چه‌ند فه‌یله‌سوفێكی كه‌شتیه‌كه‌ Peter Struve, Nina Struve Vasiliy Bogucharsky, Nikolai Berdyaev, and Semyon Frank.

Loading

هەر فێرخوازێکی فەلسەفە ڕەنگە هاوڕا بێت کە فەلسەفە ڕەگی لەنێو میتۆلۆگی (ئەفسانە)دایە، بە تێگەیشتنێکی تایبەت لە میتۆلۆگییەوە سەری هەڵداوە. بۆ ئەوەی زۆر وردبین، فەلسەفە بەسانایی لە میتۆلۆگییەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو پتر لەوی کردووە و بووە بە جۆرێک لە جیهانبینییەکی گشتی بەرزتر. بەڵام دوای گەشەکردنی فەلسەفە میتۆلۆگی بەتەواوی لەناونەچووە. بەپێچەوانەوە، شێوازی هزری میتۆلۆگی لە کاریگەرینواندن لەسەر ڕەفتار و ڕوانگەی خەڵك بەردەوامە. میتۆلۆگی هێشتاش دەتوانێ بۆ هەر فۆڕمێکی پتر هۆشەکی یان بێداری فەلسەفە، نەیارێکی بڕیاردەر بێت.

میتۆلۆگی لەنێو ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر لە کاراییە ڕەسەنەکانی خۆی دۆڕاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاش بۆ هاوەڵیکردن و کۆمەکی هەر ئیدیۆلۆژییەک شتێکی نەشیاوی دەستبەردارییە. میتۆلۆگی لە کۆمەڵگە جوداکاندا، لەنێو فۆڕمی فرەچەشندا دەردەکەوێت، بەڵام بەتایبەتی لەژێر دۆخی حکومی تۆتالیتاریدا پتر گەشە دەکات.

بۆ ماوەی حەفتا ساڵ یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لەنێو هەوری ئەفسانەی کۆمۆنیستیدا لێرەبوونی هەبوو: هاڤڕکێی سۆسیالیستی، کۆمۆنیستی کرێکاری، کۆدی مۆڕاڵی بونیادنەری کۆمۆنیستی، تیمی کۆمۆنیستی کرێکاران، بەختەوەرترین منداڵیی، ڕێزمەندێتی بەرانبەر بەتەمەنەکان، خوێندن بەخۆڕایی، چاودێری تەندروستی بەخۆڕایی، شوقەی بەخۆڕایی بۆ ژیانکردن، هەروەها یەکەم لە بالێت، یەکەم لە ئاسمانگەڕی و ئەستێرەناسی، یەکەم لە وەرزشی ئامەتوێر، … هتد. پێچەوانەکەی بریتییە لە: پلانی دکتۆرەکان، کاریگەریی ناحەزی خۆرئاوا، زایۆنیزم، موزیکی ڕۆک، وەرزشی پیشەمەند (پڕۆفێشناڵ) … هتد ئاخر سەرجەم ئەمانە دەتوانن جێبەجێکردن (ڕیالیزەکردن)ی ئیدیالی کۆمۆنیستی تێکبشکێنن.

لە ئەمڕۆدا، زۆرێک لەو ئەفسانانە دیارنەماون. داخۆ ئەم پڕۆسەیە چۆن کاریگەری لەسەر ڕوانگەی خەڵکی ئاسایی ڕووسی هەبووە، پرسیارێکی فرە-ڕوو و قورسە. بەڵام سەرەڕای گۆڕانی فراوانی هەڵوێست و ڕەفتار لە ڕووسیای هاوچەرخدا، یەک شت ڕوونە. ئەویش بەڕێی پەندێکی بەناوبانگەوە دەربڕدراوە: ”هەر شتێک قەدەغە بکرێت ئەوا لە شوێنێکدا سەردەردێنێتەوە”.

چه‌ند فه‌یله‌سوفێكی كه‌شتیه‌كه‌
Peter Struve, Nina Struve Vasiliy Bogucharsky, Nikolai Berdyaev, and Semyon Frank.

یەکێک لەو شتانەی کە بەقووڵی لە فەلسەفەی سۆڤیەتی پێشوو قەدەغە بوو، زانین لەبارەی فەیلەسوفە ئیدیالیستەکانی ڕووسیای پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو. تەنیا چەند کەسێکی کەم دەیانزانی کە نووسینە فەلسەفییەکانیان لە کوێدا دانراون لەنێو کۆکراوە (کۆلێکشن)ی تایبەتی کتێبخانەی لینینی دەوڵەتدا. بەردەستێتی ئەم کۆکراوەیە زۆر سنووردار بوو. مۆڵەتی بەکارهێنانی تەنیا بۆ ئیدیۆلۆگیستە پڕۆفێشناڵەکان (فەیلەسوفان و مێژووناسانی کە لەو بیاڤە تایبەتەدا ئیشیان دەکرد) بوو، کە ئەم کتێبانەیان تەنیا بەشێوەیەکی ڕەخنەیی بەکاردەهێنا.  زۆرێک لە خەڵکی خوێندەواری ڕووسیای سۆڤیەت ئەم ناوانە: بێردیاڤ (Berdyaev)، بۆگدانۆڤ (Bogdanov)، بولگاکۆڤ (Bulgakov)یان تەنیا لەنێو ئیشە بەناوبانگەکەی لینین  ماتریالیزم و ڕه‌خنه‌ی ئه‌زموونگه‌رایی  ”Materialism and Empiriocriticism” دەبینی، هەروەها بەگشتی ئەوان ناوانی وەک سۆلۆڤیۆڤ (Soloviov)، شێستۆڤ (Shestov)، چیچێرین (Chicherin)، تروبێتسکۆی (Trubetskoy) فەیلەسوفانی ڕووسی درەنگانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمیان نەدەزانی، کە لە کتێبەکەی لینین ئاماژەیان پێنەدرا بوو.

فەیلەسوفانی ڕووسی کە لەنێو کتێبەکەی لینیندا ئاماژەیان پێدراوە وێنەیەکی زۆر ناحەزیان پێدراوە، ئیدێ فەلسەفەکانیان بەشێوەیەکی سەرەکی لەنێو جنێو، وشەی ناشرین، تۆمەتبارکردن و زێدەسادەکردنەوەدا شێوەیان پێدراوە. لێکۆڵینەوەی فەیلەسوفانی پێشووی ڕووسی لەسەر بنەمای وەسفەکانی لینین بۆ ئەوان، نەک خودی نووسینەکانی خۆیان، دەستپێکی زۆر ئەفسانەی ئیدیۆلۆژی بوو، بەتایبەتی ئەفسانەی دوژمنایەتی ڕەها و نەشیاوی لێ دەربازبوونی نێوان فەلسەفەی ئیدیالیستی ڕووسی و ڕێباوەڕی کۆمۆنیستی.

 

بەڕاستی ئەم ئەفسانەیە بەسانایی تەنیا دەربڕینێکی ڕەنگینی پێگەی ئیدیۆلۆژییەکی تایبەت نییە. بەڵکو هەروەها ڕەوایەتیدانێکی شاراوەیە بە کردارێکی سیاسی تایبەت کە لە ساڵی ١٩٢٢دا کرا. ئەم بڕیارە بریتی بوو لە ده‌ركردنی  بەناوبانگترین فەیلەسوفە ئیدیالیستەکانی ڕووسیا کە لەم کاتەدا زیندووبوون. ئەم کردارە بۆ مێژووناسەکان بە ”کەشتی فەلسەفە” ناسراوە، چونکە حکومەتی سۆڤیەت  هه‌ر دوو کەشتی  ( پڕۆیسن و شاره‌داری هاكن Oberbürgermeister Haken and Preussen)  ئەڵمانی بەکرێ دەگرێت کە لەسەر ئەم کەشتییانە پێشەنگەکانی پێشووی دیمەنی ڕۆشنبیری و هۆشجیهانی ڕووسییان بەزۆر کۆکردەوە و وەدەریاننان و وڵات به‌ده‌ریانكردن. 

 

كه‌شتی شاره‌داری هاكن كه‌ لینین فه‌یله‌سوفه‌كانی ڕووسیای به‌ره‌و مه‌نفا وڵات به‌ده‌ر كرد
Oberbürgermeister Haken

 

یەکێکی دیکە لە ئەفسانەکان بۆ ڕەوایەتیدان بەم کردارە ئەوەیە، کە وەدەرنان  و  وڵات ‌به‌ده‌‌ركردنیان بۆ قوربانییەکان خۆیان باشە، ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی ژیانیان یان لایەنی کەم پاراستنیان لە تاراوگەبوون لەنێو کامپەکانی کۆکردنەوەی بەزۆر لە سیبریا، چونکە چالاکییە شیمانەییەکانیان بەڕوونی سنوورەکانی دەشکاند کە لەلایەن ئیدیۆلۆژیی ماتریالیستی فەرمی سۆڤیەتەوە مۆڵەتی پێدراوە.  تەنانەت هەنووکەش بۆچوونی سەروەر لەنێو ڕۆشنبیرەکانی ڕووسیا ئەوەیە کە ڕۆیشتنی فەیلەسوفان ڕزگاربوونیان بوو و بۆ چارەنووسی ئایدیاكانیان باش بوو. بۆ نموونە گەورەترین گۆڤاری فەلسەفە لە ڕووسیا ‘Questions of Philosophy‘ (پرسیارەکانی فەلسەفە)، لە ساڵی ١٩٩٠دا دەڵێت؛

 ”لە سێ چارەسەری گریمانەکراودا بۆ ئەم کێشەیە کە لەو سەردەمەدا لەلایەن سەرکردایەتی پارتەوە دەبینرا، لەوانە کوشتن (گوللەباران)، دوورخستنەوەیان بۆ کامپەکانی سیبیریا، یان وەدەرنان، مرۆڤانەترینیان هەڵبژێردرا”.

 

له‌ 13.03.1968 له‌به‌رلین – خوێندكاران پۆسته‌ری (لیو ترۆسكی ) یان هه‌ڵگرتووه‌ – شۆڕشۆچكه‌ی ١٩٦٨

یەکێک لە ڕەوایەتیدانە ‘مرۆڤانەکان’ بۆ ئەم وەدەرنانە بەکۆمەڵە ساڵی ١٩٢٢ لەلایەن (لیۆن ترۆتسکی) یەوە پێشکەشکرا. ئەو دەڵێت:

”ئەو توخمانەی ئێمە ناردماننە دەرەوە یان لە داهاتوودا دەیان نێرینە دەرەوە لە ڕووی سیاسییەوە هیچ نین. بەڵام ئەوان چەکێکی گریمانەیین لە دەستی دوژمنەکانمان. لە نموونەی گرژیی سەربازی نوێدا، ئەمە ناتوانرێ وەدەربنرێ سەرەڕای سیاسەتە ئاشتیانەکانمان، ئەو توخمە دژە دەوڵەتانە دەشێ ببنە بریکاری سیاسی-سەربازی دوژمن. لە دۆخێکی وەهادا ئێمە دەبێت بەگوێرەی ڕێساکانی جەنگ ئەوان گوللەباران بکەین. لەبەرئەوەیە ئێمە پێمان باشترە ئێستا زووتر لە قۆناغی بێدەنگیدا وەدەریان بنێین. هیوادارم ئێوە پێزانین و ناسینی بڕیارە مرۆڤانەکەمان ڕەتنەکەنەوە…”

 

لە داکەوتدا، ئەم ڕەوایەتیدانە ‘مرۆڤانەیە’ بۆ وەدەرنانی بەشێكی گەورەی ڕۆشنبیرانی کاریگەر (ئینتەلێجنسیا)ی ڕووسی بەتەواوی گومانشیاوە. یەکەم؛ لە ڕوانگەی هاوچەرخەوە، ئەم بڕیارە پێشێلکردنێکی ناشرینی مافەکانی مرۆڤە: ژیانکردن لەو شوێنەی کە دەتەوێ، یان لایەنی کەم ژیانکردن لە وڵاتی خۆت. دووەم؛ لە پشتی ئاخاوتنە مرۆڤانەکەی ترۆتسکی خۆزگەیەکی شاراوە هەیە بۆ ئازادبوون لە پێگەی بەدەسەڵاتی ئەوان لە ڕووی توانستی هۆشەکییانەوە. سێیەم، ئەم کردارە مرۆڤانە نییە لە ڕووی بەرپرسیارێتی مێژوویییەوە. هیچ یەکێک مافی ئەوەی نییە بانگەشەی ”هەقیقەتێکی دەگمەن” بکات و مکووڕ بێت کە ئەم ”هەقیقەتە” تاکە و تەنیا ئەو بۆ گەشەندی مێژووی سەرجەم نەتەوە شیاوە.

 

سەرکردەکانی سۆڤیەت ژمێرەیەکی توندیان بۆ هەموو هەنگاوە پێویستەکان و هەموو ئەنجامەکانی وەدەرنانی فەیلەسوفە ئیدیالیستەکان کردبوو. ئەوان ئەمەیان لەبەر هۆکاری سیاسی نەک مرۆڤایەتی کرد. بەڵام دواتر کردارەکە بەڕاستی ڕوویەکی مرۆڤانەی وەرگرت بە بەراورد لەگەڵ تیرۆر و قەدەغەکردنی ئازادیی هزرین کە بۆ چەندین ساڵ سەرجەم وڵاتەکەی گرتەوە.

لەم گۆتارەدا ئێمە باسی ئەو ڕووداوە تراژیدییە و کاریگەرییەکانی لەسەر فەلسەفە و کولتووری ڕووسی دەکەین.

وەدەرنانی ڕۆشنبیرانی بەناودەنگی (به‌ناوبانگ) ڕووسی لە ساڵی ١٩٢٢ ڕووداوێکی بێپلان نەبوو، بەڵکو ڕیالیزەبوونی ئیدێیەک بوو کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا گەشەی کرد و پلانی بۆ داڕێژرا. سەبارەت بەوەی کە بەڕاستی کێ داڕێژەری ئەم پلانەیە، بۆچوونی جوداواز هەیە.  ل.ئا. کۆگان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە بیرۆکەی وەدەرنان دەکرێ لە هەمان کاتدا بۆ کەسانی جیاواز ڕووبدات، لینین بەبێ گومان هاندەر و سەرکردەی کردارەکەیە. مێژووناسی فەڕەنسی و پڕۆفێسۆری سۆڕبۆن م.سی. گێلەر هەمان بۆچوون دەردەبڕێت:”لینین داڕێژەری پلانی وەدەرنان بوو، هەروەها دامەزرێنەری سەرجەم سیاسەتی وەدەرنانی ئەو نوێنەرانەی کولتووری ڕووسی بوو.”

 

پڕۆسەکە لەنێو فەلسەفەی ڕووسیدا لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ەکانەوە دەستی پێکرد لەوانە گەشەکردنی دژایەتی نێوان فەلسەفەی ئیدیالیستی بە دەرکەوتنێکی میستیکیانەوە (کە زۆر باو بوو لەنێو ئاگایی پێشووی نەتەوەییدا) و جیهانبینی ماتریالسیتی فەرمی و تازەی دەوڵەت. لە ساڵی ١٩١٨دا نیکۆلای بێردیاڤ لە مۆسکۆ ئەکادیمیای ئازادی بۆ کولتوری ڕۆحی ڕێکخست. ڕۆحانێتی لەنێو نەریتی ڕووسیدا هەمیشە وەک شتێک پتر لە ناسینێک یان زانینێکی سادە دەردەکەوێت. ڕۆحانێتی پێشگریمانەی چۆنایەتی مۆڕاڵی و هەندێ تێگەیشتنی ئینتیوئیتیڤی تایبەتی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سەرجەم کۆمەڵگە، مرۆڤایەتی و گەردوون دەکات. لەم نەریتەدا فەیلەسوفانی ڕووسی بەناوبانگی وەک سێمیۆن فڕانک، ڤ.ئیڤانۆڤ و ف.ئەی. ستێپین کاریان کردووە، کە هەموویان لەزانیگەی مۆسکۆ وانەیان وتۆتەوە. درەنگتر لەژێر سەرکردایەتی لۆپاتین و ئیلیاندا، کۆمەڵەی سایکۆلۆژیی مۆسکۆ کارەکانی دەستپێکردەوە.  ئەم کۆمەڵەیە دابەشاندنێکی تایبەتی زانینگەی مۆسکۆی دەوڵەت بوو. کۆمەڵەی فەلسەفە لە سانت. پێترسبۆرگ دامەزرێنرا. لەنێو دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکەدا هۆنەرانی سیمبولیست: بێلیی و بلۆک هەبوون. کۆمەڵەی سۆسیۆلۆژی لەژێر ڕێبەرایەتی کاریڤ (Kareev) لە ساڵی ١٩١٩ دەستی بە کارەکانی کرد. یەکێک لە ئەندامە کاراکانی فەیلەسوف و سۆسیۆلۆگیستی بەناوبانگ پیتریم سۆرۆکین (Pitirim Sorokin) بوو. هەروەها هەر لە ساڵی ١٩١٩ کۆمەڵەی فەلسەفەی ست. پیتەرسبۆرگ بوژایەوە. نیکۆلای لۆسکی (Nikolai Lossky) و ڕادلۆڤ (E.L.Radlov) دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی نوێی فەلسەفە بەناوی هزر (Thought). هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کەم بەردەوام بوو. لۆسکی دەڵێ: ”ئێمە توانیمان تەنیا سێ ژمارە بڵاوبکەینەوە. چوارەم بۆ چاپ ئامادەکرابوو، کاتێک حکومەتی بۆلشەفیست بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکەی قەدەغەکرد.”

 

چەندین ڕێکخراوی فەلسەفی جودا و ڕێبازی جودا بۆ چارەسەرکردنی کێشە فەلسەفییە سەرەکییەکان لەو سەردەمەدا هەبوون. بەناوبانگترین فەیلەسوفەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ ڕوانگەی فەرمی مارکسیستیدا نەیاربوون. لەنێو بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەدا کتێبی ”The Intuitive Philosophy of Bergson and Logic” لۆسکی، گۆتارەکەی فڕانک بەناوی ”on the Methodology of Social Science”، کتێبی”East, West and Russian Ideas”ی کارساڤین، کتێبی ”The Main Problems of Lavrov’s Sociology, Militarism and Communism, Starvation as a Factor”ی سۆرۆکین، و کتێبی ”Oswald Spengler and the End of Europe ” کە لەلایەن بێردیاڤ، ستێپون و فرانکەوە نووسراوە. تەنانەت ناونیشانی ئەو ئیشانە فرەیی حەزی فەیلەسوفانی ڕووسی و ئاستی چالاکییەکانیان لە ١٩٢٠ەکاندا پێشان دەدات.

کۆگان دەنووسێ؛  ”لینین بەگرنگییەوە چاودێری چالاکی ئیدیالیستە ڕووسییەکانی دەکرد. لە کتێبخانەکەی کریملینیدا کتێبەکانی هەر یەک لە ئەلێکسیڤ، بێردیاڤ، بولگاکۆڤ، ڤۆلینسکی، ئیڤانۆڤ، ڕازمونیک، ئییان، کارساڤین، لاپچین، نۆڤگۆرۆستیڤ، ڕۆزانۆڤ، ستێپون، تروبێتکۆی، شفێت، فڕانک، لاکۆڤێنکۆ هەبوون؛ بەڵام نەک لەبەرئەوەی لینین هیچ هاوسۆزییەکی لەگەڵ تێڕوانینەکانیاندا هەیە. ئاخر زۆرینەی ئەو نوسەرانە ناویان لەنێو لیستی وەدەرنانەکەدا هەبوو.”

 

N. O. Lossky (1870-1965) and the opening page of the present book – نیكۆلای لوسكی

لۆسکی دەنوسێت: ”لە هاوینی ١٩٢٢دا زریانێکی نوێ، کە لەلایەن هیچ یەکێک لە ئێمەوە بیری لێ نەکرابووەوە، ئینتەلێنجسیای ڕووسی هەڵتەکاند. زینۆڤیڤ سەرۆکی سانت پیتەره‌سبۆرگ لە هەرێمی باکووری-خۆرئاوا، لە مۆسکۆ ڕاپۆرتی دا، کە ئینتێلیجێنسیا دەستیکردووە بە سەرهەڵبڕین. ئەو دەنووسێت گرووپی جودای ڕۆشنبیری کۆمەڵە دادەمەزرێنن و گۆڤار دەردەکەن، بۆ ساتێک ئەوان بە ڕێگەی جودا کرداردەنوێنن، بەڵام زوو یان درەنگ ئەوان ڕەنگە یەکبگرن و نوێنەرایەتی هێزێکی زۆر بکەن.”

 

لە ٣١ی ئابی ١٩٢٢دا ڕۆژنامەی (Pravda) ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەبارەی وەدەرنانی چالاکترین توخمە دژە-شۆڕشەکانی لەنێو پڕۆفیسۆرەکان، پزیشکەکان و نووسەرەکان لە باکووری وڵاتدا بڵاوکردەوە. بڕیارەکە لەلایەن بەشی سیاسی دەوڵەت (GPU)ەوە دەرکرابوو. ڕاگەیاندنەکە بەناوی ”یەکەم ئاگادارکردنەوە”وە بوو، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هیچ خێزانێکی تایبەت  دیاری نەکرابوو و ژمارەی ئەو کەسانەش کە دەبێ وەدەربنرێن ئاشکرا نەکرابوو. تەنیا ئەوە نوسرا بوو؛ کە زانا گەورەکان لەنێو وەدەرنراوەکاندا نابن. لە ڕاستیدا، لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هەندێک لەو کەسانەی کە وەدەردەنران، پێشوەخت دەستگیرکرابوون و واژۆیان پێکرابوو کە قایلن بە پارەی خۆیان ڕووسیا بەجێبهێڵن. ئەو خەڵکانەی توانایان نەبوو پارەی ڕۆیشتنی خۆیان بدەن، دەبوایە لە زیندان چاوەڕێی وەدەرنانیان بکەن.

 

بەڵام ڕاگەیەندراوەکەی ‘Pravda ‘ یەکەم ئاماژەی ترسناک نەبوو. لە زستانی ١٩١٨دا، دوای مانگرتنی ستافی سکولی تەکنیکی باڵای مۆسکۆ، لینین پێشنیازی دەرکردنی زۆر پڕۆفێسۆری دەرکرد. بە پەیڕەوکردنی پێشنیازەکەی لینین، لە کۆتاییدا حکومەتی سۆڤیەت گۆڕانکارییەکی تەواوی پڕۆفێسۆرەکانی دەستپێکرد نەک تەنیا لە سکوڵی تەکنیکی باڵا، بەڵکو نزیکەی لە سەرجەم زانینگەکاندا.

ئەو پڕۆفێسۆرە کۆنانەی ”کاردانەوە”یان هەبوو دەرکران و بە پڕۆفێسۆری نوێی ‘سوور’ (کۆمۆنیست) جێگەکانیان پڕکرایەوە. لۆسکی کە لە زانینگەی ست.پیتەرسبۆرگ پڕۆفێسۆر بوو، لەنێو دەرکراوەکاندا بوو. ئەو دەنووسێ:

‘تاکوو پاییزی ١٩٢١ حکومەتی بۆلشەفیستەکان زۆر کەم هاتبووە نێو پڕۆسەی پەروەردەوە، لایەنی کەم لە فێرکاری فەلسەفەدا. من دەم توانی ئیشەکەم وەک پێش شۆڕش بەردەوام بکەم… بەڵام لە ماوەی سێ ساڵدا بۆلشەفیستەکان ستافێکی نوێیان لە پڕۆفێسۆرە ‘سوورەکان’  لە زۆر بیاڤی زانستی ئامادەکرد. هەروەها لە پاییزی ١٩٢١دا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانستی دەوڵەت کرا بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کام لە پڕۆفێسۆرەکانی پێشوو پێویستە دەربکرێن… دوای ئەم بڕیارە بەشی فەلسەفەی زانینگەی ست.پیتەرسبۆرگ بەتەواوی تێکشکێنرا. سەرجەم مامۆستاکان و دوو پڕۆفێسۆر (من و لاپچین) دەرکراین. تەنیا ڤێدێنسکی وەک پڕۆفێسۆر مایەوە. بەڵام بۆریچیڤسکیش کرا بە پڕۆفێسۆر و داوای لێکرا کۆرسی لۆگیک بڵێتەوە لەتەک پڕۆفێسۆر ڤێدێنسکی کە پێشتر دەیوتەوە. ئەم بۆریچێڤسکییە لەلایەن بۆلشەفیستەکانەوە بۆ خوێندنی فەلسەفە نێردرایە دەرەوە. ئەو توانی بچێتە زانینگەی لۆسیان (Losain) لەوێ فەلسەفەی ئەپیکۆرسی خوێند. دوای گەڕانەوەی، دەستی کرد بە لێکچەری گشتی لەبارەی بابەتی وەک ‘سپینۆزا وەک ماتڕیالیست’. زانینی سەبارەت بە فەلسەفە زۆر سنووردار بوو. بۆ نموونە، کاتێک لەبارەی فەلسەفەی پلاتۆنەوە قسەی کردووە، فێرخوازەکان هەڵەکانیان بینیووە و پێی پێکەنیوون.”

 

لە ١٢ی ئازاری ١٩٢٢دا گۆتارێکی لینین ”لەبارەی واتای خەباتی ماتڕیاڵیزم” بڵاوکرایەوە. ئەمە گۆتارێکی پڕۆگرامی بوو کە بۆ پرسیارە ئیدیۆلۆژییەکان تەرخان بوو، لەم گۆتارەدا دەتوانرێ بەڕوونی وەدەرنانی ئینتێلیجنسیای لە داهاتوودا تێدا ببینرێ. لینین دەنووسێ ”کرێکاری ڕووسی دەسەڵاتی خۆی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتاش توانای بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتەی نییە، ئەگینا ئەو بەبەڕێزییەوە ئەو مامۆستا و ئەندامانەی کۆمەڵەی زانستی لادەبرد و بۆ وڵاتانی ‘دیمۆکراسی’ی خۆرئاوای وەدەردەنان.”

 

دیمیتریڤ ئیڤانۆڤیچ كورسكی 1874 – 1932 –  كۆمیساری سۆڤێتی – فۆتۆكه‌ی له‌ 1923 له‌ ئۆفسیه‌كه‌ی خۆیدا گیراوه‌.

زنجیرەی دووەمی ئەم شانۆیە نامەیەکی لینین بوو لە ڕۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٢٢دا بۆ کورسکی (Kursky) کۆمیساری گشتیی داد. لە نامەکەدا لینین ئارگومێنتی پێویستی هەموارکردنی یاسا دەکات، بەتایبەتی بەگوێرەی بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتیی کۆمیتەی ناوەندیی جێبەجێکار، داوای گۆڕینی لە سێدارەدان بە گووللەباران بۆ وەدەرنان لە وڵات (بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یان بۆ هەمیشە) دەکات، هەروەها پێویستە گوللەبارانکردن سزا بێت بۆ گەڕانەوەی نایاسایی. چوار ڕۆژ دواتر، لینین لە نامەیەکدا بۆ فێلیکس دزێردگینسکی (Feliks Dzerdginsky) گفتوگۆی ئامادەکاری بۆ وەدەرنانی نوسەر و پڕۆفێسۆرە ”دژەشۆڕشەکان”  دەکات.

ڕووداوی زیاتر بەخێرایی گەشەیان کرد. گۆڕانکاری لە یاسادا کرا، لیستی ئەو کەسانەی کە وەدەردەنران ئامادەکرا، بەڵگە بۆ تێوەگلان و تاوانبارێتییان کۆکرایەوە و دروستکرا. لە ١٠ی ئابی ١٩٢٢دا، یەکێتیی کۆمیتەی ناوەندیی جێبەجێکار فەرمانی وڵاتبەدەرکردن و لە هەندێک دەڤەری تایبەتدا شاربەدەرکردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە بەشداری چالاکی دژەشۆڕشیان کردبوو. کوسکۆڤا و پرۆکۆپۆڤیچ، لە یەکەمەکاندا بوون کە لە حوزەیراندا وەدەرنران؛ ئەوان سەرکردەی کۆمیتەی هاریکاری برسیەتی بوون، ئەم کۆمیتەیە گروپی سەرەکی بوو بۆ وەدەرنان لە مانگی ئابدا.

لە سەرەتادا شەپۆلێکی گرتن لە مۆسکۆ، سانت.پیتەرسبۆرگ و هەندێ شاری گەورەی دیکە دەستیپێکرد. بەگوێرەی لیستی پێشتر-ئامادەکراو خەڵکانی دیاریکراو دەستگیردەکران و دەخرانە زیندانەوە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ تا دوو مانگ لە زیندان دەهێڵرانەوە. لەم ماوەیەدا، لە زیندان ئەوانەی دەستگیرکرابوون دەبوایە ئاگادارکردنەوەیەک واژۆ بکەن، ئەگەر ئەوان گەڕانەوە ئەوا گوللەباران دەکرێن.

 

ئێمە دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە لیستی تەواوی ئەو کەسانەی وەدەرنران تاکوو ئێستا بەردەست نییە. ڕەنگە نەتوانینی ڕوونکردنەوەی دۆخەکە بەهۆی ئەوەوە بێت کە (GPU) بەڵگەکانی لەناوبردبێت بۆئەوەی بەنهێنی بمێنێتەوە. ئەوە زانراوە کە لە هەمان کاتدا لیستی جودا بۆ مۆسکۆ، پێترۆگراد و ئۆکراین کۆکرابووەوە. هەموو ئەو لیستانە دروستن و ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستەکاندا هەبوو و وەدەرنران گۆڕاوە. کۆگان ئاماژە بەوە دەدات کە لە بنەڕەتدا لە لیستی ئۆکراین ٧٧ کەس، مۆسکۆ ٦٧ کەس و پێترۆگراد ٣٠ کەس بوون. لە کۆتاییدا، دوای چەندین پێداچوونەوە، ١٦٠ کەس لیستکران بۆ وەدەرنان. لێکۆڵیارانی دیکەی نوێ ژمارەی وەدەرنراوەکان لە نێوان ٦٠ بۆ ٣٠٠ کەس دادەنێن. لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە زۆر ئاڵۆزە چونکە زۆرینەی وەدەرنراوەکان دوای گەیشتن بە ئەڵمانیا بە وڵاتانی جودادا بڵاوبوونەوە، زۆریان بۆ ئەمریکا، فەڕەنسا، چیکۆسلۆڤاکیا یان وڵاتانی دیکە ڕۆیشتن.

 

لینین له‌ شۆڕشی حه‌ڤده‌ی ئۆكتۆبه‌ردا قسه‌ده‌كات بۆ جه‌ماوه‌ری سۆڤێتی.

وەدەرنانی نوخبەی ڕۆشنبیری ڕووسی بەزۆری بە سیمبولی ”کەشتی فەلسەفە”ەوە پەیوەست دەکرێت. هەرچەندە فەیلەسوفان بەشێکی کەمی وەدەرنراوەکان پێکدە‌هێنن، ئەوان باشترین نوێنەرەکانی فەلسەفەی ئاینی-ئیدیالیستی ڕووسی بوون، کە پێیان دەگۆترا ڕێنیسانسی ئایینی ڕووسی.سەرنشینانی ”کەشتی فەلسەفە” دواتر یادی ئەوە دەکەنەوە کە جێهێشتنی ڕووسیا زۆر سەخت بووە، هەروەها دەستکردن بە ژیانێکی نوێ لە شوێنێکی دیکە زۆر سەختتر بووە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بەهەندوەربگرین ئەوان زۆرینەیان گەنج نەبوون. بۆ نموونە، لۆسکی ٥٢ ساڵ، بولگاکۆڤ ٥١، تروبێتسکۆی ٦٠، و بێردیاڤ ٤٨ ساڵ بوون. ئۆسۆرگینی نووسەر دێتەوە یادی کە هەر وەدەرنراوێک تەنیا بۆی هەبوو قاتێکی هاوینی و یەکێکی زستانی، دوو تەنورە بۆ شەو دووان بۆ ڕۆژ، دوو پانتۆڵ و دوو جووت گۆرەوی، لەگەڵ تەنیا ٢٠ دۆلاری هەنووکە لەگەڵ خۆیدا بەرێت. ئه‌و دەنوسێت ئەوان ڕۆیشتن بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ تەنیا بە چەند پێنییەک دەستپێکەن.

سەرەڕای وەدەرنانی، فەلسەفەی ڕووسی هەر بەردەوام بوو. فەیلەسوفەکان دوای وەدەرنانیان بەزۆر چەندین کتێبیان نووسی. بۆ نموونە، بێردیاڤ ”چەرخێن ناڤینی نوێ: هزراندن لەبارەی چارەنووسی ڕووسیا و ئەوروپا” (Berlin 1924)، ”جیهانبینی دۆستیۆڤسکی” (Prague 1923)، ”خۆ-زانین” (Paris 1949) و ”چارەنووس و کڕۆکی مرۆڤ” (Paris 1931)، ”سەرچاوە و واتای کۆمۆنیزمی ڕووسی” (Paris 1955) و چەندانی دیکە نووسی، لە سەرجەمدا، بێردیاڤ ٤٣ کتێب و نزیکەی ٥٠٠ گۆتاری نووسی. ئیشەکانی ئیان ئەمانە بوون ”لەبارەی بەرخۆدانی چەکداری دژی شەیتان” (Berlin 1925)، بەڵگەنەویستەکانی ئەزموونی ئایینی (Paris 1953). فڕانک ”زانینی زیندوو” (Berlin 1923)، ”ئایین و زانست” (Berlin 1924)، بناغەی ڕۆحانێتی کۆمەڵگە: دەروازەیەک بۆ فەلسەفەی جڤاکی (Paris 1939) و هی دیکەشی نووسی. زینکۆڤسکی، کە پێشتر (لە ١٩١٩) کۆچی کردبوو کتێبێکی گرنگی لەبارەی ”مێژووی فەلسەفەی ڕووسی” (Vol.1, Paris 1934, Vol.2, Paris 1950) نووسی.

ئەم لیستی ناو و ئیشانە بەئاسانی دەتوانرێ درێژەی پێبدرێت، بەڵام ئەمە زۆر گرنگترە کە هەوڵبدرێت هەڵسەنگاندنێکی وردتر بۆ ئەم زنجیرەیە بکرێت. دووبارە ئەوەت لە یاد بێت کە بۆچوونێک هەیە وەدەرنانی بەکۆمەڵ وەک کردارێکی مرۆڤانە دادەنێت بەبەراورد بە شیمانەی ئەڵتەرناتیڤی کوشتن بە گوللەبارانکردن. بەڵام شیاوە گومان لە پلە و بناغەی ڕاستەقینەی ئەم مرۆڤێتییە بکەین. بێگومان وەدەرنان لە کوشتن باشترە، سەرەڕای هەموو کێشە ماتڕیالییەکان، شەرمەزارییەکان و ئازارچەشتنە ڕۆحییەکان. بەڵام بۆچی ئێمە بەئاسانی سزای کوشتن وەک بناغە بۆ بەراوردکردن قبووڵ دەکەین؟ کێ مافی ئەوەی هەیە هەڕەشەی مەرگ لە خەڵک بکات تەنیا لەبەر ئیدێکانیان؟

 

لە ڕوانینێکی نەرمتری دوورخستنەوەدا، کە لە ساڵانی سۆڤیەتدا هاندەدرا، دەگۆترا وەدەرنانیان بۆ فەیلەسوفە ئیدیالیستەکان خۆیان باشە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی لە گوللەبارانکردن ڕزگاریان بوو، بەڵکو لەبەر داپۆشینی ڕوانگە فەلسەفییەکانیان و بایەخپێنەدانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ماتڕیالیزمەوە. ئەم ڕوانگەیە گریمانەی ئەوە دەکات فەلسەفەی ئیدیالیستی بەڕوونی هەڵەیە بۆیە پتر و پتر بێبایەخ دەبێت. بۆیە ئەگەر فەیلەسوفە ئیدیالیستییە بەناوبانگەکان لە ڕووسیای سۆڤیەتیدا بمابوونایەوە ئەوا ڕەنگە ئیدێکانیان تەنیا وەک شتێکی نائاسایی ببینرابوایە ئەمەش ڕەنگە تراژیدییەکی کەسەکی بوایە بۆ ئەوان. ئێمە بەکەسەکی وەها بیرناکەینەوە کە ئەم هاندەرە بۆ ئەو کەسانەی کە بەڕاستی بە بڕیاری وەدەرنانەکەوە خەریکبوون گرنگ بوو بێت. زۆر وێدەچێ سەرکردە ڕووسییەکانی ئەو کاتە تەنیا لە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ترسابن. لەبەر ئەم هۆیە ئەوان وەدەرنانی بەزۆریان لە خستنە کامپەکانی کۆکردنەوەی بەزۆر یان گوللەبارانکردن پێباشتر بووە. دەرەنجامەکانی ئەم کردارە بۆ چارەنووسی فەلسەفەی ڕووسی، ئاگایی نەتەوەیی و ژیانی ڕۆحانێتی چی بوو؟

 

ئێمە ناڵێین هەموو شتێک تەواو بوو لەنێو ڕوانینەکانی فەیلەسوفانی ئیدیالیستی ڕووسی یان هەموو شتێک لەنێو نووسینەکانیاندا بۆ ژیانی هەنووکە گرنگە. بەپێچەوانەوە بەباشی ئەوە زانراوە کە پێش شۆڕش، ئاگایی نەتەوەیی ڕووسی پتر مەیلی ڕووەو ژیانی سۆفییانە هەبوو، زانینی هۆشەکی لە زۆر باردا بەڕێی ئینتوئیسیۆنی سۆفییانەوە تێکدەشکێنرا. بەڕوونی مێتۆدی جڤاکێتی بەسەر ئازادیێتیدا زاڵە. بێگومان هەندێ لەو شتانە گۆڕاون. ئەمڕۆ هیچ کەسێک بەڕەهایی بەگوێرەی ڕێپێشاندەرییەکانی فەیلەسوفە ئیدیالیستییە ڕووسییەکانی درەنگانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم ناژین. ئەوەی ئێمە دەمانەوێ جەختی لەسەر بکەینەوە ئەوەیە ئیدێ نەریتییەکان بەڕێی مۆڕاڵی نەریتییەوە کۆمەک دەکرێن. گۆڕانی هێواش لەنێو ئەو چەشنە ئیدێیانەدا بەزۆری لە ماوەی گۆڕانی کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن و ڕێگە بە هەندێ جێگیریی جڤاکی دەدات بمێننەوە. بەڵام ئەوە مەترسیدارە هەموویان بە یەک پێکان تێکبشکێنیت. دوای شۆڕش حکومەتی نوێی سۆسیالیستی ڕووسیی ڕووبەڕووی داڕووخانی ئابووریی و ژیانی سیڤیل بوو، ئەوەی پێی دەگۆترێ داڕمان. زانستی سۆڤیەتی پێشوو ڕوونی کردبووەوە ئەمە بەزۆری بەهۆی بارودۆخە مێژووییەکان وەک دەرەنجامەکانی یەکەم جەنگی جیهانی، دەستتێوەردان و جەنگی ناوخۆ بووە. بەڵام ئێمە پێمان وایە داڕمانی خێرای بناغەی نەریتیی مۆڕاڵ یەکێک بوو لە بارودۆخە بنەڕەتییەکان بۆ ئەو داڕمانەی کە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕوویدا.

یه‌كه‌مین چاپی كتێبه‌كه‌ی لینین ؛ ماتریالیزم و ڕه‌خنه‌ی ئه‌زموونگه‌ری – ١٩٠٩ خانه‌ی په‌خش و بڵاكردنه‌وه‌ی Zveno
– مۆسكۆ.
Front cover of the first
edition of Materialism and Empirio-Criticism by V.I. Lenin. Published in 1909 by the Zveno Publishing House, Moscow.

بەگوێرەی ویستی سەرکردە سۆسیالیستەکان، مارکسیزم بوو بە ئیدیۆلۆژییەکی فەرمی، بەڵام مارکسیزمی مارکس نا، کە پتر تیۆرییەکی زانستییە و کراوەیە بۆ ڕەخنە و پرسیار و کێشەی چارەسەرنەکراوی هەیە. کاتێک مارکسیزم وەک ئیدیۆلۆژییەکی فەرمی لە کۆمەڵگەیەکی ڕاستەقینەدا دەگونجێنرێت، ئەوا پێویستە هەموو گومانێک لەبارەی گۆتنە تیۆرییەکانییەوە بسڕدرێتەوە. لەبەرئەوە هەر لە سەرەتای لێرەبوونی یەکێتیی سۆڤییەتەوە، مارکسیزمەکەی سادە دەکرێتەوە وبۆ مارکسیزم-لینینیزم. بۆ نموونە، لە ئیشەکەی لینین ”دەوڵەت و شۆڕش” هیچ ئاماژە نادرێت بە شرۆڤە قووڵەکانی ئەنگڵس سەبارەت بە ڕۆڵی ئەرێیی دەوڵەت لەکاتی سەرجەم مێژووی کۆمەڵگەی چینایەتی. یەک بیرکردنەوەی لینین ئەوەیە کە دەوڵەت مەکینەیەکە بۆ چەوساندنەوە بۆیە دەبێ هەڵبوەشێندرێتەوە. ئەمە زێدەسادەکردنەوەیەکی ڕوون و تەنانەت شێواندنی ئیدێ ڕەسەنەکانی مارکس و ئەنگڵسە.

 

تێزەکانی مارکس سەبارەت بە ڕۆڵی سەرەکی چینی کرێکار لەکاتی شۆڕشی سۆسیالیستی گۆڕاوە بۆ ڕێباوەڕێک کە دەبێ ڕۆڵێکی کاریگەر بنوێنێت لە تەواوی سەردەمی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ. ئەوە لەبیرکراوە کە مارکس بەهۆی نەبوونی زانینەوە لە لای چینی کرێکار سنووربەندییەکانی سەر ئەوانی دەبینی. پتر لەمەش ئەو دەنووسێت چینی کرێکار لە ماوەی شۆڕشی سۆسیالیستیدا خۆی تێکدەشکێنێ و لە ڕاستیدا سەرمایەدار و کرێکارەکان نوێنەرایەتی دژە جوداکانی هەمان نامۆبوونی مێژوویی دەکەن. لەم جۆرە لێهزرینانەوە بەڕوونی ئەو دەرەنجامە دەبرێتەوە کە چینی کرێکار ناتوانێ لە فراژووتنی کۆمەڵگەیەکی نوێدا تاکە هێز بێت. بەڵام ئەم تێگەیشتنە لەلای نوخبەیەک کە دەوڵەتێکی تۆتالیتار لەژێر پەچەی ئیدیۆلۆژیدا دادەمەزرێنێت، پێویست نییە و باسناكرێت.

یەک هێز کە ڕەنگە بیتوانی بووایە زێدەسادەکردنەوەی تیۆریی مارکس و گەشەکردنی کۆمەڵگەیەکی تۆتالیتار بوەستێنێت بەڕێی ڕۆشنبیرە سەرەکییە ڕووسەکان بوون کە وەدەرنران، ئەمەش بووە هۆی داخستنی شیمانەکانی دانوستانێکی فەلسەفی کراوە و سنووردارکردنێکی توندی دیموکراسیی ڕاستەقینەی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەروەها مارکسیزم تیۆرییەک کە لە وڵاتانی خۆرئاوا گەشەی کرد، لە ڕووسیا بەبێ ڕەخنە قبووڵکرا سەرەڕای ئەو فاکتەی کە مارکسیزم لە نیشتیمانی لەدایکبوونی خۆیدا لەژێر مەرجەکاندا کە هاوپەیوەند بوو بە گۆتنە سەرەکییەکانی فێرکارییەکانییەوە ڕیالیزە نەبوو. گۆڕانی دەستکرد و توندوتیژیی کۆمەڵگە کە لەلایەن مارکسیزمەوە بانگەوازی بۆ دەکرا، بۆ ملیۆنان خەڵک بووە هۆی دەرئەنجامی زۆر خراپ. گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت کە بۆردیاڤ پێشبینی ئەو مەترسییانەی کردبوو، ئاخر کاتێک هەوڵی بونیادنانی کۆمەڵگەیەک دەدەیت بەگوێرەی تاکە یەک پرنسیپی تیۆریی، ئەو مەترسییانە نەشیاوی لێ دەربازبوونن. ئەو دەنووسێت هەر پرنسیپێکی ئەبستراکت بەزەروورە سادەکردنەوەی لەنێو خۆیدا هەڵدەگرێت بۆیە هەوڵدان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە پەیڕەوی ئەم پرنسیپە بکات لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گەشەکردنی ڕژێمێکی تۆتالیتاری.

لە پێشەکی یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری ”پرسیارەکانی فەلسەفە”دا دڵسۆز بۆ ‘کەشتی فەلسەفە’ ئەوە دەوترێ: ”لەتەک وەدەرنانی فەلسەفە قۆناغی لێرەبوونی سێکتاریانیزم بۆ ئیدیۆلۆژیی کۆمۆنیست دەستی پێکرد. نەبوونی دانوستان لەگەڵ کولتور و هزرە فەلسەفییەکانی دیکەی جیهان لە کۆتاییدا بووە هۆی خۆ-تەرکیکردنی مارکسیزم و گۆڕانی بۆ دۆگما.” قورسە دژی ئەم گۆتنە ئارگومێنت بکەیت. ئێمە هەموومان کە خوێندنی باڵامان لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بوو هەستمان بە دەرەنجامەکانی گۆڕانی فەلسەفە بۆ دۆگمای مارکسیزم دەکرد. زۆرینەی ئینتەلێنجیسیای سۆڤیەتی پێشوو، بەتایبەتی ئەوانەی کە تەمەنیان لە سەرووی ٤٠ ساڵییەوە بوو، لەژێر کاریگەری فەلسەفەی ڕکوکینەدا بوون (یان لە باشترین دۆخدا ئەوان جیاوازبوون) و بەردەوامبوون لە باوەڕبوون بەوەی کە فەلسەفە بەسادەیی دیالێکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویییە.

بەداخەوە زۆرینەی فێرخوازەکانی هەنووکەمان، ئەو مەبەست و پلانانە وەدەردەنێن بۆئەوەی خۆیان ببن بە فەیلەسوفی پیشەمەند، هەروەها هەڵوێستێکی نەرێییان ڕووەو فەلسەفە هەیە. باجی جڤاکی ئەمە ئەوەیە کە خەڵکێکی کەم خواستی ئەوەیان هەیە خۆیان لە ڕووی کولتووری یان ڕۆحانێتییەوە پێشبخەن. ئەوان پتر ژیانێکی پراگماتیکی تایبەت پەسەند دەکەن و هەر چالاکییەک ڕووەو بەدەستهێنانی ئامانجی دروستی هاوبەشی جڤاکی بێت وەک واتادار وەری ناگرن. بۆیە هەڵوێستە مۆڕاڵییەکانیان وەها دەردەکەوێ کە تەنیا لەسەر بنەمای باوەڕە کۆنەکان یان ”کۆهەست”ە.

ئێمە پێشتر جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە کولتوری ڕووسی و فەلسەفەی پێش شۆڕش ناوەڕۆکێکی گەورەی میستیکی لەخۆگرتبوو، بەڵام پارادۆکسیانە وەدەرنانی ئەو خەڵکەی کە لە پلەی بەرزدابوون هەڵگرانی ئەو ناوەڕۆکە بوون لە ماوەیەکی درێژدا دۆخەکەیان باشتر نەکرد. بەپێچەوانەوە، ئێستا حەز بۆ میستیسیزم لە ڕووسیادا زیادی کردووە. لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمان بۆ فەیلەسوفە بەناوبانگە ڕووسییەکان، ئێمە هاوکات ناتوانین ئەوە بسەلمێنین کە نوسینەکانیان لەنێو ژیانی گشتیی هاوچەرخی وڵاتەکەماندا بەکاردەهێنرێن. شتێکی ناخۆش ئەوەیە کە زۆر لە فەیلەسوفە هاوچارخە ڕووسییەکان تەنیا لە بێردیافەوە کۆوت وەردەگرن بە هەمان شێوەی کە لە سەردەمی پێشوودا لە مارکسیان وەردەگرت.

ته‌واو

سەرچاوە:

 https://philosophynow.org/issues/31/The_Philosophers_Ship

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.