شاكر شه‌مشوون له پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی له ته‌نیشتم داده‌نیشت، ئه‌و به كه‌له‌ش له هه‌موومان زرپه‌ستوورتر بوو و كه‌سی نه‌ده‌وێرایێ، شه‌ڕی به دار و به‌رد ده‌فرۆشت و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ تڕی خۆی شه‌ڕوشۆڕی بوو. ئه‌وه‌نده هاروهاج بوو، هاوته‌مه‌نانی ئه‌وكاتی له (كۆڵانی عاره‌بان) ناسناوی شه‌مشوونیان له‌قه‌به‌ڵ خستبوو…شاكر كوڕی قۆنتهراتچییهك بوو و ئه‌وكات ڕۆژانه‌ی ئێمه پێنج فلس بوو، ئه‌و هه‌موو ڕۆژێ سه‌ت فلسی ده‌درایێ، سه‌ت فلسه گه‌وره‌كه‌ی كه لایه‌كی دروشمه پرشنگداره شێوه ئه‌ستێره‌ییه‌كه‌ی كۆماری عیراق و لایه‌كه‌ی دیكه‌ی وێنه‌ی گوڵه گه‌نم و گوڵه جۆیه‌كی له‌سه‌ر بوو. شاكر له ماڵه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستان ڕاگیرابوو، ماڵی له‌ناو قه‌سران بوو و ڕۆژانه مام ڕه‌مه‌زانی شوفێری تاكسی ده‌یهێنا و كه ده‌وامیش ته‌واو ده‌بوو ده‌یبرده‌وه.
شاكر قوتابییه‌كی زیره‌كیش بوو و زۆر كه‌یفیشی به من ساز ده‌بوو, ئه‌وكاتیش وه‌ك من شیعری كوردیی زۆر له‌به‌ربوو و له پشووی نێوان ده‌رسه‌كان له من جیانهدهبۆوه. له‌و ساڵییه‌وه كه ده‌یكرده نزیكه‌ی بیست ساڵی خشت له‌مه‌وبه‌ر كه من و عه‌بدولڕه‌زاقی برام له ده‌ست هه‌ندێك له مامۆستا غهددارهكانی قوتابخانه‌كه‌مان، سه‌ری خۆمان هه‌ڵگرت و چووینه قوتابخانه‌ی هه‌ڵگورد، ئیدی من شاكرۆكم نه‌دیته‌وه و تا ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كان و لێم بزر بوو…ئێواره‌یه‌كیان شاكرم له ته‌یراوه لای ته‌جنیده كۆنه‌كه دیته‌وه كه له‌سه‌ر عاره‌بانه‌یه‌ك خه‌ریكی پاقلاوه خواردن بوو. ئه‌وكات من شه‌ش ساڵ بوو خوێندنی كۆلێجیشم ته‌واو كردبوو و بێپاره و لاتوپات بووم و ڕۆژ هه‌تا ئێواره له‌م كۆڵان بۆ ئه‌و كۆڵان تێی وهردهسووڕام. خه‌ڵك به گشتی ئه‌وكات بێ پاره و نه‌دار بوون، به‌ڵام شاكر به‌ڕكی پڕی پاره بوو. شاكر به خورتی پاقلاوهشی دهرخوارددام. لێم‌پرسی:
– شه‌مشوون گیان ئێستا چ كاره‌ی؟
گووتی؛ كاری چی؟ هیچ ئیش و كارم نییه…
خه‌ڵك ئه‌و ساڵانه به لێشاو له كوردستان هه‌ڵده‌هاتن و سه‌ره‌ڕۆیانه به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا ڕێی هات و نه‌هاتیان هه‌ڵده‌بژارد و تێ‌یان ده‌ته‌قاند، من وه‌ك ئێستام نه‌بووم و ئه‌وكات و ئێستاش قه‌ت مه‌راقم چوونه ده‌ره‌وه نه‌بووه.
گوتمه شاكر؛ ئه‌و خه‌ڵكه وا ڕوو له وڵاتان ده‌كه‌ن، خێره جه‌نابت ناڕۆی؟خۆ پاره‌شت زۆره.
شاكر وه‌رامی دامه‌وه؛ بۆ كوێ؟
گووتم؛ مه‌به‌ستم خاریجه!
شاكر شه‌مشوون سه‌رێكی بادا و وه‌ك بڵێی به گێلم تێبگات. گووتی گوێ بگره برایێ خۆم، من له سه‌ره‌تای راپه‌ڕین چوومه سوید و چه‌ند مانگێك له‌وێ مامه‌وه، كه‌چی نه‌حه‌وامه‌وه..
قسه‌كه‌یم به‌لاوه سه‌یر بوو، گوتم: باشه سه‌به‌ب؟
گووتی؛ كاكه گیان، ئاوڕه‌حمانی برا، سه‌گ له قه‌سابخانه‌ی نه‌مری عومری به خه‌ساره. چما نازانی سیسركه له ئاوده‌ست بهێنرێته ده‌ره‌وه، ده‌موده‌ست ژانه‌سه‌ر ده‌یگرێ؟!
ده‌با له‌باره‌ی هه‌ندێ، چیڕۆكێكت بۆ بگێڕمه‌وه. شاكر شه‌مشوون ده‌ستی كرد به گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كه‌ی:
شاعیری فارس سایب ته‌ورێزی كه چوار سه‌د ساڵێك له‌وه‌وبه‌ر له سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌كان ژیاوه و شا عه‌باسی دووه‌م ناسناوی میری شاعیرانی دایێ، چیرۆكێكی هه‌یه كه ده‌ڵێت؛ نێره‌كه‌رێك له گوندێك هه‌بوو، خاوه‌نه‌كه‌ی و كه‌سوكاری و خه‌ڵكی گونده‌كه زۆریان ئه‌زیه‌ت ده‌دایه به‌ر، له مه‌لا بانگدانه‌وه خاوه‌ن ماڵ به قامچییان له‌سه‌ر پشتی بوو تا دره‌نگانی شه‌و. ده‌یبرده سه‌ر بیر و ده‌ولكی ئاوێی تێده‌خست و ئاوی نیوه‌ی گونده‌كه‌ی له بیر پێ ڕاده‌كێشا، پاشان ده‌یبرده قه‌سه‌ران، ئینجا سه‌ر جۆخین و مۆخین و پووشباركردن و ته‌پاڵه و مهپاڵه و ئیشوكارێكی یه‌كجار زۆری پێ ده‌كرد و به‌رده‌وامیش وهریدهگهڕایێ و قامچییهكهی له پشتی نه‌ده‌كرده‌وه…ڕۆژێكیان كه‌ره‌كه بیریكرده‌وه واچاكه ته‌گبیرێ له خۆی بكا و له‌و ژیانه ناله‌باره‌ی خۆی ڕزگار بكات. ئه‌وه‌بوو به‌یانییه‌كیان زۆرزوو به‌ر له مه‌لا بانگدان كورتانهكهی فڕێ‌دا و قهڕاسهكهشی پساند و له خانه‌كه‌ی هاته ده‌ره‌وه و گووتی؛ واچاكه ڕوو له گوندێكی تر بكه‌م، ژیانی من لێره نه‌ماوه…ئه‌وه بوو هه‌ڵته‌ك هه‌ڵته‌ك ملی ڕێی گرته‌به‌ر و بۆ ئێواره‌كه‌ی گه‌یشته گوندێكی تر كه به‌هارێكی خۆش بوو و هه‌موو دونیا كه‌سك ده‌چۆوه، له خۆشییان هه‌ر زه‌ڕوهۆڕی بوو و بێ مناسه‌به لووشكه‌ی ده‌وه‌شاندن و مشوهۆڕی هه‌ناسه‌ی وای له كونه كهپووهكانی كردبوو كه تێر هه‌ڵمژینی بای به‌هارێ نه‌ده‌بوو. له گونده‌كه كه‌وته باخچه‌یه‌ك تێروپڕی خوارد و تا خاوه‌ن باخچه‌كه گرتییه‌وه و به ناز و نیعمه‌ته‌وه حه‌واندییه‌وه، هیچ كه‌س ئیشی پێ نه‌ده‌كرد، جاروبار قهڕاسهكهیان ده‌كرده‌وه و پیاسه‌یان پێ ده‌كرد. له خواردن و قهرسهقولڕین به‌ولاوه، نه ئیش نهكار قه‌ت هیچی نه‌بوو، ببووه دابهستییهك تا ده‌هات قه‌ڵه‌و ده‌بوو، كه‌ره ته‌ندروستییه‌كی یه‌كجار باشی هه‌بوو و به‌رده‌وام له خۆشییان زه‌ڕوهۆڕی بوو…ڕۆژگارێ وا به‌سه‌ر چوو، ورده ورده خه‌ریك بوو له‌و ژیانه پڕ ئاسووده‌یی و پڕ جۆ و ئالیك و لووشكه وه‌شاندن و زه‌ڕینه‌ی بێزار ده‌بوو، كه‌س نه‌بوو ئیشێكی پێ بكات، ئیتر ڕۆژگار هات و ڕۆژگار ڕۆیی، كه‌ره ئالیكی ورده ورده كه‌م ده‌بۆوه و هه‌ستیكرد كه له ڕووی ده‌روونییه‌وه ناله‌بار و په‌شێوه، خه‌وی هورده هورده كه‌م ده‌بۆوه و به‌رده‌وام بیری لای خاوه‌نی پێشووی و كۆڵباری و ژانی قامچی و گونده‌كه‌ی جارانی و زێد و مه‌فته‌نی باب و باپیرانی بوو، ئه‌وه بوو بڕیاریدا كه شوێنه تازه‌كه‌ی به‌جێ بێڵێ و بڕواته‌وه گونده‌كه‌ی خۆی و بچێته‌وه لای خاوه‌نی جارانی. سبه‌ینه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مه‌لا بانگدان به‌ر له شیڕه‌شیڕ قهڕاسهی پساند و به‌بن سیم و میمان ئاودیوی ده‌ره‌وه بوو و هه‌ڵكوت هه‌ڵكوت به‌ره‌و زێدی خۆی ڕۆیشته‌وه. كه‌ره له‌ڕێ تووشی نێره‌كه‌رێكی وه‌ك خۆی بوو و لێی پرسی؛ هااا براله خه‌ریكی چیی؟ ئه‌وه به‌م به‌یانییه بۆ كوێ ده‌چی كه‌ره گیان؟!…كه‌ره‌ی تر وه‌رامی دایه‌وه ؛ به‌خوا برا گیان من بڕیارم داوه له‌م گونده هه‌ڵێم، چونكه به‌رده‌وام ئیشی یه‌كجار قورسم پێ ده‌كه‌ن و ئیهانه‌م ده‌كه‌ن و زۆرم لێده‌ده‌ن و قامچییان له پشتم نابێته‌وه و منیش ئه‌و سه‌رشۆڕی و ئێش و ئازار و نامهردییهم پێ قه‌بووڵ ناكرێ، بۆیه ده‌ڕۆم و سه‌ر هه‌ڵده‌گرم بۆ گوندێكی تر‌و نامبیننه‌وه، با بزانم چۆن ده‌بێ. كه‌ره‌ی په‌شیمان و گه‌ڕاوه وه‌رامی دایه‌وه؛ برایێ خۆم به قسه‌ی من ده‌كه‌ی وه‌ره وه‌ك من بكه و بگه‌ڕێوه گونده‌كه‌ی خۆت، سوڕ ده‌زانم په‌شیمان ده‌بیه‌وه. من ئه‌زموونم هه‌یه و له‌و گونده‌ی من په‌نام بۆ برد هیچ هه‌ستم به كه‌رایه‌تیی نه‌ده‌كرد و ئه‌و حاڵه‌ش بۆ ئێمه ده‌ریناهێنێ ئێمه گه‌ر هه‌ست به كه‌رایه‌تیی نه‌كه‌ین چۆن ده‌ژین چاوه‌كه‌م؟… ئه‌وجا ئاوڕه‌حمان گیان منیش له‌و شاره بچمه ده‌ره‌وه هه‌ست به كهراتییهكهی خۆم ناكه‌م و له‌وانه‌یه بمرم و هه‌لا هه‌لا بم.
هه‌ردووكمان دامانه تریقه‌ی پێكه‌نینێ.
شاكر شه‌مشوون سوێندی خوارد ده‌بێ پاقلاوه‌یه‌كی تریش بخۆم، ناچار، پاقلاوه‌یه‌كی تری شیرین وه‌ك قسه‌كانیم خسته ده‌مم.
په‌راوێز:
*چیڕۆكی كه‌ره‌كه له ڕۆمانێكی عه‌لی به‌در به‌ناوی عازف الغیوم به‌جۆرێكی تر خراوه‌ته ڕوو.