![]()
شانۆنامەی ئاوازێکی بێدەنگ، تابڵۆیەکی ئیمپرێسیۆنیزمییە
موحسین مستەفاپور

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لە پێکهاتە و گێڕانەوەی شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ” لە نووسینی “دانا ڕەئووف“
(لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر کارەکانی گۆگن، ڤان کوخ، مۆریسۆ و دیگا)
پوختە
شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ”ی دانا ڕەئووف دەقێکە بەرلەوەی لەسەر بنەمای دروستکردنی چیرۆکێکی کلاسیک و بەرەوپێشچوونی کرداری درامی بنیات نرابێت پشت بە دروستکردنی دۆخی سۆزداری و بێدەنگی مانادار و نمایشدانەوەی ئەزموونی ژیانی کارەکتەرەکان دەبەستێت.
ئەم تایبەتمەندییە وادەکات دەق لە زۆر ڕووەوە لە شێوازی تێگەیشتن و نیشاندانەوە لە هونەری ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم، نزیک ببێتەوە.
ئەم وتارە بە کەلک وەرگرتن لە شێوازی بەراوردکاری و پشت بەستن بە بنەما تیۆرییەکان، کە لە کتێبەکانی مێژووی هونەری “جێسی برایانت وایلدەر” و “ئێرنست گامبریچ” پێشکەش کراون، توێژینەوەیەکە لەسەر ڕادەی هاوبەشی خاڵە سەرەکییەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لەگەڵ پێکهاتە و گێڕانەوەی شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ” .
لەم توێژینەوەیەدا، کار لەسەر ئەم شەش تایبەتمەندییە سەرەکییانەدا کراوە، کە بریتین لە:
۱-گرنگی سات، نەوەک گێڕانەوەیەکی هێڵی.
۲-شێوازی بەکارهێنانی ڕووناکی و تاریکی
٣-زەق کردنەوەی جیهانی تاکەکەسی و ڕۆژانە.
٤-زاڵبوونی هەست بەسەر لێکدانەوەی لۆژیکیدا.
٥-پێکهاتەی تەواو نەکراو و دووبارەبوو.
٦-زاڵبوونی بارودۆخ بەسەر کرداردا.
هەروەها بۆ دەرخستنی خاڵە هاوبەشەکان و بەتایبەت لێکچوونە ئەستاتیکاییەکانی نێوان زمانی شانۆنامەکە و زمانی نیگارکێشان، دەقی شانۆنامەکە لەگەڵ هەندێک لە کارە دیارەکانی “بێرت مۆریس” و “ڤینسنت ڤان کوخ” و “پۆل گۆگن” و “ئێدگار دیگا”، بەراورد کراوە.
دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن کە «ئاوازێکی بێدەنگ» لێکچووییەکی نزیکی لەگەڵ جیهانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم هەیە و جیهانە شانۆییەکەی بەرلەوەی لەسەر بنەمای نمایشکردنی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان دامەزرابێت، پشتی بە گواستنەوەی کاریگەری هەستی ڕووداوەکان لەسەر کارەکتەرەکان بەستووە.
وشە گرنگەکان
دانا ڕەئووف، ئاوازێکی بێدەنگ، ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم، بێرت مۆریس، ڤینسنت ڤان کۆخ، پۆل گۆگن، ئیدگار دیگا، درامای هاوچەرخ.
پێشەکی
لە مێژووی شانۆنامەنووسیدا نموونەی زۆر هەیە، کە خۆیان لە لۆژیکی گێڕانەوەی کلاسیکی دوور خستووەتەوە و لە جیاتی پشت بەستن بە ڕووداوە دەرەکییەکان، جەختیان لەسەر ئەزموونی ناوەکی کارەکتەرەکان کردووە.
لەم جۆرە کارانەدا، ئەوەی گرنگییەکی زۆرتری هەیە “چی ڕوودەدات” نییە، بەڵکوو بەشی گرنگتر ئەمەیە کە “ڕووداوەکە چ کاریگەرییەکی هەبووە و ئەم کاریگەرییە چۆن دەبینرێت”. بە واتایەکی تر، تێکستی شانۆیی لە جیاتی گێڕانەوەی زنجیرەیەک کردار و ڕووداو، دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ سەرهەڵدانی هەست و یادەوەری و لەدەستدان و بێدەنگی مرۆڤ.
شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ” لەنووسینی دانا ڕەئووف، دەتوانرێت لەنێو ئەو کارانەدا هەژمار بکرێت. ئەم شانۆنامەیە، بە کەڵک وەرگرتن لە فەزایەکی سنووردار، چەن کارەکتەرێک و گێڕانەوەیەکی بە ڕواڵەت سادە، جیهانێکی سۆزداری و فرە چین دروست دەکات کە تیایدا بێدەنگی، لەدەستدان، تەنیایی و چاوەڕوانی دەبن بە توخمە سەرەکییەکانی دراماکە.
دەقەکە هەوڵ نادات وەڵامێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە بارودۆخی کارەکتەرەکان بدات و هەروەها هەوڵیش نادات هەموو پەیوەندییە هۆکارییەکانی ڕووداوەکان ئاشکرا بکات.
لەم شانۆنامەیەدا، ڕووبەڕووی زنجیرەیەک نیشانە و وێنە و دووبارەبوونەوە و ساتی ناجێگیر دەبینەوە کە مانای کۆتایی خۆیان، نەک لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەزموونی سۆزداریەوە وەردەگرن.
ئەم تایبەتمەندییانە وا لە «ئاوازێکی بێدەنگ» دەکات کە لە ڕوانگەی جوانییناسی و ئەستاتیکەوە لە هەندێک لە بنەما بنچینەییەکانی هونەری ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم، نزیک ببێتەوە.
هەروەک چۆن نیگارکێشانی ئیمپرێسیۆنیزم، لەجیاتی ئەوەی بە وردی واقیعی دەرەکی نیشان بدەن، کاریگەری ساتی ڕووناکی، ڕەنگ و هەستیان تۆمار دەکرد، ئەم شانۆنامەیەش، لەجیاتی گێڕانەوەی هێڵی و بەتەواوەتیی چیرۆکێک، زنجیرەیەک کاریگەری، یادەوەری و ئەزموونی سۆزداری نمایش دەکات.
لەلایەکی ترەوە، بوونی توخمە سیمبولییەکان، بۆشاییە شاراوەکان، ناڕوونی واتا و جەختکردنەوە لەسەر جیهانی دەرونی کارەکتەرەکان، شانۆنامەکە لە هەندێک مەیلی پۆست ئیمپرێسیۆنستی نزیک دەکاتەوە.
مەسەلەی سەرەکی لێکۆڵینەوە
بەشێکی گرنگی توێژینەوەی شانۆیی هاوچەرخ جەختی لەسەر شیکردنەوەی پێکهاتەی گێڕانەوە، کارەکتەرسازکردن و کردارە دراماییەکانی دەقەکە کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک کاری درامی بەشێوەیەک دروست کراون کە ناکرێت تەنیا لە ڕێگەی تیۆرییە کلاسیکییەکانی دراماوە لێیان تێبگەین. لەم کارانەدا، چۆنیەتی تێگەیشتن، بۆشایی و فەزا، بێدەنگی و هەستی دەق، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەتر لە پلات، دەگێڕن.
شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ” یەکێکە لەو کارانە. سەرەڕای هەبوونی کارەکتەر، شوێن و دیالۆگ، تێکستەکە خۆی لە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی شانۆنامەی کلاسیک دوور دەخاتەوە. بەدرێژایی شانۆنامەکە هیچ نهێنییەکی گرنگ ئاشکرا ناکرێت، هیچ گرێیەکی دراماتیکی بە مانای ئاسایی، نابێتەوە، وە هیچ گۆڕانێکی ئاشکرا لە چارەنووسی کارەکتەرەکاندا بەدی ناکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، خوێنەران یان بینەران، لە کۆتایی کارەکەدا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی سۆزداری و پڕ لە هەست و کاریگەر دەبنەوە.
پرسیار ئەوەیە کە ئەم کاریگەرییە لە چ میکانیزمێکەوە دێت؟ ئایا دەکرێت پێکهاتەی لێ تێگەیشتن و هەستی و سۆزی شانۆنامەکە لە پەیوەندی لەگەڵ نەریتەکانی تری هونەری دەرەوەی بواری شانۆ، بەتایبەتی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم بخوێنرێتەوە؟
پرسیاری توێژینەوە
ئایا دەکرێت شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ” بەپێی توخمەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم و لە هەمان ڕوانگەیەوە شیبکرێتەوە و پەیوەندییەکی مانادار لەنێوان پێکهاتەی گێڕانەوە و ئەستاتیکای ئەو، و هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی کارەکانی نیگارکێشانی وەک مۆریس و ڤان کوخ و گۆگن و دیگا بدۆزینەوە؟
گریمانەی توێژینەوە
گریمانەی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە شانۆنامەی “ئاوازی بێدەنگ” هەندێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنستی هەیە و لێکچوونی بەرچاوی لەگەڵ هەندێک لە بۆچوونە ئەستاتیکاییەکانی نیگارکێشە دیارەکانی ئەم دوو تەوژمە هونەرییە لە ئاستی پێکهاتەیی و گێڕانەوەیی و سۆزداریدا هەیە.
مێتۆدی توێژینەوە
ئەم توێژینەوەیە بە بەکارهێنانی میتۆدی وەسف-شیکاری و شێوازێکی بەراوردکاری ئەنجامدراوە. لەم میتۆدەدا، سەرەتا تایبەتمەندییەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لەسەر بنەمای سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە مێژووی هونەردا دەردەهێنرێن. پاشان لە پێکهاتە، گێڕانەوە و جیهانی شانۆیی “ئاوازێکی بێدەنگ” بەدوای ئەم تایبەتمەندیانەدا دەگەڕێت و شیدەکرێنەوە. دواتر بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر خاڵی هاوبەش و لێکچوو، هەروەها جیاوازییە ئەستاتیکاییەکانی نێوان دەقە شانۆییەکە و هەندێک لە کارە هەڵبژێردراوەکانی بێرت مۆریس و ڤینسنت ڤان کوخ و پۆل گۆگن و ئێدگار دیگا، وەک نموونەی بەراوردکاری تاقی دەکرێنەوە.
بنەما تیۆرییەکان: ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم
ئیمپرێسیۆنیزم لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم لە وەڵامی دابونەریتی دامەزراوەی هونەری ئەکادیمی ئەوروپا سەریهەڵدا. نیگارکێشانی ئەم بزووتنەوەیە دەیانویست لەجیاتی ئەوەی بە وردەکاریی واقیع نیشان بدەن، ئەزموونی ساتی هەستکردن تۆمار بکەن. لە کارەکانیاندا، ڕووناکی، کات، هەست و کاریگەری تاکەکەسیی بەشێوازیکی تایبەت وێنا کران. ئەوەی گرنگ بوو خودی شتەکان نەبوون، بەڵکوو ئەو کاریگەرییە بوو، کە شتەکان و بابەتەکان و ڕووداوەکان، لە کاتێکی دیاریکراودا، لەسەر مێشک و چاوی هونەرمەند هەیانبوو.
بە پشتبەستن بەو بۆچوونانەی کە لە کتێبەکانی مێژووی هونەری جێسی برایانت وایلدەر و ئێرنست گامبریچ دەردەبڕدرێن، هەندێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی هونەری ئیمپرێسیۆنیزم، ئەمانەن:
١-گرنگیدان بە ساتی کاتیی و ناسەقامگیر.
٢-گرنگی ڕووناکی و گۆڕانکارییەکانی.
٣-تیشک خستن لە سەر ژیانی ڕۆژانە و فەزای تاکەکەسی.
٤-گرنگیدانی زیاتر بە هەست و تێگەیشتن به بەراورد لەگەڵ گێڕانەوە.
٥-خۆلادان لە دڵنیایی و تەواوکردنی تەواوی وێنە.
٦-تۆمارکردنی کاریگەری هەستی واقیعەکان بەجێگەی نیشاندانەوەی تەواوی خودی واقیعەکان.
هەرچەندە پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لە دڵی ئیمپرێسیۆنیزم سەریهەڵدا، بەڵام وردە وردە لە تۆمارکردنی “هەستی” دوور کەوتەوە و بەرەو جیهانی “ناوەکی”، هێماکان و ماناکانی دەروونی ڕۆیشت. هونەرمەندانی وەک ڤان کوخ و گۆگن هەوڵیان دا هەست و دڵەڕاوکێی مرۆڤ و یادەوەری و خەونەکان لە شێوەی وێنەدا دەرببڕن. لەم بۆچوونەدا واقیعی دەرەکی گرنگی خۆی دەهێڵێتەوە، بەڵام لەڕووی ئەزموونی تاکەکەسی مرۆڤەوە تووشی گۆڕانکاری دەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە، پۆست ئیمپرێسیۆنیزم دەتوانرێت وەک بزووتنەوەیەک دابنرێت، کە پردێک لەنێوان دیتنی جیهان و لێکدانەوەی تاکەکەسی دادەنێت؛ بۆیە توخمەکانی وەک یادەوەری، لەدەستدان، تەنهایی، سیمبولیزم و ئەزموونی ناوەکی، ڕۆڵی سەرەکی لە کارەکانی ئەم هونەرمەندانەدا دەگێڕن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تایبەتمەندییانە، دەتوانین وای دابنێین، کە هەندێک لە میکانیزمەکانی ئەستاتیکایی شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ” لەگەڵ بۆچوونەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم تێکەڵاویی و خاڵی هاوبەشیان هەیە. لە بەشی داهاتوودا، ئەم بابەتە بە وردەکاریی زیاتر لە پێکهاتە و گێڕانەوەی شانۆنامەکەدا بەراورد دەکرێنەوە.
توخمەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لەناو پێکهاتە و گێڕانەوەی شانۆنامەی «ئاوازێکی بێدەنگ»دا.
لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەقی ئاوازێکی بێدەنگ، وادەردەکەوێت کە ئەم دەقە، دەقێکی مینیماڵ و کەم ڕووداو، بێت.
دوو کارەکتەر لە فەزایەکی سنوورداردان، هەندێک گفتوگۆی پەرتەوازە لەنێوانیاندا ڕوودەدا و لەکۆتاییدا هیچ گرێیەکی دیاریکراو بەرەو چارەسەربوون ناڕوات. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزی کاریگەری شانۆنامەکە لە ئاستی ڕووداوەکاندا نییە، بەڵکوو لە شێوازی ڕێکخستنی تێگەیشتن، یادەوەری، بێدەنگی و هەستدایە. ئەم تایبەتمەندییە وادەکات دەقەکە لەڕوانگەی ئەستاتیکاوە زۆر لە توخمەکانی هونەری ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم نزیک ببێتەوە.
لەم بەشەدا شەش توخمی سەرەکی کە زۆرترین تێکەڵبوون لەنێوان شانۆنامەکە و ئەم دوو تەوژمە هونەرییە دروست دەکەن، تاقی دەکرێنەوە.
۱–گرنگی سات، نەوەک گێڕانەوەیەکی هێڵی
یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی هونەری ئیمپرێسیۆنیزم، گرنگیدان بە «سات»ە. نیگارکێشی ئیمپرێسیۆنیزم هەوڵ نادات چیرۆکی کارەکتەرێک یان مێژووی ڕووداوێک بگێڕێتەوە. ئەو تەنها دەیەوێت کاریگەری ساتێکی دیاریکراو، وێنا و تۆمار بکات. لەبەر ئەم هۆیە، زۆرێک لە کارە ئیمپرێسیۆنییەکان وەک پارچەیەکی کورتی ژیان وان، وەک ئەوەی بینەر لەناکاو پەنجەرەیەکی کردووەتەوە و بۆ چەند چرکەیەک بەشێک لە جیهانی بینیبێت.
شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ” بەتەواوی هەمان کوالیتی هەیە. بینەران هیچ زانیارییەکی ڕوون دەربارەی ڕابردووی کارەکتەرەکان وەرناگرن. بینەر یان خوێنەر نازانێت مینا و ئەو پیاوە کێن، کاریان چییە، چی بەسەریاندا هاتووە، یان چ ڕووداوێک بارودۆخی ئێستای ئەوانی پێکهێناوە. تەنانەت ئەو بابەتەی کە پێدەچێت گرنگترین قەیرانی شانۆنامەکە بێت، واتە ئەگەری مردن و لەدەستدانی منداڵێک بە ناوی نەشمیل، هەرگیز ڕاستەوخۆ ڕوون نەکراوەتەوە.
هەر لە دیمەنی یەکەمەوە، بینەر لە ناوەڕاستی بارودۆخێکی پێشوەختەدا دایە:
” پیاوەکە: دوو ڕۆژە قسە لەگەڵ کێ دەکەیت؟”
“مینا: لەگەڵ کەس”
دراماکە لە دڵی پەیوەندییەکەوە دەست پێناکات. بەڵکوو لە دڵی پچڕانەکانی پەیوەندییەکەوە دەست پێدەکات. هەروەها، کۆتایی شانۆنامەکە هەڵوەشاندنەوەی ئاسایی نییە. بینەران و خوێنەران، هیچ وەڵامێک سەبارەت بە چارەنووسی کارەکتەرەکان وەرناگرن و ئاگاداری نهێنییە شاراوەکانی نمایشەکە نابن. دوایین وێنەی شانۆنامەکە ژنێکە کە لە تاریکیدا باسی بێدەنگی پیاوەکە دەکات و مۆمێک دەکوژێنێتەوە.
کەواتە پێکهاتەی کارەکە بازنەییەکی تەواو نییە، بەڵکوو کورتە بڕێکە لە واقیعێکی فراوانتر. بینەران و خوێنەران وا هەست دەکەن، کە تەنیا چەند خولەکێک لە ژیانی درێژی ئەم دوو کارەکتەرەیان بینیوە. لەسەر ئەم بابەتەش ئاگادارن کە ئەو کارەکتەرانە، ڕابردوویەکی درێژی ناڕوون و داهاتوویەکی نادیاریان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، شانۆنامەکە وەک تابلۆیەکی ئیمپرێسیۆنیزم کار دەکات: سەرەتا و کۆتایی جیهانەکە نیشان نادات، بەڵکوو تەنها ساتێکی خێرای بوونی مرۆڤ لە جیهاندا نیشان دەدات.
٢- ڕووناکی و تاریکی وەکوو زمانێک بۆ گێڕانەوە
لە تابلۆی ئیمپرێسیۆنیدا ڕووناکی تەنها ئامرازێک بۆ ڕووناککردنەوەی شتەکان نییە. ڕووناکی خۆی دەبێتە بابەتی کارەکە. زۆرێک لە نیگارکێشانی ئەم بزووتنەوەیە هەوڵیان دا کاریگەری ڕووناکی لەسەر تێگەیشتنی مرۆڤ نیشان بدەن. لە ئەنجامدا، سنووری نێوان شتەکان هەندێک جار لە ڕووناکی یان تاریکیدا لێڵ دەکرێتەوە و ئەوەی گرنگە ئەزموونی بینینە نەوەک بابەتەکە.
لە «ئاوازێکی بێدەنگ»دا، ڕووناکی و تاریکی تەنها ئامرازێکی شانۆیی نین، بەڵکوو بەشێکن لە زمانی گێڕانەوە. یەکێک لە دیارترین نموونەکان لە کۆتایی دیمەنی یەکەمدا ڕوودەدات. دوای ئەوەی کارەکتەرەکان دەڕۆن، تەنها ڕووناکییەکی لاواز لە ناوەڕاستی دیمەنەکەدا دەمێنێتەوە و دەرگاکەی ڕووبە بینەرانمان پێ نیشان دەدات.
“ڕووناکی گۆڕانکاریی بەسەردادێت، سەر شانۆ تاریکتر دەبێت، بەڵام تیشکێکی ڕووناکی بەکزی دەرگا داخراوەکە ڕووناک دەکاتەوە”
ئەم وێنەیە، لە ڕوانگەی گێڕانەوەییەوە، هیچ زانیارییەکی نوێ پێشکەش ناکات، بەڵام لە ڕوانگەی کاریگەریدانان لەسەر شێوازی تێگەیشتن و هەست و سۆزەوە زۆر پڕمانایە. دەرگا داخراوەکە، بە ڕووناکی بەرجەستە دەکرێت و دەبێتە جێگەی سەرنجی بینەران.
هەمان شێواز لە دیمەنی دووەمدا دووبارە دەبێتەوە. مینا بە کراسێکی سپیەوە دەچێتە ژوورەوە و لە شوێنێکی نیوە ڕووناکدا چاوەڕێی کەسێک دەکات، کە هەرگیز نایەت. پاشان ڕووناکی نامێنیت و تاریکی زاڵ دەبێت.
لێرەدا، ڕووناکی هەڵگری مانایە. ڕووناکی بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو بۆ زەقکردنەوەی بەتاڵیی بەکاردەهێنرێت.
بەدرێژایی شانۆنامەکە، تاریکی دوو ئەرکی هەیە. لەلایەکەوە نیشانەی پەراوێزخستن و نەبوونییە و لەلایەکی دیکەشەوە بۆشاییەک بۆ ئامادەبوونی بیرەوەری و خەون و دڵەڕاوکێ دەڕەخسێنێت. زۆرێک لە گرنگترین دەنگەکانی شانۆکە، وەک دەنگی گریانی نەشمیل، یان دەنگی شەپۆلەکانی دەریا، لە تاریکیدا دەبیسترێن. لەبەر ئەم هۆیە، دەتوانین بڵێین هەروەک چۆن لە تابلۆی ئیمپرێسیۆن، ڕووناکی جێگەی گێڕانەوە دەگرێتەوە ، لەم شانۆیەدا، ڕووناکی و تاریکییش بەشێک لە گێڕانەوەکەن. ئەوەی نەگوتراوە، لە تاریکیدا دەبیسترێت.
٣–جیهانی ڕۆژانە و تاکەکەسی
خەسڵەتێکی گرنگی تری ئیمپرێسیۆنیزم، گرنگی دان بە ژیانی ڕۆژانەیە. هونەرمەندانی ئەم بەشە، لەجیاتی هەڵبژاردنی بابەتی ئەفسانەیی و پاڵەوانی مێژوویی یان ڕووداوی شکۆدار، ڕوویان لە ساتە ئاساییەکانی ژیان کرد. ماڵ و ژوور و پەنجەرە و شەقام و پەیوەندییە مرۆڤییەکان بوونە بابەتی کارەکانیان. شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ”یش، پەیڕەوی هەمان لۆژیکە.
شوێنی نمایشەکە نە کۆشکە، نە مەیدانی شەڕە، نە فەزایەکی نائاساییە. هەموو ڕووداوەکان لە ژووری خانوویەکی ئاسایی بەڕێوە دەچن.
لەسەر مێزەکە چەند کتێب و ڕۆژنامەیەک هەیە.
پیاوەکە لە ژووری نوستنەکە دێتە دەرەوە.
مینا سەرقاڵە بە مۆبایلەکەی.
کارەکتەرەکان باسی یادەوەری، خەو، تەنهایی، خۆشەویستی و بێدەنگی دەکەن.
لە ڕواڵەتدا، هیچ کام لەم توخمانە خاوەنی گەورەییەکی دراماتیکی نین، بەڵام وەک تابلۆ ئیمپرێسیۆنییەکان، گرنگی کارەکە لە قەبارەی بابەتەکە نییە، بەڵکوو لە چۆنیەتی تێڕوانینەکەیدایە.
“دانا ڕەئووف” جیهانێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ، لەدەستدان و چاوەڕوانی لە دڵی ئەم فەزا ڕۆژانەیەوە دروست دەکات. تەنانەت بابەتی سەرەکی شانۆنامەکەیش، بابەتێکی تەواو مرۆڤایەتی و تاکەکەسییە: بێتوانایی دوو مرۆڤ لە پەیوەندیکردن.
لێرەدا هیچ قەیرانێکی ڕاشکاوی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بوونی نییە. جیهانی شانۆنامەکە لەسەر پێوەری ماڵ و پەیوەندییەک پێکهاتووە، بەڵام ئەم جیهانە سنووردارە، دەبێتە سەکۆیەک بۆ بیرکردنەوە لە تەنهایی، مردن و لەدەستدان.
٤–زاڵبوونی هەست و کاریگەری، بەسەر لێکدانەوەی لۆژیکیدا
ڕەنگە گرنگترین لێکچوونی نێوان ئەم شانۆنامەیە و هونەری ئیمپرێسیۆنیزم لەوەدا بێت، کە ئیمپرێسیۆنیزم بەجێگەی ڕوونکردنەوەی واقیع، کاریگەری واقیع نیشان دەدات. لەوانەیە بینەر هۆکاری زۆر شت نەزانێت، بەڵام هەستی ئەوان ئەزموون دەکات. هەروەها لە «ئاوازێکی بێدەنگ»یشدا، بینەران و خوێنەران، بەردەوام ڕووبەڕووی هەستێکی بەهێز دەبنەوە، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانن.
بۆ نموونە:
بۆچی پیاوەکە ئەوەندە دوورە لە مینا؟
ئایا بەڕاستی نەشمیل هەبووە؟
ئایا منداڵێک مردووە؟
ئایا پیاوەکە نەخۆشە؟
ئایا جیابوونەوە بەڕێوەیە؟
ئایا هەندێک لە ڕووداوەکان لە مێشکی مینادا ڕوودەدەن؟
هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەم پرسیارانە نییە.
نموونەیەکی ڕوونی ئەم حاڵەتە لە مۆنۆلۆگی بەلەمەکەدا دەبینرێت:
“هەست دەکەم ساڵێکە لەناو بەلەمێکی بچووکی شڕدام، تاوەکوو بگەمە شوێنێک، شەڕ لەگەڵ شەپۆلەکان دەکەم…. ناگەم.
سەیری دەوروبەرەکەم دەکەم و هیچ نابینم. ئەوەی هەیە هەر شەپۆلە بەرزەکانن….”
لەم بەشەدا، بینەران و خوێنەران، هیچ زانیارییەکی نوێ دەربارەی چیرۆکەکە وەرناگرن، بەڵام تێگەیشتنێکی قووڵتر لە باری دەروونی مینا بەدەست دەهێنن. کەواتە، شانۆنامەکە لەجیاتی ئەوەی هۆکارێک نمایش بدات، دەرئەنجامی سۆزداری و هەستیی هۆکارەکە نیشان دەدات. هەروەک چۆن نیگارکێشی ئیمپرێسیۆنیزم لەجیاتی ئەوەی بە وردی شتەکان بکێشێتەوە، کاریگەری ڕووناکی لەسەر شتەکان تۆمار دەکات، “دانا ڕەئووف”یش لەجیاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکە، کاریگەری سۆزداری و هەستیی ڕووداوەکە لەسەر کارەکتەرەکان، نیشان دەدات.
٥–پێکهاتەی تەواو نەکراو و دووبارەبوو
زۆرێک لە کارە ئیمپرێسیۆنییەکان جۆرێک لە ناتەواویی هۆشیارانەیان هەیە. وێنەکە وا دەردەکەوێت کە لە ناوەڕاستی دروستبوونیدا، وەستابێت. ئەم ناتەواوییە کەموکوڕی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە جوانی کارەکە.
لە “ئاوازێکی بێدەنگ”دا، پێکهاتەی تەواونەکراوە، ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە. گرنگترین نیشانەی ئەم تایبەتمەندییە، دەرگاکەی ناوەڕاستی ماڵەکەیە کە ڕوو بە بینەرانە. ئەم دەرگایە هەر لە سەرەتای شانۆنامەوە دەناسرێت و چەندین جار سەرنجی بینەران ڕادەکێشێت. مینا چەند جارێک دەچێتە لای، بەڵام هەرگیز ناکرێتەوە. لە ئەنجامدا، شانۆنامەکە ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر ناکات. نهێنیەکە دەپارێزرێت، نەبوون، دەپارێزرێت و هەروەها ناڕوونی دەپارێزرێت و ئەم پارێزەرییە دەبێتە بەشێک لە جوانی کارەکە.
لەگەڵ ئەم ناتەواوییەدا، توخمی دووبارەبوونەوەش ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە، کە نموونەکانی بریتین لە:
دووبارەبوونەوەی ڕۆیشتن و گەڕانەوەی پیاوەکە.
دووبارەبوونەوەی هەوڵی مینا بۆ قسەکردن.
دووبارەبوونەوەی ئاماژە بە تەنیایی.
دووبارەبوونەوەی ڕۆیشتن بەرەو دەرگای ناوەڕاست.
دووبارەبوونەوەی بابەتی منداڵەکە.
دووبارەبوونەوەی بێدەنگی.
دووبارە بوونەوەی هەندێک لە دیالۆگەکان.
ئەم دووبارەبوونەوانە، بۆ بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکە بەکار ناهێنرێن، بەڵکوو بۆ چڕکردنەوەی کاریگەری هەستەکانن. لە ئەنجامدا، شانۆنامەکە، به جێگەی پێکهاتەیەکی هێڵی، پێکهاتەیەکی شەپۆلی و دووبارەبوو بەدەست دەهێنێت.
٦–زاڵبوونی بارودۆخ بەسەر کرداردا
درامای کلاسیک لەسەر بنەمای کردار دامەزراوە. کارەکتەر، شتێکی دەوێت. هەوڵ دەدات بەدەستی بهێنێت. ڕووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە و لە کۆتاییشدا، یان سەردەکەوێت یان شکست دەهێنێت، بەڵام لە «ئاوازێکی بێدەنگ»دا، بارودۆخ، بووەتە جێگرەوەی کردار. کارەکتەرەکان کەمتر کردارمەندن و زیاتر لەناو بارودۆخگەلی هەستی و سۆزداریدان.
مینا لە بارودۆخی چاوەڕوانیدایە. لەبارودۆخی ترسدایە، لە بارودۆخی نەبووندایە. لە بارودۆخی گفتوگۆیەکی تەواونەکراودایە. تەنانەت پیاوەکەش زیاتر لەوەی لە کارەکتەر بچێت، خۆی لەشێوەی بارودۆخێک دەردەکەوێت. بەدرێژایی دەقەکە، هیچ بڕیارەکی گرنگ نادرێت و هیچ کردارەکی یەکلاکەرەوە نابینرێت. ئەوشتەی تووشی گۆڕانکاری دەبێت، تەنیا ئەزموونی هەستی و سۆزداری بینەران و خوێنەرانە. بۆیە شانۆنامەکە لەجیاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، وردە وردە دەبێتە وێنەیەک لە بارودۆخی مرۆڤایەتی، کە تێیدا خۆشەویستی و لەدەستدان و بێدەنگی و تەنیایی لە یەک کاتدا ئامادەن.
لێکۆڵینەوەی ئەم شەش توخمە، ئەوە دەردەخات کە شانۆنامەی “ئاوازەکی بێدەنگ” لەگەڵ زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی هونەری ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لە ئاستی پێکهاتە و گێڕانەوەدا تێکەڵاوی و لێکچوونی تێدا دەبینرێت. گێڕانەوەی ناهێڵی، گرنگی دان بە سات ، شێوازی بەکارهێنانی ڕووناکی و تاریکی، جەختکردنەوە لەسەر جیهانی تاکەکەسی، زاڵبوونی هەست بەسەر ڕوونکردنەوەی لۆژیکی، پێکهاتەی تەواونەکراو و پێشەنگی بارودۆخ بەسەر کرداردا، هەمووی وا لە بینەران و خوێنەران دەکات، کە کارەکە نەک تەنها وەک چیرۆک، بەڵکوو وەک ئەزموونێکی هەستی و سۆزداری وەربگرن.
بە واتایەکی تر، شانۆنامەکە خودی ڕووداوەکان نیشان نادات، بەڵکوو کاریگەری هەستی و سۆزداری ڕووداوەکان، نیشان دەدات. ئەم تایبەتمەندییە گرنگترین خاڵی پەیوەندییە لەگەڵ ئەستاتیکای ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم کە بنەمای بەراوردکردنی لەگەڵ کارەکانی بێرت مۆریسۆ و ڤان کوخ و گۆگن و دیگا دابین دەکات.
بێرت مۆریسۆ و نیشاندانەوەی خەمی ژنان
لە بەشی پێشوودا نیشان درا کە «ئاوازێکی بێدەنگ» لە ڕووی پێکهاتە و شێوازی تێگەیشتنەوە، لە نەریتی ئیمپرێسیۆنیزم نزیکە. لەم بەشەدا دەتوانین لێکچوونی قووڵتر لەنێوان کەسایەتی مینا و جیهانی تابلۆکانی بێرت مۆریسۆ ببینین.
“مۆریسۆ” یەکێکە لەو نیگارکێشە کەمانەی کە بەشێکی گرنگی کارەکانی بۆ جیهانی دەروونی ژنان تەرخان کردووە. لە زۆربەی تابلۆکانیدا ئافرەت وەک مرۆڤێکی چاوەڕێ دەردەکەوێت، بیردەکاتەوە، بێدەنگ دەبێت، یان جۆرێک لە خەم و پەژارەی بێدەنگ ئەزموون دەکات. ڕووداوی دەرەکی زۆر گرنگ نییە؛ ئەوەی گرنگە چۆنیەتی ئامادەبوونی کارەکتەرە لە دۆخێکی سۆزداریدا.
لە «ئاوازێکی بێدەنگ»دا، مینا ئەزموونێکی خەمباری، چاوەڕوانی و تەنیایی هەڵدەگرێت، نەک کارەکتەرێکی چالاک یان قارەمان. ئەو بەردەوام هەوڵ دەدات پەیوەندی بکات، بەڵام ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نین. جیهانی شانۆکە بەگشتی لەڕوانگەی ئەوەوە ئەزموون دەکرێت و بینەرییش لەگەڵ دڵەڕاوکێ و خەمە دەروونییەکانی مینادا، لەگەڵ شانۆنامەکە پێوەندی دەگرێت.
مۆریسۆ و «لانک»: بوونی مناڵیکی بێ شوێن
The Cradle (1872)
یەکەم تابڵۆ، کە دەتوانرێت لە خوێندنەوەی شانۆنامەکەدا، ناوی بێنین، تابلۆی “لانک”ە
لەم وێنەی ئەم نیگارەدا، ژنێک بە بێدەنگی سەیری منداڵێک دەکات، کە خەوتووە. وێنەکە بێ ڕووداوە، بەڵام پڕە لە هەستی شاراوە. تێڕوانینی ئافرەتەکە فەزای پاراستن، دڵەڕاوکێ و بایەخدان بە بینەر دەگەیەنێت. منداڵ لە ناوەڕاستی وێنەکەیە، بەڵام ئەوەی کارەکە مانادار دەکات پەیوەندی سۆزداری نێوان ژن و منداڵەکەیە. لە شانۆنامەکەشدا منداڵ ئامادەبوونێکی بەهێز و بەرچاوی هەیە، بەڵام ئەم ئامادەبوونە، ئامادەبوونێکی نادیارە.
یەکەم ئاماژەی گرنگ لەسەر بابەتی منداڵەکە، لە کۆتایی دیمەنی یەکەمدا ڕوودەدات:
“دەنگی گریانی منداڵێک دێت. مینا وەک شێت بە هەرچوار دەوری خۆیدا دەڕوانێت و دێ و دەچێ”
مینا: مەگری. تکایە نەشمیل گیان مەگری.
کەمێک دواترییش مینا لەدەرەوەی شانۆوە دەڵێت:
“گوێم لە گریانی نەشمیلە لە ژووری نووستنەکەمانەوە، لەژووری دانیشتنەکەوە، لە ژوورەکەی خۆمانەوە .”
لەم ساتەوەختە بەدواوە، نەشمیل، دەبێتە یەکێک لە گرنگترین توخمە شاراوەکانی دەقەکە. بینەران هەرگیز نایبینن، زانیاری تەواویشیان لەسەر ئەو، دەست ناکەوێت، تەنانەت دڵنیا نین کە بوونی هەیە یان نا، بەڵام کاریگەری ئەو، لەسەر جیهانی سۆزداری شانۆنامەکە نکۆڵی لێناکرێت.
لە دیمەنی دووەمیشدا، ئەم بابەتە بە ڕستەیەکی تر، بەهێز دەبێتەوە:
مینا:
“ئەگەر من و تۆ منداڵێکمان هەبووایە… جگە لە خۆمان کەسێکی تر هەبوایە، لەو منداڵەدا شتێکی ترمان لە خۆماندا ببینیایە.”
لێرەدا، منداڵ، تەنیا کارەکتەرێک نییە، بەڵکوو هێمای ئەگەرێکی ونبووە، ئەگەرێک کە دەیتوانی پەیوەندییەکە ڕزگار بکات، شوناسێکی نوێ دروست بکات، یان بۆشایی نێوان ژن و پیاوەکە پڕ بکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە پەیوەندی نێوان مینا و نەشمیل دەتوانرێت لەگەڵ فەزای هەستیی و سۆزداری تابلۆی “لانک” بەراورد بکرێت. لە هەردوو کارەکەدا، منداڵ لە ناوەڕاستی بواری سۆزداریدایە، بەڵام گرنگی سەرەکی لە خودی منداڵدا نییە، بەڵکوو لەو هەستەدایە کە بوون یان نەبوونی دروستی دەکات.
جیاوازی گرنگ ئەوەیە کە لە تابلۆکەی “مۆریسو”دا منداڵ ئامادەیە و لە شانۆنامەکەدا منداڵەکە دیار نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو کاریگەرییەکە لە دەوری ئەزموونی دایکایەتی، چاودێری و دڵەڕاوکێدان.
“ژنێک لە کاتی جوانکاری“: گرنگی فەزای تاکەکەسی
Woman at Her Toilette (1875-1880)
دووهەمین تابلۆی گرنگی “مۆریسۆ” بۆ ئەم توێژینەوەیە تابلۆی «ژنێک لەکاتی جوانکاری»یە.
تابلۆکە ژنێک لە شوێنێکی تایبەت و تاکەکەسیدا نیشان دەدات. ئەو خەریکی کارێکی ئاسایی و ڕۆژانەی خۆییەتی، بەڵام کوالیتی شێوە، پێکهاتە و کەمپۆزیسیۆن و بێدەنگی وێنەکە وادەکات کارەکە زیاتر لە دیمەنێکی ئاسایی بێت. بینەر، ڕووبەڕووی جۆرێک لە تەنیایی ناوەکی دەبێتەوە، کە لە دڵی ژیانێکی ڕۆژانەوە سەرهەڵدەدات. ئەم تایبەتمەندییە لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ جیهانی مینادا هەیە. مینایش بە هەمان شێوە لە شوێنێکی تایبەت بەخۆی و فەزایەکی تاکەکەسیدا دەژیت:
ماڵ / ژووری نوستن / لەسەر قەنەفە / مۆبایل / گفتوگۆی دوو کەسی
تەنانەت هیچ توخمێکی دەرەکی گرنگ ناچێتە ناو جیهانی شانۆنامەکەوە. تەنانەت گەورەترین قەیرانەکانی ناو دەقەکەیش لە سنووری ئەم فەزا تاکەکەسییەدا دەمێننەوە.
لە یەکێک لە کاریگەرترین ساتەکانی شانۆنامەکەدا، مینا بە جلی سپیەوە دەچێتە سەر شانۆ:
“مینا دێتە ژوورەوە، دەستێ جلی سپی لەبەردایە، ڕادەوەستێ، وەک چاوەڕوانی کەسێک بکات بێت، بەڵام کەس نایەت. خەمبار دەبێت. لەشوێنی خۆی ناجووڵێت، وەک بیر لە شتێک بکاتەوە”
ئەم وێنەیە زیاتر لەوەی وەبیرهێنانەوی دۆخێکی دراماتیک بێت؛ لە تابلۆی نیگارکێشێک دەچێت. جووڵەکردن دەوەستێت. کات، ڕاکێشراوەتەوە. کارەکتەرەکە لە چوارچێوەی دیمەنەکەدا دەمێنێتەوە و بینەران تەنها ڕووبەڕووی هەستی چاوەڕوانی دەبنەوە. ئەم کوالێتییە بینراوەیە، کە کارەکانی “مۆریسۆ” لە شانۆنامەکە نزیک دەکاتەوە. لە هەردووکیاندا تەنیایی نەک وەکوو ڕووداو، بەڵکوو لە ڕێگەی بێدەنگی و هەڵپەسێراوییەوە نیشان دەدرێت.
لێکچوونی نێوان مینا و ژنەکانی ناو نیگارەکانی “مۆریسو”، تەنها بە چەند وێنەیەکەوە سنووردار نییە. لە ئاستێکی قووڵتردا، هەردووکیان لەسەر جۆرێک لە خەمی ژنانە دامەزراون. ئەم خەمە خەمێکی تراژیدی کلاسیک نییە. مینا قوربانی ڕووداوێکی نادیارە. هیچ دوژمنایەتییەکی ئاشکرا لە دژی ئەو نییە. ئەو ڕووبەڕووی هێزێکی نادیار دەبێتەوە، هێزێک کە خۆی لە بێدەنگی، دووری و نەبووندا دەردەخات.
لە هەندێک بەشەکانی شانۆنامەکەدا، ئەم دۆخە بەشێوەیەکی ڕوون باسی لێ دەکرێت؛
مینا:
“زۆربەی کات، تەنیام”
یان:
“هەست دەکەم ئێمە زۆر تەنیاین”
لێرەدا تەنیایی ئەنجامی ڕووداوێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئەنجامی دۆخی بنچینەیی کارەکتەرە.
لە کارەکانی “مۆریسو”دا زۆرجار ڕووبەڕووی حاڵەتێکی ئاوا دەبینەوە. ژنەکانی ناو کارەکانی ئەو، لە ناوەڕاستی ڕووداوێکی گەورەدا نین، بەڵام خەریکن بارودۆخێکی بە ڕواڵەت سادە، بەڵام بەقووڵی مرۆڤانە، ئەزموون دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین کە جیهانی سۆزداری مینا زۆر لە جیهانی ژنەکانی تابلۆکانی “مۆریسۆ” نزیکە. ئەو زیاتر لەوەی کردارمەند بێت، پەیڕەوی هەستە. ئەمەش وای لێدەکات کە زیاتر وەکوو کەسایەتییەکی ئیمپرێسیۆنیزم بێت تا قارەمانێک لەناو درامای کلاسیک.
ڤان کوخ و جیهانی دەروونی شڵەژاو
ئەگەر “مۆریسۆ” نوێنەرایەتی بێدەنگی، چاوەڕوانی و خەم بکات، ئەوا ڤان کوخ دەتوانرێت بە نیگارکێشی دڵەڕاوکێ، ئاژاوەی ناوەکی و جیهانی دەروونی دابنرێت. لە کارەکانیدا، واقیعی دەرەکی هەمیشە بەناو هێڵەگی ئەزموونی دەروونیدا تێدەپەڕێت. ئەوەی لەسەر تابلۆکە دەردەکەوێت تەنها جیهانی دەرەکی نییە، بەڵکوو جیهانێی هەستپێکراوە.
ئەم تایبەتمەندییە لە هەندێک بەشی “ئاوازێکی بێدەنگ”دا، دەبینرێت. لە نیوەی دووەمەوە، شانۆنامەکە وردە وردە لە دیالۆگێکی تاڕادەیەک واقیعی دوور دەکەوێتەوە و بەرەو یادەوەری، ترس و داڕمانی دەروونیدا دەڕوات.
شەوی پڕ لە ئەستێرە: جیهان وەک ئاژاوەیەکی ناوەکی
The Starry Night (1889)
لە نێو کارەکانی ڤان کوخ، “شەوی پڕ لە ئەستێرە” لەوانەیە گونجاوترین تابلۆی ئەو بۆ بەراوردکردنی مۆنۆلۆگی بەناوبانگی مینا دەربارەی دەریادا بێت.
لەم تابلۆیەدا، ئاسمان ئارام نییە. هەموو شتێک لە جووڵەدایە. هێڵەکان دەسوڕێنەوە. جیهان لەناو ئاژاوەدایە، بەڵام ئەم شڵەژاوەییە وەسفی سروشت نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی باری دەروونی هونەرمەندە. لە ناو شانۆنامەکەیشدا، هەمان بارودۆخ لە مۆنۆلۆگی درێژی مینادا دەبینین:
مینا:
هەست دەکەم ساڵێکە لەناو بەلەمێکی بچووکی شڕدام، تاوەکو بگەمە شوێنێک شەڕ لەگەڵ شەپۆلەکان دەکەم… ناگەم.
سەیری دەوروبەرەکەم دەکەم و هیچ نابینم.
خەریکە بڕشێمەوە…
من کەی دەگەم؟
لەم بەشەدا، دەریا شوێنێکی ڕاستەقینە و واقیع نییە، هەروەک چۆن ئاسمانی “شەوی پڕ لە ئەستێرە” تەنها دیمەنێکی سروشتی نییە. هەردووکیان دەبنە مێتافۆر بۆ باری دەروونی و لە ئەنجامدا، بینەران ڕووبەڕووی وەسفکردنی شوێن و سروشت نابنەوە، بەڵکوو وێناکردنی دڵەڕاوکێی ناوەکی دەبینن.
“ژووری خەوتن لە ئاڕڵ“: خانوویەک کە نابێتە پەناگە
Bedroom in Arles (1888)
دووەمین کاری گرینگ بۆ ئەم براوردکردنە، تابلۆی «ژووری خەوتن لە ئاڕڵ»ە.
لە یەکەم نیگادا، ئەم تابلۆیە لە وێنەیەکی ئارامی ژوورێکی سادە دەچێت، بەڵام تا زیاتر سەیری بکەین، جۆرێک لە تەنیایی و بەتاڵی تێدا دەردەکەوێت. ژوور، جێگای خەوتن، کورسی، هەموویان هەن، بەڵام هێمنایەتی تێدا نییە. لە «ئاوازێکی بێدەنگ» خانووەکە هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت. هەموو نمایشەکە لە فەزای ماڵەکەدا ڕوودەدات. خانوو دەبێت شوێنێکی پارێزراو بێت. دەبێت شوێنێک بێت بۆ گفتوگۆ، بۆ نزیکبوونەوە، بەڵام لە پراکتیکدا، بووەتە شوێنێک بۆ دووری و بێدەنگی و نامۆبوون.
بێدەنگی، کە دەکرێت نیشانەی ئاشتی و ئاسایش بێت، لەناو شانۆنامەکەدا دەبێتە نیشانەی ترس.
مینا:
“بەردەوام لە بێدەنگی تۆ ترساوم… تۆ وەک من نییت، بۆیە بێدەنگییەکانت دەمترسێنن”
هەروەها لە بەشێکی دیکەی دەقەکەدا پیاوەکە لە دانیشتن لەسەر کورسی بێزار دەبێت و نیگەران دەبێت و پاشان دەچێتە دەرەوە. ئەوە لە کاتێکدایە، کە دانیشتن لەسەرکورسی، هەمیشە نیشانەی حەسانەوەی ماندوویەتییە.
خانوو لە ناو ئەم شانۆنامەیەدا، هەمان ڕۆڵی ژوورەکەی تابلۆکەی “ڤان کوخ” دەگێڕێت، کە بە ڕواڵەت ئاشنایە، بەڵام لە ناوەوە ترسهێنەرە.
ڕەنگە گرنگترین پەیوەندی نێوان “ڤان کوخ” و “ئاوازێکی بێدەنگ” لەوەدا بێت، کە هەردووکیان زیاتر گرنگی بە واقیعی دەروونی دەدەن، نەک واقیعی دەرەکی. لە شانۆنامەکدا، بینەر هەرگیز دڵنیا نییە کە:
ئایا نەشمیل، بابەتێکی سازکراوەی مێشکی مینایە یان بەڕاستی بوونی هەیە؟
یادەوەرییەکان، ڕاستەقینەن یان درۆن؟
ترسەکانی مینا، دەرەکین یان ناوەکین؟
بەڵام ئەم ناڕوونییە هەرگیز نابێتە خاڵی لاوازی دەقەکە، چونکە شانۆنامەکە مەبەستی سەلماندنی واقیعی دەرەکی نییە. مەبەستی نیشاندانی ئەزموونی ژیانی کارەکتەرەکەیە.
ئەمە حاڵەتێکە کە لە کارەکانی “ڤان کوخ”دا زۆر بەرچاوە. گرنگ نییە جیهان بەتەواوی چۆن بووە، گرنگ ئەوەیە هونەرمەند چۆن ئەزموونی کردووە. لەم ڕوانگەیەوە، «ئاوازێکی بێدەنگ» و جیهانی “ڤان کوخ” له یەک خاڵی هاوبەشدا بە یەک دەگەن: هەردووکیان بەر لەوەی گرنگی بە جیهانی دەرەکی بدەن، گرنگی بە ڕاستەقینەیی هەستەکان، دەدەن.
پۆل گۆگن و پەشیمانی بۆ دۆخێکی لەدەستچوو
ئەگەر لە کارەکانی “بێرت مۆریسو” ڕووبەڕووی بێدەنگی و خەمی ژنانە دەبینەوە و لە کارەکانی “ڤان کوخ” ڕووبەڕووی ئاژاوەی جیهانی دەروونی دەبینەوە، لە کارەکانی “پۆل گۆگن” ڕووبەڕووی جۆرێکی جیاواز لە لەدەستدان و نەبوون دەبینەوە: نەبوونی دۆخێکی یوتۆپیایی. “گۆگن” لە بەشێکی گرنگی پیشەی هونەری خۆی، بەدوای جیهانێکدا گەڕا کە پێی وابوو شارستانیەتی مۆدێرن وێرانی کردووە. بەبۆچوونی ئەو، مرۆڤی هاوچەرخ لە دۆخێکی ڕەسەن و یەکخراو دوور کەوتووەتەوە و لە جیهانێکدا دەژی، کە بەردەوام هەستی جیابوونەوە و تەنیایی و نامۆبوونی لەگەڵدایە.
لەم ڕوانگەیەوە، کارەکانی “گۆگن” زۆرجار هەڵگری جۆرێک لە خولیان، ئارەزوو بۆ شتێک کە پێشتر هەبووە یان دەکرا هەبێت، بەڵام ئێستا بزر بووە. ئەم خولیایە بەر لەوەی پەیوەندی بە ڕابردوویەکی مێژوویی هەبێت، پەیوەندی بە دۆخێکی وجودییەوە هەیە.
شانۆنامەی “ئاوازێکی بێدەنگ”یش، لە چینە قووڵەکانیدا، لەسەر ئەو لەدەستدان و خولیا گرنگە پێکهاتووە. کارەکتەرەکان بەردەوام باسی شتێک دەکەن کە بوونی نییە، بەڵام سێبەرەکەی لەسەر هەموو پەیوەندیەکان و دیالۆگەکان قورسایی هەیە. لەم شانۆنامەیەدا، ڕابردوو ئامادەبوونێکی نادیار بەڵام بەردەوامی هەیە و داهاتوو بووە بە جیهانێکی ناڕوون و خەمناک.
ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ ئێمە چیین؟ بۆ کوێ دەڕۆین؟
(Where Do We Come From? What Are We? Where Are We Going?, 1897)
ئەم کارە دەتوانرێت بە یەکێک لە گرنگترین تابلۆکانی “گۆگن” و یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی پۆست ئیمپرێسیۆنیزم دابنرێت. نیگارەکە زنجیرەیەک پرسیاری بنەڕەتی دەربارەی ژیان و مردن و ناسنامە و چارەنووسی مرۆڤ لە شێوەی وێنەیەکی سیمبولی دەوروژێنێت.
شایانی باسە، کە “گۆگن” لەم کارەدا وەڵامی پرسیارەکانی ناداتەوە؛ کارەکە زیاتر فەزایەک بۆ بیرکردنەوە، گومان و گەڕان دروست دەکات و بەدوای وەڵامدا نییە.
حاڵەتێکی هاوشێوە لە “ئاوازێکی بێدەنگ” دەبینرێت. شانۆنامەکە بەردەوام پرسیار دروستدەکات، بەڵام وەڵامیان ناداتەوە:
نەشمیل کێیە؟ / چی بەسەر پەیوەندیی مینا و پیاوەکەدا هاتووە؟ / ئایا جیابوونەوە ڕوویداوە یان خەریکە ڕوودەدات؟ / ئایا مردن بوونی ڕاستەقینەی هەیە لە جیهانی دەقەکەدا یان تەنها ترسێکی دەروونییە؟ لە هەمووی گرنگتر، بۆچی کارەکتەرەکان ناتوانن لە یەکتر تێبگەن؟
لە بەشێکی شانۆنامەکەدا، پیاوەکە دەڵێت:
“مەرج نییە بتوانین هەموو شتەکان لەیەک بگەیەنین… زۆرجار دەمرین و کەسمان لە کەسمان ناگەین.”
لێرەدا کێشەکە تەنها مردنی جەستەیی نییە، بەڵکوو مردن لە ئاستی پەیوەندی مرۆڤایەتیدایە. مرۆڤ دەتوانێت لەپاڵ یەکێکی تر بژی، بەڵام هەرگیز بەتەواوی لێی تێناگات. ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ جیهان لە پرسیارە وجودییەکانی “گۆگن” نزیک دەبێتەوە. هەردوو کارەکە هەوڵی وروژاندنی پرسیار دەدەن نەک گێڕانەوە. لەم ڕوانگەیەوە، «ئاوازێکی بێدەنگ» وەک تابلۆکەی “گۆگن”، لەسەر ئەزموونی ژیان لە جیهانێکدا دامەزراوە، کە هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی تێدا نییە.
ڕۆژی خودا
(The Day of the God / Mahana no Atua, 1894)
دووەم کاری گرنگی “گۆگن” بۆ ئەم توێژینەوەیە “ڕۆژی خودا” یە. لەم تابلۆیەدا سنووری نێوان واقیع و ئەفسانە و خەون و سیمبول لێڵ بووە. بینەران ڕووبەڕووی جیهانێک دەبنەوە، کە ناتوانرێت بەتەواوی واقیعیانە لێکبدرێتەوە. توخمە جیاوازەکانی کارەکە لە هەمان کاتدا لە ئاستی جیاوازی مانا کار دەکەن. هەمان تایبەتمەندی لە ڕووبەڕووبوونەوەی شانۆنامەکە لەگەڵ کەسایەتی نەشمیل دەبینرێت.
نەشمیل هەرگیز لەسەر شانۆ دەرناکەوێت. / ئەو هیچ ئامادەبوونێکی جەستەیی نییە و هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی ئەوەوە پێشکەش نەکراوە، / بەڵام دەنگی گریانەکەی لە شانۆکە دەبیسترێت. / مینا قسەی لەگەڵ دەکات و یادەوەری یان خەیاڵەکەی سێبەری بەسەر نمایشەکەدا گرتووە.
لەکۆتایی دیمەنی یەکەمدا، مینا ئاماژە بەوە دەکات کە دەنگی نەشمیل لە هەموو شوێنەکانی ناوماڵ دەبیسترێت و ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ نەشمیل دەکات.
ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ نەشمیل سنووری ڕیالیزم دەبەزێنێت.
لێرەدا ماڵ تەنها شوێنێک نییە، بەڵکوو فەزایەکی دەروونییە کە یادەوەری، لەدەستدان و دڵەڕاوکێ تێیدا تێکەڵ دەبن. ئەم دۆخە زۆرجار لە کارەکانی “گۆگن”دا دەبینرێت. جیهانی دەرەوە لەگەڵ جیهانی ناوەوە تێکەڵ دەبێت و ئەنجامەکە فەزایەکی سیمبولی و فرە چینییە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت نەشمیل بە یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لە شانۆنامەکەدا دابنرێت، کارەکتەرێک، کە ئامادەبوونی لە ئاستی واقیعی بابەتیدا نییە، بەڵکوو لە ئاستی ئەزموونی سایکۆلۆژی و سیمبولیدا پێکهاتووە.
خاڵی هاوبەشی سەرەکی نێوان “گۆگن” و «ئاوازێکی بێدەنگ» دەتوانرێت لە چەمکی نەبوون و لەدەستچوویی بدۆزرێتەوە. لە کارەکانی “گۆگن”، مرۆڤ بەدوای بەهەشتێکی ونبوودا دەگەڕێت. لە شانۆنامەکەی “دانا ڕەئووف”، کارەکتەرەکان بەدوای شتێکدا دەگەڕێن کە چیتر نییانە:
متمانە و لە یەکتر نزیکیبوونێکی نەبوو و لەدەستچو. منداڵێکی ونبوو و لە ەستچوو. داهاتوویەکی ونبوو و تەنانەت خۆشەویستییەکی ونبوو.
ئێدگار دیگا و ئەستاتیکای ساتە تەواونەکراوەکان
ئەگەر “گۆگن” بە نیگارکێشی «لەدەستدان» دابنرێت، ئەوا دەتوانرێت “دیگا” بە نیگارکێشی ساتە تەواونەکراوەکان ناوببرێت. زۆرێک لە کارەکانی، ئەو تایبەتمەندییەیان هەیە، کە وەک بڵێی بەشێک لە ژیان لە ساتێکی ڕێکەوتدا وەستابێت. کارەکتەرەکان لە ناوەڕاستی جووڵەیەکدا، تێڕوانینێک، یان بارودۆخێکدا دەبینرێن و کارەکە پێش ئەوەی بگاتە کۆتاییەکەی، کۆتایی دێت. ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ پێکهاتەی “ئاوازێکی بێدەنگ” دەگونجێت.
شانۆنامەکەیش نە بە سەرەتایەکی تەواو دەست پێدەکات و نە بە کۆتاییەکی دیاریکراو کۆتایی دێت. بینەران تەنها بەشێک لە ژیانێک دەبینن، بەشێک کە ڕابردوویەکی نادیار و داهاتوویەکی نادیاریشی هەیە.
“ناوەوە، فەزای ناوژوور“
(Interior, 1868)
لە تابلۆکەدا، ژن و پیاوێک لە شوێنێکی داخراودا ئامادەن، هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە، بەڵام گرژی بە درێژایی وێنەکە بەردەوامە. بینەر نازانێت چی ڕوویداوە یان خەریکە ڕوودەدات، بەڵام هەست دەکات پەیوەندی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە لە قەیرانێکی قووڵدایە. هەمان تایبەتمەندی دەتوانرێت لە پەیوەندی نێوان مینا و پیاوەکەدت ببینرێت. هەر لە دیمەنی یەکەمەوە، گرژی نێوان ئەو دووانە ڕوون و ئاشکرایە:
پیاوەکە:
“دوو ڕۆژە قسە لەگەڵ کێ دەکەیت؟”
مینا:
“لەگەڵ کەس!”
بەڵام شانۆنامەکە هەرگیز ڕوونی ناکاتەوە، کە ڕەگی ئەم گومانە چییە. وەک تابلۆکەی “دێگا”، قەیرانێک هەیە، بەڵام بنچینەکەی بەتەواوی ڕوون نییە. لە ئەنجامدا، بینەران لە جیاتی ئەوەی دوای چیرۆکەکە بکەون، دەچنە ناو فەزای هەستیی و سۆزداری کارەکەوە. لە هەردوو کارەکەدا، ئەوەی گرنگە ڕووداوەکە نییە، بەڵکوو چۆنیەتی و کوالیتی گرژیەکەیە.
“ژنی کحۆلخۆر“
(The Absinthe Drinker / L’Absinthe, 1876)
ئەم تابلۆیە یەکێکە لە بەناوبانگترین کارەکانی “دیگا”، کە وێنەیەکی تەنیایی مرۆڤی مۆدێرن پێشکەش دەکات. ژن و پیاوێک لە تەنیشت یەکتر دانیشتوون، بەڵام دوورییەکی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە. ئەوان شوێنێکی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە دوو جیهانی جیاوازدا دەژین. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکەیش، لەگەڵ یەکترن، بەڵام گفتوگۆکانیان نابێتە هۆی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە.
نمونەیەکی ڕوونی ئەم حاڵەتە لە دیمەنی سێیەمدا دەبینرێت:
مینا:
“پێویستە قسەت لەگەڵ بکەم.”
پیاوەکە:
“پێویست ناکات… قسەکردن هیچ سوودێکی نییە”
مەودای نێوان ئەو دوو کارەکتەرە، جەستەیی نییە، بەڵکوو وجودییە. وەک کارەکتەرەکانی “دیگا”، ئەوان شانبەشانی یەکتر ئامادەن و لای یەکترین، بەڵام هاوکات دەروونیان لە یەکتر دوورە.
ڕەنگە گرنگترین پەیوەندی نێوان “دێگا” و «ئاوازێکی بێدەنگ» لە چەمکی ناتەواویدا بێت. شانۆنامەکە بە زنجیرەیەک پرسیاری بێ وەڵام کۆتایی دێت؛
چارەنووسی نەشمیل ڕوون نییە. پەیوەندی نێوان مینا و پیاوەکە دیاری نەکراوە. تەنانەت دوایین ڕستەکانی شانۆنامەکە، لەجیاتی کورتکردنەوە و وەڵامدانەوە، ناڕوونییەکە زیاتر دەکەن:
مینا:
“ئەو بێدەنگییەی نێوانمان بشکێنە، با بە بێدەنگی نەمرین…”
پاشان مۆمەکە دەکوژێتەوە و نمایشەکە تەواو دەبێت. ئەم کۆتاییە نابێتە هۆی داخستنی چیرۆکەکە، بەڵکوو دەبێتە هۆی هەڵپەساردنەکەی. لە کارەکانی دیگایشدا، زۆرجار ڕووبەڕووی ئەم جۆرە تایبەتمەندییە دەبینەوە. نیگارەکە پێش ئەوەی تەواو بێت دەوەستێت و ئەم تەواونەکراوەییە دەبێتە بەشێک لە مانای گشتی تابڵۆکە.
لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین کە «ئاوازێکی بێدەنگ» نەک تەنها لە ئاستی بابەت و ناوەڕۆکدا، بەڵکوو لە ئاستی پێکهاتەیشدا، لە ئەستاتیکای “دێگا” نزیک دەبێتەوە. پێکهاتەیەک کە تێیدا ساتە تەواونەکراوەکان، بێدەنگییە هەڵپەسێردراوەکان و پەیوەندییە ناجێگیرەکان، جێگەی گێڕانەوەیەکی داخراو و یەکلاکەرەوە دەگرنەوە.
دەرئەنجام:
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە، لێکۆڵینەوە لەسەر بوونی توخمەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم لە شانۆنامەی «ئاوازێکی بێدەنگ» لە نووسینی دانا ڕەئووف بوو. ئەنجامەکانی شیکردنەوەکە دەریخست، کە ئەم شانۆنامەیە، بێجگە لە گێڕانەوەیەکی درامی ئاسایی، لەسەر بنەمای نیشاندانەوەی ئەزموونی هەستی و سۆزداری کارەکتەرەکان دامەزراوە و لەم ڕوانگەیەوە، لەگەڵ هەندێک لە گرنگترین تایبەتمەندیەکانی ئەستاتیکای ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم تێکەڵ دەبێت.
لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە و گێڕانەوەی کارەکە دەریخست کە، تایبەتمەندی وەکوو:
١-گرنگی سات، نەوەک گێڕانەوەیەکی هێڵی.
٢-شێوازی بەکارهێنانی ڕووناکی و تاریکی.
٣-زەق کردنەوەی جیهانی تاکەکەسی و ڕۆژانە.
٤-زاڵبوونی هەست بەسەر لێکدانەوەی لۆژیکیدا.
٥-پێکهاتەی تەواو نەکراو و دووبارەبوو.
٦-زاڵبوونی بارودۆخ بەسەر کرداردا.
لە پێکهێنانی جیهانی شانۆنامەکەدا، ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن. لە ئەنجامدا، شانۆنامەکە هەوڵ دەدات لەجیاتی گێڕانەوەی چیرۆکێکی تەواو، کاریگەری سۆزداری ڕووداوەکان بگەیەنێت و ئەزموونی ژیانی کارەکتەرەکان نیشان بدات.
لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری کارەکە لەگەڵ کارەکانی بێرت مۆریسو و ڤینسنت ڤان کوخ و پۆل گۆگن و ئێدگار دیگا دەریخست، کە لەنێوان جیهانی شانۆیی «ئاوازێکی بێدەنگ» و هەندێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم هونەرمەندانە لێکچوونی بەرچاو هەیە. نیشاندانەوەی تەنیایی و خەمی ژنانە لە کەسایەتی مینا، نزیکی لە واقیعی دەروونی و ئەزموونی ناوەکی، ئامادەبوونی بەردەوامی لەدەستدان و ونبوون، هەروەها بەکارهێنانی پێکهاتەی تەواونەکراو و هەڵپەسێردراوی، لە گرنگترین خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوەی شانۆنامەکە و کارەکانی ئەم هونەرمەندانەن.
کەواتە، دەتوانین بڵێین «ئاوازێکی بێدەنگ» توخمە گرنگەکانی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزمی لەخۆیدا هەیە و بەشێکی گرنگی ئەستاتیکای خۆی بە تۆمارکردنی کاریگەرییە سۆزدارییەکان، بێدەنگییە مانادارەکان و ساتە ناجێگیرەکان بەدەست دەهێنێت. ئەم شانۆنامەیە لەجیاتی ڕوونکردنەوەی جیهان، کاریگەری هەستیی و سۆزداری جیهان لەسەر کارەکتەرەکان نیشات دەدات و ئەمەیش دەبێتە هۆکار، کە دەقەکە لە نەریتی ئیمپرێسیۆنیزم و پۆست ئیمپرێسیۆنیزم نزیک بکاتەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین:
شانۆنامەی «ئاوازێکی بێدەنگ» لە نووسینی «دانا ڕەئووف» بەرلەوەی وەکوو شانۆنامەیەکی ئاسایی بێت، وەک تابڵۆیەک وایە کە بۆ دەمێکی کورت زیندوو بۆتەوە، ڕۆحی هەیە و دووبارە بۆ بێدەنگییەکەی خۆی گەڕاوەتەوە.
ئەو کارانەی لە شیکاری بەراوردکاریدا بەکارهێنراون:
Berthe Morisot
The Cradle (1872)
Woman at Her Toilette (1875-1880)
Vincent van Gogh
The Starry Night (1889)
Bedroom in Arles (1888)
Paul Gauguin
Where Do We Come From? What Are We? Where Are We Going? (1897)
The Day of the God (Mahana no Atua) (1894)
Edgar Degas
Interior (1868)
L’Absinthe (1876)
سەرچاوەکان:
گامبریچ، ئێرنست هانس. (2019). مێژووی هونەر. وەرگێڕانی عەلی ڕامین تاران : چاپەمەنی نەی.
جۆنسن، ئێچ.دەبلیۆ. و وایلدەر، جێسی برایانت. (2017). مێژووی هونەر. وەرگێڕانی ڕۆیین پاکباز. تاران: بڵاوکردنەوەی کەلتووری هاوچەرخ.
ئیان چیلەرز، هارۆلد ئۆسبۆرن، (2021) شێواز و مەکتەبەکانی هونەر، وەرگێڕانی فەرهاد گۆشایش، تاران، ناوەندی چاپی مارلیک
دانا ڕەئووف،(۲۰۲۲) ئێوارەی بەر لە کۆتایی، ناوەندی کەپر.

