هاوسەرگیریی منداڵان, وەک پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی

ساڤان عەبدولڕەحمان – دەریا نەجم

هاوسه‌رگیری منداڵان له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا
1,773

هاوسەرگیریی منداڵان وەک پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی

ساڤان عەبدولڕەحمان و دەریا نەجم

هاوینی ٢٠٢٠

 

لە دنیای ئەمڕۆدا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە دەتوانین بە کۆمەڵگەیەکی نەرتیخواز پێناسەی بکەین و  لە هەوڵی پێخستنەناو دنیای مۆدێرنەدایە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر پرسێکی سەر بە نەریتی کۆمەڵایەتی، تاک پێویستی بە ئاگاییەکی ئێجگار ورد هەیە، جا ئەگەر بێتو ئەو پرسە کۆمەڵایەتییەیش پەیوەندیدار بە ژن و ئازادییەکانی بێت، ئەوا هەستیاریی بابەتەکە زیاتر دەبێت.

 

با لەوێوە دەست پێ بکەین، کاتێک یەکێک لە فیگەرە ئایینییە دیارەکان بە پاڵپشتیی دروشمی درۆیینەی دیموکراسی کە ”ئازادی ڕادەربڕین”ە، لە پلاتفۆڕمێکەوە ڕاستەوخۆ ڕەوایەتی بە هاوسەرگیریی منداڵان دەدات و پاساوێکی ”زانستی” پێشکەش دەکات، بەوەی ”هاوسەرگیریی منداڵان بۆ مەمکی منداڵە کچەکە و تووشنەبوونی بە شێرپەنجەی مەمک لە داهاتوودا باشە”، جۆرە گوتارە لە جیهان و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەر بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و کایەکانی کۆمەڵگە و شارستانیەتەوە هەیە و دەتوانین بڵێین ئاڕاستەکەری مێنتاڵێتیی کۆمەڵگەیە، بە جۆرێک کە وتەی مەلایەک یان فیگەرێکی ئایینی کاریگەرییەکەی لە بڕیار و ڕاگەیاندنی فەرمیی دەوڵەتێک و یاسای دەوڵەتێک زیاترە.

 

پیاوانی ئایینی وەک خاوەن ئایدۆلۆژییەکی دیاریکراو، کاتێک سیاسەت یاخود هونەری وتاربێژی بە کار دەهێنن، هەلی ئازادیی ڕادەربڕین دەقۆزنەوە لەپێناو دەستکەوتە ئایینی – بەرژەوەندخوازییەکەی خۆیاندا.

لە سەردەمی دێرینی ئایینەکانەوە بەر ئەو پارادۆکسە دەکەوین کە لە لایەک منداڵ موقەدەس دەکرێت و  لە لایەکی دیکەیش دایکوباوکێک دەبنە قوربانیی منداڵەکەیان، هەر لە ئیبراهیمەوە کە داوای لێ دەکرێت منداڵەکەی سەر ببڕێت و بیکاتە قوربانی تاکو هاوسەرگیریی محەمەد لەگەڵ عائیشەی ٩ ساڵاندا؛ ئەم پارادۆکسە بەردەوام لە خۆپەخشکردندا بووە تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ و پەخشی خۆی ڕاستەوخۆتر کردووەتەوە بۆ ئەوەی پیاوێکی ئایینی ڕای بگەیەنێت ”هاوسەرگیریی منداڵان ڕەوایە”. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشەوە بریتییە لەوەی منداڵ کێیە؟ ڕۆڵی چییە؟ ئەرکی چییە؟ پێگەی چییە؟ ئایا بوونەوەرێکی ئازادە یاخود بوونی ئەو لەپێناو بەرژەوەندیی خاوەنێکدایە؟

 

لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤدا، منداڵ بە مرۆڤێکی بچووک هەژمار دەکرێت کە پۆتێنشیاڵی بوون بە مرۆڤێکی کامڵی هەیە، هەر بۆیە خاوەن مافی تایبەتی خۆیەتی: شتانێک هەن کە نابێت بەرامبەری بکرێن و شتانێک وەک مافی سەرەتایی دەبێت بۆی دابین بکرێن.

 

لە درێژەی ئەو شتگەلەی نابێت بەرامبەر منداڵ ئەنجام بدرێت کە جاڕنامەی گەردوونی و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ پەیڕەویی لێ دەکەن، ئەنجامدانی هاوسەرگیرییە لە نێوان منداڵاندا کە بە ”هاوسەرگیریی منداڵان” دەناسرێت.

 

خودی هاوسەرگیری، وەک هاوار محەمەد لە دەقی ”لە شەرەفەوە بۆ کەرامەت: کێشەکانی لەباربردن لە کۆمەڵگەی نەریتیدا” ئاماژەی بۆ دەدات، ”بۆنەى ئاشکراى گرێبەستێکە لە نێوان دوو کەسدا کە بڕیار دەدەن پێکەوە بژین و وەفایان بۆ ئەو بەڵێنانە هەبێت کە بە یەکى دەدەن و ڕێزى ئەو ژیانە هاوبەشە بگرن کە لەگەڵ یەکتر پێکى دەهێنن”. هەروەها لە هەمواری ياساى بارى کەسێتیى ساڵى ٢٠١٥دا پێناسەی گرێبەستى هاوسەرگیرى بەم جۆرە کراوە: گرێبەستێکی ئارەزوومەندانەیە لە نێوان ژن و پیاودا دەبەسترێت کە بە هۆیەوە هەر یەک بۆ ئەوەکەى دیکە حەلاڵ دەبێت و مەبەست لەو گرێبەستە پێکهێنانى خێزانە لەسەر بنچینەى خۆشەویستى، بەزەیى و بەرپرسیارێتىی هاوبەش.  کاتێک هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی بونیادنراو بێت لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەرپرسیاریەتیی هاوبەش، چۆن چاوەڕێی هاوسەرگیری لە منداڵێکی نۆ ساڵان دەکرێت کە هێشتا توانای هەڵگرتنی باری ژیانی خۆی نییە و پشت بە کەسانی دیکە دەبەستێت؟

 

هاوسەرگیریی منداڵان چییە؟

هاوسەرگیریی منداڵان پرۆسەی هاوسەرگیریکردنی دوو کەسە کە هێشتا قۆناغی منداڵییان تێنەپەڕاندووە، یاخود هاوسەرگیریی نێوان منداڵێک و گەورەیەکە. هەر هاوسەرگیرییەکی فەرمی و نافەرمی دەگرێتەوە، کە تێیدا یەکێک یان هەردوو لایەنی هاوسەرگیرییەکە لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵەوە بن. بەپێی داتا جیهانییەکان، ساڵانە زیاد لە ١٢ ملیۆن کچ لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵییەوە ناچار دەکرێن هاوسەرگیری بکەن. ئەمەیش بەپێی ئامارەکان هاوشانی هاوسەرگیریی منداڵانی ٢٣ کچە لە هەر خولەکێکدا و ١ کچە لە هەر ٣ چرکەیەکدا.

 

 

 

هاوسەرگیریی منداڵان لە تەواوی وڵاتان و شار و کولتور و ئایینەکاندا، لە دەرئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری وەک هەژاری، نەریتی و دۆخی ناجێگیرەوە ڕوو دەدات، بەڵام زاڵترینیان هۆکاری ئایینییە کە ڕەوایەتی بەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەدات. لە سەرتاسەری جیهاندا هاوسەرگیریی منداڵان پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە لە دەستگەیشتن بە سیستمێکی تەندروستیی شایستە، پەروەردەیەکی گونجاو و دەرفەتەکانی ژین. هەروەها وا دەکات کچانی گەنج لە ژیانی ئێستا و داهاتوویاندا تۆوی گوێڕایەڵی و دەستەمۆییان تێدا بچەسپێنرێت و بە درێژایی ژیانیان ڕووبەڕووی توندوتیژیی زیاتر ببنەوە و لە چوارچێوەی هەژاریی فیکری و مەعریفیدا گەمارۆیان دەدات.

 

بە شێوەیەکی گشتی، بەگوێرەی داتاکان زیاد لە ٦٥٠ ژن و ١٥٠ ملیۆن پیاو، بە دەست دەرئەنجامەکانی هاوسەرگیریی منداڵانەوە دەناڵێنن. ئەگەر خواست لەسەر هاوسەرگیریی منداڵان بە هەمان ڕەوتی ئێستای بەردەوام بێت، تاکو ساڵی ٢٠٣٠ زیاد لە ١٥٠ ملیۆن کچی دیکە بە پرۆسەی هاوسەرگیریی منداڵاندا تێدەپەڕن و ئەمەیش دەرئەنجامی نەرێنیی بۆ هەموو جیهان دەبێت.

 

کاتێک محەمەد، پەیامبەری ئایینی ئیسلام، هاوسەرگیری لەگەڵ عائیشەی ٩ ساڵاندا دەکات، عائیشە مۆرکێکی ئیسلامی وەردەگرێت و نوێنەرایەتیی ئەفسانە ئایینی و نەریتییەکانی پەیوەند بە هاوسەرگیریی منداڵانەوە دەکات. هەر هەوڵێکیش بۆ قسەکردن لەسەر ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە، ڕاستەوخۆ دەچێتە سنووری ئایینەوە، واتە لە دنیای مۆدێرنی ئەمڕۆدا ناتوانین لە بارەی هاوسەرگیریی منداڵانەوە قسە بکەین، بەبێ تێگەیشتنی ڕەگوڕیشە ئایینییەکان لەو بارەیەوە. هەر قسەکردنێکیش لەسەری، تەشەنوجی کۆمەڵایەتی و ئایینی بە دوای خۆیدا دێنێت، بەڵام وەک هەقیقەتێک ناتوانین بەبێ تێوەگلانی ئایین لە بارەی ئەم پرسەوە بدوێین، چونکە ئایین ڕەگێکی قووڵی لەم جۆرەی هاوسەرگیریدا کوتاوە.

 

عائیشە لەجیاتیی ئەوەی بە چێژبینین لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریی، پەروەردەبوون و پێگەیاندن بناسرێتەوە، هەر لە سەرەتاوە وەک هاوسەر و دایک لە دایک بووە و ئەو کۆمەڵگەنەی پراکتیزەی ئەو ئایینە دەکەن، منداڵانیان لە تەمەنی منداڵیدا ناژین و لە تەمەنێکی کەمەوە بە دایک و هاوسەر دەکرێن. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئاخۆ شوناسی ئەو منداڵە چییە. ئەم سیناریۆیە لێرەدا کێشەی ”منداڵی ونبوو” دەهێنێتە ئاراوە. نەریتی ئایینی و پیاوسالاری یادی کچان وەک هاوسەران و دایکان دەکەنەوە، نەک وەک ئەو کچە منداڵانەی کە هەن. عائیشە تاکە فیگەری ئایینی نییە کە لە تەمەنێکی زووەوە بە هاوسەر کراوە و دواتریش بە دایک بووە.

 

بە بڕوای سوزان ڕۆزی توێژەر، کە لە دەقێکیدا بە ناوی ”تیۆلۆژیایەکی فێمێنیستیی نەریتی” ئاماژەی پێ دەدات، دواجار ئێمە ئەوەین کە یادی دەکەینەوە: ”پەرستن بە سادەیی دەرئەنجامی بیروباوەرەکان یاخود کردەوەکانی تاکێک نییە، بەڵکو شێوەپێدەری بیروباوەر و کردارەکانی تاکە”. واتە پەرستش بە بیروباوەڕی باوەوە دەرئەنجامەکەی هەمان کارەسات دەبێت، بەڵام بە شێوازێکی قبووڵکراو. با بڵێین عائیشە هەلومەرجی جیاواز بووە، مێژوویەک بووە و لەپێناو مانەوەدا هاوسەرگیریی کردووە، بەڵام وەک مێژوویەکی کاریگەر ماوەتەوە و لە دوای خۆی چەندین نەوەی بە هەمان بیروباوەڕ بەڕێ کردووە.

 

بە بروای ڕۆز، پیرۆزکردن واقیعێکی ناڕوونی میراتییە. ڕۆز بانگەشەی شیکارییەکی مێژوویی دەکات لە پەیوەندیی مرۆڤ بە نەریتەوە بەبێ تێگەیشتنی سیاق، پیرۆزییەکان لە سەردەمی خۆیان جیا دەبنەوە و هەر بۆیە لە مانای ڕیشەیی سەرەکیی خۆیان دادەبڕێن.

 

 

پێدۆفیلیا چییە؟

پێدۆفیلیا زاراوەیەکی یۆنانییە، ”پایدۆس” (پێدۆ) (Paidos) بە مانای منداڵ و ”فێلیا” ”philia” بە مانای خۆشەویستی دێت. تایبەتمەندیی کەسایەتیی پێدۆفیل بەوە پێناسە دەکرێت کە ئارەزووی سێکسی یاخود خۆشەویستیی بۆ منداڵ هەیە. ڕیچارد کرافت ئیبینگی سێکسۆلۆژیست و پزیشکی ئەڵمانی، یەکەم زانابوو کە زاراوەی ”پێدۆفیلیا”ی بە کار هێنا. لە کتێبێکیدا کە ساڵی ١٨٨٦ چاپ و بڵاو بووەوە، پێدۆفیلیای وەک لادانێکی دەروونیی سێکسی ناساند، کە ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە. ئەم دەربڕینەی کرافت جیاوازییەکی ئێجگار گەورەی لەگەڵ بیروباوەڕە ئایینی و ئەخلاقییەکانی ئەو سەردەمەدا هەبوو سەبارەت بە پەیوەندیی سێکسی لە نێوان منداڵان و گەورەکاندا. بە بڕوای کرافت، ئارەزووی سێکسی بۆ منداڵان ئەگەری هەیە هۆکارەکەی خەڵەفاوی یاخود کەموکووڕیی دەروونیی دیکە بێت.

 

 

ساڵی ١٩٠٦، هاڤلۆک ئیلیس، زانای بەڕیتانی، پێدۆفیلیای وەک جۆرێک لە توندڕەویی ئاسایی سێکسی نێرینە پێناسە کرد. لەمڕۆدا پێدۆفیلیا بە  لادانی کەسایەتی بە هۆی زیانێکی دەروونی لە تەمەنە سەرەتاییەکانی منداڵییەوە پێناسە دەکرێت. ئەم زاراوەیە لە لایەن ئینگلیزەکانەوە لە پێش ساڵی پەنجاکانەوە بە دەگمەن بە کار هێنراوە.

 

کەسایەتیی پێدۆفیل لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و ئەوەیش لە ڕێگەی پراکتیزەی مەیلەکانیانەوە دیاری دەکرێت؛ بە جۆرێک کە گرووپێک لە پێدۆفیل ئارەزووی دەستبازی لەگەڵ منداڵانی کچ یان کوڕدا دەکەن و بەشێکی دیکەیان ئارەزووی ئەنجامدانی پەیوەندیی سێکسی دەکەن. بەشێکیان ئارەزوو دەکەن پرۆسەکە دوولایەنە و هاوبەش بێت و بەشێکی دیکە چێژ لە دەستدرێژیکردن دەبینن.

 

لە سەردەمانی زوودا بە هۆی ئەوەی دیاردەکە جێ مشتومڕ نەبوو، ئەو منداڵانەی لە لایەن باوانیانەوە نەویستراو بوون، بە ئاسایی بەر ئەم جۆرە دیاردەیە دەکەوتن. لە دوو دەیەی ڕابردووی سەدەی بیستدا، تیشکی زیاتر خرایە سەر زاراوە و بابەتەکە و بووە جێی مشتومڕی خەلکی و ئەمەیش وای کرد کەسانی پێدۆفیل وەک پێشتر نەتوانن بە ئاسانی ئەزموونی ئارەزووە سێکسییەکانیان بکەن.

 

 

مێژووی کولتوری پێدۆفیلیا

سەرەڕای کەمیی داتاکان، سەرچاوەکانی دیکەی پەیوەندییە سێکسییەکانی نێوان کەسی گەورە و منداڵان، هەمیشە هەبوون و مامەڵەی لەم جۆرە بە درێژایی مێژوو لە گۆڕاندا بووە و لە دواییەکانی سەردەمانی کۆندا ئەم جۆرەی پەیوەندی سزای لەسەر دانراوە. سەرەڕای ئەوە دەتوانین نموونەی فیگەرە دیارەکان بهێنینەوە کە چێژیان لە هاودەمیکردنی منداڵان بینیوە و بە ئەگەری زۆرەوە پەیوەندیی سێکسییشیان لەگەڵیاندا هەبووە، ئەوانیش قەشە ئۆگەستین (٣٥٤-٤٣٠ ز.)، پەیامبەر محەمەد (٥٧٠-٦٣٠ پ. ز.) و گاندی (١٨٦٩-١٩٤٨ ز.).

 

لە کۆمەڵگەی کلاسیکی هێرارکیی یۆنانیدا، پەیوەندیی سێکسیی نێوان پیاوێکی پێگەیشتوو و منداڵێکی کوڕ، وەک بەشێک لە پەروەردەی منداڵەکە هەژمار کراوە. لە دواییەکانی ئەو سەردەمەدا ئەم تێڕوانینە لە لایەن ئۆڤیدی شاعیر و پلوتارچی فەیلەسووفدا خرایە ژێر پرسیارەوە، ئارگومێنتەکەیان ئەوە بوو کە پەیوەندییەکی هاوشێوە بۆ پیاوە پێگەیشتووەکە چێژبەخش نییە، بەوپێیەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی منداڵەکە ڕێگەی نەدەدا منداڵەکە ئارەزووەکانی خۆی دەرببڕێت و ئەمەیش دەبووە هۆی کەمکردنەوەی چێژ لە لایەن پیاوەکەوە، بۆیە بە باشتریان زانی پیاوان لە ڕێی پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ ژناندا بەو چێژە بگەن.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحیەتدا، پەیوەندیی سێکسیی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ تەنها لە سیاقی هاوسەرگیریدا و بە ئامانجی خستنەوەی وەچە، ڕێگەی پێ درا. ئەمەیش لە ڕێکارەکانی سەدەکانی ناوەڕاستتدا پەیوەند بە سنووردارکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕەگەزبازی ڕەنگی دایەوە.  لەگەڵ سەردەمی ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەڕەنسی لە سەدەی هەژدەدا، ئەخلاق چیتر تەنها بەرپرسیارێتیی کەنیسەکان نەبوو، بەڵکو دەوڵەت بووە خاوەنی ئەخلاقە گشتی و کەسییەکان، هەروەها لە سەدەی نۆزدەدا سزای یاسایی لەسەر ئەم بنەمایە بونیاد نرا و بەشی پەیوەندیدار بە تاوانی سێکسی زیاد کرا.

 

سزا یاساییەکان ڕێگرییان لە پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ منداڵدا نەدەکرد و تاکە کەیس کە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، دەستدرێژی و کوشتنی منداڵان بوو لە پەیوەندیی سێکسیدا. لە نێوان ساڵانی ١٨٣٠ بۆ ١٨٩٠، دوو لەسەر سێی دۆکیۆمێنتەکانی قوربانییانی تاوانی سێکسی لە لەندەن، منداڵان بوون. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥٠دا، گوتاری هەڕەشەی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە فەڕەنسا و ئینگلتەرا خرایەوە بەر باس، ئەویش بە هۆی ئەو خێزانانەی لە چینی ناوەڕاست بوون و چەمکێکی نەرمتریان بۆ منداڵان داڕشتبوو. دواتر دوو پزیشکی فەڕەنسی بە ناوەکانی ئەدۆڵف تولموچ و ئامبرۆس تاردیۆ، یەکەم توێژینەوەی پزیشکیی یاساییان سەبارەت بە ئەنجامدانی تاوانی سێکسی بۆ سەر منداڵان ئەنجام دا.

 

پاشان لە ساڵی ١٨٨٥دا زنجیرەیەک وتار لە ڕۆژنامە بەڕیتانییەکان سەبارەت بە پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ منداڵاندا بڵاو بووەوە و و کاریگەریی گەورەی لەسەر کۆمەڵگە هەبوو، بۆیە لێرەوە پەیوەندیی سێکسیی منداڵان بووە بابەتێکی گشتی و گفتوگۆی لەسەر دەکرا.

 

لە دوای تێپەڕینی ساڵەکان و دوای جەنگی جیهانیی دووەم، چەندین هەڵمەت و بزو

تنەوە لە دژی تاوانی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان لە لایەن بەشێکی پزیشکان و بزووتنەوە فێمینیستییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکانەوە ئەنجام دراوە و هەر جارەو توانراوە بەشێکی بچووک یان جیاوازییەکی بچووک بۆ سەر یاسای تاوانی سێکسی منداڵان ئیزافە بکرێت.

لە هاوینی ساڵی ١٩٩٦دا یەکەم کۆنفرانسی جیهانی لە بارەی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو و پاڵپشتیی مافی منداڵانی دەکرد.

 لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەوە پێدۆفێلیا چیتر وەک سەدەکانی پێشوو پرسێکی تایبەت نەبوو، بەڵکو بوو بە پرسێکی گشتی کە شارەزایان، پزیشکان، دەروونناسان، دەروونشیکاران و پارێزەران خۆیان پێوە خەریک دەکرد.

 

 

کاریگەریی هاوسەرگیریی منداڵان لەسەر ئاستی  کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی

بەردەوامبوون لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی ئەرکێکی بەردەوامی مۆرڤایەتییە، بەڵام بێگومان تێکۆشانێکی بێ بەرامبەر نییە. پرسیارێکی گرنگی کۆمەڵناسی، دەربارەی سیستمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە. شارستانیەت پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتیی بەردەوامە. بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، پڕۆژەی جیا جیا هەبوون کە زۆریان بوونەتە هۆی بەرهەمهێنانی توندوتیژی، یەکێک لەو پڕۆژانە پڕۆژەی ناسیۆنالیستییە لەسەر ئاستی سیاسی. بەڵام توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگەدا شێوەی جیای هەیە.

 

 

لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، یەکێک لەو فاکتەرانەی کە توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنێت، هاوسەرگیریی منداڵانە، بە تایبەتی منداڵی کچ. بەڵام چەوساندنەوەی منداڵ تەنها توندوتیژی بەرامبەر بەو کەسانە دروست ناکات کە بە زۆر دەخرێنە ژێر قورسایی ژیانی هاوسەرگیرییەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە دروست دەکات.

 

 

ئەو سیستمانەی کەوا لەسەر بنەمای نایەکسانیی جێندەری بونیاد نراون، وەک سیستمێکی گەشەنەکردبوو دەمێننەوە. یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی هاوسەرگیریی منداڵان دواکەتوویی کولتووری و ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر بێتو لە ڕەگوڕیشەکانی ئەم کێشەیە بکۆڵینەوە، دەبێت ئەو گۆشەنیگایە وەربگرین کە هاوسەرگیریی منداڵان لێیەوە کاریگەری لەسەر منداڵی کچ دادەنێت.

 

یەکەم هەنگاوی ئەم شێوازەی چەوساندنەوە، بێبەشکردنی منداڵەکەیە لە خوێندن. نەخوێندەواری لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە لە پێگەیەکی لاوازدا بێت و نەتوانێت لە ژیاندا پشت بە خۆی ببەستێت. واتە دەبێتە هۆى ئەوەی بێکار بمێنێتەوە، هەروەها تووشی لادان بێت لەپێناوی مانەوەدا. لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ئەو کچە منداڵانەی بەخێوکەرەکانیان (باوک، برا، مێرد) لە دەست دەدەن، خۆیان لە شوێنێکدا دەبیننەوە کە هیچ شارەزایی و لێهاتووییەکی کارکردنیان نییە، بۆیە دووچاری فۆرمە جیاوازەکانی دیکەی چەوساندنەوە دەبنەوە و بە ئەگەری زۆرەوە دەبنە لەشفرۆش. هەروەها جگە لە نەبوونی توانایەک بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی خۆیان، ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانییش دەبنەوە، کە ئەو توندوتیژییانە خۆی لە توندوتیژیی جەستەیی وەک لێدان و توندوتیژیی دەروونی و سێکسیدا دەبینێتەوە. لە دەرئەنجامی ئەم توندوتیژییانەیشدا ژنان ڕووبەڕووی چەندین جۆری نەخۆشییە دەروونییەکان دەبنەوە کە کار لە کەسایەتییان دەکات و باوترینیشیان پەشۆکاویی دەروونی و خەمۆکییە.

 

پرسی هاوسەرگیریی منداڵان پرسێکی جیهانییە، بەو مانایەی کە تەواوی جیهان پێوەی سەرقاڵە و کار لەسەر کۆتاییپێهێنانی دەکەن. بەڵام تەنها وڵاتە گەشەنەکردووەکان ڕووبەڕووی ململانێی بەقەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵ لە یاسادا دەبنەوە. هەرێمێکی وەک باشووری کوردستان کە گەندەڵی و کەمیی دامەزراوە دیموکراسییەکان و نەبوونی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان تێیدا، بووەتە هۆی خۆشکردنی زەمینەی هەژاری، ناجێگیریی ئابووری و خاوەندارێتیکردن. ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان هەردوو حیزبە دیارەکەی کوردستان کە پارتی و یەکێتین، بوونەتە هۆی دروستکردنی فەزایەک لە بێهیوایی و بێئومێدی بۆ خەڵکی کوردستان. بەڵام ئەو دوو حیزبە تەنها بەرپرسیار نین لە غیابی یەکگرتوویی و یەکێتیی نێوان پارتەکانی کوردستان، بەڵکو بەرپرسیاریشن بەرامبەر بەو هەموو هەژاری و ڕێژە بەرزەی گەندەڵییەوە. ئەو گرژییەی ئێستا بە هۆی کێبڕکێی نێوان پارتە سیاسییەکان هەیە، نمایندەی ساڵی نەوەدەکان دەکات، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بەسەر زۆنی زەرد و سەوزدا دابەش بوو بوو.

 

هاوسه‌رگیری منداڵان – نمونه‌یه‌ك له‌ ئه‌فغانستان

 

بۆ هەر هەنگاوێک کە خەباتی ژنان بۆ یەکسانی جێندەری نلە عێراق و هەرێمی کوردستان ناویانە، دوو هەنگاو بەرەو دوای بردوونەتەوە. ڕوونە کە نەوەدەکان بۆ گشت عێراق و بە تایبەتییش بۆ ژنان سەردەمێکی سەخت بوو. ئەو ئابڵووقانەی خرانە سەر عێراق بوونە هۆکارێکی سەرەکی لە گۆڕانکاریی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەدا. لە دوای جەنگی نێوان عێراق و ئێران بە ملیۆنان ژن لە تەواوی عێراقدا بێ هاوسەر مانەوە و ژنان لە زەرەرمەندترین توێژەکان بوون کە بوونە قوربانیی جەنگ و دووچاری هەژاری بوونەوە. ئەو سیستمی دەسەڵات و ڕژێمەی سەدام حسێن بەرهەمی هێنابوو، ڕەوایی خۆی لە دەست دا و چووە ژێر پرسیارەوە.

 

تاکە ڕێگە کە سەدام حسێن بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی خۆی بە دەستی هێنا، هانابردن بوو بۆ ئایین و کەرتە سیاسییەکان لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە. هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی وڵاتەکە بگەڕێتەوە سەر یاسا نەریتییەکان و بەهێزکردنی ڕەگوڕیشە پیاوسالارییەکەی خۆی. بۆ نموونە، سزای کوشتن لەسەر شەرەف لە هەشت ساڵەوە کرا بە شەش مانگ و یاسای کەسی چیتر ڕێگەی نەدا بەوەی ژنان مافی بڕیاردانیان هەبێت، چ لە هاوسەرگیری و چ لە کاتی جیابوونەوەدا. ئەمە یەکەم جار نییە کە پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی عێراقیدا تووشی داڕمان دەبێت. هێزە کۆلۆنیاڵەکانی عێراق بە هەمان جۆر پەیڕەوییان لە پەیوەندییە خێڵەکییەکان کرد لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و پاڵپشت لە ناو کۆمەڵگەی ئێراقیدا. لەم کاتەدا، بەژداریی ژنان لە سیاسەتەدا بەژداری بوو لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دژ بە دەسەڵاتە کۆلۆنیاڵەکان، بەڵام گەمەکان و بێماناییەکان دژ بە مافی ژنان هەر بەو شێوەیە بەردەوامن.

 

هاوشێوەی عێراق، ژنانی کوردستان لە نەوەدەکاندا بە هۆی سەرهەڵدانی سیستمی خێڵەکییەوە زۆریان چەشت. بەشداریی ژنان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا زۆر لە خەباتی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دووری خستنەوە. لە دوای ساڵی ١٩٩١ و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە عێراق، ژنانی کورد جارێکی تر ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە. لە سەرەتادا، ژنان لە سیاسەت دوورخرانەوە. ناسیۆنالیزمی کوردی و پارتە سیاسییەکان کۆنتڕۆڵی فەزای گشتییان کرد.

 

 

لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و پێگەی سیاسی لە ناوچەکانی دەرەوەی شار، هاوشێوەی سەدام حسێن، یەکێتی و پارتی هەوڵیان دا شوناسی کۆمەڵگەی کوردی لە چوارچێوەی ئایین و خێڵ و نەریتی کوردیدا دروست بکەن. ئەم حیزبانە بوونە هۆی زیادبوونی ڕێژەی کوشتن لەسەر شەرەف لە ساڵانی نەوەدەکاندا. یەکێتی و پارتی بە ئاشکرا ڕایان دەگەیاند کە کوشتن لەسەر شەرەف بەشێکە لە کولتووری کوردی. سەرهەڵدانی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف لە ساڵی نەوەدەکاندا بووە دیاردەیەکی گەورە و ژنان دووبارە خزێنرانەوە نێو چوار دیوار و پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنان بەرەو خراپی چوو. لە دەرئەنجامدا ڕێکخراوەکانی ژنان، وەک ڕێکخراوی ژنانی سەربەخۆ لە سلێمانی، بە شێوەیەکی سەرەکی تیشکیان خستە سەر دابینکردنی شێڵتەر بۆ ئەو ژنانەی ژیانیان لە مەترسیدا بوو. سەرەڕای بەشداریی ژنان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا، پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا لاواز بوو و هەموو مێژووی ژنان لە بەشداریکردنیان لە بزووتنەوەەکەدا لە بنەماوە سڕایەوە.

 

دوای کەوتنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، وەرچەرخانێک لە تاکتیک و ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەدەستهێننای پاڵپشتیی جیهانی ڕووی دا. یەکێتی و پارتی حکومەتێکی یەکگرتوویان پێک هێنا، سەرەرای ئەوەی هیچ ئاشتەواییەکی فەرمی لە نێوانیاندا نەبوو کە ئەمەیش تاکە زەرەرمەند تێیدا، ئەو هەزاران خەڵکە بوون لە شەڕی ناوخۆدا کوژران. لە دوای داگیرکاریی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەویی لە ڕێککەوتننامەی کۆتاییهێنان بە جیاکاری دژی ژنان (سیداو) کرد لەسەر ئاستی پێوەرەکانی ژنان، کە بووە هۆی ئەوەی لە دەرئەنجامدا لە %٣٠ی کورسی لە پەرلەماندا بدرێتە ژنان. ئەمەیش هەلی بۆ ژنان ڕەخساند تا فشار بخەنە سەر دەوڵەت تاکو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە پرسەکانی ژنانەوە، هەمواریان بکەنەوە، لەوانەیش کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف.

لە ئێستادا یاساکانی هەرێمی کوردستان کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف وەک تاوان هەژمار دەکات. بەڵام هێشتا ڕێژەی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف ئێجگار بەرزن و کۆتایی پێ نەهاتووە. بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت، یاساکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ستراتیژی و پرەنسیپانەی ئێستای کارکردنی، ناتوانێت ڕزگارکەری دۆزی ژنان بێت، بەوپێیەی کە خودی دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان لە لایەن کۆمەڵێک مێنتاڵێتیی پیاوسالارانەوە بەڕێوە دەبرێن. بۆیە دەبینین سەرەڕای ئەوەی یاسای توندوتیژی دژی ژنان هەیە، هێشتایش یاسا شکستی هێناوە لەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر پارێزەری ژنان بێت و ڕێژەی توندوتیژییەکان کەم بکاتەوە. تەنانەت لە کاتی سەپاندنی سزا بەسەر بکوژانی ژنانیشدا، دەبینین تاوانباران بە کاتێکی کەم دەتوانن دەربازیان بێت و دووبارە بێنەوە ناو کۆمەڵگەوە و لە ژیانی خۆیان بەردەوام بن، یاخود لەناکاو لێخۆشبوونێکی گشتی دەیانگریتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێکی زۆری کێشە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا بە ”سوڵحی عەشایەری” چارەسەر دەکرێن. بە گشتییش هۆکاری ئەمە بۆ ئاستی هۆشیاریی خەڵک دەگەڕێتەوە و پێویستە کاری جیدی و پێویست بۆ ئەو ئاستەی مێنتاڵێتی بگیرێتە بەر.

 

بەرەوپێشچوونی خێرای ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئەو فەندە بەرفراوانانەی بۆ ڕێکخراوە مەدەنییەکان سەرف دەکرا لە لایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانەوە، پارەیەکی زۆریان خستە خزمەت خەباتی ژنان بۆ یەکسانیی جێندەری، لە دیارترینیشیان ئەمەریکا و ئەورووپا بوون. بەڵام ئەم جۆرە کارکردنە بۆ یەکسانیی جێندەری کێشەی زۆر لێ دەکەوێتەوە. یەکەم کێشە کە لێی دەکەوێتەوە ئەوەیە پارەکان ڕاستەوخۆ دەچوونە دەستی پارتە سیاسییەکانەوە و لە دەرئەنجامدا ڕێکخراوگەلێکمان هەبوو کە لەژێر سێبەری بەخشەرەکانیاندا کاریان دەکرد و کۆنتڕۆڵ دەکران. لە دەرئەنجامدا، خەباتی ژنان بۆ یەکسانیی جێندەری بە دامەزراوە کراوە و چاودێری دەکرێت و بووەتە هۆی ئەوەی بۆشایی زیاتر بۆ بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی دروست ببێت. ئەو ژنە کوردانەی لە ململانێدان بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی چەوساوە، ڕووبەڕووی بەربەست دەبنەوە و لە زمانیشیاندا یەکێتی و پارتی و دواکەوتەکانیان هەن کە ڕێگە بە سەربەخۆیی ڕێکخراوەکانی ژنان و بزووتنەوەی ژنان نادەن. ئەو ژنە چالاکانەی دەیانەوێت بەشداریی چالاکییەکانی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بکەن، لە ڕێکخراوەکاندا بەخێرهاتن ناکرێن، ئەگەر بێتو ئەندامی یەکێک لە پارتە سیاسییەکان نەبن.

 

لە ساڵانی دواییدا، هەرێمی کوردستان نزمبوونەوەیەکی ئێجگار زۆری لە ئاستی بەرەوپێشچوونی ئابووری و مەدەنی بینیوە. گرژییەکانی نێوان ئەو پارتانەیش بووەتە هۆی دروستکردنی ژینگەیەکی نەیارانە لە نێو هەرێمەکەدا. ژمارەیەکی بێشوماری ناڕەزایەتی کە کاریگەریی ڕیشەییان نییە، بێهیوایی ڕوو لە زیادبوونی هاووڵاتییان و جەنگە هەرێمییەکان کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە، هەموو ئەمانە دۆخی هەرێمەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ هەمان هەلومەرجی ساڵی نەوەدەکان. دووبارە هاوشێوەی ئەو کاتە خەریکن پەیوەندییە خێڵەکییەکان خۆیان پتەوتر دەکەن و سۆزی نەتەوایەتیی هاونیشتمانییان بە شێوەیەکی کاریگەرتر بۆ خۆیان ڕادەکێشن. لەپێناو سەنگینکردنی دەسەڵاتیاندا، حیزبەکان هەوڵ دەدەن سیاسەتی پۆپۆلیستی پەیڕەو بکەن. سیاسەتە پۆپۆلیستییەکانی هەرێمەکەیش لە بەرفراوانبووندایە و خەریکە سەرلێشێواوییەکی ئێجگار زۆر لە نێوان خەڵکیدا دروست دەکات. یەکێک لە تاکتیکەکانی پۆپۆلیزم لە هەرێمەکەدا، ئیسلامیزمە کە بەشێکە لە جەنگی نێوان خوێندنگە جیاوازەکانی ئیسلام. گومانی تێدا نییە سەلەفیەت وەک فۆرمێکی پۆپۆلیزم بەرەو فراوانبوون دەچێت. ئەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی مامۆستایەکی ئایینی بە ئاسانی دەتوانێت داوای کەمکردنەوەی مافەکانی ژنان بکات بە ئەرکێکی ئایینی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی کە بە هەمان شێوەی نەوەدەکان جارێکی تر لە خێڵچێتی و ئایین و نەریتەکاندا خۆی بونیاد دەنێتەوە.

 

ئاژاوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوویەکیان لە پشتەوەیە. خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەرگیز نەیانزانیوە ئاشتی چییە. بەکارهێنانی ئایین وەک ئامڕازێکی پۆپۆلیستی بوارێکی گرنگی هاوچەرخە کە دەبێت زۆر بە زوویی و بە جیدی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. ململانێی ئێستای ژنان لە کوردستان تەنها بە هۆی هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە نییە، بەڵکو بە هۆی ئەو دەرئەنجامەوەیە کە کۆکراوەی ئەو سێ کایەیە بەرهەمی دەهێنن، ئەویش پۆپۆلیزمی ئیسلامییە. هەر لە بونیادنانی هەرێمی کوردستانەوە و بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە و بە هۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی و ناڕوونی و نەمانی ئازادی، خەڵک هەوڵی داوە چاکسازی لە حکومەتدا بکات. لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە کە بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن بێت، تاکو هەوڵەکەی بەرهەم ساڵح بۆ پێکهێنانی پارتێکی سیاسیی نوێ و تا دەگاتە نەوەی نوێی شاسوار عەبدولواحید، خەڵک جگە لە بێهیوایی زیاتر و زیاتر، هیچی نەبینیوە و دەست نەکەوتووە. بۆیە بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی ئیسلامی دەتوانێت بە ئاسانی جێگای خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا بکاتەوە.

 

 

کاتێک نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕانی دروستکرد، خەڵک هیوایەکی ئێجگار زۆریان لەسەر هەڵچنی، بەڵام بە کەمتر لە پازدە ساڵ پارتەکە تێک شکا و بەشێکی زۆری ئەندامەکانی یان بوونە ئەندامی یەکێتی و یاخود پارتی. هەروەها هەوڵەکەی بەرهەم ساڵحیش بۆ پێکهێنانی پارتێکی نوێ، هەر کە پێگەی وەک سەرۆکی عێراق وەرگرت بوونی نەما، دەستبەرداری پارتەکە بوو و بووەوە بە ئەندامێکی دیاری یەکێتی. ئەوەیشی دەمێنێتەوە شاسوار عەبدولواحیدە کە زەمینەی ئەو کەسانەیە دواجار هەر دەچنەوە ناو پارتی.

 

 

ئەم هەوڵە شکستخواردوانەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان بوونەتە مایەی شەرمەزاری و بێهیوایی خەڵک. بە درێژایی ئەم هەوڵانەی چاکسازی، خەباتی ژنان فەرامۆش کراوە و لە سیاسەت داماڵراوە. هەر لە ٢٠٠٣وە هەرێمی کوردستان ملیۆنان هاوکاریی دارایی وەرگرتووە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی. ڕێکخراوەکانی ژنانیش پشکێکی گەورەیان لەو پارە تەرخانکراوانەدا هەبووە  تاکو چەندین هەلی نوێ بۆ ژنان بڕەخسێنن و کاریان بۆ بکەن. بەڵام تاکە دەرئەنجام کە بە ئاسانی دەتوانین دەستنیشانی بکەین ئەوەیە کە ڕێکخراوەکانی ژنان وەک فێمینیست کۆنتڕۆڵی مەیدانەکانی کارکردنیان کردووە بۆ کاری جێندەری. نەک تەنها خەریکن لە سەرپێخستنی فیکری فێمینیستی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی ئێجگار خراپ شکست پێ دەهێنن، چ جای ئەوەی چاوەڕێیان لێ بکرێت بە ڕاستی گۆڕانکاری لە هەلومەرجی مافەکانی ژنانی ناوچەکەدا بکەن. ئەوان تەنها پلاتفۆرمێکی دیکەن بۆ گەندەڵی. لە دەرئەنجامدا ڕێژەکانی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف ئێجگار بەرزن و ئەو کەمینە ژنانەی دەیانەوێت بۆ دۆزی ژنان کار بکەن، بێدەنگ دەکرێن و دژایەتییان دەکرێت. مێنتاڵێتیی ڕێکخراوە قازانجنەویستەکانی ژنان لە ئێستادا بە جۆرێکە کە یان ئەوەتا لەگەڵیاندایت، یاخود ئەوەتا لە دژیاندایت. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، ڕێکخراوەکانی ژنان زەمینەیەکی دیکەن کە سیستمی پیاوسالاری کە خۆی لەسەر دەژیەنێ و بە شێوەیەکی شەرمەزارکەر خۆی بۆ خەڵکی مانیفێست دەکاتەوە.

 

لە هەمان کاتدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی یەکتری بەرەو دوا و بەرەو ساڵی نەوەدەکان دەبەنەوە: سیستمی خێڵەکی. لە ئێستادا ئامانجی سەرەکییان بەدەستهێنانی متمانەی ناوچە گوندنشینەکان و هۆزە بەهێزەکانە. هاوشێوەی ساڵی نەوەدەکان ئەو سیاسەتەی هەر حیزبێکی سیاسی بە کاری دەهێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگوڕیشەی شێوازی بیرکردنەوە و کولتووری نەریتیی کوردی، کە کولتوورێکی پیاوسالاری بەڕێوەی دەبات و تێیدا خەباتی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بوونەتە  کۆڵەکەیەکی دیکە کە لە سایەیدا سیستمی چەوسێنەرەوەی ئێستای لەسەر بونیاد نراوە و ئەویش هەرێمی کوردستانە. چونکە ڕێکخراوەکانی ژنانیش لقێکی دیکەی پارتە سیاسییەکانن، بەرەنگارییەکی بەهێز هەیە  بەرامبەر ئەم ڕێکخراوانە کە بوونەتە هۆکاری دروستنکردنی چەندین گرێ بۆ دۆزی ژنان.

 

پارێزگای زیقار – ژنانی شیعه‌ داوای چه‌سپاندنی یاسای جه‌عفه‌ری ده‌كه‌ن – رۆژنامه‌ی سومریه‌ – الجمعة 14 آذار 2014 12:34

ململانێی گەیشتن بە وڵاتێکی دادپەروەرانەتر ململانێیەکی هاوبەشی زۆرینەی خەڵکە، بە تایبەت ئەو کەسانەی ستەملێکراون و لە پێگە و ئاستیان کەم کراوەتەوە. هەرێمەکە بە شێوەیەکی گشتی بە هۆی هەبوونی ئەو هەموو بەربەست و ڕێگرییانەوە شکستی هێناوە لە دروستکردنی ئەو جیهانە دادپەروەرانەیەدا. ئیسلامیزم وەک ئامڕازێک بۆ دروستکردنی بزووتنەوەی پۆپۆلیستی تەواو کاریگەر بووە. بە درێژایی هەرێمەکە، سەرهەڵدانی ئیسلامیزم و بە تایبەتییش بزووتنەوەی سەلەفیزم، تا دێت بەهێزتر دەبن. هەرێمی کوردستانیش هیچ جیاوازییەکی نییە و بە هۆی ڕێژەی بەرزی گەندەڵی و زیادبوونی هەژارییەوە، ئیسلامیزم کاریگەرییەکی زۆر لەسە خەڵک دادەنێت و بووەتە جێی هیوای چەندین کەس. لە دەرئەنجامدا، ژمارەی ئەو مەلایانەی ئیسلامیزم وەک ئامڕازێک بە کار دەهێنن بۆ چەوساندنەوەی ژنان، بە هەمان شێوە ڕوو لە زیادبوونن و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕێکارێکی بەرامبەر ئەمە نەگرتووەتە بەر تاوەکو سانسۆر لەسەر وتارەکانیان دابنێت. یەکێک لەو هۆکارانەی حکومەتی هەرێم ناتوانێت دەست بخاتە کاری مەلاکانەوە، لەپێناو مانەوەی خۆیان و ڕێکخستنی ئەم خۆری بزووتنەوەیەیە لەگەڵ دەسەڵاتی خۆیاندا. بەم شێوەیە، پارتی و یەکێتی ترسی دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی کەم دەکەنەوە.

 

هەر بۆیە نە پارتی و نە یەکێتی هیچ لە نیەتیاندا نییە هەوڵ بدەن سانسۆری ئەو وتاردانانە بکەن کە لە دژی ژنانن، چونکە بە سانسۆرکردنی ئەو هونەری ڕەوانبێژییە، دەنگدەران و کاریگەریی خۆیان لە دەست دەدەن.

 

 

هیوایەک بۆ ڕزگاری

پێش ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، گرنگە بتوانین ڕوونکردەوەیەک بە کێشە سیاسییەکان بدەین. کۆمەڵگەی کوردی لەپێناوی بەرژەوەندیی سیاسی و خەونی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی زۆر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی پشتگوێ خستووە. لە دەرئەنجامدا، هەر ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەیە کە بەشێکە لە کێشە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی عێراقدا. کێشەی بەشوودانی منداڵی کچ لە تەمەنێکی نۆ ساڵیدا تەنها کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە.

 

 

خه‌ونی چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی دەبێت خەونێکی سیاسی بێت، بۆیە دامودەزگاکانی دەوڵەت ناتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن. هەر بۆیە ڕێکخراوەکانی ژنانیش ناتوانن کێشەی سیاسیی جێندەری چارەسەر بکەن. کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسی هەیە لەپێناوی چارەسەرکردنی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی لە بنەمادا سیاسین.

 

کاتێک هەلومەرجی ژین بەو شێوازە بێت، بۆ ژنان هیچ نامێنێتەوە جگە لە کارکردنێکی جیدی و جوامێرانە لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی شایستە بە ژنان و پیاوان. ژنان و پیاوان دەبێت بیریان بێت دۆزی ژنان دۆزێکی تایبەت نییە بە ژنان و بگرە پیاوان بەرپرسیارن بەرامبەر هەر شکست و دواکەوتووییەک کە لە تێڕوانینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە بۆ سەر ژنان هەیە. خەباتێکی هاوبەشی ژنان و پیاوان، گەنجان و پیر لە ئێستادا زەرورەتە بۆ بونیادنانی ئەو دنیا شایستەیە و تەنهاوتەنها بە بەشداری و یەکگرتنی هەردوو لا دەکرێت کۆمەڵگە بەسەر دۆخی باودا زاڵ بێت و ژنان و پیاوان گوتاری هاوبەشی خۆیان بخەنە ڕوو. لەپێناو بەدیهێنانی ئەمەیشدا، هەردوو لا پێویستیان بە زەمینەسازییەکی بەهێز لە پەروەردەی هاوبەش و مەعریفە لە ئاستێکی بەرزتردا هەیە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌

 

ساڤان عەبدولڕەحمان، دەرچووی بەشی ژمێریاریی سکووڵی کارگێڕی و ئابووریی زانکۆی سلێمانییە، ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەولێر لە دایک بووە. سەرنووسەری ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من ـە. دامەزرێنەری گرووپی تێمایە کە تایبەتە بە خۆپەروەردەکردن و توێژینەوە. چوار ساڵ لەگەڵ ڕێکخراوی کەشکۆڵ بۆ ئەرشیڤ و پاراستن، کاری لەسەر پڕۆژەی وەرگێڕانی شیعری پازدە شاعیری کلاسیکی کوردیی بۆ ئینگلیزی کردووە، کە لە سەدەی نۆزدەدا ژیاون، هەر لەوێش سەرپەرشتیی پڕۆژەی پیرەمێردی کردووە کە پێک هاتووە لە بەکاتیگۆریکردن و هەڵبژاردن و وەرگێڕانی وتارەکانی پیرەمێرد، نووسەر و شاعیری کورد، بۆ زمانی ئینگلیزی. تا دواییەکانی ساڵی ٢٠١٨ ئەندامی کۆمەڵەی ٦٨ بووە، کە کۆمەڵەیەکی گەنجان بوو و لەوێ وەرگێڕانی بۆ نامیلکەی “زانکۆکان لە دنیایەکی نیۆلیبڕاڵدا” کردووە.

دەریا نەجم، ساڵی ١٩٩٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خاوەن بڕانامەی بەکالۆریۆسە لە لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکاندا و هەروەها خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی لوند. دەریا شاعیر، نووسەر و وەرگێڕە. بەشێک لە وەرگێڕانەکانی بریتین لە وەرگێڕانی بەشێک لە شیعرەکانی کەژاڵ ئەحمەد بە ناونیشانی “مشتێ خوێ” بۆسەر زمانی ئینگلیزی هەروەها وەرگێڕانی چیرۆکی ژیانی ژنانی کورد بە ناونیشانی “چیرۆکه‌كانی ژنانی کورد”. لە ئێستادا دەریا لە شاری ستۆکهۆڵم لە سوید نیشتەجێیە.

 

You might also like More from author

error: Content is protected !!