(کۆژیرۆ ئاکاگی) Kojiro Akagi - Paris

کۆژیرۆ ئاکاگی لە ژاپۆنەوه‌ بۆ قەڵای ڤیلاندری لە فەرەنسا


Loading

Kojiro Akagi
Kojiro Akagi

(کۆژیرۆ ئاکاگی) Kojiro Akagi  یەکێکە لەو هونەرمەندە ژاپۆنییە گرنگانەی ئەم سەدەیە کە هێشتا لەژیاندا ماوە. لە ساڵی ١٩٣٤ لە (ئۆکۆیاما) لە (ژاپۆن) لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٥٦ دیپلۆمی زانستی فیزیای لە زانکۆی (ئۆکۆیاما) وەدەست هێناوە. بە دوایدا، وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و لە ساڵی ١٩٦٣وە لە (پاریس) نیشتەجێ بووە. بە گەیشتنی بۆ ئێرە، خوێندنگەی باڵای هونەرە جوانەکان تەواو دەکات و لەدوایدا خۆی بۆ کاری هونەریی تەرخاندەکات. دەیان مەدالیە و خەڵات و ڕێزلێنانی ژاپۆنی و فەرەنسی و جیهانی پێ بەخشراوە.

 وەک هەموو هونەرمەندێکی ڕەسەن، خەونی (کۆژیرۆ ئاکاگی) دۆزینەوەی دەنگێکە تاکو سەرچاوەی ئیلهام بیگەیەنێت. شۆخی (پاریس) بەلای خۆیدا ڕایکێشا و ئەو دەنگەش کە بەدوایدا دەگەڕا، لەو شارەدا بەرزبووەوە و خەونەکەی بۆ هێنایە دی.

بەڕێوبەری هاوپەیوەندی کەلتووریی (ژاپۆن) لەبارەی (ئاکاگی) دەڵێت ”هەموو هونەرمەندێک بۆ داهێنانکردن فریشتەیەکی ئیلهامی لە پشتەوەیە. (پاریس)یش بۆ (کۆژیرۆ ئاکاگی) ئەو فریشتەی هونەرەیە.”.

نیگارکێشانی (پاریس) لەلای (ئاکاگی) خەونێکە لە ناو خەون. ئەو شارە بۆ ئەو بۆتە شوێنێکی تر لەناو شوێنێکی ڕاستی، هەر ئەمەشە ڕووی داهێنانی ئەو هونەرمەندە. ئیشکردن لە ناو خەوندا قورسترە لەئیشکردن لەناو ڕاستی. ئەوەی (ئاکاگی) لە تابلۆ پاریسییەکانیدا کردوویەتی، داهێنانەوەی شوێنە و گەڕانەوەی شوێنێکی ڕاستیشە بۆ ناو خەون، نەک بە پێچەوانەوە. ئەو (پاریس)ەی کە بۆ دانیشتوانی شارەکە، لەبەر دووبارەبوونەوەی دیمەنەکانی، دەبێتە هەرێمێکی نادیار، (ئاکاگی) دەیکاتە شارێکی دیارتر، کە بە هەزاران وێنەی هەمەڕەنگ نمایشیدەکاتەوە و بەهایان دەخاتە سەر.

ئەم هونەرمەندە ژاپۆنییە چۆن وەها (پاریس)ی بینییوە؟ بە چ شێوەیەک ئەو هەموو گەڕەک و کۆڵان و شەقام و پرد و باڵەخانانەی بە تام و چێژ و ڕەنگی تر داهێناوەتەوە؟

یەکەمین و سەیرترین سەرنج ئەوەیە، کە هەموو تابلۆکانی ئەم پێشانگاییەی (ئاکاگی)، بێ دەرکەوتنی هیچ مرۆڤێک کێشراون. ئەو (پاریس)ەی بە ڕۆژ و شەو جمەی دێت و ڕۆژانە ملیۆنێک کەس بە ناو شەقام و میترۆ موغازەکانیدا دەسوڕێنەوە و پڕە لە گەشتکەران، لە تابلۆکانی ئەم پێشانگاییەی(ئاکاگی)دا تەنانەت یەک کەسێکیش نابینین. ئەمەیە دووبارە داهێنانەوەی  خەون. چۆڵی شەقامەکان، سەر قاوەخانەکان، بیناکان و تەنانەت ئەو پاپۆڕی گەشتەکەرانەی ڕۆژانە بە ناو ڕووباری (سێن)دا تێ دەپەڕن و سەدان خەڵکیان هەڵگرتووە ، لەو تابلۆیانەدا یەک کەسیان تێدا نابینین.

Kojiro Akagi / Paris
Kojiro Akagi / Paris

سەر پردەکان چۆڵن، لەودیو پەنجەرەکانەوە هیچ کەسێک نابینین، لە ناو دوکانەکان تەنها بوکی مانیکەکان دەبینین، لە سەر شەقامەکان، بێجگە لە پەیکەر و گڵۆپ و ڕووناکی و پۆستەری ڕیکلامەکان هیچ کەسێکی لێ نابینین. (پاریس)ێک دەبینین کە لە بوونەوەر داتاشراوە. لە ناو خەونێک دەسوڕێینەوە، کە زۆر بە ئارامیی پێشنیارمان کراوە. هەموو نیشانە و هێمایەکی ناو تابلۆکانی (ئاکاگی) ئاماژەیەکن بۆ ژیانی پاریس، بە ڕۆژ و  بە شەو، کەچی یەک جووڵەیان تێدا نابینین. بەم کارە، (ئاکاگی) سینەما و نیگارکێشان لە یەک نزیک دەکاتەوە، بە تایبەتی ئەو پەیوەندییە لە نێوان فیلمی خەیاڵی زانستی و هونەری نیگارکێشان دەبەستێت. ڕووبەری ئەو پانتاییانەی (پاریس)، کە (ئاکاگی) دەیخاتە بەر چاومان، خەونی هەر یەکێکە کە لە جەنجاڵی (پاریس) دوور بکەوێتەوە و ساتی بێ دەنگیی تێدا بدۆزێتەوە.

Le Fouquet’s aux Champs-Elysées - 1991 - E65 Litographie (Atelier Grapholith) © AKAGI, Galerie de Paris
Le Fouquet’s aux Champs-Elysées – 1991 – E65
Litographie (Atelier Grapholith)
© AKAGI, Galerie de Paris

خەونی هونەرمەندی ڕاستەقینە ئەوەشە کە خۆی لە ئەو ناوچە نادیارانە بدات کە کەسی تر خۆیانیان لێ نەداوە. هەر بۆیە ئەو زۆر نوێگەرایانە هونەرەکەی دەخاتەوە بەر چاومان. کوشکێکی ئاسایی ڕۆژنامە فڕۆشێک، بە ووردەکاریی بەرگی سەر گۆڤارەکانەوە دروستکردۆتەوە. یاری ڕووناکیی و دۆخی پارکەکان و شوێنەوارە گەشتیارەکانی کردووە بە چۆڵەوانییەک، کە بە تەماشاکردنی هەر تابلۆیەکی، کەسەکە هەست دەکات هەر خۆی لەو شارەیە و هەموو دوکان و ڕیستورانەکان و ئۆتێلەکان بۆ ئەو کراونەتەوە. ئەم جەنجاڵییەی (پاریس)، تەنها بەو جۆرە تابلۆیانە لێی دەردەچیت. (پاریس) لە ناو ئەو تابلۆیانەی (ئاکاگی) دەبێتە موڵکی تەماشاکەر بە تەنیا. هەستێکی خواوەندێتی بە کەسەکە دەبەخشێت. ڕەنگەکانی تابلۆکانیش، ترسی کەسەکە دەڕەوێننەوە. کەسەکە هەر خۆی و خۆیەتی، نەک تەنها بەرامبەر بە شار، بەڵکو بەرامبەر بە خودی بوونیشی لە گەردوون، وەک تاکێک، سەڵت، بێ هاوسەر و بێ هاوتا، لە ناو ڕەهەندە بێ کۆتاییەکانی ئەو تابلۆیانەدا دەسوڕێتەوە و هەر تابلۆیەکیان، لە لای کەسەکە، گەلە بیرۆکەیەک دەوروژێنێت.

(کۆژیرۆ ئاکاگی) Kojiro Akagi - Paris
(کۆژیرۆ ئاکاگی) Kojiro Akagi – Paris

 

(ئاکاگی) لە ٤ی حوزیران بۆ ١٨ی ئەیلوول لە قەڵای (ڤیلاندری)   château de Villandry لە نزیک شاری توور لە فەرەنسا، پێشوازی لێ کراوە و زۆرینەی بەرهەمەکانی لە ساڵۆنێکی ئەو قەڵایە نمایش کراون. خودی قەڵای (ڤیلاندری)، تەلارسازییەکی بۆ سەردەمی ڕینێسانس دەگەڕێتەوە. شوێنێکە کە نەوەکانی خاوەنەکەی زیندوویان کردۆتەوە. دواتر بۆتە جێیەکی گەشتیار، کە دەچینە ئەوێ، ناتوانین بەو گونجانە پڕ هارمۆنییەی لە نێوان قەڵاکە و باخچەیەکی خەیاڵیی کە چواردەوری داوە، سەرسام نەبین. بۆچی تابلۆکانی ئاکاگی لە ناو ئەو قەڵایە نمایش کراوە؟

قەڵا وەک شوێنێکی کۆن و پڕ داب ونەریت، (پاریس)ێکیش کە دڵی نوێگەراییە، ئا لەو تابلۆیانەی (ئاکاگی) ڕەنگیداوەتەوە و هاوسەرگیرییەک پێکدەهێنن، کە هەر لایەکیان بە پێی ڕیتمی ئەوی تر خۆی دەگونجێنێت. ئەو کەسانەی جاران کە لەناو ئەو قەلایە دەژیان، لێی نەماون. لە ساڵی ١٩٠٦ قەڵاکە لەلایەن (جواشیم کارڤالۆ) دەکڕدرێت. لە پاش پیشەیەکی زانستی ناودار، کە لە ساڵی ١٩١٣ خەڵاتی (نۆبل)ی پزیشکی پێ دەدرێت، هەموو شتێک بەجێدەهێڵێت و ژیانی بۆ قەڵای (ڤیلاندری) تەرخاندەکات. بنەماڵەکەی لە دوای ئەو، لە بەڕێوبردنی شوێنەکە بەردەوام دەبن و خولیای پاراستنی ئەو میراتییە هونەرییە لە ئەستۆ دەگرن. ئێستا قەڵا و باخچە سەیرەکەی (ڤێلاندرێ)، یەکێکە لە شوێنە جوانە گەشتیارەکانی (فەرەنسا). (هنری کارڤالۆ)، نەوەی (جواشیم کارڤاڵۆ) لە (پاریس) بە دیداری هونەرمەند (ئاکاگی) گەیشتووە، هەردووکیان، بە مەبەستی دروستکردنی ئەو هاودژی و گونجانە پێکەوە، گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە تابلۆکان لەوێ نمایش بکرێت.

جێی سەرنجە کە کارەکانی (ئاکاگی) لە قەڵای (ڤیلاندری) و هەڵبژاردنی ئەو پانتاییە سەیرەی تابلۆکانی لێی هەڵواسرابوون، ماییەی سەرسامیە. شوێنێک بوو نە دەتوانین بڵێین ساڵۆن، نە ژوور، نە ڕێڕەو. دوو پارچە بوون بەدەم یەکەوە، هاتنی تیشکی خۆر بۆ ناو شوێنەکە وسەر تابلۆکان، کە لەو ڕۆژەدا هەتاوی لەسەر بوو، بەهایەکی سەیری دەخستە سەر ناوەڕۆک و ڕەنگەکان.

(کۆژیرۆ ئاکاگی) Kojiro Akagi - Paris
(کۆژیرۆ ئاکاگی) Kojiro Akagi – Paris

ئەگەر هەمان شوێن لە کاتێکی تردا کە خۆر دەرنەچوبێت، یاخود کەشو هەوا هەور و باراناویی بێت، بێ گومان تابلۆکان بە جۆرێکی تر دەر دەکەوتن. ئەو گونجانە لە نێوان (پاریس)  و شوێنێکی وەک ئەو قەڵا دێرینە، بەخورایی نییە. مەبەستێکی لە دوایە، ئەوەش کارکردنە لە ناو خودی داهێنانی سینوگرافییای شوێنێک، کە ئەو جۆرە تابلۆیانەی لێ نمایشبکرێت. بێتو هەمان ئەو تابلۆیانە لە گەلەرییەکی (پاریس)، یاخود لە ناوەڕاستی شەقامێکی (پاریس) نمایشبکرێت، ئەو واتا و جوانی و بەهاییەی نەدەبێت. (پاریس) بە جموجۆڵی و (قەڵای ڤیلاندرێ) بە بێ دەنگییەک کە ئارامیی سەدەکانی بەسەرەوە ئاشکرایە، لەگەڵ بێ دەنگیی ناو تابلۆکانی (ئاکاگی) نمایشێکی هونەریی گرنگ و جوان و داهێنەرانەیە.

ته‌واو

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.