقیبکاتەوە . ڕەنگە بڕوا بەوە نەکەی خوداوەند چەند سەرقاڵبووە بە هەڵبژاردن و دۆزینەوەی ئەو شوێنەوە تا لەوێ ڕەنگ و شێوەی ئەندێشەکەی دابڕێژێت . ئەو ڕۆژگارەی زەمین تەنیا چۆڵەوانی بوو و خوداوەند لە ئاسمانەوە دەڕوانێت و نیگای لەسەر ئەو خاکە دەگیرسێتەوە و زۆر بە قووڵی لێی دەڕوانێت . بە خۆی دەڵێت، ئێرە ئەو شوێنەیە کە من لێی دەگەڕام. ئیدی خوداوەند بەهەشتی لەوێ خوڵقاند و فریشتەکانیشی ڕاسپارد بۆ ئەوەی بۆ هەتا هەتایە چاودێری ئەو شوێنە بکەن و نەهێڵن ئەو خاکە بۆگەن ببێت . لەو ڕۆژەوە فریشتەکان بۆ ساتێکیش چییە چاویان لەسەر خاکی شام خافڵ نەکردووە. لەوە ناچێت تائێستا هیچ کەسێک بوێری ئەوەی کردبێت بێ رێزی بەو خاکە بکات کە خوداوەند بۆ خۆی ناوی لێ ناوە خاکی شام . خوداوەند، شامی لە شێوەی ژن دا خوڵقاند و پەیکەری شامی وەکو پەیکەری مێینەی پیرۆز داڕشت . نازانم هەر من بەوە دەزانم یاوەخوود کەسانێکی دیش بەو نهێنییە دەزانن . من بۆ خۆم لە نیوەشەوێکی غەمگین و پڕ لە تەنیایی خۆم دا کاتێک هەموو خەڵکانی شام نووستبوون و کەس بەئاگا نەبوو لەسەر شەقامێکی درەنگی شەو لەژێر نەرمە باران لەسەر پشت ڕاکشابووم و لە جیهانم دەڕوانی . تاوێک چاوەکانم دەنووقاند و تاوێکیش دەمکردنەوە و لەو دونیا تاریک و نوتەکە وورد دەبوومەوە کە لەبەردەمما تا دەهات درێژ و درێژتر دەبۆوە . هەر لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو لە ڕوانینێکی قووڵمەوە بۆ ئاسمان، لەناو ئەو پەردە ڕەشە پڕ ئەفسوناوییەی باوەشی بەشارەکەدا کردبوو، لەپڕێک کە بۆ خۆشم نازانم چۆن بوو، پەیم بەو نهێنیەی خوداوەند برد و وەکو ڕوناکیەک هێواش هێواش ڕژایە ناو هەناومەوە .
خوداوەند لەناو هەموو دونیادا شامی لە هەر کوێیەکی دی خۆشتر دەویست . دواجار خوداوەند بەدوای شام دا هەر شارێکی دی دروستکرد لەسەر شێوەی ئەوێ دایڕشتەوە . لەبەرئەوە پێت سەیر نەبێت پەنجەرەی کۆڵانێکی چەماوەی تاران لە پەنچەرەیەکی سەر گۆشەی کۆڵانێکی شام بچێ . لە ئەستەنبوڵ، باخێک و لە قاهیرە کانییەک و لە کابول باڵەخانەیەک کتومت هاوشێوە بن لەگەڵ باخێک و کانییەک و باڵەخانەیەکی شام .
