١
سه‌ره‌وه‌ختی جه‌نگ، ئه‌و ڕۆژگاره من ته‌مه‌نم سیانزه ساڵان بوو. به‌یانیه‌كی دووشه‌مه‌ی مانگی تهمووز بوو، باوكم دوای نیو كاتژمێر له ده‌رچوونی به هه‌ڵپه خۆی به ماڵدا كرده‌وه. پیاوێكی غه‌ریبه‌ی له‌گه‌ڵدا بوو. هاواری له دایكم كرد: ئافره‌ت، ئافره‌ت، له چ كاولبوویهكی؟…باوكم به ته‌واوی ته‌نگه‌تاو بوو.
ئه‌و ئان و ساته دایكم له گه‌وڕه‌كه مژووڵی دۆشینی مه‌ڕه‌كان بوو، كه كه‌وتبووه سووچی خواره‌وه‌ی حه‌وشه‌كه و سێبه‌ری دیواره‌كه كه‌وتبووه سه‌ر گوڵه‌كان. گوڵه‌كان هێشتا ته‌ڕبوون و ئاونگی شه‌وی به‌سه‌ره‌وه مابوو. دایكم له ئاستانه‌ی ده‌رگای گهوڕهكهوه سه‌ری وه‌ده‌رنا، ئه‌سكی ڕۆژه‌كه ڕێك ده‌یدا له ڕووخساری و چاوه‌كانی گرژكردبوو….
– ئه‌رێ تۆ شه‌رم ناكه‌ی، ده‌رودراوسێ هه‌موو گوێیان لێیه، بۆ وا ده‌نه‌ڕێنی، ئه‌و هاتوهاوارهت له چییه؟ تێم ناگه‌یه‌نی چی بووه؟!
دایكم به توڕهیهكهوه ئه‌وه‌ی گووت و سه‌تڵێ شیری به ده‌سته‌وه بوو، به ده‌سته‌كه‌ی تری ڕهفتهكهی ڕێك‌وپێك ده‌كرد.
پیاوه‌كه له‌ته‌نیشت باوكمه‌وه وه‌ك په‌یكه‌رێكی بێ جوڵه له‌ژێر هه‌یوانه‌كه‌وه قووت بووبۆوه، و هه‌ردووكیان له دایكمیان ده‌ڕوانی…باریكهلهیهكی باڵامییانی، ڕووخساری زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو و بێ ڕدێن، چه‌ناگه‌یه‌كی درێژی هه‌بوو، قه‌نافزی تا خوار گوێیه‌كانی درێژبووبۆوه. هه‌تاوه‌كو بڵێی خه‌سته و ماندوو دیاربوو، زۆر به زه‌حمه‌ت له‌سه‌ر پێیه‌كانی ده‌وه‌ستا. له‌وه‌ی ده‌كرد پێشی چه‌ند شه‌و و ڕۆژ بێ هیچی وه‌ده‌م نه‌كه‌وتبێ. به جله‌كانیه‌وه كه هه‌ر وه‌ك قه‌وزه‌ی هه‌ڵواسراو سه‌وز ده‌چووه‌وه، دیاربوو كه له‌به‌ره‌ی سه‌ربازه ئێراقییهكانه.
باوكم ڕووی وه‌رچه‌رخانده دایكم؛ ژنه‌كه میوانمان هه‌یه…هه‌ناسه‌یه‌كی دا‌و، بێئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی دایكم بكاته‌وه له‌گه‌ڵ غهریبهكهدا خۆیانكرد به میوانخانه‌كه‌دا و دانیشتن. منیش به دوایاندا چووم.
دایكم به به‌رده‌م ده‌رگای ژووری میواندا تیژ تێپه‌ڕی و خۆی به ناندێنهكهدا كرد. باوكیشمی بۆ ئه‌وێ بانگ‌كرد. من له‌به‌رده‌می غهریبهكهدا ڕۆنیشتم. ڕادوێكه له‌ده‌لاقه قووتیلهكهی پشت غهریبهكهوه ده‌نگی ده‌هات، گۆرانی ده‌چڕی. بیرم نییه كام گۆرانی بوو، لێ بێشك (عه‌لی مه‌ردان) بوو ده‌یچڕی.
تاپڕێكی لووله درێژ به دیواری به‌رامبه‌ریه‌وه به بزمارێكی ژه‌نگن هه‌ڵواسرابوو، بۆساتێك بێده‌نگ بوو. دواتر له گیرفانیدا ساكێكی (جزدان) ده‌ستی ڕه‌شی ده‌رهێنا و كردیه‌وه، سه‌رنجی له‌سه‌ر شتێك بوو، لێ نه‌مده‌زانی چییه. به ته‌واوی له من غافڵگیربوو. ده‌سته‌كانم ئاڵاندبووه یه‌ك و په‌نجه تهقێنهم ده‌كرد. لێ به حه‌په‌ساویه‌وه لێیم ده‌ڕوانی. په‌نجه‌ره باریكه‌كه له‌سه‌ر پشت كرابووه‌وه.
ڕه‌شه‌بایه‌كی گه‌رمی هاوینی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵیكردبوو. ئاسمان تژی له دووكه‌ڵ و بۆنی بارووت و بایه‌كه له په‌نجه‌ره‌كه‌وه خۆیدهكرد به ژووردا، گه‌رمی و وژهكهی مرۆڤییان توشی سه‌غڵه‌تی و بێ زه‌وقی ده‌كرد…غه‌ریبه‌كه سه‌ری هه‌ڵبڕی، سه‌رنجێكی خێرای ئاڕاسته‌م كرد، ویستی به‌ده‌م ئه‌وه‌وه شتێك بڵێ به‌ڵام بێده‌نگ بوو هیچی نه‌گووت. له‌و ئانه‌دا وێنه‌یه‌كی بچووكی له گیرفانی ساكهكه ده‌رهێنا و دایه ده‌ستم. ئه‌و ڕووخساره‌ی له وێنه‌كه‌دا بوو، وه‌ك مانگی چوارده ده‌دره‌وشایه‌وه، ده‌موچاوی گۆشتن و سپی، زوڵفی قهترانییهكی ئیسپرینگی و دووچاوی درشتی هه‌بوو. چهفیهیهكی ئه‌رخه‌وانی به ناسكی به سه‌ریدا دابوو، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كردبوو به ده‌نگێكی تا بڵێی نه‌رم و له‌سه‌رخۆوه گووتی؛ هاوسه‌رمه، غه‌ریبه‌كه. بۆ شه‌ش مانگ ده‌چێت نه‌مبینیووه…
له‌و ساته‌دا، ورته ورتی دایكم له ناندێنهكهوه هه‌ردووكمانی گوێ قوڵاغ كرد.
– ئه‌م به‌ڵایه‌ت له كوێ دۆزییه‌وه؟ هه‌ڵاتووی جه‌نگه؟ تێناگه‌م كه‌س هه‌یه به‌ده‌ستی خۆی ماڵی خۆی كاولكات. تۆ نازانی ئه‌وانه چ زاڵمێكن؟
– به‌یانی تا دونیا كاڵده‌بێته‌وه لێره ده‌ڕوا، تا ئه‌و كاتیش له گه‌وڕی مه‌ڕه‌كان داڵده‌ی ده‌ده‌ین…باوكم ئه‌وه‌ی گووت.
دایكم گووتی؛ ئه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێ له دراوسێكان پێی زانی؟.
– هیچ كه‌س به‌وه نازانێ…باوكم به دڵنیاییه‌كه‌وه ئه‌وه‌ی گووت.
دایكم ناهه‌قی ئه‌وه‌ی نه‌بوو، ئه‌و سه‌روبه‌نده هه‌ركه‌س له سه‌ربازی هه‌ڵهاتایه سزاكه‌ی گولهبارانكردن بوو، لێ داڵده‌دانی هه‌ڵاتووان سزاكه‌ی له‌وه سووكتر نه‌بوو.
له‌و كاته‌دا، باوكم وه‌ك شێر نه‌ڕاندی و بانگیكردم: كه‌نیشكه، كچم وه‌ره بۆ ئێره…
هه‌ستامه سه‌رپێ و به پڕتاو خۆم گه‌یانده ناندێنه‌كه و شانی گرتم و نه‌ختێك داچه‌میه‌وه و سه‌ری هێنایه نزیك گوێم؛
– له هیچ كوێ باسی ناكه‌ی باشه، ناڵێی هه‌ڵاتوویه‌ك له ماڵمانه…
باوكم به چه‌شنی باوكانی سه‌رده‌می به‌ربه‌ریه‌ت چاوی لێ سووركردمهوه و ئهوهیگووت و منیش؛ گووتم باشه.
نه‌قیزه‌یه‌كی تێسره‌واندم و گووتی؛ ده‌ی بڕۆ ئه‌و مه‌ڕانه له گه‌وڕه‌كه به‌رده و بیانبه بۆ شینایهكه، لای ده‌می نیوه‌ڕۆ بیانهێنه‌وه بۆ سه‌ر چه‌مه‌كه. لێیان غافڵگیر نه‌بی ها….
٢
نزێكی ماته‌می خۆر ڕهشهباكهی خست. ئه‌و ئێواره‌یه باوكم له سه‌كۆكه له‌سه‌ر پشت ڕاكشابوو، ڕادیۆكه‌شی له ژوور سه‌ریه‌وه دانابوو. شه‌وێك بوو له‌و شه‌وه ئه‌فسوون و دڵگیرانه‌ی هاوین، كه مانگ خه‌رمانه‌ی دابوو، ملیۆنان ئه‌ستێره دهجریوانهوه. گه‌رچی ڕۆژه‌كه‌ی زۆر گه‌رم بوو، لێ ئێواره كزه‌بایه‌كی فێنكی شه‌ماڵی هه‌ڵیكردبوو، دایكم به دیار كوانووهكهوه ههڵقونجابوو. گهردانهكهی له‌به‌ر تروسكایی ئاگره‌كه ئهبریسكایهوه. شیره‌كه له‌سه‌ر ئاوره‌كه كزه كزی پێكه‌وتبوو هاتبووه ده‌می كوڵان.
– ئافره‌ت، ده‌زانی هه‌ڵاتووه‌كه، سێ چوار منداڵی ورده‌ی هه‌یه، گوایه خه‌ڵكی سلێمانیشه، داماوه، دوو ساڵی ڕه‌به‌قه له سه‌ربازییه.
له كاتی فراڤین، وه‌ختێك به‌ده‌میه‌وه چوم و نه‌ختێك لای ههڵقوونجام ئه‌وانه‌ی دركاند و باوكم گێنگڵێكی دا و له‌وه زیاتر له‌سه‌ری نه‌ڕۆیی.
دایكم وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت كه‌فوكوڵی دڵی وه‌ده‌رنێت، مرته مرتی لێ په‌یابوو..
– ئاخر تۆ بڵێ ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانیه له‌پای چی؟ منداڵی ئه‌و خه‌ڵكه ڕه‌ش و ڕووته‌ت ههمووتدا به‌كوشت. تۆ چاوت به‌چی تێر ده‌بێت ها؟ نه‌وت و ئاو به ئێمه چی؟
– كچێ ئافره‌ت، ئافره‌ت، ئه‌و ده‌مه‌ت بگره، دارودیوار گوێی هه‌یه… باوكم به تۆنێكی نزیك له سرپه ئه‌وه‌ی گووت…
لێ وه‌ك ئه‌وه‌ی پلانییان بۆ دانابوو، هه‌ڵاتووه‌كه له گه‌وڕه‌كه نتق و خوستی له خۆی بڕیبوو، نه‌یده‌وێرا سه‌ر له كون بێنێته ده‌ر. شه‌وێكی مات بوو. تاریكی و بێده‌نگی له هه‌موو لایه‌كه‌وه باڵیان به‌سه‌ر دونیادا كێشابوو. بۆ چه‌ند ساتێك له ئاسمانه‌وه به‌نێو تاریكایهكهوه ده‌نگی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌ك هات و دواتر نه‌ما. نه وه‌ك شه‌وانی پێشوو ده‌نگی موشه‌كه زه‌به‌لاحه‌كان مێشكیان كاس ده‌كردین، نه زرم و كوتی ته‌یاره‌كان ئارامی له ئاسمان هه‌ڵده‌گرت.
دایكم ڕووی له ئاگره‌كه وه‌رگێڕا و سێبه‌ری جه‌سته‌ی كه‌وته سه‌ر باوكم،
– گوێ به ڕادیۆكه‌وه بنێ، بزانه چ خه‌به‌ره…
باوكم قسه‌كه‌ی ئه‌وی به‌لاوه به‌جێ بوو و ڕادیۆكه‌ی كرده‌وه و گوێ قوڵاغ بوو. گه‌رچی ئێمه له هیچ نه‌گه‌یشتین، له‌پڕ باوكم ڕاست بۆوه و چوار مشقی بۆی دانیشت، شادیه‌ك له ڕووخساری گه‌ڕا،
– ژنه‌كه، من گووتم ترست نه‌بێت. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت هێزه‌كان به‌رده‌وام له پێشڕه‌ویدان و به قوڵای دووسه‌د كیلۆمه‌تر چوونه‌ته خاكی دوژمنه‌وه.
– جا به ئێمه چی پیاوه‌كه؟ ئهملابێ، یان ئه‌ولا. سه‌ر به ده‌وڵه‌تی فارس بی، یان عه‌ره‌به بیابان نشینه‌كان حوكمت بكه‌ن، تۆ كووخهكهت له‌وه باشتر و به‌ڕه‌كه‌ت له‌وه درێژتر نابێت. ئه‌وه‌ی بۆت ده‌مێنێته‌وه ئه‌و دووسێ مه‌ڕه گه‌ڕه‌یه.
كات له نیوه‌شه‌و نزیك ده‌بۆوه. باوكم تا گه‌وڕه‌كه چوو سه‌رنجێكی ههڵاتووهكهیدا، كه بینی هه‌موو شتێك له جێی خۆیه‌تی، هاته‌وه سه‌ر سه‌كۆكه پاڵكه‌وته‌وه. دایكیشم ده‌ستیكرد به ڕاخستنی جێگه‌كان. منیش دورتهری به خامۆشییه‌وه دانیشتبووم و ئه‌ژنۆم له باوه‌ش گرتبوو. وه‌ك ئه‌و تازه لاوه‌ی خه‌مۆكی گرتوویه‌تی له فكران ڕاچوو بووم. هه‌موو شتێك باش ده‌هاته به‌رچاو.
هێنده‌ی نه‌برد به پڕتاو هه‌ستایه سه‌رپێ؛ گوێتان لێیه؟…دایكم ئه‌مه‌ی گووت و زیاتر گوێقوولاغ بوو. باوكم ڕاچه‌نی؛ چی؟… دایكم گووتی؛ دراوسێكانه مقۆ مقۆیانه،
باوكم هه‌ستایه سه‌رپێ و پێڵاوه‌كانی به‌سه‌ر پێوه‌كرد و به توێی كراسێكه‌وه ده‌رپه‌ڕیه ده‌ره‌وه. منیش به‌دوایدا هه‌ستام، دایكم پیلی گرتم و نه‌یهێشت به‌دوایدا بچم، بۆ خۆشی نه‌چوو، هه‌ردووك له چاوه‌ڕوانیدا ماینه‌وه.
چه‌ند خوله‌كیك دواتر، باوكم خۆی به حه‌وشه‌دا كرده‌وه. كه نزیك بۆوه گووتی؛ ژنه‌كه واته واتێك هه‌یه ده‌ڵێن هێزه‌كانمان له شاری “دیزه‌فول” شكاون و به‌ره و سنووره‌كان كشاونه‌ته‌وه. ئه‌مشه‌و بێ یان به‌یانی ده‌گه‌نه ئێره…دایكم ده‌ستیكرد به هاوار و خۆڕنینه‌وه؛ ئه‌ی چیبكه‌ین؟ پیاوه‌كه پێم ناڵێی چی له هه‌ڵاتووه‌كه بكه‌ین؟
باوكم به ته‌واوی شێوابوو، جێگه‌ی به خۆی نه‌ده‌گرت. هه‌ڵاتووه‌كه له گه‌وڕه‌كه به‌ده‌م هه‌را و زهناكهوه وه‌ده‌رهات. باوكم به نێو حه‌وشه‌دا ده‌هات و ده‌چوو، سێبه‌ره‌كه‌ی له‌به‌ر ڕووناكی مانگه‌شه‌و بچووكتر له قه‌باره‌ی ئاسایی، خۆی نیشانده‌دا. ئێمه‌ش هه‌موو به ده‌وریه‌وه وه‌ستابووین. وچانێكی گرت، و گووتی؛ ئا بیرم كه‌وته‌وه ده‌یبه‌م بۆ چیاكه، له ناو ئه‌و بێشه و ته‌متومانه كه‌س ده‌ستی پێناگات…
دایكم حه‌په‌سابوو، له وڵامدا هیچی نه‌گووت، ههڵاتووهكهش به هه‌مان شێوه ورته‌ی لێوه نه‌هات. هه‌ڵاتووه‌كه‌ی تا چیاكه برد، باوكم كه گه‌ڕایه‌وه هانكه هانكی پێكه‌وتبوو.
٣
لای ده‌می نیوه‌ڕۆ، سه‌ربازه‌كان گه‌یشتنه گونده‌كه‌ی ئێمه. ته‌یمانی حه‌وشه به ڕهشهباكهی دوێنێ لایه‌كی داته‌پی بوو و به ته‌واوی به‌و ناوه‌دا كه‌رت و په‌رت بوو بوو. سه‌ربازه‌كان كردبوویان به هه‌را و هه‌نگامه‌یه‌ك ئه‌و سه‌ری دیارنه‌بوو. بۆره له كووخهكهیهوه له‌سه‌ر چوارپه‌ل نیشتبووه زه‌وی و گوێقوڵاغ بوو. ده‌نگی زیله‌كان و ڕپهی پێیان تا كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك ده‌ڕۆیی و هه‌مووانی تووشی تۆقین كردبوو. گوونده‌كه له‌سه‌ر ڕێگه‌ی كشانه‌وه‌یان بوو. خه‌ڵكی له ماڵه‌كانیاندا خۆیان مات كردبوو. جگه له ههرپه و زه‌نای سه‌ربازه‌كان كه‌س ده‌رنه‌ده‌كه‌وت. باوكم له ئاستانه‌ی ده‌رگاكه دانیشتبوو، دایكیشم چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ره و ژووری ئه‌و. هه‌ردووك به سرپه ده‌دوان. له‌و كاته‌دا منیش هه‌ر چه‌ند هه‌نگاوێك له دووری ئه‌وانه‌وه گوێم به ڕادیۆكه‌وه نابوو، له‌م ئێستگه بۆ ئه‌و ئێستگه پێیدا ده‌چووم، لێ هه‌موومان ناشادییهك به ڕوومانه‌وه بوو. پێنج له سه‌ربازه‌كان خۆیانكرد به كووخهكهی ئێمه‌دا و هاتنه ژووره‌وه.
– به‌خێربێن، به‌خێربێن سه‌رچاوان… باوكم هه‌ستایه سه‌رپێ و به‌ره و پیریان چوو.
دایكم ڕووی گرژ بوو. لێ، دایكم هیچ كات وه‌ك باوكم نه‌بووه، هه‌رگیز ڕۆژێك له ڕۆژان نه‌مبینیووه به‌ده‌می ئه‌وانه‌وه بچێت كه به پۆستاڵه‌كانیان به‌ناو زهویهكانماندا تێده‌په‌ڕن و خه‌تی ڕاست و چه‌پ و خوار و خێچی بنی پۆستاڵه‌كانیان به‌سه‌ر قالییهكانمانهوه جێ ده‌مێنێن… بۆره مڕه مڕی لێ په‌یدا بوو، چاوه‌كانی سوورهه‌ڵگه‌ڕابوو، كه‌وتبووه سه‌ر چیچكان و لێكدا لێكدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بۆ شه‌ڕێكی سه‌خت ئاماده بكات ، چنگی له‌زه‌وی گیر ده‌كرد. و. لێ هه‌ر كه چاوی كه‌وت به تفه‌نگه كانی ده‌ستیان، قروسكه‌یه‌كی لێوه‌هات و ترووكایهوه و چووه‌وه ناو كووخهكهی وهڵكهوتهوه.
هه‌ر چوار پێنجێكیان ده‌ستیان له‌سه‌ر میلی تفه‌نگه‌كانیان بوو، دووان له سه‌ربازه‌كان خۆیان كرد به ژووردا و سیانه‌كه‌ی تر له حه‌وشه مانه‌وه. بۆنی بخوور به نێو ماڵه‌كه‌دا پهنگابوویهوه، دوكه‌ڵه كه‌م و خامۆشه‌كه‌ی وه‌ك په‌ڵه هه‌وری سپی بۆ ساتێك ده‌رده‌كه‌وت و بڵاو ده‌بووه‌وه. یه‌ك له سه‌ربازه‌كان هێشتا دوو تاڵ له ڕدێنی سه‌ری نه‌كێشابوو، باریكهلهیهكی سپیلكه‌ی ده‌مڕووت بوو،.ده‌مووچاوی ورد، كه ده‌جوڵایه‌وه جه‌سته‌ی بۆن هه‌ناری گهنییوی ده‌دا. چه‌ند هه‌نگاوێك له دایكم هاته پێش و لووله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی ئاڕاسته كرد؛ كوڕه‌كه‌ت له كوێیه پیرێژن؟
دایكم هه‌ست و خوستی نه‌كرد.
– كه‌ڕی؟ گوێت لێم نییه؟ ده‌ڵێم كوڕه‌كه‌ت له كوێیه؟… سه‌ربازه‌كه وه‌ك شێر بهسهردایكمدا نه‌ڕاندی.
– هه‌ر ئه‌و كچه‌م هه‌یه… دایكم به ده‌ستی ئاماژه‌ی بۆ من كرد.
– درۆمه‌كه…
– به‌ڕاستمه…
به نێو ماڵه‌كه‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون. ده‌ستیانكرد به پشكنینی ژووره‌كان. كڵاو جامانه‌كه‌ی باوكم، ده‌رپێ و مهمكدانهكهی دایكم، كه تا ئه‌و ده‌م جگه له باوكم ده‌ستی هیچ كه‌سی نهگهیشتبوێ، مه‌نجه‌ڵ و قاپه‌كان، به‌وناوه‌دا په‌رشوبڵاو بووبوونه‌وه و توڕیان دابوو. ئه‌ویتر ئه‌فسه‌رێك بوو، دوو ئه‌ستێره به‌سه‌ر شانه‌كانیه‌وه بوو. پیاوێكی كه‌ته‌ی ڕدێن تراش، ڕه‌شتاڵه‌یه‌كی چاو و برۆ ڕه‌ش، قژێكی ماش و برنجی هه‌بوو. به ئاسووده‌ییه‌وه به نێو ماڵه‌كه‌دا ده‌هات و ده‌چوو. كه گه‌شته لای، ده‌ستی خسته سه‌رشانی سه‌ربازه مێرد منداڵه‌كه، كه له ده‌می هه‌یوانه‌كه به ته‌نیشت كووپه ئاوه‌كه‌وه وه‌ستابوو…هههه… قاقایه‌كی گاڵته ئامێزی به ڕووی باوكمدا لێدا و گووتی؛ پیره پیاو، ئه‌مه ده‌بینی؟…پتر له جارێك ئه‌وه‌ی دووباره كرده‌وه و ده‌ستی به‌سه‌ر شانی سه‌ربازه‌كه‌دا… و پاشان گووتی؛ ئه‌مه دایكی كورده و باوكی عه‌ره‌به، ئه‌ویش وه‌ك ئێوه ئه‌و خووه‌ی هه‌یه، چاكی پان ده‌كاته‌وه و سه‌ری پێوه‌نیه بۆ ماستاوكردن…. ئه‌مه‌ی گووت و به‌رده‌وام بوو؛ بیستومه كه‌سانی وه‌ك ئێوه ده‌ستگیرۆیی هه‌ڵاتووه‌كان ده‌كه‌ن؟
– شتی وا نیه گه‌وره‌م…. باوكم وایگووت.
– ها كوڕی گه‌واد، نایكه‌ن…نایكه‌ن!…ئه‌مه‌ی گووت و به حیرس و توڕه‌ییه‌وه زله‌یه‌كی سره‌وانده باوكم. له‌به‌ر بێهێزی به‌لادا هات و كه‌وته سه‌ر به‌ڕه‌كه و پاشان گووتی؛ ده‌ی كوڕینه، بكه‌ونه حه‌ره‌كه…ئه‌مه‌ی گووت و هه‌ر چوار پێنجێكیان ماڵه‌كه‌یان به‌جێهێشت.
ده‌می نیوه‌ڕۆ بوو، خۆر به‌ته‌واوی چه‌قی ئاسمانی گرتبوو، ڕۆژێك بوو له‌و ڕۆژه ههتاویانهی هه‌موو جێیه‌ك سهرابی لێ هه‌ڵده‌ستا، مرۆڤ ده‌بوو ساڵوهزی لێ بكات و به‌ده‌می ئیش و كاره‌كانه‌وه بچێت. هه‌موو خه‌ڵكی گونده‌كه ورد و درشت له گۆڕه‌پانه‌كه خزییبوون. ههڵاتووهكهم بینیی به پارچه قوماشێكی ڕه‌ش چاوه‌كانی به‌سترابوونه‌وه. هه‌مان ئه‌و غه‌ریبه‌یه‌ی به‌یانی دوێنێ له‌گه‌ڵ باوكم خۆیانكرد به حه‌وشه‌دا. قسه‌كه‌ی باوكم وه‌بیر هاته‌وه كه گووتی؛ ده‌یبه‌م بۆ چیاكه، ئه‌وێ شوێنێكی بێشه و ته‌متومانه، له‌وێ كه‌س ده‌ستی وێ ناگا…
دوو سه‌ربازی گه‌نج ئه‌ملاو لای پیلیان گرتبوو، به‌دارێكه‌وه به‌ستایانه‌وه. له‌وه ده‌چوو به ته‌واوی ده‌ستی له دونیا شۆردبێت، ئه‌م هه‌سته‌ی له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وت، نه‌ده‌جوڵایه‌وه، وه‌ك په‌یكه‌رێكی بێ جوڵه به داره‌كه‌وه وشك هه‌ڵاتبوو، لێ جه‌سته‌یه‌كی بێ گیان بوو. سه‌ربازه‌كه به دووری پێنج مه‌ترێكه‌وه لووله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی ئاڕاسته‌كرد، دوای سێ بۆ چوار خوله‌كێك، خڕه‌ی ڕاكێشانی میله‌كه هه‌مووانی ڕاچه‌ناند. دایكم ویستی چاوم بگرێت به‌ڵام نه‌مهێشت. ده‌نگی سێ گوله به دوای یه‌كه‌وه هات، قهوانهكان یه‌ك دوای یه‌ك به‌ر زه‌وی كه‌وتن، گوله‌كان به دوای یه‌كه‌وه جه‌سته بێجوڵهكهیان ئه‌نجن ئه‌نجن كرد و چوونه قه‌فه‌زه‌ی سینگیه‌وه…بۆنی بارووت و چه‌قه و هه‌رای خه‌ڵكه‌كه به دوای دا باڵنده‌كانی بۆ ئاسمان هه‌ڵفڕاند. بۆ ساتێك گێنگڵێكی دا‌و به دوایدا مت بوو. وه‌ك كانیه‌كی تهقییو خوێن له جه‌سته‌ی چۆڕاییهوه و به نێو خۆڵه‌كه‌دا جۆلاوگهی به‌ست. دڵم تێكههڵات و به دوای دا ڕشامه‌وه. تا سه‌ربازه‌كان كهوتنهجوڵه و گووم بوون، لاشه‌كه هه‌ر له‌وێ مایه‌وه. وێنه‌كه به‌ته‌نیشت لاشهكهوه تێكه‌ڵ به خۆڵه‌كه بوو، چاوه درشته‌كانی به نیگایه‌كی ته‌ماوییه‌وه له جه‌سته‌ی خوێناوی پیاوه‌كه‌ی ده‌ڕوانی.